شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: مورسەلات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سوێند بەوانەی - یەک لە دوای یەک - ناردراون، (٢) بەو با توندانەش ھەڵدەکەن، بە ھەڵکردن، (٣) بەوانەش کە ئەپڕژێنن، بەپڕژاندن، (٤) بەوانەش بە ھەڵوەژاردن ھەڵداوێرن، (٥) بەوانەش کە یادی خودا دەخەنە بەر دڵانەوە، (٦) بۆ بەھانە لێ قەتاندن یان ترساندن؛ (٧) کە ھەر چی سۆزوو پێ دەدرێ، ھەر دێتە جێ. (٨) سا ھەر دەمێ ئەستێرەکان کوژانەوە، (٩) ھەرگاش کەلێن دەکەوێتە عەزمانەوە، (١٠) ھەر کاتێکیش کەژان ھەژان و تێک ڕووخان، (١١) ھەرگاش وادە بۆ پێغەمبەران داندرا، (١٢) بۆ کامە ڕۆژ دواخراوە؟ (١٣) بۆ ڕۆژی ھەڵاواردنێ. (١٤) کوو زانیوتە ڕۆژی ھەڵاواردن چییە؟ (١٥) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (١٦) ئەدی ئێمە پێشینەکانمان قڕ نەکرد؟ (١٧) ھەر ئەوەشمان دەگەڵ پاشینەکانیان کرد. (١٨) ھەر ئەو کارەش بە تاوانبارەکان دەکەین. (١٩) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٢٠) ئاخۆ ئێوەن لە ئاوێکی بێبایەخ وەدی نەھێنا؟ (٢١) لە جێیەکی پتەودا جێن نەکردەوە؟ (٢٢) تا ماوەیێ دیاریکراو؟ (٢٣) خۆ توانیمان؛ ئای کە چەندە چاکمان توانی. (٢٤) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لەبێباوەڕان. (٢٥) ئەدی ئێمە زەمینمان نەکردە مەکۆ؟ (٢٦) بۆ ژیاوان و نەماوان؟ (٢٧) ھەر لەوێشدا چەن چیای بەرزن دامەزراند و ئاوی خۆشن پێ نۆشاندن. (٢٨) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٢٩) وە ڕێ کەون بەرەو شتێ کە بە درۆتان دەزانی. (٣٠) ڕێوە بچن بەرەو سێبەری دووکەڵێکی سێ چوکڵە؛ (٣١) سایە نادا و مرۆش لە گڕ وەلا نادا. (٣٢) ماکی دووکەڵ پڕیشکەی وا دەھاوێژێ کۆشک ئاسایی؛ (٣٣) ھەر دەبێژی وشترانی بەرگن زەردن. (٣٤) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٣٥) ئەمڕۆ ڕۆژێکە ناپەیڤن. (٣٦) ڕێگەی تەوازیشیان نادەن. (٣٧) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٣٨) ئەمڕۆ ڕۆژی ھەڵاواردنە؛ ئێوەمان وەل پێشینیان کۆ کردەوە. (٣٩) سا ئەگەر فێڵێکتان ھەیە، وەرن لە خۆمی دەکار کەن؛ (٤٠) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٤١) ئەوانەش کە خودێترسن، لەنێوانی سێبەران و کانیاوانن؛ (٤٢) میوەھاتیش ھەرچەندی دڵیان دبێژە. (٤٣) ئەمەش پاداشی ئاکاروو، سا بخۆن و بخۆنەوە؛ نۆشی گیانوو. (٤٤) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (٤٥) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٤٦) ئێوەش گرۆی تاوانبارن! بخۆن و کەمێ ڕابوێرن. (٤٧) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٤٨) ئەگەر کەسێ پێیان بێژێ: کڕنووش بەرن، کڕنووش نابەن. (٤٩) ئەوێ ڕۆژێ ھاوارە لە بێباوەڕان. (٥٠) دەسا ئەوان - پاشی قورعان - بەکام قسە بڕوا دەکەن؟ ++++++++++++++++++++++