شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ئینسان وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێگومانە ماوەیەک لەم ڕۆژگارە بەسەر مرۆدا تێپەڕی و ئەو شتێ نەبوو باس بکرێ. (٢) ئێمە مرۆن لە تنۆکێکی ئاوێتە وەدی ھێنا تا بیئەزمووین؛ گوێی بیستن و سۆمای دیتنیشمان پێ دا. (٣) خۆمان ڕێگەمان نیشان دا؛ جا یان شوکرانەبژێرە یان پێنەزان. (٤) ئێمە زنجیر و تۆقێکی گەلێ زۆر و ئاگرێ بڵێسەدارمان بۆ بێدینەکان ساز داوە. (٥) ئاکارچاکان لە بادەیەک دەخۆنەوە، ئاویتەکەی لە چەمەی کافوورەوەیە. (٦) چەمەیێکە عەبدانی خوا لەو دەنۆشن؛ بە فیچقەش ھەڵیدەقوڵێنن. (٧) ھەرچی لە خۆ دەگرن دەیکەن؛ ترسیشیان لە ڕۆژێ ھەیە کە بەڵاکەی بۆ گلا ئەتەنێتەوە. (٨) لەو خۆراکەی کە خۆیان حەزی لێ دەکەن، بە ھەژار و بە ھەتیو و بە دیل گیراوی دەبەخشن. (٩) ئێمە - ھەر لە ڕاھی خودا - ئەم خۆراکەتان دەدەینێ، نە پاداشێکمان لێو دەوێ و نە شوکرانەش. (١٠) ئێمە ترسی پەروەرێنی خۆمان ھەیە لە ڕۆژێکا کە زۆر تووش و نەگبەت و پڕ مەترسییە. (١١) خودا لە بەڵای ئەو ڕۆژە پاراستنی و تووشی گەشە و خۆشیی کردن. (١٢) چونکە ئەوان خۆڕاگر بوون، لە پاداشا بەھەشت و حەریری پێ دان. (١٣) لە بەھەشتا لەسەر تەخت پاڵ ئەکەفن و نە تینی تاوێ دەبینن، نە سەرمایێ. (١٤) سێوەری درەختەکانی بەسەریانا شۆڕ بوونەوە و میوەکەیان لەبەر دەستە. (١٥) بە دەفری زێو و بەچەندین زەرکی مینا، بەسەریانەوە دەگەڕێن. (١٦) زەرکی زێوین کە ڕاس بە قاس سازیان داون. (١٧) بەو زەرکانە بادەیێکیان پێ دەنۆشین، ئاویتەکەی زەنجەفیلە. (١٨) چەمەیێکە بەناویدا ڕەوان ئەبێ؛ ناو نراوە بە سەلسەبیل. (١٩) لاوانێ - کە ھەر بە لاوی دەمێننەوە - بەسەریانەوە ئەگەڕێن؛ گەر بیانبینی وا ئەزانی مراری پڕژێندراون. (٢٠) گەر دەیبینی، ھەر خێر و خۆشی دەبینی و قەڵەمڕەوێکی زۆر گوشاد. (٢١) پارچەی تەنک و سفتی کەسکیان دەبەردایە کە لە ھەڤرەمیش چێ بووە و بە زۆر مووچەوانەی زێویش ڕازاونەوە و پەروەرێنیان بادەی پاکی پێ نۆشاون. (٢٢) ئەمە پاداشی ئێوەیە و تەقەلاتان شایانی ڕەزامەندییە. (٢٣) ئێمەین کە ئەم قورعانەمان - وردە وردە و بەش بەش - بۆ تۆ ھەناردووە. (٢٤) سا خۆ بگرە بۆ فەرمانی پەروەرندەت؛ ھەرگیز گوێ لەوانە مەگرە تاوانبار یا پێنەزانن. (٢٥) ھەر ناوی پەروەرندەی خۆت بەیاد بکە؛ ھەموو بەرەبەیانان و ئێوارانیش. (٢٦) بە شەویش سوژدەی بۆ بەرە و لە درێژاییی شەوگاریشدا ھەر پەسنی پاکیی ئەو بدە. (٢٧) ئەوان حەزیان ھەر لە دنیای بێبەقایە و ڕۆژێ گران دەخەنە پاش خۆیانەوە! (٢٨) ئێمە وەدیمان ھێناون و ھەموو ئازای بەندەنیانمان داپێچاون؛ ھەرگاش حەز کەین، بە چینێکی وەک ئەوانیان وەدەگۆڕین. (٢٩) ئەمانە بیرھێنەرێکن، ھەرکێ حەز کا ڕێگە بەرەو پەروەرندەی بەدی دەکا. (٣٠) حەز کردنیش بەنگۆ نییە، جا مەگین خودا حەز بکا. زانای کارزان ھەر خۆیەتی. (٣١) ھەرکێی حەز کا وەبەر بەزەییی خۆ دەخا و بۆ ئەوانەش کە ناھەقن، جزیای بەژانی ساز داوە. ++++++++++++++++++++++