شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: قیامەت وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سوێندەکەم بە ڕۆژی سەڵا، (٢) سوێندیش دەخۆم بە وێژدانەکەی ڕەخنەگر، (٣) چۆن مرۆ وا خەیاڵ دەکا ئێمە ھەرگیز پێشەگەلی لە یەکدی کۆ ناکەینەوە؟ (٤) بەڵکوو تواناییمان ھەیە سەرپەنجەکانیشی ساز کەین. (٥) نەخێر مرۆ ھەر دەیەوێ تاوان بخاتە پێشە خۆی. (٦) ئەو دەپرسێ: ڕۆژی سەڵا ڕابوون کەی دێ؟ (٧) ھەرگا چاو بە مۆلەق وەستا؛ (٨) مانگیش گیرا؛ (٩) خۆر و مانگیش لە یەکتر کۆ کرانەوە؛ (١٠) مرۆ ئەو ڕۆژە دبێژێ: ڕێگەی دەرەتانێ کوانێ؟ (١١) ھەرگیز، پەناگایەک نییە. (١٢) ئەوێ ڕۆژێ مەکۆ لای پەروەرندەتە. (١٣) لەو ڕۆژەدا مرۆ ھەواڵی پێ دەدرێ، چیی پێشەکی بەڕێ کرد و چیشی لەدوا بەجێ ماوە. (١٤) نەخێر مرۆ بە ویژدانی خۆی دەزانێ؛ (١٥) با گەلێکیش بڕ و بیانو بێنێتەوە. (١٦) تۆ زمانی لێ مەخە گەڕ، تا بەپەلە بیخوێنیەوە؛ (١٧) چونکە ئەرکی کۆکردن و وەخوێندنی لەسەر مەیە. (١٨) ھەرگا ئێمە خوێندمانەوە، ئەوساکە تۆ لەدواییدا بیخوێنەوە. (١٩) لەپاشانیش شی کردنەوەی لەسەر مەیە. (٢٠) نەخێر، دیارە ھوون ھەر دنیاتان خۆش دەوێ؛ (٢١) دواڕۆژیش وەلا دەنێن. (٢٢) ئەوێ ڕۆژێ فرە ڕووھەن گەشە دەکەن؛ (٢٣) چاو دەگێڕن بەرەو پەروەرندەی خۆیان. (٢٤) دیمیش ھەنە ترش وتفتن؛ (٢٥) چاوەنۆڕن جەزرەبەی کەمەرشکێنیان بەسەر بێنن. (٢٦) نەخێر، ھەر بەخۆ نازانێ تا مەرگ بەربینگی دەگرێ. (٢٧) وتراویشە: کەسی فریاڕەسی کێیە؟ (٢٨) لێشی ڕوونە چاخی جیا بوونەوەیە. (٢٩) لینگ و لەتەریشیان تێک ھاڵان. (٣٠) ئەو ڕۆژەیە جێ ھاژووتن بەرەو پەروەرندەی تۆیە. (٣١) نە ھەرگیز بڕوای ھێناوە و نە نمێژیشی کردووە. (٣٢) بەڵام وتوویە درۆیە و خۆی بواردووە. (٣٣) پاشی - بە خۆبادانەوە - چوو بۆ لای کەس و کارەکەی. (٣٤) ئەمە بۆ تۆ شیاوتر و لەبارترە. (٣٥) جارێ تریش، ئەمە بۆ تۆ شیاوتر و لەبارترە. (٣٦) ئاخۆ مرۆ ھەر لای وایە بەخۆڕایی وڵی دەکەن؟ (٣٧) ئاخۆ ئەو دڵۆپێک نەبوو کە دەڕژێتە ناو تۆلەوە؟ (٣٨) دوایە بوو بە جەڵتە خوێن و دروستی کرد و سازی دا؟ (٣٩) ئەوسا ھەر لەو تنۆکەوە جووتەی نێر و مێوی چێ کرد. (٤٠) ئاخۆ کەسێ وا ناتانێ مردوو زیندوو بکاتەوە؟ ++++++++++++++++++++++