شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: جین وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێژە: پێم ڕاگەیەنراوە، چەند کەسێ لە جنۆکان گوێیان ھەڵخست؛ ئەوسا وتیان: ئێمە قورئانێ سەیرمان بیست. (٢) بۆ ڕاستەڕێیە ڕێبەرە و ئێمە باوەڕمان پێ ھێنا و ھەرگیز کەسێ ناکەینە شەریکی خودا. (٣) زۆر بڵندە شکۆی پەروەرێنی ئێمە؛ نە ژنی پەیدا کردووە نە فرزەندێک. (٤) دیارە بێئاوەزەکەمان دەربارەی خوا قسەی توڕڕەھاتی دەکر. (٥) ئێمە پێمان وا بوو ھیچکەس – لە مرۆڤ و لە جنۆکە – ھیچ درۆیەک بە دەم خواوە ھەڵنابەستن. (٦) دەشمانزانی پیاوانێ لە بەرەی مرۆ، پەنا دەبەن بە پیاوانێ لە جنۆکە و سەرکێشییان پتر دەکەن. (٧) ئەوانیش - ھەر وەکوو ئێوە - لایان وا بوو ھەرگیز خودا ھیچکەس زیندوو ناکاتەوە. (٨) ئێمە گەینە ئەم عەزمانە، دیمان پڕە لە پاسداری توند و تۆڵ و ئەستێرەگەلێ ڕادەخشن. (٩) ئێمە لە چەند شوێنێکەوە ڕۆدەنیشتین کۆڵە بکەین؛ ھەر کەسێکی لەمە بەو لا کۆڵە بکا، مەشخەڵێکی دەبینێ لە بۆسەیدایە. (١٠) تێش نەگەیوین ئاخۆ دەربارەی ئەوانەی لە زەمیندان، بڕیاری خراپ دراوە، یان پەروەرێنیان ویستوویە ڕاستەڕێیان نیشان بدا. (١١) لەناو مەشدا کارچاک ھەن و تێشماندا ھەیە وا نییە؛ ئێمە گەلێ ڕێگەمان وەبەر خۆ داون. (١٢) ئێمە لەوە تێگەیشتووین کە لە زەمین دەرەقەتی خودا نایەین؛ تەنانەت بە ھەڵاتنیش لە دەستی ئەو ڕزگار نابین. (١٣) وەختێ ئێمە ئەو ڕێ نیشاندەرەمان بیست، باوەڕی خۆمان پێ ھێنا. ھەر کەسێکیش بڕوای بە پەروەرندەی بێ، نە لە کەم بوونێ دەترسێ، نە لە غەدر لێ کردنێ. (١٤) وا ھێندێکمان موسوڵمانین، ھێندێکیشمان لە ڕێ لادەر؛ ئەوانەی کە موسوڵمانن، ڕێگەی ڕاستیان دیوەتەوە. (١٥) ئەوانەش کە لە ڕێگەی ڕاس لایان داوە، دەبنە ئێزنگی جەھەندەم. (١٦) گەر ئەوانیش ھەر لەسەر ئەم ڕێگەیە بن، بێگومانە لە ئاوێکی زەبەندە تێراویان دەکەین. (١٧) ھەتا لەوێدا بیانئەزمووین، ھەرکەسێکیش لە یادی پەروەرندەی خۆی کلا ببێ، ئازارێکی زۆر دژواری بەسەر دێنێ. (١٨) مزگەوتەکان ماڵی خودان؛ دەگەڵ خودا، ھاواری کەسی تر مەکەن (١٩) لەو دەمەشدا کە عەبدی خودا ھەڵوێستا نوێژێ بکا، ھەروخت بوو لەسەری ببنە پارچەیەک. (٢٠) بێژە: ئەمن ھەر ھاوار لە پەروەرندەی خۆم دەکەم و کەسی لێ ناکەم بە شەریک. (٢١) بێژە: من لە دەستم نایە زیانێکم بۆتان ببێ؛ یان بووخەمە سەر ڕاستەڕێ. (٢٢) بێژە: من - بەدەر لە خودا - ھەرگیز ھیچ کەس پەنام نادا و لای ئەو نەبێ، ھیچ ئەنوایەکی شک نابەم. (٢٣) جا مەگین ڕاگەیاندنێک لە خوداوە و گەیاندنی پەیامانی. ھەر کەسێکیش نافەرمانیی خودا و پێغەمبەری بکا، بەشی ئاگری دۆژەھە؛ تاھەتایە. (٢٤) تا ئەو کاتەی ئەوەیان دێتە بەرچاوان کە بەڵێنیان پێ دراوە. جا دەزانن کێ یاوەری بێ ھێزترە و لە ژمارەشدا کەمترە. (٢٥) بێژە: ھیچ ئاگام لێ نییە ئەوی بەڵێنوو پێ دەدرێ، نزیکە یان پەروەرندەم مەودایەکی بۆ داناوە. (٢٦) لە نەدیاران ئاگادارە و نھێنیی خۆی بۆ کەسێ ئاشکرا ناکا؛ (٢٧) مەگین بۆ ڕاسپاردێکی لێی ڕازی بێ؛ ئەوسا لە پێش وپاشیەوە پاسەوانان بەڕێ دەکا. (٢٨) تا بزانێ بە دروستی پەیامگەلی پەروەرندەیان ڕاگەیاند. ھەموو شتیشیان دەزانێ و ھەموو شتی ھەژماردووە. ++++++++++++++++++++++