شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: مەعاریج وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) یەک داوای کرد ئازارێ بێ، (٢) بۆ لە خودا بەدوورەکان، ھیچ لەمپەری نەیەتە بەر. (٣) لە خوای خێوی چەند پلەوە. (٤) فرشتەکان و جوبڕائیل لە ڕۆژێکا بەرەو ئەو پێ ھەڵا دەچن، کە ڕێی پەنجا ھەزار ساڵە. (٥) تۆ خۆ بگرە بەخۆگرتنێکی پەسند. (٦) ئەوان بە دووری دەبینن. (٧) ئێمەش نزیکی دەبینین. (٨) ڕۆژێ عاسمان وەک حەلاندی کانزا دەبێ؛ (٩) کەژانیش وەک ھری دەبن؛ (١٠) ئاواڵ لە ئاواڵ ناپرسێ؛ (١١) لەبەر یەکتریان ڕادەنێن؛ تاوانبار فرە حەز دەکا - بۆ ڕزگاری لە ئازاری ئەوێ ڕۆژێ - لەباتی خۆی، کوڕەکانی، (١٢) ھاوسەریشی، براکەشی، (١٣) ئەو بەشە لە ھۆزەکەشی - کە ئەو دە پەنای خۆ دەگرن - (١٤) ھەرچی لەسەر زەویش ھەیە، گشتی بدا و ڕزگار ببێ. (١٥) ھەرگیز نابێ، ئەمە بڵێسەی ئاگرە. (١٦) پێستی سەر ئازای ئەندامی دادەڕنێ. (١٧) بانگێشتنی کەسێ دەکا کە پشتی کردە دینەوە و ئاوڕی وێ نەدایەوە؛ (١٨) ئەوە کە کۆی دەکردەوە و دەیخستە ناو سنووقەوە. (١٩) بێ سۆ مرۆ بێ تابشت و زۆر چاوچنۆک، چێ کراوە. (٢٠) ھەر تووشی ناگوزووری بوو، ھاوار دەکا. (٢١) ئەگەر دەکەوێتە خۆشیش، چکووسێکە. (٢٢) مەگین ئەوانەی نۆژخۆنن؛ (٢٣) ئەوکەسانەی قەد نایەڵن نوێژیان بچێ؛ (٢٤) ئەوی لە سامانیشیاندا بەشێک ھەیە، (٢٥) بۆ پارسەک و دوورەبەشان؛ (٢٦) ئەو کەسانە کە بڕوایان بە ڕۆژی سەڵا ھەیە؛ (٢٧) ئەوانەش کە لە ئازاری پەروەرێنیان نیگەرانن؛ (٢٨) کە ئازاری پەروەرێنیان، بۆ ئارخەیان بوونێ نابێ. (٢٩) ئەو کەسانەی کە جێ شەرمیان دەپارێزن؛ (٣٠) مەگین لە ڕووی ژنی خۆیان یان ئەوانەی کەنیزیانن، ئەوسا سەرکۆنە ناکرێن. (٣١) سا ھەر کەسێ بەدەر لەمانە بخوازێ، ئەوانە لە قاس لادەرن. (٣٢) ئەو کەسانەش کە ڕاگری ئامانەتی و بەڵێنیانن؛ (٣٣) ئەو کەسانەش شایەتی بەڕاستی دەدەن؛ (٣٤) ئەو کەسانەش کە لەسەر نمێژەکانیان چاوەدێرن؛ (٣٥) ئەوانە لەناو باخاندا بە ڕێزەوە وەرگیراون. (٣٦) دەی ئەو بێدینانە چیانە؟ دێنە لات و بە مۆنێکەوە دەڕوانن. (٣٧) دەستە دەستە لە ئالیی ڕاست وچەپەوە. (٣٨) ئاخۆ ھەر یەکێک لەمانە بەتەمایە کە بچێتە ناو بەھەشتی بە خێر و بێر؟ (٣٩) ھەرگیز ناشێ؛ ئەوان بۆ خۆیان دەزانن کە لە چیمان دروس کردوون. (٤٠) سا سوێند ئەخۆم بە دانەری خۆرھەڵات و خۆرئاوایان، ئێمە لە وزەماندایە، (٤١) کە بیانگۆڕین و چاتریان بێنینە جێ؛ کەس پێشی ئێمەش ناکەوێ. (٤٢) سا تۆ لەوانە وازبێنە با ھەر چەنەچەن بکەن و گەپێ بدەن، تا تووشی ڕۆژی خۆ دەبن کە وا بەڵێنیان پێ ئەدرێ. (٤٣) ئەوێ ڕۆژێ لە گۆڕستان دێنە دەرێ، ھێند بەپەلەن ئێژی بەرەو بتان دەچن. (٤٤) چاوشۆڕن و سووکایەتی دەوری داون؛ ئەمە ئیتر ئەو ڕۆژەیە کە وا بەڵێنیان پێ دەدرا. ++++++++++++++++++++++