شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: تەڵاق وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی پێغەمبەر! ئەگەر ژنانوو تەڵاق دان، ماوەیەکیان بۆ دیاری کەن و بیبژێرن. لە خودای پەروەرندەتان شەرم بکەن. لە ماڵ خۆیان دەریان مەکەن؛ دەریش نەچن. جا مەگین ھەر بە ئاشکرا کارێکی شوورەیی بکەن. ئەمە کەوشەنی خودایە و ھەرکێ لە کەوشەنی خودا بەولاتر چێ، ناھەقی لەخۆی کردووە. تۆ چ زانی، لەوانەیە لەپاش ئەمە خوا شتێ تر وەدی بێنێ. (٢) سا ھەر کاتێ ماوەکەی خۆیان بەسەر برد، ئەوسا بە تەرزێکی پەسند ڕایانگرن یان لێیان جیا ببنەوە؛ بە شێوەیێ کە لەناو خۆتاندا باوە. دوو کەسی ڕاست و دروستیش ھەر لە خۆتان لەم کارە ئاگادار بکەن، کە شایەتی بۆ خوا بدەن. ھەرکێ بڕوای بە خوا و ڕۆژی سەڵا ھەیە، بەمە ئامۆژگاری دەکرێن. ھەرکێش لە خودا بترسێ، دەروێکی لێ دەکاتەوە. (٣) لە شوێنێکەوە بژیوی بۆ دەنێرێ کە بە خەیاڵیدا نایە. ھەرکێ خۆی بە خوا بسپێرێ، ئەوی بەسە؛ خوا بە مەبەستی خۆی دەگا. دیارە خودا بۆ ھەر شتێ ئەندازەیەکی داناوە. (٤) ئەو ژنانەو کە لە عوزر پێداھاتن ناھێمنن و ئەوانەی کە عوزر ناشۆن - ئەر شکتان بوو - ئەشێ سێ مانگ چاوەنۆڕ بن. ئەوانەش کە سکیان ھەیە، ماوەی چاوەنۆڕییەکەیان دانانی سکەکەیانە. ھەرکێش لە خودا بترسێ، خودا کاری ھاسان دەکا. (٥) ئەمە فەرمانی خودایە بۆ ئێوەی ناردۆتە خوارێ. ھەرکێش لە خودا بترسێ، خەتاکانی دادەپۆشێ و پاداشی گەورەی دەداتێ. (٦) لە ھەرکوێدا خۆتان دەژین - بەرانبەر بە دەس ڕۆینتان - جێی ئەوانیش بکەنەوە. ھێندەشیان زۆر بۆ مەھێنن کە بیانخەنە تەنگانەوە. گەر مناڵیشیان لە سکدا، ئێوە لێیان بەخت بکەن تا سکەکەیان دادەنێن. ئەوسا ئەگەر شیریان دا بەمنداڵەکەو، کرای خۆیانیان بدەنێ و لەناو خۆتان بەتەرزێ ڕەوا پێک وەرن. خۆ ئەگەر پێکیش نەھاتن، با یەکێ تر بۆی شیر بدا. (٧) کێ دارایە لەداراییی خۆی بەخت کا و کێش بژیوی کەم پێ گەیوە، لەوەندەی خودا پێیداوە بەخت بکا. خودا ئەرک ناخاتە سەر کەس، مەگین لەوەندەی پێی داوە. خوا زوو لەپاش تەنگانە فەرحانی دێنێ. (٨) شارگەلی زۆر لە فەرمانی پەروەرندەی خۆیان و پێغەمبەرانی وەدەر کەوتن؛ ئەوسا پێمان بژاردنەوە؛ بژاردنەوەیێکی زۆر توند و ئازارمان دان بە ئازاردانێکی دژوار. (٩) ئیتر ئاکامی ئاکاری خۆیان چەشی و ھەموو بەرھەمی کردەیان ھەر زیان بوو. (١٠) خودا بۆیان جەزرەبەی زۆرتوند وتیژی ئامادە کرد. دەسا ئەی خاوەن ئاوەزان ئەوانەی خاوەن باوەڕن، ئەشێ لە خودا بترسن. ئەوا خودا قورعانی بۆ ناردوونە خوار. (١١) پێغەمبەرێکی ناردووە کە نیشانە ڕوون کەرەوەکانی خواتان بۆ وەخوێنێ، تا ئەوانەی بەباوەڕو ئاکار چاکن لەتاریکایی دەربخا و بەرەو ڕۆشناکیان بەرێ و ھەرکێش بە خوای بڕوا ھەبێ و ئاکار چاک بێ، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەر و ھەر، ھەر لەوێ دەبن. دیارە خودا بژیوێ باشی دەداتێ. (١٢) ئەوخودایەی حەوت عەزمان و وەک ئەوانەش، زەمینی وەدی ھێناوە؛ فەرمانی بەنێوانیاندا دێت و دەچێ. تا بزانن خوا بۆ ھەموو شت توانایە و زانستی خوا ھەموو شتی دەورە داوە. ++++++++++++++++++++++