شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: مونافیقون وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) وەختێ دووڕوو دێنە لای تۆ، ئێژن: شایەتیت بۆ دەدەین کە تۆ پێغەمبەری خودای؛ خوداش دەزانێ کە تۆ پێغەمبەری ئەوی و خوا گەواھە کە - بەڕاستی - ھەرچی دووڕوون درۆزنن. (٢) سوێندی خۆیان کردۆتە قەڵغان خۆیان و لەمپەرن لە ڕێگەی خودا و ئاکاریان زۆر نالەبارە. (٣) چونکە ئەمان، بەرێ باوەڕیان ھێناوە و پاشان لە دین لایانداوە، جا سەردڵیان مۆرکراوە و دە ھیچ ناگەن. (٤) ئەگەر چاویشت پێ کەوتن، لە قەڵافەتیان سەیرت دێ. کە دەشپەیڤن و تۆ قسەکانیان دەبیسی، ئێژی دارن بە دیوار ھەڵپەسێراون. ھەر ھەرایەک لە دژی خۆیان دەزانن. ئەو دوژمنن؛ تۆ خۆیان لێ بپارێزە. خوا بیانکوژێ؛ ئەمانە ڕوو دەکوێ دەکەن؟ (٥) خۆ ئەگەر پێشیان بوترێ: وەرن پێغەمبەری خودا داوای بەخشینوو بۆ دەکا؛ سەر بادەدەن. دەشیانبینی فیز دەنوێنن و خۆ لادەدەن. (٦) ئەگەر ئەتۆ داوای بەخشینیان بۆ بکەی، یان داوای بەخشینیان نەکەی، بۆ ئەوان تەوفیری نییە. ھەرگیز خودا نایانبەخشێ. خوا گرۆی لە ڕێ لادەران بەرەوخۆی شارەزا ناکا. (٧) ھەرئەمانەشن کە ئێژن: شتێ مەدەن بەو کەسانەی کە لای پێغەمبەری خودان، ھەتا بڵاوەی لێ دەکەن. ھەموو سامان و گەنجینەی ئەم عاسمانان و زەمینەش سەر بە خودان؛ بەڵام ئەو دووڕازانە ھیچی تێناگەن. (٨) ئێژن: ئەگەر گەڕاینەوە بۆ مەدینە، بێ گومان بەدەستەڵاتان، ڕووت و لاتی لێ دەردەکەن. دەستەڵاتیش ھەر بۆ خوا و بۆ پێغەمبەری و ئاپۆرەی باوەڕدارانە؛ بەڵام ئەو دووڕازانە ھیچێ نازانن. (٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! سامان و زاروڵەکانتان یادی خواتان نابێ لە بیر بەرێتەوە. ئەوانەی وایان بەسەر دێ، زیانبارن. (١٠) لەو بژیوەش کە ئێمە پێمان بەخشیون، لە ڕای خودای بەخت بکەن؛ بەر لەوەی یەکێ لە ئێوە مردن تەک بەتەکیەوە دا و، بێژێ: ئەی پەروەرندەی من! بۆچی تا ماوەیێ نزیک مەودات نەدام، کە ئەوسا خێران بکەم و لە ڕیزی کار چاکەکان بم؟ (١١) ھەر کەسێکیش وەختی مردنی ھاتبێ، خوا ھەرگیز وە درەنگی ناخا. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە. ++++++++++++++++++++++