شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: سەف وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەر شتێکی لە ئاسمانان و زەمیندان، ھەر پەسندی خوا دەدەن و ھەر ئەو خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆ داخێون و کردەوەی بەدوودا نییە؟ (٣) خودا زۆر لەوە تووڕەیە کە ئێوە شتێک بڵێن و ولۆ نەکەن. (٤) خوا ئەو کەسانەی خۆش دەوێ کە بۆ خەزا لە ڕای خودا، ڕیز دەبەستن؛ ئێژی دیواری قوڕقوشمە. (٥) کە مووسا بە ھۆزی خۆی گوت: گەلۆ! بۆچیم ئازار دەدەن، سوور دەشزانن کە من پێغەمبەری خودام بۆ لای ئێوە؟ وەختێ ئەوان خۆیان لادا، خوداش دڵی وانی لادا. ئەوانەی لە ڕێ دەردەچن، خودا ڕێگەی بەرەو خۆیان نیشان نادا. (٦) کە عیسای کوڕی مریەمیش گوتی: ئەی بەرەی ئیسرائیل! ئەمن پێغەمبەری خودام بۆ لای ئێوە؛ ئەو تەوڕاتە دەسەلمێنم کە لەپێش مندا ھاتووە؛ مژدەو لێ بێ پێغەمبەرێک لەپاش من دێ وە ناو ئەحمەد. وەختێ بە چەند نیشانەی دیاری دەرەوە ھاتە لایان، گوتیان: ئەمە ھەر بەئاشکرا جادووە. (٧) سا کێ لەوە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستێ، لە وەختێکا کە بۆئیسلام گازی دەکرێ؟ خودا گرۆی غەدرکاران بەرەو خۆی شارەزا ناکا. (٨) گەرەکیانە تیشکی خودا ھەر بە فووی دەم وەکوژێنن. خواش تیشکی خۆی ھەر سەردەخا؛ جا با خودانەناسانیش خۆشیان نەیە. (٩) ئەو خودایە پێغەمبەری خۆی بەڕێ کرد، بۆ ڕێبەری و ڕاگەیاندنی دینی ڕاست، تا سەری خا بە سەر ھەموو دینەکاندا؛ جا با بت پەرستەکانیش خۆشیان نەیە. (١٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! دەتانەوەێ مامەڵەیەکتان پێ بێژم کە لە ئازارێکی بەژان ڕزگاروو کا؟ (١١) بڕواو بە خوا و بە پێغەمبەری ئەو بێنن و بە دارایی و گیانی خۆتان لە ڕای خودا تێ بکۆشن؛ ئەمە بۆ ئێوە باشترە گەر بیزانن. (١٢) لە گوناھانوو دەبورێ و دەتانباتە ناو باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و خانووی زۆرخۆش وخاوێنتان لە بەھەشتی ھەمیشەییدا دەداتێ؛ ئەمە دەسکەوتی گەورەیە. (١٣) شتێ تریش - کە ئێوە حەزی لێ دەکەن - یاریدەدانێ لە خوداوە و سەرکەوتنێکی نزیکیش. ئەم مژدەیە بە باوەڕدارەکان بدە. (١٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! یاریکارانی خودا بن، وەکوو عیسای کوڕی مەریەم بە یارانی حەواریی گوت: کێ بەرەو خودا دەبێتە یاریدەری من؟ دەستەی حەوارییەکان وتیان: ئێمە یاریدەری خوداین. ئەوسا لە بەرەی ئیسرائیل ھێندێکیان بڕوایان ھێنا و ھێندێکیش بێباوەڕ مان. ئیتر ئێمە خاوەن باوەڕەکانیانن یارمەتی کرد، تا دەرۆستی دوژمنانی خۆیان ھاتن. ++++++++++++++++++++++