شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: مومتەحینە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەبنە دۆستی دوژمنانی من و خۆتان. ئێوە دۆستایەتیو بەوان ڕادەگەیێنن؛ کەچی ئەوان بەو دینە ڕاستەقینەیە کە بۆ ئێوە ھاتووە، بڕوایان نییە [و] لەبەر ئەوە بە خودای پەروەرندەتان بەباوەڕن، ئێوە و پێغەمبەر لە زێدی خۆ دەردەکەن. ئەر بۆ خەزا لە ڕای من و ڕەزامەندیم دەردەکەون، [دۆستایەتیی ئەوان مەکەن]. پەنامەکی پێیان ئێژن: خۆشمان دەوێن؛ کەچی ئەمن لە ھەر شتێ دەیشێرنەوە و ھەر شتێ ئاشکرای دەکەن، لە خۆتان ئاگادارترم. کێ لەنگۆ ئەو کارە بکا، ڕێگەی ڕاستی لێ تێکچووە. (٢) ئەگەر دە گیریان بکەون، دوژمنایەتیتان دەکەن؛ بۆ ئازارتان دەست و زمان وە کار دەخەن؛ حەز دەکەن لە دین وەرگەڕێن. (٣) ڕۆژی سەڵا، نە خزمانوو نە جگەرگۆشەکانیشتان ھەرگیز دە فریاتان نایەن؛ لێکتان جودا دەکاتەوە و چی بیکەن خودا دەیبینێ. (٤) ئیبراھیم و ئەو کەسانەی دەگەڵ ئەو بوون، بۆنگۆ نموونەی زۆر باشن؛ کە بە ھۆزەکەی خۆیان وت: ئێمە لەنگۆ و لەو شتانەی - لە خوا بەدەر - دەپەرستن، بە دوورین و باوەڕمان بە ئێوە نەما و، تا ھەتایە دوژمنایەتی و ڕکوونی کەوتۆتە نێوانمانەوە؛ تا ئەو کاتەی ئێوە باوەڕ بە خودای تاقانە دێنن. جیا لەوە کە ئیبراھیم بە ئاپێ خۆ گۆت: داوای خۆشبوونت بۆ دەکەم؛ دەربارەی تۆ ھیچی ترم بۆ دەگەڵ خودا ناکرێ. ئەی پەروەرندەی گ لامان! خۆمان بە تۆ سپاردووە و ھەموومان ڕوومان دە تۆیە و وەگەڕانی دواڕۆژیش ھەر بەرەو تۆیە. (٥) ئەی پەروەرندەی ھەموومان! مەمانخە بەر تیر و تانەی ئەوانەی کە تۆ ناناسن؛ لە گوناھیشمان ببوورە؛ ھەر خۆت خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانی. (٦) بێگومانە ئەوانە نموونەی باشن بۆ ئێوە و بۆ ئەو کەسەی کە ھومێدی بە خودا و ڕۆژی سەڵا ھەیە. ھەر کەسێکیش خۆ دەبوێرێ، خودا پەکی پێ ناکەوێ و ھەر شایانی پەسن دانە. (٧) شایەد خودا لەناو ئێوە و ئەو کەسانەی دوژمنایەتیو دەکردن، دۆستایەتی دامەزرێنێ. خوا توانایە و خوا دەبوورێ و دلۆڤانە. (٨) خودا بەرتان لێ ناگرێ کە ئێوە دەگەڵ ئەوانەی بەگژ ئێوەدا نەچوون و لە زێد وەدەریان نەناون، چاکەیان دەربارە بکەن و بە یەکسانی ڕەفتاریان دەگەڵدا بکەن. خوا مرۆی خاوەن ئینسافی خۆش گەرەکە. (٩) تەنیا ھەر ڕێگەتان نادا دەگەڵ ئەوانە ببنە دۆست کە لەسەر دین، شەڕیان دەگەڵتانا کرد و ئێوەیان لە زێدی خۆتان ئاوارە کرد. لەسەر دەرکردنی ئێوەش، بوونە پشتیوانی یەکتر. ھەر کەسیش ببێتە دۆستیان، دیارە غەدرێ لە خۆ دەکا. (١٠) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەگەر ژنی بەباوەڕی ئاوارە دەگاتە لاتان، بیانخەنە بەر ئەزموونەوە. خوا لە بیر و باوەڕیان ئاگادارترە. گەر ناسیتانن بە ڕاستی بڕواداران، بۆ لای خودانەناسانیان مەنێرنەوە. نە ئەمان بەوان دەشێن و نە ئەوانیش بەمان دەشێن. ھەرچیش بەختیان کردووە بیاندەنەوە. گەر ئێوە مارەیان کەن و مارەییەکەیان بدەنێ، ھیچ گوناھێکتان ناگاتێ. ژنانی خودانەناسانیش لای خۆتان گل مەدەنەوە؛ ھەرچیتان لێ بەخت کردوون بیسێننەوە؛ با ئەوانیش ھەرچێکی بەختیان کردووە داوای بکەن. ئەمە دەستووری خودایە کە بە نێوانتان ڕادەگا. خودا زانای لەکارزانە. (١١) ئەگەر ژنێکیشتان ڕەوی بۆ لای خوانەناسەکان و ئێوە تاڵانتان لێ گرتن، بەو کەسانە وا ژنەکانیان ھەڵاتوون، ھێندەبدەن کە داویانە. ترسیشوو لەو خودایە بێ کە بڕواتان پێ ھێناوە. (١٢) ئەی پێغەمبەر! ئەگەر ژنانی باوەڕدار دێنە لات و پەیمان دەدەن ھیچ شتێکی - لە خوا بەدەر - نەپەرستن و تووشی دزی و حیزی نەبن و مناڵی خۆیان نەکوژن و مناڵی تر بە درۆ نەکەنە منداڵ مێردەکانیان و بۆ کاری چاک لە فەرمانی تۆ دەرنەچن، ئەوساکە تۆش پەیمانیان دەگەڵ ببەستە و لێخۆشبوونیان بۆ لە خودا داوا بکە. خودا دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! مەبنە دۆستی ئەو کەسانەی خودا غەزەبی لێ گرتوون، لە ھاتنی ڕۆژی سەڵا ناھومێد بوون؛ وەکوو خودانەناسەکان لە مرییەکانی گۆڕستان ناھومێدن. ++++++++++++++++++++++