شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ئەنعام وە ناو خودا کە دەھەندە و دلۆڤانە (١) پەسن و سوپاس بۆ خودایێ کە ئاسمانان و زەمینی چێ کردووە و تاریکایی و ڕووناکاییش ئەو پەیدای کرد. ئەو کەسانەش کە حاشایان لە پەروەرندەیان ھەیە، دێن لە پاشان شەریکی بۆ پەیدا دەکەن. (٢) ئەو خودایەی کە ئێوەی لە قوڕ چێ کرد و ماوەی ژینی بۆ داناون. ئەو کاتەشی بڕیار داوە و ناوی ناوە [کە لە ژیان بێ بەش دەبن]. کەچی ئێوە دیسانەکە ھەر دوودڵن. (٣) لە ئاسمانان و زەمیندا خوا ھەر ئەوە و لە نھێنی و ئاشکراتان ئاگادارە و ھەر کارێک بیکەن دەیزانێ. (٤) ھەر نیشانەیەک لە لایەن خوای پەروەرێنیانەوە بێ و بێتە لایان، ئیللا ھەر حاشای لێ دەکەن و خۆیانی لێ دەبوێرن. (٥) ئەوا وەختێ ئەم ڕاستەشیان بۆھات، بڕوایان پێ نەکرد. لەدواڕۆژدا ئەوانە ئاگادار دەبن لەوشتانەی ئێستا گەپی خۆی پێ دەدەن. (٦) ئاخۆ ئەمەندە نازانن کە ئێمە لە پێش ئەواندا چەندین بەرەمان قڕ کردن؟ ئەو دەستەڵاتەش لەم زەمینە بەوانمان دابوو، بەمانمان نەداوە. لە حەواوە کەیکەم و شەستەڕەھێڵە بارانەمان بۆ باراندن و وامان کرد کە لە سەر ڕووبارەکان دەژیان. کەچی ھێند نافەرمانیان کرد قڕمان کردن و لە پاش ئەوان - لە جێی ئەوان - بەرەی ترمان دامەزراندن. (٧) ئەگەر ئێمە لە سەر کاغەز نامەیەکمان بۆ تۆ ناردبایە خوارەوە و بەدەست ھەڵیان گڵۆفیبا، ئەوانەی خودانەناسن ھەر دەیانگوت: ببێ و نەبێ جادوو نەبێ چی تر نییە. (٨) ئەوا دەشڵێن: ئەدی بۆچی خوا فرشتەی بۆ ئەو نەناردە خوارەوە؟ ئەگەر ئێمە فرشتەشمان بناردایە، بێ سۆ کار لە کار دەترازا و ھیچ مۆڵەتیان پێ نەدەدرا. (٩) خۆ ئەگەر ڕاسپاردەمان فرشتەش با، ھەر دەبوو جلکی پیاوێکی دەبەر بکەین و ئەو جلەی ئەوان دەیپۆشن ئەو پۆشیبای. (١٠) بە گەلێک لە پێغەمبەرانی بەرلە تۆ، ڕشخەن کرا و ڕشخەنکەران تووشی کارەکەی خۆیان بوون. (١١) بێژە: ئێوە لەم زەمینە گەشتێ بکەن، تا بزانن دواڕۆژی بێ باوەڕەکان بە کوێ گەیشت. (١٢) بێژە: ھەرچی لە ناوی عاسمانەکان و زەمیندایە، ماڵی کێیە؟ بێژە: ھەموو بۆ خودایە. خودا لە سەر خۆی نووسیوە کە دەبێ خاوەن بەزە بێ. دیاریشە لە ڕۆژی قیامەت - کە بێگومانە ھاتنی - گشتوو لێک کۆ دەکاتەوە و ئەو کەسانەی گیانی خۆیان دۆڕاندووە ئەوانن بڕواناھێنن. (١٣) بۆ ئەویشە ھەر شتێکی لە شەوگاڕ و لە ڕۆژێدا، ھەدا دەدا و ھەر خۆی بیسەر و زانایە. (١٤) بێژە: ئاخۆ دەتانەوێ غەیرەز خودا ھیچ کەسی تر بە سەروەری خۆ بزانم، کە ئاسمانان و زەمینی داھێناوە و ڕۆزی بە زیندەوەر دەدا و خۆی لە بژیو بێ نیازە؟ بێژە: فەرمان بە من درا کە یەکەمین بەرفەرمان بم. سا تۆ قەت لەوانە مەبە شەریک بۆ خودا پەیدا کەی. (١٥) بێژە: ئەگەر نافەرمانی خودای پەروەرێنم بکەم، لە ئازاری ڕۆژە ھەرەدژوارەکەی پڕ مەترسی، ترسم ھەیە. (١٦) ئەوێ ڕۆژێ خوا لە ھەر کەسێ وازبێنێ، ئەوە دیارە وەبەر بەزەیی خستووە؛ ئەم کارەش ڕزگارییەکی ئاشکرایە. (١٧) ئەگەر خودا بەڵایەکت بە سەر بێنێ، بە غەیرەز خۆی کەس لە سەرتی وەلا نابا. گەر بەچاکەشت وەخوێنێ، ھەر خۆیەتی ھەموو کارێکی پێ دەکرێ. (١٨) ھەرخوداشە لە سەر ھەموو عەبدەکانی دەستی دەڕوا و ھەر بۆ خۆیەتی کارزانە و ئاگادارە. (١٩) بێژە: شایەتی دانی کێ لە ھەموو شایەتی دانێک گرینگترە؟ بێژە: خودا شایەتە لە نێوانماندا؛ ئەو بە خەڵات بۆ منی ناردە خوارەوە، تا بە ھۆی ئەو ترس وەبەر ئێوە بێنم و ھەر کەسێکیش کە پێ دەگا. ئێوە شایەتی دەدەن کە وەل خودا چەند خودایەکی تریش ھەیە؟ بێژە: من شایەتی نادەم. بێژە: خودا ھەر یەکێکە و من لە شەریک بۆ خوادانانی ئێوە دوور و بێزارم. (٢٠) ئەھلی کتێب ھەر وەک کوڕەکانی خۆیان باش دەناسن، پێغەمبەریش وا دەناسن. ئەوانەی خۆیان تووشی خوسار کردووە، بڕوا ناکەن. (٢١) کێی وا ھەیە لەو کەسانە ناھەقتر بێ کە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستن یا بە نیشانەکانی خوا باوەڕ ناکەن؟ دیاریشە ھەر کێ ناھەق بێ، ڕزگار نابێ. (٢٢) ڕۆژی قیامەت کە گشتیان کۆ دەکەینەوە، بەو کەسانەی کە شەریکیان بۆ خودا پەیدا کردبوو، ئێژین: کوانێ بە خەیاڵ دەوگوت شەریکن دەگەڵ خودا؟ دە بیانھێنن. (٢٣) جا ئەو کاتە ھیچ عوزرێکیان نابێ غەیرەز ئەوە بێژن: سوێند بە خودا کە ئێمەی پەروەراندوە؛ ئێمە ھەرگیز ھیچ شتێکمان نەکردۆتە شەریکی ئەو. (٢٤) بڕوانە چۆن درۆ لە سەر خۆشیان دەکەن! ئەو شتانەش کە ئەوان بە درۆ دەیانگوت، لە بەین چوون. (٢٥) ئی وایان لە ناودا ھەیە گوێت پێ دەدا. بەڵام ئێمە پەردەیەکمان بە سەر دڵیان ھەڵکێشاوە کە تێت نەگەن، گراناییشمان خستۆتە ناو گوێچکەیان کە [نەبیسن] و ھەر نیشانەیەک ببینن باوەڕ ناکەن. ئی واش ھەیە کە دێنە لات جوابەجەنگیت دەگەڵ دەکەن؛ ئەو کەسانەی خوانەناسن ئێژن: ئەمە چیرۆکی پێشینەکانە و چیتر نییە. (٢٦) ھەر ئەوانە ناھێڵن خەڵک بێنە لای و بۆ خۆشیان خۆی لێ دوور دەگرن. ئەم کەسانە بە بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن ھەر بۆ خۆیان لە بەین دەبەن. (٢٧) ئەگەر ئەوسا بیانبینی کە لە سەر لێواری ئاگر ڕاگیراون، ئێژن: خۆزی دیسان دەیانگێڕاینەوە، ئەوسا بە نیشانەکانی پەروەرندەن بڕوامان دەکرد و ئێمەش لە ڕێزی باوەڕداران بووین. (٢٨) ڕاستیش ناکەن، تەنیا ھەر ئەوەیان بۆ ئاشکرا بووە کە لە پێشا لە دڵدا حاشاریان دابوو. ئەگەر بشگەڕابانەوە، ئەو کارانەی کە پێیان دەگوتورا مەیکەن، ھەر دەیانکرد. ئەمانە ھەر درۆزنن. (٢٩) گوتیشیان: جگە لەم ژینەی سەر دنیامان چیتر نییە و ئێمە زیندوو نابینەوە. (٣٠) گەر بیان دوونی لەو کاتەدا کە لە ھەمبەر پەروەرێنیان ڕاگیراون، پێیان ئێژێ: ئاخۆ ئەمەو پێ ڕاست نەبوو؟ ئێژن: بەڵێ، سوێندەکە بە پەروەرەندەن ڕاستی ڕاستە. ئێژێ: دە ئازار بچێژن بۆ ئەو حاشایەی دەتانکرد. (٣١) ئەو کەسانە زیانمەند بوون کە ھیچ باوەڕیان نەدەکرد، دێنە بەر بارەگای خودا. تا ئەو ساتەی لە پڕ سەڵایان لێ ڕابوو. ئیتر ئەوسا لە حاڵێکدا کۆڵەپشتی باری گرانی گوناھیان لە سەر پشتە، ھەر ئاخ و داخ و پەکیانە؛ ئێژن: حەیفێ ئێمە چەندن درێغی کرد. سا بزانە چەند بارەکەیان گران و نالەبارە. (٣٢) ژینی دنیا جگە لە گاڵتە و گەپ نییە و ماڵی ئەولا بۆ ئەوانەی لە خواترس و خۆپارێزن زۆر چاکترە. دەسا بۆ دەبێ تێ نەگەن؟ ! (٣٣) ئێمە دەزانین ئەو قسەی ئەوان دەیکەن بۆت دەبێتە ھۆی دڵتەنگی. خۆ ئەوانە تۆ وەدرۆ ناخەنەوە؛ لە ڕاستیدا ئەو ناھەقیکارانە لە نیشانەکانی خودایە حاشا دەکەن. (٣٤) فرە لە پێغەمبەرانی بەر لە تۆش - ھەر وەک ئێستەی تۆ - بە درۆزن ژمێراون. وێڕای باوەڕ پێ نەکران و ئازاردانیش، ھەروا خۆڕاگر مانەوە؛ ھەتاکوو یارمەتی ئێمەیان پێ گەییشت. سۆزی خوداش بە ھیچ کەسێک ناگۆڕدرێ و دیاریشە تۆ دەنگوباسی پێغەمبەرانت زانیوە. (٣٥) ئەگەر تۆ لە لات گران دێ کە بە دەنگتەوە نەھاتوون، سا ئەگەر لە تواناتدایە، ڕەھۆڵێکی لەم زەمینەدا بکۆڵە، یان پەیژەیەک کە پێی ھەڵچی بۆ ئاسمان و بەڵگەیەکی پتەو بۆ ئەمانە بێنە [بڕوات پێ بکەن]. ئەگەر خوا خۆی مەیلی لێ با، ھەموویانی شارەزای ڕاستەڕێ دەکرد. ئیتر ناشێ تۆ لە ڕێزەی نەزانان بی. (٣٦) ھەر ئەوانە گوێت لێ دەگرن کە دەبیسن. مردووەکانیش خوا زیندوویان دەکاتەوە و پاشان گشتیان بۆ لای خۆی دەگەڕێنەوە. (٣٧) ئێژن: بۆچی نیشانێکی لە لایەن پەروەرندەیڕا بۆ نەھاتۆتە خوارەوە؟ بێژە: خودا توانای ھەیە ھەر بەڵگەیەک [خۆی حەز بکا] بە ڕێی بکا؛ بەڵام ئەوانە زۆربەیان لێ نەزانن. (٣٨) ھەر زیندەوەرێ لە عەرزا تەڤگەڕیەتی و ھەر مەلێ بە باڵان دەفڕێ، ھەموویان کۆمەڵانێکن وەکوو ئێوە. ئێمە لە ناو ئەم کتێبە ھیچ شتمان ھەڵ نەبواردووە؛ لە دواڕۆژیش گش ئەمانە لە لای پەروەرندەی خۆیان کۆوە ئەکرێن. (٣٩) ئەو کەسانەی کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ زانی، کەڕ و لاڵن و لە تاریکیدا خول دەخۆن. خودا بەکەیفی خۆی دەکا، لە ھێندێکان ڕێ دەگۆڕێ و ھێندێکانیش دەخاتە سەر ڕاستەڕێیە. (٤٠) بێژە: ئەگەر خوا بەڵایەکوو بۆ بنێرێ یان ڕۆژی سەڵا و لێ ڕابێ، ئاخۆ ئەوسا غەیرەز خودا ھانا بۆ کەسی تر دەبەن؟ ئەگەر ڕاستن، ڕاستی بڵێن. (٤١) نەخێر، ئەوسا ھەر ھانا بۆ خودا دەبەن. ئەگەر خودا خۆی حەز بکا، بەڵاتان لە سەر لا دەبا و ئەو شتانەتان لە بیر دەچێتەوە کە [ئێستا] بە شەریکی خودایان دەزانن. (٤٢) ئێمە بۆ سەر گەلێک لە گەلانی پێش تۆش [پێغەمبەرمان] بە ڕێ کردوون. [ئەو کەسانەی یاغی دەبوون] تووشی بەڵا و نسیبەتانمان دەکردن، تا بەشکێکوو لە بەرمان بلاڵێنەوە. (٤٣) دەیسا بۆچی کە بەڵاشمان بە سەر ھێنان، لە بەرمان نەپاڕانەوە؟ بەڵام ئەمان دڵڕەش بوون و، شەیتانیش کارەکانیانی وا لە بەر ڕازاندبوونەوە [کە ھەر لە سەر حاشایە مان]. (٤٤) جا وەختێ ئەو ھەموو ئامۆژگاریانەیان - کە کرابوون - لە بیرەو چوو، ھەموو دەرگای بەختەوەرین بۆ کردنەوە ھەتا کەوتنە خۆشی و شادی؛ ئەوسا لەپڕ و نەکاوێک بەر تووڕەیی خۆمان خستن و ھەموو ناھومێد مانەوە. (٤٥) ئیتر ئەوسا ئەو کەسانەی پیشەیان ھەر ناھەقی بوو، دوابڕاو بوون و سپاس بۆ خوای ڕاھێنەری ھەموو دنیا. (٤٦) بێژە: بە من بێژن ئەگەر خوا ھەستی گوێ و سۆمای چاوتان لێ بستێنێ و لە سەر دڵگەلیشتانەوە مۆر دابنێ، کێ دەتوانێ - بەدەر لە خوا - بووداتەوە؟ دەبڕوانە ئێمە چلۆن نیشانەکان بۆ ئەوان شی دەکەینەوە؛ ھێشتا ھەر خۆی لێ دەبوێرن. (٤٧) بێژە: بە من بێژن ئەگەر بەڵای خودا لە پڕێک و بەنھێنی یان بە تەرزێکی ئاشکرا، تووشتان ببێ، جیا لەوانەی غەدرێ دەکەن کێ قڕ دەبێ و تێدا دەچێ؟ (٤٨) ھەر پێغەمبەرێک دەنێرین پێی دەسپێرین مژدەدەر و ترسێنەر بێ؛ سا ھەر کەسێ بڕوای ھێنا و ئاکاری چاکی ڕەچاو کرد، نە ھیچ ترسی لە سەر ھەیە و نە ھیچ خەمێکیان دێتەبەر. (٤٩) ئەوانە وا نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ ئەژمارد، لە سزای ئەم نافەرمانییە، گرفتاری ئازار دەبن. (٥٠) بێژە: من بە ئێوەم نەگوت: کلیل داری گەنجینەکانی خوا منم؛ نەشم گوتووە: لە نادیاران ئاگادارم؛ پێشم نەگوتوون: فریشتەم. تەنھا من ھەر ئەوە دەکەم کە خودا پێی ڕاگەیاندووم. بێژە: ئاخۆ کوێر و چاوساغ وەکوو یەکن؟ دەیسا بۆ بیر ناکەنەوە؟ (٥١) بەم قورئانە تۆ ئەوانە بترسێنە، کە لە ڕۆژی کۆ بوونەوە لە قاپی پەروەرندەیان نیگەرانن؛ کە لەو بەدەر نە ھیچ دۆستیان گیر دەکەوێ و نە تکاکار، بەشکوو لە خودا بترسن. (٥٢) ئەو کەسانە مەتۆرێنە و دەریان مەکە کە گش شەوەکی و ئێواران ھانا دەبەنە بەر خوای پەروەرێنیان و بۆ ڕەزای ئەو کۆشش دەکەن. تۆ ھیچ کارت بە کاری ئەوان نەدابێ؛ ئەوانیش ھیچ کاریان بە سەر تۆوە نییە. سا ئەگەر ئەمانە دەرکەی، غەدرێکە لە خۆتی دەکەی. (٥٣) ئێمە ئاوا گەرەکمانە ھێندێ لەوان بە ھێندێکان تاقی وەکەن، ھەتا بێژن: چلۆن خودا لە ناوماندا ھەر ئەمانەی وەبەر چاکەی خۆی خستووە؟ ئاخۆ خودا لەوان باشتر شوکربژێران ناناسێ؟ (٥٤) ھەرگا ئەوانە دێنەلات کە بە نیشانانی ئێمە بڕوادارن، پیان بێژە: دڵنیابن پەروەرێنتان ھەر خۆی لە سەر خۆی نووسیوە بەر بەزەیی خۆیتان بخا؛ دیارە خودا ھەر کەسێکی لە ئێوە - لە نەزانی خۆی - کاری خراپی لێ ڕوودا و پاشان پەشیمان بێتەوە و ئاکاری چاک ڕەچاو بکا، لە گوناحەکانی دەبوورێ و دلۆڤانە. (٥٥) ئێمە ئاوا نیشانەکانی خۆمانیان تەواو بۆ شی دەکەینەوە و دەمانەوێ ڕێبازی تاوانباران ڕوون ببێتەوە. (٥٦) بێژە: من ڕێم پێ نەدراوە کە لە خودا بتکەمەوە و ئەو شتانە بپەرستم کە ئێوە دەیانپەرستن. بێژە: قەت من بە ئارەزووی ئێوە ناکەم. ئەگەر بێتوو شوێن ئارەزووی ئێوە کەوم، دیارە ڕێگەم گوم کردووە و لە ڕاستەڕێ وەدەر کەوتووم. (٥٧) بێژە: وا من لە لایەن پەروەرێنمەوە، بەڵگەی پتەوم لە لایە؛ کەچی ئەوەی لای منتان بە درۆ دانا. ئەوەش ئێوەی بۆ بەلەزن، ھیچی لە دەس مندا نییە. فەرمان ھەر فەرمانی خوایە و ھەر خۆی ڕاستیو بۆ باس دەکا. چاکتر لێک جوداکەرەوەش ھەر خۆیەتی. (٥٨) بێژە: ئەگەر ئەو شتەی داوای دەکەن و بۆی بە پەلەن بە دەس من با، کاری نێوان من و ئێوە ھەر لە زوودا دوایی دەھات. ھەر خوا باشتر ناھەقیکاران دەناسێ. (٥٩) ھەموو کلیلی نھێنی و بەرپیواران وا لای ئەوە؛ لە خۆی بەدەر ھیچ کەسێ ئاگای لێ نییە و ھەرچی لە زریا و بەژدایە باش دەیزانێ؛ ھیچ گەڵایەک لە ھیچ شوێنێ بێ زانینی ئەو ناوەرێ. ھەرچی دەنکە و لە تاریکایی زەویدا و ھەرچی تەڕە، یان زوھایە، گشتی لە ناو دەفتەرێکی ئاشکرایە. (٦٠) ھەر خۆیەتی بە شەو ھەستوو لێ دەستێنێ و لە ناو ڕۆژا چیتان کردووە. جا بە ڕۆژ ڕاو دەپەڕێنێ، ھەتا ماوەی دیاری کراو بە سەر دەچێ. لە پاشان دەچنەوە لای خۆی؛ ئەوسا ئاگادارتان دەکا کە لە پێشدا چوو کردووە. (٦١) ھەر خۆیە دەستەڵاتدار بە سەر عەبدانیا. پاسەوانانێکیشتان بۆ بەڕێ دەکا. ھەرگا وەختی مردنوو دێ، پێمێردی خوا لە پێک ھێنانی فەرمانی درێغ ناکا. (٦٢) پاشان دەیانگەڕێننەوە بۆ لای خودا، کە سەروەری ڕاستەقینەی ھەموویانە. با بزانن فەرمان ھەر بە دەستی ئەوە و زووتر لە ھەر حیسابگەرێ بە حیسابی گش ڕادەگا. (٦٣) بێژە: کێ ڕزگارتان دەکا لە تاریکی بەژ و دەریا؟ کە ئەوساکە بە نھێنی و بە ئاشکرا لە بەری دەپاڕێنەوە: ئەگەر خودا ئەمجارەش ڕزگارمان بکا، ھەر شوکرانەی ئەو دەبژێرین. (٦٤) بێژە: خوا ڕزگاروو دەکا لەو تەنگانە و لە ھەموو بەڵایەکی دیش؛ کەچی ئێوە شەریکی بۆ پەیدا دەکەن. (٦٥) بێژە: خودا توانای ھەیە کە لە لای سەرووتانەوە یان لە لای ژێرپاتانەوە ئازارتان بۆ بەڕێ بکا؛ یان بتانکاتە چەند دەستەو تێکتان بەردا و ئازار لە یەکتر بچێژن. دە بڕوانە چۆن ئێمە نیشانەکانمان - جۆرە جۆرە - بەو مەردمە نیشان دەدەین، بەشکوو ئەوانە تێبگەن. (٦٦) ھۆزەکەی تۆ ئەم قورعانی وا ڕاستیشیان پێ درۆیە. بێژە: خۆ من نەبوومە ھەمەکارەتان. (٦٧) زۆر بە زوو ئاگادار دەبن کە ھەر باس و خەبەرێک جێگەی خۆی ھەیە. (٦٨) ھەرگا ئەوانە دەبینی دەربارەی نیشانەکانمان خراپ دەدوێن، تۆ ڕوویان لێ وەربگێڕە تا باری قسە دەگۆڕن و قسە لە شتێکی تر دەکەن. گەر وا ڕوویدا شەیتان لە بیری بردیەوە، ھەرگا وەبیرت ھاتەوە ئیتر وەل ناھەقیکاران ڕۆمەنیشە. (٦٩) ئەوانەی خودێ ترسن و خۆپارێزن، ھیچ ئوباڵی ئەوانەیان لەستۆ نییە. بەڵام دەبێ ئامۆژگاری [بۆ نالەبارەکان] بکەن، بەشکوو لە خودا بترسن. (٧٠) تۆ وازبھێنە لەوانەی دینەکەیان بە گەمە و گاڵتە گرتووە و ژینی دنیا تەواوێک لە خشتەی بردوون. بەم قورئانە بیریان خەوە کە ھەر کەسێک بکەوێتە زیندانی بێ دەرەتانی کردەوەی خۆی - لە خوابەدەر - ھیچ کەسی دەھانای نایە و ھیچ کەسیش تکای بۆ ناکا. ھەرچی ماڵی دنیاش ھەبێ و لە لای ئەوبێ لە قەرەبووی خۆیدا بیدا، قبووڵ ناکرێ. ئەوان لەسۆنگەی ئەو کارەی کردوویانە و بڕوایان بە خودا نەبووە، لە دوژەھێ دەرناکەون و ئاوی کوڵیو دەخۆنەوە و جەزرەبەی بەژانیان ھەیە. (٧١) بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە - لە خوا بەدەر - ھاوار بۆ شتانێک بەرین نە زەرەرێکمان لێ دەدەن، نە بەھرەیان بۆمان ھەیە و لە پاش ئەوەی شارەزای ڕاستەڕێگە بووین، سەرلە نوێ پاشگەز بینەوە؟ ھەر وەک ئەوەمان بە سەردێ کە شەیتان خەڵەتاندوویە و لە سەر زەوی سەرگەردانە. ھێندێک ھەواڵی وای ھەیە کە پێی ئێژن: وەرە لامان لە ڕێگەت شارەزا دەکەین. بێژە: ڕێی ڕاست ھەر ڕێگەی ڕووبە خودایە و فەرمان بە ئێمە دراوە خۆ بدەینە دەس ڕاھێنەڕی دنیایە. (٧٢) فەرمووشیە دەبێ نوێژ بکەن؛ ترسیشوو لە خودا ھەبێ؛ کە ھەموو لاتان لای ئەو خڕ دەکرێنەوە. (٧٣) ھەر خۆیەتی بۆ ڕاستی، ئەم ئاسمانانە و زەمینەی بەرھەم ھێناوە. ھەر ڕۆژێکی بۆ دروست بوونی ھەر شتێ فەرمان بدا: ببە! دەبێ. قسەی ڕاستە و لاری نییە و ئەوێ ڕۆژێ فوو بە کەڵەشاخدا دەکرێ، تەنیا خۆی دەستەڵات دارە و دیار و بەرپیوار دەزانێ و ھەر خۆیەتی لەکارزان و ئاگادارە. (٧٤) بیر لەو کاتەش بکەرەوە کە ئیبراھیم بە ئازەری ئاپی خۆی گوت: ئەتۆ بۆچی ئەو بتانە دەپەرستی؟ ئەمن تۆشوو گەلەکەشت دەبینم لە ڕێ لاو داوە. (٧٥) [ھەر ئەو دەمەش بوو کە] ئێمە نیشانی ئیبراھیمندا دام و دەزگای ئەم عاسمانان و زەمینە سەر بە کێیە، تا لە ڕێزی باوەڕدارە ڕاستەکان بێ. (٧٦) کە شەوی بە سەرداھات و تاریک داھات، ئەستێرەیەکی بەدی کرد. گوتی: ئەمە پەروەرێنمە. ھەرکە لە بەر چاو ئاوا بوو، گوتی: ھەرچی ئاوا ببێ خۆشم ناوێ. (٧٧) وەختێ کە دیتی مانگ ھەڵات، گوتی: ئەمە پەروەرێنمە. کە ئەویش لە بەر چاو نەما، گوتی: ئەگەر پەروەرێنی ڕاستەقانیم خۆی شارەزاییم پێ نەڵێ، منیش لە گومڕایان دەبم. (٧٨) کاتێ دیتی وا خۆر لە کەل سەر دەکەوێ، گوتی: ئەمە لەوانی تر مەزنترە، ڕەنگە پەروەرندەکەی من ھەر ئەمە بێ. کە خۆریش کەوتە خۆرنشین، گوتی: گەلۆ! من لەو کارە و کە شەریکان بۆ خودانی من دەناسن، تەکیمەوە. (٧٩) وامن - بە دڵپاکی - ڕووم کردە ئەو کەسە کە ئاسمانان و زەمینی داھێناوە و لەوانە نیم شەریکی بۆ پەیدا دەکەن. (٨٠) ھۆزەکەی لە سەر ئەم باسە شەڕ و کێشەیان پێ فرۆشت. گوتی: ئێوە چۆن دەگەڵ من دەربارەی خودایێکەوە کێشە دەکەن کە خۆی شارەزای کردووم و ھیچ ترسێکم لەوانە نییە کە ئێوە دەیانکەنە شەریکی ئەو. ھەر شتێکی پەروەرندەم حەزێ بکا ھەروا دەبێ و زانستی پەروەرێنی من ھەموو شتی داگرتووە. ئاخۆ ئێوە ڕانامێنن؟ (٨١) جا چۆن دەبێ لەو بتانەی - کە ئێوە دەیانپەرستن - ترسم ھەبێ؟ کەچی ئێوە ترسوو نییە و ئەو بتانە بە شەریکی خودا دەزانن و ھیچ بەڵگەیەکی پتەوتان بۆ نەھاتۆتە خوارەوە. ئەگەر ئێوە لە زانین ھیچ بەشتان ھەبا، دەتانزانی لە من و لەنگۆ کامەلامان پتر شیاوی نەترسانە. (٨٢) ئەو کەسانەی بڕوایان بە خودا ھێناوە بڕواکەیان تێکەڵی ناحەقی نەکرد، دڵنیایی بۆ ئەوانە و شارەزای ڕای خودا ئەون. (٨٣) ئەمانە چەند بەڵگەیەک بوون کە دابوومانە ئیبراھیم، کە بەرانبەر بە ھۆزی خۆی ڕابووەستێ. ھەر کەسێ ئێمە حەز بکەین پلەی ڕێزی باڵا دەبەین؛ بێ گومانە پەروەرندەت لەکارزان و ئاگادارە. (٨٤) ئێمە ئیسحاق و یەعقووبمان ھەر بەو بەخشی و ھەموو لامان شارەزای ڕای خۆمان کردوو، لە پێش ئەواندا نووحیشمان بەرەو خۆمان ڕێ نیشاندا و لە ناو زاروزێچی ئەودا داود و سولەیمانیش و ئەییوب و یوسف و مووسا و ھاڕوونمان خستە سەر ڕێگا. ئێمە ئاوا پاداشی باش بە کارچاکان دەدەینەوە. (٨٥) ھەروەھا زەکەرییاش و یەحیا و عیسا، وێڕای ئەلیاس؛ ھەموویان لە مێرخاسان بوون. (٨٦) ئیسماعیل و ئەلیەسەع و یوونس و لووتیش ھەروەھا؛ سەر لەبەریانمان لە خەڵکی سەر زەمینێ، زێدەتر قەدر لێناوە. (٨٧) لە باب و کاڵ و عەولاد و برایانیان، بڕێکیانمان سەرخستن و شارەزای ڕای ڕاسمان کردن؛ (٨٨) ئەم شارەزایی کردنە لە لای خودایە. لە ھەر کەسێ لە عەبدانی مەیلی لێ بێ، بەرەو خۆی ڕێی نیشان دەدا. خۆ ئەگەر شەریکیان بۆ خوا پەیدا کربا، کردەوەیان سەرپاکی بە فێڕۆ دەچوو. (٨٩) ئەوانە کەسانێک بوون کە کتێبی خۆمان پێداون و لە کارزانیمان ڕاھێنان و کردمانن بە پێغەمبەر؛ گەر ئەمانە لێیان بکەونە حاشایە، ئێمە ئەو کارە دەدەینە کۆمەڵێ وا کە بڕوایان پێیان ھەبێ و ھیچگا حاشایان لێ نەکەن. (٩٠) ئەوانە کەسانێک بوون کە خودا ڕێنموونی کردن؛ تۆش ھەر لە شوێن ئەوان بڕۆ! بێژە: خۆ من ھیچ پاداشێکم لێو ناوێ، ئەم قورئانە ھەر تەنیا ئامۆژگارییەکە بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (٩١) ئەو دەمەی وا گوتیان: خودا ھیچ شتێکی بۆ ھیچ کەسێک نەناردووە، وەک پێویستە خوا بناسرێ، نەیانناسی. بێژە: ئەی کێ ئەو کتێبەی ناردووە کە مووسا ھێنای و ڕووناکی و شارەزایی بوو بۆ مەردم؟ کتێبێ کە پەڕەپەڕەی دەکەنەوە و بەشی کەمی نیشانی خەڵکی دەدەن و بەشی زۆری دەشارنەوە! بەو کتێبە شتگەلێکتان پێ فێر کرا کە نە خۆ نە باب و کاڵتان نەو دەزانین. بێژە: ھەرخودا ناردوویە. تۆ ئیتر وازیان لێ بێنە با بە گاڵتە کردنەوە خۆ خەریک کەن. (٩٢) ئەم قورعانەشمان بە خەڵات بۆ تۆ نارد و مەمبارەکە و ئەوانەیشی لە لا ڕاستە کە دەپێشدا ناردراون؛ تا تۆ بە ھۆی ئەم قورئانە خەڵکی مەککە و دەوروبەری بترسێنی و ئەو کەسانەی بڕوایان بە قیامەت ھەیە، دیارە باوەڕی پێ دێنن و ھۆشیان بە نوێژەکانیشیانەوە ھەیە. (٩٣) کێ لەو کەسە ناھەقترە درۆ بە دەم خواوە بکا؟ یا بێژێ من لە خوداوە فەرمانم پێ ڕاگەیەنراوە؛ کە ھەرگیز ھیچ فەرمانیشی لە خواوە بۆ نەھاتووە؛ یان بێژێ منیش لە وێنەی ئەوانەی خودا ناردوویە، دەتوانم بۆتان بنێرم؟ بریا وەختی ئاویلکەدان تۆ ناھەقیکارەکانت بدیبا کە فریشتە لێیان ڕاساوە، کە: گیانوو لە قاڵب دەرخەن؛ وا ئەمڕۆ لە تۆڵەی ئەوە کە درۆتان بە دەم خوداوە ھەڵدەبەست و لە نیشانەکانی خودا حاشاو دەکرد، ئێوە بە سووکایەتییەوە ئازار دەدرێن. (٩٤) ھەر وەک تاک تاکە و بە تەنیا لە پێشوودا، ئێوەمان وەدی ھێناوە، ھەرواش ھاتوونەوە لامان. ھەرچیش ئێمە پێمان دابوون، لە دواتانەوە بەجێ ما. ئەو کەسانەش نابینن کە لاتان وابوو تکاکارن و بە شەریکی خواتان دەزانین. دیارە ئێستا لە یەکتری جیا بوونەوە و چی بە خەیاڵ سازوو دابوو، ھەمووتان لێ بە ھیچێ چوو. (٩٥) خودا دانە و دەنکی میوە دەقەڵێشێ. ھەر ئەویشە زیندوو لە مردوو دەردەخا و مردوو لە زیندوو دەردێنێ. ئەمە خوایە، دەسا ئێوە چۆن [لە ڕێگا] کلا دەکرێن؟ (٩٦) تێکوڵی شەوگار لا دەدا و سپێدە و بۆ دەخاتە ڕوو. شەوی بۆ ئۆقرە گرتن و خۆر و ھەیڤی بۆ ژمارەی ئێوە سازدا. خودای خاوەن دەستەڵاتی زانا ئەم کارەی کردووە. (٩٧) ھەر ئەویشە ئەستێرەی بۆ خستوونە ڕوو؛ تا بەوانە - لە تاریکی بەژ و زریا - ڕێ پەیدا کەن. ئێمە بۆ کەسانێ زانان، نیشانانمان بە ڕوونی شی کردۆتەوە. (٩٨) ھەر ئەویشە ھەموو ئێوەی لە تاقەکەسێک خستەوە؛ لە دوای ئەوە لە شوێنێک کۆی کردنەوە و دای مەزراندوون. بۆ ئەو کەسانەی تێ دەگەن، نیشانانمان بە ڕوونی شی کردۆتەوە. (٩٩) ھەر خۆیەتی لە حەواوە ئاوێکی بۆ ئێوە باراند، ھەموو ڕووەکمان پێ ڕوواند، ھەتا لە سەوزە گیاکەوە دەنک و کەلووی سواری یەک و لە کڵوکی دارخورماوە ھێشووی پڕ و شۆڕەوە بۆ دەگەڵ باغاتێک لە ڕەز و زەیتوون و بنەھەناری ھاووێنە و لە یەک جیامان بەرھەم ھێنا. وەختێ میوەیان پێدەگا سەیری بکەن، کە لەواندا گەلێک نیشانەی خودا ھەن بۆ کەسانێ کە بڕوایان بە خوا ھەیە. (١٠٠) لە جنۆکان شەریکیان بۆ خوا پەیدا کرد؛ کە بۆ خۆی دروستی کردوون. لەو نەزانی کە ھەیانە، خەیاڵ دەکەن دەبێ کۆڕ و کیژی ھەبن. خودا پاک و بەرزترە لەو باسانەی ئەوان دەیکەن. (١٠١) داھێنەری ئاسمانەکان و زەمینە؛ چۆن دەبێ عەولادی ھەبێ؟ کە ھیچ ژنی نەھێناوە و ھەرچی ھەیە ھەموو دەسکردی خۆیەتی و ئاگای لە ھەموو شت ھەیە. (١٠٢) ھەر خودایە ئێوەی پەروەردە کردووە و بەغەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ؛ ھەموو شتیش ئەو کردوویە. لە سەرتانە عەبدایەتی ئەو بکەن و سەرپەرستی ھەموو شت ھەر بە خۆیەتی. (١٠٣) ئەو نایەتە بەر چاوان و ھەموو بینەرێک دەبینێ و کارناسک و ئاگادارە. (١٠٤) ئێوە لە پەروەرندەوڕا چاوی دڵتان پێدراوە. ھەر کەسێکی بە چاوی دڵ شت ببینێ، بە قازانجی تەواو دەبێ. ھەر کەسێکیش چاوی دڵی نابینایە، زیانبارە و من کێشک گری ئێوە نیم. (١٠٥) ئێمە نیشانەکان ئاوا جۆراوجۆر شی دەکەینەوە؛ ھەتا لە ئاکاما نەیژن خوەنەواری! ھەتا ڕوونیشیان کەینەوە بۆ ئەوانەی کە تێدەگەن. (١٠٦) ھەر فەرمانێ لە پەروەرندەوڕا بۆت دێ، پێکی بێنە؛ بە غەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ ناشێ. تۆ وازت لەوانە بێنە شەریک بۆ خوا پەیدا دەکەن. (١٠٧) ئەگەر خودا مەیلی لێ با، شەریکیان پەیدا نەدەکرد. ئێمە تۆمان نەکردۆتە پاسەوان بەسەریانەوە و نەبوویتە ھەمەکارەیان. (١٠٨) قسەی خراپ دەربارەی ئەوانە مەکەن کە داوا [ی یارمەتی] لە غەیرەز خوا دەکەن؛ چونکە ئەوانەی نەزانن، لەوانەیە لەبەر دژایەتی خۆیان، خراپ لە مەڕ خودا بدوێن. ئاکاری ھەر دەستەیەکمان لە بەرچاو ڕازاندوونەوە و لە ئاکامدا ھەر دێنەوە بەر دەستی پەروەرندەیان؛ ئەوسا ئاگاداریان دەکا کە چییان دەکرد. (١٠٩) بە سوێندەوە ڕەش بوونەوە کە بە خودا ھەر تاکە نیشانەیەکیان لە خواوە بۆ بێتە خوارێ، بڕوا دێنن. بووش نیشانان ھەر لای خودان؛ کوو دەزانن؟ [من دەزانم] ئەگەر نیشانەشیان بۆ بێ، باوەڕ ناکەن. (١١٠) ھەر ئەوان جاری یەکەم باوەڕیان بە قورئان نەکرد، [ئێمەش] دڵ و دیدەی ئەوان لە کار دەخەین. ھەر وەک ھەن وازیان لێ دێنین کە ھەر بە نافەرمانییەوە سەرگەردان بن. (١١١) فرشتەشمان بناردایە و مردییەکانیش قسەیان دەگەڵ کردبان و ھەموو شتمان لە ڕووبەڕووی ئەوانەوە خڕ کردباوە، ھێمان باوەڕیان نەدێنا؛ جا مەگین خوا مەیلی لێ با. بەڵام زۆربەیان نەزان بوون. (١١٢) ئێمە بۆ ھەر پێغەمبەرێک دوژمنێکمان - لە نێو شەیتانەکانی بنیادەم و جندۆکە - دانا. ھێندێک لەوان - بۆ فریودان - قسەی ڕازاوە و درۆیان بە ھێندێک تر ڕادەگەیاند. پەروەرندەت ئەگەر حەزی بکردایە، ئەو کارەیان بۆ نەدەکرا. لێیان گەڕێ با ھەر درۆیان ھەڵبەستن. (١١٣) با ئەوانەی بڕوایان بەو دنیا نییە، بە دڵ گوێ بۆ ڕاگرن و پەسندی کەن و ھەر کارێ دەیکەن با بیکەن. (١١٤) ئاخۆ ڕەوایە غەیرەزخوا داوەرێکی پەیدا بکەم؟ ھەر ئەویشە ئەم کتێبەی دوور لە ھەموو کەمایەسی بۆ ئێوە ناردە خوارەوە. ئەوانەی کتێبمان پێدان، سوور دەزانن کە خەڵاتە و لە پەروەرندەی تۆڕایە و گشتی ڕاستە. کە وایە تۆ ھەرگیز لە دوودڵان مەبە. (١١٥) قسەکانی پەروەرندەت - لە بێ لایەنگری و ڕاستیدا - تەواو و بێ کەم و کووڕین؛ کەس ناتوانێ بیانگۆڕێ. زۆر بیسەر و ھەرە زاناش ھەر خۆیەتی. (١١٦) ئەگەر کەوتییە شوێنی قسەی زۆربەی ئەوانە وا لەم سەرزەوینەدان، لە ڕێگەی خودا لات دەدەن؛ چونکە ھەموو بە شوێن خەیاڵدا دەڕۆن و ھەر لە پڕوپووچ خەریکن. (١١٧) پەروەرندەت زۆر لە خۆت باشتر دەزانێ کێن ئەوانەی لە ڕێی خودا لایانداوە و باشتریش لە تۆ دەزانێ کێ ڕێگەی ڕاستی لەبەرە. (١١٨) دەسا ئێوە ئەگەر بڕواو بە خودا ھەیە و نیشانەکانی خوداتان لە لا ڕاستە، لە گۆشتی ئاژەڵێ بخۆن کە دەمی سەر ژێ کردنێ، ناوی خوای لە سەر ھاتووە. (١١٩) بۆچی ئێوە خۆتان لە گۆشتی ئەوانە دەپارێزن کە ناوی خوایان لە سەر دێ؟ کە ھەر خوداش بە تەواوی باسی ئەمانەی بۆ کردوون کە خواردنیان ناڕەوایە، - مەگین لە ڕووی ناچاریەوە - زۆر لەوانە ھەر بە ئارەزووی خۆیان و لە نەزانی، مەردم لە ڕێگە لا دەدەن. خودا خۆی ئاگادارترە لەو کەسانەی لە ئەندازە دەردەکەون. (١٢٠) لە تاوانی بە ئاشکرا و نھێنی خۆ بپارێزن؛ ئەوانەوا خۆیان تووشی تاوان دەکەن، سزای تاوانیان دەبینن. (١٢١) ھەر ئاژەڵێ لە کاتی سەر ژێ کردنێ ناوی خودای لە سەر نەیە، نابێ لە گۆشتەکەی بخۆن؛ ئەمە لە ڕێگە لادانە. شەیتانەکان دنەی دۆستانی خۆدەدەن، تا کێشەتان دەگەڵ بکەن. جا ئەگەر بە گوێیان کردن، بێ گومان شەریکتان بۆ خودا داناوە. (١٢٢) ئاخۆ کەسێ کە مردوو بوو، ئێمە زیندوومان کردەوە و ڕووناکییەکمان خستە پێشی، بە سەربەستی لە ناو خەڵکا بوخلێتەوە، وەک کەسێکە کە لە ناو تاریکیدایە و ھیچ دەرەتانێکی نییە؟ ئەو کەسانەی خوانەناسن کارەکانیان لە بەر چاوی خۆیان جوانە. (١٢٣) ھەر وا تاوانکارانی ھەر کۆمەڵێکمان کردووتە خاوەن دەستەڵات، تا لەوێدا خەڵک فریودەن. لە ڕاستیشا ھەر فێڵ لە خۆیان دەکەن و ھەست پێ ناکەن. (١٢٤) ھەرگا بەڵگەیەکیان بۆ بێ، ئێژن: ئێمەش تا وەک پێغەمبەرانی خوا، ئەو بەڵگانەمان بۆ نەیە، نامانکرێ بڕوا بێنین. خودا خۆی باشتر دەزانێ چ کەسێ بۆ پێغەمبەری ھەڵبژێرێ. زۆری پێ ناچێ ئەوانەی تاوانباربون - لە بەر فێڵبازی و دەغەڵیان - لە لای خواوە سوکی و ئازارێکی دژواریان تووش دەبێ. (١٢٥) ھەر کەسێ خودا حەزبکا، بۆخۆی ڕێگەی نیشان دەداو بۆبڕوا بە ئیسلامەتی دڵی گوشادی دەداتێ. کێش حەزبکا گومڕای بکا، ھێندە نەفەس تەنگی دەکا، وەک بەرەوحەوا سەرکەوێ. خودا ئاوا ئەو کەسانەی بڕوا ناھێنن تووشی ڕسوایی دەکا. (١٢٦) ئەمە ڕێکەڕێگەی پەروەرندەی تۆیە. بۆ ئەوانەی لە نسیحەت بەھرە دەبەن، نیشانانمان بە باشی ڕوونکردۆتەوە. (١٢٧) ئەو کەسانە لە پەروەرندەی خۆیانڕا شوێنەکەیان ئەنوای ھێمنایەتی دەبێ و لە بەرانبەر کارەکەیان دۆستایەتی ئەویان ھەیە. (١٢٨) لەو ڕۆژەدا کە ھەمووان کۆ دەکاتەوە؛ ئەی دەستەوگرۆی جندۆکان! ئێوە زۆرینەی مرۆتان کردبووە پەیڕەوی خۆتان. دۆستەکانیان لە نێوان بەرەی مرۆدا ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! بڕێکمان لە بڕێکی تر بەھرەی برد تا گەییشتینە ئەو مۆڵەتەی کە بۆمانت دیاری کرد. گوتی: دەسا جێگەی ھەتاھەتاییتان جەھەندەمە؛ مەگین خودا - بە کەیفی خۆی - بۆو بگۆڕێ. پەروەرندەت لەکارزان و ئاگادارە. (١٢٩) ئاوەھاینە بڕێک لە ناھەقیکاران - لە سۆنگەی ئاکارێ دەیکەن - دەخەینە ژێر دەستەڵاتی بڕێکتریان. (١٣٠) ئەی گەلی جنۆکە و مرۆ! مەگەر پەیغەمبەرانێکتان ھەر لە خۆتان بۆ نەھاتن، کە لە نیشانەکانی من بە سەر ئێوەدا وەخوێنن و لەم ڕۆژەتان بترسێنن؟ گوتیان: بەڵێ، شایەتی لە خۆمان دەدەین. ژینی دنیا فریوی دان شایەتیان لە سەر خۆیان دا، کە خودایان نەناسیوە. (١٣١) بۆیە ئەمەمان ڕاگەیاند کە بزانن پەروەرندەت لە ناھەقی ھیچ شارێکی قڕ نەکردووە و خەڵکەکەی بێ ئاگا بووبێ. (١٣٢) بۆ ھەر کەسێ - بەرانبەر بە ئاکاری خۆی - پلەوپایەگەلێک ھەیە و پەروەرێنت لەوەی دەیکەن خافڵ نییە. (١٣٣) پەروەرندەت بێ نیاز و دلۆڤانە. ئەگەر خۆی ئارەزوو بکا، ناتانھێڵێ و حەزێ بکا، لە پاش ئێوە چینێکی تر لە شوێنی ئێوە دادەنێ؛ ھەروەک ئێوەی لە تۆرەمەی کەسانی تر خستۆتەوە. (١٣٤) ھەر بڕیارێ بۆتان درا، شک نییە ھەر ئەوە دەبێ و بەسەروو دێ و ناتوانن خوا بێ ھێز و دەستەڵات بکەن. (١٣٥) بێژە: گەلۆ! ھەرچی لە دەستی ئێوە دێ، درێغ مەکەن؛ وا منیش ھەروا خەریکی کاری خۆمم. لە ئاکامدا تێ دەگەن کە ئەنجامی [باشی] ئەو دنیا بۆ کێ دەبێ. ھەر چۆنێک بێ، خوا ناھەقان ڕزگار ناکا. (١٣٦) لە [بەروبووی ئەو] کێڵگە و وڵساتەی کە خودا بەدی ھێناوە، بەشێکیان بۆ خۆی دانا. جا بە خەیاڵ گوتیان: ئەمە بەشی خوایە و ئەمەش ھی بتەکانمانە. خۆ بەھرەی بتەکانیشیان، نەدەکەوتە لای بەھرەی خوا؛ بەڵام بەھرەی خوا دەچووە لای بتەکانیان! ناشیرین داوەری دەکەن. (١٣٧) بتەوانانی شەریک دانەر بۆ خودا، وایانکرد کە زۆرێک لە ھاوبیرەکانیان، کوشتنی فرزەندی خۆیان بەلاوە جوان و ڕەوا بێ؛ تاکوو لە بەینیان ببەن و دینەکەیان لێ تێکەڵ و پێکەڵ بکەن. ئەگەر خودا کەیفی لێ با، ئەوان ئاوایان نەدەکرد. لێیان گەڕێ ھەر بوختانێ دەیکەن بیکەن. (١٣٨) ھەر بە خەیاڵ دەیانگوت کە: ئەم ماڵات و کێڵگە قاخەن. بێ ئیزنی مە ھیچکەس نابێ تامیان بکا. ئەم ماڵاتەش کەس نابێ سواری پشتیان بێ. ھێندێک ماڵاتیشیان ھەیە، لە وەختی سەر ژێ کردندا ناوی خوای لەسەر ناھێنن و درۆ بە دەم خواوە دەکەن. خودا لەسەر ئەو درۆ ھەڵبەستنەیان تووشی جەزرەبەیان دەکا. (١٣٩) دەشیانگوت کە: چی لە پژدانی ئەو ئاژەڵانەدایە، بۆ نێرینەی فرزەندی ئێمە ڕەوایە و بۆ ژنانمان ناڕەوایە! ئەگەر مردارەوەبووش بێ، ھەمووان تێدا شەریک دەبن. بەم زووانە خوا سزای ئەم قسانەیان دەداتەوە. خودا ھەر خۆی لەکارزان و زۆر دانایە. (١٤٠) ئەو کەسانە - وا لەبەر گەوجی و نەزانی - فرزەندانی خۆیانیان کوشت، زیانبار بوون و بە بوختان کردن بۆ خوا، ئەو بژیوەی کە پێدا بوون، حەرامیان کرد؛ دیارە ڕێیان لێ تێک چووە و شارەزا نین. (١٤١) ھەر ئەویشە باغاتی وەدی ھێناوە. ھێندێک داربەستیان گەرەکە و ھێندێکیان داربەستی ناوێ. داری خورما و مەزرا و کێڵگەی بەدی ھێنا، کە لە خواردنا لێک جیان. زەیتوون و دارھەناریشی چێ کردووە؛ کە بە ڕواڵەت وەک یەک و لە تام و ڕەنگا جیاوازن. ھەرگا میوەیان پێ دەگا، لێی بخۆن و لە ڕۆژی میوەچنیندا، بەشی خوداش جوێ کەنەوە بۆ ھەژاران. کارێک مەکەن کە لە ئەندازە بەدەر بێ؛ خودا ئەوانەی خۆش ناوێ کە لە ئەندازە دەردەچن. (١٤٢) لە ماڵاتیش بڕێکی بۆ بارلێنان و بڕێکی بۆ کوڵکە و خوری، بەدی ھێنا. لەوەی وا خودا کردوویەتە ڕۆزی بۆتان، بخۆن و ڕێ و شوێنی شەیتان مەگرنەبەر؛ چونکە شەیتان بە ئاشکرا دوژمنتانە. (١٤٣) ھەشت سەر ماڵاتی نێر و مێ چێ کردووە: مەڕ و بەران، نێری و بزن. بێژە: ئاخۆ خوا نێرینەکانی حەرام کردووە؟ یان مێوینەکان؟ یان ئەوی وا لە پزدانی مێیەکاندا؟ ! بەڵگەم نیشان دەن، ئەگەر ئێوە ڕاس ئێژن! (١٤٤) [چواری دیکەش بریەتین لە: ] لۆک و سایە و چێڵ و مانگا. بێژە: ئاخۆ خوا نێرینەکانی حەرام کردووە؟ یان مێوینەکان؟ یان ئەوی وا لە پزدانی مێیەکاندا؟ یان بۆ خۆتان ئاگادار بوون کە خودا وای ڕاسپاردوون؟ سا کێ لەوە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستێ؛ کە بێ ئەوەی بۆ خۆی زانستێکی ھەبێ، تێ بکۆشێ خەڵکی دیکەش گومڕا بکا؟ خودا دەستەی ستەمکاران شارەزای ڕێگەی خۆی ناکا. (١٤٥) بێژە: لە ناو ئەوانەدا کە وا پێم ڕاگەیێنراوە، شتێکی وا پەیدا ناکەم کە خواردنی لە کەسێک حەرام کرابێ، بێژگە لە مردارەوەبوویان خوێنی ڕژێنداراو یان گۆشتی بەراز - کە پیسە - یان ئاژەڵێ کە بە ناوی غەیرەز خودا سەر بڕاوە. ھەر کەسێکیش - بە ناچاری بە بێ مەیلی - لەو ناڕەوایانە بخوا و لە ئەندازەی تێربوونی خۆی پتر نەخوا، بێگومان خوا بەخشەندەیە و دلۆڤانە. (١٤٦) ئێمە ھەموو زیندەوەری ناخۆن دار و پیوی گا و پەزمان، لەوانەی بوونە مووسایی، حەرام کرد؛ مەگین پیوێ کە لە سەر پشتی ئەو دووانە جێی گرتووە؛ یان ئەو پیوەی دەگەڵ ڕیخۆڵەکانیانە؛ یان ئەو پیوەی تێکەڵاوی پێشە بووە. بۆیەشمان ئەو سزایە دان، ناھەق بوون و لە ڕێگەی ئێمە دەردەچوون. دیاریشە ئێمە ڕاست ئێژین. (١٤٧) ئەگەر وتیان: تۆ ئەم قسانەت ڕاست نییە، بێژە: پەروەرندەی ئێوە خێوی دلۆڤانیێکی بەربڵاوە و تاوانباریش لە سزای لانادرێن. (١٤٨) ئەو کەسانەی شەریک بۆ خودا دەناسن، ئێژن: خودا مەیلی لێ با، ئێمە و باب و باپیرانمان، بت پەرستیمان نەدەکرد؛ ھیچ شتیشمان لە خۆمان حەرام نەدەکرد. ئەوی بەرلەوانیش ھەبوون، ھەر بڕوایان بە پێغەمبەران نەھێنا، تا ئەو کاتەی کە جەزرەبەی ئێمەیان چەشت. بێژە: ئەگەر لە زانین شتێک شک دەبەن، بۆمان دەرخەن! بەڵام ئێوە ھەر وەشوێن گومان دەکەون و ھەر لەخۆوە قسە دەکەن. (١٤٩) بێژە: بەڵگەی بە قەوەت ھەر ھی خودایە؛ ئەگەر بۆ خۆی مەیلی لێ با ھەمووتانی دەخستە سەر ڕاستەڕێیە. (١٥٠) بێژە ئەو شایەتانەتان بێنن وا شایەتی دەدەن: خوا ئەمەی حەرام کردووە. ئەگەر ئەو شایەتییەشیان دا، تۆ وەلیان شایەتی مەدە و مەچۆرە سەر ئارەزووی ئەو کەسانەی وا بە نیشانەکانی ئێمە بێ بڕوان و قیامەتیان لە لا درۆیە و ھاوتا بۆ پەروەرندەیان پەیدا دەکەن. (١٥١) بێژە: وەرن ئەو شتانەی پەروەرندەو لێی بە ناڕەوا زانیون، من بۆتانی بخوێنمەوە، کە ھیچ شتێک بە شەریکی خوا مەزانن. دەگەڵ دای و بابی خۆشتان چاکە بکەن. لە ترسی لە برسان مردن، فرزەندی خۆتان مەکوژن؛ ئێمە بژیو بە ئێوە و بەوانیش دەدەین. بە ئاشکرا و بە نھێنی خۆ تووشی خراپە مەکەن. کەسیش مەکوژن کە خودا کوشتنی حەرام کردووە؛ مەگین لە ڕووی ھەقەوە بێ. خوا ئەمانەی بە ئێوە ڕاسپاردووە، شایەتا ئێوە تێ بگەن. (١٥٢) مەچنە قەرەی ماڵ و دارایی ھەتیوان؛ مەگین بە چەشنێ کە باشتر [بپارێزرێ]؛ تا کاتێ کە خۆی پێ دەگا. با پێوانە و تەرازووشتان بەرامبەر بێ و کەم وکووڕی تێدا نەبێ. ئێمە لە توانایی بەدەر ھیچ ئەرکێ ناخەینە سەر کەس. کاتێ [بۆ ناوبژی یان بۆ شایەتی دان] قسە دەکەن، عەداڵەتتان لەبەر چاو بێ؛ جا با دژی خزمی نزیکی خۆشتان بێ. پەیمانی خواش - بە تەواوی - بە جێ بێنن. خوا ئەمانەی بە ئێوە ڕاسپاردووە، شایەتا ھەر لە بیرتان بێ. (١٥٣) ئەمەیە ڕێگەی ڕاستی من؛ ئێوە ھەر بەو ڕێگا بچن و مەچنە سەر ڕێگایانی تر، نەوا لە ڕێگای ئەو دوورتان بخەنەوە. خوا ئەوانەی بە ئێوە ڕاسپاردووە، بەشکوو خۆتان بپارێزن. (١٥٤) کتێبیشمان دا بە مووسا، ھەتا چاکەمان بەرانبەر بەو کەسە وا ڕێگای چاکەی گرتۆتە پێش، بێ کەم و کوڕی و تەواو بێ؛ تا باسی ھەموو شتێکیشمان کردبێ و ببێتە ھۆی ڕێ شاندان و بەزەیی خوا. شایەتا بە دیداری پەروەرندەیان بڕوا بکەن. (١٥٥) ئەم کتێبە پیرۆز و پڕ لە پیتەشمان ناردۆتە خوار. گشتوو پەیڕەوی لەو بکەن و ترسیشتان لە خودا ھەبێ، بەشکوو بەزەیی پێودا بێ. (١٥٦) نەچن بێژن کتێب ھەر بۆ دوو کۆمەڵی بەر لە ئێمە ھاتۆتە خوارەوە و ئێمە ھیچ ئاگامان لە زانستی ئەوان نەبووە. (١٥٧) یاخۆ بێژن: ئەگەر ئێمەش وەکوو ئەوان کتێبمان بۆ بھاتایە، دیارە شارەزاییمان پتر لەوان بوو. ئەوا ئێستا لە لایەن پەروەرندەوڕا بەڵگەیەکی زۆر ئاشکرا و شارەزایی و بەزەییتان بۆ ھاتووە. ئەمجار دەبێ کێ لەو کەسە ناھەقتر بێ کە بە نیشانەکانی خوا بڕوا نەکا و لە فەرمانی خۆ ببوێرێ؟ ئەو کەسانەی لەم کتێبە خۆ دەبوێرن و بە نیشانەکانی ئێمە باوەڕ ناکەن، زۆر پێ ناچێ بە توندی سزایان دەدەین. (١٥٨) ئاخۆ ئەوان چاوەنۆڕی چ شتێک دەکەن بێژگە ئەوە کە فریشتەیان بێتە لا، یان پەروەرێنی تۆ [بۆ خۆی] بێتە لایان، یان بڕێ لە نیشانانی پەروەرندەی تۆیان بۆ بێ؟ ئەوێ ڕۆژێ کە ئەم جۆرە نیشانانە بێتە لایان، ھەر کەسێکی بەرێ بڕوای نەھێنا بێ و ئاکاری چاکی نەبوو بێ، بڕواھێنان تازە بەھرەیان بۆ نادا. بێژە: ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا ئێمەش چاوەنۆڕین. (١٥٩) ئەو کەسانەی دینەکەیان پەرژوبڵاو کردۆتەوە و دەستەی لێکتر جیاوازیان پێک ھێناوە، پێویستە تۆ لەوان نەبی. خودا بە کاریان ڕادەگا و لە دواییدا ئاگاداریان دەکاتەوە لەو کردەوەی کردوویانە. (١٦٠) ھەر کەسێ چاکەیەک بکا، دە ئەوەندەی چاکە دەگەڵ دەکرێتەوە. کەسێکیش خراپە بکا، بە ئەندازەی خراپەکەی سزادەدرێ و کەس ناھەقی لێ ناکرێ. (١٦١) تۆ بێژە: پەروەرندەی من، خستوومیە سەر ڕاستەڕێگە؛ سەر دینێ کە پایەدارە: دینی ئەو ئیبراھیمە وا لە ناحەق لایداوە و ھەرگیز ھیچ شەریکێکی بۆ خوا بڕیار نەداوە. (١٦٢) بێژە: من نمێژکردنم و پێک ھێنانی ڕێ و شوێنی حەج کردنم و ژین و مەرگم، بۆ خودایە؛ کە ڕاھێنەری دنیایە ھەر خۆیەتی. (١٦٣) خودا ھیچ شەریکی نییە. فەرمان وا بە من دراوە و من لەڕێزەی موسوڵمانان یەکەمینم. (١٦٤) بێژە: جاچۆن لە خوا بەدەر کەسێکی تر بە پەروەرندە بزانم؟ کە ھەر ئەوە ڕاھێنەری ھەموو شتێ. ھەر کەسێکیش ھەر کارێکی خراپ بکا، ھەر بۆ خۆی سزای دەبینێ. ھیچ کەس باری گرانی ھیچ کەسێکی تر ناگرێتە کۆڵ. جێی گەڕانەوەی ھەمووتان وا لای پەروەرندەتانە و ئەوسا ئاگادارتان دەکا کە لەسەر چی پێکەوە پێک نەدەھاتن. (١٦٥) ھەر بۆ خۆشی ئێوەی کردە جێنشینانی زەوین و ھێندێکانی بەرانبەر بە ھێندێکی تر، چەن پلە بردە سەرەوە تا لەو شتانەی پێی داون بە تاقیتان بکاتەوە. پەروەرندەت بە پەلە تۆڵە دەستێنێ و ھەر ئەویشە کە لە گوناھان دەبوورێ و دلۆڤانە. ++++++++++++++++++++++