شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: موجادیلە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) خودا قسەی ئەو ژنەی بیست کە سەبارەت بە مێردەکەی دەگەڵ تۆ کێشەی دەکرد و گازندەی لای خودا دەکرد. خودا دەیبیست کە ئێوە وتووێژتان بوو؛ خوداش بیسەر و بینایە. (٢) ئەو کەسانەی لە ناو ئێوە، بە پیرەکی خۆیان ئێژن: «تۆ دایکمی»؛ ژنەکان نابن بە داکیان؛ ھەر ئەو ژنانە داکیانن کە دیویانن؛ ئەوان قسەی خراپ دەکەن و بوختانە ھەڵی دەبەستن. خودا لە گونا دەبوورێ و خەتاپۆشە. (٣) جا ئەوانەی بە ھاوجووتی خۆیان ئێژن «تۆ دایکمی» و پاشی پەشیمان دەبنەوە، بەر لەوەی پێکەوە بنوون، ئەشێ کۆلەیەک ئازاد کەن. خوا واو ئامۆژگاری دەکا. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٤) ھەرکێ نەیبوو، با دوو مانگی یەک لەدوو یەک، بەڕۆژوو بێ؛ بەر لەوە بگەن بە یەکتر. کەسێ ئەمەشی نەتوانی، خۆراک بە شێست ھەژار بدا. ئەمە بۆیە کە باوەڕتان بە خوا و پێغەمبەری ھەبێ و ئەمە سنووری خودایە. بۆ ئەوانەش کە خودایان نەناسیوە، ئازارێکی بەژان ھەیە. (٥) ئەو کەسانەی دژایەتی خودا و پێغەمبەری دەکەن، دوچاری ناچاری دەبن؛ وەک ئەوانەی بەر لەوان قەرەبەخت بوون. ئێمە گەلێک نیشانەی زۆر ئاشکرامان ناردۆتە خوار، ئەوی بڕوایان پێ ناکا، بەشیان جەزرەبە دانێکی ئاوڕووبەرە. (٦) ئەوێ ڕۆژێ کە خوا - تێکڕا - ھەمووان زیندوو دەکاتەوە، پێیان ئێژێ چییان کردووە؛ خوا کردەیانی ژماردووە و بۆ خۆیان لە بیریان چووە. خوا لە ھەر شت ئاگادارە. (٧) ئاخۆ ئەتۆ نەتزانیوە کە ھەر شتێ لە عاسمانان و زەوی بێ، خوا دەیزانێ؟ ھەتا سێ کەس بە یەکەوە چپە بکەن، دیارە ئەو چوارەمینیانە و پێنج بن ئەو شەشەمینیانە و کەمتر بن و زێدەتر بن، لە ھەر کوێ بن، ئەو ھەمیشە دەگەڵیانە و پاشان لە ڕۆژی قیامەتێ، پێیان ئێژێ چەیان دەکرد. خودا ھەموو شت دەزانێ. (٨) ئەی تۆ ئەوانەت نەدیوە، پێیان وترا: چپە مەکەن؛ ئەو کارەی کە وتیان مەیکەن، ھەر دەیکەن و لە ناڕەوا چپەیانە و گونا و سەرپێچی دەکەن و لە قسەی پێغەمبەر دەر دەچن؟ خۆ ئەگەر تووشی تۆش دەبن، ئەو سەلامەی لە تۆی دەکەن، لەو سەلامە جیاوازە کە خودا لە تۆی کردووە. لەپاڵ خۆیانیشدا ئێژن: دەی بۆ لە سەر ئەم وتەیە خودا جەزرەبەمان نادا؟ دەچنە جەھەندەم بەسیانە و سەرەنجامیان زۆر خراپە. (٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا ئێوە چپەتان کرد، بۆ گوناھ و دەسدرێژی و نافەرمانی لە پێغەمبەر سرتە مەکەن؛ چپەکەشتان بۆ چاکی و خۆپارێزی بێ و لەو خودایە ترسوو ھەبێ کە ھەمووتان لە لای ئەو کۆ دەکرێنەوە. (١٠) سرتە لە شەیتانەوەیە، ھەتا خاوەن باوەڕانی پێ خەمگین کا؛ ھەرچەند بەبێ ئیزنی خودا، ھیچ زیانێکیان لێ نادا. با ھەرکێ خاوەن باوەڕن، خۆیان بە خودا بسپێرن. (١١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا لە کۆڕ پێان وتن: جێگەوە کەن، جێگەوە کەن! ھەتا خوداش جێگەی ئێوە بکاتەوە. گەر گوتیشیان: ڕاستەوە بن، ڕاستەوە بن! خودا ئەوانەی لەنگۆ باوەڕیان ھێناوە و ئەو کەسانەش کە لە زانیاری بەشدارن، بە چەند پلە بەرزتریان دەکاتەوە و ھەر کارێکی ئێوە بیکەن، خوا دەیزانێ. (١٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا ویستوو سرتە وەل پێغەمبەر بکەن، بەرلە سرتە کردنەکە خێرێک بکەن. ئەمە بۆ ئێوە خاستر و پاکژترە. گەر نەشتانبوو، ئەوا خودا لێو دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٣) ئاخۆ لەبەرتان گران ھات بەرلە سرتە خێرێ بکەن؟ ئەگەر ئەمەشتان نەکرد و خودا لەمە عافووی کردن، دەسا ئێوە نوێژ بکەن و زەکات بدەن و بەر فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بن. خوا لە ھەموو کردەوەتان ئاگادارە. (١٤) ئاخۆ تۆ ئەوانەت نەدیت کە بوونە دۆستی ئەوانەی خودا غەزەبی لێ گرتوون؟ لە ئێوە نین؛ لەوانیش نین؛ بە درۆ سوێند بە خودا دەخۆن و دەشزانن کە درۆ دەکەن. (١٥) خودا ئازاری بەژانی بۆ ئەمانە سازکردووە و کارەکەیان زۆر خراپە. (١٦) سوێندیان کردبووە مەتاڵێک بۆ خۆیان و بوونە لەمپەری ڕێی خودا؛ سا بۆیان ئازارێکی ئابڕووبەر ھەیە. (١٧) نە سامان، نە ڕۆڵەکانیان - لە بەرامبەری خوداوە - ناتوانن ھیچیان بۆ بکەن؛ ئەوانە جەھەندەمین و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن. (١٨) ڕۆژێ کە خودا گشتیان زیندوو دەکاتەوە، ئەو جار سوێندێ بۆ ئەو دەخۆن، وەکوو بۆ ئێوە سوێند ئەخۆن؛ لاشیان وایە شتێکیان دە باراندایە. باش بزانن کە ئەمانە درۆزنن. (١٩) شەیتان لەسەریان زاڵ بووە و یادی خودای لە بیر بردوون؛ ئەوان کۆمەڵەی شەیتانن. باش بزانن کە ھەر کۆمەڵەکەی شەیتان زیانبارن. (٢٠) ئەو کەسانەی دژایەتی خودا و پێغەمبەرەکەی دەکەن، لە ھەموو کەس زەبوونترن. (٢١) خودا خۆی بڕیاری داوە: بێ گومانە من و پێغەمبەرەکانم سەردەکەوین. خوا توانای بەدەستەڵاتە. (٢٢) تۆ نابینی ئەوانەی باوەڕیان ھەیە بە خودا و بە ڕۆژی سەڵا، نابێ ھەرگیز ببنە دۆستی ئەو کەسانەی پێچەوانەی خودا و پێغەمبەری خودان. تەنانەت ئەگەر باوکیشیان، یان فرزەندیان، یان برایان، یان لە ھۆزەکەی خۆیان بن؛ کە ئەمانە خودا بڕوای لە دڵیان جێگیر کردووە و بە ھێزێکی تایبەتی خۆی یاری کردوون؛ دەیان نێرێتە باغاتێک جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبن؛ خودایان لێ ڕازی بووە و ئەوانیش لە خودا ڕازین. ئەوانە کۆمەڵەی خودان؛ باش بزانن ھەر کۆمەڵەی خوا ڕزگارن. ++++++++++++++++++++++