شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: حەدید وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ھەرچی ھەیە لە عاسمانەکان و زەمین، گشتی پەسنی خودا دەدەن؛ ئەویش خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢) ئەم عاسمانانە و زەمینە ھەموو بەرفەرمانی ئەون. زیندوو دەکا و دەشمرێنێ و لەسەر ھەموو شت توانایە. (٣) پێشوو ئەوە و، دوایی ئەوە و، لەبەر چاوە و نادیارە و، لە ھەموو شت ئاگادارە. (٤) ئەم گش عاسمانان و ھەردەی بە شەش ڕۆژان وەدی ھێنا و لەپاش ئەوە، لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی دامەزرا. ھەرچی بە زەویدا ڕۆچێ و ھەرچی لێی وەدەر بکەوێ و ھەرچی لە عاسمان دێتە خوار، ھەرچی پیا سەر دەکەوێ، ئەو دەیزانێ و لە ھەر کوێ بن، دەگەڵتانە و خوا کردەوەتان دەبینێ. (٥) لە عاسمانان و زەمیندا دەستەڵات ھەر بەدەست ئەوە و ھەموو کارێک دەبرێنەوە بۆ لای خودا. (٦) شەو دە ڕۆژێ ھەڵدەکێشێ و ڕۆژێ دەناو شەو ڕادەکا و لە نھێنی ھەموو دڵان ئاگادارە. (٧) بڕوا بێنن بە خودا و پێغەمبەری خوا و لەو ماڵەی بۆی ھێشتوونەوە، لە ڕای خودا بەخت بکەن. ئەو کەسانەی لە ئێوە، خاوەن باوەڕن و ماڵ لە ڕای خودا دەبەخشن، پاداشی مەزنیان ھەیە. (٨) ئەدی چیتانە باوەڕی ناکەن بە خوا؟ کە چی پێغەمبەریش داواتان لێ دەکا، تا بە پەروەرندەی خۆتان بڕوا بێنن. ئەگەر باوەڕیتان ھەبێ، ئێوە پەیمانوو پێداوە. (٩) ھەر ئەویشە چەند نیشانەی دیاری دەرەی بۆ سەر عەبدی خۆی ناردە خوار، تا لە تاریکی دەروو خا و بەرەو ڕووناکیتان بەرێ. کە خوا سەبارەت بە ئێوە دڵسۆزێکی دلۆڤانە. (١٠) دەی چیتانە ماڵی خۆتان لەڕای خودا بەخت ناکەن؟ کە ھەر شتێک لە ئاسمانان و زەویدان، ھەر بۆ خودا دەمێننەوە. ئەو کەسانەی لەپێش گرتنی مەککەدا ماڵی خۆیان بەخت کرد و دەگژ نەیارەکانڕا چوون، پایەی ھەرە بەرزیان ھەیە؛ دەگەڵ ئەو کەسە وەک یەک نین کە لە پاشان ماڵی خۆی بەخت کردووە و دەگژ دوژمنانڕا چووە. کە ھەمووشیان خودا بەڵێنی پێ داون چاکەیان دەربارە دەکا. خودا لە ھەر کارێ دەیکەن، ئاگادارە. (١١) کێی وا ھەیە وامێ ڕەوا بدا بە خوا تا چەند قاتی بداتەوە و پاداشی باشیشی ھەبێ؟ (١٢) ڕۆژێک دێ کە تۆ دەبینی مێروژنی خاوەن باوەڕ، تیشک دانەوەی کردەیان پێش کەوتووە و لەلای ڕاستیانەوە دەڕوا. خۆشی لە خۆتان ئەمڕۆکە دەچنە ناو باغاتێکەوە جۆباریان بەبەردا دەڕوا و ھەروھەر، ھەر تیا دەبن. ئەمەیە بەھرەی زۆر گرینگ. (١٣) ئەوێ ڕۆژێ دوڕازەکانی مێروژن، وە خاوەن باوەڕان ئێژن: ئێوە لامان لێ بکەنەوە تا ترووسکێک لە ڕووناکیتان وەرگرین. پێیان ئێژن: بەرەو دوای خۆتان وەگەڕێن، لەوێ ڕووناکی پەیدا کەن. ئیتر ئەوسا شوورەیەکیان لە نێوان دەبێتە لەمپەر، درگای ھەیە؛ لە ژوورەوەی بەزەوییە و لە دەرەوەی جەزرەبەیە. (١٤) بانگیان دەکەن: ئاخۆ ئێمەش ھەر دەگەڵ ئێوەدا نەبووین؟ ئێژن: ئارێ؛ بەڵام ئێوە خۆتان تووشی بەڵا کرد و چاوەنۆڕ بوون و دوودڵی لێو نەگەڕا و بە ئارەزوو فریوتان خوارد؛ ھەتا فەرمانی خودا ھات؛ شەیتان ئێوەی بە خودا بادی ھەوا کرد. (١٥) ئیتر ئەمڕۆ نە لە ئێوە و نە لەوانەی خوانەناس بوون سەرانە وەرناگیرێ. جێو ئاگرە و ھەر ئەویشتان پێ ڕەوایە و چارەنووستان زۆر خراپە. (١٦) بۆ کەسانێ خاوەن باوەڕ، ئاخۆ ئەو دەمە نەگەیوە کە دڵیان بۆ یادی خودا و بۆ ئەو ڕاستەی ناردوویەتی بکورکێنێ و بەدەردی ئەوانە نەچن کە دە پێشدا ئێمە کتێبمان دابوونێ و ئەوسا لەپاش ماوەیەکی زۆر، تووشی دڵڕەقی ھاتن و زۆربەیان لە ڕێ لایان دا؟ (١٧) ئەوە بزانن، کە خودایە زەمین زیندوو دەکاتەوە، پاش مردنی. زۆر نیشانەی ئاشکرامان بۆ ئێوە ڕوون کردۆتەوە، بەشکەمی ئێوە تێ بگەن. (١٨) بێ سۆ پیاوان و ژنانی خێرومەند و ئەوانەش کە وامی ڕەوا دەدەن بە خوا، چەند قاتیان پێ دەگاتەوە و پاداشی باشیشیان دەبێ. (١٩) ئەو کەسانەی بە خوا و پێغەمبەرەکانی باوەڕ دەکەن، لە ڕاستی لایان نەداوە. ئەو کەسانەش کە لە ڕای خودا کوژراون، وان لای پەروەرندەیان و پاداشی خۆیان پێ دەگا و ڕۆشناکی خۆیان ھەیە. ئەوانەش کە ناسپاسن و بە نیشانەکانی ئێمە باوەڕ ناکەن، ئەوان یارانی ئاگرن. (٢٠) بزانن، ژی لە دنیایە ھەر گەمە و بادی ھەوایە و بۆ خۆ بە جوان نیشان دان و خۆ لەسەر یەکترڕانان و فرە بوونی عەولاد و داراییتانە و وەک چناوێک بە ھۆی بارانەوە شین بووە و وەرزێری پێ خەنی بووە و بەرەبەرە وشک دەبێ و دەبینی زەرد ھەڵگەڕاوە و لە دواییدا بۆتە کاوکۆتی بەر با. لەو لاش ئازاری دژواروو لێ خۆش بوون و ڕەزامەندی خودا ھەیە. ژینی دنیا ھەر مایەی خەڵەتاندنە و چی تر نییە. (٢١) ڕکە بکەن بۆ بەخشینی پەروەرندە و ئەو بەھەشتەش کە پانایی، بە پانایی ئەم عەزمان و زەمینەیە و بۆ ئەوانە ئامادەیە کە باوەڕیان بە خودا و پێغەمبەرانی خودا ھەیە. ئەم چاکەیە لە خواوەیە و دەربارەی کەسێکی دەکا کە بۆ خۆی مەیلی لەسەر بێ. چاکەی خودا زۆر گەورەیە. (٢٢) ھەر بەڵایەک ڕوو دەدا لەم سەرزەمینە و ھەر بەڵایەک کە بەسەر خودی خۆتان دێ - بەر لەوەی وەدی بھێنین - لە دەفتەرێکدا نووسراوە و ئەمە لای خودا ھاسانە. (٢٣) ھەتا ئێوە بۆ شتێ لە دەستوو دەچێ، خەم نەخۆن و بە دەسکەوتوو دڵخۆش نەبن. خوا ھەر ئەوانەی خۆش ناوێ کە بە فیزن و شانازی بە خۆیان دەکەن: (٢٤) ئەوانەی ڕژدی دەکەن و خەڵکیش بۆ ڕژدی ھان دەدەن. ھەر کەسیش لاساری دەکا، خودا ئەوسا بێ نیازە و ھەر شیاوی تاریف کردنە. (٢٥) ئێمە پێغەمبەرانمان نارد بە چەند بەڵگەی ئاشکراوە و وێڕای ئەوان، کتێب و ھۆی ھەڵسەنگاندنمان ناردە خوار؛ ھەتا خەڵک بێ جیاوازی لەناو یەکا ڕەفتار بکەن. ئاسنیشمان ناردۆتە خوار، کە ھێزی بڕشتی زۆرە و زۆر بەھرەی بۆ مەردم تێدا و؛ تا خودا بۆ خۆی بزانێ کێ لە نەدیار دێتە یاری خۆی و پێغەمبەرەکانی. دیارە خودا خاوەن ھێز و دەستەڵاتە. (٢٦) ئێمە نووح و ئیبڕاھیمیشمان بەڕێ کرد؛ پلەی پێغەمبەرایەتی و کتێبیشمان دابوو بە نەتەوەکەیان. شارەزایان لێ ھەڵکەوت و لەڕێ لادەریشیان زۆر بوون. (٢٧) لەپاشان بەشوێن ئەواندا گەلێک پێغەمبەرمان ناردن؛ دوای ئەوانیش عیسای کوڕی مریەمن نارد و ئینجیلمان پێ خەڵات کرد. دلۆڤانی و بەزەییشمان خستە دڵی پەیڕەوانی؛ ئەو ڕەبەنیەش کە ھەیانە ئێمە بۆمان نەنووسیون، بۆ خۆیان دایان ھێناوە. ئەم کارەشیان بۆ ڕەزامەندی خودا بوو؛ بۆشیان نەکرا وەک پێویستە پێکی بێنن. جا ئەوانەی لەواندا خاوەن باوەڕ بوون، پاداشی خۆیانمان دانێ؛ زۆربەشیان لە ڕێ لادەر بوون. (٢٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ترسوو لە خودا ھەبێ و بڕوا بە پێغەمبەری ئەو بێنن. خوا دوو سەرە چاکەتان دەربارە دەکا و تیرێژێکتان وەپێش دەخا؛ بە ھۆی ئەو بەڕێدا بڕۆن و لە گوناھانوو دەبوورێ و ھەر ئەویشە خەتاپۆش و دلۆڤانە. (٢٩) ئەھلی کتێب وا نەزانن لەو چاکەی لای خودا ھەیە، ئەوان ھیچ شتیان بەدەستە. چاکە ھەمووی لای خودایە و ھەر کەسێ خۆی مەیلی لێ بێ بە چاکە دەخوێنێتەوە و ئەو چاکەی کە لە لای خودایە، زۆر ھێژایە. ++++++++++++++++++++++