شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ڕەحمان وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) خوای دڵاوا، (٢) ئەم قورئانەی دەرس داوە. (٣) مرۆی ئافراند؛ (٤) لە ئاخافتنی تێگەیاند. (٥) خۆر و ھەیڤیش - بە ئەندازە - دێن و دەچن. (٦) گیا وردیلە و بە ساقەتەش سوژدە دەبەن. (٧) عەزمانی بەرز کردەوە و تەرازووی دامەزراندووە؛ (٨) کە لە ئەندازە دەر نەچن. (٩) کێشانەتان بەرانبەر بێ و نەکا تەرازووتان سەر کا. (١٠) ئەم ھەردەمان بۆ مەردم وەدی ھێناوە. (١١) میوەی تێدا و دارە خورمای خاوەن پشکۆژ. (١٢) دەندکی لەناو کەلوودا و شینکەی بۆن خۆش. (١٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (١٤) مرۆی لە حەڕی زوھا بووی چەشنی سواڵەت، وەدی ھێنا. (١٥) جنۆکەشی لە بڵێسەی بێ دووکەڵ وەدی ھێناوە. (١٦) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (١٧) ھەرد و شوێنی خۆرھەڵات و خۆرنشینی ڕاھێناوە. (١٨) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (١٩) جەمسەری دوو دەریایانی گەیاندە یەک. (٢٠) بەرزەکێکیان لەنێواندا کە بەسەر یەکتردا نایەن. (٢١) دەیسا ئێوە لەکام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٢٢) لە ھەردووکان مراری و مەرجان دەر دەچن. (٢٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٢٤) گەڕۆکانی بە بادەوەی چیا ئاسا - لە دەریادا - کاری ئەوە. (٢٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٢٦) ھەرکێ ژینی لەسەر زەمینە، نامێنێ. (٢٧) ھەر خودانی خاوەن شکۆی بەرز و بەڕێزت دەمێنێ. (٢٨) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٢٩) ھەرکێ لە ناو ئاسمانەکان و زەمینن، ھەموو کارێکیان ھەر بە ئەوە و ئەو گش ڕۆژێ بە کارێکەوە خەریکە. (٣٠) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣١) ئێمە بە کارتان ڕادەگەین، ئەی گرۆی مرۆ و جنۆکان! (٣٢) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣٣) ئەی گرۆی مرۆ و جنۆکە! گەر توانیتان لە گش ئاسۆی عاسمانەکان و زەمینێ دەرباز ببن، دەسا بچن؛ ناشتوانن لێیان دەر بچن، مەگین بەدەستەڵاتەوە. (٣٤) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣٥) گڕی بە دووکەڵ و بێ دووکەڵی ئاگر داتان دەگرێ؛ ئەسا کەس دەھاناونایە. (٣٦) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣٧) سا ھەر کاتێ ئەم عەزمانە قەڵشی برد و بە ڕەنگی گوڵ و کەوڵی سوور ھاتە بەرچاو، (٣٨) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٣٩) لەو ڕۆژەدا ھیچ کەس - لە مرۆ و جنۆکە - بۆ گوناھێ کە کردوویە، نایەتە بەرپرسینەوە. (٤٠) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٤١) تاوانباران بە تەحر و زەڕا دەناسرێن؛ ئیتر لە قژی سەریان و لە قاچەکانیان ئەنەون. (٤٢) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٤٣) ئەمە ھەر ئەو دۆژەھەیە تاوانباران بڕوایان وا نەبوو ھەیە. (٤٤) لەناویدا و لە ناو ئاوێکی کەلیدا دەخولێنەوە. (٤٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٤٦) بۆ ھەر کەسیش لە پەروەرندەی ترساوە، دوو باغ ھەیە. (٤٧) دەیسا ئێوە لەکام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٤٨) ھەر دوو خاوەن درەختی بە پەلک و پۆپن. (٤٩) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٠) لە ھەر دوودا دوو سەرچاوەی ڕەوان ھەیە. (٥١) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٢) گش میوەیەکیان تێدایە، کە ھەموو ولفی یەکترن. (٥٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٤) لەسەر ڕایەخێ پاڵ کەفتوون، کە ئاسەڕیان لە ئاوریشمی ئەستوورە و بەری گەییشتووی ھەر دوو باغ، لەوان نزیک کەوتۆتەوە. (٥٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٦) کیژۆڵەی ھێند داوێن پاکیان لەناودایە، کە بەر لەوان کەسێ - مرۆ یان جنۆکە - ھەرگیز دەستی بۆ نەبردوون. (٥٧) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٥٨) ھێندە جوانن، ئێژی یاقووت و مەرجانن. (٥٩) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٠) ئاخۆ پاداشی کاری چاک، غەیرەز چاکە دانەوەیە؟ (٦١) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٢) غەیرەز ئەمان دوو بەھەشتی تریش ھەیە. (٦٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٤) کەسکی تۆخن، بە ڕواڵەت ڕەش دەنوێنن. (٦٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٦) جووتێ کانی لەواندا ھەن، فیچقە دەکەن. (٦٧) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٦٨) لەناویاندا میوەجات و دارە خورما و ھەنار ھەیە. (٦٩) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٠) لەناویاندان گەلێ کیژی ئاکار چاک و بە دیمەن جوان. (٧١) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٢) زەری چاوڕەش لەناو خێوەتاندا دەژین. (٧٣) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٤) کە بەرلەوان ھیچ مرۆ و ھیچ جنۆکەیەک، ھەرگیز دەستی بۆ نەبردوون. (٧٥) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٦) لەسەر ڕایەخی کەسک و جوان پاڵ دەکەون؛ کە وێنەیان لە دنیادا نەبینراوە. (٧٧) دەیسا ئێوە لە کام چاکەی پەروەرندەو حاشا دەکەن؟ (٧٨) ممبارەکە ناوی پاکی پەروەرندەت؛ خاوەن شکۆ و شایانی ڕێز لێ گرتنە. ++++++++++++++++++++++