شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: قەمەر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) وا پەسڵان نزیک کەوتەوە و ھەیڤ بوو بە دوو کەرتەوە. (٢) ھەر نیشانەیەک ببینن، بڕوا ناکەن و دبێژن: ئەمە جادووە و ھەر ھەیە. (٣) ئیتر بڕوایان نەھێنا و شوێن ئارەزووی خۆیان کەوتن. ھەر کارەش شوێنی خۆی ھەیە. (٤) ئەوەندەیان دەنگ و باسی بەرێ بیستوون، کە دەبوو ترسیان بێتە بەر. (٥) ئەمە کارزانی تەواوە؛ بەڵام ئەم ترسێنەرانە بەھرە نادەن! (٦) سا تۆ لەوانە واز بێنە؛ ڕۆژێ بانگدەر بانگیان دەکا بۆ ڕووداوێکی زۆر ناخۆش. (٧) چاوشۆڕ و کز، لە گۆڕستان دەر دەکەون؛ ئێژی کوللەن بڵاو بووگن. (٨) ھەڵەداوان بەرەو بانگدەرەکە دەچن. خودانەناسەکان ئێژن: ئەمە ڕۆژێکی چەتوونە. (٩) بەرلەمانەش ھۆزی نووح باوەڕیان نەبوو. عەبدی ئێمەیان ناو نابوو درۆزن و گەفیان لێکرد. (١٠) لە پەروەرندەی پاڕاوە، کە: من شکستم خواردوە، ھانام بە تۆ. (١١) ئەوسا ھەموو دەرگاکانی بەرزاییمان بۆ بارانێکی بەلووزەو خستە سەر پشت. (١٢) لەم زەمینەش چاوەکانیمان تۆقاندن. ئاو گەینە یەک؛ بەو ئەندازەی کە بڕیاری بۆ درابوو. (١٣) ئەومان بە ئامێرێ ھەڵگرت، کە لە چەند تەختە و بزماران لێک درابوو. (١٤) لەژێر چاوەدێری خۆمان وەگەڕ کەوت، بۆ پاداش دان بە کەسێ کە بە قسەکانی بێ باوەڕ بوون. (١٥) بەجێمان ھێشت کە ببێتە نیشانەیەک. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (١٦) دەسا چۆن بوو جەزرەبە و ھەڕەشەکانم؟ (١٧) ئەم قورعانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (١٨) عادیش باوەڕیان نەھێنا؛ دەسا چۆن بوو جەزرەبە و ھەڕەشەکانم؟ (١٩) ئێمە لە ڕۆژێکی شوومدا، بایەکی سارد و بەھێزی بێ وچانمان ناردە سەریان. (٢٠) خەڵکەکەی لەجێ دەر دێنان؛ دەتوت کۆتەرەی دار خورمان، بە ڕیشەوە ھەڵکێشراون. (٢١) دەسا چۆن بوو جەزرەبە و ھەڕەشەکانم؟ (٢٢) ئەم قورئانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (٢٣) سەموودیش بە ترسێنەران بێ باوەڕ بوون. (٢٤) وتیان: جا چۆن وە شوێن مرۆیەک دەکەوین، لە خۆمان و بە تەنیا بێ؟ ئەگەر وا بێ، ئەوسا ئێمە لە گومڕایی و دەبەنگیداین. (٢٥) چۆن لە ناو ھەموو ئێمەدا، فەرمانی خوا ھەر بۆ ئەو دێ؟ بەڵکوو پیاوێ درۆزنی خۆپەسندە. (٢٦) سبەی ڕۆژێ پێ دەزانن کێ ڤڕبێژی خۆپەسندە. (٢٧) ئێمە سایە وشترێکیان بۆ دەنێرین کە بیانئەزمووین. سا تۆ ھەر چاوەدێریان بە و خۆت ڕاگرە. (٢٨) پێشیان بێژە کە ئاوەکە لەناویاندا بەش کراوە؛ ھەر کەس لە نۆرە ئاوی خۆی ئامادە بێ. (٢٩) گاسی ھەواڵی خۆیان کرد؛ ئەویش ھات بە دەنگیانەوە و پەلی [وشترەکەی] قوت کرد. (٣٠) دەسا چۆن بوو جەزرەبە و ھەڕەشەکانم؟ (٣١) نەعرەتەیەکمان بۆ ناردن؛ وەک پووش و پاری بۆژۆیان لێ بەسەر ھات. (٣٢) ئەم قورعانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (٣٣) ھۆزی لووتیش ھەمبەر بە ترسێنەرەکان بێ باوەڕ بوون. (٣٤) گێژەڵووکەی زیخ و چەومان ناردە سەریان؛ جگە لە کەس و کاری لووت - کە سوو زوو ڕزگارمان کردن. (٣٥) لە چاکە و بەزەیی خۆنڕا؛ ئاوا چاکەی سوپاسکاران دەدەینەوە. (٣٦) ترساندنی لە زەبری ھەڵمەتی ئێمە؛ [بەڵام ئەوان] لەو گەفانە بەگومان بوون. (٣٧) دەیانەویست کاری خراپ دەگەڵ میوانانی بکەن؛ سۆمای چاوانم لێ ساندن. دە بچێژن ئازار و ھەڕەشەکانم. (٣٨) ئەوسا لە بەرەبەیاندا، ئازاری لەبنە نەھاتوو ھاتە سەریان. (٣٩) سا بچێژن ئازار و ھەڕەشەکانم. (٤٠) ئەم قورئانەشمان سانا کرد کە بیری لێ بکرێتەوە. ئاخۆ بیرەوەرێک ھەیە؟ (٤١) ترسێنەران ھاتیشنە لای دەستە و دایەرەکەی فیرعەون. (٤٢) سەرلەبەری نیشانەکانی ئێمەیان بە درۆ زانی. ئەوسا ئێمە گرتمانن، بە گرتنی دەستەڵاتداری توانا. (٤٣) ئاخۆ خوانەناسی ئێوە لەوەکانی تر چاترن، یان لەناو کتێبەکاندا پاکانەیان بۆ ھاتگە؟ (٤٤) یان دبێژن: ئێمە گشمان پێکەوەین و سەر دەکەوین؟ (٤٥) ھەر بینا ئەو ئاپۆرەیە لە شەڕ شکاو، پشت بکەنەوە ڕا بکەن. (٤٦) بەڵکە دەبێ لە پەسڵانیش کۆ ببنەوە؛ کە باری ئەو حەستەمترە و تاڵتریشتان لێ دەبوورێ. (٤٧) تاوانباران لە گومڕایی و دەبەنگیدان. (٤٨) ئەوێ ڕۆژێ دەمەوڕوو لە ئاگردا ڕەکێش دەکرێن، دە بچێژن گڵپەی ئاگری جەھەندەم. (٤٩) ئێمە ھەموو بوونەوەرمان بە ئەندازە ئافراندووە. (٥٠) کاری ئێمە یەکجارەیە و ھەر لە چاوتروکانێکدا کۆتایی دێ. (٥١) پێشووش زۆری وەک ئێوەمان قڕ تێ خستوون. ئاخۆ کەس بە بیریدا دێ؟ (٥٢) ھەر کارێکی کردوویانە، وا لەناو دەفتەراندایە. (٥٣) کەم و زۆری خەت دراوە. (٥٤) خۆپارێزان لە باغات و دەم چۆمانن. (٥٥) لە نشیمەنی پەسند و لای خونکاری بەدەستەڵات. ++++++++++++++++++++++