شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: زاریات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بە بایانەی دەتوانن بڵاوکەنەوە، (٢) بەو ھەورانەی گران بارن، (٣) بەوانەی کە بەھاسانی ڕێ دەپێون، (٤) بەوانەی کاردابەش کەرن، (٥) ھەر بەڵێنێ کە پێتانی دەدەن، ڕاستە. (٦) ڕۆژی جەزا ھەر ڕودەدا. (٧) بەو ئاسمانەی ڕێ ڕێ یە [و شەپۆلان دەدا]، (٨) قسەو یەکتر ناگرێتەوە. (٩) لە قوڕئان دەتەکێتەوە، ھەرکێ تەکێراوەتەوە. (١٠) دەک بەگوشت چن ئەوانەی درۆنەخشینن. (١١) ئەوانە کەوتوونە گێژاوی نەزانی و ئاگایان لە ھیچێک نییە. (١٢) پرس دەکەن: کەنگێ ڕۆژی جەزایە دێ؟ (١٣) ئەوێ ڕۆژێ کە دەیانخەنە سەرئاگر. (١٤) بچێژن ئەو ئازارەتان کە ئێوە بۆی بەپەلەبون. (١٥) ئەوکەسانەی خۆپارێزن، شوێنیان باغات و کانیاون. (١٦) ھەرچی پەروەرندەی ئەوان بۆی داناون، وەری دەگرن؛ ئەوان پێشو ئاکارچاک بوون. (١٧) شەوانە کەمتر دەخەوتن. (١٨) بەری بەیان، داوای لێ بوردنیان دەکرد. (١٩) لەماڵیاندا بەشێ ھەبوو بۆ پارسەکان و بێ بەشان. (٢٠) لەزەمیندا بەڵگە زۆرن بۆ ئەوانەی لەبڕوادا بێ گومانن. (٢١) ھەروەھا لە ناو خۆشتاندا؛ ئاخۆ لە خۆتان ناڕوانن؟ (٢٢) ڕۆزیتان و ھەرچی بەڵێنتان پێدەدرێ، لە عاسمانە. (٢٣) سا سوێند بە پەروەرێنی ئەزمان و زەمین، ئەمە ڕاستە؛ ھەروەک بۆخۆتان داخێون. (٢٤) ئاخۆ باسی میوانەبەڕێزەکانی ئیبڕاھیمت بۆھاتووە؟ (٢٥) کاتێ کە لێی وەژور کەوتن، گوتیان: سەلام. گوتی: سەلام؛ دەستەیەکی نەناسراون. (٢٦) پەنامەکی خۆی گەیاندە خاو خێزانی و گوێرەکەیێ چاقی ھاورد. (٢٧) وەختێ کە لێی نزیک کردن، گوتی: لەبەرچیە ناخۆن؟ (٢٨) ئەوساکە ترسێکی ڕێ نیشت. گوتیان: تۆ نیگەران مەبەو بوونی لاوێکی زانایان مژدە پێدا. (٢٩) ژنەکەی بەھاوارەوە ھات و پوکێکی لەخۆی ناو گوتی: من پیرێژنێکم بێ زک وزا. (٣٠) گوتیان: پەروەرندەی تۆ ئاواینەی گوتوە، ئەوخۆی کارزان و زانایە. (٣١) گوتی: ئەی ڕاسپاردەکان! کارتان چییە؟ (٣٢) گوتیان: ئێمە کل کراوین بۆسەر ھۆزی تاوانباران. (٣٣) تا گزمولە قوڕی ڕەق بوی وەک بەردیان لێ ببارێنین. (٣٤) پەروەرندەت ھەمونیشانەی لێداون، بۆ ئەوانەی لەئەندازە لایان داوە. (٣٥) ئەوسا باوەڕدارەکانمان لێ وەدەرنا. (٣٦) ئێمە غەیرەز تەنیا ماڵێک، خوداناسمان دەس نەکەوت. (٣٧) لەوشوێنەشدا نیشانەیەکمان بەجێ ھێشت، بۆ ئەوانەی کە لەئازاردانی بەژان ترسیان ھەیە. (٣٨) لەبەسەرھاتی مووساشدا، کە بە بەڵگەی ئاشکراوە بەڕێمان کردە لای فیرعەون. (٣٩) بەونیازە کە خاوەنی ھێزوپێزە، بایەخی بە مووسا نەداو گوتی: جادوگەرێکە یان لیوەبوە. (٤٠) ئەوساکە خۆی و لەشکرەکەیمان گرت و فڕێمان دانە ناو دەریاوەو گلەییش لەخۆی کرا. (٤١) لەمەڕعادیش، گڕەبامان ناردەسەریان. (٤٢) ھەرشتێ کە ھاتەبەری، وەک پیشەی پواوی لێکرد. (٤٣) دەربارەی ھۆزی سەموودیش، کە پێان ڕاگەیەندرا: ھەتا ماوەیەک ڕایبوێرن. (٤٤) لە فەرمانی پەروەرندەیان لایاندا؛ ھەتا دیتیان وەبەر ھەورەتریشقەیێ کەوتن. (٤٥) نەیانکرا ڕاست بنەوەو کەسیش دەھانایان نەھات. (٤٦) ھۆزی - نووحیش لەپێشوڕا - [بەرغەزەبی ئێمە کەوتن] کە گەلێکی نافەرمان بوون. (٤٧) ئەم ئاسمانەشمان بە ھێزی خودی خۆمان وەدی ھێناو بێ سۆ پەرەشی پێدەدەین. (٤٨) زەمینیش ئێمە ڕامان خست؛ ئای کە چەند ڕاخەری باشین. (٤٩) لەھەرشتێ جوتێکمان وەدی ھێناوە؛ بەشکوو بیری لێ بکەنەوە. (٥٠) سا ھەمووتان بەڕاکردن بەرەوخوابن، کە لەوڕا من بە ئاشکرا ترس وەبەر ئێوە دێنم. (٥١) وێڕای خوداش ھیچ شتی تر مەپەرستن؛ ئەو بە منی سپاردوە ە بە ئاشکرا ترسی ئەوتان وەبەر بێنم. (٥٢) بەرلەمانەش ھەروابوە؛ ھەرکاتێ پێغەمبەرێکیان بۆھاتووە، گوتویانە: یان جادوگەرە، یان شێتە. (٥٣) مەگەر ئەوان یەکترینیان بەوقسە ڕاسپاردوە؟ [نە، وانیە] بەڵکوو ئەوان ھەر بۆخۆیان گەلانێکی نافەرمان بون. (٥٤) سا تۆ واز لەوانەبێنە؛ کەسیش سەرکۆنەی تۆ ناکا. (٥٥) تۆ ھەر وەبیریان بخەوە؛ بیرەوەری بەھرەدەدا بەوانەی خاوەن باوەڕن. (٥٦) من ھەربۆیە جندۆکەو مرۆم دروس کرد، بمپەرستن. (٥٧) من ھیچ ڕۆزیم لەوان ناوێ و نامگەرەکە ئەوانە خۆراکم دەنێ. (٥٨) ھەرخودا ڕۆزی دەنێرێ و خودان ھێزێکی پتەوە. (٥٩) بەھرەی ئەوغەدرکەرانەش وەک بەھرەی ئەوانەدەبێ، کە ھاوباوەڕی خۆیان بون؛ ئیتر لێم بەپەلە نەبن. (٦٠) واوەیلا بۆ خوانەناسان، لەوڕۆژەدا کە بەڵێنیان پێدراوە. ++++++++++++++++++++++