شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: حوجورات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! نەچن وەپێش خوا و پێغەمبەرەکەی کەون؛ با ترستان لە خودا بێ، خودا بیسەر و زانایە. (٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ناشێ دەنگتان سەر دەنگی پێغەمبەر کەوێ. دەنگیش ھێندە بەرز مەکەن، وەک وەل یەکترا داخێون؛ کە کارتان لێ پووچەڵ ببێ و خۆتان بە خۆتان نەزانن. (٣) ئەو کەسانەی لجەم پێغەمبەری خودا دەنگیان نزم دەکەنەوە، ئەو کەسانەن خوا دەربارەی پارێزگاری، دڵی تاقی کردوونەوە. لێ خۆش بوون و پاداشی مەزن بۆ وانە. (٤) ئەو کەسانەی لەو دیوی ھۆدەکانەوە بانگت دەکەن، زۆربەیان ئاوەزیان نییە. (٥) ئەگەر خۆیان ڕاگرتایە ھەتا دەر دەچووی بۆ لایان، بێ شک بۆ ئەوان باشتر بوو. خوا دەشبوورێ و دلۆڤانە. (٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەرگا لە فەرمان لادەرێک دەنگ و باسێکتان بۆ دێنێ، بە وردی لێی ورد بنەوە؛ نەکا لە ڕووی نەزانیوە گەلێکان تووشی زیان کەن و لە کردەتان پەژیوان بن. (٧) پێویستە ئەمەش بزانن کە پێغەمبەری خوداتان لەناودایە. ئەگەر لە زۆرکاراندا شوێنتان کەوتبا، تووشی ناڕەحەتی دەبوون؛ بەڵام خودا ئەڤینی بڕوا بە دینیدا بە ئێوە و ئەوەی لە دڵتاندا خەمڵاند. بێ باوەڕی و لە ڕێ لادان و سەرپێچی لە لاتان دزێو کردووە. لە ڕێ شارەزا ئەوانەن. (٨) ئەمەش بەخشش و چاکەیە لە خوداوە و؛ خودا زانای لەکارزانە. (٩) ھەرگا لە ناو باوەڕداران دوو گرۆ دە گژ یەکڕا چون، ئێوە ئاشتیان بکەنەوە؛ ئەگەر یەکیان گەرەکی بو ناھەقی لەوی تر بکا، ئێوە دە گژ ئەوڕا چن کە ھەر دەیەوێ شەڕ بکا؛ ھەتا بۆ فەرمانی خوا مل کەچ دەکا. ئەوسا - بەبێ لایەنگیری - پێکیان بێنن و بە یەکسانی بە کێشەکەیان ڕابگەن. لەو کەسانەی بە یەکسانی پێ ڕادەگەن، خوا خۆشی دێ. (١٠) خاوەن باوەڕ ھەموویان ھەر برای یەکن؛ براکانتان پێکەوە ئاشت بکەنەوە. ئەشێ لە خودا بترسن؛ بەشکوو بەر بەزەیی کەون. (١١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! با ھێندێکتان گاڵتە بە ھێندێکان نەکەن؛ لەوانەیە ئەوانەی گەپیان پێ دەدەن، لە گەپ دەرەکان باشتر بن. ژنیش ھەروا؛ لەوانەیە ئەوانەی دەبنە گاڵتەجار، لەوی گاڵتەیان پێ دەکەن، پەسندتر بن. لە سیلەی چاو داگرتن و تەشەر دەیەکتر گرتن و ناو و ناتۆرە لێک ھەڵدان، دەس ھەڵگرن؛ چونکە لە پاش بڕوا ھێنان، لە ڕێ لادان، بەد نێویە و ناپەسەندە. کێش پەژیوان نەبێتەوە، لە ڕێزەی ناھەقەکانە. (١٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لە زۆرێک لە گومانان خۆ بپارێزن. چونکە ھێندێک گومانی وا ھەن گوناھن. لە کاروباری یەکتریش مەکۆڵنەوە. پاشەملەش خراپەی یەکتر مەبێژن. ئاخۆ کەستان وازی لێیە کە گۆشتی برای خۆی بە مردویی بخوا؟ دیارە قیزتان لێ دێتەوە. ئەشێ لە خودا بترسن. خوا پەژیوانی قبوڵە و دلۆڤانە. (١٣) ئەی خەڵکینە! ھەر لەنێر و مێوێکەوە ئێوەمان وەدی ھێناوە و کردوومانن بە چەند گەلێک و چەند ھۆزێک ھەتا یەکتری بناسن. بەڕێزترینتان لای خودا، پارێزگارترەکانتانن. خودا زانایە و ئاگادارە. (١٤) عەرەبەکانی دەشتەکی گوتیان: باوەڕیمان ھێنا. بێژە: ھێشتا باوەڕیتان نەھێناوە؛ بەڵام بێژن: خۆمان بەدەستەوە داوە؛ ھێمان بڕوای ئیسلامەتی نەچۆتە ناو دڵتانەوە. ئەگەر ئێوە بەرفەرمانی خودا و پێغەمبەری ئەو بن، لە پاداشی کردەوەتان ھیچ شتێ کەم ناکاتەوە. خودا لە گونا دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٥) خاوەن باوەڕ ئەو کەسانەن کە بڕوایان بە خوا و پێغەمبەری ھەیە و تووشی دوودڵی نەبوون و بە گیان و ماڵ لەڕێی خودا تێکۆشاون و ھەر ئەمانە بەڕاستیانە. (١٦) بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە خودا لەو دینەی ھەتانە، ئاگادار کەن؟ کە چی خوداش لە ھەر شتێ لە ئاسمانان و زەمیندان، ئاگادارە و خوا بۆ ھەموو شت زانایە. (١٧) ھەر چونکە بوونە موسوڵمان، منەت بەسەر تۆدا دەکەن. بێژە: ئەگەر ڕاست ئەکەن خاوەن باوەڕن، لە موسوڵمان بوونی خۆتان، منەت بەسەر مندا مەکەن؛ بەڵام خودا منەت لەسەر ئێوە دەکا، کە ڕێگای بڕوا ھێنانی نیشان داون. (١٨) ھەر نھێنی لە عاسمانان و زەمیندان، خوا دەیزانێ و ھەر چی دەیکەن ئەو دەیبینێ. ++++++++++++++++++++++