شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ئەحقاف وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) ئەم کتێبە لەخودای بەدەستەڵاتی لەکارزانەوە ناردرا. (٣) ئەم ئاسمانانەو زەمینەو ھەرچی لەناویاندا ھەیە، بۆڕاستی وەدیمان ھێنان و مەودایان دیاری کراوە. ئەوکەسانەش کە خودایان نەناسیوە، لەچی ترسیان وەبەر بێرن، خۆ دەبوێرن. (٤) بێژە: ئەو شتانەی ئێوە - غەیرەز خودا - ھانایان دەبەنەبەڕێ، چییان لەم ھەردە چێ کردووە؟ یان ئەگەر لەعاسمانەکان بەشداربوگن، نیشانم دەن. گەر ئێوە بەڕاستیتانە، کتێبێک بەرلەم [قوڕئانە] ھاتبێ، یان قسەی دەربارەی زانست - کە ھەر لەکەوناراوە ماوە - بۆمی بێرن. (٥) کێش لەوکەسە گومڕاترە ھانا بۆغەیرەز خوا دەبا؟ بۆکەسێ کە ھەتا قیامەت پەرسڤی پێ ناداتەوەو ھەر ئاگاشیان لە پاڕانەوەیان نییە. (٦) ھەرگا مەردم ھەموویان کۆدەکرێنەوە، ئەوان دەبنە دوژمنیان و حاشادەکەن لەوانەی پەرستویانن (٧) ھەرگا نیشانە ئاشکراکانی مەیان بۆوەخوێنن - ئەوانە وا کاتێ قوڕئانیان بۆھات حاشایان لێ کرد - ئێژن: ئەمە ھەر بەئاشکرا جادوە. (٨) یان دبێژن: ھەر بۆخۆی ھەڵی بەستوە. بێژە: ئەگەر ھەر بۆخۆم ھەڵم بەستبێ، پێتان ناکرێ لای خودا ھیچ بۆمن بکەن؛ خوداش پتر ئاگادارە لەو توانجەی کە دەقوڕعانەکەی دەگرن؛ ھەر ئەو بەسە بۆ شایەتی لە نێوان من و ئێوەدا؛ ھەر ئەویشە گوناھبەخشی دلۆڤانە. (٩) بێژە: لە ناو ئەو ھەموو پێغەمبەرانە، من یەکێ نائاسایی نیم؛ ناشزانم لە من با لەنگۆ چ دەقەومێ. من ھەر ئەوەندەم لەسەرە پەیڕەوی ئەو فەرمانەبم کە پێم ڕادەگەیەندرێ. من ھەر تەنیا بەئاشکرا ترسێنەرم و چی تریش نیم. (١٠) بێژە: ئاخۆ چ دەڵێن ئەر [ئەم قوڕئانە] لە خواوە بێ و ئێوە حاشای لێ بکەن و یەک لەتۆرەمەی ئیسڕائیلیش شایەتی بدا لە سەر وێنەکەی و بڕوابێنێ و ئێوە ھەر خۆبەزل زان بن؟ ! خودا خێڵی غەدرکەران بەرەوخۆی شارەزاناکا. (١١) ئەوانەی خودانەناسن، بۆخاوەن باوەڕان ئێژن: ئەگەر ھیچ شتێکی باشی تێداھەبا، بەرلەئێمەی بۆنەدەچون. ئێستا کە نەیگەیشتونێ، ئێژن: ئەمە درۆیەکی کەونارایە. (١٢) لە پێش ئەمیش کتێبی مووسا پێشەواو بەزەیی بو. ئەم قوڕئانە ئەویشی بەڕاست زانیوەو بەئەزمانی عەڕەبی یە؛ تا ناھەقان بترسێنێ و مژدەبێ بۆئاکارچاکان. (١٣) ئەوکەسانەی وتویانە: پەروەرندەمان خودایە و لە دواییشدا ھەر لە سەر قسەی خۆیان مان، نە ترسێکیان لە سەر ھەیە، نە خۆم دەخۆن. (١٤) ئەوکەسانە لەقەرەبوی کارەکانیان بەھەشتین و ھەتاسەر ھەر تێیدادەبن. (١٥) ئێمە بە مرۆمان ئەسپارد کە دەگەڵ دایک و بابی خۆی چاکەبکا. دایکی بەتۆلی ھەڵی گرت، ڕەنجی کێشا؛ کە داشی نا، ڕەنجی کێشا. ھەڵگرتن و لەمەمک بڕینەوەشی سێ ھەیڤی برد؛ ھەتا گەیشتە خورتانی و تەمەنی گەییشتە چل ساڵ؛ گوتی: ئەی پەروەرندەی من! خۆت ڕام ھێنە، سپاسی ئەوچاکە بکەم کە دەربارەی من و دایک و باوکمت کرد؛ کاری وا ھێژام فێربکە تۆ ڕازی کا؛ تۆرەمەشم لەکاری چاکە ڕابێنە؛ وا بەرەوتۆ گەڕامەوەو خۆم ھەر بە تۆ ئەسپاردوە. (١٦) ھەر کەسیش وەک ئەوانەبن، ئێمە کارەباشەکانیان لێ وەردەگرین و لە گوناھیشیان خۆش دەبین و وەل بەھەشتیەکان دەبن. ئەوبەڵێنەی کە پێیان دراوە، ڕاستە. (١٧) ئەومرۆیەش کە بە باب و داکی دەگوت: لام لێ لادەن! ئاخۆ بەڵێنم پێ دەدەن جارێ تر زیندوودەبمەوەو لەگۆڕ دەرم دەھێننەوە؟ چەند بەرەوچین لە پێش مندا ھاتوون وچون. داک و بابیش ھەرپەنایان بە خوا دەبرد [ودەیانگوت: ] ھەی ماڵ وێران بڕوابێنە! بەڵێنی خودایە و ڕاستە. ئەویش دەیگوت: ئەو شتانە ھەرچیرۆکی پێشینانەو چی تر نییە. (١٨) ئەوکەسانەش ھەر بەدەردی کۆمەڵانێک - لەجندۆکەو مرۆیان - چون، کە بەرلەوان فەوتان و تووش جەزرەبەی ئێمە ھاتن و زیانباربون. (١٩) ئێمە بۆھەریەک لەوانە پلەوپایەمان داناوە. تا خوا بەھەر کەس بەگوێرەی کارو کردەوەی پاداش بات. ناھەقیشیان لێ ناکرێ. (٢٠) ڕۆژێ بەرەی خوانەناسان بەرانبەر ئاگر ڕادەنێن [پێان دەڵێن: ] خۆشی دنیاو دەرباز کرد و بەباشی بەھرەتان لێ برد؛ ئەمڕۆش زۆر بەسووکایەتی ئازار دەدرێن؛ چونکە ئێوە لەسەرزەمین - بەخۆڕایی - خۆتان بەزل زانی و لە ڕێگەی ڕاستولادابو. (٢١) برای عادیش وەبربێنە، کە لە ئەحقاف ترسی وەبەر ھۆزەکەی نا: ئێوە نابێ غەیرەز خودا بپەرستن؛ من لە ئێوە نیگەرانم کە لە ڕۆژی گەورەدا ئازارببینن. بەرلە ئەو و لە پاش ئەویش ترسێنەران ھاتن و چوون. (٢٢) گوتیان: ئاخۆ ھەر بۆیە ھاتویە لامان، لامان بدەی لەوانەی دەیانپەرستین؟ ئەگەر لەقسەڕاستانی، ئەوھەڕەشەی لەئێمەت کرد، بەجێی بێنە. (٢٣) گوتی: ئەویش خوا دەیزانێ؛ من بەچی ڕاسپێراوم، بە ئێوەی ڕادەگەیەنم؛ بەڵام وەک من دەتانبینم، ئێوە کۆمەڵێ نەزانن. (٢٤) کاتێ لە لای شیوەکانیان ھەورێکیان دی، گوتیان: ئەمە بارانمان بۆدەبارێنێ. بەڵکوو ئەمە ھەر ھەمانە کە ئێوە بۆی بەپەلەبون؛ ھەوری بایەو جەزرەبەدانی بەژانی لەگەڵدایە؛ (٢٥) بە فەرمانی پەروەرندەی، ھەموشت تێک وپێک دەدا. ئیتر کارێکیان بەسەرھات تەنیا ھەر جێ ماڵەکانیان دەبیندرا. ئێمە پاداشی کۆمەڵی تاوانباران ئاوا دەدەین. (٢٦) لەوشوێنەدا گوزەرانێکمان دابونێ، کە بە ئێوەمان نەداوە. گوێ و چاوو دڵیشمان بەوانیش دابو؛ ئەوان لەگوێ و چاوو دڵیان ھیچ بەھرەیان دەس نەکەوت؛ کە نرخێکیان بۆنیشانەکانی خودا دانەدەناو ئەوەی حەنەکیان پێدەکرد، دەوری لێدان. (٢٧) فرە لەو باژێڕانەمان قڕ تێ خستون کە ھەر لەدەوری ئێوەبون. ھەموو جۆرە نیشانەمان بۆڕاناون، کە بەشکوو بگەڕێنەوە. (٢٨) ئەدی بۆچی ئەو شتانەی غەیرەز خودا دەیانپەرست تا بەوھۆیە لە خوایان نزیک کەنەوە، ھیچ دەھانایان نەھاتن؟ بەڵکوو ئەوان لەدەسیان چون؛ ئەمەش لەودرۆیانەبو کە بۆخۆیان ھەڵیان بەستون. (٢٩) ھێندێکیش لەجندۆکانمان ناردەلای تۆ، کە گوێ لەم قوڕئانە بگرن، کاتێ ھاتن، گوتیان: مات بن و گوێ بدەن. وەختێ بیستیان، ھاتنەوە ناو خێڵەکەیان و ترسی خوایان وەبەرنان. (٣٠) گوتیان: گەلۆ! ناوەرۆکی کتێبێکیان بۆوەخوێندوین، کە پاش مووسا ناردراوە؛ بە کتێبەکانی پێشوشی بڕواھەیە؛ ھانە بۆڕاستی دەدات و شارەزای ڕاستەڕێ دەکا. (٣١) گەلۆ! وەرن بە دەنگ ئەم کەسەوە بچن کە گازی بۆ خودا دەکا و بڕوای پێکەن. لە گوناھانو خۆش دەبێ و لەئازاردانی بەژانتان دەپارێزێ. (٣٢) ھەر کەسێکیش بە دەنگ ئەوکەسەوە نەچێ - کە بەرەوخودا بانگ دەکا - لەم زەمینە دەرەتانی دەس ناکەوێ و غەیرەز خودا ھیچ کەسی دەھانا نایە. کێش ئاوابن، دیارە ڕێ یان لێ گۆڕاوە. (٣٣) ئاخۆ ئەوان نەیانزانی ئەوخودایە کە زەمین و ئاسمانانی وەدی ھێناو لە وەدی ھێنانیشیاندا تووشی ناتەوانی نەبوو، دەتوانێ زیندووش کاتەوەو بش مرێنێ؟ ئارێ ئەو لە سەر ھەموشت توانای ھەیە. (٣٤) ئەوێ ڕۆژێ کە ئەوانەی خوانەناس بوون، لای ئاگر ڕایان دەنێن [و پێیان دەڵێن: ] ئاخۆ ئەم شتە ڕاست نییە؟ ئێژن: ڕاستە، سوێند بەپەروەرندەمان. ئێژێ: چونکە ئێوە ھەرحاشاتان لێ کرد، سا ئەوئازارە بچێژن. (٣٥) تۆش ھەروەکو پێغەمبەرە لێ بڕاوو نەبەزەکان، سوربە لە سەر کارەکەت و خۆڕاگربە؛ وەک ئەوانیش خۆڕاگربون. بۆئەوانەش پەلەت نەبێ؛ ئەو ڕۆژی بڕیاردراوە بێنەلامان، وادەزانن مانەوەیان ھەر ساعەتێ لە ڕۆژێکی خایاندوە. ئەمەش پەندێکی تەواوە. ئاخۆ کەسێک - بێژگە لە ڕێ لادەرەکان - بەجەزرەبە لەبەین دەچێ؟ ++++++++++++++++++++++