شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: دوخان وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) بەم کتێبەی ھەموشت ڕون دەکاتەوە، (٣) دەشەوێکی پڕلەپیت و پیرۆزیدا ئێمە ناردوومانەتەخوار. ئێمە ویستمان ترس وەبەر مەردم بنێن. (٤) ھەر لەوێشدا ھەرکارێکی سەبارەتە بە کارزانی، ھاوێرکرا. (٥) فەرمانەو لەئێمەڕایەو ئێمە ڕاسپاردە دەنێرین. (٦) بەزەییەکە لەئالی پەروەرندەت ڕا. ھەرخۆی بیسەر و زانایە. (٧) پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەمینەو ھەرچی کە لەناویاندایە؛ ئەگەر باوەڕیتان ھەیە. (٨) لەغەیرەز ئەو ھیچ شت بۆپەرستن ناشێ. گیان وەبەر بونەوەردێنێ و دەشمرێنێ. ئەو ئێوەی پەروەردەکردو پەروەرندەی باوانی پێشینەشتانە. (٩) کەچی ھێشتا ھەر لە ناو دوودڵی دان و گەمەدەکەن. (١٠) چاوەنۆڕی ئەوڕۆژەبە کە ئاسمان دوکەڵێکی ئاشکرای لێ پەیدادەبێ. (١١) ئازارێکی زۆربەژانەو ھەموخەڵکی دادەپۆشێ. (١٢) ئەی پەروەرێنی گلامان! ئەو پەتایەن لەسەرلابە؛ ئێمە باوەڕیمان ھێنا. (١٣) کوا ئەوانەی گوێ لەئامۆژگاری دەگرن؟ پێغەمبەرێ ھاتەلایان، ھەموشتی تێگەیاندن. (١٤) پاشان ڕوویان لێ وەرگێڕاو گوتیان: فێرکراوە، شێتە. (١٥) ئێمە تاماوەیەکی کەم، ئەم پەتایە وەلادەبەین؛ ئێوە دەگەڕێنەوە [سەر ڕێی پێشوتان]. (١٦) ئەوێ ڕۆژێ ھەڵمەتە گەورەکە دەکەین، ئێمە تۆڵەدەکەینەوە. (١٧) ئێمە ھۆزی فیرعەونیشمان بەر لەمان تاقی کردەوەو پێغەمبەرێکی بەڕێز [مان] ھاتەلایان. (١٨) کە ئەم بەندە خودایانەم پێ بسپێرن؛ من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٩) لەحاند خودا خۆتان بەزلتر مەبینن؛ من بۆ ئێوە نیشانەیەکی ئاشکرام ھاوردوە. (٢٠) من بە پەروەرێنی خۆم و ئێوە پەنادەبەم لەوە کە بمکوژن. (٢١) ئەر باوەڕیشم پێ ناکەن، خۆتانم لێ دورخەنەوە. (٢٢) دواجار ھانای بۆپەروەرندەی خۆی ھێنا، کە: ئەوانە کۆمەڵێکی تاوانبارن. (٢٣) ساتۆ وەل ئەم عەبدانەی من بەشەو بڕۆ؛ چون ئەوان دواتان دەکەون. (٢٤) بەئارامی لەدەریاکە بپەڕەوە؛ کە ئەو لەشکرە خنکاون. (٢٥) گەلێ کانی و باغاتیان لە پاش بەجێ مان. (٢٦) فرە کێڵگەو کۆشک و سەرسەرای بەنرخیش. (٢٧) خێروبێرێکیش کەتێدا لەوپەڕی خۆشیدا دەژیان. (٢٨) ئابەم جۆرەو؛ دامان بە گەلێکی دیکە. (٢٩) نە ئاسمان شینی بۆگێڕان، نە زەمینیش. ھەر مۆڵەتیشیان پێ نەدرا. (٣٠) تۆرەمەی ئیسڕائیلیشمان لەوئازاری پڕسووکایەتی ڕزگار کرد: (٣١) لە فیرعەونێ؛ کە خۆی زۆر بەزل دەزانی و لەوانەبو کە لەئەندازە دەردەچن. (٣٢) ئەوانیشمان بەدانستە - لەچاو خەڵکی ھەمودنیا - بەڕێزترگرت. (٣٣) ھێندەشمان نیشانەدانێ کە ئاشکرا، ببن بەمایەی ئەزموونێ. (٣٤) وا ئێستا ئەمانە ئێژن: (٣٥) ھەر بۆ یەکەمجار کە دەمرین، تازە زیندوو نابینەوە. (٣٦) سا ئەگەر بەڕاستیتانە، باوانەکانمان بۆبێنن. (٣٧) ئاخۆ ئەمانە باشترن، یاخۆ گەلی «توببەع» و پێشینەکانیان؟ کە قڕانمان تێ خستون؛ چون تاوانباربون. (٣٨) ئێمە ئەو ئاسمانانەو زەمینەو ھەرچی لە ناو ئەودوانەدا، بۆ گەمەمان سازنەداوە؛ (٣٩) ھەر بۆڕاستی ھەموومان وەدی ھێناون؛ بەڵام زۆربەیان نازانن. (٤٠) ژوانی ھەموویان ڕۆژی ھەڵاواردنە. (٤١) ئەوڕۆژە دۆست لەمەڕ دۆستی ھیچ کارێکی لەدەس نایەو کەسیش دەھانایان نایە. (٤٢) مەگین کەسێ وەبەر بەزەی خوداکەوێ؛ کە ھەرخۆی بەدەستەڵات و دلۆڤانە. (٤٣) بەری دارەکەی ژەقنەموت، (٤٤) خواردنی گوناھبارانە. (٤٥) کە چەشنی خڵتەی ڕۆن زەیتون، لە ناو سکاندا دێتەکوڵ؛ (٤٦) وەک کوڵینی ئاوی گەرم. (٤٧) سا بیگرن و ڕای بکێشن بۆناوەڕاستی جەھەندەم. (٤٨) ئەوساکەش ھەر بۆئازاردان، ئاڤاکەلی بەسەرداکەن. (٤٩) دەبچێژە! تۆیەکی کە لە دنیادا ھێژای خاوەن دەستەڵات بوی. (٥٠) ئەوە ئەوشتە ھاتەدی کە ئێوە لێی بەگومان بوون. (٥١) ئەوا خۆپارێزەکانیش وان لەشوێنێکی ھێمندا. (٥٢) لە نێوانی کانیاوان و باغاتاندا، (٥٣) پارچەی ناسک و ئەستوری لەھەڤرەمیش لخۆدەکەن؛ ھەموو بەرانبەربەیەکن. (٥٤) زۆریش کیژی چاوکەژاڵی سپی و سۆڵمان بۆھاوسەری پێ بەخشیون. (٥٥) لەوێدا ھەرمیوەیەکی بەدڵیانە، بەئارخەیانی دەخوازن. (٥٦) جگە لە مەرگی ھەوەڵێ، لەوشوێنەدا تامی مردنێ ناچێژن و لەئازاری دۆژەھیشی پارازتگن. (٥٧) چاکەیەو پەروەرندەی تۆ کردویەتی. ئەمەش بەختەوەریەکی زۆرگرینگە. (٥٨) ھەربۆیە وا بەھاسانی بەزمانی تۆمان بەڕێ کرد، کە شایەت بیرکەنەوە. (٥٩) سا تۆ چاوەنۆڕی بکە، ئەوانیش وا چاوەنۆڕن. ++++++++++++++++++++++