شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: زوخروف وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) حا، میم. (٢) بەم کتێبە، کە ھەموشت نیشان دەدا. (٣) بڕیارماندا ئەم قوڕعانە عەڕەبی بێ؛ بەشکوو بتوانن تێ بگەن. (٤) ئەمەش لە ماکی کتێبدا – لە لای ئێمە – گەلێ پایە بەرزەو پڕە لە کارزانی. (٥) ھەرچەند ئێوە کۆمەڵێ بلەوەزیش بن، ئاخۆ ئێمە لەم بیرەوەریە وازدێنین. (٦) ئێمە فرە پێغەمبەرمان ناردۆتە لای کۆمەڵانی بەرلەئێوە. (٧) ھەر کەسیشمان بەپێغەمبەری بۆ ناردن، ھەرگاڵتەیان پێکردووە. (٨) ئێمە زۆردارتر لەوانمان قڕکردووە؛ سەربھوردی پێشینەکان ڕابردوە. (٩) ئەگەر تۆ لەوانە پرسی: کێ عاسمانان و زەمینی وەدی ھێنا؟ ئێژن: بێ شک خودای خاوەن دەستەڵاتی زانا دروستی کردوون. (١٠) ئەو کەسێکە ئەم زەمینەی بۆ ئێوە کردەڕایەخ و ڕێگەی بۆپێداکێشاون؛ شایەتا شارەزاببن. (١١) ھەر ئەویشە لە ئەندازە ئاوی بارانی ناردەخوار؛ سەرزەمینی مریمان پێ بوژاندەوە. ئێوەش وا دەخرێنەدەرێ. (١٢) ھەر ئەویشە ئەم ھەموو جفتەی دروس کرد؛ گەمی و پاتاڵی وەھاشی بۆ ئێوە وەدی ھێناوە، سواریان دەبن. (١٣) ئەشێ ھەرگا لە سەر پشتیان حەسانەوە، ئەوسا چاکەی پەروەرندەتان لەبیربێ و بێژن: پاکی و بێ عەیبی بۆئەوکەسەیە کە ئەمەی ڕامی ئێمە کرد؛ دەنا بۆمان ڕام نەدەبون. (١٤) ئێمەش گشمان بەرەو پەروەرندەی خۆمان دەچینەوە. (١٥) فرزەندیان لە بەندەکانی خۆی بۆدانا! ڕاستی مرۆ بەئاشکرا پێ نەزانە. (١٦) ئاخۆ لە ناو ئەوانەدا – کە ھەرخۆی دروستیان دەکا – کچانی داوە بەخۆی و کوڕانیشی کردۆتە تایبەتی ئێوە؟ ! (١٧) کەچی ھەرگا یەکێ لەوان مژدەی ئەوەی پێ بدرێ وا خۆی پێیوایە بۆ خودایە، ڕوخساری ڕەش دادەگەڕێ و لەڕکان پیش دەخواتەوە. (١٨) ئاخۆ کەسێ لە خشڵا بەخێوکرابێ و لەشەڕیشا نەخۆیابێ، بۆ خوا دەبێ؟ (١٩) ئەوفریشتانەی ھەموویان بەندەی خودان، بە مێوینەیان داناون. دەبێ خۆیان لەوێ بوبن کە ئێمە وەدیمان ھێنان! شایەتیەکەیان دەنوسرێ و لێان دەپرسرێتەوە. (٢٠) ئێژن: ئەر خوا حەزی کربا، ئێمە نەماندەپەرستن. لەمەشدا دورە زانستن؛ ھەر درۆیان ھەڵدەبەستن. (٢١) ئاخۆ ئێمە - بەرلە قوڕئان - کتێبێکمان بەوان داوە، کە ئێستا بیکەنە بەڵگە؟ (٢٢) بەڵکە ئێژن: باب و کاڵمان لە سەر ئاینێک ڕۆیشتون، ئێمەش پەیڕەوی ئەوانین. (٢٣) ھەر بەم تەرزە بەرلەتۆش ھەرپێغەمبەرێکمان ناردۆتە ھەر ئاوەدانیەک کە لە ئێمەوە ترسیان وەبەرنێ، ھەموو خۆشگوزەرانەکانی ئەوانە، گوتویانە: باب و کاڵمان لە سەر ئاینێک ڕۆیشتون، ئێمەش پەیڕەوی ئەوانین. (٢٤) گوتویەتی: ئەدی ئەگەر من ڕێیەکتان نیشان بدەم کە لەڕێی باب و باپیرتان دروس تر بێ؟ گوتویانە: ئێمە بەوەی ئێوە بۆی بەڕێ کراون، باوەڕناکەین. (٢٥) ئەوسا ئێمە تۆڵەمان لێ کردوونەوە. سا بڕوانە ئاکامی بێ باوەڕەکان بەکوێ گەیشت. (٢٦) ئیبڕاھیمیش بە ئاپ و ھۆزەکەی خۆی گوت: من بێزارم لەوەی ئێوە دەیپەرستن؛ (٢٧) مەگین لەکەسێ منی دروس کردووە؛ کە خۆی ڕێگەم نیشان دەدا. (٢٨) کارێکی کرد ئەم وتارەی لەپاشەخۆی بۆنەتەوەی ھەربمێنێ؛ شایەتا بپرینگێنەوە. (٢٩) ئاوەنیش و باب و کاڵی ئەوانیشم لەژیان بەھرەوەر کرد، تا ئەم ڕاستەو پێغەمبەری ڕێ نیشان دەریان ھاتەلا. (٣٠) وەختێ ڕاستەکەیان بۆھات، گوتیان: ئەمە جادویەکەو ئێمە بڕوامان پێی نیە. (٣١) گوتیشیان: بۆ ئەم قوڕعانە، بۆپیاوێکی بەوەجی ئەم دوباژێڕە نەھاتەخوار. (٣٢) ئاخۆ ئەوان بەزەیی پەروەرندەی تۆ دابەش دەکەن؟ ئێمە بژیوی ئەوانمان لە سەر دنیا بۆبەش کردون. ھێندێکمان لەچاو ھێندێکان پایەبەرزترکردووە، تا ھێدێکیان ڕاژەبە ھێندێکان بکەن. بەزەیی پەروەرندەی تۆ لەوشتەی کۆی دەکەنەوە، ھێژاترە. (٣٣) خۆئەگ ەر بڕیاروانەبا، مەردم یەک تیرەبن، وامن دەکرد میچ وبان وپلەکانی ماڵەکانی ئەوانەی خودانەناسن، لەزێو بوایەو بەڕێزەپلەکاناندا سەریان کەون؛ (٣٤) ھەمودرگای ماڵەکانیشیان لەزێو بوباو تەختی زێوینم دەدانێ، کە لەسەریان پاڵ دەنەوە؛ (٣٥) شتێ تری ھەمەڕەنگیش. گشت ئەمانە ھەر بۆخۆشگوزەرانی ژینی ئەم دنیان؛ ماڵی ئەولاش پەروەرندەت ھەر بۆ ئەوانەی داناوە کە لە خوای خۆیان دەترسن. (٣٦) ھەر کەس لەڕاست یادی خودا حەزدەکا کوێرایی دابێ، ھەمدەمێکی شەیتانی لێ پەیدادەکەین. (٣٧) ئیتر ھەر ئەوھاودەمانە لە ڕێگە ھەڵەیان دەکەن؛ لاشیان وایە ڕاستەڕێ یان دیوەتەوە. (٣٨) تائەوکاتەی دێتەلامان؛ ئێژێ: خۆزی مەو دای نێوانی من و تۆ، بەقەد نێوان خۆرھەڵات و خۆرنشین لە یەکتر دوربا؛ چەند ھەمدەمێ نالەباربوی. (٣٩) ئیتر ئەمڕۆ [ئەم قسانە] دادونادا؛ چونکو ئێوە غەدرتان [لەخۆ] کردووە. ئەشێ گشتو پێکەوە جەزرەبە بدرێن. (٤٠) ئاخۆ گەرەکتە گوێ کپان لێت ببیسن؟ یاخۆ کوێران و ئەوانەی ئاشکرا لەگومڕاییدان شارەزای ڕاستەڕێ بکەی؟ (٤١) ئەگەر تۆ لەم ناوە لابەین، ئێمە دیارە تۆڵەیان لێ دەکەینەوە. (٤٢) یان ئەوشتەی بەڵێنمان بەوانەداوە، وادەکەین بۆ خۆت بیبینی. ئێمە باشیان لەسەرزاڵین. (٤٣) لە سەر ئەوەی بە تۆ ڕاگەیەندراوە پێ دابگرە؛ کە تۆ لە سەر ڕێگەی ڕاستی. (٤٤) ئەم قوڕئانە بۆتۆش و بۆھۆزەکەشت دەبێتە ھۆی بیرەوەری و لەپاشانیش دەربارەی ئەم لێو دەپرسن. (٤٥) لەوپێغەمبەرانەش پرسە کە بەرلەتۆ ناردراون ئاخۆ مە بڕیارمان داوە - غەیرەز خودا - ھیچ شتی تر پەرستوبێ؟ (٤٦) مووساشمان وەل نیشانەکانمان ھەناردە لای فیرعەون و پیاوە کاربەدەستەکانی؛ گوتی: من لە ڕاھێنەری گش دنیاوە ناردراوم. (٤٧) کاتێ نیشانەکانی مەی لە بەر ڕانان، لەپڕ ھەموو لە تریقەی پێکەنینیاندا. (٤٨) ھەر نیشانەیەکی خۆمان نیشانی ئەوانە دەدا، لە نیشانەکەی پێشەوە گرینگتربو. تووشی ئازاریشمان کردن، بەشکەمێ بگەڕێنەوە. (٤٩) وتیان: ئەی کاکی جادوگەر! لە پەروەرندەت بخوازە، ئەو پەیمانی بەتۆی داوە پێکی بێنێ؛ ئەوسا باوەڕت پێ دێنین. (٥٠) لە پاش ئەوەی بەڵاشمان لە سەر لابردن، ئەوان پەیمان شکێنیان کرد. (٥١) فیرعەون بۆژێردەستانی جاڕی کێشاو گوتی: گەلۆ! ئاخۆ ھەموو ھەردی میسرو ئەوچۆمانەی بەبەرمندا فڕکەیانە، موڵکی من نین؟ ئێوە خۆتان نەتاندیوە؟ (٥٢) من چاکتر نیم لەو کاورایە کە ھیچ نمودێکی نیەو باش نازانێ قسەش بەڕەوانی بکا؟ (٥٣) ئەدی بۆچی گەوی زێڕی لەحەواوە بەسەردا فڕێ نەدراوە، یان فریشتە بەگەل دەگەڵی نەھاتوون؟ (٥٤) زانی کاری ژێردەستەکانی سڤکە؛ گش بەفەرمانی ئەویان کرد. ئەو ھۆزێک بوون لەڕێ لادەر. (٥٥) کە ھەرئێمەیان ڕک ھەستاند، تۆڵەی خۆمان لێ کردنەوەو سەرلەبەرمان بەخنکان دان. (٥٦) کارێکمان کرد ببنە چیرۆک و نموونە بۆئەوانی لە دوایی دێن. (٥٧) ئەودەمەش کە سەربھوردی کوڕی مریەم ھاتەگۆڕێ، ھۆزەکەی تۆ لەخۆشیان کردیان بەھەرا. (٥٨) گوتیان: ئاخۆ ئەوانەی پەرستومانن لەو چاکترنین؟ ئەمەیان ھەر بۆ گێچەڵێ ھێنایە پێش، چون ئەمانە کۆمەڵێکن شەڕ دەفرۆشن. (٥٩) ئەو ھیچ نەبوو عەبدێک نەبێ؛ ئێمە چاکەمان دەگەڵ کرد و کردمان بەنموونەیەک بۆ وەچ و بەرەی ئیسڕائیل. (٦٠) خۆ ئەگەر مەیلمان لێ بایە، چەند فریشتەیەکمان لە ئێوە وەدی دێناو دەمانکردن بەجێ نشین لەسەرزەمین. (٦١) ئەو یەکێکە لەنیشانەکانی قیامەت. شکت لەھاتنی نەبێ و پەیڕەوی ھەر لە من بکەن؛ ئەمە ڕێگەیەکی ڕاستە. (٦٢) شەیتانیش ڕێگاو لێ نەگرێ؛ ئەو ئاشکرا دوژمنتانە. (٦٣) ئەوسا عیساش بەچەند بەڵگەی دیاری دەرەوە ھاتبو، گوتی: من وا ڕێگەو شوێنی لەکارزانیم بۆھێناون؛ تا بڕێکیش لەوەتان بۆڕون کەمەوە کە لەسەری کێشەتانە؛ سا لە خودا ترسو ھەبێ و شوێن من کەون. (٦٤) پەروەرندەی من و ئێوە ھەرخودایە؛ بیپەرستن؛ ئەمە ڕێگەیەکی ڕاستە. (٦٥) جا کۆمەڵان کێشەیان لە ناو پەیدابو. بۆ ئەوانەی غەدرێبکەن واوەیلایە لەئازاری ڕۆژێکی تووش. (٦٦) ئاخۆ غەیرەز ڕۆژی قیامەت چاوەنۆڕی چی تر دەکەن؛ کە لەپڕ لێان ڕودەداو پێش ناحەسن؟ (٦٧) ئەوێ ڕۆژێ یاران ھەموو دەبنە نەیاری یەکتری؛ جا مەگین خۆپارێزەکان. (٦٨) ئەی ئەوانەی کە ھەرخۆمتان پەرستوە! ئەوێ ڕۆژێ نە ترسێکتان لە سەر ھەیە، نە خەم دەخۆن. (٦٩) ئەوی بڕوایان ھێناوە بەنیشانەکانی ئێمە و ھەر بەرفەرمانی خۆمان بون، (٧٠) بچنە بەھەشت؛ لەئێوەو لە ھاوسەرانو خۆش ڕادەبرێ. (٧١) بە سینی و زەرکی زێوینە لە دەوریانا دێن و دەچن. ھەرچی دڵ ئارەزووی دەکا و چاو لەزەتی لێ دەبینێ، تێداھەیەو ئێوەش لەوێدا نامرن. (٧٢) ئەمە ھەر ئەو بەھەشتەیە کە بە ھۆی کردەوەکانتان، وا بۆ ئێوە ماوەتەوە. (٧٣) میوەی زۆری تێداھەیەو بۆئێوەیەو لێان دەخۆن. (٧٤) تاوانبارانیش ھەتاسەر لەئازاری جەھەندەم دان و دەرناچن. (٧٥) ھەرگیز وچانیان پێ نادرێ و ھەر لەوێدا بەناھومێدی داماون. (٧٦) ھیچ غەدرێکمان لێ نەکردن؛ بەڵام خۆیان غەدریان لە خۆیان دەکرد. (٧٧) ھانادەبەن بۆگزیری جەھەندەمێ: پەروەرندەت ئەم ژینە چەرمەسەرەمان بۆنەھێڵێ. ئێژێ: ھەر لێرە دەمێنن. (٧٨) ئێمە ڕاستیمان بۆھێنان؛ بەڵام زۆربەی زۆر لە ئێوە ڕاستیو دەدزا. (٧٩) ئەگەر ئەوان لە سەر کاری خۆیان سوربون، ئەوا ئێمەش لە سەر کاری خۆمان سورین. (٨٠) ئاخۆ ئەوان پێان وابو ئێمە نھێنی و سرتەیان لێ نابیسین؟ دەیبیسین و چەندێکیشمان ڕاسپاردون وان لەلایان و دەنووسن. (٨١) بێژە: ئەر خوا فرزەندی بێ، من یەکەمین کەسێکم کە دەیپەرەستم. (٨٢) پەروەرێنی ئاسمانان و زەمین و عەرش، ھیچ کەمایەسیەکی نیەو، بەدورە لەو تۆمەتانەی ئەوانە بۆی ھەڵدەبەستن. (٨٣) لێان گەڕێ باھەرپڕوپوچ بوێژن و خەریکی گاڵتەکردن بن؛ ھەتا تووشی ئەوڕۆژە دێن کە بەڵێنیان پێدراوە. (٨٤) ھەر ئەویشە لە عاسمانێدا خودایە و لە زەمینیشدا خودایە و ھەر ئەویشە لەکارزانەو زۆر زانایە. (٨٥) پاکی و گەورەیی بۆکەسێ کە ئاسمانان و زەمین و چی لە ناو ئەم دوانەدایە، گش بۆئەوە؛ ئەو دەزانێ چ وەختێ سەڵاڕادەبێ و دەتانھێننەوە بۆ لای ئەو. (٨٦) ئەو شتانەی غەیرەزخوان و ئەوانە دەیانپەرستن، نکارن ببنەتکاکار؛ مەر کەسانێ کە بەڕاستی و زانینەوە شایەتی بەن. (٨٧) ئەگەر لە خۆیان بپرسی، کێ ئەوانی وەدی ھێنا، ئێژن: خودا. دەی چۆن لەھەق کلادەبن؟ (٨٨) نزای ئەویش کە: ئەی پەروەرندەکەی من! ئەمانە دەستەخەڵکێکن ئامادەنین بڕوابێنن. (٨٩) سا تۆ لەوانە وازبێنەو بێژە: ئێستا بێ ترس بن، لەمەوبەولاوە دەزانن. ++++++++++++++++++++++