شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: نیساء وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەی خەڵکینە! لە پەروەرندەکەی خۆتان ترسوو ھەبێ، کە ھەر ئەوە ئێوەی ھەر لە یەک کەسەوە خستۆتەوە و جووتەکەشی ھەر لەو کەسە خستۆتەوە و لەو دووانەوە پیاوی زۆر و ژنی زۆری وەدی ھێنا. لەو خودایە ترسوو ھەبێ؛ بە ناوی ئەو، ئێوە یەکتری سوێند دەدەن؛ ئاگاو لە خزمانیش ھەبێ. خوا ھەمیشە چاوێرە بەسەرتانەوە. (٢) ماڵی ھەتیو بدەنەوە بە ھەتیوان. ناپاک بە پاک مەگۆڕنەوە و ماڵی ئەوان تێکەڵ ماڵی خۆتان مەکەن؛ کە تاوانێکی مەزنە. (٣) ئەگەر لەمەڕ کیژە ھەتیوەکانەوە، لەوە ترسان کە نەتوانن بە تەرزێکی حەق و ڕەوا دەگەڵیان بجووڵێنەوە، دەتوانن وازیان لێ بێنن و ژنانی تر - چەندی خۆتان پێتان باشە و پێتان دەشێن - مارە بکەن؛ دووان بن یان سییان پێکەوە، یا چواریش بن ھەر ڕەوایە. ئەگەر ترسان کە نەتوانن ژنەکانتان وەکوو یەک تماشا بکەن، با یەکێک بێ وەل ئەوانە ڕابووێرن کە بوونەتە موڵکی خۆتان. بۆ خۆ لە غەدر پاراستن، ئەمە کارێ پەسندە. (٤) وەک پێشکەشێک مارەییی ژنەکان بدەن. ئەگەر ئەوان ھەر بۆ خۆیان شتێکیان لە مارەیییەکە بەنگۆ بەخشی، بیخۆن و نۆشی گیانوو بێ. (٥) ماڵی خۆتان - کە خوا کردوویەتە مایەی گوزەرانتان - مەدەنە دەست کەمئاوەزان؛ [بەڵام] جلک و بژیویان لە ماڵی خۆتان دابین کەن و بە ڕووی خۆشەوە بیاندوێنن. (٦) ھەتیوان تاقی کەنەوە تا دەبنە گەنجێ ڕەسیدە؛ جا ئەر دیتان خاس و خراپ لە یەکتر جوێ دەکەنەوە، ئەوسا ماڵیان بدەنەوە. لە ترسی ئەوەشدا نەوا گەورە ببن - بەدەر لە ئەندازە و بەلەز - ماڵیان مەخۆن. کێ زەنگینە خۆ پارێزێ، کێش نەدارە، ھەر ئەوەندەی کە پێویستیی ژیانیەتی - بە دابی ڕۆژ - لێی ھەڵگرێ. ھەرکاتێکیش ماڵەکەیان دەدەنەوە، با شایەت ئاگایان لێ بێ. بۆ لێ پرسینەوەش ھەر خودا بەسە. (٧) لە کەلەپووری دای و باب و خزمی نزیک - کەم بێ یان زۆر - نێرینە بەشی خۆی ھەیە و مێوینەش تیا بەشدارە و بەشیان بۆ بڕیار دراوە. (٨) گەر لە وەختی دابەشینی کەلەپووردا، کەسوکار و ھەتیوان و بێنەوایان لەوێ ھەبوون، لەو ماڵە شتێکیان دەنێ و بە ڕووی خۆشەوە بیاندوێنن. (٩) ئەو کەسانەی لەپاش خۆیان منداڵانی سەروپێچکەی بێدەستەڵات بەجێ دێڵن، با لە وەسیەت کردنێدا، ترسی خوایان لە دڵدا بێ و شتێکی وا لەپاش خۆیان ڕاسپێرن، ھیچ ناھەقیی تێدا نەبێ. (١٠) ئەو کەسانەی بە ناڕەوا داراییی ھەتیوان دەخۆن با بزانن کە ئاگرێ دەخەنە ھەناویانەوە و تووشی ئاگرێکی بە ھەڵپە و گڕ دەبن. (١١) خودا پێو ڕادەگەیێنێ: کەلەپوورتان با بۆ نێرینە دوو بەش و بۆ مێوینە نیوەی بەشی نێرینە بێ. گەر ژمارەی مێوینە لە دووان پتر بوون، دوو بەش لە سێ بەشی میراتەکە ئەبەن. ئەگەر مێوینە یەکێ بوو، نیوەی کەلەپوور بۆ ئەمە. ئەگەر مردوو عەولادی لەپاش بەجێ ما، دای و بابی، ھەرکامێکیان شەش یەکیان لەو ماڵە ھەیە. ئەگەر ھیچ فرزەندی نییە و دای و بابی دەبێ میراتەکە بگرن، لە سێ کوت، کوتێک بۆ دایکە. ئەگەر مردوو برا و خوشکی بەجێ ھێشتوون، پاش دانەوەی قەرزوقۆڵە و پێکھێنانی وەسیەتەکە، دایک شەش یەکی پێ دەبڕێ. ئێوە نازانن لە بابان و فرزەندانوو کامیان بۆ بەھرە پێدانوو نزیکترن. بڕیارێکە لە خواوە بۆو داندراوە. خودا زانای لەکارزانە. (١٢) لەو میراتەی لە ژنانوو بەجێ دەمێنێ - ئەگەر ھیچ فرزەندیان نەبوو - لە دوو بەش بەشێکتان ھەیە. ئەگەر عەولادیشیان ھەبوو، ئێوە چوار یەکوو پێ دەبڕێ؛ پاش دانەوەی قەرزوقۆڵە و وەسیەتێ کە کردوویانە. ئەگەر ئێوە مردن و عەولادوو نەبوو، ژنەکانوو چوار یەکی میراتوو دەگرن. ئەگەر عەولادیشتان ھەبوو، ژنتان ھەشت یەکیان پێ دەبڕێ؛ پاش پێکھێنانی وەسیەتتان و دانەوەی قەرزوقۆڵە. ئەگەر پیاوێ یاکوو ژنێ مرد و باب و فرزەندی لێ بەجێ نەما و برایەک یا خوشکێکی بوو، ھەریەک لەوان شەش یەکی کەلەپووری ھەس. ئەگەر لە یەکێک پتر بوون، بە ھەموویان سێ یەکی کەلەپوور دەگا؛ پاش پێکھێنانی وەسیەت و دانەوەی قەرز. ناشێ وەسیەت بە جۆرێک بێ کە بە ئانقەست بە زەرەری کەلەپوورگران تەواو بێ. ئەم بڕیارە لە خوداوەیە و خوداش بۆ خۆی ئاگادار و لەسەرخۆیە. (١٣) ئەم دەستوورانە سنوورن، خوا دایناوە. ھەرکەسێکی بە فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی بێ، دەینێرێتە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن و لەوپەڕی بەختەوەریدان. (١٤) ھەر کەسێکیش لە فەرمانی خوا و پێغەمبەرەکەی دەرچێ و سنووری خوا بە ھیچ بگرێ، دەیخاتە دووڕ ئاگرەوە و ھەتا سەر ھەر لەوێ دەبێ و بەوپەڕی سووکایەتییەوە ئازار دەدرێ. (١٥) ھەر ژنێکتان کە ھەستوو کرد نامۆیان بە خۆ فێر دەکەن، چوار کەسی خاوەن باوەڕیان بەرنە سەرێ - لەو عانەدا کە لێک جووت بوون - وەختێ ئەوان ھاتن شایەتییان لەسەر دان، ھەر لە ماڵدا قەتیسیان کەن تا بە مردن لەناو دەچن، یان تا خودا دەرەتانیان نیشان دەدا. (١٦) ئەو جووتەی لە ئێوە ئەو کارە دەکەن، ئازاریان دەن. ئەگەر پەشیمان بوونەوە و دەستیان ھەڵگرت و ڕێی چاکەیان گرتە بەر، ئێوە دەستیان لێ ھەڵگرن. خوا لە پەژیوان دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٧) خودا تۆبە ھەر لەوانە قبووڵ دەکا کە لە ڕووی نەزانینەوە خراپەیان لێ ڕوو دەدا و گورجێ پەژیوان دەبنەوە. خودا زانای لەکارزانە. (١٨) ئیتر پەژیوان بوونەوەی ئەوانە ھیچ بەھرەی نییە کە لە وەختی گیانەڵاودا دەڵێن: ئێمە پەژیوانین. پەژیوانیی ئەوانەشی قبووڵ نییە کە بە خوانەناسی دەمرن. ئێمە بۆ وان ئازارێکی زۆر بەژانمان ساز کردووە. (١٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆتان ڕەوا نییە ژنان بە زۆرداری بکەنە ماڵی میراتی. نابێ زۆریشیان بۆ بێنن بڕێک لەوەی پێتان داون دیسان لێیان بستێننەوە؛ جا مەگین ھەر بە ئاشکرا کاری بێناموسی بکەن. بە تەرزێکی جوان و ڕەوا، دەگەڵیانا بجووڵنەوە. ئەگەر خۆشتان نەھات لێیان، شتی وا ھەن حەزی لێ نەکەن و چاکەی زۆری لە خواوە بۆنگۆ تێدا بێ. (٢٠) ئەگەر ویستوو ژنی خۆتان بە ژنێکی دیکە وەگۆڕن، ئەگەر بە ژنەکەی پێشووتان کلوورێک دراوتان دابێ، نابێ لێیان بستێننەوە. گەرەکتانە بە بوختان و بە خۆ تووشی گوناحی ئاشکرا کردن بیستێننەوە! ؟ (٢١) جا چۆنیان لێ دەستێننەوە، کە ئێوە بەیەکەوە بوون و ھەر لە جێوبانێکدا خەوتوون؛ خۆشیتان لە یەکتر دیوە و ئەوان پەیمانی پتەویان دەگەڵ ئێوەدا بەستووە! ؟ (٢٢) ژنانێک مەخوازن کە باوانی ئێوە خواستوویانن، مەگەر ئەوەی کە بووریوە. چونکە سەرجێی ئەمانە بە داوێنپیسی دادەندرێ و زۆر شوورەیییە و ڕێبازێکی زۆر خراپە. (٢٣) ئەو ژنانەی پێو ناشێن و لەسەرتان حەرام کراون، بریەتین لە: دایک و کچ و خوشک و پلک و خاڵتیک و کچی برا و کچی خوشک و ئەو ژنانەی بە ساوایی شیری ئەمانوو خواردووە و ئەو کیژەی ھاوشیرتان بووە و خەسووتان و ئەو کیژانەی خۆتان بە خودانوو کردوون و لەو ژنانەن کە ئێوە دەگەڵیان خەوتوون؛ ئەگەر دەگەڵیان نەخەوتوون قەیدی نییە. ھەروەھا ژنی کوڕیشتان؛ کە بە ڕاستی ئەو کوڕە ھەر لە خۆتان بێ؛ دوو خوشکیش پێکەوە ھێنان ڕەوا نییە؛ جا مەگین ھەر لە پێشوودا ئەم کارەو بەسەر ھاتبێ. کە خوا لە ھەڵە دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٤) ژنی بەشووتان پێ ناشێ؛ مەگین ئەوانەی بوونەتە ماڵی خۆتان. لە خوداوە ئەم بڕیارەو بۆ نووسراوە. جیا لەمە ڕێو دراوە بە دراوی خۆتان ژن بێنن؛ بەڵام بە پاکی بێ، نە بە داوێنپیسی. لە بەرانبەر ئەو لەزەتەی لە ژنەکانی دەبینن، ئەو ماڵەی خودا بۆیانی بڕیار داوە و کرای خۆیانە لەسەرتان، ئێوە بیدەن. ئەگەر لەپاش دیاریکردنی مارەیی، لە نێو خۆتاندا پێک ھاتن، ھیچ گوناھێکوو ناگاتێ و خودا زانای لەکارزانە. (٢٥) کێش دەستەنگە و ئەو ماڵەی بۆ ھەڵناسووڕێ کە ژنی خاوەن باوەڕی ئازاد بێنێ، با لەو کیژە باوەڕدارانە وا بوونەتە ئی خۆتان، مارە بکا. خوداش لە ھەر کەس زیاتر لە بڕواتان ئاگادارە. ھەمووتان تیرەی یەکترن؛ بە دەستووری خاوەنیان مارەیان بکەن. چۆن باوە لە ناو خۆتاندا مارەیییان بۆ ببڕنەوە. ئەوانیش با کەنیزانێ داوێنپاک بن، نە داوێنتەر؛ لە ژێرەوە دۆستی نێرینەیان نەبێ. بەڵام ئەگەر لەپاش ئەوەی ھاتنە بەر ڕکێفی ئێوە، دەستیان دەگەڵ پیاوی نامەحرەم تێکەڵ کرد، ئازاردانیان نیوەی ئەو ژنانە دەبێ کە شوویان ھەیە و ئازادن. ئەمە بۆ ئەو کەسانەیە ڕەبەنی ئازاریان دەدا. ئەگەر ئێوە خۆڕاگر بن، بێگومان بۆتان باشترە. خودا لە ھەڵە دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٦) خوا گەرەکیە ڕێتان بۆ ڕوون بکاتەوە و لە ڕێوشوێنی پێشینییانیش شارەزاو کا و پەژیوانیو لێ قبووڵ کا. خودا زانای لەکارزانە. (٢٧) خودا دەیەوێ تۆبەتان لێ قبووڵ کا. ئەوانەش وا ئەکەونە شوێن ھەوا و ھەوەس، دەیانەوێ - بە تەواوی - ئێوە لە ڕێگە لا بدەن. (٢٨) خوا گەرەکیە ئەرکتان لەسەر سووک بکا و مرۆش بێ ھێز و پێزی دروست بووە. (٢٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ماڵ و داراییی یەکتری - لە خوتوخۆڕایی - مەخۆن؛ مەگین بە سەودا و مامڵە و بە ڕازی بوون لە ناو خۆتان؛ کە ئەوسا پێتان ڕەوایە. بەھەق نەبێ، نابێ یەکتریش بکوژن. خودا دەربارەی ھەمووتان دلۆڤانە. (٣٠) ھەرکەسێکیش لە ناھەق و ھەر بە نیازی دەسدرێژی ئەم جۆرە کارانە بکا، گرفتاری ئاری دەکەین. ئەم کارە لەلایەن خودا زۆر ھاسانە. (٣١) ئەگەر ئێوە ئەو تاوانە زەلامانەی پێمان ڕاگەیاندوون نەیکەن و خۆتان دوورەپەرێز بگرن، ھەڵە و پەڵەی دیکەتان لەسەر لا دەبەین و دەتانبەینە شوێنێکی بەقەدر و عیزەت. (٣٢) نابێ ئاوات بەو شتانە بخوازن کە خودا بەوانە ھێندێک لەنگۆی بەرانبەر بە ھێندێکی تر سەر خستووە. پیاوان بەپێی کردەوە و کۆششی خۆیان، ژنەکانیش بەرانبەر بە کردەوەیان [ھەر کام] بەشی خۆیان ھەیە. ئێوە دەبێ ھەر لەبەر خودا وەپاڕێن، چاکەتان دەربارە بکا. خودا بۆ خۆی لە ھەموو شت ئاگادارە. (٣٣) دای و باب و خزمە زۆر نزیکەکان و ئەو کەسانەی پەیمانوو دەگەڵ گرێ دان، ھەرگا مردن و ماڵێکیان لە دووا مابوو، با بەشی خۆیان پێ بگا. خودا لەسەر ھەموو شتی ئاگادارە. (٣٤) پیاوان بەسەر ژناندا دەستەڵاتیان ھەس، کە خوا ھێندێکی لە ھێندێ ھێژاتر بەدی ھێناوە. دیارە پیاوان ئەرکی بەڕێچوونی ماڵیان لەسەر شانە. جا ژنانی باش ئەوانەن کە گوێبیسن و - وەک خودا فەرمانی داوە - دوور لە شوویان شەرمی خۆیان دەپارێزن و ئاگایان لە ماڵێ دەبێ. ئەو ژنانەش لە ئەشقی بوونیان دەترسن، نسحەت کەن و جێگەیان لێ جیا کەنەوە؛ ئەگەر لێشیان بدەن، دەبێ. ئەگەر دێنەوە بەر فەرمان، ئێوە بیانووی ئازاردانیان مەدۆزنەوە. خوا جێ بەرز و زانایە. (٣٥) ئەگەر ترسان کە ژن و شوو لێک دوودڵن و وێک ھەڵناکەن، کەیخودایەک لە کەسوکاری پیاوەکە و کەسوکارێکی ژنەکە بڵا ببنە ناوبژیکەر؛ ھەرگا ھەردووک لا ڕازی بوون پێک بێنەوە، خوا پێکیان دێنێتەوە، خودا زانا و ئاگادارە. (٣٦) عەبدایەتیی خوا بکەن و ھیچ شت مەکەن بە شەریکی. دەربارەی دای و بابتان و خزمەکان و ھەتیوان و ھەژاران و ھاوسای دیوار بە دیوار و ھاوسای دوور و ھەواڵی ھەمیشەییتان، ئەوانەی لە ڕێدا ماون و ئەوانەی بوونەتە موڵکتان، تا دەتوانن چاکە بکەن. ئەو کەسانەی لووت بڵند و خۆپەسندن، خودا ھیچکامی خۆش ناوێن. (٣٧) ئەو کەسانەی چکووسی دەکەنە پیشە و خەڵکیش بۆ ڕژدی ھان دەدەن، ئەو بەشەی خودا پێی داون دەیشێرنەوە. [با بزانن کە] ئێمە بۆ پێنەزانان ئازاری ئابڕووبەرمان ئامادەیە. (٣٨) ئەو کەسانەش کە بۆ ڕووبینی لە مەردم، ماڵی خۆ بەخت دەکەن و باوەڕیشیان بە خوا و ڕۆژی قیامەت نییە، [ھەواڵەتیی شەیتان دەکەن]؛ ھەر کەسیش شەیتان یاری بێ، خراپترین یاری ھەیە. (٣٩) چییان لێدەھات ئەمانە، باوەڕیان بە خودا و ڕۆژی سەڵا و ئەوسا لەو ماڵەی کە خودا بەشی داون، بیانبەخشیبا؟ خوا بە کاروباری ئەوان باش دەزانێ. (٤٠) خوا بە سەنگی مێروولەی زەردی وردیلەش ناھەقی لە ھیچکەس ناکا؛ بەڵام ھەمبەر بە ھەر چاکەیەکی بیکەن، دوو ئەوەندە پاداش دەدا و سەرەڕای ئەو پاداش دانەش خەڵاتی گرینگیان ھەیە. (٤١) دەبێ چۆن بێ ئەگەر ئێمە لە ھەر کۆمەڵێ ھاوئایین یەکێکمان لێ ھەڵبژاردن کە ببنە شایەت لەسەریان؟ تۆشمان کردە شایەتێک لەسەر ئەمانە. (٤٢) ئەوێ ڕۆژێ ئەو کەسانەی لە ڕێی خودا کلا بوون و بە قسەی پێغەمبەریان نەکرد، حەزێ دەکەن ڕێکی ڕووکاری زەوی بان؛ ناشتوانن ھیچ قسەیێک لە خودا وەشێرن. (٤٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەسەرخۆشی لە نوێژێ نزیک مەبنەوە، ھەتا تێبگەن دەڵێن چی. بە لەشپیسیش نوێژێ مەکەن - مەگین وەختێ ڕاگوزەر بن - تا کاتێ کە خۆ دەشۆرن ن ئەگەر - دنیابوو - نەخۆش بوون یان ڕێبوار بوون یان یەکێکتان لە سەر پێشاوێ ھاتەوە یان تخونی ژنان کەوتن و دەستوو بە ئاو ڕانەگەیشت، خۆڵێکی پاک پەیدا کەن و ڕووخسار و دەستەکانتانی پێ بھەنوون. خودا چاوپۆشیو لێدەکا و لێو دەبوورێ. (٤٤) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە کە بەشێک لە کتێبی خودایان پێدراوە، چۆن ڕێ لە خۆ ھەڵە دەکەن، دەشیانەوێ ئێوەش لە ڕێگە لا بدەن؟ (٤٥) خودا دوژمنانی ئێوە لە خۆتان باشتر دەناسێ، ئێوە ھەر خودا یاریدەرتان بێ، بەسە. (٤٦) ھێندێ کەس لە جوولەکەکان، وتاری خوا دەگۆڕن و قسەی تری دەخەنە جێ. بە تۆش دەڵێن: بیستمان و گوێمان نەدا؛ تۆش ببیسە: دەک قەت گوێت لە ئێمە نەبێ! زمانیان دەلالچ دەگرن و تانە لە دینت دەدەن و بە تەشەر ئێژن: «ڕاعنا». ئەگەر ئەمان بیانگوتایە: بیستمان و بە قسەت دەکەین و لێمان بیستی و دەبێ چاوێکت لێمان بێ، بۆیان چاکتر و ڕاستتر بوو. بەڵام خودا لە سەر ئەو ڕێ گۆڕینەیان نەفرینی خۆی لێ کردوون و لەوانە - کەمێکیان نەبێ - نایانەوێ بڕوا بێنن. (٤٧) ئەی ئەوانەی لە پێشوودا کتێبی خوداو بۆ ھاتبوو! بڕوا بێنن بەمەی ئێمە ناردوومانەتە خوارەوە؛ کە بڕوای بەوانەش ھەیە وان لە کتێبەکەی ئێوەدا. بەر لەوەی دەموچاوگەلێ ساف بکەین و وەکی پشتی سەریان لێ کەین، ئێوەش ھەروەک ئەوانەی شەمۆیان شکاند، بەر نەحلەتی ئێمە کەون و خوا بە ھەرچی فەرمان بدا ھەر وەدی دێ. (٤٨) خودا لەوانە خۆش نابێ کە بێژن ھاوکاری ھەیە. لەمە بەدەر ھەرکێ خودا مەیلی لێ بێ، لێی دەبوورێ. ئەو کەسانەی دەڵێن: خوا ھاوکاری ھەیە، بوختانێکی گەورەیان لە دەم دەردەچێ و تاوانێکی مەزن دەکەن. (٤٩) تۆ لەوانەت نەڕوانیوە کە ھەر خۆیان پاکانە بۆ خۆیان دەکەن؟ نازانن پاکانەی ھەر کەس بە خودایە و ھەر خودایە کە بە قەد ھەودای باریکی ناوکەخورماش ناھەقی لە ھیچ کەس ناکا. (٥٠) دەبڕوانە درۆی چلۆن بە دەم خواوە ھەڵدەبەستن؛ تاوان لەمە ئاشکراتر [نەبووە و] نابێ. (٥١) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە، کە وا بەشێک لە کتێبیان پێدراوە و بە بت و تاغووتێ بڕوایان ھێناوە؟ ئێژن: ڕێ خوانەناسەکان لە ڕێگەی بڕوادارەکان سەرڕاستترە! ؟ (٥٢) ئەوانە وەبەر نەحلەتی خودا کەوتوون؛ ھەرکێ خوا نەحلەتی لێ بکا، ھیچ کەسێ دەھانای نایە. (٥٣) ئاخۆ ئەمان بەشیان بەو موڵکەوە ھەیە؟ ئەگەر بیشیانبێ، ئەوەندەی تێکوڵی دەنکە خورمایەک بەھرەیان بۆ مەردم نییە. (٥٤) یان ئەوانە ئێرەیی بەمانە دەبەن کە خوا چاکەی دەگەڵ کردوون؟ خۆ دیاریشە ئێمە بە بەرەی ئیبراھیم کتێب و کارزانیمان داو دەستەڵاتێکی گەورەشمان پێ سپاردن. (٥٥) بڕێک بڕوایان پێ ھێنا و بڕێکتر ڕوویان وەرگێڕا؛ کە ئەوانە کڵی جەھەندەم [بەشیانە] بەسیشیانە. (٥٦) ئەو کەسانەی لە نیشانەکانی ئێمە حاشادەکەن، لە دواڕۆژدا بە ئاگر دەیان سووتێنین ھەتا پێستیان داپلۆخا، پێستی تریان بۆ دەگۆڕین تا ئازار پتر بچێژن. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٥٧) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەنی بڕوا و ئاکاری چاک ڕەچاو دەکەن، دەیانبەینە باغاتی وا جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن؛ ژنانی پاک لە گش عەیب و سێبەری پڕیان دەدەینێ. (٥٨) خودا فەرمانوو پێدەدا، ھەرچی ماڵی ئامانەتە بیاندەنەوە بە خاوەنیان؛ ھەرگایەکیش بەکاری مەردم ڕادەگەن، بێ لاگری و بە یەکسانی پێ ڕابگەن. خودا زۆر باش ئامۆژگاریتان بۆ دەکا. خودا ھەموو شتێک دەبیسێ و ھەموو شتێکیش دەبینێ. (٥٩) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بە فەرمانی خودا و پێغەمبەری خودا و کاربەدەستانی خۆتان بن. ھەرکاتێکیش لە سەر شتێ لە نێو خۆدا پێک نەھاتن، ئەگەر بڕواتان بەخودا و بەڕۆژی قیامەتێ ھەیە، کێشەی خۆتان حەواڵەی خوا و پێغەمبەری خودا بکەن. ئەم کارە بۆتان باشترە و ئاکامی چاکتری ھەیە. (٦٠) ئەدی ئەوانەت نەدیوە، وا خۆیان ھەڵخستۆتەوە، بەو قورعانەی بۆ تۆ ھاتۆتە خوارەوە و بەو کتێبەش کە بەر لە تۆ ناردراوە، بڕوا دەکەن؛ دەشیانەوێ کێشەیان بەرنە لای تاغووت؛ فەرمانیشیان پێدراوە: حاشای لێکەن. دیارە شەیتان وای گەرەکە بە یەکجاری لە ڕێگەیان ھەڵە بکا. (٦١) ئەگەر بێتوو پێتان بڵێن: وەرنە لای ئەم قورعانەوە کە خوا ناردوویەتە خوارێ و وەرنە لای ئەم پێغەمبەرە، دووڕازەکان دەبینی کە زۆر بەتوندی ڕوویان لە تۆ وەردەگێڕن. (٦٢) ئەدی چۆنە ئەوانە لە سەر کارێ خۆیان دەیکەن، ھەرگا تووشی بەڵایەک بوون، دێنە لات و بە خوا سوێن دەخۆن کە: ئێمە بە نیازی چاکە کردن و نێوان خۆشی ئەو ئاکارەمان ڕەچاو کرد؟ (٦٣) خوا دەزانێ ئەوانە چییان لە دڵدایە. ئەتۆ ھەر وازیان لێ بێنە و نسحەتیان کە و تەرزێکی وایان بدوێنە، دڵیان بەرەو خۆت ڕاکێشی. (٦٤) ھەر کەسێکمان بە پێغەمبەری ناردووە، بۆیە بووە کە بەخەڵک ڕابگەیێنێ، بە ئیزنی خوا دەبێ فەرمانی قبووڵ کەن. جا ئەمانەش لەپاش ئەوەی کە ئەو غەدرەیان لە خۆ کرد، گەر بھاتبانەوە لای تۆ و داوای خودا لێ خۆشبوونیان بکردایە؛ تۆیەکیش کە پێغەمبەری، داوای لە گوناھ بووردنت بۆ ئەوانە بکردبا، بێ گومان ئەوسا دەیاندی کە خوا پەژیوانیەکەیان قبووڵ دەکا و دلۆڤانە. (٦٥) بەڵام نەخێر، سوێندەکە بە پەروەرندەی تۆ ئەمانە نابنە خاوەنی بڕوا مەگین وەختێ کە لە کێشە و ھەرای نێوان خۆیانا بتکەنە قازی و لە دڵەوە بەھەر فەرمانێ تۆ بیدەی ڕەدایان بێ و بەتەواوی ملکەچی بن. (٦٦) ئەگەر ئێمە بۆ ئەمانەمان نووسیبا، کوشتاری خۆبەخۆ بکەن یان لە وڵاتوو دەرکەون - کەمیان نەبێ - نەیاندەکرد. کەچی ئەگەر وەکوو نەسیحەتیان دەکرا کردبایان، بۆ ئەوان چاکی دەھێنا و باوەڕیشیان بە خودا پتەوتر دەبوو. (٦٧) ئەوسا ئێمەش لە لایەنی خۆمانەوە پاداشێکی مەزنمان بەوان دەبەخشی. (٦٨) واشمان دەکرد کە لە ڕێگەی ڕاستی ئێمەش شارەزابن. (٦٩) ھەر کەسێکی بە فەرمانی خودا و ئەم پێغەمبەرە بێ، دەبێتە ھاوڕێی ئەوانەی خودا چاکەی دەگەڵ کردوون؛ لە ڕێزەی پێغەمبەران و خوداپەرستانی ڕاستی و شەھیدان و پیاوچاکەکان؛ چ ھاوڕێیانێکی چاکیشن ئەمانە! (٧٠) ئەم چاکەیە خودا دەربارەیان دەکا و خوایان بەسە کە بەکردەیان دەزانێ. (٧١) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەمیشە ھۆشی خۆو ھەبێ و ئامادە بن دەستە دەستە، یان پێکەوە و بە تێکڕایی، بچنە خەزا. (٧٢) ھێندێکی واتان دەناو دان کە لە ئانقەست خۆ وەدوا دەدا و ناگاتێ. ئەگەر ئەوسا ئێوە تووشی چۆرتمێک بن، ئێژێ: خودا منی بەچاکە خوێندەوە کە من دەگەڵیاندا نەبووم. (٧٣) ئەگەر ئێوە لە سایەی چاکەی خوداوە دەسکەوتێ باشوو دەس کەوت، وەک کەسێکی کە دەپێشدا ھەر یەکتروو نەناسیبێ و دۆستایەتییتان نەبووبێ، ئێژێ: خۆزی منیش ڕەگەڵیان کەوتبام؛ ئەوسا منیش لەو خێروبێرە گەورەیە بەشدار دەبووم. (٧٤) با ئەوانەی بۆ قیامەتێ دەس لە دنیایە ھەڵدەگرن، بچنە خەزا لە ڕای خوادا. ئەوەش کە دەچێتە خەزا لە ڕێی خودا، چ بکوژرێ و چ سەرکەوێ لەو دنیا پاداشێکی گەورەی دەدەینێ. (٧٥) بۆچی ئێوە ناچنە خەزا لەڕای خودا و لە بەر ھێز لێ گیراوەکان؟ لە بەر پیاوان و ژنان و منداڵانێ کە دەڵێن: ئەی پەروەرێنمان! لەم شارە وا خەڵکەکەی ناھەقیکارن، ڕزگارن کەو لە لای خۆتەوە یار و یاوەرێکما بۆ دیاری بکە! (٧٦) ئەوانەی خاوەن باوەڕن، خەزا لەڕای خودا دەکەن. ئەوانەش کە خوانەناسن لە ڕێگەی تاغووت شەڕ دەکەن. دەسا ئێوە بچنە شەڕی ئەوانەی دۆستی شەیتانن، فێڵی شەیتان زەبوون و بێ ھێز و پێزە. (٧٧) ئاخۆ ئەوانەت نەدیوە، پێیان گوترا: ھەتا لە مەککەن شەڕ مەکەن؛ نوێژ بکەن و زەکات بدەن. کاتێ بیستیان خەزایان لە سەر نووسراوە و زانیان دەبێ بچنە شەڕێ، ئەوەندەیان لەو خەڵکەی کەدەچنە گژیان ترس ڕێ نیشت، کە لە خوداش ھەر ئەوەندە ترساون و بگرە پتریش دەترسان؟ دەیانگوت: ئەی پەروەرێنمان! بۆچی خەزات بۆ نووسیوین، چی دەبوو تا ماوەیەکی تر دوات خستبان؟ بێژە: ژیانی دنیایە کەم و کورتە و بۆ ئەوانەی کە ترسیان لە خودا ھەیە، ژیانی ئەولا زۆر باشترە و بەقەد داوی زراوی ناو دەنکە خورما، کەس ناھەقی لێ ناکرێ. (٧٨) لە ھەر کوێ بن تەنانەت ئەگەر لە قەڵای زۆر قایمیش [خۆ وەشێرن]، مردن دەتاندۆزێتەوە. ھەرگا چاکەیان دێتە ڕێ، ئێژن: ئەمە لە خواوەیە. ئەگەر تووشی ناخۆشیش بوون، ئێژن: ئەمە لە تۆڕا بوو. بێژە: خۆشی و ناخۆشی ھەر بە دەس خوایە. ئەرێ ئەم مەردمە چییانە؟ وەکوو دەھیچ قسەیەک تێنەگەن وایە! (٧٩) تووشی ھەر چاکەیەک ببی، لە خواوەیە. نا لەباریشت بێتەڕێ، بزانە کە لە خۆت ڕایە. تۆمان کل کرد کە بە سەر ئەو مەردمەوە پێغەمبەر بێ. ھێندەت بەسە کە خودا ئاگای لێت ھەیە. (٨٠) ھەر کەسێکی بەر فەرمانی پێغەمبەرە، دیارە بەر فەرمانی خوایە؛ ھەر کەسیش خۆی لێ ببوێرێ، ئێمە بۆیەمان تۆ نەنارد کە لەسەریان چاوەدێر بی. (٨١) [لە ناویاندا کەسانێ ھەن] ئێژن: ئێمە لە فەرمانی تۆ دەرناچین؛ بەڵام کە لێت دوور دەکەون - پێچەوانەی فەرمانی تۆ - شەوانە ڕاوێژێ دەکەن. ھەر خەیاڵێ کە لەشەودا بەدڵیاندا ڕادەبوورێ، خوا دەینووسێ. تۆ ئەشێ وازیان لێ بێنی و خۆت ھەر بە خودا بسپێری و کارسازت خودا بێ بەستە. (٨٢) ئاخۆ ئەمانە لە قورئان وردنابنەوە و [سەرنجی ڕانەکێشاون]؟ ئەگەر قورئان کاری کەسێکی تر بووایە غەیرەز خودا، دیارە مەبەستی ناڕێک و دژیەکتریان فرە تێدا پەیدا دەکرد. (٨٣) ھەرگایەکی سەبارەت بە ھێمنایەتی، یان مەترسی، دەنگ و باسێکیان پێدەگا، سەربەخۆ لە لای ھەموو کەس دەیکەنە قاو. گەر ھەر لە لای پێغەمبەر و کاربەدەستەکانی خۆیان بیانگوتایە، دەیانزانی ڕاستەقینەکەی کامەیە و ئەو جۆرە دەنگوباسانە لە کوێوە سەریان ھەڵداوە. ئەگەر چاکە و بەزەیی خواتان نەبووایە، - کەمتان نەبێ - دەبوونە پەیڕەوی شەیتان. (٨٤) تۆ لەسەرتە لە ڕای خودا بچیە خەزا و تۆ ھەر ئەرکی خۆت لەسەرە. دنەو ھانەی باوەڕدارەکانیش بدە، شایەت خوا لە بەدفەڕی و زەبروزەنگی خوانەناسان بووپارێزێ. خودا لەوان بەگوڕتر و ئازاترە و لە بەڵا بەسەرھێنانیش لەوان بەدەست و بردترە. (٨٥) ھەرکێ بێتە تکاکار و تکای بۆ کاری چاکە بێ، خۆیشی بەشی تێدا ھەیە. ھەر کەسێکیش تکا بۆ خراپە بکا، ئەویش بەشی لە خراپەکە پێدەگا. خودا لە سەر ھەموو شتێ توانایە. (٨٦) ھەر کەسێکی چاک و خۆشیتان لێدەکا، ئێوە چاکتر چاک و خۆشی دەگەڵ بکەن؛ یان وەکوو ئەو پرسڤەکەی بدەنەوە. خوا بە ھەموو شت ڕادەگا. (٨٧) غەیرەز خودا ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. لە ڕۆژی ھەستانەوەدا - کە ھاتنی بێ گومانە - لێکتروو کۆ دەکاتەوە. جا قسەی کێ لە قسەی خوا ڕاسترە؟ (٨٨) ئێوە چیتانە دەربارەی ئەو دووڕووانە، خۆتان کردۆتە دوو تاقم؟ لە بەر کارێ کردوویانە، بەراوەژووی کردوونەوە و [بە خوانەناسی داناون]. ئاخۆ ئێوە گەرەکتانە کەسێ خوا ڕێگەی لێ گوم کا، بیخەنەوە سەر ڕاستەڕێ؟ ھەر کەسێ کە خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، تۆ ناتوانی ڕێگایەکی بۆ پەیدا کەی. (٨٩) ئەو دووڕووانە - ھەروەک خۆیان بێدینن - گەرەکیانە ئێوەش لە دینوو وەرگێڕن؛ ئەوسا وەکوو یەکتان لێ بێ. جا تا ئەوان لە ڕای خودا خۆیان دەربەدەر نەکەن و وەلتان نەیێنە خەزایە، ئێوە دۆستایەتییان مەکەن. ئەگەر ئەم کارەشیان نەکرد، ئێوە لە ھەر کوێ تووشیان بوون، ڕێی ھەڵاتنیان مەدەنێ و فەراقی ڕەشیان لێ ببڕن. دەگەڵ ھیچ کامیش لەوانە دۆستایەتیتان ھەر نەبێ و یار و یاوەر لە نێویانا ھەڵمەبژێرن. (٩٠) مەگین ئەوانەی پەیمانیان دەگەڵ کەسانێکدا ھەیە، کە ئەوانیش بوونە ھاوپەیمانی ئێوە؛ یان ئەوانەی لە ناچاری ھاتوونە بەر داڵدەی ئێوە و لەو ناوەدا دوودڵ ماون بە گژ ئێوەدا بچن یا تووشی خزم کوشتن بن. ئەگەر خودا مەیلی لێ با، ھێندەی دەستەڵات پێدەدان کە بە گژتاندا بچنەوە و سەریش کەون. ئەگەر خۆیان لە ئێوە دوور خستۆتەوە و بە گژتاندا نەھاتوون و دەیانەوێ شەڕتان لە ناودا نەمێنێ، خودا ڕێگەی پێ نەداون کە ئێوە دەستیان بۆ بەرن. (٩١) دەگەڵ گرۆیەکی تریشا ئێوە ڕووبەڕوو دەبن کە دەیانەوێ ھەم لە ئێوە و ھەم لەخزم و کەس و کاریان ئارخەیان بن؛ ھەر وەختێکی ئەوان لێیان بگێڕنەوە، بێ سێ و دوو کردن دەچنە ناو خزمەکانیان. جا ئەوانە ئەگەر لێتان نەتەکنەوە و دەس لە بەدفەڕی ھەڵنەگرن، لە ھەر کوێ بەگیروو ھێنان بیان کوژن و مەھێڵن لە دەستوو ڕاکەن. ئەوا ئێمە لە سەر ئەوان دەستەڵاتی تەواومان داوە بە ئێوە. (٩٢) ھیچ باوەڕدارێ بۆی نییە باوەڕدارێکی تر بکوژێ، جا مەگین بە ھەڵە چووبێ. ھەر کەسێکیش باوەڕدارە و، باوەڕداری بەھەڵە بەدەست کوژراوە، دەبێ لە بری ئەو کوشتنە کۆیلەیەکی خاوەن باوەڕ ئازاد بکا و خوێنباییشی بدا بە کەس و کارەکەی. جا مەگین پیاوەتی بکەن و پێی ببەخشن. ئەگەر کوشتە باوەڕدارە و سەر بە ھۆزی دوژمنتانە، ئەوی بەدەستی کوژراوە لەسەریەتی کۆیلەیەکی باوەڕدار ئازاد بکات و [لە خوێنبایی وازبھێنن]. ئەگەر کوشتە لە ھۆزێکی خوانەناسە و دەگەڵ ئێوەدا سوێندخۆرن، دەبێ خوێنباییەکەی بدرێ و بەندەیەکی باوەڕداریش ئازاد بکا. ئەو کەسێکی ئەو کارەی لەدەس قەومیوە و ناتوانێ بەندە ئازاد کا، لەسەریەتی دوو مانگی ڕەبەق لەسەریەک بە ڕۆژوو بێ. ھەتا خودا پەژیوانی لێ قبووڵ کا. خودا زانای لەکارزانە. (٩٣) ھەر کەسێکیش ھەرلە ئانقەست خاوەن باوەڕێک بکوژێ، لە بری ئەوە تا ھەتایە ھەر لە ناو جەحەندەم دایە و خودا لێی بە ڕکدا چووە و وەبەر نەحلەتی خستووە و ئازاردانێکی دژواری بۆ داناوە. (٩٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە وەختێ بۆ خەزا بە ڕێدا دەڕۆن، ھەموو شتێک لێکدەنەوە. نەکەن لە بەر ژیانی دنیا، بەوەی کەفەرمانبەری خۆی دەربڕیوە، بێژن: تۆ خاوەن باوەڕ نیت. ئێوە ئەگەر ماڵی دنیاتان گەرەکە، دەسکەوتی زۆر وا لای خودا. ئێوەش بەرێ ھەر وابوون و باوەڕیتان بە خوا نەبوو؛ خودا ئێوەی بە بەزەیی خۆی خوێندەوە. سا بە وردی لە کاری خۆ خوردبنەوە؛ خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٩٥) ئەو بڕوادارانەی کە ھەر لەماڵی خۆیان دەمێنن - جیا لەوانەی نوقوستانن - دەگەڵ ئەوانەی دەچنە جەنگ لە ڕای خودا و ماڵ و گیانیان ل ەڕێی ئەودا بەخت دەکەن، وەکوو یەک نین. خودا خەزاکارانی بەرامبەر بە خانەنشینان - بە پلەیەک - سەرخستووە. خوا بەڵێنی بە ھەموو لایەکیان داوە کە چاکەیان دەگەڵ دەکا؛ بەڵام ئەوی لە مەیدانی خەزادا بن، لە چاو خانەنشینانەکان پاداشێکی ھەرە مەزنیان دەداتێ؛ (٩٦) پلە و پایەگەلێکی زۆر - لە لای خواوە - ھاوڕێ دەگەڵ لێخۆشبوون و میھرەوانی. خوا بەخشەندە و دلۆڤانە. (٩٧) ئەو کەسانەی ھەر لە جێی خۆیان مانەوە و ئەو غەدرەیان لە خۆیان کرد، کاتێ فریشتەی گیان کێشان پێیان دەڵێ: ئێوە لەچ بارێکدا بوون؟ دەڵێن ئێمە لە زەمیندا ھێز و وزەلێگیراو بووین. پێیان دەڵێن: مەگەر سەرزەوینی خودا ھەراو نەبوو تا لە زێدی خۆ کۆچ کەن و بڕۆنە جێگایەکی تر؟ ئەمانە دوژەە دەبێتە ئەنوایان و دواڕۆژی خراپیان ھەس. (٩٨) جا مەگین ئەو مێرو ژن و زارۆ ھێزلێگیراوانەی ھیچ دەرەتانیان نەبووبێ و بە ڕێگەشیان نەزانیبێ؛ (٩٩) ھیچ دوور نییە خودا ئەمانە ببەخشێ. خودا چاوپۆشی لە لایە و بەخشەندەیە. (١٠٠) ھەر کەسێکی لە ڕای خودا ل ەماڵی خۆی ھەڵوەدا بێ، لەم زەمینە گەلێ شوێنی حاوانەوە و فەرحانی بۆ پەیدا دەبێ. ھەر کەسێکیش لە زێدی خۆی دەربکەوێ و لە ڕێی خودا و پێغەمبەری خودادا دەربەدەر بووبێ و لە ئاوارەییدا بمرێ، خودا بۆ خۆی دەستەبەری پاداشیەتی و خوا لە گوناھان دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٠١) ئەر چوونە سەفەر و ترسان لەوە کە خوانەناسەکان تووشی تەشقەڵەتان بکەن، ھیچ گوناھێکوو ناگاتێ نمێژتان ھەڵبقرچێنن. بە ڕاستی خوانەناسەکان بە ئاشکرا دوژمنتانن. (١٠٢) ئەگەر تۆش دەگەڵیان [دەسەفەردا بووی] بۆ خۆت نوێژت بۆ دابەستن، با ھێندێکیان بە چەکەوە نوێژ لە دوای تۆوە دابەستن؛ ئەگەر لە سوژدە بوونەوە بچنە دواوە و لە پشتەوە بووپارێزن. ئەمجار ئەوانەی لە نوێژدا بەشدار نەبوون، بێنە پێش و نوێژێ دەگەڵ تۆ دابەستن و لە سەر ھۆش بن لە چەکەکان و لە خۆیان. خوانەناسان بە ئارەزوون ئێوە ئاگا و لە چەک و ئەسبابتان ببڕێ و لەپڕ پەلامارتان بدەن. ئەگەر باران تووشی سەغڵەتیتان دەکا، یان نەخۆشن، ئەگەر چەکەکانوو دانێن ھیچ گوناھێکوو ناگاتێ؛ بەڵام ھەر دەبێ وشیار بن. دیارە خودا بۆ ئەوانەی دین دوژمنن، ئازاردانی ئابڕووبەری ساز کردووە. (١٠٣) ھەرگا لە نوێژێ بوونەوە، بەپێوە و بە دانیشتن و کە لە سەر لایەک ڕادەکشێن، یادی خودا و لە بیر نەچێ. لە وەختی خاترجەمیشدا - کە ھیچ ترستان نەماوە - بە ئاسایی نوێژەکانی خۆتان بکەن. نوێژ لە سەر خاوەن باوەڕان نووسراوێکە، وەختی بۆ دیاری کراوە. (١٠٤) لە دانەپەی دوژمنا ھیچ سستی مەکەن. ئەگەر ئێوە لەوان تووشی ئازار دەبن، ئەوانیش - ھەروەکوو ئێوە - لە ئێوە ئازار دەبینن. ئێوە ھومێدوو خودایە، ئەوان ئەمەشیان لا نییە. خودا زانای لەکارزانە. (١٠٥) ئەم قورعانەمان بۆ لای تۆ ناردۆتە خوار، کە ھەرچی تێیدایە ڕاستە. سا تۆ بە ھۆی ئەم قورعانە - وەک خودا ڕێی نیشان داوی - بەکاری مەردم ڕابگە، خۆشت مەکە بە لاگری گزیکاران. (١٠٦) لە بەر خودا بپاڕێوە کە لێت خۆش بێ، خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٠٧) گێرە و کێشە لەسەر ئەو کەسانە مەکە کە دەگەڵ خۆیان غەیانن. خوا حەز ناکا لەو کەسانەی زۆر غەیان و گوناھبارن. (١٠٨) شت لە خەڵک دەشارنەوە، خۆ ناتوانن لە خودا ھیچ بشێرنەوە؛ خوداش دەگەڵیانە کاتێ کە شەوانە قسەگەلێ دەکەن کە پێ قادێ نییە. ھەر کارێکی ئەوان دەیکەن، دیارە خودا ئاگای لێیە. (١٠٩) وا گریمان تا لە سەر دنیا ژیاون، توانیت لاگیریان لێ بکەی و لە سەر ئەوانە بە جواب بی؛ ئەدی کێ لە ڕۆژی سەڵا توانای ھەیە - کە لە بەرانبەر خوداوە - لە سەر ئەوان بکاتەوە، یان کێ ھەیە کارەکەیان وەستۆ بگرێ؟ (١١٠) ھەر کەسێکیش کاری نالەبار بکا، یان غەدرێکی لە خۆی بکا، پاشان لە خودا بخوازێ کە بیبەخشێ، دەبینێ کە خوا لێی بوور و دلۆڤانە. (١١١) ھەر کەس گوناحێ بکا، گوناھەکەی زیان بە خۆی دەگەیێنێ و خودا زانای لەکارزانە. (١١٢) ھەرکێ بە ھەڵە یان بەقەست، تاوانێکی لێ ڕووبدا و بیخاتە سەر بێگوناھێک، ئاشکرایە باری تاوانی، بوختانی لە سەر شانە. (١١٣) ئەگەر چاکە و بەزەیی خوا دەھانای تۆ نەھاتایە، ھێندێ لەوان قورمی خۆیان خۆش کردبوو ڕێت لێ ون کەن. ھەر خۆیانن کە ڕێگە لەخۆ گوم دەکەن؛ ئەو ناتانن ھیچ زیانێک لە تۆ بدەن. خوا کتێبی بۆ ناردووی و لەکارزانی فێر کردووی؛ زۆر شتی وای فێری تۆ کرد کە تۆ پێشوو نەت دەزانین. چاکەی زۆر ھێژا و گرینگت لە خواوە دەگەڵ کراوە. (١١٤) زۆربەی سرتە و چپەکەیان بەھرەی نییە، جا مەگین باسی خێرات و کاری ڕەوا و پێک ھێنانەوەی مەردم بێ. ھەر کەس مەحزی ڕەزای خودا چپە بکا، لە دواڕۆژدا پاداشی گەورەی دەدەینێ. (١١٥) ھەر کەسێکی لە پاش ڕاستی بۆ دەرکەوتن و شارەزا بوونی لەم دینە، پێچەوانەی پێغەمبەر بجووڵێتەوە و ڕچەیەک بگرێتە بەرێ کە ڕێی باوەڕداران نییە، ئێمە بەو ڕێیەیدا دەبەین کە خۆی ھەڵیبژاردووە. تا دەیخەینە جەھەندەم و دواڕۆژی زۆر ناخۆش دەبێ. (١١٦) خودا لەوانە نابوورێ کە شەریکی بۆ بناسن. لەوە پێوە لەھەر کەسێ بۆ خۆی حەز کا، عافووی دەکا. ھەر کەسێکی شەریک بۆ خودا دابنێ لە ڕادەبەدەر گومڕایە. (١١٧) ئەوانە لەجیاتی خودا ھانا دەبەنە بەر بەرد و کڕەکی وا کە زۆربەیان ناوی مێوینەیان ھەیە و دیارە ھاوار دەبەنە بەر ئەو شەیتانەی سەربزێوی کردووە و دەرکراوە؛ (١١٨) خودا بە نەحلەتی کردووە و ئەویش لە جوابا گوتوویە: شەرتە لە عەبدەکانی تۆ بەشێک بۆ خۆم گل دەمەوە؛ (١١٩) دیاریشە لە ڕاستە ڕێ یان دەردەخەم و دڵیان پر دەکەم لە ئاوات و بۆ خۆم فەرمانیان پێدەدەم گوێچکەی وڵساتیان دادڕن و فەرمانیشیان بۆ دەردەخەم تەرح و بیچمی ئەو شتانەی خوا کردوویە، تێکی بدەن و بیگۆڕن. جا ھەر کەسێ خودای نەوێ و دەگەڵ شەیتان ببێتە دۆست، دیارە چەند زیانمەند دەبێ. (١٢٠) بەڵێ بەڵێنیان پێدەدا و دەیانخاتە سەر ئارەزوو. ئەو بەڵێنی کە شەیتان بەوانی دەدا، فریو نەبێ چیتر نییە. (١٢١) جێی ئەوانە جەحەندەمە و دەرەتانی تریان نییە. (١٢٢) ئەوانە کە بە بڕوان و ئاکار چاکن، دەیانبەینە ناو باغاتێک جۆباریان بە بەردا دەڕوا و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن. دیارە وادەی خودا ھەقە و کێ لە خودا ڕاسگۆترە؟ (١٢٣) نە بە ئاواتی ئێوەیە و نە بەھەوا و ئارەزووی ئەو کەسانەیە بە ئەھلی کتێب حەسێبن. ھەر مرۆیەک کارێکی نالەبار بکا، بەو کارەی خۆی جزیا دەدرێ و جیا لە خوا ھیچ کەسی بۆ پەیدا نابێ دۆستی بێ و دەھاواری بێ. (١٢٤) ھەر مرۆیەک – نێر بێ یان مێ – ھەر ھێندە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بێ، دەچنە بەھەشتەوە و بە ئەندازەی تڵیشی وردیلەی ناوکەخورمایەش ناھەقیان لێ ناکرێ. (١٢٥) چ دیندارێک دینی لەو کەسە چاترە کە خۆی بە خوا سپاردووە و چاکەکارە و کەوتۆتە شوێنی ئایینی ئیبراھیمی لە ناڕەوا لادەر و بەرەو ھەق ھاتوو؟ ئەو ئیبڕاھیمەی کە خودا ببووە دۆستی. (١٢٦) ھەر شتێک لە ئاسمانان و زەمیندایە، ھی خودایە و ھەر خوایە لە ھەموو شت ئاگادارە. (١٢٧) دەربارەی ژنەکانەوە لێت دەپرسن؛ بێژە: بە ھۆی ئەم کتێبە - کە بۆتان دەخوێنرێتەوە - خودا جوابی ئەو پرسیارە و دەداتەوە. ئەو کیژانەی کە بە ھەتیوی ماونەوە و ئەو ماڵەی کە دەیانکەوێ، نایاندەنێ و گەرەکتانە لە خۆتانیان مارە بکەن، ھەروەھا ئەو مناڵانەی زەبوون و بێ دەرەتانن، لەسەرتانە دەگەڵ ھەموو ھەتیواندا بە یەکسانی ڕەفتار کەن و ئێوە ھەرکارێ چاک بکەن، لێتان ڕوون بێ کە خودا لێی ئاگادارە. (١٢٨) ئەگەر ژنێک ھەستی بەوە کرد مێردەکەی ئەشقی بووە یا نە ڕووی لێ وەردەگێڕێ، قەیدێ ناکا ھەوڵی لە ھەڤ ھاتن بدەن؛ ئاشت بوونەوە لەو دڕدۆنگیە باشترە. خۆشەویستی ماڵی دنیاش لە لای ھەموو کەسێ ھەیە. جا ئەگەر چاکەی بکەن و خۆ لە ھەڵە بپارێزن، خودا لە ھەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (١٢٩) ئێوە ھەرچەند ھەوڵیش بدەن، قەت ناتوانن لەگەڵ ژنانی خۆتاندا بێ جیاوازی ڕەفتار بکەن. سا ئەوەندە لە خۆیان دوور مەخەنەوە کە ھەڵپەساردە و تەخسیریان کەن. ئەگەر دەگەڵیان پێک بێن و خۆ لە گونا بپارێزن، خودا بووردنی لە لایە و دلۆڤانە. (١٣٠) خۆ ئەگەر ھەر بە یەکجاریش دەس لێک بەردەن، خودا فەرحانی لە لایە و ھەر دووکیان بێ نیاز دەکا و بەزەیی خودا ھەراوە و ھەر بۆ خۆشی لەکارزانە. (١٣١) بۆ خودایە ھەر شتێک لە عاسمانان و زەمیندایە. ئەو کەسانەی لە پێشوودا کتێبی ئێمەیان بۆ ھات، ئێوەشمان ڕاسپاردووە کە دەبێ لە خوا بترسن. خۆ ئەگەر حاشاشی لێ بکەن، دیسان ھەرچی کە لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە بۆ خودایە و خوا ھەمیشە ھەر لە گش کەس بێ نیازە و ھەر دەبێ پەسندی بدرێ. (١٣٢) ئارێ ھەرچی کە لە ناو عاسمانەکان و زەویدایە، سەر بە خوایە. ھەر خودا کارساز بێ بەسە. (١٣٣) ئەی مەردم! ئەگەر خوا حەز کا، گشتوو تەرت و تونا دەکا و غەیری ئێوە لە جێگەو دادەمەزرێنێ و خودا ئەو کارەی لە دەس دێ. (١٣٤) کێ لە ئێوە گەرەکیەتی لە دنیا خۆشی ڕابوێرێ، با تێبگا کە خۆشی دنیا و قیامەتیش وا لای خودا و خوداش بیسەر و بینەرە. (١٣٥) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بە یەکسانی و بێ جیاوازی [بە کاری مەردم ڕابگەن] و بۆ خوداش شایەتی بدەن؛ ھەرچەندە شایەتی دانوو بە زیانی خۆتان و دایک و بابتان و خزمانیشوو بێ. [ئەر شایەتی بۆدراوان] دارا بن یاخۆ ھەژار بن، خوا بۆ ئەوان دڵسۆزترە؛ مەکەونە شوێن ئارەزووتان، نەوا لە ڕێگە لا بدەن. ئەگەر زمان بخەنە لا، یا خۆتان لە شایەتی دان بدزنەوە، لە ھەر کارێ ئێوە دەیکەن، خوا ھەمیشە ئاگادارە. (١٣٦) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! وێڕای ئەوەی بڕواتان بە خوا ھێناوە، ئەشێ بڕواو بە پێغەمبەرەکەی ھەبێ و بڕواو بەو قورعانە ھەبێ بۆ پێغەمبەری ناردووە و بڕواتان بەو کتێبەش بێ کە بەر لە قورئان ناردوویە. ھەر کەسێکیش لە خودا و فرشتەکانی و کتێبانی و پێغەمبەرەکانی خودا و ڕۆژی سەڵا حاشا بکا، لە ڕادەبەدەر گومڕایە. (١٣٧) ئەو کەسانەی ھەوەڵجار بڕوایان ھێنا و پاشان پەشیمان بوونەوە؛ دووبارە بڕوایان ھێنا و بە شوێنیا حاشایان لێ کرد، ئەوسا خودانەناسیان پتەوتر بوو، ھەرگیز خودا نایان بەخشێ و ڕێگایەکیان نیشان نادا. (١٣٨) مزگێنی بە بەدووڕازان کە ئازارێکی زۆر بەژان وا لە ڕێیان. (١٣٩) ئەو کەسانەی دەبنە دۆستی خوانەناسان و لە کۆمەڵ باوەڕداران دەتەکنەوە، ئاخۆ بە تەمان کە لای وان قەدر و حورمەتیان دەس کەوێ؟ با بزانن کە قەدر و ڕێز ھەر لای خوا ھەیە و ھیچی تر. (١٤٠) لەم قورعانا بە ئێوەی ڕاگەیاندووە: ھەرگایەکی پێتان زانی کەسانێک ھەن لە وەختی قورئان خوێندنا دەس دەکەن بە گاڵتەو گەپ و بە درۆی ھەڵبەستەی دەزانن، ئێوە نابێ - ھەتا ئەو باسە نەگۆڕن - لە گەڵیاندا دابنیشن؛ دەنا ئێوەش ئەوسا وەکوو ئەوان دەبن. دیارە خودا گش ئەو کەسانەی دووڕوو بن، وێڕای گەلی خوانەناسان لە دوژەە کۆ دەکاتەوە. (١٤١) ئەوانە لێتان دەخەڤتێن: سا ھەرگا خوا ئێوەی سەرخست، ئێژن: ئێمەش ھەر دەگەڵ ئێوەدا نەبووین؟ خۆ ئەگەر خوانەناسانیش لە بەشێکدا باو خۆشتر بوون، پێیان ئێژن: ھونەر ھونەری ئێمە بوو؛ ئێمە بە دڵ دەگەڵتان بووین؛ ئێمە نەنھێشت باوەڕداران بتانگەنێ و دەرۆستوو بێن. خودا دوایی و ڕۆژی سەڵا بە کاروبارتان ڕادەگا. خودا ھەرگیز ھیچ ڕێگایەک نادا بە خودانەناسان کە دژی باوەڕداران بێ. (١٤٢) بە دڵ دەغەڵانی دووڕوو دەیانەوێ خوا فریو دەن، کەچی خوا دەیانخەڵەتنێ. ئەگەر دەچن نوێژ دابەستن، بە تەوەزەلی ھەڵدەستن؛ ڕووبینی لە خەڵک دەکەن؛ کەمیان نەبێ کەمتر ناوی خوداش دێنن؛ (١٤٣) وازوازین لەم نێوانەدا؛ دوودڵن بچنە لای ئەمان، یان خۆبدەنە لای ئەوان. کەسێ خوا ڕێی لێ بگۆڕێ، تۆ ناتوانی ھیچ ڕێگەیەکی نیشان دەی. (١٤٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بەدەر لە خاوەن باوەڕان مەبنە دۆستی خوانەناسان. ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ بەڵگەیەکی بە ئاشکرای دژی خۆتان بدەن بە خوا؟ ! (١٤٥) دیارە ئەو کەسانەی دووڕوون، وان لە قاتی ھەرەبەرەژێری دوژەە. تۆ ناتوانی یاریدەریان بۆ پەیدا کەی. (١٤٦) مەگین ئەو کەسانەی دووڕوون دەست لە دووڕوویی ھەڵگرن و تەواو پەشیمان ببنەوە و ڕێگەی چاکە بگرنە بەر و خۆیان بە خودا بسپێرن و بە دڵی پاک ببنە دینداری بە ڕاستی. ئەوسا ئەویش وێڕای باوەڕداران دەبن و لە دواڕۆژدا خودا بەباوەڕدارەکان پاداشی زۆر گرینگ دەدا. (١٤٧) ئەگەر ئێوە بڕواتان بە خودا ھەبێ و چاکەی ئەوتان دەچاودا بێ، خوا چ کاری بە ئازاری ئێوە داوە؟ خودا سوپاسی پێزانان قبووڵ دەکا و لە ھەموو شت ئاگادارە. (١٤٨) خودا پێی خۆش نە ھیچ کەس بە دەنگی بەرز قسەی ناحەز بدرکێنێ؛ مەگین غەدری لێکرا بێ. خودا بیسەر و زانایە. (١٤٩) ئەگر ئێوە چاکە بکەن - ئەو چاکەیە و ئاشکرا بێ یان نھێنی - یان لە کارێکی نالەبار چاوبپۆشن، خوا ھەمیشە توانایە بۆ عافوو کردن. (١٥٠) ئەو کەسانەی دڵیان دژی خوا و پێغەمبەرەکانیەتی و دیارە دەیانەوێ لە نێوان خوا و پێغەمبەرەکانی فەرقێ دانێن، ئێژن: ئێمە باوەڕ بەھێندێکیان دەکەین، ھێندێکیشیان بە جێگەی باوەڕ نازانین؛ گەرەکیانە لەم نێوانە ڕێگەیەک بۆ خۆ پەیدا کەن. (١٥١) بە ڕاستی کە ئەمانە خودانەناسن و ئێمە بۆ ئەو خوانەناسانە ئازاری ئابڕووبەرمان ئامادەس. (١٥٢) ئەوانەش کە باوەڕیان ھەس بە خوا و پێغەمبەرەکانی و لە ناویانا فەرق و جیاوازی دانانێن، لە دواڕۆژدا خودا پاداشیان دەداتێ و لە گوناھانیان دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٥٣) ئەوانەی ئەھلی کتێبن، لێت دەخوازن کتێبێکیان [بە تایبەتی] لە ئاسمانەوە بۆ بێنی. ھەر ئەوانە ئەوی لە مووسایان دەویست، زۆر لەم کارەش گرینگتر بوو. گوتیان: خوامان بە ئاشکرا پێ نیشان دە! لە سزای ئەم بەدفەڕیەدا بەر ھەورەتریشقە کەوتن. جارێکی تر - پاش دیتنی گەلێک بەڵگەی بە ئاشکرا - چون بوونە گوێرەکە پەرست. چاوپۆشیمان لەوەشیان کرد؛ بەڵگەی دەستەڵات داریمان دا بە مووسا. (١٥٤) بە ھۆی پەیمانێ کە دایان، چیای توورن لە سەر وان لە بەرزی ڕاگرت؛ پێمان وتن: بە سوژدەوە لەو دەرکەوە بچنە ژوورێ و پێشمان وتن نابێ لە ڕۆژی شەممەدا دەست درێژیو لێ ڕوو بدا؛ پەیمانێکی پتەویشمان لێ ستاندن. (١٥٥) ئەوسا لە سەر پەیمان شکاندنیان و خۆبواردنیان لە نیشانەکانی خوا و ھەر لە ناھەق کوشتنی پێغەمبەرانیان و گوتنیان: «ئێمە دڵمان داخراوە»؛ [بەر نفرینی خۆمان خستن. ] ھەر خودا خۆی دڵی بە مۆر داخستبوون. ئیتر بەشی کەمیان نەبێ، لە باوەڕ ھێنان بێ بەشن. (١٥٦) لە بەر لە ڕێ خوا لادان و ئەو بوختانە گەورە بۆ مەریەمیان ھەڵبەست؛ (١٥٧) لە بەر ئەوەش کە دەیانگوت: ئێمە عیسای کوڕی مەریەمن لە ناو برد - کە پێغەمبەری خودا بوو - کەچی نە ئەوان کوشتیان، نە توانیان لە قەنارەی دەن؛ بەڵام سەریان لێ تێک چووبوو، نەیانناسی و ئەو کەسانەی دەربارەی ئەم لە ناو خۆدا کێشەیانە، لە ڕایەکەیان دوودڵن لەو بارەوە و ھەر پەیڕەوانی گومانن و بێگومان نەیانکوشتووە؛ (١٥٨) بەڵکوو خوا بەرەو خۆی ھەڵکێشایەوە. خوا ھەمیشە خاوەنی دەستەڵات بووە و لەکارزانە. (١٥٩) لەوانەی ئەھلی کتێبن، ھەر کەسێکیان - بەر لە مەرگی - بڕوای بە عیسا دەھێنێ، دیارە [عیساش] ڕۆژی قیامەت دەبێتە شایەت لە سەریان. (١٦٠) بەو ناھەقیەی کە لە جوولەکان دەرکەوت و زۆر کەسیان لە ڕێگەی خودایە وەرگەڕان، لەو شتانەی بۆیان ڕەوا کرابوو، بێ بەشمان کردن. (١٦١) ھەروا بە ھۆی سووت خواردنیان، کە پێیان گوترابوو مەیخۆن و بە فێڕۆ دارایی مەردمیان دەخوارد؛ ئێمەش بۆ ئەو پێ نەزانانن و سپڵانە ئازارێکی گەلێ بەژانمان ساز داوە. (١٦٢) بەڵام زۆر زاناکانیان و بڕواداران - بە تایبەت ئەو کەسانە وا نوێژ بە باشی بەجێ دێنن - ھەروەھا زەکات دەران و ئەوانەی کە بە خوا و بەرۆژی سەڵا خاوەن بڕوان و بەوەی بۆ تۆ ناردراوەتە خوارەوە و بەوەش وا پێش تۆ ناردراوە، باوەڕیان ھەس؛ بە ئەوانە بەم زووانە پاداشێکی گرینگ دەدەین. (١٦٣) ئێمە فەرمانی خۆمانمان خستە دڵت، ھەر وەک نووح و پێغەمبەرانی دوای ویشمان واتێگەیاند. خستیشمانە دڵی پاکی ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەوەکان و عیسا و ئەییوب و یونس و ھاروون و سولەیمان؛ زەبووریشماندا بە داوود. (١٦٤) پێغەمبەرانی دیکەشمان بەڕێ کردن؛ چ ئەوانەی کە دەپێشدا بوون و چوون و سەربھوردیانمان بۆ گوتووی و چ ئەوانەی دەربارەیان نەمدواندووی. خوداش بۆ خۆی - ڕاستەوخۆ - مووسای دواندوووە. (١٦٥) گش لە گشتیان پێغەمبەری مژدەدەر و ترسێنەر بوون. ھەتا لە پاش پێغەمبەران ئەو خەڵکە ھیچ بەڵگەیەکیان لە لا نەبێ بۆ لای خودا. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (١٦٦) خودا بۆ خۆی ئاگای لێیە و فرشتەکانیش ھەموویان ئاگادارن، کە خودا بە زانستی خۆی ئەمەی بۆ تۆ ناردۆتە خوار. ئاگادار بوونی خوا بەسە. (١٦٧) ئەوانەی لە دین دەرچوون و ڕێگەی خوداناسان دەبڕن، ڕێ لێ گوم بووی لە ڕادەبەدەر ئەوانن. (١٦٨) ئەوانە لە ڕێگەی خودا لایاندا و ناھەقیان کرد؛ خودا نە لێیان خۆش دەبێ، نە ڕێگەیەکیان نیشان دەدا؛ (١٦٩) مەگەر تەنیا ڕێی جەحەندەم، کە ھەر تیا دەمێننەوە و ئەمەش لای خودا ھاسانە. (١٧٠) ئەی خەڵکینە! ئەم پێغەمبەرە بەرھەقە و لەلایەن پەروەرندەتانڕا ھاتووە. دەسا باوەڕی پێ بێنن قازانجتانە. ئەگەر لە قسەی خوداش دەرچن، باش بزانن ھەر شتێک لە ئاسمانان و زەمیندایە، بۆ خودایە و خودا زانای لەکارزانە. (١٧١) ئەی کەسانی ئەھلی کتێب! ھەڵەڕۆیی لە دینی خۆتاندا مەکەن؛ جگە لە ڕاست دەربارەی خودا مەبێژن. ئاشکرایە کە مەسیحی کوڕی مریەم پێغەمبەری خودا بووە. خودا بە فەرمانی خۆی و ھەر لە نەفەسی پیرۆزی خۆی ھاویتیە ناو تۆلی مەریەم. دەسا ئێوە باوەڕتان بە خودا ھەبێ و بە پێغەمبەرانی ئەویش بڕوا بێنن و مەبێژن سێن. واز لەم قسانە بھێنن؛ کە بۆ ئێوە وا چاکترە. دیارە ھەر خوایەکتان ھەیە و ئەویش لەو تۆمەتە دوورە کە ھیچ فرزەندێکی ھەبێ. ھەرچی لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە، ھەر بۆ ئەوە. بۆ پێک ھێنانی کاروبار ھەر خۆی بەسە. (١٧٢) مەسیح ھەرگیز لەوە حاشای نەکردووە کە بەندەیەکی خودایە؛ فرشتانی نزیک بە خوداش، ھەر وەتر. ھەر کەسێکی بە کوێلایەتی خودا ڕازی نەبێت و بادی ھەوایی بنوێنێ، ھەر بینا خوا ھەموو لایەک لە لای خۆی کۆکاتەوە. (١٧٣) ئەوسا ئەوی خاوەن باوەڕ و کارچاکن، سەرباری پاداشی خۆیان خودا پتر چاکەیان دەربارە دەکا. ئەو کەسانەش کە لە خودا لایانداوە و پیشەیان لووت بەرزی بووە، خودا تووشی جەزرەبەی بەژانیان دەکا و لە خوا پێوە ھیچ دۆست ++++++++++++++++++++++