شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: زومەر وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەم کتێبە لە خوای خاوەن دەستەڵات و لە کارزانە و ھاتۆتە خوار. (٢) مە ئەم کتێبەمان بە ڕاستی بۆ تۆ نارد. سا تۆ ھەر خوا بپەرستە و بە دڵپاکی ھەر لەسەر دینەکەی ئەو بە. (٣) تۆ بزانە دینی پاکژ ھەر ھی خوایە و ئەو کەسانەی کە بە جێ ئە و گەورەگەلێکیان بۆ خۆیان دیوەتەوە، ئێژن: ئێمە ھەر بۆیە دەیانپەرستین، لە خوا نزیکمان کەنەوە. خودا بە \و دووبەرەکایەتییە ڕادەگا، کە لە ناو ئەواندا ھەیە. دیارە خودا مرۆی درۆزنی سپڵە، بەرەو خۆی شارەزا ناکا. (٤) ئەگەر خودا بیویستایە فرزەندێ بۆ خۆ پەیدا کا، لەو خەڵکەی دروستیان دەکا بە مەیلی خۆی ھەڵی دەبژارد. پاکی و بێ عەیبی بۆ ئەوە. ھەر ئەوە خوای تاک و تەنیای زاڵ بەسەر ھەموو شتێکا. (٥) عاسمانەکان و زەمینی بە ڕاست ئەو وەدی ھێناوە و شەوێ دەڕۆژێ دەپێچێ و ڕۆژ دەشەوێ؛ خۆر و ھەیڤیشی کەوی کرد؛ ھەرکامی تا کاتی دیاردە دێن و دەچن. باش بزانن! بە دەستەڵات و خەتاپۆش ھەر خۆیەتی. (٦) ئێوەی ھەر لە تاقە کەسێک ھێنایەدی و ژنەکەشی ھەر لە ماکی ئەو دروس کرد. ھەشت وڵفیشی لە پاتاڵ بۆ وەدی ھێنان. ئێوەش ئاوا دروس دەکا، کە لە زگی دایکانوودا – جار لە دوو جار – لە سێ قۆناغی تاریکدا، ھەڵگێڕ وەرگێڕتان پێ دەکا. ئەوە خودای پەروەرێنتان؛ فەرمان ھەر لە دەستی ئەودا و لە غەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ. جا کەوایە بەرەو کوێتان وەردەگێڕن؟ (٧) ئەگەر بە چاکە نازانن، خوا لە ئێوە بێ نیازە و بە پێ نەزانی عەبدانی ڕازی نابێ. ئەگەر چاکە و دەچاودا بێ، لێو ڕازیە. کەسیش باری گرانی کەس وەستۆ ناگرێ. لەمەولاوە ھەموو لاتان بۆ لای پەروەرندەی خۆتان دەھێنێتەوە و پێتان ئێژێ چیتان دەکرد. لە نھێنی ناودڵانیش ئاگادارە. (٨) ئەم مرۆیە کە تەنگانێکی دەگاتێ، ڕوو ھەر لە خودا دەکات و لەبەری دەپاڕێتەوە. ھەرکاتێکیش لە خۆیەوڕا بەھرەیەکی بە ئەو گەیاند، لە بیر دەکا کە دەپێشدا لە بەری پاڕاوەتەوە و شەریکانێک بۆ خودا دەدۆزێتەوە، تا خەڵکی پێ گومڕا کا. بێژە: بەو سپڵەییەتەوە، کەمێکی تریش ڕابوێرە؛ بێ گومانە تۆ لە یارانی ئاگری. (٩) ئاخۆ ئەمە وەل کەسێکا کە شەوگاران ڕوو بە خودا ڕاوەستاوە و سوژدە دەبا و بەرفەرمانە و لە ڕۆژی سەڵا دەترسێ و ھیوای وایە بەر بەزەیی پەروەرندەی خۆی بکەوێ، وەکوو یەکە؟ بێژە: ئاخۆ زانا و نەزان بەرانبەرن؟ ھەر ئەوانەی بە دڵ زیندوون، دەتوانن بیر بکەنەوە. (١٠) بێژە: ئەی عەبدەکانی من! ئەی ئەوانەی خاوەن بڕوان! لە پەروەرندەو بترسن؛ بۆ ئەوانەی لە ژیانی ئەم دنیایەدا چاکەیان کرد، چاکە ھەیە و زەمینی خودا فڕەھە. بێ گومانە ئەو کەسانەی خۆڕاگرن، بە تەواوی و بە بێ حیساب پاداشی خۆیان وەردەگرن. (١١) بێژە: من پێم سپێراوە ھەر یەک خودا بپەرستم و بە پاکژی ھەر لەسەر دینەکەی ئەو بم. (١٢) فەرمانیشم پێدراوە کە یەکەمین موسوڵمان بم. (١٣) بێژە: ئەگەر لە فەرمانی پەروەرندەی خۆم دەربچم، لە جەزرەبەی ڕۆژێکی گەورە دەترسم. (١٤) بێژە: ھەر خوداپەرستم و بە پاکژی لەسەر دینەکەی ئەو دەبم. (١٥) ئەوسا ئێوەش – غەیرەز خودا- چیتان پەرست، بە ئارەزووی خۆتان بکەن. ئەتۆ بێژە: ھەر ئەوانە زیانبارن کە لە ڕۆژی قیامەتێدا، خۆشیان و کەس و کاریشیان دەدۆڕێنن؛ دیارە ئەمە زیانێکی ئاشکرایە. (١٦) توێ لەسەر توێ کڵپەی ئاگر- وێنەی چەتر- لەسەر ئەماندا وێستاوە؛ لە ژێریشیان ھەر بەم تەرزە. خودا بەمە عەبدانی خۆی دەترسێنێ. ئەی عەبدانم! لێم بترسن. (١٧) ئەو کەسانەی لە پەرستنی بتەکان تەکیونەوە و، بەرەو خودا گەڕاونەوە، خۆشی لەوان. سا تۆش بە عەبدەکانی من مژدە بدە. (١٨) ئەو کەسانەی گوێ ل ەقسان ڕادەدێرن و بە شوێن چاکتریاندا دەچن، ئەوان خودا ڕێی بەرەو خۆی نیشان داون؛ ئەوانە خاوەن ئاوەزن. (١٩) ئاخۆ کەسێ ئازاری بۆ بڕیار درا، تۆ دەتوانی – کەسێ لە ناو ئاگردا بێ – ڕزگاری کەی؟ (٢٠) بەڵام ئەوی مەترسی پەروەرندەیان لە دڵدایە، وان لە ناو چەند ئۆدەیەکدا، چین لەسەر چین ساز کراون، جۆباریان بە بەردا دەڕوا. ئەمە بەڵێنی خودایە؛ خودا ھەر بەڵێنێ بیدا، لێی پەشیمان نابێتەوە. (٢١) ئەدی نەتدی، خودا لەو بڵنداییەوە ئاو دەنێرێ و لە زەمیندا لە سەرچاوەکانەوە ڕەوانی دەکا و کشت وکاڵی ھەمەڕەنگەی پێ دەڕوێنێ و پاش ماوەیەک زەرد و وشک ھەڵدەگەڕێ و ئەوسا دەیکاتە پووش و پار؟ ئەوانەی خاوەن ئاوەزن، دیارە لەمە پەند وەردەگرن. (٢٢) ئاخۆ کەسێ خودا دڵی بۆ ئیسلام گوشاد کردووە و دیارە بەر تیشکی بەزەیی پەروەرندەی خۆی کەوتووە، کەی دەبێ وەک ئەوانە بێ کە دڵڕەقن؟ ھاوارە بۆ ئەو کەسانە دڵڕەقن لە یادی خودا؛ کە ئەمانە بە ئاشکرا ڕێگەی خۆیان گوم کردووە. (٢٣) خوا چاکترین قسەی ھەناردۆتە خوارێ: کتێبێ کە] قسەکانی لە جوانییا [وەکوو یەکن و ھەر دووپاتەش دەکرێنەوە. ئەو کەسانەی ترسی پەروەرندەی خۆیان لە دڵدایە، لە بیستنی مچورکیان بە لەشێدا دێ و پاشان دڵ و کەلەخیان- بەیادی خودا- ئۆقرە دەگرێ. ئەمە ڕێنوێنی خوایە. کێ پێ خۆش بێ، بەرەو خۆی شارەزای دەکا؛ ھەر کەسیش خوا گومڕای بکا، کەسی تر شارەزای ناکا. (٢٤) ئاخۆ کەسێ ناچار دەبێ سزای بەژانی پەسڵانێ، بە چارەی خۆی لە خۆ لادا، دەبێ چۆن بێ؟ بە ناھەقانیش دەوترێ: دەبچێژن سزای کردەوەکەی خۆتان! (٢٥) پێشینەکانی ئەمانیش بڕوایان بە خوا نەھێنا؛ لە شوێنێکەوە ئازاریان بۆ داباری کە ھەر ھەستیشیان پێ نەکرد. (٢٦) خودا دەردی سووکایەتی لەم دنیادا پێ چەشاندن؛ گەر بزانن، دیارە ئازاری ئەو دنیا مەزن ترە. (٢٧) وائێمە لەم قورئانەدا بۆ ئەم خەڵکە ھەموو جۆرە نەزیلەمان ھێنایەوە؛ شایەت پەندی لێ وەرگرن. (٢٨) قورئانێکە بە عارەبێ و خێچ وخواری تێدا نییە؛ بەشکوو لە خودا بترسن. (٢٩) خوا دوو مرۆ بە نموونە دێنێتەوە: یەک خولامی چەند کەسی دژ بە یەکترە، ئەوی تریان خولامی تاقە کەسێکە؛ ئاخۆ ئەم دووانە وەک یەکن؟ سوپاس بۆ خواس. بەڵام زۆربەیان نەزانن. (٣٠) تۆش دەمری و ئەوانیش دەمرن. (٣١) پاشان لە ڕۆژی قیامەتا کێشەی ئێوە دێتەوە لای پەروەرندەو. (٣٢) سا کێ لەوە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵببەستێ و ئەم ڕاستەی کە بۆی ھاتووە، نەی سەلمێنێ؟ ئاخۆ بۆ خودانەناسان لە دۆژەھدا جێگە نییە؟ (٣٣) ئەو کەسەی ڕاستەکەی ھێنا و ڕاستی سەلماند، ئەوانە لە خوا دەترسن. (٣٤) ھەرچی خۆیان ئارەزوو کەن، پەروەرێنیان دەیان داتێ؛ پاداشی ھەموو کارچاکان ھەروا دەبێ. (٣٥) ھەتا خودا خراترین کارێ کەوا کردوویانە ببەخشێت و باشتر لەوەی کاری چاکیان پێک ھێناوە، پاداشی خۆیان بداتێ. (٣٦) تۆ بەوانەی غەیرەز خودان، دەترسێنن؛ مەگەر ھەر خودا بەس نییە کە ئاگای لە عەبدی خۆی بێ؟ ھەر کەسێکی خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، کەس ناتوانێ ڕێبەری بێ. (٣٧) ھەر کەسێکیش خودا شارەزای کردبێ، کەس ناتوانێ لە ڕێگەی خودا کلی کا. بۆچ نازانن خودا خاوەن دەستەڵات و تۆڵەسێنە؟ (٣٨) ئەگەر تۆ لەوانە پرسی: کێ ئەم عاسمانانە و ھەردەی وەدی ھێنا؟ بێگومان ھەر ئێژن: خودا. بێژە: ئێوە ئەو شتانەی- غەیرەز خودا – دەی پەرستن، چۆن دەبینن؟ ئەگەر خودا گەرەکی بێ، تووشی بەڵایەکم بکا، ئاخۆ ئەوان بەڵای لە سەر من لا دەبەن؟ یان ئەگەر خوا بەر بەزەیی خۆیم بخا، ئەوان پێش لەو بەزە دەگرن؟ بێژە: من ھەر خودام بەسە و خۆسپێران، خۆیان ھەر بە ئەو دەسپێرن. (٣٩) بێژە: گەلۆ! ئێوە کاری خۆتان بکەن، منیش وا کاری خۆم دەکەم؛ ئا بەم زووانەش تێ دەگەن: (٤٠) کێیە تووشی ئازاری ئابڕووبەرە دێ و جەزرەبەی لە بنە نەھاتووی بەسەردا دێ. (٤١) ئێمەین کە ئەم کتێبەمان بە ڕاستەکی بۆ تۆ ڕەوانە کردووە؛ کە مەردم لە سۆنگەی ئەوا شارەزا بن. ھەر کەسێکی شارەزا بێ، قازانجی ھەر بە خۆی دەگا و ھەر کەسێکیش لە ڕێ لا دا، دژی خۆی جووڵاوەتەوە و؛ تۆ بریکاری ئەوان نی. (٤٢) ئەوانەی کە دێنە مردن، ئەوانەش کە دەخەوڕا چوون و نەمردوون، خودایە گیانیان ڕادەگرێ؛ ئەوی دیکەش تا وەختێکی دیاری کراو دێڵێتەوە. لەمەدا زۆر نیشانە ھەن بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن. (٤٣) ئاخۆ غەیرەز خودا تکاکارگەلێکیان بۆ خۆیان پەیدا کردووە؟ بێژە: گەرچی نە ھیچ شتێکیان بەدەستە و نە تێش دەگەن؟ (٤٤) بێژە: تکا – سەرلەبەر – ھەر بۆ خودایە؛ عاسمانەکان و زەمینیش ھەر سەر بەون. لە ئاکامدا ھەر بۆ لای ئەو دەبرێنەوە. (٤٥) ھەرگا ناوی خودای یەکتا بە یاد بکرێ، ئەو کەسانەی باوەڕیان بەو دنیا نییە، دڵیان بەو ناوە دەشێوێ؛ ئەگەر باسی غەیرەز خودایان لا دەڵێن، وەکەیف دێن. (٤٦) تۆبێژە: ئەی خودای مەزن! ئەی داھێنەری عاسمانەکان و زەمین! زانا بە نەدیار و دیاران! تۆی بە کاری عەبدانی خۆت ڕادەگەی و ئەو کێشەی لە ناویاندا بوو، کۆتای دەکەی. (٤٧) ئەو کەسانەی پیشەیان ناھەقی بووە، ئەگەر ھەرچی لەم سەرزەمینەدا ھەیە و ھێندەی تریش ھی ئەوان بێ، ئەیکەنە بارتەقای خۆیان، لە جەزرەبەی خراپی ڕۆژی سەڵایە ڕزگاریان کا؛ ئەوسا شتێکی وەھایان – لەخوداوە – دێتە بەرچاو، کە ھەر بیریشیان بۆی نەچووە. (٤٨) ئەمەشیان بۆ ئاشکرا بوو کە چەند خراپەیان دەکرد؛ ئەو شتانەی ئەوان گاڵتەیان پێ دەکرد، دەوری گرتوون. (٤٩) سا ھەر وەختێ مرۆ تووشی بەڵایەک دێ، لە بەرمان دەپاڕێتەوە؛ پاشان ئەگەر بەھرەیەکمان پێ گەیاندن، ئێژن: ھونەری خۆمانە. ھیچ نازانن ئەمە ئەزموونە بۆ ئەوان؛ بەڵام دیارە زۆربەیان لە نەزانانن. (٥٠) ئەوانەی پێش ئەوانیش بوون ھەر ئەو قسەگەلیانە کرد؛ بەڵام ھەرچی ئەوان کردیان، ھیچ بەھرەیەکی بۆ نەدان. (٥١) ئەوسا سزای کاری خراپی خۆیان دی. ئەو کەسانەش کە لە ناو ئەم مەردمەدا غەدر دەکەن، پاداشی خراپەی خۆیان دەدرێتەوە و ناتوانن خۆ ڕزگار بکەن. (٥٢) چۆن ھێشتا نەیانزانیوە کە بژیو بەدەست خودایە؛ بە ھێندێکان زۆر دەدا و بە ھێندێکان کەم؟ زۆر نیشانە لەمەدا ھەن بۆ گەلێ کە بڕوای ھەبێ. (٥٣) بێژە: ئەی عەبدەکانی من! ئەی ئەوانەی کە بە لادان لە ئەندازە، ناھەقی و لەخۆ کردووە! نابێ ئێوە لە بەزەیی خوا ناھومێد بن، چونکە لە ھەموو گوناھێک چاودەپۆشێ؛ ئەو لێبوردە و دلۆڤانە. (٥٤) وەگەڕێنە لای پەروەرندەی خۆتان و خۆتان ھەر بەوی بسپێرن، بەر لەوە ئازارتان بۆ بێ و کەسیش دەھاناتان نەیە. (٥٥) بکەونە شوێن ئەو دەستوورەی پەروەرندەو بۆتانی نارد و لە ھەموو شت باشترە؛ بەرلەوە ئازارتان بۆبێ - ل ەنەکاوێک – کە ھەر ھەستیشی پێ ناکەن. (٥٦) نەکا ئەوسا کەسێ بڵێ: ئەی مخابن، من لە فەرمانبەری خودا درێغیم کرد؛ ڕەگەڵ گەپ پێ دەران کەوتم. (٥٧) یان ببێژێ: ئەگەر خودا بەرەوخۆی ڕێی نیشان دابام، منیش لە پارێزگاران بووم. (٥٨) یان وەختێ کە ئازار دەبینێ، ببێژێ: بریا بگەڕابامەوە و بچوومایە ڕێزی ئاکارچاکانەوە. (٥٩) خۆ گەلێک لە نیشانانی منت بۆ ھات؛ باوەڕیت پێیان نەھات و لە خۆبەزل زانینی خۆت، چوویە ڕێزی پێ نەزانان. (٦٠) ڕۆژی قیامەت تۆ دەبینی ئەو کەسانەی درۆیان بۆ خوا ھەڵ دەبەست، ڕوویان ڕەشە. ئاخۆ بۆ خۆبەزل زانان شوێنێک لە دۆژەھدا نییە؟ (٦١) ئەو کەسانەی خۆیان پاراست – لەبەر ئەوە بە ڕێگەی ڕزگاریدا چوون – خودا خۆی ڕزگاریان دەکا؛ نە تووشی ناخۆشی دەبن، نە خەم دەخۆن. (٦٢) ھەرچی ھەیە ھەموو دەسکاری خودایە و ئاگای لە ھەموو شت ھەیە. (٦٣) کلیل گەلی ئاسمانەکان و زەمینێ بەدەست ئەوە. ھەر ئەوانە زیانبارن کە لە نیشانەکانی خوا حاشایان کرد. (٦٤) بێژە: ئاخۆ ئێوە لە منتان گەرەکە غەیرەز خودا شتێکی تر بپەرستم؟ ئەی نەزانان. (٦٥) ئێمە بە تۆ و بەوانەش کە بەرلە تۆ بوون، ڕامان گەیاند؛ ھەر کەسی تر بپەرستی، بێ گومانە کارەکەت لێ پووچەڵ دەبێ و لە ڕێزەی زیانبارانی. (٦٦) تەنھا خودا بپەرستە و دەگەڵ شوکربژێران بە. (٦٧) خودایان – وەکوو پێویستە – نەناسیوە. ڕۆژی سەڵا زەمین ھەموو وا لە ناو مشتی ئەودایە و ئاسمانانیش بە دەستی ئەو پێچرانەوە. خودا پاک و بەرزترە لەو شتانەی ئەوان دەیکەنە شەریکی. (٦٨) دەکەڵەشاخ دەمێندرا، ئەوسا ھەرکێ لە عاسمانان و زەمینن، بێ ھۆش دەبن؛ مەگین کەسێ خوا حەز بکا. جارێ تر فووی پێدا کرا، کەچی لەپڕ ھەموویان ڕاستەوە دەبن و بە چاوی خۆیان دەیبینن. (٦٩) ئەم زەمینەش بە تیشکی پەروەرێنی خۆی ڕووناکایی تێ دەگەڕێ و کتێبی خوا دێتە گۆڕ و پێغەمبەر و ئاگاداران دێنەبەرێ و چۆن ڕاستە، بە کاری ھەمووان ڕادەگەن و غەدر لە ھیچ کەس ناکرێ. (٧٠) ھەر کەسێ ھەرچی کردووە – بە تەواوی – پاداشی پێ دەگاتەوە. خودا ھەر خۆی لە ھەموو کردەوەکانیان ئاگادارە. (٧١) ئەو کەسانەی حاشایان لە خوا کردووە، بۆ جەھەندەم بە کۆمەڵ ڕەپێچەک دەدرێن. ھەر کە لێی نزیک بوونەوە، دەرگاکانیان بۆ ڤەدەکەن؛ گزیرەکانی جەھەندەم پێیان ئێژن: ئاخۆ ئێوە پێغەمبەرتان – لە خۆتان – بۆ نەھاتبوو، نیشانانی پەروەرێنتان بۆ وەخوێنن و ترسی تووشبوونی ئەمڕۆتان وەبەربێنن؟ ئێژن: بەڵێ، بەڵام بەڵێنی ئازاردان بۆ ئێمە کە خوانەناس بووین، جێی خۆیەتی. (٧٢) ئێژن: لە دەرگای جەھەندەم بچنەژوورێ و تا ھەتا ھەر لەوێدا بن؛ جێگەی ئەوانەی بە فیزن، چەند خراپە! (٧٣) ئەو کەسانەش کە ھەر لە پەروەرندەیان ترسیان بووە، دەستەدەستە بەرەو بەھەشت بەڕێ دەکرێن و دەرگایان بۆ دەکرێنەوە و کاربەدەستانی بەھەشتێ پێیان ئێژن: دروود لەنگۆ، بەخێرھاتن، بچنەژوورێ و ھەروھەر، ھەر لەوێدا بن. (٧٤) ئێژن: شوکرانە بۆ خودا، کە بەڵێنێ بەئێمەی دا، وەڕاست گەڕا و ئەو زەمینەی دا بە ئێمە و لەو بەھەشتا، کوێ ئارەزوو کەین لێی دەبین. ئەو پاداشەی دراوە بە خەباتکاران چەندە باشە! (٧٥) فرشتەکانیش دەبینی، لە دەوری تەخت خول دەخۆن و پەسنی پاکی پەروەرندەی خۆیان دەدەن. ھەرچۆن ڕاستە، وا بە ناویان ڕاگەیشتوون و ئێژن: سوپاس بۆ پەروەرندەی گش جیھان. ++++++++++++++++++++++