شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ساد وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ساد. بەم قوڕعانە کە پڕ لە ئامۆژگارییە [و دەبێ پەندی لێ وەرگیرێ]. (٢) بەڵام خودانەناسەکان، خۆیان بە زل دەزانن و ھەر خەریکی دژایەتین. (٣) پێش ئەمانەش زۆر بەرەمان لە ناو بردن؛ جا ئەوانە ھاواریان کرد؛ بەڵام دەرفەت لەدەس چوو بوو. (٤) ئەمەیان پێ سەیر بووە کە پێغەمبەرێکیان لە خۆیان بۆ ھاتووە و ترسی خوایان وەبەر دەنێ؛ خودانەناسەکان گوتیان: ببێ نەبێ، ئەم کابرایە جادووگەرێ درۆزنە. (٥) چۆن دەیەوێ لەجێی ئەو ھەموو بتانەی دەتانپەرست، ھەر خودایەک بپەرستن؟ ئەمە زۆر شتێکی سەیرە. (٦) کەڵەپیاوانیان کەوتنە ڕێ [وتیان پێیان: ] بڕۆن و لەسەر ئەوانەی تا ئێستا پەرستووتانن، لا مەکەون و خۆڕاگر بن؛ بێ سۆ ئەمە ویستی مەیە. (٧) ئێمە لە دینەکەی تردا شتێ وامان نەبیستووە؛ ئەمە ڕاستی تێدا نییە و ھەڵبەستەیە. (٨) چۆنە لە ناو ھەمووماندا، قورئان ھەر بۆ ئەو ھاتووە؟ دوودڵیشن کە قورئان من ناردبێتم. ھێمان ئازاری ئێمەیان نەچەشتووە. (٩) ئاخۆ ئەوان گەنجینەکانی بەزەیی پەروەرندەی بەدەستەڵات و دڵاوای تۆیان لایە؟ (١٠) یان ئاسمانان و زەمین و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە، دە بەردەستی ئەوان دایە؟ دەسا با پەیژە دانێن و بێنە سەرێ. (١١) ئەوانە لەشکرێکن لە کۆمەڵەکان کە لەوێندەرێ تێ دەشکێن. (١٢) بەرلەمانەش ھۆزی نووح و ھۆزی عاد و فیرعەونی چوارنیخەکێشیش ھەر بڕوایان بە پێغەمبەران نەھێنا. (١٣) ھۆزی سەموود، ھۆزی لووت و خەڵکی ناو لێرەوارەکەش، ھەر لەو بێ باوەڕانە بوون. (١٤) گش ئەوانە پێغەمبەرەکانی خۆیان بەلاوە درۆزن بووە و ھێژای تۆڵە لێ ساندن بوون. (١٥) ئەوانە ھەر چاوەنۆڕن تا لە نەکاو گرمینێ وا پەیدا دەبێ، کە تەنانەت بەشی ھەنیسک دانێکیش وچان نادا. (١٦) ھەر دەڵێن: ئەی پەروەرێنمان! بەر لەوە ڕۆژی قیامەت بێ، پسوولەی خۆمان بدەیە. (١٧) ھەرچی دەیڵێن با بیڵێن، تۆ خۆڕاگربە و داوود وەبیرخۆت بێنەوە؛ کە عەبدێکی بەدەستەڵاتی ئێمە بوو؛ لە ھەر کارێ پەشیمانی ڕووی تێ دەکرد، ھەر پەنای بە ئێمە دێنا. (١٨) کێواتیشمان فێر کردبوو، کە وێڕای ئەو سەرلەنگۆرە و لە کاتی تاو ھەڵاتندا، ھەر تاریفی خودا بکەن. (١٩) مەلانیش کۆمەڵ دەبوون و گشتیان بەرەو ئەو دەھاتن. (٢٠) ئێمە فەرمانڕەواییمان ب ۆپتەو کرد؛ لە کارزانیندا بەشمان دا و بە قسەی ئەو، ھەموو کێشە کۆتا دەبوون. (٢١) ئەتۆ دەنگوباسی ئەو دادبەرانەت بیست، کە لەشوورەی نوێژگەکەیەوە سەرکەوتن؟ (٢٢) کە لە داوود وەژوورکەوتن، لێان ترسا. گوتیان: نیگەرانیت نەبێ، دوو دادبەرین؛ یەک لە ئێمە غەدری لەوی تر کردووە؛ چۆن ڕەوایە ئاوا بە ناومان ڕابگە و لە دەستووری خوا لا مەدە و ڕاستەڕێمان نیشان بدە. (٢٣) ئەم برایەم نەوەد و نۆ پەزی ھەیە و من تەنیا پەزێکم ھەیە. گوتی: بە منی بسپێرە و، لە کێشەدا من دەرۆستی ئەو نەھاتم. (٢٤) گوتی: ئەو کە پەزەکەی تۆ دەخاتە ناو پەزەکانی، غەدرێ دەکا. زۆر شەریکە ماڵی تریش فێڵێ لە یەکتری دەکەن؛ مەگین ئەوی باوەڕیان بە خودا ھەیە و ئاکارچاکن؛ ئەویش کەمن. داوود زانی ئەزموومانە؛ ئیتر تووش پەشیمانی ھات؛ سوژدەی برد و لە پەروەرندەی پاڕاوە کە بیبەخشێ. (٢٥) ئێمە لەو ھەڵەی بەخشیمان؛ لە نزیکانی خۆمانە و گەڕانەوەی چاکی ھەیە. (٢٦) ئەی داوود! جێ نشینیمان لەسەر زەمین داوە بە تۆ؛ بە تەرزێکی خوداپەسند، بە کاری مەردم ڕابگە و شوێن ئارەزووی خۆت مەکەوە؛ کە لە ڕێی خودا لات بدا. ئەو کەسانەی لە ڕێی خودا دەردەکەون، چونکە قیامەتیان لە بیر چوو، جەزرەبەی توند و تیژیان ھەس. (٢٧) ئێمە ئاسمان و زەویمان – ئەوەش کە لە بەینیاندایە – بە خۆڕایی دروس نەکرد؛ ئەو کەسانەی وا بیر دەکەن، خوانەناسن. ھای لەوانەی خوانەناسن، بۆ ئەو ئاگرەی دەیچنێ! (٢٨) ئاخۆ ئێمە ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، ھەر وەک ئەمانە دادەنێین کە لەم ھەردەدا بەدفەڕن؟ یاخۆ ئێمە خۆپارێزان وەک گوناھباران دەژمێرین؟ (٢٩) ئەم قوڕعانە پڕ لە پیت وپیرۆزەمان بە خەڵات بۆ تۆ ناردە خوار، تا لەسەر نیشانەکانی ڕابمێنن و خاوەن دڵان ئامۆژگاری لێ وەرگرن. (٣٠) سولەیمانمان بەخەڵات بەخشی بەداوود. ئای کەچەند عەبدێکی باش بوو! ھەمیشە ھەر ڕووی دەمەبوو. (٣١) سەرلەنگۆرێ وەختێ ئەسپانی ڕەسەنیان لە بەر چاوانی ڕادەنا، (٣٢) گوتی: ئەوینی ڕەوەکەم یادی خودای لە بیر بردم؛ تا خۆر لە ئاسۆ نەدیو بوو. (٣٣) بیان گێڕنەوە. ئەوسا بە تیخ، مچوون و ملیان پەڕاندن [و کرانە خێر]. (٣٤) ئێمە سولەیمانیشمان تاقی کردەوە و لاشەیەکمان ھاویشتە بان کورسیەکەی و دیسان ھەر ڕووی کردە ئێمە. (٣٥) گوتی: ئەی پەروەرندەکەم! عافووم بکە و سامانێکی وام بدەیە کە لە دوای من گیر ھیچ کەسی تر نەکەوێ؛ بەخشەندەی ھەرە گەورە تۆی. (٣٦) ئێمەش بامان بۆ کەوی کرد؛ بە فەرمانی ئەو – بە نەرمی – بۆ ھەر کوێیەک بیویستایە دەکەوتە ڕێ. (٣٧) ھەموو جسنە شەیاتینی پاڵە لە قوڕەکاریدا و بینەکێشیش، (٣٨) ھێندێ تریش – کە تۆق لە مل – ھاتبوونە بەر فەرمانی. (٣٩) سامانێکمان پێ بەخشیوی کە لە ژمارە دەرچووە؛ سا تۆیان چاکەی لێ بکە، یان ڕای بگرە. (٤٠) سولەیمانیش لە نزیکانی خۆمانە و گەڕانەوەی چاکی ھەیە. (٤١) لە ئەییوبیش – کە لە عەبدانی ئێمە بوو – بیر بکەوە. لەو کاتەدا کە ھاواری بۆ پەروەرندەی خۆی ھێنا: ئەوا شەیتان منی تووشی ئازار و لەش بەباری کرد. (٤٢) پای خۆت بوکتە بە زەمینا، کە ئەمە سەرچاوەیەکە بۆ مەلەکردن دەست دەدا و چایگیشە، دەشکرێ لێی بخۆیەوە. (٤٣) لە بەزەیی خۆمانەوە، ورد و درشتی خێزانی و ھێندەی تریشمان پێ بەخشی؛ تا ببێتە بیرەوەری بۆ ھەموو خاوەن ئاوەزان. (٤٤) قولێ توڵی ور دو زراو بگرە دەستت و پێ لێدە، با سوێندەکەت لێ نەکەوێ. ئێمە ئەومان بە پیاوێکی بە حەوسەلە ھاتە بەرچاو؛ عەبدی چاک بوو؛ بە ڕاستی ئەو تۆبەکار بوو. (٤٥) عەبدەکانمان: ئیبڕاھیم و ئیسحاق و یەعقووبیش وەبیر بێرانەوە؛ کە ھەموویان خاوەن دەست و دڵ ڕۆشن بوون. (٤٦) چونکە ھەمیشە قیامەتیان وەبیر خەڵک دێنایەوە، بوونە دۆستی تایبەتیمان. (٤٧) ئەوان بەلای ئێمەوە لە ھەڵبژاردە چاکەکانن. (٤٨) ئیسماعیل و زەلکیفل و ئەلیەسەعیشت لە بیر نەچێ؛ ھەموویان لە پیاوچاکانن. (٤٩) ئەمە بۆ بیرەوەریەکە و؛ ئەوانەی خودێ ترس بوون، لەو دنیا جێگەیان خۆشە. (٥٠) باغاتێکە نەمانی بەسەردا نایە و دەرگایان بۆ کراوەتەوە. (٥١) لەوێ پاڵیان داوەتەوە؛ ھەر میوە و ڤەخارنێکی ئارەزوو کەن، داوای دەکەن. (٥٢) زۆر مێوینەی ھاوتەمەنیان لە لا ھەیە، لە ڕووی نامۆ چاو دادەخەن. (٥٣) ئەمانە ھەر ئەو شتانەن کە بەڵێنتان پێدرا بوو؛ ڕۆژی قیامەتێ دەودەنێ. (٥٤) ئەمە بژیوی ئێمەیە و ھەرگیز وشکاویشی نایە. (٥٥) ئەمە ئاوا. ئەو کەسانەش کە لە ڕێی ئێمە لا دەدەن، دێنەوە شوێنێ زۆر خراپ. (٥٦) دوڕدۆزەقە و شوێنێکی زۆر نالەبارە. (٥٧) با دەوێدا ئاوا کەلی و کێم و زووخاو بخۆنەوە. (٥٨) ھەر لەم تەرزە جەزرەبانە، چەندین وێنەی تریش ھەیە. (٥٩) ئەم گرۆیەش کە ھەر بە زۆر دەگەڵ ئێوە دێنە ناوی؛ ئای بە خێر نەیەن! ئەوانیش ئەشێ ھەر لە ئاگردا بن. (٦٠) ئێژن: خۆتان بە خێر نەیەن! ئێوەن پێشەکی ئەو شوێنە خراپە و بۆ مە ڕەچاو کرد. ئەنوایەکی زۆر خراپە! (٦١) ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! کێ پێشەکی ئەمەی بۆ ئێمە ساز داوە، تۆ دووسەرە بە ئاگر جەزرەبەی بدە. (٦٢) دەشڵێن: ئاخۆ ئەو پیاوانەی بە پیاوخراپمان دەژماردن، بۆچ نابینین؟ (٦٣) کە گاڵتەمان پێ دەکردن؛ یان چاو لە دیتنیان کولە؟ (٦٤) ئەم کێشەی ئەھلی دۆژھە ڕاستە و ئەشێ ھەر وەدی بێ. (٦٥) بێژە: من خۆم ھەر تەنیا ترسێنەرێکم؛ غەیرەز خودای تاک و تەنیای زاڵ بە سەر ھەموو شتێکدا، ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ. (٦٦) پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەمینە و ھەرچی ل ەنێوانیان دایە، کۆڵ نەدەر و لێ بوردەیە. (٦٧) بێژە: ئەمە خەبەرێکی زۆر گرینگە؛ (٦٨) کە ئێوە خۆی لێ دەبوێرن. (٦٩) کاتێ باڵانشینەکان بناشتیان لە ناو پەیدا بوو، من ھیچم لێ نەزانیوە. (٧٠) بۆیە پێم ڕادەگەیەنرێ، چونکە دەبێ ترس وەبەر ئێوە بێنم. (٧١) کاتێ کە پەروەرێنی تۆ بە فریشتەکانی ڕاگەیاند: وا خەریکم مرۆیەک لە قوڕ چێ بکەم؛ (٧٢) ھەرگا لەشیم تەواو کرد و لە گیانی خۆم فووم پێدا کرد، ھەمووتان سوژدەی بۆ بەرن. (٧٣) ئەوسا فریشتەکان گشتیان سوژدەیان برد؛ (٧٤) ئیبلیس نەبێ. خۆی بە زل دی و سپڵەیی کرد. (٧٥) گوتی: ئەی ئیبلیس! چی نەیھێشت سوژدە بەریە بەر ئەوەی دەستکردی خۆمە؟ ئاخۆ فیزت ڕێگەی نەدای، یان لە پایەبەرزەکانی؟ (٧٦) گوتی: دیارە من خۆم لەو چاکتر دەزانم، من لە ئاگر، ئەوت لە قوڕ وەدی ھێنا. (٧٧) گوتی: لێرە بڕۆ دەرێ، لە ئێستەوە دەرکراوی؛ (٧٨) نەفرینی منت لەسەر بێ، تا ڕۆژێ سەڵا ڕادەبێ. (٧٩) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! قانم بدە تا ڕۆژەکەی کە ھەموو زیندوو دەبنەوە. (٨٠) گوتی: تۆ یەکێ لەوانەی کە مەودایان پێدراوە؛ (٨١) ھەتا ئەو ڕۆژە و ئەو کاتەی دیاری کراو. (٨٢) گوتی: دەسا سوێند بە دەستەڵاتی تۆ، سەرلەبەریان گومڕا دەکەم؛ (٨٣) مەگین ئەوانەی بە پاکی دەت پەرستن. (٨٤) گوتی: سا ڕاست ھەر ئەمەیە و ھەرچی من دەبێژم ڕاستە. (٨٥) دڵنیابە، تۆش و ھەموو ئەو کەسانەی شوێن تۆ کەوتوون، جەھەندەمتان لێ پڕدەکەم. (٨٦) بێژە: من ھیچ پاداشێکم لێتان ناوێ؛ لەوانەش نیم کە درۆ بە دەم خوداوە ھەڵدەبەستن. (٨٧) ئەمە بیرەوەری و پەندە بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (٨٨) بێ گومانە پاش ماوەیەک دەنگوباسی ڕاستی ئەوتان بەلاوە ڕوون دەبێتەوە. ++++++++++++++++++++++