شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ساففات وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) سوێند بەوانەی بۆ ڕێزبەستن لە لای یەکتر ڕادەوەستن، (٢) سوێند بەوانەی لە ناڕەوا پێشی دەگرن، (٣) سوێند بەوانەی قوڕعان خوێنن، (٤) خودای ئێوە ھەر یەکێکە. (٥) پەروەرێنی ئاسمانەکان و زەمینە و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە و پەروەرێنی ڕۆژڵاتان. (٦) ئێمە عاسمانی نزیکمان بە ئەستێران ڕازاندەوە. (٧) لە گش شەیتانێ نافەرمانیشمان پاراست. (٨) [ئیتر] لە باڵانشینان کۆڵە ناکەن و لە گش لاوە ڕاو دەنرێن. (٩) ھەتا دووریان بخەنەوە و ھەمیشەش ئازاریان ھەیە. (١٠) مەگین ئەوەی - ھەر لە پڕ - شتێ بڕفێنێ؛ ئەویش بڵێسەی گڕێکی شوێن دەکەوێ. (١١) سا تۆ لەوانە بپرسە: ئاخۆ ئافراندنی ئەوان گرینگترە، یان ئەوانەی ئێمە وەدیمان ھێناون؟ ئێمە ماکی ئەوانیشمان لە قوڕێکی پندری پێکەوە لکاو داڕژتووە. (١٢) تۆ لەوەدا سەیر ماوی و ئەوان حەنەکێ خۆ دەکەن. (١٣) ئەگەر نەسیحەتیش بکرێن، نەسیحەت دەگوێ ناگرن. (١٤) ھەر نیشانەیەک دەبینن، دەخوازن گەمەی پێ بدرێ. (١٥) ئێژن: ئەمە جادووە و ھیچی تر نییە. (١٦) ئاخۆ ئێمە - کە مردین و بووینە خۆڵ و چەند پێشەیەک - ژنوو زیندوو دەکرێینەوە؟ (١٧) وێڕای باب و باپیرانمان؟ (١٨) بێژە: ئارێ و، ئێوە ملکەچ و زەبوونن. (١٩) تەنیا تێڕا خوڕینێکە و ئەوسا ھەر خۆیان دەڕوانن. (٢٠) ئێژن: ھەی ماڵ وێران خۆمان! ئەمە ڕۆژەکەی سەڵایە. (٢١) بەڵێ، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە پاک و پیس ھەڵداوێرن و ئێوە بڕواتان نەدەکرد. (٢٢) ئەوانە لێک کۆ کەنەوە کە ناھەقی پیشە بوون و لفی وان و ئەوانەش کە دەیانپەرست، (٢٣) غەیرەز خودا. ئەوسا ڕێگەی جەھەندەمیان پێ نیشان دەن! (٢٤) ڕاشیان بگرن! دەبێ پرسیاریان لێ بکرێ. (٢٥) چیتانە، بۆچی دەھانای یەکتر نایەن؟ ! (٢٦) ئەمڕۆ ھەموو بێدەنگ و ملکەچ وێستاون. (٢٧) ھێندێ لەوان ڕوو لە ھێندێکان دەکەن و لێک دەپرسن. (٢٨) ئێژن: بە نێوی خێرخوازی، ئێمەتان لە ڕێگە لادا. (٢٩) ئێژن: نەخێر، ھەر خۆتان بڕواتان نەبوو. (٣٠) زۆرێکمان لەسەرتان نەبووە، بەڵکوو خۆتان کۆمەڵێکی سەربزێو بوون. (٣١) وا گفتی پەروەرندەمان لە سەر ئێمە وەڕاست گەڕا؛ دیارە دەبێ بیشی چێژین. (٣٢) ئێمە ئێوەمان گومڕا کرد؛ خۆشمان ھەر ئەوسا گومڕا بووین. (٣٣) گش ئەمانە – لەو ڕۆژەدا – بۆ جەزرەبەدان ھاوبەشن. (٣٤) ئێمە ئاوا جزیای تاوانباران دەدەین. (٣٥) ئەگەر بەوانە دەوترا: غەیرەزخودا ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ، خۆیان زۆر بە زل دەزانی. (٣٦) دەشیان درکاند: ئێمە بۆ شاعیرێکی شێت چۆن وازدێنین لەوانەی پەرستوومانن؟ ! (٣٧) بەڵکوو ھەرچی ئەو ھاوردی، ھەمووی ڕاستە و بڕواشی کرد بە پێغەمبەرانی خودا. (٣٨) ئێوە بێ شک ئازاری بەژان دەچێژن. (٣٩) ھەر لەباتی کاری خۆتان سزا دەدرێن. (٤٠) مەگین عەبدە ڕاست و پاکەکانی خودا؛ (٤١) بژیوی باش بۆ ئەوان دیاری کراوە؛ (٤٢) میوەجاتە و زۆریشیان ڕێز لێ دەگیرێ. (٤٣) لە باغاتی پڕ لە ھەموو خێروبێرێک. (٤٤) لە ھەمبەر یەک لە سەر تەختان ڕۆدەنیشن. (٤٥) لەو بادەیەی کە لەچاوەی ڕەوان ڕادێ، پیاڵەیان پێدا دەگێڕن. (٤٦) وەڕەنگ چەرمگ، ھەر کەیفە بۆ وەخۆرەوان. (٤٧) ھیچ سەرێشەی تێدا نییە و ئاوەزیشیان لە بەر مەستی لە دەس نادەن. (٤٨) ژنگەلێکی چاوگەورەیان لە لا ھەیە، لە حاند نامۆ، چاو دادەخەن. (٤٩) لووس و پاکژ وەکوو ھێکی ناو ھێلێنن. (٥٠) بۆ وتووێژ ڕوویان دەکەنە یەکتری. (٥١) یەکێ لەو ناوەدا ئێژێ: ئەمن ھەمدەمێکم ھەبوو. (٥٢) لێی دەپرسیم تۆش لەوانەی کە باوەڕیان بە خوا ھەیە؟ (٥٣) ئاخۆ ئەگەر ئێمە مردین، بووینە ئاخ و چەند ھەستی یەک، ھەر حیسابمان لێ دەکێشن؟ (٥٤) پرسی: ئاخۆ ھیچ ئاگایەکتان لێ ھەیە؟ (٥٥) ئەوسا خۆشی چاوی گێڕا، لەدووڕ جەھەندەمدا دیتی. (٥٦) گوتی: بە خوا، ھەر وەخت بوو لە بەینم بەری. (٥٧) ئەگەر چاکەی پەروەرندەی من نەبووایە، ئێستا منیش وێڕای تۆ بووم. (٥٨) تۆ بزانە کە ئێمە تازە نامرین؛ (٥٩) جیا لە مردنی پێشوومان. ھیچ ئازاردانیشمان نییە. (٦٠) کە ئەمەش بەختەوەرییەکی زۆر مەزنە. (٦١) ئەشێ بۆ پاداشی وەھا خەبات بکەن، ئەو کەسانەی خەباتکارن. (٦٢) ئاخۆ ئەم پەزێراییە ھێژاترە، یاخۆ دارەکەی ژەقنەمووت؟ ! (٦٣) ئەومان کردۆتە بەڵایەک، بۆگرۆی ناھەقیکاران. (٦٤) ئەو دارێکە لەدوڕ تەختی دۆژەھەوە دێتە دەرێ. (٦٥) بەرێک دەدا، لە بیچمی کەللەسەرانی شەیاتین. (٦٦) دۆژەھیەکان لەو دەخۆن و عوریانی پێ دەماسێنن. (٦٧) پاشان لەسەر ئەوخۆراکە لیخناوێکی ھەرەگەرم دەخۆنەوە. (٦٨) پاشان ھەر گڕ دەخۆنەوە بۆ ناو دۆژەە. (٦٩) ئەوان دیتیان کە باو باپیرانیان گومڕان؛ (٧٠) بۆیە وا – بە ھەڵەداوان – بە شوێن ئەواندا پەل دەبن. (٧١) بەرلەوانیش زۆربەی زۆری پێشینەکانیان گومڕا بوون. (٧٢) زۆریشمان ترس وەبەرھێن ناردە ناویان. (٧٣) دەبڕوانە – لە دواجاردا – ئەوانەی ترسێندرا بوون، چییان بەسەرھات. (٧٤) جیا لەوانەی بە دڵپاکی خوایان پەرست. (٧٥) نووحیش ھاواری بۆ ھێناین؛ زۆر باشی دەفریا کەوتین. (٧٦) خۆی و کەس و کارەکەیمان لە خەمی گەورە ڕزگار کرد. (٧٧) تەنیا بەرەو تۆرەمەی ئەومان ھێشتەوە. (٧٨) وامان کرد بەرەی دوای ئەویش، ھەر ناوی بەچاکە بەرن. (٧٩) سڵاو لە نوح لە سەرانسەری دنیادا. (٨٠) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (٨١) ئەو یەکێ بوو لەو عەبدانەم کە بڕوایان پێ ھێناوم. (٨٢) پاشان ئەوەکانی ترمان وەبن ئاو دا. (٨٣) ئیبڕاھیمیش لە شوێن کەوتووانی ئەو بوو. (٨٤) ئەوسا بە دڵی پاکەوە ھاتە لای پەروەرندەی خۆی. (٨٥) بە ئاپی و ھۆزەکەی خۆی گوت: ئەوە چین دەیان پەرستن؟ (٨٦) گەرەکتانە لەبری خوداپەرستنێ، ئەو شتانە بپەرستن؟ ! (٨٧) ئاخۆ ئێوە سەبارەت بە پەروەرێنی ھەموو دنیا بیروبڕواتان چلۆنە؟ (٨٨) ئەوسا ھەرخۆی دەئەستێرانی ھەڵڕوانی. (٨٩) گوتی: بێ سۆ من نەخۆشم. (٩٠) سا ئەوان لێی تەکینەوە و پشتیان تێکرد. (٩١) پەنامەکی خۆی گەیاندە بتەکانیان؛ لێی پرسین: ئێوە بۆ ناخۆن؟ ! (٩٢) چیتانە بۆ قسان ناکەن؟ ! (٩٣) پەنامەکی بە دەستی ڕاست مستێکی تێ سرەواندن. (٩٤) ھۆزەکەی بە ھەڵەداوان لێی وەکۆ بوون. (٩٥) گوتی: ئاخۆ ئێوە شتێ دەپەرستن، کە ھەرخۆتان دای دەتاشن؟ (٩٦) کە ھەر خوایە، ئێوەش و کردەوەتانی وەدی ھێنا. (٩٧) گوتیان: شورەدیوارێکی بۆ ھەڵنەچنن؛ ئەوسا دەئاگری باوێن. (٩٨) گەرەکیان بوو گەڕێکی تێ بھاڵێنن، ئێمە پتر ژێرمان خستن. (٩٩) گوتی: وا من ڕوو دەکەمە پەروەرندەم؛ بەم زووانە بەرەو خۆی شارەزام دەکا. (١٠٠) پەروەرندەم! فرزەندێکی ئاکارچاکم پێ ببەخشە. (١٠١) ئەوسا ئێمە بە لاوێکی لەسەرخۆ مژدەمان پێ دا. (١٠٢) کاتێ گەییشتە تەمەنێک کە وێڕای ئەو خەبات بکا، گوتی: ئەی کوڕیژگەی خۆم! من لەخەونمدا وام دیوە تۆ سەر دەبڕم؛ خۆت چۆنی لێک دەدەیەوە؟ گوتی: بابۆ! ھەرشتێ پێت سپێراوە بە جێی بێنە؛ خوا حەز بکا، بەم زووانە تێ دەگەی کە منیش لە خۆڕاگرانم. (١٠٣) وەختێ ھەردوو بڕیاری خوایان سەلماند و لەسەر ئەنی تخێڵی کرد، (١٠٤) گازین کردێ: ئەی ئیبڕاھیم! (١٠٥) ئەوا خەونەکەت وەدی ھات؛ ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (١٠٦) دیارە ئەمە ئەزموونێکی ئاشکرا بوو. (١٠٧) ئێمە ئەومان بە قوربانیەکی ھەرە گەورە کڕییەوە. (١٠٨) وەشمان کرد بەرەی دوای ئەویش ھەر ناوی بە چاکە بەرن. (١٠٩) سڵاو لەسەر ئیبڕاھیم بێ. (١١٠) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (١١١) بەڕاستی ئەو یەکێ بوو لە عەبدە بڕوادارەکانمان. (١١٢) مژدەی ئیسحاقیشمان پێدا، کە دەبێتە پێغەمبەرێکی ژێھاتی. (١١٣) بەرەکەتمان دا بە خۆی و بەئیسحاقیش. لە ناو تۆرەمەکەیاندا ھێندێکیان ئاکارچاک بوون و تێشیاندا بوون بە ئاشکرا غەدریان لە خۆیان دەکرد. (١١٤) دەربارەی مووسا و ھاڕوونیش چاکەمان کرد. (١١٥) خۆیان و ھۆزەکەیانمان لە چۆرتمی زل ڕزگار کرد. (١١٦) بۆ خۆمان یاریدەمان دان کە سەرکەوتن. (١١٧) ئەوکتێبەشمان بەوان دا، کە ھەموو شت دیاری دەکا. (١١٨) ڕێگەی ڕاستیشمان نیشان دان. (١١٩) وامان کرد لە دواڕۆژیشدا ھەر ناویان بە چاکە ببرێ. (١٢٠) سڵاو لە سەر مووسا و ھاڕوون. (١٢١) ئێمە ئاوا چاکەکاران پاداش دەدەین. (١٢٢) ھەر دووکیان لەو عەبدانەم بوون کە باوەڕیان پێ ھێناوم. (١٢٣) بێ گومانە کە ئەلیاسیش یەکێ لە پێغەمبەرانە. (١٢٤) ئەوسا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: بۆچ شەرم لە خودا ناکەن؟ (١٢٥) «بەعل» [بتە] دەیپەرستن؛ لە چاکترین وەدی ھێنەر دەتەکنەوە؟ (١٢٦) لە خوا کە پەروەرێنتانە و پەروەرێنی باڤەکانی پێشووشتانە. (١٢٧) سا باوەڕیان پێ نەکرد و دێنە بەر لێ پرسینەوە. (١٢٨) مەگین عەبدە ڕاست و پاکەکانی خودا. (١٢٩) وامان کرد لەدواڕۆژیشدا ھەر ناوی بەچاکە ببرێ. (١٣٠) سڵاوی مە لەسەر ئەلیاس. (١٣١) ئێمە ئاوا پاداشی کارچاکان دەدەین. (١٣٢) ئەو یەکێ بوو لەو عەبدانەم کە باوەڕی پێ ھێناوم. (١٣٣) لووتیش لە پێغەمبەران بوو. (١٣٤) خۆی و کەس و کاریشین وێکڕا ڕزگار کرد. (١٣٥) مەگین تەنیا پیرێژنێک کە لای بە جێ ماوەکان ما. (١٣٦) پاشان ھەموومان قڕ کردن. (١٣٧) بێ سۆ ئێوە لای بەیانی، بەلایاندا ڕادەبوورن؛ (١٣٨) یان شەوانە. چۆن لەو ڕووداوە تێ ناگەن؟ ! (١٣٩) یوونسیش ھەر یەکێک بوو لە پێغەمبەران؛ (١٤٠) کە ڕای کردە ناو گەمی پڕ. (١٤١) لە پشک خستن بەشدار بوو؛ ئەو دۆڕاندی. (١٤٢) ئەوسا ماسییەکی زەلام، ھەڵی لووشی و بۆ خۆی سەرکۆنەی خۆی دەکرد. (١٤٣) سا ئەگەر ئەو پاکی خودای نەگووتبایە، (١٤٤) تا ڕۆژێ سەڵا ڕادەبوو، لە ورگیدا دەمایەوە. (١٤٥) فڕێمان دایە دەشتێکی چۆڵ و قاقڕ؛ نەخۆشیش بوو. (١٤٦) ئەوسا بڕکەی کوندرێکمان لە لا شین کرد. (١٤٧) ناردمانە ناو سەد ھەزاران یان زێدەتر. (١٤٨) ھەموو بڕوایان پێ ھێنا و تا ماوەیەک ژیانێکی خۆشمان پێدان. (١٤٩) دەسا تۆ لەوانە پرسە: تۆبێژی پەروەرندەی تۆ کیژی ھەن و ئی وان کوڕن؟ ! (١٥٠) یان لەوێ بوون کە ئێمە فرشتەکانمان مێ دروس کرد؟ (١٥١) باش بزانە، ھەرچی دەیڵێن ھەر درۆیان ھەڵدەبەستن؛ (١٥٢) کە: خودا مناڵی بووە. بێ گومانە درۆزنن. (١٥٣) ئاخۆ ئەو بەجێ کوڕ، کچی بژاردووە؟ (١٥٤) چیتانە، چۆن پێ ڕادەگەن؟ (١٥٥) ئاخۆ ھیچ بیر ناکەنەوە؟ (١٥٦) یان بەڵگەیەکی پتەوتان لە لا ھەیە؟ (١٥٧) ئەگەر قسەی ئێوە ڕاستە، سا کتێبی خۆتان بێنن. (١٥٨) جنۆکەیان دەگەڵ خودا کردە خزم؛ جنۆکانیش باش دەزانن ئەوانە دەھێننە بەرێ. (١٥٩) خودا دوورە لەو باسانەی ئەوان دەیکەن. (١٦٠) مەگین ئەوی بە دڵپاکی عەبدایەتی خودا دەکەن. (١٦١) سا وا ئێوە و ئەوانەی دەیانپەرستن، (١٦٢) کەستان بۆ بت بە فریو ناچێ؛ (١٦٣) مەگین ئەوی دەچێتە نێو دۆزەقەوە. (١٦٤) لە ئێمەدا ھەر کامێکمان جێگەی بۆ دیاری کراوە. (١٦٥) ئێمەین کە بۆ خواپەرستی ڕێز دەبەستین. (١٦٦) ئێمەین ھەرگیز لە تاریفی ڕاناوەستین. (١٦٧) ئەوانیش خۆ ھەر دەیانگوت: (١٦٨) ئەگەر ئێمەش لە لایەن پێشینانەوە، کتێبی خۆمان بۆمابا، (١٦٩) ئێستا لە عەبدە دڵپاکەکانی خوا بووین. (١٧٠) لەکتێبی خوا حاشایان کرد؛ زۆر ناخایەنێ دەزانن. (١٧١) بێ گومانە بە رێش قسەکانی ئێمە – سەبارەت بە عەبدە ناردراوەکانمان – بە مەردم ڕاگەیەنراوە: (١٧٢) کە ھەر ئەوان یاری دەدرێن. (١٧٣) دیاریشە ھەر سوپای ئێمە سەردەکەوێ. (١٧٤) سا تۆ وازیان لێ بێنە ھەتا ماوەیەک. (١٧٥) جا بیان بینە؛ ئەوانیش خۆ دەبیننەوە. (١٧٦) دەیانەوێ کە زووتر ئازاریان بدەین؟ (١٧٧) ھەر کاتێکی بێتە خوار و بەری درگایان لێ بگرێ، سپێدەی ترسێندراوان، ئەوسا گەلێ خراپ دەبێ. (١٧٨) تۆ لەوانەش ھەتا ماوەیەک واز بێنە. (١٧٩) جا ببینە، ئەوانیش خۆ دەبیننەوە. (١٨٠) پاکی بۆ پەروەرندەی تۆ؛ ھەرخۆی خاوەن دەستەڵاتە و لەو قسانەی کە ئەوان دەربارەی دەکەن، گەلێ دوورە. (١٨١) سڵاویش لە پێغەمبەران. (١٨٢) سوپاسیش بۆ ڕاھێنەری ھەموو دنیا. ++++++++++++++++++++++