شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: یاسین وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) یا، سین. (٢) سوێند بە قوڕئان، کە سەر لەبەر کارزانییە. (٣) تۆ یەک لە پێغەمبەرانی. (٤) کەوتوویە سەر ڕاستەڕێگە. (٥) ئەم قوڕعانە ھەرە خاوەن دەستەڵاتی دلۆڤان ناردوویەتە خوار. (٦) تا بە ھۆی ئەو ترس وەبەر گەلێک بێنی کە باب و کاڵی پێشوویان کەس لە خوای نەترساندوون و بێ ئاگا بوون. (٧) بەڵێنی خوا زۆرینەیان دەگرێتەوە؛ سا ئەوان بڕوا ناھێنن. (٨) ئێمە ملیان دەخەینە ناو زنجیرەوە و تا چەنە شەتەکیان دەدەین، کە ناتوانن بۆھیچ لایەک سەرببزێون؛ چاوگەلیشیان داشۆڕیاگە. (٩) لەمپەرێکمان لەپێشیانەوە داناوە و لەمپەرێک لە پشتیانەوە؛ تارماییشمان ھاویشتە سەر گلێنەیان کە نابینن. (١٠) بۆ ئەوانە چ ترسیان وەبەر بھێنی، چ نەھێنی، وەکوو یەکە. ھەر نابن بە خاوەن باوەڕ. (١١) ترس وەبەر ھێنانەکەت ھەر بۆ کەسێک باوی ھەیە، پەیڕەوی ئەم قوڕعانەیە و لە نەدیتە ترسی خودای لە دڵدایە. سا تۆ مزگێنی پێ بدە عافوو دەکرێ و پاداشی باشیشی ھەیە. (١٢) ئێمە خۆمان مریان زیندوو دەکەینەوە و ھەر کارێکی بە زیندوویی کردوویانە و شوێنەواریان، گش دەنووسین. ھەموو شتمان لە کتێبێکی ڕوون کەرەوە - ھەر بە ھەژمار - ھەژماردووە. (١٣) بەسەرھاتی خەڵکی ناو ئاواییەکەیان بۆ وێنە بۆ بگێڕەوە، کە پێغەمبەر چوونە لایان. (١٤) ئەو دەمەی کە دوو کەسمان بۆ بەڕێ کردن، کەسیان بڕوای پێ نەکردن. پێغەمبەری سێھەمیشمان ناردە لایان، یارمەتی ئەو دووانە بدا. گوتیان: ئێمە بێ گومانە، بۆ لای ئێوە ناردراوین. (١٥) گوتیان: ئێوە ھەر مرۆیەکن وەک خۆمان؛ خوا ھیچی نەناردۆتە خوار؛ ئێوە کارتان درۆ دانە. (١٦) گوتیان: پەروەرندەی ئێمە خۆی دەزانێ کە ئێمە بۆ لای ئێوە ڕاسپێراوین. (١٧) گوتیان: ئێمە ھەر ئەوەندەمان لەسەرە، پەیامی ئەو - بە ئاشکرا - بەنگۆ بڵێین؛ نە ھیچی تر. (١٨) گوتیان: پێوقەدەمی ئێوە بۆ مە شوومە؛ دەس ھەڵ نەگرن، بەردەبارانتان دەکەین و سەخت جەزرەبەتان دەدەین. (١٩) گوتیان: شومیو لە خۆتانە، ئاخۆ ئەگەر ئێوە ئامۆژگاری بکرێن [ئاوا دەکەن]؟ بەڵکوو ئێوە کۆمەڵێکن لە ئەندازەی خۆ دەرکەوتوون. (٢٠) پیاگێک لەو سەری شارەوە بە غار دەھات، گوتی: گەلۆ! بدنە شوێن ئەو کەسانە ڕاسپێراون. (٢١) پەیڕەوی ئەمانە بکەن کە بۆ خۆیان شارەزای ڕێگەی خودان و ھیچ پاداشیان لێتان ناوێ. (٢٢) من بۆ دەبێ ئەو کەسەی منی دروس کرد، نەیپەرستم؛ گشتوو بۆ لای ئەو دەچنەوە؟ (٢٣) چۆن من دەچم - غەیرەز خودا - ئەو شتانە دەپەرستم؛ ھەرگا خودا گەرەکی بێ بەڵایەکم بەسەر بێنێ، تکای ئەوان ھیچ بەھرەیەکم بۆ نادا و ناتوانن ڕزگارم بکەن؟ (٢٤) ئەگەر وا بێ، ئەوسا کە من بە ئاشکرا گومڕا بووگم. (٢٥) من بە پەروەرندەی ئێوە بڕوام ھێنا؛ سا بژنەون. (٢٦) وترا: وەرە بەھەشتەوە. گوتی: بریا ھۆزەکەشم بیزانیبا، (٢٧) کە ئەو کەسەی منی پەروەردە کردووە، لێم خۆش بووە و خستوومیە ڕێزی بەڕێزان. (٢٨) دوای ئەو ئێمە ھیچ لەشکرمان - لە عاسمانڕا - نەناردە سەر ھۆزەکەی ئەو، [بەرلەمەش] ھەر نەمان دەنارد. (٢٩) ھەر تەنیا نەعرەتەیەک بوو، کە لە ناکاو گش دامرکان. (٣٠) مخابن بۆ ئەو عەبدانە، ھەر پێغەمبەرێکیان بۆ ھات، ھەر گاڵتەوگەپیان پێکردوون. (٣١) چۆن ئەمانە نەیاندیووە کە چەندین چین لە مرۆمان - لە پێش ئەمان - قڕ کردووە و تازە نایەنەوە لایان. (٣٢) بێ گومانە ھەموو لاشیان ھەر دەھێننەوە لای خۆمان. (٣٣) ھەر لە زەوی ڕابمێنن، نیشانەی بۆ ئەوان تێدا؛ بە مردوویی ئێمە زیندوومان کردەوە و دەنکمان لێ بەرھەم ھێنا؛ کە خۆراکە بۆ ئەمانە. (٣٤) ھەر لە زەویش چەندین باغی خورمابن و ڕەزی زۆرمان وەدی ھێنا و چەند کانیاومان لێ ھەڵقوڵاند. (٣٥) ھەتاکوو لە میوەی خودا و لە دەسڕەنجی خۆیان بخۆن. ئاخۆ ھێشتا شوکر ناکەن؟ (٣٦) ھەر خودا پاک و بێ عەیبە، کە جووتەی ھەموو شتێکی وەدی ھێنا؛ چ لەوانەی لەم سەرزەمینە دەڕوێن و چ لە خۆیان، چ لەوانەش کە نایزانن. (٣٧) بۆ ئەو، شەویش یەک لە نیشانانە؛ ئێمە ڕۆژی لێ دادەڕنین و لە ناکاو تاریکانیان بەسەردا دێ. (٣٨) خۆریش بەرەو بنەی خۆی لە گەڕاندایە؛ کە لە خاوەن دەستەڵاتی زاناوەیە، ئەو فەرمانەی پێدراوە. (٣٩) ھەیڤیش ئێمە بۆمان دانا بە چەند قۆناغا تێپەڕێ؛ تا وای لێ دێ، وەک پەلی کەونی وشکەڵی داری خورما، دێتە بەرچاو. (٤٠) نە خۆر توانای ھێندەی ھەیە بگا بە مانگ، نە شەو وەپێش ڕۆژ دەکەوێ. سەرلەبەریش لە ئاسمانێک مەلە دەکەن. (٤١) ئەمەش بۆیان نیشانەیە: ھاوڕەگەزانی ئەوانمان لە گەمیەی تژی کراودا ھەڵگرتووە. (٤٢) وێنەی ئەویشمان داھێنا، کە دەتوانن سواری ببن. (٤٣) ئەگەر حەز کەین نوقمی بن ئاویان دەکەین و ئەوسا کە ھیچ فریاڕەسێکیان نابێت و ڕزگار ناکرێن. (٤٤) مەگین بەزەیی ئێمەیان دەفریا بێ و تا ماوەیەک بەرخوردار بن. (٤٥) ھەر کاتێکیش پێیان بگوترێ: لەوی لە ڕووبەڕووتانە و لەوەش لە پشتەسەرتانە، خۆپارێزبن، بەشکوو بەر بەزەیی خوا کەون، [خۆ دەبوێرن]. (٤٦) ھەر نیشانەیەکیان بۆ بێ لە لای پەروەرێنیانەوە، ئیللا دەبێ ڕووی تێ نەکەن. (٤٧) کاتێکیش پێیان بووترێ: لەو بژیوەی خوا پێداون، خێرێ بکەن؛ خوانەناسان بەخاوەن باوەڕان ئێژن: ئاخۆ ئێمە خۆراک بە کەسێ ببەخشین ئەگەر خودا مەیلی لێ با بژیوی بۆ دابین دەکرد؟ ئێوە ھەر لە گومڕاھی دان. (٤٨) دەشڵێن: ئەگەر قسەڕاستن، ئەو بەڵێنە، کەی بە جێ دێ؟ (٤٩) ئەوانە ھەر چاوەنۆڕی یەک نەعرەتەن کە لە کاتێکدا خەریکی ھەراوکێشەی ناو خۆیانن، دەیانگرێ. (٥٠) ناتوانن وەسیەتیش بکەن؛ ڕێشیان نابێ بچنەوە ناوکەس و کاریان. (٥١) فووش بە کەڵەشاخدا دەکرێ؛ ناگا گشت لە گۆڕانەوە دێنە دەر و بەرەو پەروەرندەی خۆیان بە لەز دەڕۆن. (٥٢) ئێژن: ئەی ھاوار بە ماڵمان! کێ لە ناو پێخەفەکەمان ڕای پەڕاندین؟ ئەمە ھەر ئەو بەڵێنەیە خودا دای و پێغەمبەرەکان ڕاستیان گوت. (٥٣) تەنیا ھەر یەک نەعرەتەیە و ناکاو ھەموو لای ئێمە کۆ دەکرێنەوە. (٥٤) ئەوێ ڕۆژێ ناھەقی لە کەس ناکرێ و ھەر بەرانبەر بەو کردەوەی کردووتانە، سزا دەدرێن. (٥٥) ئەوانەی ئەھلی بەھەشتن، ئەوێ ڕۆژێ سەریان گەرمە و لە خۆشی دان. (٥٦) خۆیان دەگەڵ ژنەکانیان، لەبەر سێبەر، لە تەختان، پاڵ کەفتگن. (٥٧) لە بەھەشتا ھەر میوەیەک و ھەر شتێ داوای بکەن، ئامادەیە. (٥٨) پەروەرندەی دلۆڤانیش - بە لەبزی خۆی - سڵاوێکیان بۆ دەنێرێ. (٥٩) ئەی ئەوانەی تاوانبارن! ئێوەش ئەمڕۆ، ئەشێ خۆتان جیا کەنەوە. (٦٠) ئاخر ئەی تۆرەمەی ئادەم! من لە پێشدا پەیمانم دەگەڵ نەبەستن کە شەیتانێ نەپەرستن؟ ئەو ئاشکرا دوژمنتانە. (٦١) ھەرتەنیا خۆم بپەرستن؛ کە ڕێگەی ڕاست ھەر ئەمەیە. (٦٢) گەلێکی زۆری لە ئێوەی لە ڕێ لادا؛ ئاخۆ ھێشتا ھەر تێ ناگەن؟ (٦٣) ئەمە ئەم جەھەندەمەیە، کەوا بەڵێنتان پێ دەدرا. (٦٤) بەھۆی پێ نەزانیەکەتان، ئەمڕۆ دەبێ بچنە ناوی. (٦٥) ئەمڕۆ ئێمە مۆر دەخەینە سەر دەمیان و دەستیان دەگەڵمان دەپەیون؛ پاکانیشیان دەبنە شایەت کە کردەوەکانیان چ بووە. (٦٦) ئەگەر حەز کەین، چاوەکانیشیان کوێر دەکەین؛ بەرەو ڕێگا ملە دەکەن. سا کوا سۆمای دیتنیان ھەیە؟ (٦٧) ئەگەر حەزیشمان کردبا - ھەر لە جێگەکەی خۆیاندا - دەمانکردنە شتێکی تر؛ ئەوسا کە نەیانتوانیبا بێنە پێش و بەرەو دوواش نەگەڕێنەوە. (٦٨) ھەر کەسێکیش تەمەنی زۆری بدەینێ، تەرح و بیچمیشی دەگۆڕین. بۆچ ناتانەوێ تێ بگەن؟ (٦٩) ئێمە ئەومان فێری شێعر نەکردووە و ھیچ پێویستیشی پێ نییە. ئەمە تەنیا بۆ یاد لە خودا کردنە و قورئانێکە شێوەژیان نیشان دەدا. (٧٠) تا ئەوانەی بە دڵ زیندوون، لە خودایان بترسێنی و قسەی خودا دەربارەی خودانەناسان بە جێ بگا. (٧١) ئاخۆ ھێشتا نەیاندیوە ئێمە بە دەستی توانامان پاتاڵمان بۆ بەرھەم ھێنان، ئەوان بوونەتە خاوەنیان. (٧٢) وا بۆشمان دەستەمۆ کردن، کە دەتوانن سواریان بن و لێیان بخۆن. (٧٣) ھەر لە وانیش گەلێک جۆرە بەھرە دەبەن؛ زۆر شتی ڤەخارنیشیان لێ وەردەگرن. ھێشتا ھەر شوکرانە ناکەن. (٧٤) غەیرەز خودا شتگەلێکی تریان پەرست؛ شایەتا دەھانایان بێن. (٧٥) ناشتوانن دەھانایان بێن؛ بەڵام ئەمان لە خزمەتیان، بۆ پێشمەرگەیی ئامادەن. (٧٦) وتاریان دڵتەنگت نەکا؛ ھەر شتێکی بیشێرنەوە و ھەرشتێکی بیدرکێنن، ئێمە لێیان ئاگادارین. (٧٧) مرۆ چۆن ھێندە نازانێ، کە ئێمە لە تنۆکێکمان ئافراندوە؛ کەچی ئێستا دوژمنێکی ئاشکرایە. (٧٨) ئەو مەسەلێکی بۆ ئێمە ھێنایەوە و ئافراندنی خۆی لە بیر کرد؛ ئێژێ: ئێسک لە پاش پووان، کێ زیندوویان دەکاتەوە؟ (٧٩) بێژە: کەسێ ھەوەڵ جار دروستی کردوون، ئەو زیندوویان دەکاتەوە؛ بۆ ھەموو دروست کردنێک خۆی زانایە. (٨٠) ئەو کەسێکە لە داری شین، ئاگری بۆ پەیدا کردوون؛ ئێوەش ھەر لەم [دەستەچیلە] ئار پێ دەکەن. (٨١) ئاخۆ کەسێ توانای ھەبێ ئەم ئاسمانان و زەمینەی داھێنا بێ، توانای نییە وێنەیان دروس کاتەوە؟ ئارێ لە وزەیدا ھەیە و وەدی ھێنی فرەزانا ھەر خۆیەتی. (٨٢) ھەرگا ھەر شتێکی بۆی پەیدا ببێ، بەفەرمان پێی ئێژێ: ببە! ھەر دەس بەجێ پەیدا دەبێ. (٨٣) پاکی و بێ عەیبی بۆ کەسێ کە ھەموو شت لە ژێر فەرمانی ئەودایە و، ھەر بۆ لای ئەو دەوھێننەوە. ++++++++++++++++++++++