شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: سەجدە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) ئەم کتێبە لە ڕاھێنەری دنیاوە ناردراوە و بێ گومانە. (٣) ئاخۆ ئێژن: ھەر لەخۆوە ئەم درۆیەی ھەڵبەستووە؟ بەڵکوو ڕاستە و لە پەروەرندەی تۆڕایە؛ تا بە ھۆی ئەم، ترس وەبەر ھۆزێک بێنی، کە بەرلە تۆ کەس ترسی وەبەر نەناون؛ بەشکوو بەڕێی ڕاست بزانن. (٤) ئەوخودایەی ئاسمانەکان و زەمین و ھەرچی لە ناو ئەو دووەدا بە شەش ڕۆژ وەدی ھێناوە؛ پاشان لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراوە. غەیرەز ئەو، گەورە و تکاکارێکتان نییە. دەسا بۆ بیر ناکەنەوە؟ (٥) ھەرچی کارە لەم ئاسمان و زەمینەدا پێکی دێنێ و لە ڕۆژێکدا ھەڵدەکشێتەوە بۆ لای؛ کەبەپێی ژمارەی ئێوە ھەزار ساڵە. (٦) ئەوە زانا بە نادیار و دیاران و ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (٧) ئەو کەسێکە ھەموو شتی- بەوپەڕی ڕێکی و لەباری - دروس کرد و مرۆشی - لە سەرەتادا - لە ماکی قوڕ وەدی ھێنا. (٨) لەپاشان نەتەوەی ئەمی لەپاڵاوتەی چۆڕەئاوێکی کەم بایەخ وەدی ھێنا. (٩) ئەوسا ڕاستەوپاستەی کرد و لە گیانی خۆی فووی پێدا کرد؛ گوێچکە و چاو و دڵیشی داوە بە ئێوە. کەمتان شوکرانە بژێرن. (١٠) گوتیشیان: ئەگەر لە ناخی ھەردا گوم بووین، ئاخۆ دیسان دەژینەوە و لەنوێ دەبینەوە مرۆ؟ دیارە ئەوان لەڕووبەڕوو بوونەوەیان دەگەڵ پەروەرندەی خۆیان حاشا دەکەن. (١١) بێژە: ئەو فرشتەی پێمێرد - کە ئێوەی دراوەتە دەست - دەومرێنێ و پاشان دەبرێنەوە بۆ لای پەروەرندەو. (١٢) کاتێ تۆ تاوانبارەکان بە سەرشۆڕی ببینیەوە، کە لای پەروەرندەیانن: ئەی پەروەرندەی گلامان! دیتمان و بیستمان و تەواو باوەڕمان ھێناوە؛ سا تۆ بمانگەڕێنەوە؛ ئەمجارە کاری چاک دەکەین. (١٣) ئەگەر حەزمان بکردایە، ھەموو کەسمان بەرەوخۆ شارەزا دەکرد؛ بەڵام من بەڵێنم داوە کە جەھەندەم - لەخێڵی جنۆکەو مرۆ - تژی دەکەم. (١٤) دەبچێژن! لە بیرتان چوو کە تووشی ئەم ڕۆژە دەبن؛ ئێمەش ئێوە لە بیر دەکەین و لە سۆنگەی ئەو کارانەدا دەتان کرد، تا سەر ھەر ئازار بچێژن. (١٥) ھەر ئەوانە بەن یشانەکانی ئێمە بڕوا دەکەن، کە ھەرگا ئەو نیشانەگەلیانە وەبیر بھێننەوە، خۆ دەخەنە سەر سوژدەوە و بەسوپاسەوە پەسنی پاکی پەروەرندەی خۆیان ئەدەن و خۆیان بە زل نازانن؛ (١٦) برکیان لە پێ خەفەکانیان جاڕز دەبێ و بە ترس و بە ھومێدەوە ھانا وەبەر پەروەرندەی خۆ دەبەن و، لەو بژیوەی پێمان داون خێرێ دەکەن. (١٧) کەس نازانێ لە بارتەقای ئەوکارانەی کردوویانە چ پاداشێکی چاوڕۆشنەوکەریان بۆ تاقەت کراوە. (١٨) چۆن کەسێ بڕوای ھێناوە، وەک ئەوەیە کە لەڕای خودا لای داوە؟ وەک یەکترنین. (١٩) بەڵام ئەوانەی وا خاوەن باوەڕ و ئاکارچاک بووگن، لە پاداشی ئەو کارانەی کردوویانە، ئەنوایان لە دوڕباغاتە. (٢٠) ئەوکەسانەش کە لە ڕێگە لایانداوە، بڵێسەی ئاگر شوێنیانە و تا بخوازن لێی دەربچن، دەیانھێننەوە ناو ئاگر. پێشیان ئێژن: دەبچێژن ژانی بە ئاگر سووتانێ، کە ئێوە بە درۆتان زانی. (٢١) بێ گومانە ئێمە بە جگە ئازارە ھەرە گەورەکە، ئازاری ئەم دنیایەشیان پێ دەچێژین؛ شایەتا بگەڕێنەوە. (٢٢) کێ لەوکەسە ناھەقترە، کە نیشانەکانی پەروەرندەی وەبیر بھێننەوە، پاشان وازی لێ بھێنێ؟ تۆڵە لەو تاوانبارانە دەکەینەوە. (٢٣) کتێبمان بەمووساش داوە؛ کردیشمانە ڕێ نیشاندەر بۆ زاروزێچی ئیسڕائیل. سا تۆش لە ڕووبەڕوو بوونی ئەم [قورئانە] بێ گومان بە. (٢٤) لەوانیشدا چەند کەسێکمان کردە ڕێبەر، کە ھەر بە فەرمانی خۆمان ڕێنوێنی مەردم بکەن؛ چونکە توانی خۆڕاگرتنیان تێدابوو؛ بە تەواوی باوەڕیشیان بە نیشانانمان ھێنا بوو. (٢٥) دیاریشە پەروەرندەی تۆ - ڕۆژی سەڵا - خۆی بەو کارانە ڕادەگا کە ئەوانە لەسەریان پێک نەدەھاتن. (٢٦) ئەو چەندین بەرەی مرۆیەی کە لە ناو ماڵەکانیاندا دەخولانەوە و ئێمە ھەموومان قڕ کردن، ئاخۆ ڕاستەقینەی بۆ ئەوان دەرخست؟ لەمەدا زۆر نیشانە ھەن، مەر نابیسن؟ ! (٢٧) ئاخۆ ئەمانە نابینن کە ئێمە بۆ زەوی قاقڕ ئاو دەنێرین، ڕووەکی وای پێ شین دەکەین، تێرەخۆرەی خۆیان و ماڵاتیشیانە؟ مەر نابینن؟ ! (٢٨) ئێژن: ئەگەر قسەو ڕاستە، ئەو سەرکەوتنە کەی دەبێ؟ (٢٩) بێژە: ڕۆژی سەرکەوتنێ، خوانەناسان بڕواکەیان قازانجێکی بۆیان نابێ؛ ھیچ مۆڵەتیشیان نادرێ. (٣٠) سا تۆ واز لەوانە بێنە و چاوەنۆڕ بە؛ ئەوانیشە چاوەنۆڕن. ++++++++++++++++++++++