شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: لوقمان وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) ئەمانە نیشانەکانی کتێبی پڕ لە کارزانین؛ (٣) ڕێشاندەر و بەزەیین بۆ ئەو کەسانەی چاکە دەکەن؛ (٤) ئەوانەی نوێژدەکەن و زەکات دەدەن و ڕۆژی سەڵا دەسەلمێنن؛ (٥) ئەوانە پەروەرندەیان ڕێگەی ڕاستی وەبەر ناون؛ ڕزگارانن؛ (٦) لەم خەڵکەدا ئی وا ھەیە کڕیاری قسەی بێتامە و لە نەزانی، دەیەوێ خەڵک لە ڕێگەی خوا کلا بکا و دەیکاتە گاڵتەجاڕی خۆی. ئەوانەی ئەوکارە دەکەن، ئەشێ زۆر بە سووکایەتی ئازار بدرێن. (٧) ھەرگا نیشانەکانمانی لەڕوودا دەخوێنرێنەوە، بە فیزەوە پشتی ئەکاتە ئەولاوە و لە گوێن کەسێ کە ھەردوو گوێی گران بوو بن، وەکوو نەیبیستبێ وایە. سا تۆ مژدەی ئازارێکی ژاناوی بەو کەسە بدە. (٨) ئەوانەی بڕوایان ھێنا و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد، بەشی ئەوان باغاتی پڕ خێروبێرە. (٩) ھەتاسەر ھەرلەوێ دەبن. بەڵێنی خوا ھەر دێتەجێ؛ ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لە کارزانە. (١٠) ئاسمانەکانی لەوبەرزە وەدی ھێنا، بەبێ ئەمەی ھیچ ئەستوندەکێ ببینن. کێواتی خستە سەرزەمین کە لەرزە بە ئێوە نەکا؛ ھەموو جۆرە جانەوەری دەوێدا بڵاو کردەوە. ئاوێکیشمان لە حەواوە بۆ ڕژاندن، کە لەوێدا جووتەی گش جۆرە ڕووەکی بە بەھرەمان شین کردەوە. (١١) ئەمە کارەکانی خودا؛ دەسا ئێوە نیشانم دەن غەیرە خودا چییان کردووە. ئەوانەی لە دووی ناھەقین، بە ئاشکرا ڕێ لە خۆیان ھەڵە دەکەن. (١٢) لوقمانیشمان لە کارزانیدا ڕاھێنا، کە: لەسەرتە ھەر شوکرانەی خودا بکەی؛ ھەر کەسێکی شوکرێ دەکا، شوکرەکەی ھەر بۆ خۆی دەکا؛ ھەر کەسێکیش پێ نەزان بێ [با بزانێ] خودا لە بێ نیازیدا شایانی تاریف کردنە. (١٣) کاتێ لوقمان - کە خەریکی ئامۆژگاری کوڕەکەی بوو - پێگوت: ڕۆڵەم! کەس مەکە شەریک بۆ خودا، شەریک بۆ خودا بڕیاردان، ناھەقییەکی زۆر مەزنە. (١٤) ئامۆژگاری مرۆمان کرد سەبارەت بەدای و بابی. دایکی کە بەو ئاوس بووە، چەندی کوێرەوەری دیوە؛ لە مەمک بڕینەوەشی دوو ساڵ وەختی خایاندووە. کە: تۆ سپاسی من بکە و سوپاسی دایک و بابت کە، دواجار دێنەوە بۆ لای من. (١٥) ئەگەریش دنەی تۆیان دا، شتێ بکەی بە شەریکم - کە خۆت ھیچی لێ نازانی - فەرمانیان بە جێ مەھێنە؛ لە دنیادا بەخۆشی دەگەڵیان بژی و ھەر لە شوێن ئەوانە بڕۆ کە بەرەومن گەڕانەوە. لەئاکاما ھەر دەگەڕێنەوە لای من، ئەوسا تێتان دەگەیەنم چوو کردووە. (١٦) کوڕیژگەی خۆم! کردەی بەقاس تۆمی خەردەل لەسەر زەمین لە ناو بەردێک، یان لە تەشقی عاسمانان بێ، خودا دەیھێنێتە گۆڕێ. خوا ھەموو شتی لێ دیارە و ئاگادارە. (١٧) کوڕیژگەی خۆم! نوێژێ بکە و ھانای کاری چاکە بدە و بەر لە کاری خراپ بگرە و چت بەسەرھات، خۆڕاگر بە؛ ئەمە لەو کارانەیە خوا ویستوویەتی. (١٨) بە فیزەوە ڕوو لە خەڵک وەرمەگێڕە؛ بە لووت بەرزی لەڕێ مەڕۆ. خودا ئەوانەی خۆش ناوێ لە ڕێگە خۆیان بادەدەن؛ شایی بەخۆن. (١٩) شێنەیی بەڕێدا بڕۆ و بە دەنگی نزم بپەیوە؛ چنکە دەنگی ھەرە ناخۆش لە کەرانەوە دەردەچێ. (٢٠) ئاخۆ ئێوە نەتاندیوە خوا ھەرشتێ لە ئاسمانان و زەمیندان، بۆ ئێوەی کەوی کردووە و بە ئاشکرا و بە نھێنی بەھرەگەلی بەسەرتانا ڕژاندووە؟ ھەر لەو خەڵکەش کەسی وا ھەن لە سەر خودا کێشە دەکەن، بێ ئەوەی چی لێ بزانن، یان خۆیان شارەزا بوو بن، یان کتێبێک بۆیان ڕۆشن بکاتەوە. (٢١) ئەگەر بەوانە بگوترێ: ئەوی خودا ناردییە خوارێ ئێوە پەیڕەوی لێ بکەن؛ ئێژن: ئێمە ھەر پەیڕەوی ئەو شتانەین کە باوانمانی لەسەر بوون. با شەیتانیش بانگیان بکا بۆسەر ئازاری بە ئاگر. (٢٢) ھەر کەسێک بەدڵێکی پاک ڕووی لە خوا بێ و ئاکار چاک بێ، دیارە ئاڵقەی ھەرە پتەو ئەو گرتوویە و ئاکامی ھەموو کارێکیش بەرەو خوایە. (٢٣) ئەو کەسانەی حاشا دەکەن، حاشایان غەمبارت نەکا. ھەموو دێنەوە لای خۆمان؛ ئەوسا خەبەریان پێ دەدەین کە چییان دەکرد. خودا لەڕازی دڵانیش ئاگای ھەیە. (٢٤) وا دەکەین کەمێ ڕای بوێرن، پاشان ناچار بەرەو ئازاری دژواریان ڕادەکێشین. (٢٥) ئەگەر لەوانە بپرسی: کێ عاسمانان و زەمینی وەدی ھێنا؟ ئێژن: خودا. تۆبێژە: شوکر بۆ خودا؛ بەڵام زۆربەیان نەزانن. (٢٦) ھەرشتێکی لە عاسمانان و زەمیندان، گش ھی خودان. خوا لەگشتان بێ نیازەو شایانی تاریف کردنە. (٢٧) ھەرچی دار لەم زەمینە ھەن ببنە قەڵەم، مەرکەفیان لەبەحر بێ و حەوت بەحری دیش بێنە پاڵی، ھێشتا قسەکانی خودا دووایی نایە. خودا خاوەن دەستەڵاتی لە کارزانە. (٢٨) ئافراندن و مراندن و ژیاندن لە یەک نەفەر پتر نییە، خودا دەبیسێ و دەبینێ. (٢٩) بۆ نەتدیوە خوا شەو دەڕۆژ ھەڵدەکێشێ و ڕۆژیش دەشەو ھەڵدەکێشێ؛ خۆرو ھەیڤیشی کەوی کرد؟ ھەر یەکەیان تا ماوەیێ دیاری کراو لە تەڤگەڕدان. خودا لە ھەر کارێ بیکەن ئاگادارە. (٣٠) ھەر دەبێ بەمە بزانن خودا ڕاستە و ھانا بۆ ھەرشتێ بەرن - لە غەیرەز ئەو - کارێ پووچە. پایەبەرزی ھەرەمەزن، ھەرخودایە. (٣١) تۆ نەتدیوە لەسۆنگەی چاکەی خوداوە گەمیە لەدوڕ دەریادا لە گەڕاندایە؛ تا نیشانەکانی خۆیتان نیشان بدا؟ ھەر لەمەدا زۆر بەڵگە ھەن بۆ ھەموو خۆڕاگرانی شوکربژێر. (٣٢) ھەر کاتێکیش پێلی زلی وەک ھەوڕی پڕ، خۆیان بەسەر ھەڵدەکێشن، بە دڵپاکی و بڕوای بێ غەش لەبەر خودا دەپاڕێنەوە. وەختێ ڕزگاری کردن و گەینە سەربەژ، ھێندێ لەوان مام ناونجین. ھیچ کەس لە نیشانەکانمان حاشای نییە، مەگین گەلی فریوبازانی پێ نەزان. (٣٣) ئەی خەڵکینە! دەبێ لە پەروەرندەتان ترسوو ھەبێ؛ ترسی ئەو ڕۆژەشتان ھەبێ کە ھیچ باوکێک ئوباڵی فرزەندی خۆشی لەسەر نییە و ھیچ فرزەندێکیش بۆ بابی سوودی نابێ. بەڵێنی خودا ھەر ڕاستە و نابێ ھەرگیز ژینی سەر دنیا فریوتان دا. نەشچن شەیتان بە بەخشندەیی خودا فریوتان بدا. (٣٤) زانستی ڕۆژی سەڵایە لای خودایە؛ بارانەش ئەو دەیبارێنێ و دەشزانێ تۆلی زگ پڕان چی تێدایە. کەس نازانێ کاری سبەی ڕۆژی چییە و کەس نازانێ لە کامە سەرزەمین دەمرێ. خودا زانا و ئاگادارە. ++++++++++++++++++++++