شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ڕووم وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) ڕۆمی شکان. (٣) لە نزیکتر کەوشەنی ئەم سەرزەمینە. لە دوای ئەم ژێرکەوتنەیان جارێ تر سەردەکەونەوە؛ (٤) لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵ. پێش ئەو شکانە و لە دوایەش، ھەموو کار کاری خودایە و ئەوێ ڕۆژێ باوەڕداران کەیفێ دەکەن، (٥) بە یاریدە لە خوداوە. خودا حەز کا یاریدە بە ھەر کەس دەدا. ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (٦) خودایە بەڵێنی داوە و لێی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام زۆربەی خەڵک نازانن. (٧) لە ڕواڵەتی ژینی دنیا ئاگادارن و ھیچ ئاگاشیان لە پاشەڕۆژەکە نییە. (٨) ئاخۆ ئەوانە تا وێستا خۆیان بە بیردا نەھات کە ئاسمانان و زەمین و ھەرچی لە ناو ئەواندایە، ھەر بەڕاستی خودا بەرھەمی ھێناون و ئاکامی بۆ دیاری کردوون؟ کەچی زۆربەی ئەم مەردمە باوەڕ ناکەن کە دەگەڵ پەروەرندەیان ھەر ڕووبەڕوو دەکرێنەوە. (٩) ئاخۆ ھیچ گەشت و گوزاریان لەم زەمینە نەکردووە، تا بڕوانن پێشینەکانی ڕابردوو - کە لەمان تواناتر بوون و زەوییان کێڵاو ئاوەدان تریشیان کرد و پێغەمبەرانیشیان بە نیشانەگەلی ئاشکراوە ھاتنە لایان - چییان بەسەر ھات؟ خودا غەدری لێ نەکردن؛ بەڵام خۆیان ھەر غەدریان لە خۆیان کرد. (١٠) لە ئاکاما ئەوانەی خراپەیان کرد، خراپتریان تووش ھاتەوە؛ کە نیشانەکانی خوایان بە درۆ زانی و حەنەکی خۆیان پێ دەکرد. (١١) خوا ئەو خەڵکە دروس دەکا و دواجاریش دەیھێنێتەوە. سەرەنجامیش ھەمووان بۆ لای ئەو دێنەوە. (١٢) ئەو ڕۆژە سەڵا ڕادەبێ، تاوانباران دژ داماون و متەقیان لە بەر دەرنایە. (١٣) ئەو شتانەش بە شەریکی خوایان زانین، نایەن تکایان بۆ بکەن؛ لەو شەریکانەشیان ھەر حاشایە دەکەن. (١٤) ڕۆژێ کە قیامەت ھاتە ڕوو، ئەو ڕۆژە بەش بەش دەبنەوە. (١٥) جا ئەوانەی ئەوسا خاوەن بڕوا بوون و ئاکاری پەسندیان بوو بێ، جێگەیان لە ناو باخچەیە و کەیف سازن. (١٦) ئەوی خواشیان نەناسیوە و بە نیشانەکانی ئێمە و ڕووبەڕوو بوونی قیامەت بێ بڕوا بوون، دەیان ھێننە پێش بۆ ئازار. (١٧) ھەموو بەرەبەیانان و سەر لەنگۆڕیش پەسنی پاکی خودا بدەن. (١٨) سوپاس بۆ ئەو لە ئاسمانان و لە زەمین، شەوانەش و دەمی نیوەڕۆش ھەر وەتر. (١٩) زیندی لە مردوو دەردەخا و مردوو لە زیندوو دەردێنێ؛ زەویش دوای ئەوەی مردووە، گیانی وەبەر دێنێتەوە، ئێوەش ھەروا دێننە دەرێ. (٢٠) لە نیشانەکانی ئەوە، کە ئێوەی لە خۆڵ چێ کرد و ئەوسا ناکاو بوونە مرۆ و لە دنیا بڵاو بوونەوە. (٢١) ھەر لە نیشانانی ئەوە کە لە خۆتان، ئاوجووتی بۆ بەرھەم ھێنان؛ کە پێیان بحەسێنەوە و خۆشەویستی و ئەوینی خستۆتە ناوتان. لەمەدا بۆ کەسانێ کە بە وردی سەرنج بدەن، بەڵگە زۆرن. (٢٢) ھەر لە نیشانانی ئەوە داھێنانی ئەم عاسمانان و زەمینە و وێک نەچوونی زمانی پێ ئاخافتن و ڕەنگ و ڕووتان؛ کە لەمەدا بەڵگە زۆرن بۆ زانایان. (٢٣) ھەر لە نیشانەکانیەتی: خەوی شەوان و ڕۆژانتان، گەڕانتان بۆ دەس خستنی ڕسق و ڕۆزی؛ کە ھەر لە سایەی ئەوڕایە. لەمەدا بەڵگەی زۆر ھەیە بۆ ئەو کەسانەی دەبیسن. (٢٤) ھەر لە نیشانەکانیەتی: برووسکەتان پیشان دەدا ترس و ھومێدی پێوەیە؛ لەو حەوایەش بارانوو بۆ بەڕێ دەکا، تا زەمینی مردووی پێ زیندوو کاتەوە. لەمەدا نیشانە زۆرن بۆ ئەو کەسانەی تێدەگەن. (٢٥) ھەر لە نیشانەکانیەتی کە ئەم عاسمان و زەمینە، بە فەرمانی ڕاوەستاون. پاشان ھەرگا - تەنیا یەک جار - لەم زەمینە بانگوو دەکا، ئێوە لەپڕ دەردەکەون. (٢٦) ھەرکێ ھەیە لە ئاسمانان و زەمیندا، کری ئەون؛ گشتی بۆ ئەو بەر فەرمانە. (٢٧) خۆی ئەو خەڵکەی وەدی دێنێ و دواجاریش دەیھێنێتەوە، کە بۆ ئەو ھاسانتریشە. لە ئاسمانان و زەمیندا نموونەی باشترین ئاکار لای خودایە. ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٢٨) مەسەلێکی لە خۆتان بۆ ھێناونەوە: ئاخۆ ئێوە لەو بژیوەی لە ئێمەوە پێو گەییوە، بەنیەکانوو دەکەنە ھاوبەشی خۆتان؟ ھەر دوو لا وەکوو یەک دەبن؟ ھەروەک ئێوە ترستان لە یەکتر ھەیە، ئاواش ترسوو لەمان ھەیە؟ ئێمە ئاوا نیشانەکان - پوخت وپاراو - بۆ ئەو کەسانەی تێدەگەن، دەخەینە ڕوو. (٢٩) بەڵام ئەوانەی ناھەقن، ھەرچی ئارەزووی خۆیانە لە دووی دەچن؛ چش نازانن. ھەر کەسێکیش خودا ڕێگەی لێ بگۆڕێ، کێ دەتوانێ شارەزای کا؟ کەسیشیان دەھانا نایە. (٣٠) تۆ ھەر ڕوو لەم دینە بکە و ھەر بەرەو ھەق ھەنگاو بنێ؛ دینێکی بنەڕەتییە و لە سروشتا خوا ئەو خەڵکەی ھەر بۆ یەکتاپەرستی وەدی ھێناوە. کاری خوداش گۆڕانی بەسەردا نایە. دینی پتەو و پایەدار ھەر ئەمەیە؛ بەڵام زۆربەی ئاپۆرەی مەردم نەزانن. (٣١) بگەڕێنەوە بۆ لای و لێی بترسن و نوێژ بکەن و لە ڕێزەی ئەوانە مەبن شەریکی بۆ پەیدا دەکەن. (٣٢) ئەوانە کە دینی خۆیان لە یەک جودا کردۆتەوە و دەستەدەستە بوونەتەوە، ھەر دەستەیەک بە بیروباوەڕی خۆیان دڵیان خۆشە. (٣٣) ئەم مەردمە گەر بەڵایەکیان بەسەر دێ، ھانا دەبەن بۆ پەروەرندەی خۆیان و بەرەو ئەو دەگەڕێنەوە. ئەگەر دوایە تووشی بەختەوەری کردن، ناکاو ھێندێک [لەو خۆشیەدا] شەریک بۆ پەروەرندەیان پەیدا دەکەن. (٣٤) دەبا ئەو چاکەی لە بیر کەن کە ئێمە دەربارەن کردوون. بە ئارەزوو ڕای ببوێرن، زۆر ناخایەنێ دەزانن. (٣٥) ئاخۆ ئێمە بەڵگەیەکمان بۆ ئەمانە ناردۆتە خوار کە دەربارەی ئەو شتانەی ئەوان دەیکەنە شەریکم، قسە بکا؟ (٣٦) ھەرگا ئێمە بەو مەردمە تامی بەختەوەرییمان چەشت، پێی شاد دەبن. ئەگەر لە سزای کرداری خراپیاندا تووشی نالەباری ھاتن، ھیچ ھومێدێکیان نامێنێ. (٣٧) ئاخۆ ئەوانە نازانن کە ناردنی بژیو بە مەیلی خودایە؛ بۆ یەکێ زۆر بەڕێ دەکا و بۆ یەکێ کەم؟ بۆ ئەوانەی بە باوەڕن، لەمەدا زۆر نیشانە ھەن. (٣٨) کەوایە تۆ بەشی خزم و ھەژار و ڕێبواری ئاتاج، وەلا بنێ و ھەر کەس بەشی خۆی بدەیە. ئەم ئاکارە پەسنترە بۆ ئەوانەی ڕەزای خودایان گەرەکە و ئەوانە ڕزگارەکانن. (٣٩) ئەوەی بە ناوی سوو ئەیدەن کە لە ناو ماڵی خەڵکدا زێدە ببێ، لجەم خودا زێدە نابێ. [بەڵام] ئەو ماڵی کە بە زەکات دەیدەن و دەتانەوێ خودا لە خۆتان ڕازی کەن، زۆرترتان پێ دەگاتەوە. (٤٠) خودا ھەر ئەو کەسەیە کە ئێوەی دروس کرد و ئەوسا ڕۆزی پێدان؛ لە پاشان دەتانمرێنێ و دیسان دەتانخاتەوە ژین. ئاخۆ ئەوانەی کە ئێوە کردووتانن بە شەریکی، ئەو کارانەیان پێدەکرێ؟ خوا بێ عەیبە و لەوە پایەبەرزترە کە بڵێن: شەریکی ھەیە. (٤١) گەندەکاری ئەم مەردمە - لە بەژ و دەریا - خۆی نوواند. دەبا سزای ھێندێک لە ئاکارەکانیان پێ بچێژێ؛ شایەتا بگەڕێنەوە. (٤٢) بێژە: بە عەرزا بگەڕێن، سا بڕوانن؛ ئەوانەی بەر لە ئێوە بوون، چییان بەسەر ھات؟ بەشی زۆریان شەریکیان بۆ خوا دەزانی. (٤٣) دەسا تۆ ڕوو کە لەو دینە پایەدارە، بەر لەو ڕۆژەی کە خودا بڕیاری داوە و ھەر وەدی دێ. ئەوێ ڕۆژێ بڵاوەی دەکەن. (٤٤) ھەرکێ خودای نەناسیوە، ھەر زیانی لە خۆی داوە؛ کێش ئاکاری چاکی بووە، جێگەی خۆیان خۆش کردووە. (٤٥) ھەتا وەکوو لە چاکەی خۆی، پاداشی بڕواداران و ئاکارچاکان بداتەوە. خودا خۆشی لە ناشکوری کەران نایە. (٤٦) یەکێک لە نیشانەکانی ئەو ئەمەیە کە بایانی مزگێنی دەر بە ڕێ دەکا تا لە بزی خۆی بە ئێوە بچێژنێ. گەمیەش ھەر بە فەرمانی ئەو بێن و بچن و لە سایەی دەھندەیی ئەو، ڕۆزی خۆتان پەیدا بکەن؛ بەشکوو شوکرانەبژێر بن. (٤٧) بەر لە تۆش زۆر پێغەمبەرمان ناردە سەر گەلانی خۆیان و گەلێ بەڵگەی پتەویان بردە لایان. جا ئەوانەی دژیان وێستان، وەبەر تۆڵەی ئێمە کەوتن؛ ئەوی بڕواشیان پێکردن، ھەر خۆمان یارمەتیمان دان. (٤٨) ھەر خودایە ئەو بایانە بە ڕێ دەکا، ئەوانیش ھەور دەبزوێنن؛ ئەوسا ھەر چۆنی گەرەک بێ، ئەو ھەورانە لە ئەزمانا پڕژوبڵاو دەکاتەوە و گەواڵ گەواڵیشیان دەکا. کە دەبینی لەوانەوە دڵۆپە دێتە خوارەوە، مەیلی بێنی و بۆ ھەر کامێ لە عەبدانی خۆی بنێرێ، دڵخۆش دەبن. (٤٩) کەچی بەر لەوە بارانیان بۆ ببارێ، ناھومێد بوون. (٥٠) دەبڕوانە بەزەیی خودا چی کردووە! زەوی مردوو لە نوێ زیندوو دەکاتەوە. زیندوو کردنەوەی مریانیش کاری ئەوە. ھەر خۆی توانای بەسەر ھەموو شتدا ھەیە. (٥١) خۆ ئەگەر بایەک بنێرین بەرھەمیان زەرد ھەڵبگێڕێ، بە شوێنیدا گازندە و ناشکوری دەکەن. (٥٢) تۆ ناتانی کارێک بکەی ئەم مریانە گوێت پێ بدەن. ئەگەر خۆ لە تۆ کەڕ بکەن، ھەرچەندە بانگیشیان بکەی، لێت نابیسن. (٥٣) ڕێشاندەری کوێرانیش نیت، لە گومڕایی وەیانگێڕی. ھەر ئەوانە لێت دەبیسن، بە نیشانانی ئێمە بڕوا دەکەن و چییان پێ بڵێی لارەملن. (٥٤) خودا کە ئێوەی دروس کرد، لە سەرەتادا بێ ھێز بوون؛ پاش بێ ھێزی، گوڕی پێدان؛ لە پاشانا ھێزوگوڕی لێ ستاندن و پیری کردن. بە مەیلی خۆی دەئافرێنێ، زانا و توانا ھەر خۆیەتی. (٥٥) ڕۆژێ کە سەڵا ڕادەبێ، تاوانباران سوێندێ دەخۆن جیا لە ساتێک نەمانەوە. ئاوا ھەر شوێن درۆ کەوتن. (٥٦) ئەو کەسانە بە زانست و باوەڕدارن، پێیان ئێژن: ھەر وەکوو خودا نووسیویە، تا ڕۆژی سەڵا ماونەوە؛ سا ئەمە ڕۆژی سەڵایە؛ بەڵام ئێوە نەوزانیوە. (٥٧) لەو ڕۆژەدا ئەو کەسانەی کەوا غەدریان کردووە، بەھانەیان قازانجیان پێ ناگەیەنێ و ڕێشیان نادرێ داوای لێ خۆشبوونێ بکەن. (٥٨) وا ئێمە لەم قورئانەدا ھەموو جۆرە نەزیلەیان بۆ ئەو خەڵکە ھێنایەوە. کەچی ھەرگا نیشانەیەکیان بۆ بێنی، بێ سۆ خودانەناسەکان، ئێژن: ئێوە لە قسەی پووچ بەو لاوە چی ترتان نییە. (٥٩) ئاوا خودا مۆر دەخاتە سەر دڵی ئەو کەسانەوە کە نایانەوێ بزانن. (٦٠) سا خۆت بگرە، بەڵێنی خودا دێتە جێ؛ نەکا ئەوانەی دڕدۆنگن، تۆ لە ڕێی ھەق بترازێنن. ++++++++++++++++++++++