شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: نەمل وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) تا، سین. ئەمانە نیشانەکانی قورعانێن و کتێبێکی دیاری دەرە. (٢) ڕێشاندەرە و مژدەدەرە بۆ گرۆی خاوەن باوەڕان. (٣) ئەوانەی نوێژان دەکەن و زەکات دەرن و بە تەواوی بڕوایان بەو دنیا ھەیە. (٤) ئەو کەسانەی بڕوایان بەو دنیانە بێ، کردەیانمان لە بەر چاو ڕازاندوونەوە و بە سەر لێ شێواوی ماون. (٥) بەش ئەوانە ھەر ئازاردانی بەژانە و لەو دنیاشا زیانی زۆر بۆ ئەوانە. (٦) تۆ ئەم قورئانەت ھەر لە لای کارزانێکی زۆر زاناوە، پێ فێر دەکرێ. (٧) [بێنەوە بیر] ئەو کاتەش کە مووسا بە خێزانی خۆی گوت: من ئاگرێکم لێ دیارە؛ ئەوا دەچم خەبەرێکوو بۆ دێنمەوە؛ یان بزووتێکی لێ دێنم؛ بەشکوو گەرمتان بێتەوە. (٨) وەختێ لێی نزیک کەوتەوە، بانگ کرا: پیت و پیرۆزە ئەو کەسەی کە لەوێدایە و ئەوی لە دەورەی ئەویشە و پاکی و بێ عەیبی بۆ خوایە؛ کە خودانی گش دنیایە. (٩) ئەی مووسا! ئەوە منم، خوای بە دەستەڵاتی لەکارزان. (١٠) چۆ دەسەکەشت باوێژە! کاتێ دیتی ھەروەکوو مارێک شێڵەھا، ھەڵات بێ ئاوڕدانەوە. مووسا! ترست ڕێ نەنیشێ، پێغەمبەران نابێ لە لای من بترسن. (١١) مەگین کەسێ کە وا ناھەقی کردووە؛ ئەگەر ئەویش خراپەکەی بە چاکە گۆڕیبێتەوە، دیارە کە من لێبووردە و دلۆڤانم. (١٢) دەسیشت بخە باخەڵت [و دەریخەوە]؛ بە سپیەکی [وەک چۆڕی شیر] بە بێ زیان دیاری دەدا. وەل نۆ بەڵگە، بچۆ بۆ لای فیرعەون و دار و دەستەکەی؛ کە ئەوانە کۆمەڵێکی نافەرمانن. (١٣) جا وەختێکیش نیشانە ڕوون کەرەوەکانی ئێمەیان گەییشتە لا، گوتیان: ئەمە جادوویەکی ئاشکرایە. (١٤) ھەرچەند لە دڵی خۆیاندا ھەموویان بە ڕاست دەزانی، خۆبەزل زانی و ناھەقی، بوونە ھۆی حاشا کردنیان. جا بڕوانە پاشەڕۆژی بەدفەڕەکان بە کوێ گەیشت! (١٥) ھەر ئێمەش بووین کە زانستمان دا بە سولەیمان و داوود. گوتیان: شوکور بۆ خودایێ ئێمەی لە چاو زۆرێ لە عەبدە باوەڕدارەکانی خۆی، بەڕێزتر گرت. (١٦) لە پاش داوود، سولەیمان بوو بە جێنشین. بانگەوازی کرد: خەڵکینە! ئێمە فێری زمانی مەلان کراوین؛ ھەموو شتێکیان پێداوین؛ دیارە ئەمەش چاکەیەکی ئاشکرایە. (١٧) سوپای سولەیمان - تێکەڵاو لە جندۆکە و مرۆ و مەلان - دەنگ درابوون، ھەموو بە ڕیز دەرۆیشتن؛ (١٨) تا گەینە بوھلی مێروولان. مرۆچەیەک دەنگی مێروولەکانی دا: بچنەوە ناو کونەکانوو! تا سولەیمان و لەشکری - بە بێ ئەوە پێ بحەسێن - دەبەر پێیانوو نەبەن. (١٩) ئیتر کە ئەو ئەمانەی گوت، بزەی ھاتێ. گوتی: ئەی پەروەرندەی من! وام ڕابێنە سوپاسی چاکەی تۆ بکەم کە دەربارەی من و داک و بابمت کرد؛ ئاکاری چاکی واشم بێ، پەسندی کەی؛ ھەر لە بەزەیی خۆشتەوە بمخە ڕێزی عەبدە کارچاکەکانتەوە. (٢٠) چاوی بەمەلاندا گێڕا، گوتی: چۆنە پەپووسێمانە نابینم، ئاخۆ خۆی دزیوەتەوە؟ (٢١) لەسەر ئەمە ئەشێ سزای زۆری بدەم؛ یان ملی ھەڵدەقرتێنم، یان بەڵگەیەکی ئاشکرا بۆ من بێنێ. (٢٢) ماوەیێ زۆری نەخایاند، ھات و وتی: من شتێکم دەس کەوتووە کە دەستەتۆ نەکەوتبوو؛ وا من لە سەباوە ھاتووم، دەنگوباسی دروستم بۆ ھێناوی. (٢٣) من لەوێ ژنێکم دیوە پاشایە بە سەریانەوە و خاوەنی ھەموو شتێکە و تەختێکی زۆر گەورەی ھەیە. (٢٤) دیتم کە خۆی و ھۆزەکەی - بە جێ خودا - سوژدە دەبەنە بەرخۆر و شەیتان کردەوەکانی بۆ خەمڵاندوون و ڕێگەی ھەڵەی نیشان داون و ڕێ دەرناکەن. (٢٥) [وەی کردووە] سوژدە بۆ خودایەک نەبەن کە پێواری ناو ئاسمانەکان و زەوی خۆیا دەکا و، چی وەیشێرن و ھەرچێکی ئاشکرای بکەن، ئەو دەیزانێ. (٢٦) ئەو خودایەی کە لەو بەدەر ھیچ شت بۆ پەرستن نابێ و ئەو پەروەرێنی تەختی ھەرە مەزنە. (٢٧) گوتی: بەم زووانە دەڕوانین تا بزانین بەڕاستت بوو، یان تۆش ھەر لە ڤڕ بێژانی. (٢٨) ئەم نامەیەم بۆ بەرە و بۆیان باوێژە و ئەوسا تۆزێک دوورەوەکەوە و بنواڕە پەرسڤیان چییە؟ (٢٩) وێ گوت: ئەی پیاوماقووڵەکان! نامەیەکیان بۆ ھاویشتووم زۆر گرینگە؛ (٣٠) کە لە سولەیمانەوەیە و بە ناوی خودای دەھندە و دلۆڤانە. (٣١) نابێ خۆتان لە من بە زلتر بزانن، وەرنە لام و خۆتان بە دەستەوە بدەن. (٣٢) وێ گوت: ئەی پیاوماقووڵەکان! ئێوە دەربارەی ئەم کارەم، بێژن چ بکەم؟ ھەتا ئێوە کۆ نەبنەوە، بڕیاری ھیچ کارێ نادەم. (٣٣) گوتیان: ئێمە ھەم بەھێزین ھەم زۆر بوێر، فەرمانیش ھەر بە دەس خۆتە، تۆ بۆ خۆت بڕوانە چ فەرمانێک دەدەی؟ (٣٤) وێ گوت: گەلی پادشایان بچنە ناو ھەر شارێکەوە، تێکی دەدەن؛ خەڵکەکەی - ھەر کام بە گەورە ناوی ھەبێ - سووکایەتی بەسەر دێنن و ئەو تەرزە کارانە دەکەن. (٣٥) ئەوا من دیارییەکیان بۆ دەنێرم؛ چاوەڕێم کە ڕاسپاردەکان بە چییەوە دەگەڕێنەوە. (٣٦) وەختێ ھاتە لای سولەیمان؛ گوتی: ئێوە دەتانەوێ بە ماڵ یارمەتی بکەن؟ ئەوی خودا داویە بە من، لەوەی کە بە ئێوەی داوە ھێژاترە؛ بەڵام وادیارە کە ئێوە بە دیاری خۆتان دڵخۆشن. (٣٧) وەگەڕێ بچۆوە لایان، وا مە بە لەشکرێکەوە دێنە سەریان؛ کە ئەوان دەرۆستی نایەن. بە زەلیلی و سووکایەتییش لەوێندەرێ دەریان دەکەین. (٣٨) گوتی: ئەی گەلی دیوانێ! - بەر لەوە بێنە ئامانێ - کێو دەتوانێ تەختی ئەو ژنەم بۆ بێنێ؟ (٣٩) لۆزندەرێک لە جنەکان گوتی: ئەمن بەر لەوە لە جێی خۆت ھەستی بۆتی دێنم؛ توانام بە سەریدا ھەیە و دەسپاکیشم. (٤٠) ئەوی کە لە کتێب شتێکی دەزانی، ھەڵیدایە: ھێندەی چاوت بترووکێنی بۆتی دێنم. کە لێ مەیزاند، وا لایەتی گوتی: ئەمەش چاکەی پەروەرندەی منە، ویستی تاقیم بکاتەوە؛ ئاخۆ شوکرانە بژێرم یان پێ نەزان. ھەر کەسێکی شوکر بکا بۆ خۆی دەکا و کێش سپڵە بێ، ئەوسایە پەروەرندەی من بێ نیاز و دڵاوایە. (٤١) گوتی: تەختەکەی بگۆڕن؛ تا بزانین دەتوانێ بیناسێتەوە یان بەسەری ناکاتەوە. (٤٢) کاتێ گەییشتە بەرەوە، وتیان: تەختەکەی تۆ وابوو؟ گوتی: ھەر ئێژی خۆیەسی؛ لە بەریشەوە دەتزانی و ئێمە ھەر گوێ بە فەرمان بووین. (٤٣) ئەوەی کە وێ - غەیرە لە خودایە - دەیپەرست، ئەوی [لەباوەڕی ھێنان] گێڕابۆوە، چونکە پێشو لەڕێزەی خوانەناسان بوو. (٤٤) پێی وترا: وەرە ناو کۆشک. کە لێی ڕووانی، ھەر پێی وابوو ئاوێکی زۆر و زەبەندە و [داوەستاوە و] لنگی ھەڵکرد. پێی وت: ئەم کۆشکە لە شووشەی ڕوون و حولی داڕژاوە. گوتی: خودانی ژیانم! من تا ئێستا ناھەقییم لە خۆم کردووە و لە ئێستاوە - وەل سولەیمان - خۆم دەدەمە دەس ڕاھێنەری گش جیھان. (٤٥) ساڵحیشمان ڕاسپاردە ھۆزی سەموود؛ کە ھاوڕەگەزی خۆیان بوو. کە: دەبێ خوداپەرست بن. کەچی ئەوان بوونە دوو دەستەی دژی یەک. (٤٦) وتی: گەلۆ! بەر لەوە تووشی چاکە بن بۆ بەرەوخراپە دەچن؟ بۆ لە خودا داوا ناکەن عافووتان کا؟ بەڵکوو بەزەیی پێتاندا بێ. (٤٧) وتیان: ئێمە تۆش و ئەوی لەگەڵ تۆشن، بە شووم و بێ فەڕ دەزانین. گوتی: چارەنووسی ئێوە بە دەس خوایە؛ بەڵام ئێوە ھۆزێکن کە کەوتوونە بەر ئەزموونەوە. (٤٨) لەو شارەدا نۆ دەستەی [نەگونجاو] ھەبوون، کە وڵاتەکەیان تێک دەدا و بۆ لابردنی بەدفەڕی ھیچ تەقالایان نەدەدا. (٤٩) گوتیان: ئێوە سوێند بخۆن، ئێمە ئەمشەو خۆی و ماڵ و منداڵیشی لە ناو دەبەین؛ بە خوێنگرانیشی ئێژین: کە ئەو خێزانە کوژراون، ئێمە ئاگامان لێ نەبووە و ڕاستیش دەکەین. (٥٠) خەریک بوون کەتنێ بگێڕن؛ ئێمەش کەتنی خۆن پێ کردن، بێ ئەوە ھەستی پێبکەن. (٥١) سا بنۆڕە، سەرەنجامی کەتنەکەیان بە کوێ گەیشت: بەوانەوە کۆمەڵەکەی ئەوانیشمان لە بەین برد. (٥٢) ئێستا [جێ] ماڵەکانی وان - لەسەر ناھەقی کردنیان - چۆل و ھۆڵە و دەرسێکیشە بۆ ئەوانەی کە دەزانن. (٥٣) ئەو کەسانەشمان ڕزگار کرد کە ببوونە خوداناس و لێی دەترسان. (٥٤) لووتیشیان وەبیر بخەوە، کە وا بە ھۆزەکەی خۆی وت: ئێوە چلۆن کاری بێ نامووسی دەکەن، کەچی دەشزانن خراپە؟ (٥٥) لە ژنان وازوو ھێناوە و پەلاماری پیاوان دەدەن؛ دیارە ئێوە زۆر کۆمەڵێکی نەزانن. (٥٦) تەنیا وەرامی ھۆزەکەی ھەر ئەمە بوو: خێزانی لووت لە شاری خۆتان دەربکەن؛ چونکە ئەوان چاویان لە داوێن پاکییە. (٥٧) سا ئەویش و خێزانیشیمان ڕزگار کرد؛ مەر ژنەکەی، کە بڕیارمان دا بمێنێ. (٥٨) بارانێکمان بۆ باراندن ئەمما باران؛ بارانی ترسێنراوەکان چەن خرا بوو! (٥٩) بێژە: شوکرانە بۆ خودا و دروود لەسەر عەبدە ھەڵبژاردەکانی. ئاخۆ خودا چاترە یا ئەوی دەیکەنە شەریکی؟ (٦٠) یا ئەو کەسەی چاترە کە عاسمانەکان و زەمینی وەدی ھێنا و لە حەواوە ئاوی بۆ ئێوە ناردووە؟ گەلێک باخچەی بە دیمەنمان بە ئاوەکەی شین کردووە، کە خۆتان نەتان دەتوانی دارەکانی بەرھەم بێنن؛ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ نەخێر دیارە گەلێکی لە ھەق لادەرن. (٦١) یا ئەو کەسەی چاترە کە زەوی کردە جێی سانەوە و ئەو گش جۆبار و ڕووبارەی تێدا کێشا و کەژ و کۆی لێ بەرھەم ھێنا و لە نێوان دوو دەریادا بەرزەکەی دانا؟ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ نەخێر دیارە زۆربەی ئەوان نەزانن. (٦٢) یا ئەو کەسەی چاترە کە ھەر وەختێ ھومێد بڕاوێک لە بەری بپاڕێتەوە، دەھانای دێ و لە چۆرتم ڕزگار [ی] دەکا و دەتانکاتە جێنشین لەم سەرزەمینە؟ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ ئەمانە کەم پەند وەردەگرن. (٦٣) یا ئەو کەسەی چاترە کە لە تاریکی بەژ و دەریا، لە ڕێ شارەزاتان دەکا و ھەر ئەویشە ئەو بایانە بەڕێ دەکا کە مزگێنی خێروبێری ئەویان پێیە؟ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ خوا زۆر لەوەی بەرزترە کە دەیکەنە شەریکی ئەو. (٦٤) یا ئەو کەسەی چاترە کە بوونەوەر وەدی دێنێت و لە دواییدا دەیباتەوە؟ ئەدی کێیە لە ئاسمان و زەمینەوە بژیوتان بۆ بەڕێ دەکا؟ ئاخۆ ھیچ پەرستیوێکی وەل خوا ھەیە؟ سا ئەگەر پێو وایە ڕاستن، بەڵگەی خۆتان نیشان بدەن. (٦٥) بێژە: ئەوانە وا لە ئاسمانەکان و زەمیندا ھەن - لە خوا بەدەر - لەبەر پێوار بێ خەبەرن. ھەستیش ناکەن زیندوو دەکرێنەوە. (٦٦) زانستەکەیان بڕ ناکا سەڵا ڕابێ، دوودڵن دەبێ یان نابێ؟ ئەم چاوی دینەیان نییە. (٦٧) خودانەناسەکان وتیان: ئاخۆ وەختێ ئێمە و باب و باپیرانمان بووینە خۆڵێک [بە زیندوویی لە گۆڕ] دەمانھێننە دەرێ؟ (٦٨) ئەو بەڵێنەی بەمەی دەدەن، لەوەپێشیش بە باب و کاڵن دراوە؛ ئەمانە گش چیرۆکی پێشینەکانن. (٦٩) بێژە: گەشتێ بەم سەرزەمینەدا بکەن، تا ببینن سەرەنجامی تاوانباران بە کوێ گەیوە. (٧٠) خەمیان مەخوە و لەبەر گزیکاری ئەوان دڵتەنگ مەبە! (٧١) ئێژن: دەسا ئەگەر ڕاستن، ئەم بەڵێنەو کەی دێتە جێ؟ (٧٢) بێژە: ڕەنگە ئەو بەڵێنەی - کە ئێوە پەلەی لێ دەکەن - زۆر لێتانەوە نزیک بێ. (٧٣) پەروەرندەت چاکەی زۆری بەسەر ئەو خەڵکەوە ھەیە؛ بەڵام زۆربەیان ناشکورن. (٧٤) پەروەرندەت لە ھەر شتێ لە دڵیاندا و نھێنیە و لە ھەر شتێ دەیدرکێنن، ئاگادارە. (٧٥) ھەر پێوارێ لە عاسمانان و زەمیندایە - گش لە گشتی - لە کتێبێکی ڕوون کەرەوەدا نووسراوە. (٧٦) ئەو قورئانە بۆ تۆرەمەی ئیسرائیلێ - لەمەڕ زۆربەی ئەو شتانە کە لەسەریان ھەرایانە - قسە دەکا. (٧٧) بێ سۆ بۆ خاوەن باوەڕان، ڕێشاندەر و بەزەییە. (٧٨) بێگومانە پەروەرندەت بەرانبەر بە فەرمانی خۆی، بە نێو ئەوانە ڕادەگا. کۆڵ نەدەر و ھەرە زاناش ھەر خۆیەتی. (٧٩) دەسا خۆت بە خوا بسپێرە؛ بەڕاستی تۆ وا لەسەر حەقی ئاشکرای. (٨٠) بانگەوازت بۆ ئەوانەی کە ڕوو لە تۆ وەردەگێڕن، وەک ئەوەیە مردووی گۆڕستان بدوێنی؛ یان بە گوێی کەڕدا بخوێنی؛ کە لە وزەی تۆدا نییە. (٨١) تۆ ناتکرێ کوێران لە گومڕاییەکەیان ڕزگار کەی و بیانخەیە سەر ڕاستەڕێیە. تۆ ھەر دەتوانی دەنگی خۆت بە ئەوانە بگەیەنی کە بە نیشانانی ئێمە بەبڕوان و ملکەچی فەرمانی خودان. (٨٢) ھەر دەمێکیش بەڵێن [مان] بۆیان ھاتە جێ، دەحبایەکیان لەم زەمینە بۆ دەردەخەین، کە دەگڵیان قسە دەکا [و پێیان ئێژێ: ] مەردم بە دڵ نیشانەکانی ئێمەیان نەدەسەلماند. (٨٣) ئەوێ ڕۆژێ مە لە ناو ھەر تیرەیەکدا، تاقمێک لەو کەسانە وا باوەڕیان بە نیشانانمان نەدەھێنا کۆ دەکەین و، جا ئەو کاتە ڕیز دەکرێن و بەڕێ دەکرێن. (٨٤) ھەتا دەگەنە بەرەوە، ئێژێ: ئێوە نیشانەکانی ئێمەتان - بێ ئەوە چییان لێ بزانن - بە درۆ زانی؟ ڕاستی ئێوە چیتان دەکرد؟ (٨٥) ھەر بە سزای ئەوە کە ناھەقییکار بوون، وەبەر بەڵێنەکە کەوتن، ھەر متەقیشیان لێ نایە. (٨٦) بۆ ئەوانە نەیان دەدی ئێمە شەومان داھێناوە، ئەوانی تێدا وەحەسێن؛ ڕۆژیش ھەموو شت ببینن؟ لەمەشدا زۆر نیشانە ھەن بۆ ئەوانەی بڕوا دێنن. (٨٧) ئەوێ ڕۆژێ دەکەڵەشاخ دەمێندرێ، ھەر کەس لە عاسمانەکان و زەمیندایە - گلا - ترسیان ڕێ دەنیشێ و بە زەلیلی دێنە بەر بارەگای خودا؛ مەگین کەسێ کە بەر مەیلی خودا کەوێ. (٨٨) کێویشت وا دێنە بەرچاو، کە ھە رنابزوون؛ کەچی وەک ڕەوینەوەی ھەور دەڕەونەوە. ئەمەش کری خودایێکە ھەموو شتی زۆر بە چاکی چێ کردووە. ھەر ئەویشە لە کردەتان شارەزایە. (٨٩) ھەر کەسێ چاکەیەک بکا، لەو چاتری دێتەوە ڕێ و لەمە ترسی ئەوێ ڕۆژێ ئارخەیانن. (٩٠) ھەر کەسێکیش کاری خراپی لێ ڕوو دا، لەپەوڕوو دەخرێتە ئاگر. ئاخۆ زیاتر لە قەرەبووی کارەکەتان ئازاروو بۆ دەبڕێتەوە؟ (٩١) بە من ھەر فەرمان دراوە کە خودانی ئەم باژێڕە - کە بۆ خۆی ڕێزی لێ ناوە - بپەرستم. ھەموو شتێکیش لەوڕایە و فەرمانیشم پێدراوە لە ڕێزەی موسوڵمانان بم؛ (٩٢) ھەروا، قوڕعانیش بخوێنم. جا کێ شارەزای ڕێگە بوو، ھەر بە قازانجی خۆیەتی و ھەر کەش لە ڕێگە کلا بوو، بێژە: من ھەر یەکێکم لە ترسێنەران. (٩٣) بێژە: سوپاس بۆ خودایە و بەم زووانە ئەو نیشانەکانی خۆیتان نیشان دەدا و دەیانناسن. پەروەرندەت ئاگاداری ھەموو کردەوەیەکتانە. ++++++++++++++++++++++