شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: شوعەراء وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) تا، سین، میم. (٢) ئەمانە نیشانەکانی ئەم کتێبە دیاری دەرەن. (٣) لەوانەیە بەو خەمە خۆت لە بەین بەری، کە ئەوانە نایانەوێ بڕوا بێنن. (٤) ئەگەر ئێمە حەزێ بکەین نیشانێکیان لە حەواوە بۆ دەنێرین، کە ملیانی لەبەر کەچ کەن. (٥) ھەر قسێکی تازە بابەت لە ڕەحمانەوە بۆیان دێ، ڕوویانی لێ وەردەگێڕن. (٦) [ئەوان] باوەڕیان نەھێنا؛ بەم زووانەش ھەر دەنگوباسی ئەوەیان پێدەگەیێ، کە گاڵتە و گەپیان پێدەکرد. (٧) ئاخۆ زەمینیان نەدیوە، کە چەند جووتەی ڕووەکی پڕ لە بەھرەمان تێدا ڕوواند. (٨) لەمەدا دەرسێ [باش] ھەیە؛ بەڵام بەشی ھەرە زۆریان بەبڕوا نین. (٩) خۆ دیارە پەروەرندەت ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (١٠) [بێنەوە بیر] ئەو کاتە کە پەروەرندەت بانگاوازی لە مووسا کرد، کە: بچۆ لای کۆمەڵەی ناھەقییکاران؛ (١١) بۆ لای دارودەستەی فیرعەون. ئاخۆ ئەوانە ناترسن؟ (١٢) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ترسم ھەیە کە بە ڤڕ بێژم بزانن. (١٣) دڵم تەنگ دەبێت و زمانم گۆ ناکا؛ ڕاسپێرە بۆ لای ھاڕوون. (١٤) ئەوانە تاوانێکیان لەسەر من ھەیە، دەترسم ھەر بشم کوژن. (١٥) گوتی: نەخێر، قەت وا نییە. سا ئێوە نیشانەکانی ئێمە بەرن؛ ئێمەش دەگەڵ ئێوەدا ھەین و دەبیسین. (١٦) سا بگەنە نک فیرعەون و بێژن: ئێمە پێغەمبەری پەروەرندەی گش جیھانین. (١٧) تۆرەمەی ئیسڕائیلێمان ڕەگەڵ بخە. (١٨) [فیرعەون] گوتی: تۆ ھەر منداڵەکە نەبووی کە ئێمە پەروەردەن کردی و چەند ساڵێکیش لە ناومان مای؟ (١٩) ئەوک ارەشت کرد کە کردت؛ دیارە ئەتۆ لە ڕێزەی ناسوپاسانی. (٢٠) گوتی: ئەوەم لە دەس قەوم و ئەوسا کە لە گومڕایان بووم. (٢١) لە ترسی ئێوە بازم دا؛ دوایە پەروەرندەی من، لەکارزانی پێ بەخشیم و منی خستە ڕێزەی پێغەمبەرانەوە. (٢٢) تۆ منەتی ئەو چاکەیەم لەسەر دەنێی، کە تۆرەمەی ئیسرائیلت - ھەموو - کردۆتە عەبدی خۆت؟ ! (٢٣) فیرعەون گوتی: پەروەرندەی ھەموو جیھان وەچەئێژن؟ (٢٤) گوتی: ئەگەر بیسەلمێنن، ڕاھێنەری ئاسمانەکان و زەمینە و ھەرچی لە ناویاندا ھەیە. (٢٥) لە دەوروبەری خۆی پرسی: گوێتان لێیە؟ (٢٦) گوتی: پەروەرندەی ئێوە و پەروەرندەی باب و کاڵی پێشووتانە. (٢٧) گوتی: دیارە پێغەمبەرێ کە بۆ ئێوە ناردراوە، جن دەستی لێ وەشاندووە. (٢٨) گوتی: گەر ئاوەزتان ھەبێ، ڕاھێنەری خۆرھەڵات و خۆراوا و نێوانی وانە. (٢٩) گوتی: ئەگەر بەدەر لە من بپەرستی، خاترجەم دەبەندێت دەکەم. (٣٠) گوتی: ئەگەر نیشانێکی بە ئاشکرام بۆ ھێنابی؟ (٣١) گوتی: ئەگەر لە ڕاستانی، کوا؟ بیھێنە. (٣٢) عاساکەی دەستی فڕێدا؛ ئاشکرا بوو بە حەزیایەک. (٣٣) دەستیشی دەرخست، بۆ وانەی لێیان ڕووانی سپی دەچوو. (٣٤) بەسەر گەورەکانی دەوروبەر خۆی گوت: دیارە ئەمە جادووگەرێکی زانایە. (٣٥) گەرەکیەتی بە جادووی خۆی، لە زێدی خۆتان دەرتان کا؛ ئێوە لەو بارە دەڵێن چی؟ (٣٦) گوتیان: خۆی و براکەی لێرە بمێنن؛ تۆ بنێرە لە شاران خەڵکی وەکۆ کەن. (٣٧) ھەم جادووگەری زانات بھێننە لا. (٣٨) ئەوساکە جادووگەرەکان لە ڕۆژێکی دیاری کراو کۆ کرانەوە. (٣٩) بە مەردمیشیان ڕاگەیاند: ئاخۆ ئێوەش کۆ دەبنەوە؟ (٤٠) ئەگەر ئەم جادووگەرانە بیبەنەوە، لەوانەیە ئێمەش وەشوێن ئەوان کەوین. (٤١) جادووگەران - کە ھاتن - بە فیرعەونیان گوت: ئەگەر ئێمە بیبەینەوە چین دەدەیەی؟ (٤٢) گوتی: دیارە ئەوسا ئێوە لە نزیکانی خۆم دەبن. (٤٣) مووسا بەوانی ڕاگەیاند: چیتان ئامادە کردووە بۆ ھاویشتن، بیھاوێژن. (٤٤) جا ئەوساکە پەت و داردەستەکانیان فڕێ دا و گوتیان: سوێندا بە گەورەیی فیرعەون، ھەر بۆ خۆمان دەیبەینەوە. (٤٥) ئەوسا مووساش داردەستەکەی خۆی فڕێ دا. گوزوگوممەت، ھەموو فێڵی جادووگەرانی چنیەوە. (٤٦) جادووگەران [بە پانەوە] کڕنۆشیان برد. (٤٧) گوتیان: ئێمە بڕوامان کرد بە پەروەرندەی جیھانێ. (٤٨) پەروەرندەی مووسا و ھاڕوون. (٤٩) گوتی: بەر لەوە ڕێو بدەم، ئێوە بڕاواتان پێ ھێنا؟ دیارە ھەر ئەو گەورەتانە و خۆی فێری جادووی کردگن. دوایی تێتان دەگەیەنم؛ دەستولاقوو بە پێچەوانە دەبڕم و سەرلەبەروو لە دار دەدەم. (٥٠) گوتیان: منەتت بە پووشێک؛ ئەوسا بەرەو پەروەرێنمان دەچینەوە. (٥١) ھیوان وایە پەروەرندەن لە گوناھەکانن ببوورێ؛ کە بەرلە گش ئێمە باوەڕیمان ھێنا. (٥٢) ئێمە مووسامان تێگەیاند: عەبدەکانم لە شەوێدا وەڕێ بخە، کە دیارە بە دووتاندا دێن. (٥٣) فیرعەون وەکۆکەرانی نارد بۆ شارەکان. (٥٤) [وتی: ] ئەوان کۆمەڵەیەکی ھێندکن. (٥٥) بەڕاستی کە ئێمەیان تووڕە کردووە. (٥٦) ئێمە ھەموو وریایانین. (٥٧) ئیتر باغات و کانیاون پێ جێھێشتن. (٥٨) وێڕای ھەموو گەنجینە و خانووە خۆشەکان. (٥٩) ھەر بەو جۆرە ئەم ھەمووەشمان دا بە تۆرەمەی ئیسڕائیل. (٦٠) ھەر گزینگ لە سەرانی دا، دوایان کەوتن. (٦١) ئەو کاتە کە ھەر دوو کۆمەڵ یەکتریان دی؛ ھاوڕێیانی مووسا گوتیان: پیس پێوە بووین. (٦٢) گوتی: نابێ لە ھیچ بترسن، چون پەروەرندەم دەگەڵە و بەم زووانە دەروێکم لێ دەکاتەوە. (٦٣) ئەوسا مووسامان تێگەیاند: بە عاساکەت لە زەریا دە؛ زەریا قەڵشی و ھەر لایەکی وەک چیایەکی مەزن بوو. (٦٤) وامان کرد ئەوانی تریش ھەر لەوێ نزیک بنەوە. (٦٥) مووسا و ھەرکێ دەگەڵی بوون، نەجاتن دان. (٦٦) پاشان ئەوانی دیکەمان بە خنکان دا. (٦٧) ئەم ڕووداوە بەڵگەیەک بوو؛ زۆربەی زۆریش ھێشتا باوەڕیان نەھێنا. (٦٨) خۆ دیاریشە پەروەرندەت ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (٦٩) ڕووداوی ئیبڕاھیمیشیان بۆ وەخوێنە. (٧٠) ئەو سەردەمەی کە بە ئاپ و ھۆزی خۆی گوت: ئەمە چییە دەیپەرستن؟ (٧١) گوتیان: ئێمە بتانێک دەپەرستین و ھەر وازیشیان لێ ناھێنین. (٧٢) گوتی: ئاخۆ ئەگەر ھانایان بۆ دەبەن، لێو دەبیسن؟ (٧٣) یاخۆ ھیچ بەھرەو پێ دەدەن؟ یان ھیچ زیانوو لێدەدەن؟ (٧٤) گوتیان: نەخێر، بەڵکوو باب و کاڵی ئێمەش ھەر ئەمانەیان دەپەرست. (٧٥) گوتی: ئاخۆ زانیوتانە چیو دەپەرست؟ (٧٦) خۆتان وێڕای باب و کاڵانی پێشووتان؟ (٧٧) ھەموویان دوژمنی منن؛ جگە لە ڕاھێنەری حەموو دنیایە. (٧٨) ئەوی منی دروس کرد و ھەر ئەویش شارەزام دەکا. (٧٩) ھەر ئەویشە خواردەمەنیم پێدەدات و ئاویشم دەفریا دەخا. (٨٠) ئەگەر تووشی نەساغیش بم، ھەر خۆی چاکم دەکاتەوە. (٨١) ھەر ئەویشە دەم مرێنێ و پاشان زیندووم دەکاتەوە. (٨٢) ئەو کەسەیە کە بە ھیوام ڕۆژی سەڵا لە ھەڵەکانم ببوورێ. (٨٣) پەروەرندەم! خۆت فێری کارزانیم بکە و بمگەینە بە پیاوچاکان. (٨٤) وەبکە لە ناو چینە دوایینەکانیشا ناوم بە چاکە دەربچێ. (٨٥) وابکە من لە بەشبەرانی بەھەشتی پڕ لە خۆشی بم. (٨٦) لە ئاپی منیش ببوورە؛ کە ڕێگەی ھەڵە کردبوو. (٨٧) لە ڕۆژی زیندووبونەوەش ڕیسوام مەکە. (٨٨) ئەو ڕۆژە کە ماڵ و مناڵ بە کار نایە. (٨٩) مەگین ئەوەی وەل دڵی پاک، بچێتە بارەگای خودا. (٩٠) کە بەھەشتیش بۆ خۆپارێزان نزیکە. (٩١) جەھەندەمیش دەخرێتە ڕوو بۆ گومڕایان. (٩٢) [کە ئەو ڕۆژە] پێیان ئێژن: لە کوێن ئەوی دەوپەرستن، (٩٣) لەغەیرەز خوا؟ ئاخۆ ئەو دێنە ھاناتان، یان ئەوان ھانا دەخوازن؟ (٩٤) سا دەمەوڕوو ئەوانیش و گومڕاکانیش دەوێ دەخرێن. (٩٥) لەشکرەکانی شەیتانیش - بە تێکڕایی - (٩٦) ھەر لەوێدا - بە کێشە - دێن و دبێژن: (٩٧) سوێند بە خودا ئێمە ئاشکرا لاڕێ بووین؛ (٩٨) کە ئێوەمان دەگەڵ داھێنەری جیھان بەرانبەر کرد؛ (٩٩) تاوانبارانیش ئێمەیان لە ڕێ لادا؛ (١٠٠) ئێستاش نە تکاکارمان ھەن، (١٠١) نە ھەواڵێکی دڵسۆزیش. (١٠٢) خۆزی جارێ وەگەڕاباین، ئەوسا باوەڕیمان دێنا. (١٠٣) ئا لەمەدا نیشانێکی [بەھێز] ھەیە و بەشی زۆریان بێ باوەڕ بوون. (١٠٤) دیاریشە پەروەرندەی تۆ ھەر خۆی خاوەن دەستەڵاتە و دلۆڤانە. (١٠٥) ھۆزی نووحیش بە وتەی پێغەمبەرانیان بڕوا نەکرد. (١٠٦) کاتێ نووحی برای خۆیان گوتی: ئێوە مەر ناترسن؟ (١٠٧) من بۆتان پێغەمبەرێکی جێ باوەڕم. (١٠٨) دەسا لە خوا بترسن و بە فەرمانی منیش بکەن. (١٠٩) پاداشێکم - بۆ ئەم کارە - لێتان ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی جیھان دەیدا، (١١٠) ئیتر ھەر ترسوو لە خوا بێ و بە گوێم بکەن. (١١١) گوتیان: چۆن بڕوات پێدەکەین؟ تۆ ھەر ڕووتەوپووتەت لە دوون! (١١٢) گوتی: ئەمن چووزانم کە ئەوان بەرێ چییان دەکرد؟ (١١٣) ئەر تێبگەن، پەروەرێنم دەبێ بە کاریان ڕابگا. (١١٤) لەوانە نیم - بە ھیچ ئاوا - باوەڕداران وەدەربنێم. (١١٥) من ھەر تەنیا ترسێنەرێکی ئاشکرام. (١١٦) گوتیان: ئەی نووح! ئەگەر لەم کارەت بەس نەکەی، ئەشێ سەنگەسارت بکەین. (١١٧) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ھۆزەکەی من ھەر بڕوایان پێ نەکردم. (١١٨) سا تۆ لە نێو من و ئەوان ڕێگەیەکمان بۆ بکەوە و من و ئەو باوەڕدارانەی دەگەڵ منن، ڕزگار بکە. (١١٩) ئەوسا خۆی و ئەو کەسانەی دەگەڵی بوون، لە کەشتییە تژی کەدا نەجاتن دا. (١٢٠) ئەوانی تریش لە پاشان ئاوەوئاو چوون و توونا بوون. (١٢١) لەمەشدا بەڵگەیەک ھەیە؛ [بەڵام] زۆربەیان ھەر بڕوایان نەھێنا. (١٢٢) پەروەرندەت ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (١٢٣) ھۆزی عادیش بە پێغەمبەرەکان بڕوایان نەھێنا. (١٢٤) کاتێ کە ھوودی برایان پێیانی گوت: چۆنە ھیچ ترسێکونیە؟ (١٢٥) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٢٦) ترسوو لە خودا ھەبێت و لە فەرمانی من دەرمەچن. (١٢٧) [بۆ ئەم کارە] من ھیچ پاداشم لێو ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی جیھان دەیدا. (١٢٨) ئاخۆ ئێوە لە ھەر جێگایەکی بەرز، کۆشکی تەرز دروس دەکەن، کە ھەر خەریکی کارگەلی پڕوپووچ بن؟ (١٢٩) کۆشک و قەڵای زۆر پتەویش دادەڕێژن، لاتان وایە ھەر دەمێنن؟ (١٣٠) ھەرگا پەلاماریش دەدەن، ملھوڕانە ھێرش دەبەن. (١٣١) سا لە خودا بترسن و بە گوێم بکەن. (١٣٢) با ترسوو لەو کەسە بێ کە لەو شتانەی دەیزانن، یاری کردوون. (١٣٣) وڵسات و کوڕگەلی داونێ. (١٣٤) دەگەڵ باغات و کانیاویش. (١٣٥) ئەمن ھەر لێو نیگەرانم، بۆ ئازاری ڕۆژی مەزن. (١٣٦) گوتیان: ئەگەر ئامۆژگاریمان بکەی و ھیچ ئامۆژگاریشمان نەکەی، لای ئێمە ھەر وەکوو یەکە. (١٣٧) ئەمانە گش پڕوپووچی پێشینییانە. (١٣٨) کەس ئازاری ئێمە نادا. (١٣٩) ئەو ھەر بڕوایان پێ نەکرد؛ ئەوسا ئێمەش قڕمان کردن. لەمەشدا بەڵگەیەک ھەبوو؛ [بەڵام] زۆری ئەوانە بڕوایان نەبوو. (١٤٠) پەروەرندەت ھەر خۆی خاوەن دەستەڵات و دلۆڤانە. (١٤١) ھۆزی سەموود بڕوایان بە پێغەمبەرەکان نەھێنا. (١٤٢) وەختێ ساڵحی برایان پێیانی گوت: چۆنە ھیچ ترسێکتان نییە؟ (١٤٣) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٤٤) سا لە خودا بترسن و بە گوێم بکەن. (١٤٥) من پاداشی کاری خۆم لە ئێوە ناوێ؛ پەروەرندەی ھەموو جیھان، بۆ خۆی پاداشی من دەدا. (١٤٦) ئاخۆ ھەروا لێو دەگەڕێن، ھەر لێرە دڵنیا بژین؟ (١٤٧) لە باغات و لە کانیاوان؟ (١٤٨) کێڵگەکان و دارەخورمای خاوەن شکۆفەی نەرم و نۆڵ؟ (١٤٩) ھەر بە خۆشی و شادمانی ماڵان لە کاوان دەتاشن. (١٥٠) سا لە خودا بترسن و بە گوێم بکەن. (١٥١) گوێش مەدەنە فەرمانی ھەڵەڕۆیەکان؛ (١٥٢) ئەوانەی لەم زەمینەدا ھەر خەریکی خراپەن و کاری چاکیان لە دەس نایە. (١٥٣) گوتیان: ببێ و نەبێ، جادووت لێکراوە. (١٥٤) تۆش ھەر مرۆی وەکوو خۆمان. سا ئەگەر تۆ بە ڕاستیتە، دە نیشانێکمان نیشان دە. (١٥٥) گوتی: ئەمە وشترێکە، کە نۆرەئاوێکی ھەیە و ئێوەش نۆرەئاوێکتان ھەس؛ لە ڕۆژێکی دیاری کراوا. (١٥٦) ھیچ وەزەنیشتان بۆی نەبێ، دەنا تووشی جەزرەبەی ڕۆژی مەزن دێن. (١٥٧) پەیان کرد و سەریان بڕی و دوایە پەشیمان بوونەوە. (١٥٨) ئازار ھەموو لای لێ گرتن. لەمەدا نیشانە ھەبوو؛ کەچی زۆریان بێ باوەڕ بوون. (١٥٩) پەروەرندەت خۆی خاوەنی دەستەڵاتە و دلۆڤانە. (١٦٠) ھۆزی لووتیش قسەی پێغەمبەرەکانیان، بە درۆ ژمارد. (١٦١) کاتێ کە لووتی برایان پێیانی گوت: ئێوە بۆ ھیچ ترسوو نییە؟ (١٦٢) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٦٣) سا ترسوو لە خودا ھەبێ و بە گوێم بکەن. (١٦٤) بۆ ئەم کارە من ھیچ پاداشم لێو ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی جیھان دەیدا. (١٦٥) ئێوە بۆچی لە ناو ھەموو خەڵکی دنیا پەلاماری نێران دەدەن؟ (١٦٦) لە ژنەکانیشوو واز دێنن، کە خوا بۆ ئێوەی چێ کردوون؟ ئێوە ھۆزێکی لە ئەندازە لادەرن. (١٦٧) گوتیان: ئەی لووت! گەر لەم قسانە بەس نەکەی، سوور بزانە دەرت دەکەین. (١٦٨) گوتی: لەو ئاکارەی ئێوە یەکجار قەڵسم. (١٦٩) پەروەرندەم! لەو کارانەی ئەوان دەیکەن، من و خێزانم ڕزگار کە. (١٧٠) سا ئەویش و ھەموو خاووخێزانیشیمان ڕزگار کرد. (١٧١) مەگین تاقە پیرێژنێک لە ناو ئەوانا مایەوە. (١٧٢) پاشان ئەوەکانی ترمان قڕان تێخست. (١٧٣) بارانێکی [بەڵا] مان بۆ داباراندن. چەند بە زەڕ بوو بارانی ترسێنراوەکان. (١٧٤) ئا لەمەشدا بەڵگە ھەبوو؛ کەچی زۆریان بێ باوەڕ بوون. (١٧٥) پەروەرندەت ھەر خاوەنی دەستەڵاتە و دلۆڤانە. (١٧٦) خاوەن دەحلان قسەی پێغەمبەرەکانیان بە درۆ ژمارد. (١٧٧) کاتێ شوعەیب پێیانی گوت: چۆنە ھیچ ترسێکوو نییە؟ (١٧٨) سا لە خودا ترسوو ھەبێ و بە گوێم بکەن. (١٧٩) من بۆ ئێوە پێغەمبەرێ جێ باوەڕم. (١٨٠) بۆ ئەم کارە من ھیچ پاداشێکم لێو ناوێ؛ پاداشی من پەروەرندەی دنیا دەیدا. (١٨١) ڕاست بن لە پێوانەپێوان و زیان بە کەس مەگەیەنن. (١٨٢) کێشانەشتان بە تەرازووی بەرانبەر بێ. (١٨٣) شت لە مەردم مەدزنەوە و پا دامەگرن لە سەر بەدفەڕی لە ھەردا. (١٨٤) دەبێ بترسن لەو کەسەی ئێوە و کۆمەڵانی پێشووی بەدی ھێنا. (١٨٥) گوتیان: ببێ و نەبێ، جادووت لێکراوە. (١٨٦) تۆش ھەر ئەوا مرۆیەکی وەکوو ئێمە و پێمان وایە تۆش ھەر لە ڤڕبێژەکانی. (١٨٧) دەسا ئەگەر تۆ ڕاست ئێژی، چەند پاژێکمان - لە ئاسمان - بەسەردا باوێژە خوارێ. (١٨٨) گوتی: پەروەرندەم پتر ئاگای لە ئاکاروو ھەیە. (١٨٩) ئیتر باوەڕیان نەھێنا، تا لە ڕۆژێکی ھەوردا، گڕەبامان لێ ھەڵکردن؛ لەو ڕۆژەدا ئەو بەڵایە زۆر مەزن بوو. (١٩٠) لەمەشدا نیشانە ھەبوو؛ کەچی زۆریان بێ باوەڕ بوون. (١٩١) پەروەرندەت ھەر خاوەنی دەستەڵاتە و دلۆڤانە. (١٩٢) ڕاھێنەری گش جیھانە؛ ئەم قورئانەی ناردۆتە خوار. (١٩٣) «ڕوح الامین» ھێنایە خوار. (١٩٤) بۆ سەر دڵت؛ تا تۆ لە ترسێنەران بی. (١٩٥) بە زووانێکی عەرەبی ڕەوان و ھاسان. (١٩٦) لە کتێبەکانی پێشووشدا باسی ھەیە. (١٩٧) داخۆ ئەمە بۆ ئەوان بەڵگەیەک نییە؟ کە زاناکانی تۆرەمەی ئیسڕائیلیش، ھەر لەوە ئاگایان ھەیە. (١٩٨) خۆ ئەگەر بمان ناردایە بۆ لای عارەبی نەزانێک، (١٩٩) بۆ ئەوانەی وەخوێندبا، قەت باوەڕیان پێ نەدێنا. (٢٠٠) ھەروەھاینە قورئانیشمان خستە دڵی تاوانباران. (٢٠١) ھەر بڕواشی پێ ناھێنن، ھەتا ئازاری زۆر بەژان بە چاوی خۆیان ببینن. (٢٠٢) لەنەکاویش دێتە لایان، کە ھەر ھەستیشی پێ ناکەن. (٢٠٣) ئەوساش ئێژن: ئاخۆ مۆڵەتمان پێدەدەرێ؟ (٢٠٤) بۆ لە ئازار دانی ئێمە، پەلە دەکەن؟ (٢٠٥) تۆ پێم بێژە ئەر بێڵین چەن ساڵ ڕابوێرن، (٢٠٦) ئەمجار ئەو ئازارەی کە لێ ترسێنرا بوون، بێتەلایان؛ (٢٠٧) ئەو ماوەیەی کە ڕای دەبوێرن، چ بەھرەیەکیان بۆ دەدا؟ (٢٠٨) ھەر شارێکمان قڕ کردبێ، سوور بزانە ترسێنەرانێکی بووە؛ (٢٠٩) کە ئامۆژگاری وەرگرن و، ناھەقییمان نەکردووە. (٢١٠) شایەتینیش نەیانھێناوەتە خوارێ. (٢١١) نە لێیان دەوەشێتەوە و نە دەشتوانن. (٢١٢) دیارە ئەوان لە بیستن بێ بەش کراون. (٢١٣) تۆ وێڕای خوا، ھیچ شتی تر مەپەرستە؛ دەنا لەوانە دەبی کە ئازار دەدرێن. (٢١٤) نزیکترین خزمی خۆشت بترسێنە. (٢١٥) باڵت شۆڕ کە بۆ ئەو بڕوادارانەی کە شوێنت کەوتوون. (٢١٦) جا ئەر بە گوێیان نەکردی، بێژە: من بێزارم لەوەی ئێوە دەیکەن. (٢١٧) ھەر خۆشت بە خاوەن دەستەڵاتی دلۆڤان بسپێرە؛ (٢١٨) ئەو کەسەی کە تۆ دەیبینی، وا بە پێوە ھەڵدەوەستی. (٢١٩) ھاتوچووشت دەگەڵ سوژدەبەرەکاندا [لەبەر چاویە]. (٢٢٠) بیسەر و زاناش ھەر ئەوە. (٢٢١) دەوهەوێ ئاگاداروو کەم شایەتینی دێنە لای کێ؟ (٢٢٢) ئەوان لە لای درۆ نەخشینی تاوانبار دادەبەزن. (٢٢٣) گوێ دەگرن و زۆریان درۆزنن. (٢٢٤) شاعیرانیش، کێ لە دوویان دەچێ گومڕان. (٢٢٥) مەر نەت دیوە - بە شێواوی - سەر بە ھەر شیوێکدا دەکەن؟ (٢٢٦) ئەوان شتێ دەبێژن کە خۆیان نایکەن. (٢٢٧) مەگین ئەوانەی باوەڕیان بە خوا ھەیە و ئاکارچاکن و زۆر یادی خوایان کردووە و پاش ئەوەی چەوسێنرانەوە، ھەر تۆڵەی خۆیان کردەوە. ناھەقانیش زۆر پێ ناچێ دەوە دەگەن کە سەرەنجام کێوە دەچن. ++++++++++++++++++++++