شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: موئمینوون وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) بێ گومانە باوەڕداران، ڕزگارانن. (٢) ئەو کەسانەی لە نوێژاندا خۆیان بەگەورە نازانن؛ (٣) ئەوانەش کە لە قسەی پووچ دووری دەکەن؛ (٤) ئەوانەش کە زەکات دەدەن؛ (٥) ھەر ئەوانەش کە شەرمی خۆ دەپارێزن؛ (٦) مەگین لە ھاوسەری خۆیان، یان ئەوی مڵکی خۆیانن؛ کە نابێ سەرکۆ نەبکرێن. (٧) ھەرکێش جیا لەمانەی بووێ، ئەو لە ئەندازە لادەرە. (٨) ئەوانەش [لە ڕزگارانن] کە ئامانەت و بەڵێنیان دەپارێزن؛ (٩) ئەوانەش کە لەسەر نۆژخۆندنێ سوورن؛ (١٠) ئەمانە گشتیان بەشبەرن. (١١) ئەو کەسانەی کە بەشبەری بەھەشتن و تاھەتا ھەر تیا دەبن. (١٢) ئێمەین مرۆن لە قوڕێکی خۆشکراو دروست کردووە. (١٣) ئەوسا کردمانە تنۆکێک، لە بنکەیەکی پتەودا. (١٤) پاشان ھەر لەو تنۆکەوە، خوێنی پندرمان پێک ھێنا و لەو خوێنەوە پلە گۆشتێکمان ساز کرد و ئەوسا لە پلە گۆشتەکە ھەستین چێ کرد؛ ھەستییەکەشمان خستە ناو پۆشەنێ لە گۆشت. لە پاشانا کرمانە چێ کراوێکی تر. دەسڕەنگینی ھەر بۆ خوایە؛ کە ھیچ وەستایە پێی ناگا. (١٥) لە ئاکامدا تووشی مردن دەبن. (١٦) ڕۆژی سەڵاش سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە. (١٧) ئێمەین کە ئەم حەوت نھۆمەن لە ژوور ئێوەڕا پێک ھێنا و لە ھەرچی دروستی دەکەین ئاگادارین. (١٨) لەو حەوایە بە ئەندازە ئاومان [بۆتان] داباراند و جێگەمان لە زەمین پێدا و ھەر ئێمەشین کە دەتوانین لە بەین بەرین. (١٩) سا بەو ئاوە ھەر بۆ ئێوە باغاتێکمان لە دارخورما و لە ڕەزان بەرھەم ھێناوە، زۆر میوەجاتوو دەداتێ و لێیان دەخۆن. (٢٠) دارێکیش ھەر [لە سۆنگەی ئەو] لە تووری سینایە دەڕوێ، کە ڕۆنێ بەرھەم دێنێت و پێخۆریشە بۆ خۆرایان. (٢١) دیارە وڵساتیش بۆ ئێوە ھەر دەرسێکە: لەوەی کە وا لە دەرونیاندایە، پێتان دەنۆشێنین. لێان دەخۆن و زۆریش بەھرەیان بۆوھەیە. (٢٢) لەسەریان و لەسەر گەمی ھەڵدەگیرێن. (٢٣) ھەروەھا نووحیشمان ناردە لای ھۆزەکەی. گوتی: گەلۆ! تەنیا خودا بپەرستن؛ بەغەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ دەسا بۆ ھیچ ترسوو نییە؟ (٢٤) گرەگرەی ھۆزەکەی ئەو - کە خودایان نەدەناسی - گوتیان: ئەمە ھەر بنیادەمە خۆمانەس؛ نیازی وایە خۆتان بەسەردا زاڵ بکا. گەر خودا مەیلی لێ بووایە، فرشتێکی دەناردە خوار؛ ئێمە لە باب و کاڵانیش شتی وامان نەبیستووە. (٢٥) ئەم پیاوە دیارە لێوەیە، تا ماوەیەک وا باشە چاوێری بکرێ. (٢٦) گوتی: ئەی پەروەرندەی خۆم! وا بە درۆزنم دەزانن، ھەر بۆ خۆت دەھانام وەرە. (٢٧) ئیتر خۆمان تێمان گەیاند، کە: لە ژێر چاوەدێری و فەرمانی ئێمە، گەمیە ساز دە. جا کاتێ فەرمانمان ھات و ئاو لە تەندووردا زایەوە؛ لە ھەر جسنەی جووتەیەکی بخە ناوی. وێڕای خێزانەکەی خۆشت؛ مەگین ئەوی بڕیاری لەسەر دراوە و لەمەڕ ئەوانەم مەدوێنە کە ناھەقییان کردووە؛ چونکە لە خنکاوەکانن. (٢٨) ھەرگا خۆت و ھاوڕێکانت لەسەر گەمیەکە جێتان گرت، بێژە: سوپاس بۆ خودایێ کە لە کێشەی ناھەقان ڕزگاری کردین. (٢٩) بشڵێ: ئەی پەروەرندەی خۆم! لە شوێنێکی بە پیتم داببەزێنە و؛ تۆ لە ھەموو میوانداران باشتر میوان بەخێو دەکەی. (٣٠) لەمەشدا چەند نیشانە بوون. دیارە ئێمەش ویستمان بە تاقی کەینەوە. (٣١) لە پاش ئەوان چینێ ترمان بەدی ھێنا. (٣٢) ھەر لە خۆیان پێغەمبەرێکمان بۆ ناردن، کە: تەنیا خوا بپەرستن؛ کەسی تری واتان نییە کە بۆ پەرستن ھێژا بێ. مەر ناترسن؟ (٣٣) پیاوماقووڵانی ھۆزەکەی - کە خودایان نەدەناسی و دیداری ڕۆژی سەڵایان پێ درۆ بوو؛ لە ژینی سەر دنیایەشدا خۆشگوزەرانین پێدا بوون - گوتیان: ئەمە مرۆیەکی لە خۆتانە و بۆ وەخواردن و خواردنیش وەک خۆتانە. (٣٤) ئەگەر وەشوێن مرۆیێ وەک خۆتان کەون، لێتان ڕوون بێ زیانبارن. (٣٥) چۆن دەتوانێ بەڵێن بدا، ھەرگا مردن و لاشەتان بوو بە خۆڵ و چەند پێشەیەک، سەرلەنوێ زیندوو دەبنەوە؟ (٣٦) با واش بڵێ چۆن ئاوەز قبووڵی دەکا؟ (٣٧) ژین لەوە پتر نییە، لەسەر دنیایە ھەمانە. ئێمە ھەر دەمرین و دەژین؛ [ھەر کە مردین] تازە زیندوو نابینەوە. (٣٨) ئەم کاورایە پەیدا بووە درۆ بە ناو خواوە دەکا؛ ئێمەش باوەڕی پێ ناکەین. (٣٩) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! وا بە درۆزنم دەزانن، ھەر بۆ خۆت دەھانام وەرە. (٤٠) گوتی: ھەر زۆر بەزووێکی زوو، یانە پەشیمان دەبنەوە. (٤١) ئەوسا - وەک ھێژای خۆیان بوو - نارەتە دایانی گرت و وەکوو ئاوماڵکن لێکردن. ناھەقان تەرت و تونا بن! (٤٢) لە پاش ئەوان چەند بەرەی ترمان پێک ھێنا. (٤٣) ھەر کۆمەڵێ لە بنیادەم - کە دێتە وەختی مردنیان - نە وەپێش دەخرێن نە وەپاش. (٤٤) بۆ ھەر کۆمەڵێک لەوانە پێغەمبەرمان بەڕێ کردوون، کە باوەڕیان پێ نەکردوون؛ بە شوێن یەکا بە دەردێکی وامان بردوون کە بە چیرۆک بیانگێڕنەوە. با دوورکەون ئەوانەی بڕوا ناھێنن. (٤٥) لە پاش ئەوان، مووسا و ھاڕوونی برایمان وێڕای نیشانەکانمان و بەڵگەیەکی ئاشکرا نارد، (٤٦) بۆ لای فیرعەون و سەرزلانی ھۆزەکەی؛ [بەڵام] خۆیان بە زل زانی و کۆمەڵێکی بە دەعیە بوون. (٤٧) گوتیان: جا چۆن بە دوو مرۆی وەکە خۆن بڕوا دەکەین و ھۆزەکەیان [بە گشتی] کۆیلەی خۆمانن؟ (٤٨) ھەر بە درۆزنیان زانین و بوو بە مایەی لە ناو چوونیان. (٤٩) کتێبیشمان دا بە مووسا، بەشکێکم شارەزا ببن. (٥٠) کوڕی مریەم و دایکیشی لە ئێمەوە کران بە نیشانەیەک و لای گردێک دامان مەزراندن؛ کە جێ حەسانەوە و کانیاوێکی لێ بوو. (٥١) ئەی کۆمەڵی پێغەمبەران! بژیوی پاکژ بخۆن و ئاکارچاک بن؛ لە ھەر کارێ ئێوە دەیکەن ئاگادارم. (٥٢) دیارە ئەمە دینی وەیە و ھەر دینێکی یەکپارچەیە و ئەمن پەروەرێنی ئێوەم؛ سا ھەر لە خۆم ترسوو ھەبێ. (٥٣) دینەکەیان لە ناو خۆدا لەتوپار کرد. ھەر کۆمەڵێکیش لەوانە، بەو پشکەی ئێستا ھەیانە، دڵی خۆشە. (٥٤) لێیان گەڕێ تا ماوەیەک لە زەلکاوی نەزانی خۆدا ڕۆبچن. (٥٥) ئاخۆ ئەوان پێیان وایە کە ئێمە بە ماڵ و کوڕان یارمەتییان دەدەین، ھەر بۆ ئەوەیە کە: (٥٦) پەلەمانە لە چاکە دەگەڵ کردنیان؟ نەخێر، ئەمانە نەزانن. (٥٧) ئەوانە کە لە ترسی پەروەرندەیان تووشی لێوەلەرزێ دەبن، (٥٨) ئەوانەش کە بە ھەموو نیشانەکانی پەروەرێنیان باوەڕ دەکەن، (٥٩) ئەوانەش کە ھیچ شەریکێ پەیدا ناکەن بۆ پەروەرندەکەی خۆیان، (٦٠) ئەوانەش کە ھەچی لە ڕای خودا داویانە، ھەر دەیدەن؛ کەچی لە سامی گەڕانەوەیان بۆ لای پەروەرێنیان، دڵەکوتەیان تووش دەبێ؛ (٦١) ئەوانەن کە لە چاکەدا لەز دەکەن و بۆ ئاکاری چاک لە پێشن. (٦٢) ئەرکی پتر لە توانا ناخەینە سەر کەس. کتێبێکیشمان لەلایە، ھەرچی دەوێدایە ڕاستە و ھیچ ناھەقییان لێ ناکرێ. (٦٣) بەڵام ئەمان دڵیان ئاگای لەمە نییە و خجڵی کارگەلی ترن. (٦٤) تا ئەو دەمەی کە خۆشگوزەرانەکانیان گرفتاری ئازار دەکەین؛ لەپڕ دەست دەکەن بە ھاوار. (٦٥) ئەمڕۆ ئیتر ھاوار و دادی پێ ناوێ؛ ئێمە دەفریاتان نایەین. (٦٦) نیشانەکانی ئێمەتان بەسەردا دەخوێندرایەوە، ھەمووتان پێ دزەتان بوو. (٦٧) خۆتان زۆر بەزل دەزانی و لەشەونشینی خۆتاندا، ھاتەران پاتەرانتان بوو. (٦٨) ئاخۆ ئەوان لەم وتەیە ڕانەماون، یان ئەوی بۆ وان ھاتووە، بۆ باب و کاڵی پێشوویان نەھاتبوو. (٦٩) یان پێغەمبەرەکەی خۆیان نەناسیبوو، کە وا حاشایان لێدەکرد؟ (٧٠) یان دەبێژن: جن دەستی لێ وەشاندووە. نەخێر، کە ئەو ڕاستی بۆ ئەوان ھێناوە؛ کەچی زۆربەیان خۆشیان لە ڕاستی نایە. (٧١) ئەگەر ڕاستی شوێن ئارەزووی وان کەوتبا، بێ گومانە ئاسمانەکان و زەمین و ھەرچی دەناو ئەواندایە، خرا دەبوون. بەڵکوو ئێمە ئامۆژگاریمان بۆ ناردن؛ ئەوان لە ئامۆژگاری خۆ دەتەکنەوە. (٧٢) یان تۆ مزت لەوان دەوێ؟ خۆ مزی پەروەرندەی خۆت زۆر باشترە و باشترین ڕۆزی دەر ئەوە. (٧٣) تۆ ھەر گەرەکتە بیانخەیە سەر ڕاستەڕێ. (٧٤) ئەو کەسانەش کە باوەڕیان بە ڕۆژی سەڵایە نییە، ھەر لە ڕاستەڕێ لا دەدەن. (٧٥) ئەگەر بەر بەزەیی خۆشمان بخستنایە و ئەو بەڵایەشمان لادایە کە بەسەریاندا ھاتووە، ئەوانە ھەر بە لاساری و سەرگەردانی دەمانەوە. (٧٦) تووشی ئازاریشمان کردن؛ کەچی لە حاند پەروەرێنیان نە لە فیز داوەزین و نە ملیان لە پاڕانەوە نا. (٧٧) تا ئەو کاتەی بە توندی جەزرەبەمان دان؛ ئەوسا زانیان ھومێد نەما. (٧٨) ئەو کەسێکە چاو و دڵ و گوێی بۆ ئێوە قەرار داوە. کەم شوکرانەبژێری دەکن. (٧٩) ھەر ئەویشە کە ئێوەی لەم زەمینەدا چێ کردووە و ھەر لای ئەو کۆ دەکرێنەوە. (٨٠) ھەر ئەویشە ژین دەبەخشێ و دەشمرێنێ؛ ئاڵوگۆڕی شەو و ڕۆژیش بە دەس ئەوە. دەی ئاخر تا کەی تێناگەن؟ (٨١) نەخێر، ئەویش وەک ئەمانەی پێشوو ئێژن. (٨٢) ئێژن: ئاخۆ ئەر مردین و بووینە ئاخ و ئێسک و پرووسکێک، دیسان زیندوو دەبینەوە. (٨٣) ئێمە و باب و کاڵمان - بەرێ - ئەم بەڵێنەمان پێدرا؛ ئەم قسانە گش چیرۆکی پێشوونانن. (٨٤) بێژە: ئەگەر ھیچ دەزانن، ئەم زەمینەو ھەرچی لە ناویدا ھەیە، سەر بە کێیە؟ (٨٥) ھەموو دەڵێن: سەر بە خوایە. بێژە: ھیچ بیر ناکەنەوە؟ (٨٦) بێژە: ڕاھێنەری حەو عاسمانەکان و ڕاھێنەری تەختی ھەرە مەزن کێیە؟ (٨٧) ئێژن: گش دەسکاری خوایە. بێژە: بۆ ھیچ ترسوو نییە؟ (٨٨) بێژە: دەستەڵاتی ھەر شت بە دەس کێیە و ئەر دەزانن کێیە، پەنای پەنابەرە و دژی ئەو پەنا نادرێ؟ (٨٩) ئێژن: ئەمە ھەر خودایە. بێژە: دەی چۆن دەخەڵەتێن؟ (٩٠) بەڵکوو ئێمەین کە ڕاستیمان بۆ ھێناون و دیارە ئەوان درۆزنن. (٩١) خوا ھەرگیز ڕۆڵەی بۆ خۆ پەیدا نەکرد و ھیچ خێویشی دەگەڵ نییە. دەنا ئەوسا ھەر خێوێ ھەرچی خۆی دروستی دەکرد، بۆ خۆی دەبرد و ھێندێک بە سەر ھێندێکانیاندا زاڵ دەبوون. ئەو بە دوورە لەو شتانەی ئەوان ئێژن. (٩٢) ئەو لە پیوار و ئاشکرا ئاگادارە؛ بەرزترە لەوەی دەیکەنە شەریکی. (٩٣) بێژە: ئەی پەروەرێنی من! ئەگەر ئەوەی کەوا بڕیاریان پێ دەدرێ ھەر نیشانی منی دەدەی، (٩٤) پەروەرندەم! ڕەگەڵ ناھەقانم مەخە. (٩٥) ئێمە ھەرچی بۆ ئەوانی بڕیار دەدەین، دەتوانین نیشانتی بدەین. (٩٦) تۆ وەرامی خراپە بە چاکە بدە؛ ئێمە باشتر دەزانین ئەوان چ ئێژن. (٩٧) تۆ بێژە: ئەی پەروەرندەم! ھانام بە تۆ، لە دنەدانی شەیتانان. (٩٨) ھەر ھاناش دەبەمە بەر تۆ؛ کە ئەوان دێن بەلامەوە. (٩٩) [ئەوان ھەروان] تا کاتێ کە مردن دێتە سەر یەکێکیان، ئەوسا دەڵێ: ئەی پەروەرندەم! وەم گێڕە. (١٠٠) بەشکوو ئەو ئاکارە چاکەی لێی نەبان بووم ئەوجار بیکەم. نەخێر، قسە بۆ خۆی دەکا؛ تازە تا ڕۆژی قیامەتێ لەمپەرێکی زۆر گەورەیان لە پێشدایە و [گەڕانەوەیان بۆ نییە]. (١٠١) ھەرگایەکیش دەکەڵەشاخ دەمێندرا، نە خزمایەتی لە نێوانیان دەمێنێ و نە کەسیان لە کەس دەپرسێ. (١٠٢) ھەر کەسێکی کێشانەی گرانتری بێ، ئەو دیارە لە ڕێزی ڕزگارەکانە. (١٠٣) ھەر کەسێکیش لە کێشانە کەمی ھێنا، ئەوانە دۆڕاوەکانن و لە دۆژەھدا دەمێننەوە. (١٠٤) دەم و چاویان بە ئاگر ھەڵدەپرووزێت و لێوەکانیان ھەڵدەچرچێ. (١٠٥) مەر نیشانانی مەتان بەسەردا نەدەخوێنرایەوە و ھەر بە درۆتان دەژماردن؟ (١٠٦) ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! نەگبەت بڕستی بڕین و ئێمە خەڵکێکی گومڕا بووین. (١٠٧) ئەی پەروەرندەی گلامان! لێرەمان بھێنە دەرێ؛ ئەگەر ئەمجاریش ھەر وابووین، دیارە لە ناھەقان دەبین. (١٠٨) ئێژێ: ناشێ من بدوێنن، تا لەوێشدان نابێ ھەر فزەتان لێ بێ. (١٠٩) ھێندێکیش لە عەبدەکانم ھەر دەیانگوت: پەروەرێنمان! ئێمە باوەڕیمان ھێنا، تۆش بەزەییت پێماندا بێ و لە گوناھەکانمان ببوورە؛ تۆ لە گش کەس دڵسۆزتری. (١١٠) ئێوە ھەر گاڵتەو پێ دەکرد؛ ھەتا ئەوان یادی منیان لە بیری ئێوە بردەوە و ئێوە بەوان پێ دەکەنین. (١١١) وا من ئەمڕۆ پاداش ئەو خۆڕاگرتنەم پێ بەخشیون؛ کە ھەر ئەوان ڕزگار دەبن. (١١٢) پێیان ئێژێ: چەند ساڵ لە زەمین مانەوە؟ (١١٣) ئێژن: ئێمە ھەر ڕۆژێک یان ھێندێک لە ڕۆژێ ماینەوە؛ لە حیسابگەران بپرسە. (١١٤) ئێژێ: ئەگەر بووزانیبا، کەمێک نەبێ نەمانەوە. (١١٥) ئاخۆ ئێوە پێتان وابوو بە گەمە دروستن کردوون، ناشووھێننەوە لای خۆمان؟ (١١٦) پایەبەرزی بۆ خودایە، کە پاشای ڕاستەقینەیە؛ ھیچ پەرستیوێکیش بێژگە لە ئەو نییە؛ ھەر خۆیەتی پەروەرێنی تەختی ھێژا. (١١٧) ھەر کەسێکیش - وێڕای خودا - ھانا بۆ کەسێ تر بەرێ و بەڵگەشی لە دەستا نەبێ، پەروەرندەی دەیکێشێتە پای حەساب و ئەو پێ نەزانانە ھەرگیز ڕزگار نابن. (١١٨) بێژە: ئەی پەروەرندەکەم! تۆ بم بەخشە و بەزەییت پێمدا بێتەوە، تۆ چاکترین دلۆڤانی. ++++++++++++++++++++++