شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ئەنبیاء وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) خەڵک ئاگایان لێ نییە، ڕۆژی ژماریان نزیکە و ھەر باوەڕیش ناکەن ھەبێ. (٢) ھەر پەندێکی تازەیان لە پەروەرێنیانەوە بۆ بێ، دەی بیسن و گورجێ دەیکەنە گاڵتەجاڕ؛ (٣) دڵ خافڵن. ئەوانەش ناھەقییان کرد، بە سرتەوە گوتیان: ئاخۆ ئەمەش مرۆیەک وەک خۆتان نییە؟ دەی چۆن ئێوە بە جادوو دەسخەرۆ دەبن کە بە چاوی خۆ دەبینن؟ (٤) گوتی: پەروەرندەکەی من، لە ھەر قسێ لە عەرز و عاسمانان بکرێ، ئاگادارە و ھەر خۆی بیسەر و زانایە. (٥) گوتیان: خەونە درۆزنەیە؛ نەخێر خۆی ھەڵیبەستووە؛ دەشبێ ھەر خۆی شاعیرێک بێ. دەسا با نیشانەیێکمان نیشان بدا، وەک پێغەمبەرانی پێشوو. (٦) بەرلەوانیش ئەو شارانەی قڕمان کردن، ھەر بڕوایان نەھێنا بوو؛ ئاخۆ ئەمان بڕوا دەکەن؟ (٧) ئەو مێرانەی بەرلە تۆش ڕامان سپاردوون – ھەر وەکوو تۆ – ئێمە وڵاممان بۆ ناردن. سا ئەگەر ئێوە نازانن، لە خاوەن کتێبان پرسن. (٨) ھیچ لەشی واشن پێ نەدان کە ھیچ نەخۆن و نەمر بن. (٩) پاشان ھەموو بەڵێنێکی – کە پێن دابوون – بە جێن ھێنا؛ کە ئەوانیش و ھەر کەسیش خۆمان ویستمان نەجاتن دان؛ ھەڵەڕۆشمان قڕان تێخست. (١٠) ئەوا ئێمە کتێبێکمان بۆ ئێوە ناردۆتە خوارێ، باسی ئێوەشی تێدایە. چیتانە کە ھەر تێناگەن؟ (١١) چەند باژێریشمان وێڕان کرد؛ چونکە ئەوانەی تیا بوون، ستەمکار بوون؛ لە پاش ئەوان خەڵکی ترمان لێ دامەزراند. (١٢) ھەر پێ حەسیان کە ئێمە بە گژیان دادێین، لەپڕێکدا لە ئاوایی ڕایان دەکرد. (١٣) ئێوە ڕامەکەن و بگەڕێنەوە سەر خۆشگوزەرانی خۆتان و ماڵەکانتان؛ بەڵکوو پرسیارتان لێ بکرێ. (١٤) وتیان: ھەی ماڵ وێران خۆمان! دیارە کە ئێمە ناھەق بووین. (١٥) ھەر دەربارەی ئەمە دەدوان، تا بە دەردی ساقەتەی دووراومان بردن و دان مرکاندن. (١٦) ئێمە ئاسمان و زەوین و ھەرچی لە ناو ئەوانەدایە بۆ لەیستۆک دروس نەکرد. (١٧) ئەگەر ئێمە گەرەکمان با لەیستۆکێک ھەڵبژێرین، ھەر لای خۆمان ھەڵمان دەبژارد. ئەگەر بمانویستایە ئەو کارە بکەین [ھەر دەمانکرد. ] (١٨) نەخێر، ئێمە گەرەکمانە پڕوپووچ لە بەین بچێت و ڕاستی جێگەی بگرێتەوە. واوەیلا ھەر بۆ ئێوەیە لەو باسی خوداکردنەو. (١٩) ھەرچی لە عاسمانەکان و زەوی دایە، سەربە خوایە؛ ئەوانەش کە لە لای ئەون، لە پەرستنی بە فیز نین؛ فلیش نابن. (٢٠) بە شەو و ڕۆژ ھەر پاکانەی خودا دەکەن؛ سستی نازانن. (٢١) ئاخۆ ئەوان خواگەلێکیان لەم سەر ھەردە دەسکەوتووە، مریان لە گۆڕان وەژیەنێن؟ (٢٢) ئەر لە ئاسمان و زەویدا - بێژگە لە خوا - خواگەلێکی تر بوونایا، بێ شک ھەر دووکیان تێک دەچوون. خودای پەروەرێنی تەخت، زۆر پاکترە لە ھەرچی ئەوان بۆی دەڵێن. (٢٣) چی ئەو بیکا ناشێ پرسیاری لێ بکرێ و ئەوانن کە بەرپرسیارن. (٢٤) ئاخۆ ئەوان - لەغەیرەز خوا - خوداگەلێکیان بۆ خۆیان دیوەتەوە؟ بێژە: بەڵگەی خۆتان بێنن؛ ئەمە پەندە بۆ ئەوانەی دەگەڵ مندان؛ بۆ ئەوانەش کە پێش من بوون. بەڵام ئەوان - زۆربەی زۆریان - لە ڕاستی سەریان دەرناچێ و لێی نەبانن. (٢٥) بەرلە تۆش ئێمە ھەر پێغەمبەرێکمان نارد، ڕامان سپارد، کە: ھیچ پەرستووێک بەغەیرەز من نییە و ھەر تەنیا من بپەرستن. (٢٦) وتیشیان: خودا ڕۆڵەی ھەس. نەخێر؛ ئەوانە عەبدانی ڕێزگیراون، خودا لەو شتانە پاکە. (٢٧) لە قسە پێشی ناکەون و ھەر بە پێ فەرمانی ئەویش دەجوڵنەوە. (٢٨) لەوەی کە ئێستا دەیکەن و لەوەش کەوا کردوویانە، ئاگادارە و ھەر کەسێ خۆی ڕەزای نەبێ، ناتوانن تکای بۆ بکەن؛ وای لێ دەترسن، دەلەرزن. (٢٩) ھەرکێ لەوان بێژێ: منیش خودایەکم بەغەیرەز ئەو؛ سزای ئەو کەسە دۆژەھە و ھەر بەم جۆرەش خوانەناسان سزا دەدەین. (٣٠) ئاخۆ خودانەناسان ئەمە نازانن، کە عاسمانەکان و زەمین یەکپارچە بوون، ئێمە لێکمان ھەڵوەشاندن. ھەر جانەوەرێکیش ھەیە، لە ئاومان بەرھەم ھێناوە؟ ئاخۆ ھێشتا باوەڕ ناکەن؟ (٣١) لەسەر زەویش کەژوکۆمان وەدی ھێنا، نەوەکا وەیان لەرزێنێ و چەند ڕێبازمان لێ پێک ھێنا بەڵکوو ئەوان شارەزا بن. (٣٢) ئاسمانیشمان کردە میچێکی پارێزراو، کەچی ئەوان لەو گش نیشانانەی تێیدان، خۆ دەبوێرن. (٣٣) ھەر خۆیەتی شەو و ڕۆژ و خۆر و ھەیڤی دروست کرد و ھەر یەک لە شوێنی خۆیاندا مەلە دەکەن. (٣٤) وامان نەکرد ھیچ مرۆیەک بەر لە تۆ ھەبێ و نەمر بێ. ئاخر چۆن ئەگەر تۆ بمری، ئەوانە تا سەر دەمێنن؟ (٣٥) ھەموو گیانێک تامی مردن ھەر دەچێژێ. بە خراپە و بە چاکە بێ، بە تاقیتان دەکەینەوە و ھەر دەوھێننەوە لای خۆمان. (٣٦) ھەر کاتێ خوانەناسەکان تۆ دەبینن، گاڵتەی خۆیان بە تۆ دەکەن: ئاخۆ ئەمە باسی بتەکانوو دەکا؟ کەچی خۆشیان لە یادی [خودای] دەھندە حاشا دەکەن. (٣٧) مرۆ لە پەلە چێ بووە. ھەربینا زوو نیشانانی خۆم نیشان دان؛ ئیتر ھیچ پەلەم لێ مەکەن. (٣٨) ئێژن: ئەگەر بە ڕاستانە، دەی کەی ئەم بەڵێنەو پێک دێ؟ (٣٩) ئەگەر ئەو خوانەناسانە ئاگادار بان لەو ڕۆژەی کە قەت ناتوانن ئاگر لەسەر سەروچاویان و لە پشتیان وەلادەن و کەسیش دەھانایان نایە، [ئیتر ئاوایان نەدەکرد]. (٤٠) لەپڕ تێیان ھەڵدەگەڕێ و تووشی واق و وڕمانیان دەکا؛ ناتوانن خۆی لێ لادەن و ھیچ مۆڵەتیشیان پێ نادەن. (٤١) ئەو گاڵتانە بە پێغەمبەرانی بەرلە تۆش ھەر کراوە. جا ئەوسا گاڵتەجاڕەکان، سزای ئەو گاڵتەی دەیانکرد، دەوری گرتن. (٤٢) بێژە: کێیە - بە شەو و ڕۆژ - ئێوە لە [ئازاری] خودا بپارێزێ؟ نەخێر، ئەوان لە یادی پەروەرندەیان خۆ دەبوێرن. (٤٣) یاخۆ ئەوان - غەیرەز ئێمە - خواگەلێکی تریان ھەیە، لە بەڵایان بپارێزن؟ ! [ئەو خواگەلە] یاریدەی خۆشیان پێ نادرێ و ئێمەش پەنایان پێ نادەین. (٤٤) بەڵکوو ئێمە کارێکمان کرد کە ئەوان و باب و باپیرانی وانیش ڕای ببوێرن، ھەتاوەکوو تەمەنی زۆریان بردەسەر. ئەدی ئەوەندە نازانن ئێمە دێین و ئەم زەمینە - لە ھەموو لا - ھەروا لێی کەم دەکەینەوە؟ ئاخۆ ھەر خۆیان لە سەرن؟ (٤٥) بێژە: من ھەر بەو فەرمانەی بۆم ھاتووە، دەوترسێنم. بەڵام بانگ بە گوێی کەڕاندا و ترساندنیان بەھرەی نییە. (٤٦) خۆ ئەگەر ھەر سۆزەیەکیان لە ئازاری پەروەرندەت وەلەش کەوێ، ئێژن: ئەی ھاوار لەمە، ئێمە ھەر لەسەر ناھەق بووین. (٤٧) ڕۆژی قیامەت چەندین تەرازووی بەرانبەر وەکار دەخەین. ئەوسا بە قەد سەنگی تۆمی وردیلەی دانە خەردەلیش دەخەینە ڕوو ناھەقی لە کەس ناکرێ. ئەوسا بەسە کە ھەر خۆمان پێ ڕادەگەین. (٤٨) دیارە ئێمە ھۆی ھەڵاواردنمان دا بە مووسا و ھاڕوون؛ کە ڕۆشنی و بیرەوەری تێدایە بۆ خۆپارێزان. (٤٩) ئەو کەسانەی کە بە نھێنی لە پەروەرندەی خۆیان دەترسن و لە سەڵا ڕابوون دەلەرزن. (٥٠) ئەمەش پەندێکی پیرۆزە کە ناردوومانەتە خوارێ. ئاخۆ ئێوە خۆتانی لێ نەبان دەکەن؟ (٥١) لەمەوبەریش ئیبڕاھیم مان لە کاران شارەزا کرد و ھەمیشە لێی بە ئاگا بووین. (٥٢) لەو دەمەدا کە بە ئاپی و ھۆزەکەی گوت: ئەم کۆتەڵانە چ کارەن کە ئێوە دەیانپەرستن؟ (٥٣) گوتیان: باڤ و کاڵی ئێمەش ھەر ئەمانەیان دەپەرست. (٥٤) گوتی: ئەگەر ڕاستوو دەوێ، دیارە باب و کاڵی ئێوەش ھەر وەکوو خۆتان گومڕا بوون. (٥٥) گوتیان: ئاخۆ ڕاستێکت بۆ ھاوردگین، یان ھەر گاڵتەمان پێ دەکەی؟ (٥٦) گوتی: پەروەرندەی ئێوە، پەروەرندەی ئاسمانەکان و زەمینە؛ کە خۆی دروستی کردوون و منیش وێڕای شایەتانم. (٥٧) سوێند بە خودا، ھەر ئێوە پشت بکەنەوە و لێرە لاچن، دەبێ گەڕێک دەو بتانەو بھاڵێنم. (٥٨) گشتی تیکەتیکە کردن، بتە مەزنەکەیان نەبێ؛ بەشکوو بێنەوە بۆ لای ئەو. (٥٩) گوتیان: ئاخۆ کێ ئەم کارەی بەسەر خواکانمان ھێناوە؟ دیارە لە ناھەقان بووە. (٦٠) گوتیان: ئێمە بیستوومانە لاوێک دەربارەیان دەدوا؛ کە ناویشی ئیبڕاھیمە. (٦١) گوتیان: بیھێنن با خەڵکیش چاویان لێ بێ، شایەت ئەوانیش شایەت بن. (٦٢) گوتیان: ئاخۆ ئەی ئیبڕاھیم! تۆ ئەم کارەت دەربارەی بتەکانمان کرد؟ (٦٣) گوتی: نەخێر، گەورەکەیان ئەو کارەی کرد؛ دە ئەوەتانێ لێی پرسن، ئەگەر دەتوانن پەرسڤتان بدەنەوە. (٦٤) زۆر بە خۆدا شکانەوە و ئەوسا گوتیان: دیارە خۆتان ستەمکارن. (٦٥) پاشان سەری خۆیان داخست: خۆت دەتزانی کە ئەمانە قسە ناکەن. (٦٦) گوتی: ئاخۆ - غەیرەز خودا - ئێوە شتێ دەپەرستن کە نە ھیچ بەھرەو پێ دەدەن، نە زیانیشوو لێ دەدەن؟ (٦٧) بێزم لە ئێوە ھەستاوەو لەوشتانەش کە بەغەیرەزخودان و دەیانپەرستن. بۆ تێناگەن؟ (٦٨) گوتیان: ئەگەر لە دەستوو دێ، بیسووتێنن و خوداکانوو یاری بدەن. (٦٩) گوتمان: ئاگر! دەبێ سارد و بێ زیان بی بۆ ئیبڕاھیم. (٧٠) ویستیان تەشقەڵێکی پێ بکەن، زۆر زیانبارترمان کردن. (٧١) ئێمە ئەویش و «لووت» یشمان بەرەو ئەو عەرزە نەجات دا کە بۆ ھەموو خەڵکی دنیا پیت و پیرۆزیمان پێدا. (٧٢) ئیسحاقیشمان ھەر پێ بەخشی و یەعقووبیش زێدە بەشی بێ و ھەموومان کردن بە مێرخاس. (٧٣) کردیشمانن بە پێشەوا - کە ھەر بە فەرمانی ئێمە - شارەزایی مەردم بکەن و بە ھەمووشیانمان ڕاگەیاند لە کاری چاک نەوێستن و نوێژ بکەن و زەکات بدەن و، گشتیان ئێمەیان دەپەرست. (٧٤) «لووت» یشمان فێری کارزانی و زانستی کرد. ڕزگاریشمان کرد لەو شارەی بێ نامووسی تێدا دەکرا. خەڵکی ئەوێ کۆمەڵێکی خراپی لە ڕێلادەر بوون. (٧٥) وەبەر بەزەیی خۆشمان خست. ئەو یەکێ لە پیاوچاکان بوو. (٧٦) «نووح» یش ھەر وەبیر بێنەوە کە لەوەپێش گازی کردین، ئێمە بە دەنگیەوە ھاتین؛ خۆی و کەسوکارەکەیمان لە بەڵای گەورە نەجات دا. (٧٧) لە بەرانبەر ھۆزەکەیدا - کە نیشانانی ئێمەیان بە درۆ ژمارد - فریای کەوتین. گەلێکی گەلێک بەدفەڕ بوون؛ ھەموومان بە ئاو خنکاندن. (٧٨) لە داوود و سولەیمانیش باسێک بکە، کە بەسەر کێشەی کێڵگەیەک ڕاگەیشتن، ئەوسا کە ئاژەڵی گەلێک - کاتی شەوێ - پێی وەرببوون. ئێمە ئاگان لە پێ ڕاگەینەکەیان بوو. (٧٩) سولەیمانمان تێگەیاند کە دەبێ چ بکا؛ بە ھەر دووکان کارزانی و زانستیمان دا و کێوەکان و مەلانیشمان کەوی کرد کە وێڕای داوود، ھەر پەسندی خودا بدەن؛ ئەم کارەش لە ئێمە ڕابوو. (٨٠) فێریشمان کرد زرێتان بۆ دروس بکا، تا لە شەڕدا بووپارێزێ. ئاخۆ ئێوە شوکرێ دەکەن؟ (٨١) بۆ سولەیمان بای بەھێزمان دەستەمۆ کرد، کە بە فەرمانی بگاتە ئەو زەمینەی ئێمە پیتمان تێخستووە و ئێمە لەمەڕ ھەموو شتێک ئاگادار بووین. (٨٢) لە شایەتینیش بازێکیان بۆ ئەو دەچوونە بن ئاوێ و کاری تریشیان بۆ دەکرد. ھەر ئێمەش دەمانپاراستن. (٨٣) یادێ لە ئەییوبیش بکە؛ کاتێ کە گازی لە پەروەرندەی خۆی کرد، کە: تووشی مەینەتێ ھاتووم، ئەتۆش لە ھەموو دڵسۆزان دڵسۆزتری. (٨٤) نزامان لێ قبووڵ کرد و وەزەنمان لەسەر لابرد و خێزانەکەیمان پێداوە و ھێندەی تریش وێڕای ئەوان. بەزەیی بێ لە ئێمەوە و پەندێکیش بێ بۆ ئەوانەی کە ھەر ئێمە دەپەرستن. (٨٥) [یادیش بکە لە] ئیسماعیل و [لە] ئیدریس و زەلکیفل؛ کە ھەموویان لە دەستەی خۆڕاگران بوون. (٨٦) وەبەر بەزەیی خۆمان خستن، کە ئەوان لە پیاوچاکان بوون. (٨٧) ماخۆی ماسیش بێنەوە بیر؛ ئەوسا بە تووڕەیی ڕۆیی و ھەر پێی وابوو ئێمە دەرۆستی ئەو نایەین؛ تا لە ناو تاریکاییدا ھاواری کرد: لەغەیرەز تۆ ھیچ خودایەکی شک نابەم، پاکی و بێ عەیبی بۆ تۆیە، من لە ڕێزەی ناھەقان بووم. (٨٨) سا دەھانای ئەویش ھاتین، لە خەمەکەمان ڕزگار کرد. ئێمە ئاوا باوەڕداران ڕزگار دەکەین. (٨٩) باسێکی زەکەریاش بکە، کە ھاواری بردە بەر پەروەرندەی خۆی: پەروەرندەم! ھەر بە تەنێم مەھێڵەوە و تۆ باشترین کەسێکی کە ھەر دەمێنی. (٩٠) نزامان لێ قبووڵ کرد و یەحیامان بە بەخشش دایە و ژنەکەیمان چاک کردەوە. ئەمان لە کاری چاکەدا بە ھەڵپە بوون؛ بە ھومێد و بە ترسەوە لەبەرمان دەپاڕانەوە و لە حاند ئێمە لارەمل بوون. (٩١) ئەو پیرەکەش کە وا شەرمی خۆی دەپاراست، ئێمە بەھۆی ڕووحی خۆمان فوومان تێکرد؛ خۆی و کوڕەکەی ئەویشمان کردە نیشانەی ئاشکرا بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (٩٢) ئەمە ئایینی ئێوەیە و یەک ئایینە. منیش پەروەرندەی ئێوەم، ئەشێ ھەر من بپەرستن. (٩٣) ئەمانە کارەکەی خۆیان لە ناو خۆیاندا بەش بەش کرد. سەرلەبەریشیان بۆ لای مە وەدەگەڕێن. (٩٤) ھەر کەسێکی لە کاری چاکە خەریک بێ و بەباوەڕ بێ، تەقالای بەفیڕۆ ناچێ و دیارە ئێمە بۆی دەنووسین. (٩٥) ھەر شارێ کە قڕمان تێخست، تازە ناشێ بەرەو دووا بگەڕێنەوە. (٩٦) ھەتا ئەوسا درگا لە ئاجووج باجووجان دەکرێتەوە و لە ھەموو شوێنی بەرزەوە دادەگەڕێن. (٩٧) بەڵێنە ڕاستەکەش نزیک ببێتەوە، ئەوسا - لە پڕ - چاوی خودانەناسەکان دەردەپەڕێ و ئێژن: واوەیلا لە خۆمان، ئێمە لەوە بێ ئاگا بووین؛ نەخێر [ئاگاشیان پێ دابووین] بەڵام خۆمان ناھەقییمان لە خۆمان کرد. (٩٨) ئێوە وێڕای ئەوانەی - لەغەیرەز خودا - دەپەرستن، گش ئێزنگی جەھەندەمن و ھەر دەبێ بچنە ناویەوە. (٩٩) ئەگەر ئەو پەرستیوانە [وەک خۆیان ئێژن] خوا بوونا، دیارە نەدەچوونە ناوی. ئێستا ھەموو - تاھەتایە - ھەر لەوێدان. (١٠٠) لەوێ ھەنیسکان دەدەن و ھیچ نابیسن. (١٠١) ئەو کەسانەی لە پێشوودا بڕیارن دا کە چاکەیان دەگەڵ دەکەین، ئەوان لەدۆژەه بەدوورن. (١٠٢) کڵپەی کڵی جەھەندەمیان گوێ لێ نابێ و ھەرچی ئارەزووی دڵیانە - ھەتاھەتا - ھەر ھەیانە. (١٠٣) ترسە ھەرە گەورەکە خەمباریان ناکا. فرشتانیش تووشیان دەبن: ئەوا ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە بەڵێنتان پێدرابوو. (١٠٤) ڕۆژێ کە ئێمە ئاسمانێ لە چەشنی تۆماری قاقەز بۆ نووسینێ، ھەڵدەپێچین. ھەر وەک پێشوو دروسمان کرد، دیسان سازی دەکەینەوە. بەڵێنێکە لە ئێمەوە و ھەر دەشی کەین. (١٠٥) لە زەبووردا، - کە لە پاش تەوڕات بوو - نووسین: ئەم زەمینە ھەر بۆ عەبدە ھێژاکانی مە دەمێنێ. (١٠٦) دیارە لەمانەدا بانگەوازێک ھەیە بۆ گەلی خوداپەرستان. (١٠٧) ئێمە ھەر بۆیە تۆمان نارد کە بەزەیی و چاکەیەک بی بۆ ھەموو خەڵکی دنیایە. (١٠٨) بێژە: من ھەر پێم ڕادەگەینرێ بێژم خواتان یەکە. ئاخۆ ئێوە دەی سەلمێنن. (١٠٩) ئەگەر ڕوویان لێ وەرگێڕای، بێژە: وا من بە گشتانم ڕاگەیاند، بە بێ جیاوازی؛ ناشیزانم ئەوی بەڵێنوو پێدراوە، زوو دێتە جێ یان ماوەیەک دەخایەنێ. (١١٠) ھەر قسێکی بە ئاشکرا بیدرکێنن یا وەیشێرن، ئەو دەیزانێ. (١١١) ناشیزانم، شایەت ئەمە لەمەڕ ئێوە ئەزموونێک بێ و ھەتا ماوەی دیاری کراو ڕای ببوێرن. (١١٢) گوتی: ئەی پەروەرندەی من! تۆ چۆن ڕاستە [بە کاری ئێمە] ڕابگە و، پەروەرێنمان خودای ڕۆزی دەھندەیە و دەربارەی وتاری ئێوەش ھەر لەو یارمەتی دەخوازین. ++++++++++++++++++++++