شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: بەقەرە وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم. (٢) ئەم کتێبە ھیچ گومانی تێدا نییە؛ بۆ ئەوانەی پارێزگارن، ڕێ شاندەرە: (٣) ئەو کەسانەی بڕوایان بە نەدیار ھەیە و نوێژ دەکەن و لەو بژیوەش کە ئێمە پێمان داون، دەبەخشن. (٤) ئەوانەش کە بەو کتێبەی لەمەڕا بۆ تۆ ھاتووە و بەوانەش بۆ پێغەمبەرانی بەر لە تۆ بەڕێ کراوە، بەبڕوان و لە ھاتنی ڕۆژی پەسڵانێ، گومانێکیان نییە. (٥) ئەوانە پەروەرندەیان ڕێبەریانە و دیارە گرۆی ڕزگارانن. (٦) گەلی خودا نەناسانیش بترسێنی، یان ترسیان وەبەر نەھێنی، وەکوو یەکە؛ ئەوان لە باوەڕی ھێنان خۆ دەبوێرن. (٧) لە خوداوە دڵ و گوێیان مۆر کراوە و پەردەیەکیش بە بەر چاویاندا کشاوە و بەشیان ئازاری بەژانە. (٨) لەم خەڵکەدا ئی وا ھەیە، ئێژن: باوەرمان بە خودا و ڕۆژی سەڵا ھێناوە؛ کەچی باوەڕیشیان نییە. (٩) ئەوان خودا و باوەڕداران فریو دەدەن؛ کە ھەر خۆیان فریو داوە و پێش ناحەسن. (١٠) دڵیان دەغەزێکی ھەیە و خوا دەغەزی پتر کردوون؛ لەسەر ئەم درۆ کردنە، بەشیان ئازاری بەژانە. (١١) ئەگەر کەسێ پێیان بێژێ: لەم ھەردە بەدفەڕی مەکەن! ئێژن: ئێمە چاکەکارین. (١٢) باش بزانن، کە خراپەکار ئەوانن؛ بەڵام بۆ خۆیان نازانن. (١٣) ھەرگاش یەکێ پێیان بێژێ: ئێوەش سایری ئەم خەڵکە بڕوا بێنن، ئێژن: جا چۆن ئێمە وەک نەفامان بڕوا بێنین؟ با بزانن، کە خۆیان نەفامەکانن؛ بەڵام بەخۆیان نازانن. (١٤) ھەر وەختایەک دەگەنە خاوەن باوەڕان، دەڵێن: ئێمەش وەک ئێوە خاوەن باوەڕین. ھەرگاش چوونە لای شەیتانەکانی خۆیان، ئێژن: ئێمە وەل خۆتانین؛ ھەر گەمە بەمانە دەکەین. (١٥) خودا گاڵتە بەوان دەکا و بەریان بۆ بەرھەڵدا دەکا، تا لە ئەو سەرکێشییەدا سەرگەردان بن. (١٦) ئەوانە ڕاستەڕێیان دا بە گومڕایی و لە سەودادا تێشکاون و ڕێگەی ڕاستیان بەدی نەکرد. (١٧) ئەمانە ڕاست بە مەرەدی کەسانێ چوون، کە خەریکی پێکردنی ئاگرێک بوون؛ ھەر کە ڕۆشنایی ئاگر دەوروبەری ڕۆشن کردن؛ خودا ڕووناکییەکەی بردن و لە تاریکێکی وادا وێڵی کردن، ھیچ ئاشتەبایان نەدەدیت. (١٨) کەڕن، کوێرن، لاڵ و پاڵن؛ ناتوانن بشگەڕێنەوە. (١٩) یانە [ھەر وەکوو کەسانێ کە] بارانی بەلووزەویان دەگەڵ ھەور و چەخماخەدان لەو حەوایە بۆ ببارێ و بکەونە ناو تاریکایی؛ لە ترسی ھەورەتریشقە، تلی لە گوێیان ڕابکەن، نەکا بمرن. خودا دەوری لەم خوا نەناسانە داوە. (٢٠) لەوانەیە برووسکەی ھەور کوێریان بکا. ھەر شریخەی چەخماخە ھات، دەکەونە ڕێ و ھەرگا لێیان تاریک داھات؛ ڕادەوەستن. خۆ ئەگەر خوا بیویستایە، گوێ و چاوی لە کار دەخستن؛ خوا ھەموو شتێکی پێ دەکرێ. (٢١) ئەی خەڵکینە! ھەر ئەو خوایە بپەرستن کە ئێوە و زۆری تریشی پێش ئێوە وەدی ھێناوە. بەشکوو خۆتان بپارێزن. (٢٢) ئەو خودایە، ھەردی بۆ کردوون بە ڕایەخ، ئاسمانی بەرز کردەوە و ئاوێکی لەو حەوایەوە بۆ باراندن؛ ھەموو جۆرە بەروبووی – بەھۆی ئەو ئاوە – بۆ ڕوواندن. دەیسا کە ئەوەو زانیوە، چۆن شەریکان بۆ ئەو خوایە پەیدا دەکەن؟ (٢٣) ئەگەر لەمەی کە ئێمە بۆ عەبدی خۆمان ناردۆتە خوار بەگومانن و پێشتان وایە ڕاستی بۆ چوون، دەسا ئێوە وێڕای ھاوباوەڕەکانتان بە گەلەکۆمەکی یەکتر – جگە لە خوا – سوورەتێکی وەک ئەو بێژن. (٢٤) ئەگەر نەوکرد – کە ھەرگیز بۆشتان ناکرێ – سا بترسن لەو ئاگرەی دەستەچیلەی تەوەن و لەشی مرۆیە و ھەر بۆ خودانەناسەکان ھەڵکراوە. (٢٥) بەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، موژدە بدە: باغاتێکی وایان دەبێ، جۆباریان بە بەردا دەڕوا و لە ھەر میوەیەک بچێژن، ئێژن بەرێ ئەمە کرابووە بەشی مە و ئێستا وێنەیان ھێناوە. ژنەکانیان لەوێ زۆر پاک و خاوێنن؛ تاھەتایەش ھەر لە بەھەشتا دەمێنن. (٢٦) خودا لەوە شەرم ناکا مێشوولە و لە پێشکەش کەمتر بە نموونە بێنێتەوە. جا ئەوانەی بەباوەڕن، ڕوون دەزانن ئەمە ڕاستە و لە پەروەرندەیانڕایە. ئەوانەی خودا نەناسن ئێژن: خودا لەم نموونە ھێنانەوە چی گەرەک بوو؟ زۆرانی پێ گومڕا دەکا و فرەشیان شارەزا دەکا. ھەر ئەوانە پێی تووشی گومڕایی دەبن کە لە ڕێگایە لادەدەن. (٢٧) ئەو کەسانەی پەیمان دەگەڵ خوا دەبەستن و دەیشکێنن؛ ئەو شتەی خودا ویستوویە ھەر بە ساغی بیھێڵنەوە، دەپسێنن و لە عەردا بەدفەڕی دەکەن، ھەر خۆیان زیانبار دەبن. (٢٨) چۆن لەو خوایە حاشا دەکەن کە لە نەبوو، ژیانی داوە بە ئێوە و لە پاشان دەتانمرێنێ و دیسان زیندوو دەکاتەوە و ئەوسا گشتوو بۆ لای ئەو دەگەڕێنەوە. (٢٩) ھەر خۆیەتی ھەرچی لە زەمیندا ھەیە، بۆ ئێوەی بەرھەم ھێناوە و ئەوسا پەرژایە بەرزایی و حەوت نھۆمی لێ دروست کرد. ھەر ئەویشە ئاگای لە ھەموو شت ھەیە. (٣٠) ئەو کاتەی پەروەرندەی تۆ بە فریشتانی ڕاگەیاند: من دەمەوێ بریکارێک لەسەر زەمین دیاری بکەم؛ گوتیان: تۆ کەسێ وا دێنی لەوێدا خراپە بکا و خوێن بڕێژێ، کەچی ئێمە ھەر شوکرانەی تۆ دەکەین و پەسنی پیرۆزیی تۆ دەدەین؟ گوتی: ئەوەی من دەیزانم، ئێوە ئاگاتان لێ نییە. (٣١) خودا ھەموو ناوێکی فێری ئادەم کرد. ئەوسا ھەموو شتەکانی لەبەر فریشتەکان ڕانا و گوتی: ئەگەر ڕاستی بۆ چوون ناوی ئەوانەم بۆ ھەڵدەن. (٣٢) گوتیان: ھەر تۆی لە کەمایەتی بە دووری؛ ئێمە بەدەر لەوەی کە تۆ فێرت کردووین، ھیچ نازانین. ھەر بۆ خۆت زانای کارزانی. (٣٣) گوتی ئەی ئادەم! دەسا تۆ ناوی ھەموو ئەوانەیان بۆ ھەڵبدە. وەختێ ئادەم ھەموو ناوێکی بۆ ھەڵدان، گوتی من بە ئێوەم نەوت کە ھەر خۆمم ھەر نھێنی لە عاسمانان و زەمیندان و ھەرچی ئێوە وەیشێرن و بیدرکێنن، دەیانزانم؟ (٣٤) فەرمانمان بە فریشتان دا، کڕنۆش لە بەر ئادەم بەرن. غەیرەز ئیبلیس ھەموویان سوژدەیان بۆ برد؛ ئەو کە خۆی بە زلتر دەزانی، سوژدەی نەبرد و سپڵە بوو. (٣٥) گوتمان: ئادەم! خۆت و ژنت، لە بەھەشت نیشتەجێ بن و ھەرچی لە ھەر شوێنێ دەخۆن، نۆشی گیانوو؛ ھەر تخونی ئەو دار [ی ھانا] مەکەون؛ چون [بەم کارە] لە ناھەقییکاران دەبن. (٣٦) شەیتان ھەڵیخەڵەتاندن و لە بەھەشت دەریپەڕاندن. گوتمان: داوەزنە خوارەوە، خۆتان دوژمنی خۆتانن؛ تا ماوەیێ دیاری کراو، لەسەر زەمین ڕایببوێرن. (٣٧) ئادەم لە پەروەرندەیڕا چەند وشەیەکی پێ گەییشت. ئەوسا تۆبەکەی قبووڵ کرد. ھەر خۆیەتی لە پەژیوانان دەبوورێ و دلۆڤانە. (٣٨) گوتمان: گشتوو لە بەھەشت بڕۆنە خوارێ؛ ئەوسا ئەگەر لای منەوە ڕێنوێنیێکتان بۆ ھات، ئەوانەی بکەونە شوێنی ڕێنوێنیم، نە لە ھیچ شتێ دەترسن نە خەم دەخۆن. (٣٩) ھەر کەسانیش خۆیان تووشی ھەڵە کەن و لە نیشانەکانی من حاشایە بکەن؛ دەبن بە یاری ئاگر و ھەتا سەر ھەر تیا دەبن. (٤٠) ئەی زار و زیچی ئیسرائیل! لە بیروو بێ چەندەم چاکە دەگەڵ کردوون. پەیمانی من بەجێ بێنن؛ منیش پەیمانێ پێم داون، پێک دێنم و ھەر تەنیا لە خۆم بترسن. (٤١) بڕواو ھەبێ بەوەی کە ناردوومەتە خوار، کە ئەمەش بە ڕاست دەزانێ وا ئێستا لە لای ئێوەیە. مەبنە پێشەنگی ئەوانەی حاشا لەم کتێبە دەکەن؛ ناشێ نیشانەکانی من بە نرخێکی کەم بفرۆشن. سا ھەر لە خۆم ترسوو ھەبێ. (٤٢) ڕاستی ڕەوا بە ناڕەوا دامەپۆشن. حاشاو لەو ڕاستییە نەبێ، کە بۆ خۆتان ناسیوتانە. (٤٣) نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ دەگەڵ کڕنۆشبەرەکاندا کڕنۆش بەرن. (٤٤) ئاخۆ ئێوە کە فەرمان بەو مەردمە دەدەن چاکەی بکەن، خۆتانی لێ هەڵداوێرن و هەر خۆشوو کتێب خوێنەوەن؟ دەسا چیتانە تێ ناگەن؟ (٤٥) بۆ خۆڕاگری و بۆ نوێژان ھانا بەرن؛ کە ئەم کارە زۆر دژوارە؛ مەگین ھەر بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان بە زل نازانن؛ (٤٦) ئەو کەسانەی سوور دەزانن تووشی پەروەرێنیان دەبن و دەگەڕێنەوە بۆ لای خۆی. (٤٧) ئەی زار و زیچی ئیسرائیل! بیر لەو چاکە بکەنەوە کە من دەربارەتانم کرد؛ لە چاو خەڵکی ھەموو دنیا پتر ڕێزم لە ئێوە نا. (٤٨) خۆش بپارێزن لەو ڕۆژەی کە کەس تاوانی ناچێتە سەر کەسی تر؛ نە بارمتەی تێدا ھەیە و نە ھیچ خۆ کڕینەوەیەک؛ کەسیش دە ھانای کەس نایە. (٤٩) ئەوسا کە ڕزگارم کردن لە فیرعەون و دارودەستەی، کە سەرەڕای جزیا دانوو، کوڕانی لێ سەر دەبڕین و ژنەکانی ساغ دەهێشتن؛ کە لەمەدا ئەزموونی زۆر مەزن هەبوو لە پەروەرندەتانەوە. (٥٠) ئەوساش کە ئێمە دەریامان بۆ قەڵاشتن و نەجاتن دان و ئەوانەی وەل فیرعەون بوون، ھەموومان بە خنکاندن دا و ئێوە تماشاو دەکردن. (٥١) ئەوساکەش کە دەگەڵ مووسا، ژوانی چل شەومان دانا، ئێوە ئەو ناھەقییەتان کرد: پاش ئەو گوێرەکەتان پەرست. (٥٢) لە پاش ئەمەش لێتان خۆش بووین؛ بەشکوو شوکرانەبژێر بن. (٥٣) ئەوساش کە ئێمە بە مووسا کتێب و ھۆی بژاردن دا؛ بەشکوو ئێوە شارەزا بن. (٥٤) ئەوساش مووسا بە ھۆزەکەی خۆی ڕاگەیاند: گەلۆ! بە گۆلک پەرەستیو ناھەقیتان لە خۆتان کرد؛ پەژیوانی لە لای بەدیھێنەرتانەوە دەربڕن؛ سا وەرن یەکتر بکووژن؛ لای بەدی ھێنەرتانەوە ئەم کارە بۆتان چاترە. کە تۆبەی لێ قبووڵ کردن؛ ھەر ئەویشە لە پەژیوانان خۆش دەبێ و دلۆڤانە. (٥٥) ئەوساش کە بە مووساتان گوت : ئێمە بڕوات پێ ناهێنین تا ئاشکرا خوا نەبینین؛ کە هەر لەبەر چاوی خۆتان برووسکەتان بەسەردا هات. (٥٦) لە پاش ئەوەی کە مردبوون سەرلەنوێ زیندوو کردنەوە، شایەت شوکرانەبژێر بن. (٥٧) ھەوریشمان کردە سەیوانوو؛ گەزۆ و مەلی شێلاقەشمان بۆ ھەناردن: بخۆن لەو بژیوە پاکەی بەشمان داون. ئەوان ناحەقیێکیان لە ئێمە نەکرد؛ دەربارەی خۆیان ناحەق بوون. (٥٨) ئەوساش پێمان ڕاگەیاندن: بڕۆنە ناو شارەکەوە؛ ھەر شتێکی دەخۆن و چی دەخۆنەوە، بە ئارەزووی خۆتان بکەن. ھەر لە دەرگا چوونە ئەودیو، سوژدە بەرن و بێژن: ئەی پەروەرندەمان! ئەرکی گرانمان مەخە سەر. ئەوسا مە لە گوناھانوو خۆش دەبین و پاداشمان لەمەڕ کارچاکان پتر دەبێ. (٥٩) ئیتر لە ڕێ لادەرەکان – ھەرچی بەوان سپێرابوو – بەراوەژوو ڕەفتاریان کرد؛ ئەوسا ئێمەش لە تۆڵەی ئەو بەدفەڕیەدا، بەڵایەکمان لە عاسمانەوە بۆ ناردن. (٦٠) ئەو ھەڕەتەش کە وا مووسا ئاوی بۆ پەیڕەوانی خواست. گوتمان بە دار عاساکەی خۆت لەو بەردە دە! دوازدە کانی لێ ھەڵقوڵی؛ ھەر تیرەیەک جێی وەخواردنی خۆی زانی. سا لەو بەشەی خودا داویە بخۆن، وەخۆن، لە عەرزا بەدفەڕی مەکەن. (٦١) ئەو دەمەشتان لە بیر بێ کە گوتتان: مووسا! ئێمە بە یەک جۆرە خۆراک ھەدا نادەین؛ لە پەروەرندەت بخوازە لەوەی زەوی دەیڕوێنێ، وەک سەوزەوات و خەیار و نیسک و سیر و پیواز، بۆمان بەرھەم بێنێ. گوتی: ئێوە خراپ بە چاک دەگۆڕنەوە؟ سەربەرەژێر بچنە شارێک دڵخوازی ئێوە لەوێە. بەڵام چونکە لە نیشانانی خودا حاشایان دەکرد، ھەر لە ناھەق پێغەمبەرەکانیان دەکوشت، یاغی بوون و ملیان لە دەس درێژی دەنا، وەبەر غەزەبی خوا کەوتن و چارەڕەشی و زەبوونییان بۆ بڕیار درا. (٦٢) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئەو کەسانەش کە جوولەکە و فەلە و سایبی مەزەب بوون، ئەگەر بە خوا و رۆژی پەسڵان باوەڕیان بێ و ئاکارچاک بن، لە لای پەروەرندەیانڕا پاداشی خۆیان پێ دەگا و نە ھیچ ترسێکیان لە سەرە، نە خەم دەخۆن. (٦٣) ئەوساش کە ئێمە بەڵێنمان لێ وەرگرتن و کێوی توورمان بە سەرتانەوە بڵند کرد؛ گوتمان: ھەرچی پێمان داون توندی بگرن، چی تێدا لە بیری مەکەن. شایەتا خۆ بپارێزن. (٦٤) لە پاش ئەوە خۆتان لێ بوارد. ئەگەر چاکە و بەزەیی خوا دەھاناتان نەھاتایە، ئێوە لە زیانباران بوون. (٦٥) لە حاڵی ئەو کەسانەشتان خەبەردار بوون کە وا لە ڕۆژی شەممەدا لە ڕادەی خۆیان دەرکەوتن، پێمان گوتن: مەیموونی تڕۆکراو بن. (٦٦) بە پەندێکی وامان بردن، ھاوچەرخان و دوای ئەوانیش، چاوترسێن کا و دەرسێک بێ بۆ پارێزگاران. (٦٧) بیر لەو جارەش بکەنەوە کە مووسا بە ھۆزەکەی گوت: خودا فەرمانوو پێ دەدا کە ئێوە چێڵێک سەرژێ کەن. گوتیان: ئاخۆ دەتەوێ گاڵتەن پێ بدەی؟ گوتی: پەنا دەبەم بە خوا کە لە ڕێزەی نەزانان بم. (٦٨) گوتیان لە پەروەرندەی خۆت پرسیار بکە، چۆن چێڵێکە؟ گوتی: ئێژێ ئەو چێڵەیە کە نە پیری پەک کەوتەیە و نە کەم تەمەن؛ ناوەنجییە. بە چیتان فەرمان پێدراوە دەبێ بیکەن. (٦٩) گوتیان لە پەروەرندەی خۆت پرسێ بکە پێمان بێژێ چ ڕەنگێکە؟ گوتی: ئێژێ چێڵێکی ھێندە ڕەنگ زەردە، تواشاچی دڵخۆش دەکا. (٧٠) گوتیان: دیسان لە پەروەرندەت بپرسە با پێن بڵێ چۆن چۆنییە؟ مانگا سەری لێ تێک داوین؛ ئەگەر خودا خۆی حەز بکا دەتوانین شارەزا بین. (٧١) گوتی: ئێژێ نە چێڵێکی ھەڤووتییە، جووتی بکا و نە ئاو دەکێشێ بۆ زەوی، ھیچ پەڵەشی تێدا نییە. گوتیان ئێستا ڕاستەکەت بۆ خستینە ڕوو. ئیتر ئەوسا سەریان ژێ کرد؛ وەختیش بوو ئەم کارە نەکەن. (٧٢) ئەوسا یەکێکیان کوشتبوو، [ لە سەر گوژەر ]یەکتری تان تێوەدەدا، کە خودا بۆی وەدەرخستن ئەوەی کە دەتانشاردەوە. (٧٣) ئەوسا گوتمان: پاژێک لە لاشی چێڵەکە لە لاکی کوژراوەکە دەن، خودا ئاوا مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئاوا نیشانەکانی خۆی نیشان دەدا، بەشکوو بتوانن تێبگەن. (٧٤) لە پاش ئەمەش بوونە دڵڕەقێکی وەھا لە چەشنی بەرد؛ بگرە ڕەقتریش بوو لە بەرد؛ چونکە تەختەبەردی وا ھەن چەند جۆباری لە بەر دەڕۆن؛ ھەیشە ترەک ترەک دەبێ و ئاوی لێوە فیچقە دەکا؛ ھی واش ھەیە لە ترسی خوا جاڵە دەبێ. خوا لە ھەر کارێکی دەیکەن ئاگادارە. (٧٥) ئاخۆ ئێوە بەو ھیوایەن کە باوەڕیتان پێ بێنین، کەچی دەستەیەک ھەر لەوان وتاری خوایان دەبیست و لە پاش ئەوە تێی دەگەیین، دەیانگۆڕی و دەشیانزانی کە دەیگۆڕن؟ (٧٦) ھەرگایەکیش تووشی باوەڕداران دەبن، ئێژن: باوەڕمان ھێناوە، ھەرگا دەگەنە یەکتری، پێیان ئێژن: ئاخۆ ئێوە ئەو زانستەی خوا پێداون لای ئەوانی دەدرکێنن، تا بیکەنە بەڵگەی خۆیان لجەم پەروەرندەی ئێوە؟ دەئاخر تا کەی تێناگەن! ؟ (٧٧) بۆچی ئەمانە نازانن ھەرچی نھێنی دڵیانە و ھەرچی بە ئاشکرا دەیڵێن، خوا دەیزانێ؟ (٧٨) لەوانیشدا ئی وا ھەن کە نەخوێندەن و بێژگە ئارەزوو، لە کتێب سەر دەرناکەن؛ ئەمانە ھەر لە خەیاڵات و گوماندان. (٧٩) سا ھاوارە بۆ ئەوانە بە دەستی خۆ کتێبەکە دەنووسن و پاشان ئێژن: ئەمە لە خواوە ھاتووە، تا بە نرخی کەم بیفرۆشن. ھاوار لەوان لەوەی بە دەس نووسیویانە و ھاوار لەوان بۆ نرخێ گیریان کەوتووە. (٨٠) دەشڵێن: ئاگر تووشمان نابێ؛ مەگین چەند ڕۆژێ، ئەویش کەم. بێژە: ئاخۆ خودا بەڵێنی پێ داون – کە خودا لە بەڵێنی خۆی پاشگەز نابێ – یان ھەر لە نەزانیەوە قسە لەسەر خودا دەکەن؟ (٨١) دیارە ھەر کەس خۆی تووشی خراپە بکا و خراپەکەی دەوری دابێ، ئەوانە یاری ئاگرن و تا ھەتا ھەر تێیدا دەبن. (٨٢) ئەوانەش کە باوەڕدار و ئاکارچاک بوون، بەھەشتین و ھەر لەوێدا دەمێننەوە. (٨٣) ئەو سەردەمەش کە پەیمانن لە بەرەی ئیسرائیل وەرگرت: غەیرەز خودا نەپەرستن و چاکە دەگەڵ داک و باب و نزیکان و ھەتیو و ھەژاران کەن و بۆ مەردم قسەی باش بکەن؛ نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ لە دوای ئەوە – کەمێک نەبێ – پشتوو تێکرد و خۆو لە پەیمانەکە بوارد. (٨٤) پەیمانیشمان لێتان ئەستاند کە: ھوونی یەکتر مەڕێژن و خۆتان ھەر لە زێدی خۆتان وەدەر مەنێن. پاشان بۆ ئەو پەیمانەشتان بڕیاروو دا و بۆ خۆشتان شایەتی دەدەن. (٨٥) لە دوای ئەوەش ھەر خۆتان بوون کوشتاروو لە یەکتر دەکرد؛ بە پشتیوانی خەڵکی تر – بە تاوان و دەسدرێژی – ھێندێ کە ھەر لە خۆتانن، لە وڵاتیان وەدەر دەنێن. کە لێشوو بە دیل دەگیرێ، ھەمووتان خوێنەکەی دەدەن؛ کە ھیچ بۆشتان ڕەوا نییە دەریان بکەن. ئاخۆ ئێوە بە ھێندێ لە ناوەرۆکی کتێبەکەو بڕوا دەکەن، لە ھێندێکی حاشا دەکەن؟ ھەر کەس لەنگۆ ئەوە بکا دیارە لە ژیانی دنیادا ڕیسوا دەبێ و لەو دنیاشا زۆر بە توندی ئازار دەدرێ. خودا لە ھەموو کارێکتان ئاگادارە. (٨٦) ئەو کەسانە ژینی دنیایان کڕیوە و قیامەتیان لە نرخی داوە، ئیتر نە باری ئازاریان سووک دەکرێ و نە کەس یاریدەیان دەدا. (٨٧) ئێمە خۆمان کتێبمان داوە بە مووسا و چەند پێغەمبەری تریشمان لە دوای ئەو نارد. چەند بەڵگەی زۆر ئاشکراشمان دا بە عیسا کوڕی مەریەم، لە گیانی پیرۆزی خۆشمان یاریدەن دا. ھەتا ئێستا ھەر پێغەمبەرێکوو بۆ ھات و شتێ وای گوت کە ئێوە لێتان خۆش نەھات، خۆتان لەو بە زلتر زانی و بە ھێندێکتان گوت درۆزن و ھێندێکیشیانوو ھەر کوشتوون. (٨٨) گوتیان: دڵمان سەرپۆشی پێدا دراوە. نەخێر، ئەوان بەھۆی لە خودا لادانیان، بەر نەحلەتی خودا کەوتوون و بە دەگمەن بڕوا دەکەن. (٨٩) ھەر کاتێکی کتێبێکیان لەلایەن خوداوە بۆ دێ و ئەم کتێبەش دەسەلمێنێ کە ئێستا لە لای ئەوانە و لە پێشووشدا گەرەکیان بوو بەسەر خودانەناساندا زاڵیان بکا، کەچی وەختێ ھات و ناسییان، بە گژیدا دێن. دەسا کەسانێ دژ بەون، بەر نەحلەتی خوا کەون. (٩٠) ئای کە خۆیان بە نرخێکی خراپ فرۆشت! ھەر چونکە خوا لە ھەر عەبدێ لە عەبدانی وا حەز بکا بە چاکەی بخوێنێتەوە و فەرمانی خۆی بەو بسپێرێ، ئێرەیی بەو دەردەی بردن کە لێی بکەونە حاشایە؛ بەم کارەیان دوو جار وەبەر غەزەب کەوتن؛ ئەو چاوچنۆکانە ئازارێکی ئابڕووبەریان دەبێ. (٩١) ئەگەر بێتوو پێیان بێژن: بەو کتێبەی خودا ناردوویەتە خوارێ، بڕواو ھەبێ، ئێژن: ئێمە ھەر بەو کتێبەی کە بۆ خۆن ھاتۆتە خوار، بڕوا دەکەین؛ کتێبی تر – با بڕواشی بە کتێبەکەی ئێمە ھەبێ – ئێمە بەڕاستی نازانین. بێژە: ئەگەر بڕواو ھەیە، ئەدی بۆچی لە پێشوودا پێغەمبەرەکانی خودا و [لە خوتوخۆڕایی] دەکوشت؟ (٩٢) کاتێ مووساش بە چەندین نیشانەی پتەو ھاتە لاتان، کەچی دوای ئەو گوێرەکەیەکتان پەیدا کرد، دەتانپەرست. (٩٣) لەو کاتەشدا کە پەیمانن دەگەڵ بەستن و کێوی توورمان لە سەر بەرز کردەوە و پێمان گوتن: ھەرچی لە ئێمەوڕا بۆ دێ توندی بگرن و بیبیسن؛ گوتیان: بەڵێ، بیستمان و گوێ نادەینێ. ئەوینی گۆلک پەرستی وەھایان دەدڵ چەقیبوو باوەڕی لە بیر بردنەوە. بێژە ئەگەر بڕوادارن، بڕواکەتان تووشی کاری گەلێ نالەباری کردوون. (٩٤) بێژە: ئەگەر بە ڕاستانە و پێتان وایە لە خوداوە ماڵی ئەولا بۆ ئێوە تەرخان کراوە و بەشی کەسی تێدا نییە، دەسا داوا بکەن بمرن. (٩٥) ھەرگیز ئەو داوایە ناکەن، چون دەزانن چییان کردووە؛ خوداش ناھەقان دەناسێ. (٩٦) بێ گومانە دەیانبینی لە ھەموو کەس لە دنیادا بۆ ژیانێ پاپاترن؛ تەنانەتی لەو کەسانەش کە شەریک بۆ خوا دەناسن. ھەرکام لەوان پێ خۆشە ھەزار ساڵ بژی. خۆ تەمەنی ھەزار ساڵەش لە ئازار دووری ناخاتەو. خودا ھەموو کردەیانی لە بەر چاوە. (٩٧) بێژە ھەر کەس کە دوژمنی جوبرائیلە[ با بزانێ: ] ھەر ئەوە کە ئەم قورئانەی – بە ئیزنی خوا – حەواڵەی دڵی تۆ دەکا و بە کتێبەکانی دیکەی ئاسمانیش باوەڕ دەکا و ڕێشاندەر و مژدە دەرە بۆ ئەوانەی باوەڕدارن. (٩٨) ھەرکێ دژی خودا و پێغەمبەرەکانی و فریشتانی و جوبرائیل و میکایل بێ، خوداش دژ خوانەناسانە. (٩٩) دیارە ئێمە نیشانانی ئاشکران بۆ تۆ ناردووە؛ ئەوانەی حاشای لێدەکەن، ھەر لە ڕێ لادەرەکانن. (١٠٠) ئەدی بۆچی ھەر جارێکی پەیمان دەگەڵ خوا دەبەستن، ھێندێک ھەر لە ناو ئەواندا دێن ھەڵیدەوەشێننەوە. زۆرینەشیان ھەر باوەڕی پێ ناھێنن. (١٠١) دوای ئەمەی ئەم پێغەمبەرە خودا ناردوویەتە ناویان، بڕوای بەو کتێبەش ھەیە کە لایانە؛ دیسان ھێندێک لەوانەی ئەھلی کتێبن، لە کتێبی خوا خۆ دەبوێرن و ڕووی تێناکەن. ھەر ئێژی نەشیان زانیوە. (١٠٢) کەوتوونە شوێن ئەو شتانەی شایەتینی لە زەمانی سولەیماندا بە ورتە دەیانخوێندەوە. سولەیمان خوانەناس نەبوو؛ شایەتینی خوانەناس بوون؛ خەڵکیان فێرە جادوو دەکرد. ئەو زانستەش کە ھاتبووە سەر ھارووت و مارووتی جووتە فرشتە لە بابلدا، ھەر کەسێکیان فێری جادوو بکردایە، پێشەکی تێیان دەگەیاند: ئێمە ھەر بۆ جەڕباندنین، نەکەی خودات لە بیر بچێ؛ ھەر ھێندەشیان لێ فێر دەبوون ژن و شوو لێک جیاوە کەن؛ کە توانای ئەوەیان نەبوو – بێ ئیزنی خوا – زیان لە ھیچ کەسێ بدەن. ھەر شتێکی وا فێر دەبوون کە زیان لە خەڵک بدا و بۆ خۆیان سوودێکی نەبێ؛ دەشیانزانی کڕیارانی جادووگەری لەو دنیا ھیچ بەشیان نییە. ئای ئەگەر تێگەیشتبان دەیانزانی چۆن خۆیان خراپ دەفرۆشن. (١٠٣) ئەمان ئەگەر بڕوایان بە خودا ھەبا و پارێزگار بان، دەیانزانی کە پاداشی چاکتر وا لە لای خودایە. (١٠٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئێوە مەبێژن «ڕاعِنا»؛ بێژن: «تماشامان بکە» و گوێ بدەنێ. بۆ ئەو خودانەناسانە جەزرەبەی زۆر بەژان ھەیە. (١٠٥) ئەوانەی ئەھلی کتێبن و دینی خۆیان لە دەس داوە و ئەوانەی خوا بە خاوەن شەریک دەزانن، حەز ناکەن ھیچ شتێکی چاکتان لە پەروەرندەوڕا بۆ بێ. خوداش بە مەیلی خۆیەتی، لە ھەر کەسێ خۆی حەز بکا – بەتایبەتی – بە چاکە دەیخوێنێتەوە. خودا خێوی چاکە و بەزەیی ھەرە زۆر و زەوەندەیە. (١٠٦) ھەر ئایەتێک لە کار بخەین یان لە بیری ببەینەوە، ئایەتێکی لەو باشتر یان ھەر وەک ئەوی ئەخەینە جێ. مەگەر نەتزانیوە خودا ھەموو کارێکی پێ دەکرێ. (١٠٧) نەتزانیوە کە ئەم عەرز و عاسمانانە ھەر موڵکی خوان، غەیرەز خوداش دۆست و ھاریکارتان نییە؟ (١٠٨) ئاخۆ ئێوە دەتانەوێ لە پێغەمبەرتان بپرسن، وەکوو پێشوو لە مووسا پرسیار کرابوو؟ ھەر کەسێکیش بێ خودایی بە باوەڕ بگۆڕێتەوە، بە بێ گومان ڕێگەی ڕاسی لێ ون بووە. (١٠٩) زۆر کەس لە خاوەن کتێبان – چونکە ئێرەییو پێ دەبەن – حەزێ دەکەن لە پاش باوەڕی ھێنانوو – کە لە لاشیان ئاشکرایە ڕاست کامەیە – پەژیوانوو بکەنەوە. ئێوە چاویان لێ بپۆشن و لە ھەڵەکانیان ببوورن، تا فەرمانی خودا دەگا؛ خوا ھەموو کاری پێ دەکرێ. (١١٠) نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ ھەر چاکەیەک بکەنە پێش باری خۆتان، لای خودا پێو دەگاتەوە؛ ھەرچی بیکەن خوا دەیبینێ. (١١١) گوتیان: ھەر تەنیا مووسایی یان عیسایی دەچنە بەھەشت؛ ئەمە ئاواتی خۆیانە. بێژە: دەسا بەڵگەی خۆتانن نیشان دەن! ئەگەر پێو وایە ڕاست دەکەن. (١١٢) بەڵێ، ھەر کەس – بە بێ خەوش – ھەمیشە ڕووی لە خودا بێ و ئاکارچاک بێ، پاداشی خۆی لە پەروەرندەی وەردەگرێ و ئەم کەسانە نە ھیچ ترسێکیان دێتە سەر، نە خەم دەخۆن. (١١٣) جھوو گوتیان: فەلەکان ھیچ کارەیەک نین. فەلەش کوتیان: جوولەکەکان لەسەر ھیچن؛ کە ھەر دوو لاش کتێب خوێنن. نەزانیش ھەر ئەوەی دەڵێن کە ئەمانە پێیان ئێژن. ئەوسا خودا ڕۆژی قیامەت بەو کارەیانە ڕادەگا کە کێشەیان لەسەری بوو. (١١٤) کێ ناھەقترە لەو کەسەی ڕێگە نەدا ناوی خودا لە مزگەوتەکانی خوادا بھێندرێ و ھەوڵیش بدا وێران ببن؟ نەدەبوایە ئەمانە ھەر بچنە ناویان مەگین بە ترس و لەرزەوە. بەشیان لە دنیا سووکییە و لە قیامەتیش ئازاری دژواریان ھەیە. (١١٥) خۆرھەڵات و خۆرئاوا – ھەرتک – ھی خودان؛ ڕوو بکەنە ھەر لایەکی، خوا لەوێیە؛ زانستی خوا بەربڵاوە و ئاگادارە. (١١٦) گوتیان: خوا بۆ خۆی فرزەندی ھەڵبژیوە. خودا لەو شتانە پاکە؛ بەڵکوو ھەرچی لە ئاسمانان و زەمینە، گش بۆ ئەوە و گشتی بە فەرمانی ئەون. (١١٧) داھێنەری عاسمانەکان و زەمینە و ھەر کە ویستی کارێ پێک بێ، فەرمان دەدا: ببە! دەبێ. (١١٨) لە ھیچ نەزانەکان گوتیان: بۆچی خوا ئێمە نادوێنێ، یان بەڵگەیەکمان بۆ نایە؟ بەر لەوانیش ھەر ئەم قسانەیان ھەبووە. دیارە دڵیان لێکتر دەکەن. ئێمە بەڵگەکانی خۆمان نیشانی ئەوانە داوە کە ئامادەن بیسەلمێنن. (١١٩) ئێمە تۆمان بە تێڕادیوی ناردووە کە مزگێنیش بدەی و بیشیان ترسێنی؛ دەربارەی دۆژەھییەکانیش بەرپرس نیت. (١٢٠) ئەم جوولەکانە و فەلانە، تا نەچیە سەر دینی ئەوان، ھەرگیز خۆشیان لە تۆ نایە. بێژە: ڕێی ڕاس ھەر ڕێی خوداس. ئەگەر تۆ پاش ئەو زانستەی بۆت ھاتووە، شوێن ئارەزووی ئەوان کەوی، ئیتر خودا دۆستایەتیت ناکا و تازە نایەتە یاریدەتەوە. (١٢١) ئەو کەسانەی کە کتێبمان پیان داوە و وەک پێویستە دەیخوێننەوە و دیارە بڕوایان پێی ھەیە، ئەوی بڕواشی پێ نەکەن لە ڕێزەی زیانبارانن. (١٢٢) ئەی بەرەی سەر بە ئیسرائیل! لە بیر مەکەن چەندەم چاکە دەگەڵ کردن، لە چاو خەڵکی ھەموو دنیا، پتر ڕێزم لە ئێوە نا. (١٢٣) ئەشێ بشترسن لەو ڕۆژەی کە ڕۆژی ھەر کەس ھەر کەسە و کڕینەوە لەو ڕۆژەدا باوی نییە و تکاکاری بەھرە نادا و کەسیش دەھانای کەس نایە. (١٢٤) ئەوسا خودا بە چەند وشە ئەزموونی ئیبراھیمی کرد؛ پێکی ھێنان. گوتی: دەتکەم بە ڕێبەری خەڵکی دنیا. گوتی: ئەدی تۆرەمەکەم؟ گوتی: ناھەقییکاران وەبەر بەڵێنم ناکەون. (١٢٥) لەو کاتەشا بڕیارن دا ماڵی کابە مەکۆیەکی مەردم بێ بە دڵنیایی و جێی ئیبراھیم بکەن بە نوێژگەی خۆتان و ئیبراھیم و ئیسماعیلیشمان ڕاسپارد کە ماڵەکەم بۆ ئەوانەی لە دەوری دەسووڕێنەوە و بۆ ئەوەی ھەر لەوێ دەبن و بۆ ئەوانەی کڕنۆش و سوژدەم بۆ دەبەن، پاکژ بکەن. (١٢٦) ئیبراھیم بە پاڕانەوە گوتی: ئەی پەروەرندەی من! ئەم شارە بێ وەی بھێڵە؛ خەڵکەکەشی ھەرکێ بە خوا و ڕۆژی سەڵا بڕوای ھێنا، لە بەروبوو تەسەلیان کە. گوتی: ھەرکێش حاشا بکا، وا دەکەم سەردەمێکی کەم ڕای ببوێرێ، ئەوسا بەرەو ئازاری تینی ئاگر و چارەڕەشی بەڕێی دەکەم. ئای چ ئەنجامێ خراپە! (١٢٧) لەو دەمەشدا کە ئیبراھیم و ئیسماعیل بناغەی ماڵەکەی خۆیان بڵند دەکرد، دەیانگوت: پەروەرندەمان! لێن قبووڵ کەی، تۆ ھەر بۆ خۆت زۆر بیسەر و فرە زانای. (١٢٨) پەروەرێنمان! خۆت وا بکەی ھەتا سەر بەر فەرمانت بین؛ تۆرەمەشن وا ڕابێنە کۆمەڵێک بن لە فەرمانی تۆ دەرنەچن و ڕێوشوێنی تۆ پەرستیمان نیشان دە و تۆبەمان لێ قبووڵ بکە. تۆی تۆبە قبووڵ دەکەی و دلۆڤانی. (١٢٩) پەروەرێنمان! پێغەمبەرێکی ھەر لەوان بەڕێ بکە، تا نیشانەکانی تۆیان بە سەردا بخوێنێتەوە و لە کتێب و کارزانیدا ڕایان بێنێ و لە ھەڵە بێ پەڵەیان کا. دەستەڵات داری لە کارزان، ھەر بۆ خۆتی. (١٣٠) کێی وا ھەیە کە ئایینی ئیبراھیم بنێتە لاوە؟ جا مەگین ھەر خۆی گەوج بکا. ئێمە ئەومان لەم دنیا ھەڵبژاردووە و لەو دنیاشا وا لە ڕێزی پیاوچاکانا. (١٣١) وەختێ پەروەرندەی پێی گوت: وەرە خۆ بە من بسپێرە، ڕگوتی وا خۆم دایە دەستی ڕاھێنەری ھەموو دنیا. (١٣٢) ئیبراھیم بۆ کوڕەکانی و یەعقووبیشی قەوینتی کرد: فرزەندانم! خوا ئەم دینەی بۆ ئێوە ھەڵبژاردووە؛ ئەگەر وایە، غەیر بە موسوڵمانی مەمرن. (١٣٣) ئاخۆ ئێوە ئاگاو لێ بوو کە لە گیانەڵادا یەعقووب بە ڕۆڵەکانی خۆی دەگوت: لە دوای من چی دەپەرستن؟ گوتیان: چی تۆ پەرەستووتە دەیپەرستین کە باب و باپیرانی تۆ، ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاقیش ھەر ئەویان پەرست؛ کە خودای تاک و تەنیایە و ئێمەش خۆمان بەو دەسپێرین. (١٣٤) ئەوانە کۆمەڵانێک بوون کە ڕابوردوون، کردەوەیان بۆ خۆیانە. ئێوەش و کردەوەی خۆتان؛ کەس بۆ کرداری ئەوانوو لێ ناپرسێ. (١٣٥) گوتیان: ببنە جوو، یان فەلە، تاکوو ڕێگا پەیدا بکەن. بێژە: ئێمە لەسەر دینی ئیبراھیمین کە ناھەقی بەجێ ھێشت و بەرەو ھەق ھات؛ شەریکیشی بۆ خودایە نەدەناسی. (١٣٦) ئێوە بێژن: ئێمە بە خوا و بەو شتانەی کە بۆمان ھاتۆتە خوار و بەوانەی کە ناردراون بۆ ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەتەوەکانی و ئەوی بۆ مووساش و عیساش ناردراوە و ئەو شتانەی کە بە پێغەمبەران درا لە لای پەروەرێنیانەوە، باوەڕمان کرد. ئێمە جیاوازی ناخەینە نێوان ھیچ کامێک لەمانە و خۆمان ھەر بەو سپاردووە. (١٣٧) گەر ئەوانیش بەوەی کە ئێوە بڕواتان پێ ھێناوە بڕوا بێنن، ئەوە کەوتوونەتە سەر ڕێ؛ بەڵام ئەگەر خۆ ببوێرن، ئەوان دژایەتیو دەکەن؛ خودا لە ئازاری ئەوان ئەتپارێزێ و زۆر بیسەر و فرە زانا ھەر خۆیەتی. (١٣٨) ڕەنگێکە خودا ڕشتوویە و کێ ھەیە لە خودا چاکتر ڕەنگ بڕێژێ؟ ئێمەش ھەر ئەو دەپەرستین. (١٣٩) بێژە: ئێوە لەمەڕ خودا دەگەڵمان دەکەونە کێشە؛ کە پەروەرندەی ئێمەش و ئێوەش ئەوە؟ کردەی خۆمان بۆ خۆمان و کرداری خۆتان بۆ خۆتان؛ ئێمە بە دڵ دەیپەرستین؟ (١٤٠) یا ئێژن کە: ئیبراھیم و ئیسماعیل و ئیسحاق و یەعقووب و نەوەی جوولەکە، یان مەسیحی بوون؟ بێژە: خودا چاکتر دەزانێ یان ئێوە؟ کێ لەو کەسە ناھەقترە، شایەتێکی لە لا ھەبێ و لە خودای بشارێتەوە؟ خوداش لە ھەموو ئاکاروو ئاگادارە. (١٤١) ئەوانە کۆمەڵانێک بوون ئێستا لە بەینا نەماون، چییان کردبێ بۆ خۆیان کرد؛ ئێوەش کار بۆ خۆتان دەکەن. ھەرچی ئەوان کردوویانە ئێوەی لێ بەرپرس نابن. (١٤٢) لەم مەردمە، بێ ئاوەزەکانیان ئێژن: چی ئەوانی وەرگێڕا لەو ڕووگەیانە کە بەرێ ڕوویان تێدەکرد؟ بێژە: خاوەر و خۆرنشین موڵکی خودان؛ خوا ھەرکێ خۆی مەیلی لێ بێ، دەیخاتە سەر ڕاستە ڕێیە. (١٤٣) بەو ئاوایە ئێمە ئێوەمان کردۆتە ئۆمەتێکی ھەڵبژاردە؛ تا ئاگاو لە مەردم ھەبێ و پێغەمبەریش چاوەدێریتان لێ بکا. ئەو ڕووگەیەی پێشوو بەرەو ئەم دەوەستای، ئێمە ھەر بۆیەمان گۆڕی تا بزانین کێ دوای پێغەمبەر دەکەوێ و کێھە پاشگەز دەبێتەوە. ھەر چەند کارێکی دژوار بوو؛ مەگین بۆ کەسانێکی وا کە خودا شارەزای کردن. خودا ئەو بڕوای ھەتانە تێکی نادا. خودا بەرانبەر بە مەردم زۆر دڵسۆز و دلۆڤانە. (١٤٤) دیتوومانی کە بەرەو حەوا دەڕوانی؛ ئێمە ڕووت بەرەو ڕووگەیەک وەردەگێڕین پەسەندت بێ. سا ڕووت بەرەو «مسجدالحرام» وەرگێڕە و لە ھەر کوێش بن، ھەر ڕوو بکەنە ئەوێوە. ئەوانەی ئەھلی کتێبن دەزانن کە ئەمە ڕاستە و لە پەروەرندەیان ڕایە. خوداش لە ھەر کارێ بیکەن ئاگادارە. (١٤٥) ئەھلی کتێب ھەر نیشانێکیان شان بدەی ڕوو دە ڕووگەکەی تۆ ناکەن؛ ئەتۆش ئیتر ڕوو ناکەیتە ڕووگەی ئەوان. ھەر بەم جۆرە ھیچ کامیشیان ڕوو ناکەنە ڕووگەی یەکتر؛ ئەتۆش لە پاش ئەو زانستەی بۆت ھاتووە، ئەگەر بە شوێن ئارەزووی ئەواندا بڕۆی، لە ناھەقیکاران دەبی. (١٤٦) ئەھلی کتێب – وەک کوڕانی خۆ دەناسن – ئەم پێغەمبەرە دەناسن. دەسەیکیشیان ھەر چەند دەزانن ھەق چییە، دەیشارنەوە. (١٤٧) ئەمە ڕاستەو لە پەروەرندەی تۆڕایە و ھەرگیز لە دوودڵان مەبە. (١٤٨) ھەر لایە شوێنێکیان ھەیە ڕووی تێدەکەن. دەسا ئێوە بۆ چاکە کێ بەرکێ بکەن. لە ھەر کوێ بن، خوا لێکوو کۆ دەکاتەوە. خودا توانای بەسەر ھەموو شتدا ھەیە. (١٤٩) لە ھەر ئاقارێک دەرکەوتی، ڕوو بکە «مسجدالحرام»؛ ئەمە ڕاستەو لە پەروەرندەی تۆڕایە. ھەر کارێکیش ئێوە بیکەن خوا دەیزانێ. (١٥٠) لە ھەر شوێنێکەوە دەرچووی، ھەر کابە بکە بە ڕووگە. لە ھەر جێ بوون با ڕووتان ھەر دەوێوە بێ، تا ھیچ بەڵگەی دژی ئێوە بە دەس مەردمەوە نەبێ؛ جا مەگین ئەوی لاسارن و ھەر حەز لە لاساری دەکەن. من دەمەوێ تەواو چاکەو دەگەڵ بکەم و دەمەوێ شارەزا ببن. ئێوە ھیچ لەوان مەترسن؛ گەرەکە لە خۆم بترسن. (١٥١) وەکوو ئەمەی پێغەمبەرێکمان لە خۆتان ناردە لاتان، نیشانەکانی ئێمەتان بەسەردا دەخوێنێتەوە و بۆ پاکی ڕاتان دەھێنێ و فێرتان دەکا لە کتێب و کارامەیی سەرتان دەرچێ و گەلێک شتی واو فێر دەکا کە لە پێشدا نەودەزانین. (١٥٢) سا ئێوە یادی من بکەن، تا منیش لە بیرتان نەکەم. ھەر شوکرانەی من ببێژن و لە چاکەی من حاشا مەکەن. (١٥٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! پەنا بەرنە بەر نوێژان و خۆڕاگر بن؛ خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە. (١٥٤) بەو کەسانەی لە ڕاھی خدا دەکوژرێن، مەڵێن مردوون؛ بەڵکە زیندوون، بەڵام ئێوە پێ نازانن. (١٥٥) دیارە ئێمە جاروبارە بە ھێندێک ترس و برچی بوون و لە ناوچوون و کەم بوونەوەی ماڵی دنیا و بەروبووتان، دەتان ئەزمووین. مژدە بدە بەو کەسانەی خۆڕاگرن. (١٥٦) ئەو کەسانەی کە تووشی چۆرتمێک دەبن ئێژن: ئێمەش ھەر ئی خواین و ھەر بۆ لای ئەو دەچینەوە. (١٥٧) خێروبێر و بەزەیی پەروەرندەیان بۆ دەبارێ و شارەزا لە ڕێ ئەوانن. (١٥٨) سەفا و مەروە دوو کێلەکی خواپەرستین. ھەرکێ دەچێتە زیارەتی ماڵی خودا، یان عەمرە بەجێ دەھێنێ، گەر تەوافی ئەو دووانەش بکا گوناھێکی نییە. ھەر کەسێکیش ھەر بە ویستی دڵی خۆی ئەو خێرە بکا، خوا پێ زانە و لە کارەکەی ئاگادارە. (١٥٩) ئەو کەسانەی ئەو شتانەی لەو کتێبەدا ھەیە و بۆ شارەزایی مەردمە، لە پاش ئەوەی ناردوومانەتە خوارەوە، لە مەردمی دەشێرنەوە، وەبەر نەحلەتی خودا و ھەموو نەفرین بێژان بکەون؛ (١٦٠) جیا لەوانەی پاشان پەژیوان بوونەوە و ئاکاری چاکیان ڕەچاو کرد و وەشارتوویان ئاشکرا کرد. لە پەژیوانان خۆش دەبم و ھەر منیشم لە پەژیوانان دەبوورم و دلۆڤانم. (١٦١) ئەوانە بوونە کافر و بە کافری لە دنیا چوون، دەکەونە بەر نەحلەتی خوا و فریشتانوو ھەموو خەڵکی. (١٦٢) تاھەتا ھەر گرفتاری ئەو نەحلەتەن؛ ئازاریان ھیچ سووک ناکرێ و وچانیشیان پێ نادرێ. (١٦٣) خودای ئێوە ھەر خودای تاک و تەنیایە. بەغەیرەز ئەو ھیچ شت بۆ پەرستن ناشێ؛ ھەر بۆ خۆشی دھەندەیە و دلۆڤانە. (١٦٤) لە سازدانی ئاسمانان و زەمین و ھاتوچۆی شەو و ڕۆژان و لەو گەمیانەی لە دەریادا گەردش دەکەن و بەھرەیان بۆ مەردم ھەیە و لە تەڤگەڕی بایەکان و ئەو ھەورانەی لە دوڕ عەرزو عاسماندا ڕاگیراون و لەو ئاوەی خوا لە حەواوە دەیبارێنێ – کە بەھۆی ئەو زەمینی لە پاش مردنێ بووژاندەوە و ھەموو جۆرە زیندەوەری تێدا بڵاو کردۆتەوە – بەڵگەی زۆر ھەن بۆ ئەوانەی کە تێدەگەن. (١٦٥) لەم مەردمە ئی وا ھەیە ھاوبەش بۆ خوا پەیدا دەکەن و بەقەد خوا خۆشیان دەوێن. ئەوانەی خاوەن بڕواشن خودایان لە ھەموو شتێک خۆشتر دەوێ. ئەو کەسانەی خودا بە ڕاستی ناناسن، وەختێ چاویان بە جەزرەبەدان دەکەوێ، ئەوسا بۆیان دەردەکەوێ: ھێز و توان ھەموو ھی خوایە و ئازارێ خوا دەیدا توندو تیژە. (١٦٦) لەو دەمەدا کە ئازار و جەزرەبەیان دێتە بەرچاو، ڕێبەرەکان لە پەیڕەوەکانی خۆیان حاشا دەکەن و پەیوەندییان لێک پچڕاوە. (١٦٧) پەیڕەوەکان ئەوسا ئێژن: ئای خۆزگە ھەر جارێکی تر دەگەڕاینەوە سەر دنیا، ھەتا وەک ڕێبەرەکانمان لێن بە حاشان، ئێمەش حاشان لێ دەکردن. خودا ئاوا کردەی خۆیان لێ دەکاتە کوڵ و کەسەر؛ بۆ ھەمیشەش ھەر لە ناو ئاگردا دەبن. (١٦٨) ئەی خەڵکینە! لەو بەروبووی سەر زەمینە، کامی ڕەوا و پاکە بخۆن؛ بەشوێن شەیتانیشا مەڕۆن؛ کە ئەو بۆتان دژمنێکی ئاشکرایە. (١٦٩) ئەو ھەر فەرمانوو پێ دەدا: کاری پیس و زۆر نالەبار ڕەچاو کەن و شتانی وا دەربارەی خودا ببێژن کە ھەر ئاگاشووو لێ نییە. (١٧٠) ئەگەر بەوانە دەبێژن: ھەر بەشوێن ئەوەدا بڕۆن کە لە خواوە ناردراوە، ئێژن: نەخێر، ئێمە ھەر ئەو کارە دەکەین کە باب و باپیرەکانمان ڕەچاویان کرد. جا با بابوباپیریشیان ھیچیان لە ھیچ نەزانیبێ و ڕاستەڕێشیان ھەر نەدیبێ! (١٧١) نەقڵی ئەو خوانەناسانە وەک نەقڵی ئەو ئاژاڵەیە کە دەنگ دەدرێ؛ جیا لە خوڕین و چڕینێ ھیچ نابیسن. کەڕن، لاڵن، چاویان کوێرە و لە تڵپاتی تەڕیش ناگەن. (١٧٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو بژیوەی پێمان داون، کامی پاکە ئەوە بخۆن؛ شوکری خوداش بەجێ بێنن، ئەگەر ھەر ئەو دەپەرەستن. (١٧٣) تەنیا ھەر لاکی مردار و گۆشت بەراز و خوێن و ئەوەی بۆ سەر بڕین ناوی غەیرەز خوای لێ دێنن، لە سەرتان حەرام کراوە. بەڵام ھەرکێ لە ناچاری و بێ ئارەزوو، ھەر بەشی تێر بوونی بخوا، ھیچ گوناھێکی ناگاتێ؛ خودا لە گوناھان خۆش دەبێ و دلۆڤانە. (١٧٤) ئەو کەسانەی ناوەرۆکی کتێبێ کە خودا ناردوویە، دەشێرنەوە و بە نرخی کەم دەیفرۆشن، ورگیان لە ئاگر داخنن؛ خودا لە رۆژی سەڵادا نایان دوێنێ و گونایان پاک ناکاتەوە و بەشیان ئازاری بەژانە. (١٧٥) ئەو کەسانە ڕێگەی ڕاسیان بە گومڕایی و بەخشینی خوایان بە جزیا گۆڕیگەسەو، دەبێ چەندە لەسەر ئاگر خۆڕاگرن؟ ! (١٧٦) ئەو[ ئازارەش [ بۆ ئەوەیە کە خوا بە حەق ئەم کتێبەی ھەناردگە. ئەوانەش وا لەسەر باسی ئەم کتێبە کێشە دەکەن، گێرەوکێشەی دوور و درێژیان تووش دەبێ. (١٧٧) کاری چاک ھەر ئەوە نییە ڕوو دە ڕۆژھەڵاتێ بکەن یان ڕۆژاوا. چاک ئەمەیە باوەڕیتان بە خوا و ڕۆژی سەڵایە و فرشتان و کتێب و پێغەمبەرانی خودا ھەبێ و لەو سامانەی – ھەرچەند زۆریشوو خۆش دەوێ – بەشێ بدەن بە خزمان و ھەتیوان و ھەژاران و ڕێونگان و پارسەکان و عەبدانی پێ بکڕنەوە و نوێژ بکەن و زەکات بدەن؛ ھەرگاش پەیمانێک دەبەستن نەیشکێنن؛ لە نەداری گرفتاری و تەنگانەدا خۆڕاگر بن. مرۆی بەڕاستی ئەوانەن و دیارە لە خودا دەترسن. (١٧٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەمەڕ ئەوانەی کوژراون تۆڵەمان بۆ بڕیار داون: ڕزگار لە تۆڵەی ڕزگار و کۆیلە لە تۆڵەی کۆیلەدا و مێوینە لە بری مێوینە؛ ھەرکێش لە برای ھاودینی خۆی دەس لە خوێنگری ھەڵگرێ، ئەبێ بە پێی دابی ڕۆژ بجووڵێتەوە و بە خۆشی خۆی مەسڵەت بکا. ئەم بڕیارە لە پەروەرندەی ئێوەڕا سووک بارییە و بەزەیە دەرھەق بە ئێوە، ھەرکێ لەمە خۆ ببوێرێ، بەشی جەزرەبەی بەژانە. (١٧٩) ئەی خاوەن دڵانی وشیار! ژیانوو بە تۆڵەوە بەندە؛ بەشکوو خۆتان بپارێزن. (١٨٠) بۆو نووسراوە: ھەرگا کەسێک لەنگۆ ھاتە سەر مردن و ماڵێکی لە پاش دەمێنێ، بە تەرزێکی خوداپەسند وەسیەت بکا کە باب و دایک و خزمانی، ھەر کەسێ بەشی خۆی پێ بگا. پارێزگاران پێویستە ئەم کارە بکەن. (١٨١) ئیتر ھەر کەس پاش بیستنی وەسیەتەکە دەسکاری بکا و بیگۆڕێ، ئەو کەسانەی کە دەیگۆڕن، تاوانبارن. خودا بیسەر و زانایە. (١٨٢) ھەرگا کەسێ ھەستی پێکرد کە وەسیەتکار لەو وەسیەتەی کردوویەتی ناھەق بووە و خۆی تووشی گوناھ کردووە، تێبکۆشێ میراتگرانی پێک بێنێ، گوناح نییە. خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٨٣) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! بۆو نووسراوە: ڕۆژوو بگرن – ھەر وەک لەسەر پێشینەکانیشوو نووسرا – شایەت لە خودا بترسن. (١٨٤) چەند ڕۆژێکن [نە زۆر زێدە]، ھەرکێ لەنگۆ لەش بەبارە یان ڕێبوارە با چەند ڕۆژی تر پێ ببێ. ئەو کەسانەش وا زۆر بە سەختی ڕۆژوویان پێ ئەگیرێ، بەجێ ڕۆژوو «فیدیە» یان لەسەرە و دەبێ خۆراکی ھەژارێک بدەن. ئەر کەسێکیش خۆی حەز بکا خۆراکی زۆرتر ببەخشێ، بۆی باشترە. گەر ئێوە بتانزانیبا بەڕۆژوو بوون بۆ ئێوە گەلێ چاترە. (١٨٥) مانگی ڕەمەزان مانگێکە قورئان لەودا کل کراوە؛ کە ڕێ بە مەردم نیشان دا و زۆر نیشانەی شارەزایی و ھۆی لێکتر ھەڵوەژاردنی پاک و ناپاکی تێدایە. جا ھەر کەسێ مانگی ڕەمەزان دەبینێ، لەسەریەتی بەڕۆژوو بێ؛ ھەر کەسێکیش لەش بەبارە یان ڕێبوارە، ئەو ژمارە لە ڕۆژانی دیکە پێ بێ. خوا سانایی ئێوەی دەوێ و نایەوێ ئەرکوو گران بێ. ڕۆژەکانی – تەواو – پێ بن و یادی خودا بکەنەوە؛ کە ئەو ڕێگەی نیشان داون و پێویستە شوکرانەی بکەن. (١٨٦) ھەرگایەکی عەبدەکانم لەمەڕ من لە تۆ دەپرسن، من نزیکم؛ ھەر کەس ھانام وەبەر بێنێ، بێ وەرامی ناھێڵمەوە. با ئەوانیش لە فەرمانی من دەرنەچن، بڕوای تەواویان بە من بێ؛ بەشکوو ڕێی ڕاست بەدی بکەن. (١٨٧) سەرجێیی ژنان کردنوو، لە شەوانی ڕەمەزان، بۆتان ڕەوایە؛ ئەوان کەل پەلی ئێوەن و ئێوە پۆشەنی ئەوانن. خودا لەوە ئاگادارە ئێوە بەرێ دەرھەق بە خۆتان غەیان بوون؛ بەو پەژیوان بوونەوەتان عافووی کردن و بەخشیونی. ھەر لە ئێستاوە دەتوانن دەستیان دەگەڵ تێکەڵ کەن و ھەرچی خودا لە چارەتانی نووسیوە شوێنی کەون و بخۆن، وەخۆن تا ئەو دەمەی دەمەو بەیان ھەودای لە ھەودای ڕەش دەناسنەوە. پاشان ڕۆژووتان تەواو کەن ھەتا شەوێ. ھەر وەختێکی لە مزگەوتاندا مات دەبن، تخوون ژنانتان مەکەون. ئەمانە سنووری خودان نەچن تخوونیان بکەون. ئا بەم جۆرە خودا نیشانەکانی خۆی بۆ مەردم ئاشکرا دەکا، شایەتا خۆ بپارێزن. (١٨٨) لە خواردنی ماڵی یەکتر – بە ناڕەوا – دوور کەونەوە؛ مەشی دەن بە کاربەدەستان تا ڕێو ھەبێ بە ناڕەوا ماڵی مەردمی تر بخۆن. بۆ خۆتان ئەمە دەزانن. (١٨٩) دەربارەی مانگ نوێ بوونەوەش لێت دەپرسن. بێژە: بۆ زانینی وەخت و چوونە حەجی مەردم بەھرە دەگەیێنێ. واش چاک نییە لە پشتەوە ناوماڵی خەڵکەوە؛ چاک ئەوەیە بپرینگێنەوە و لە درگاوە بچنە ناو ماڵانەوە. ترسیشوو لە خودا ھەبێ؛ بەشکوو بتوانن ڕزگار بن. (١٩٠) ئێوە دەگەڵ ئەوانەدا کە شەڕ بە ئێوە دەفرۆشن، لە ڕاھی خودا بجەنگن. نابێ دەسدرێژی بکەن؛ خودا لە دەسدرێژی کەران خۆشی نایە. (١٩١) لە ھەر شوێنێ دەستوو کەوتن بیانکوژن. لەو شوێنەشیان وەدەر بنێن کە ئێوەیان لێ وەدەر نا. سۆدرەییش زۆر لە کوشتنێ خراترە. لە دەوروبەری «مسجدالحرام» یشا نابێ شەڕیان دەگەڵ بکەن؛ مەگین ئەوان لەوێ شەڕتان پێ بفرۆشن؛ ئەگەر لەوێش شەڕیان بۆ ئێوە ھەڵگیرساند، لە کوشتنیان ڕامەوەستن؛ پاداشی خوانەناسان ھەر ئەمەیە. (١٩٢) ئەگەر دەس بەرداریشتان بوون، خودا لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە. (١٩٣) لە کوشتنیان وچان مەدەن تا ئاژاوە لە دنیا بنەبڕ دەبێ و دین ھەر دینی خودا دەبێ؛ ئەگەر ئەوان دەسبەردار بوون، دەست درێژی ھەر لە دژی ناھەقە. (١٩٤) مانگی شەڕبەس بەرانبەر بە مانگی شەڕبەس؛ شکاندنی ھەر ڕێزێکیش تۆڵەی ھەیە. سا ھەر کەسێ دەسدرێژی لە ئێوە کرد، ئێوەش ھەر بە ئەندازەی ئەو دەسدرێژی بکەنەوە و لە خودا ترستان ھەبێ؛ خوا دەگەڵ خۆپارێزانە. (١٩٥) ماڵی خۆتان تا دەتوانن لە ڕاھی خودا ببەخشن؛ خۆشتان بە فەتەڕات مەدەن بە دەستی خۆ. چاکە بکەن، خوا ئاکارچاکی خۆش دەوێن. (١٩٦) حەج و عەمرە ھەر بۆ خودا بە تەواوی بەجێ بێنن. ئەگەر ھەر ڕێگەشیان نەدان، ئەوسا چەندی بۆتان دەلوێ ئاژەڵ بکەنە قوربانی. ھەتا ئاژەڵی قوربانی نەگاتە جێی دیاری کراو سەر مەتاشن. کێش لە ئێوە لەش بەبارە یان ئازارێکی لە سەردا، لە بارتەقای بەڕۆژوو بێ یان خێرێک ببەشێتەوە، یان ئاژەڵێک بکاتە خێر ھەر لەوێدا. ھەرکاتیش ترسێکوو نەما، ھەرکێ ویستی بەھرە ببا، لە عەمرە تا کاتی حەجێ، ھەر چەندێکی لە دەستی دێ، حەیوان بکاتە قوربانی. ئەگەر دەستیشی نەڕۆییشت، سێ ڕۆژ لە حەج بەڕۆژوو بێ؛ وەختێ گەڕاشنەوە حەو ڕۆژ؛ کە تێکڕایی دەبێتە دە ڕۆژی تەواو. ئەم بەھرە بردنەش ھەر بۆ کەسێکە خۆی ماڵی لە مەککەدا نەبێ. ئەبێ لە خودا بترسن، خوا لە تۆڵەساندنا توندوتیژە. (١٩٧) ھەڕەتی حەج چەند مانگی دیاری کراون. ھەر کەسێکی لەوانەدا فەرزی حەجێ بەجێ بێنێ، تخوونی ژنان کەوتن و نێوونرتکە لێک ھەڵدان و لە ڕێگەی خودا لادان و قسە بە زۆرانێدان و شەڕ و ھەرا – ببڕای ببڕای – لە حەجدا نین، ھەر کارێکی چاکیش بکەن، خودا دەیزانێ. زەوادی ڕێگەشوو پێ بێ؛ چاکترین تۆشە بۆ ئێوە، خۆ لە گوناح پارازتنە. گەرەک لە من ترسوو ھەبێ ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان! (١٩٨) ئەگەر لە ماوەی حەجیشدا ڕۆزی لە خوا داوا بکەن، ھیچ گوناھوو لەسەر نییە. گەر لە «عرفات» داگەڕان، لە پەنا «مشعرالحرام» یادی ناوی خودا بکەن؛ کە دوای ئەوەی ھیچ شارەزاییتان نەبوو، خستنیە سەر ڕاستەڕێیە. (١٩٩) لە ھەر کوێشدا خەڵک داگەڕان، ئێوەش لەوێ داگەڕێن و لە خودا بپاڕێنەوە بتانبەخشێ؛ خودا لە تاوان دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢٠٠) ھەرگا ئێوە ڕێوشوێنی پێداویستوو بەجێ ھێنا، وەک یادی باب و باپیری خۆتان دەکەن – ھەر ئاواو لەوە پتریش – یاد لە خودا بکەنەوە. لەو خەڵکەدا ئی وا ھەیە ھەر دەڵێ: پەروەرندەمان! لە دنیا کامڕەوامان کە. ئەوانە لە ڕۆژی سەڵا بەشیان نییە. (٢٠١) ئی واش ھەیە ئێژێ: ئەی پەروەرندەمان! ھەم لە دنیا و ھەم لە سەڵا تووشی خێر و خۆشیمان کە و لە ئازاری ئاگریش بمانپارێزە. (٢٠٢) جا ئەوان بە پێی کردەیان بەشیان دەبێ. خوا بە پەلە بە کاروباران ڕادەگا. (٢٠٣) لە ڕۆژانی دیاری کراو ناوی خوداو لە بیر نەچێ، ھەر کەس دوو ڕۆژی پێش بخا گوناھێکی نایەتە سەر. ھەر کەسێکیش خۆپارێزە و ترسی خودای لە دڵدایە – ئەگەر ھێندێکیش دوا کەوت – گوناھێکی لەسەر نییە. بیشیزانن کە ھەمووتان لای خواوە خڕ دەکرێنەوە. (٢٠٤) لەم خەڵکەدا ئی وا ھەیە قسە و گفتی سەبارەت بە ژیانی دنیا بۆ تۆ سەیر و سەرسووڕێنە و لەسەر ئەوەی لە دڵیایە خوا بە شایەت دێنێتەوە؛ کەچی ھەر ئەو لە دوژمناتی کردنا زۆر سەرسەختە. (٢٠٥) ھەر کە لە تۆ دوور کەوتەوە، مل لە بەدفەڕی دەنێت و لە عەرزا خراپە دەکا و کێڵگە و ڕەسەن لە بەین ئەبا. خودا ھەرگیز لە بەدفەڕان خۆشی نایە. (٢٠٦) کە پێی وترا: ئەشێ ترست ھەبێ لە خوا، دەمارزلی پتر بەرەو گوناھ دەیبا. با جەھەندەمی لێ پڕ بێ، جێ حەسانەوەیەکی زۆر خراپیشە. (٢٠٧) ھی واش لە ناو مەردم ھەیە بۆ ڕەزای خوا گیان دەبەخشن. خودا دەگەڵ عەبدانی خۆی دلۆڤانە. (٢٠٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ھەموو لاتان ئامادەی فەرمانبەری بن. پێ مەنێنە جێ پای شەیتان؛ ئاشکراھ کە شەیتان پێتان دوژمنە. (٢٠٩) پاش ئەوەی ئەو بەڵگە ئاشکرایانەتان بۆ ھاتووە، ئەگەر بێتوو ھەڵخلیسکێن، دەبێ ئەوەندە بزانن کە خوا توانا و لەکارزانە. (٢١٠) ئاخۆ ئەوان چاوەنۆڕن خوا و فریشتەکانی خودا لە ناو سەیوانی ھەوراندا بێنە لایان و کارەکە کۆتایی پێ بێت؟ ھەموو کارێک ھەر بەرەو خودا دێتەوە. (٢١١) لە بەرەی ئیسرائیل بپرسە! چەند نیشانەی ئاشکرامان داوە بەوان؟ ھەر کەس چاکەی دەگەڵ بکەین و پێ نەزانێ، با بزانێ خوا لە سزای پێ نەزانان توندوتیژە. (٢١٢) ژینی دنیا بۆ ئەوانەی خوانەناسن خەمڵیوە و ڕازاوەتەوە و گەمەی خۆیان بە خاوەن باوەڕان دەکەن؛ کەچی لە خودا ترسەکان ڕۆژی سەڵا وان لە سەری ئەوانەوە. خودا بۆ هەر کەسێ حەز کا، بێ ژمارە ڕۆزی دەنێرێ. (٢١٣) بەرێ، مەردم هەمووی چین و بەرەیەک بوون. خودا پێغەمبەری ناردن مژدەدەر و ترسێنەر بن، کتێبی ڕاست و ڕەواشی ڕەگەڵ خستن تا ئەو شتەی بوونە بنەمای کێشەیان، بۆیان یەکاڵا کەنەوە و پێکیان بێنن. هەر ئەوانەش بۆ یەکتریان نەدەسەلماند کە دەپێشدا کتێب بۆ ئەوان هاتبوو، بەڵگەی ئاشکراشیان لابوو؛ بەڵام ئێرەیی ناو خۆیان کارێکی وای کرد، پێک نەیەن. ئیتر خودا بە ئیزنی خۆی ڕێگەی ڕاستی نیشانی باوەڕداران دا و تێی گەیاندن ئەو کێشە لەبەرچی کرا. خودا بۆ هەر کەس حەز بکا شارەزای ڕاستەڕێی دەکا. (٢١٤) ئاخۆ ئێوە لاتان وایە[ بە هاسانی ] دەچنە بەهەشت؟ کەچی هێشتا ئەوەی بە سەر پێشینانتانا هاتووە، بە سەر ئێوا نەهاتووە. ئەوان تووشی گەلێ تەنگانە و ئازار و نەداری و چەوسانەوە بوون؛ زۆر بە توندی تەکان دران، تەنانەت پێغەمبەریش و یارانی باوەڕداریشی دەیانگوت کە: کەی خودا دەهانامان دێ؟ تۆ بزانە کە یاریدەی خوا نزیکە. (٢١٥) لێت دەپرسن: چێ ببەخشن؟ پییان بێژە: هەر شتی چاک کە دەیبەخشن بیدەن بە دای و بابان و خزمانی نزیکتان و هەتیوان و هەژاران و ئەوانەی لە ڕێدا ماون. هەر چاکەیێ ئێوە بیکەن، دیارە خودا پێ دەزانێ. (٢١٦) خەزاتان لە سەر نووسراوە، هەرچەندە خۆشتان لێی نایە. ڕەنگە لە شتێک حەز نەکەن بەڵام بۆتان وەخێر گەڕێ، ڕەنگیش هەیە ئاوات بۆ شتێ وا بخوازن کە ئاکامەکەی باش نەبێ؛ خوا دەزانێ و ئێوە سەری لێ دەرناکەن. (٢١٧) لێت دەپرسن: تووشی شەڕ بوون لە مانگی شەڕبەسا چۆنە؟ بێژە: شەڕ لە هەیڤی وادا گوناهێکی زۆر گەورەیە و ڕێگەی بەرەو خوا بەستن و حاشا لە خودا کردن و ماڵی خوا بەڕێز نەگرتن، لێ وەدەرنانی خەڵکەکەی – لە لای خودا – تاوانی هەرە مەزنە؛ ئاژاوەش بۆ شەڕ نانەوە لە کوشتنێ خراپترە. ئەوان دەستوو لێ بەرنادەن، هەر دەگەڵ ئێوە بەشەڕ دێن هەتا – ئەگەر بۆیان بلوێ – ئێوە لە دینەکەی خۆتان وەربگێڕن. هەر کەسیش لە دین وەرگەڕێ و بە خودانەناسی بمرێ، ڕەنج خەساری دنیاش و قیامەتیش دەبن و دەکەونە ناو دۆزەقەوە و تاهەتا هەر تیا دەبن. (٢١٨) ئەوانەی لە ڕێگەی خودا دەربەدەرن و باوەڕیان بە خودا هەیە و لە ڕای خودا چوونە خەزا، بە هومێدن خوا بە چاکە وەیان خوێنێ، خودا لەوانە دەبوورێ و دلۆڤانە. (٢١٩) لەمەڕ شەراب و قوماریش لێت دەپرسن؛ بێژە: تاوانیان گەورەیە و بۆ خەڵکیش بەهرەیان هەیە؛ تاوانەکە لە بەهرەکەیان زۆرترە. پرسی ئەوەشت پێدەکەن، چی لە ڕێی خوادا بەخت کەن؟ بێژە: زێدە لە پێویستوو. ئا بەم جۆرە خوا نیشانەکانی خۆیتان نیشان دەدا، شایەت ئێوە بتوانن بیر بکەنەوە؛ (٢٢٠) هەم لە دنیا و هەم لە سەڵا. لێت دەپرسن: دەربارەی هەتیوان چۆن بین؟ بێژە: ئەگەر بە دڵسۆزی ئاگاو لێ بن کاری چاکە. ئەگەر دەگەڵ ئێوە دەژین، وەک برا و خوشکی خۆتان بن. خوا دەزانێ کێ بەدفەڕە و کێ کارچاکە؛ ئەگەر خودا مەیلی لێ با ئەرکی لێ گران دەکردن؛ خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢٢١) خواستن و شوو پێ کردنی بتپەرستان بۆ مێر و ژنی باوەڕدار ڕەوا نییە، با زۆریشیان حەز لێ بکەن؛ هەتا نەبنە خاوەن باوەڕ ناشێ بیانکەنە هاوسەرتان. کەنیز و بەندەی باوەڕدار بۆ هاوجووتی، لە مێر و ژنی ئازادی خودانەناس هێژاترن. ئەوان گەرەکیانە ئێوە بەرەو جەهەندەم ڕاکێشن؛ خواش گەرەکیە بە ئیزنی خۆی لە گوناهانتان ببوورێ و بتانگەیێنێتە بەهەشت. خودا ئەم نیشانانەی خۆی بۆ مەردم ڕوون دەکاتەوە. (٢٢٢) لە مەڕ عوزری ژنانەوەش لێت دەپرسن، بێژە: ئەویش ئازارێکە؛ ئەو چەند ڕۆژەی خوێنیان هەیە، سەر جێیی ژنانوو مەکەن؛ ڕاوەستن تا پاک دەبنەوە. هەرگا لە خوێن پا بوونەوە، لەو جێیەوە کە خوا فەرمانی پێداون بۆیان وەرن. خوا لەو کەسانە خۆشی دێ کە لە گوناح پەژیوانن و دەیانەوێ بە پاک و خاوێنی بژین. (٢٢٣) ژنانوو کێڵگەی خۆتانن؛ لە هەر کوێوە دەتانەوێ، بچنە کێڵگەی خۆتانەوە؛ تۆشەیەکیش وەپێش خۆ خەن. دەبێ لە خوداش بترسن، بیشیزانن دەگەڵ خوا ڕووبەڕوو دەبن. مژدەش بدە بەوانەی خاوەن باوەڕن. (٢٢٤) خودای مەکەن بە کەرستەی سوێندی خۆتان؛ کە ڕێگەی چاکەو لێ ببڕێ و پارێزگاریو پێ نەهێڵێ و بە کاری مەردم ڕانەگەن؛ خودا ئەژنەوێ و زانایە. (٢٢٥) خوا بۆ سوێندی سەرزارەکی گوناهوو لەسەر نانووسێ؛ بەڵام ئەگەر لە تەهی دڵتانەوە بێ، خودا لێو دەپرسێتەوە. خودا لە هەڵە دەبوورێ و لەسەرخۆیە. (٢٢٦) ئەو کەسانەی سوێندێ لە ژنەکانیان دەخۆن کە ئیتر دەگەڵیان نەنوون، دەبێ چوار مانگ چاوەنۆڕ بن؛ ئەگەر گەڕاشنەوە لایان، ئەوسا خودا گوناهـ بەخش و دلۆڤانە. (٢٢٧) ئەگەر هەر لەسەر تەڵاقیش بڕیاریان دا، ئەوسا خودا دەبیسێ و ئاگاداریشە. (٢٢٨) تەڵاق دریا و لەسەریانە هەتا سێ جار لە بێ نوێژی پاک دەبنەوە چاوەنۆڕ بن. ئەگەر بڕوایان بە خودا و ڕۆژی هەستانەوە هەیە، ڕەوا نییە ئەو تۆلەی خوا خستوویەتە زگیانەوە بیشارنەوە. لەم بەینەدا ئەگەر بیانەوێ ڕێک کەون، بۆ دیسان هێنانەوەیان، مێردەکانیان شیاوترن. هەروەک ئەرکی ژنانەیان لەسەر شانە، ژنەکانیش مافی ڕەوای خۆیان هەیە. پیاویش لە ژنان پلەیەک بەرە ژوورترن، خوداش خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢٢٩) تەڵاقی ژن دوو کەڕەتە، ئەوسا یان ڕاگرتنی باش و خوداپەسند، یان بە خۆشی و بێ هەرا، دەس لێک بەردانە. لەو ماڵەی کە پێتان داون ڕەوا نییە هیچیان لێ وەربگرنەوە؛ مەگین ترسیان لەوە هەبێ کە نەتوانن سنووری فەرمانی خودا بپارێزن. ئەگەر ترستان لەوە هەبوو کە هەردووکیان سنووری خودا ناپارێزن، هیچ گوناهی تێدا نییە ژنەکە خۆی بکڕێتەوە. ئەمانەن سنووری خودا، لە سنووری خودا دەرمەچن؛ ئەو کەسانەی لە سنووری خودا دەردەچن ئەوانەن کە غەدرێ دەکەن. (٢٣٠) ئەگەر لە پاش ئەم دوو جارەش تەڵاقی دا، ژنەکەی بۆحەڵال نییە تا ژنەکە دەچێ مێردێکی تر دەکا؛ ئەگەر لەو مێردەی کردووشیە تەڵاق درا، ئەوساکە هیچ گوناهێکیان لەسەر نییە دووبارە بگەڕێنەوە بۆ لای یەکتر؛ بەو مەرجە کە وابزانن هەر دووکیان بە تەرزێ ڕەوا - وەک خودا فەرمانی داوە - وێک هەڵدەکەن. ئەمانە سنووری خودان، ڕوونیان دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانە وا حاڵی دەبن. (٢٣١) ئەگەر ژنوو تەڵاق دان و ماوەی چاوەنۆڕیەکەیان بڕوایە، یان بە تەرزێ خوداپەسند ڕایانگرن، یان بەرانبەر بە یاسای دین ئازادیان کەن. نەکا بە قەس ئازاردانیان، ڕایانگرن و لە هەق لادەن. هەر کەسێ وا ڕەفتار بکا ناهەقی لە خۆی کردووە. ئەوانە نیشانەی خودان، ناشێ بە گەمەی بزانن. با لە بیروو بێ کە خودا چەندی چاکە دەگەڵ کردن. لە بیر مەکەن خوا ئەو کتێبەی بۆ ناردوون کە لەوێدا لە کارزانی سەرڕاست دەبن و بەو ئامۆژگاریتان دەکا. ئەشێ بترسن لە خودا و باش بزانن خودا هەموو شت دەزانێ. (٢٣٢) هەرگا ژنانتان تەڵاق دا و کاتی حەیەیان بەسەر چوو - ئەگەر بە تەرزێکی ڕەوا وەل ئاوجووتی پێشوویانا ڕێک کەوتن - ئێوە مەبنە بەرهەڵستی شوو کردنیان. کێ لە ئێوە بڕوای بە خوا و ڕۆژی قیامەتێ هەبێ، ئەم ئامۆژگاریە پێک دێنێ؛ ئەمە بە سوودی ئێوەیە و بەهرەی بۆ پاکیتان هەیە. خوا دەیزانێ و ئێوە سەری لێ دەرناکەن. (٢٣٣) دایکان دەبێ بە منداڵیان دوو ساڵی ڕەبەق شیر بدەن. بۆ کەسێکی کە بییەوێ بە تەواوی شیرێ بدا، لەم ماوەدا جلک و بژیوی دایکەکە - لەسەر دابی موسوڵمانانی ئەو شوێنە - لەسەر باوکە. کەسیش لە توانا بەدەری لەسەر نییە. هیچ دایک و بابێ نابێ لەبەر ساوایان زیان بە یەکتر بگەینن. ئەگەر منداڵ بابی نەبوو، میراتگران لەسەریانە جلک و بژیوی دایکەکەی فەراهەم کەن. جا ئەگەر داک و باب بە خۆشی و ڕاوێژ ویستیان[ زووتر] منداڵ لە شیر ببڕنەوە، هیچ گوناهێکیان ناگاتێ. خۆ ئەگەر گەرەکیشتان بێ کەسێکی تر شیر بداتە منداڵانتان - بەو مەرجە بە پێ دابی ڕۆژ، کرێی تەواوی بدەنێ - هیچ گوناهتان نایەتە سەر. دەبێ لە خوداش ترسوو بێ. ئەوەندەش دەبێ بزانن هەر کارێکی ئێوە دەیکەن، خودا دەیبینێ. (٢٣٤) ئەوانەی لێتان دەمرن و ژنیان لێ بەجێ دەمێنێ، ژنەکانیان هەتا چوار مانگ و دە ڕۆژان چاوەنۆڕ بن؛ لەوە بەولا خۆیان هەر کارێکی دەیکەن - هەر هێندە ناڕەوا نەبێ - بێڵن بیکەن؛ ئێوە گوناحتان ناگاتێ؛ خوداش لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٢٣٥) هیچ گوناهیشتان ناگاتێ کە خواستنی ژنەکانی شوو مردووتان ئارەزوو بێ و ناڕاستەوخۆ پێیان بێژن، یان هەر لە دڵی خۆتاندا بڕیار بدەن دەیانخوازن خوا دەزانێ کە باسیان هەر ئەدرکێنن. بەڵام نەکەن بە نهێنی بچنە ژووانێ؛ مەگین لەوێش خواپەسندانە بیان دوێنن. تا ماوەکە بەسەر نەچێ باسی مارە کردن مەکەن. دەبێ ئەوەندەش بزانن خوا دەزانێ ئێوە چیتان لە دڵدایە؛ لێی بترسن و بیشیزانن خودا لە گوناهـ دەبوورێ و لەسەرخۆیە. (٢٣٦) ئەگەر ژنوو تەڵاق دەدەن، بەر لەوە دەگەڵیان بنوون و مارەییتان هێشتا بۆ دیاری نەکردوون، چییان ناکەوێ و ئێوە گوناهتان ناگاتێ. بەڵام وا چاکە شتێکیان لە ماڵی خۆتان بدەنێ؛ دارا لە ئەندازەی خۆی و هەژاریش بە ئەندازەی خۆی؛ وا چاکە بۆ چاکەکاران. (٢٣٧) خۆ ئەگەر مارەییەکەتان بڕیبۆوە و هێشتا دەگەڵیان نەخەوتوون، تەڵاقتان دان، نیوەی مارەییان دەکەوێ، مەگین خۆیان پێو ببەخشن یان ئەو کەسە پێو ببەخشێ کە مارەبڕین بە دەست ئەوە؛ پێ بەخشینیش لە ئاکاری پارێزگاری نزیکترە. لە بیر مەکەن چاکە دەگەڵ یەکتر بکەن، خودا لە هەر کارێ دەیکەن چاوەدێرە. (٢٣٨) لە نوێژان و بەتایبەتی ئەو نوێژەی لە نێواندایە، ئاگادار بن؛ ئەشێ بۆ فەرمانی خودا ڕابووەستن. (٢٣٩) ئەگەر ترسێکوو لەسەر بوو - بە پیادەیی یان بە سواری - هەرگا ترسیشوو بەسەر چوو - چۆنی خودا فێری کردوون - یادی بکەن کە لە پێشدا نەودەزانی. (٢٤٠) ئەوانەی لەنگۆ دەمرن و ژنەکانیان بەجێ دێڵن، ڕابسپێرن: هەتا ساڵێک مایەی گوزەرانەکەی دابین بکەن و دەری نەکەن؛ ئەگەر هەر بە خواستی خۆیان چوونە دەرێ - بۆ کارێکی خوداپەسند - ئێوە گوناهتان ناگاتێ. خودا خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٢٤١) ژنانێ کە تەڵاق ئەدرێن، بەشی ڕەوای خۆیان هەیە؛ کە پێک هێنانی ئەم کارە، بڕیارە بۆ خوداترسان. (٢٤٢) هەر بەو پێیەش خودا نیشانەکانی خۆی بۆ ئێوە ڕوون دەکاتەوە؛ شایەتا ئێوە تێبگەن. (٢٤٣) ئەدی تۆ ئەوانەت نەدی بە هەزاران لەو کەسانەی ترسی مردن وای لێکردن زێدی خۆیان بەجێ بێڵن؟ خوا فەرمانی پێدان: بمرن! لە پاشان زیندووی کردنەوە. خودا سەبارەت بە مەردم چاکە دەکا، بەڵام بەشی زۆری مەردم لە شوکرانە خۆ دەبوێرن. (٢٤٤) لە ڕای خودا بچنە خەزا و بزانن کە خوا بیسەر و ئاگادارە. (٢٤٥) کێ ماڵی خۆی بە دەستەواو دەدا بە خوا، هەتا ئەویش چەند ئەوەندەی بداتەوە؟ کەم بژیوی و فەرحانیش هەر بە دەس ئەوە و هەمووش هەر دێنەوە لای ئەو. (٢٤٦) نەت زانیوە چەند کەس لە نەجیم زادەکان - کە تۆرەمەی ئیسرائیل بوون - لە پاش مووسا، بە پێغەمبەرەکەی خۆیان وت: شایەکمان بۆ دیاری بکە تا لە ڕای خوا خەزا بکەین. گوتی: ئەگەر فەرمانی خەزاو بۆ دەرچی، پێو وانییە خۆ دەبوێرن؟ گوتیان: جا چۆن لە خەزایە- لە ڕای خوا بێ- خۆ دەبوێرین، کە دەشبینی ئێمەیان لە زێدی خۆمان وەدەرناوە و لە عەولادی خۆمانیان دوور خستووینەوە؟ کە بڕیاریان بۆ دەرکەوت بچنە خەزا، پشتیان تێکرد و ڕایان کرد؛ هەر کەمێکیان مابوونەوە. خوا ناهەقان باش دەناسێ. (٢٤٧) پێغەمبەریان پێانی وت: خودا بۆ پاشایەتیتان تالووتی دیاری کردووە. گوتیان: کوا ئەو شایانی ئەم فەرمانەیە؟ کە ئێمە زۆر لەو شیاوتر و بە داراییش زێدەترین. گوتی: خودا ئەوی لەسەر کردوونەتە فەرماندە؛ زانست و قەڵافەتیشی لە ئێوە پتر پێداوە. خوا حەز بکا پاشایەتی بە هەر کەسێ بدا دەیدا؛ زانستی خوا بەربڵاوە و لە هەموو شت ئاگادارە. (٢٤٨) پێغەمبەرەکەیان وتی: درۆشمی پاشایەتی ئەو لەلایەن پەروەرندەوڕا، تابووتێکە دڵنیا بوونی تێدایە؛ دەگەڵ هێندێک کەلەپۆڕی خانەدانی مووسا و هاروون، فریشتە هەڵیان گرتووە. ئەمە بەڵگەیە بۆ ئێوە ئەگەر بڕواو بە خوا هەیە. (٢٤٩) وەختێ تالووت لەشکەرەکەی خستە سەر ڕێ، گوتی: خودا بە جۆبارێک گەرەکیە تاقیو کاتەوە، هەر کەسێ لێی بخواتەوە لە من نییە؛ هەرکێش چی لێ نەخواتەوە سەر بە منە؛ مەگین کەسێ هەر بە لاوێچ لێی هەڵێنجێ. کەمێک نەبێ هەموویان لێیان خواردەوە. ئەوسا خۆی و باوەڕدارانی یارانی لە جۆیەکە پەڕینەوە. گوتیان: ئەمڕۆ لە وزەی ئێمەدا نییە کە دەروەستی جالووت و لەشکرەکەی بێین. ئەو کەسانەی بە هیوا بوون بە دیداری خودا بگەن، گوتیان زۆر جار کۆمەڵێ کەم - بە ئیزنی خوا - بە سەر کۆمەڵێکی زۆردا وەسەر کەوتوون. خوا یاری خۆڕاگرانە. (٢٥٠) لە کاتێکا دەگەڵ جالووت و لەشکری تووشی یەک بوون، گوتیان: ئەی پەروەرندەمان! وابکە خۆڕاگر بین و لە مەیدانێدا بچەقین و لە کەسانی خوانەناس وەسەرمان بخە. (٢٥١) ئیتر - مەیلی خودای لە سەر - دوژمنەکانیان ڕەتاند و جالووت بە دەستی داوود چوو. خودا پاشایەتی و لەکارزانی پێدا و هەرچی بۆ خۆی پێویستی پێ بوو، فێری کرد. ئەگەر خودا هێندێکانی لەو ئاپۆرە بە هێندێکان تەرت و توونا کردایە، ئەم زەمینە خرا ببوو؛ بەڵام خودا چاکەی لەسەر هەموو خەڵکی دنیا هەیە. (٢٥٢) ئەمانە نیشانەی خودان کە بەڕاستی هەر بۆ تۆی دەخوێنینەوە، کە بێ گومان یەکێک لە پێغەمبەرانی. (٢٥٣) ئێمە لە ناو پێغەمبەرانی خۆماندا هێندێکیانمان لە هێندێکان بەڕێزتر گرت؛ جا لەواندا ئی وا هەبووە کە خوا ئەوی دواندووە؛ پلەوپایەی بڕێکیشی بردۆتە سەر. چەند نیشانەن دا بە عیسای کوڕی مەریەم؛ بە گیانی پیرۆزی خۆشمان یاریدەن دا. ئەم خەڵکانە لە دوای ئەمەی ئەو گش پێغەمبەرە هاتن، سەرەڕای ئەو نیشانانەی بۆ ئەوان هات - ئەگەر خودا مەیلی لێ با - شەڕی یەکتریان نەدەکرد؛ بەڵام ئەوان لە ناو خۆدا پێک نەهاتن؛ بازێک بوونە خاوەن باوەڕ، بازێکی تر کەوتنە سەر بار خوانەناسی. ئەگەر خوا مەیلی لێ با، نەیدەهێشت دەگژ یەک ڕاچن؛ بەڵام خودا بە خواستی خۆی کاران دەکا. (٢٥٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو بژیوەی کە پێم داون بەخت بکەن، پێش ئەوەی ڕۆژەکە دابێ؛ کە ئەو ڕۆژە نە سەودا کردن دەمێنێ و نە تکا و نە دۆستایەتی؛ خوانەناسان ناهەقی لە خۆیان دەکەن. (٢٥٥) غەیرەز خودا هیچ شت بۆ پەرستن ناشێ. هەر ئەو هەمیشە زیندووە و بەسەر هەموو شت ڕادەگا. نە خەونووچکە دەیباتەوە نە ڕادەزێ. هەرچی هەبێ لە ئاسمانان و زەمیندا هەر بۆ ئەوە. کێی وا هەیە هەتا - بۆ خۆی ئیزنی نەدا - بتوانێ تکای لا بکا؟ لەوەی ئێستا هەیە و دیارە، لەوەش پێش ئەمانیش بووگە و بەرپێوارە، ئاگادارە. ناشتوانن بە هیچێک لە زانستی ڕاگەن؛ جا مەگین خۆی مەیلی لێ بێ. زانستی ئەو، عاسمانەکان و زەمینی داگرتووە و پاراستنیان بۆ ئەو ئەرکێ گران نییە. هەرە پایەبەرز و مەزن، هەر خۆیەتی. (٢٥٦) لەم دینەدا بە زۆر داسەپاندن نییە. شارەزایی لە گومڕایی هاوێر کرا. هەرکێ لە تاغووت نەبانە و بڕوای بە خودا بهێنێ، هەنگڵێکی هێندە توندی بە دەستەوە، هەرگیز پسانی بۆ نییە. خوداش بیسەر و زانایە. (٢٥٧) خودا یاری گەلی خاوەن باوەڕانە و لە ناو تاریکستانەوە دەیانبا بەرەو ڕووناکی. دۆستی خودانەناسانیش هەر تاغووتە؛ لە ڕۆشنی دەریان دەخەن؛ بەرەو ڕووی تاریکستانیان بەڕێ دەکەن. دەبێ بچنە ناو ئاگر و هەتا سەر هەر دەوێدا بن. (٢٥٨) تۆ ئەو کابرایەت نەدیبوو کە چۆن خودا هێز و دەستەڵاتی پێ دا، جوابەجەنگی دەگەڵ ئیبراهیمدا دەکرد، سەبارەت بە پەروەرندەی؟ ئەو دەمە ئیبراهیم گوتی: پەروەرندەی من کەسێکە ژینێ دەدا و دەشمرێنێ. گوتی: منیش زیندوو دێڵمەوە و دەمرێنم. ئیبراهیم وات: پەروەرندەم خۆر لە خۆرهەڵات ڕادێنی، [دادەی] ئەتۆ لە خۆرنشینەوەی بێنە. کاورای خوانەناس حەپەسا. خوا دەستەی ناهەقییکاران لە ڕێگە شارەزا ناکا. (٢٥٩) یان ئەو کەسەی بە لای گوندێکا ڕادەبرد کە بە سەریەکدا تەپیبوو. گوتی: کەی خودا دەتوانێ ئەمە زیندوو بکاتەوە پاش مردنێ؟ ئەوسا خودا بۆ ماوەی سەد ساڵ مراندی و لە پاشان زیندووی کردەوە. لێی پرسی: تۆ چەندت پێ چوو؟ گوتی: ڕۆژێک یا خۆ کەمتریش لە ڕۆژێک. گوتی: نەخێر، ئەوا تۆ سەد ساڵە مردووی؛ دەبڕوانە خواردەمەنی و خواردنەوەت نەگۆڕاوە؛ تماشای کەرەکەشت کە! گەرەکمانە بتکەینە پەندێک بۆ مەردم. لەم ئێسقانانە بڕوانە چلۆن تێکیان دەخەینەوە و دەناو گۆشتیان هەڵدەکێشین. کاتێ ئەمەی بۆ دەرکەوت، گوتی: وا ئێستا دەزانم خوا هەموو کاری پێدەکرێ. (٢٦٠) ئەوساش کە ئیبراهیم گوتی: پەروەرندەم! ئەتۆ مریان چلۆن زیندوو دەکەیتەوە؟ نیشانم دە. گوتی: ئاخۆ تۆ هێشتا باوەڕت نییە؟! گوتی: بەڵێ، بەڵام من گەرەکمە ئیتر بە تەواوی دڵنیا بم. گوتی: دەسا چوار مەل بگرە و پەل پەلیان کە و بیانکە چوار کوت؛ هەر کوتێکیان بە سەر کەژێکەوە دانێ و بانگیان بکە، بە فڕکە دێنەوە بۆ لات. بشزانە خوا چەندە خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە. (٢٦١) بەسەرهاتی ئەو کەسانەی ماڵیان لە ڕاهی خودادا بەخت دەکەن، وەک بەسەرهاتی دەنکێکە حەوت گوڵ دەدا و هەر گوڵەی سەد دانەی تێدا. خودا چەند ئەوەندە پاداش دەدا بە هەر کەس بییەوێ. خودا چاکەی یەکجار زۆرە و زۆر زانایە. (٢٦٢) ئەو کەسانەی ماڵ لە ڕای خوا دەبەخشن و بە چاویاندا نادەنەوە و تووشی ئازارێکیان ناکەن، خوا تێی هەڵدێنێتەوە و نە هیچ ترسێکیان لەسەرە و نە خەم دەخۆن. (٢٦٣) دواندنی نەرمونیان و چاو لێ پۆشین، لەو خێر کردنە چاکترە کە ئازاری بە شوێنا بێ. خودا ئاتاجی کەس نییە و [لە کاردا] بە کاوەخۆیە. (٢٦٤) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! خێرەکانوو بە منەت لە سەر کردن و ئازاردان، بەفیڕۆ مەدەن. نەچن وەک ئەو کەسانە بن کە باوەڕیان بە خوا و ڕۆژی سەڵا نییە و بۆ ڕووبینی لە ماڵی خۆیان دەبەخشن؛ ئەم کارەیان لەوە دەکا کە تاتەبەردێکی زۆر لووس هێندێ خۆڵی لە سەر بارە و بارانی توندی وێ دەکەوێ و بیشواتەوە و هەر تاتێکی ڕووت وەمێنێ. هیچ بەهرەیان لەو بەخشینە دەسگیر نابێ و خودا گرۆی خوانەناسان لە ڕێگە شارەزا ناکا. (٢٦٥) ئەو کەسانەش کە لە چاکە دەگەڵ هەژاران کردن دا، بە هومێدن خودا لە خۆ ڕازی کەن و دڵیان بەبڕوا پتەو بێ، خێرەکەیان وەک باغێکە لە سەر گردێک و بارانی پەڵەی لێ بدا و بەروبووی دوو ئەوەندە بێ؛ ئەگەر پەڵەشی لێ نەدا، نمە باران تێراوی کا. هەر کارێ کە ئێوە دەیکەن خوا دەیبینێ. (٢٦٦) کێو حەز دەکا ببێتە خاوەنی باغێک لە گش جۆرە خورما و ڕەزێک، شەقەجۆی بە ناودا بڕوا و هەمووشیان هاتبنە بەروپیریش بڕستی بڕیبێ و زارۆی سەروپێچکەی هەبن؛ لە ناخافڵ گڕەبایەکی لێ هەڵکا و بیسووتێنێ؟ خودا ئاوا نیشانەکانی نیشانی ئێوە دەدا، شایەت بیری لێ بکەنەوە. (٢٦٧) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! لەو شتانەی کە لە زەمین پێمان داون و پەیدای دەکەن، بەخت بکەن؛ نەک لە شتێ هێندە چرووک کە بۆخۆشتان ئەگەر چاوپۆشی لێ نەکەن، ناتانەوێ. بیشیزانن خودا ئاتاجی کەس نییە و هەر دەبێ تاریفی بکرێ. (٢٦٨) شەیتان ئێوە لە نەداری دەترسێنێ و بۆ خراپە هانوو دەدا. خواش بەڵێنی لێ خۆش بوون و خۆشی ژیانوو پێ دەدا. فەرحانی وا لای خودایە و خۆی زانایە. (٢٦٩) لەکارزانی دەدا بە هەر کەس بییەوێ. بە هەر کەسیش لەکارزانی بدرێ، ئەوە خێری زۆری پێدراوە. ئامۆژگاریش بەهرە نادا مەگین بۆ خاوەن ئاوەزان. (٢٧٠) هەرماڵێکی دەیکەنە خێر، یان دەقەبەڵ خودای دەکەن، خوا دەیزانێ و ئەوانەی خودانەناسن هیچ یاریدەدەریان نییە. (٢٧١) گەر بە ئاشکرا خێر بکەن کارێ خاسە؛ خۆ ئەگەر بە نهێنیش بێ و دەستی نەداری پێ بگرن، باشتریشە و گوناهتان لە سەر لادەبا. خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە. (٢٧٢) ئەرکی سەرشانی تۆ نییە ئەمانە بخەیە سەر ڕێ؛ بەڵام هەر کەس خودا بۆخۆی مەیلی لێ بێ شارەزای ڕاستەڕێی دەکا. هەرچی بە خێر دەیبەشنەوە بۆ خۆتانە و دیارە ئێوە هەر بۆ ڕەزامەندی خودا خێرێ دەکەن. هەر شتێ بە خێری دەدەن تەواوی پێو دەدرێتەوە و هیچ ناهەقیو لێ ناکرێ. (٢٧٣) ئەوانە خێریان پێ دەشێ کە لە خوداپەرەستیدا بێ دەرەتان ماونەتەوە و هێزی دەرکەوتنیان نییە کە بۆ خۆیان هەوڵێ بدەن؛ ئەوی ئاگایان لێ نییە، وادەزانن هیچ ئاتاج نین؛ چونکە حەیایان بە خۆیە. لە بیچمیان دەیان ناسنەوە؛ دەنا هەرگیز وەکوو پارسەکی دیکە نین گێرە بکەن. ئێوە هەرچی بە خێر لەو بارە بەخت کەن، خوا دەیزانێ. (٢٧٤) ئەوانەی بە شەو یان بە ڕۆژ، بە نهێنی و بە ئاشکرا لە ڕێگەی خودا خێر دەکەن، لای خودا پاداشیان هەیە و نە هیچ ترسێکیان لەسەرە و نە خەم دەخۆن. (٢٧٥) ئەو کەسانەی نزوول دەخۆن، ڕاستبوونەوەیان لەو دنیا، وەک ڕاپەڕینی کەسێکی شەیتان دەستی لێ وەشاندبێ، وەهایە. هەر چونکە ئەمانە ئێژن: مامەڵەش هەر وەک نزوولە. خودا سەودای ڕەوا دیوە و نزوولی پێ ناڕەوایە. سا هەر کەسێ ئامۆژگاری خودا دەبیە و دەس هەڵ دەگرێ، لەو شتانەی لەمەوبەر دەستی داوەتێ دەبەخشرێ و خودا بە کاری ڕادەگا هەر کەسێکیش دیسان بچێتەوە سەری، دەبن بە یاری ئاگر و تاهەتا هەر تیا دەبن. (٢٧٦) خودا پیتی نزوول هەر کەم دەکاتەوە و پیتی خێرات پتر دەکا. خودا ئەوانەی خۆش ناوێ پێ نەزان و گونابارن. (٢٧٧) ئەو کەسانەی بڕوایان بە خوا هێناوە و کاری چاک ڕەچاو دەکەن و لە نوێژ کردن و زەکات دان سستی ناکەن، پاداشیان وا لای خودایە و نەهیچ ترسیان دێتە بەرێ و نە خەم دەخۆن. (٢٧٨) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! ئەبێ لە خودا بترسن، ئەگەر بەڕاست باوەڕدارن، ئەو سووتی هێشتا ماوتانە نەتانەوێ. (٢٧٩) ئەگەر دەستی لێ هەڵنەگرن، سا بزانن ئێوە دەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەیدا شەڕێ دەکەن. ئەگەر دەستی لێ هەڵگرن، دەسمایەی خۆو بستێننەوە؛ ئیتر ئەوسا نە ئێوە ناهەقی دەکەن نە ناهەقیتان لێ دەکرێ. (٢٨٠) ئەگەر قەرزاریش نەدار بوو، ماوەی بدەن هەتا دەیبێ. ئەر بشزانن، پێ بەخشینی بۆو چاترە. (٢٨١) ترسیشوو لەو رۆژە هەبێ کە دەوهێننەوە لای خودا؛ ئەوێ ڕۆژێ هەر کەس هەرچی کردوویەتی - بە تەواوی- دێتەوە ڕێی و ناهەقی لە کەس ناکرێ. (٢٨٢) ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! هەرگا بۆ ماوەیێ دیاری، قەرزی دەگەڵ یەکتر دەکەن، بینووسن و با نووسەرێ خوداپەسند بۆتان بخاتە ناو قاقەز. ناشێ نووسەر لەم کارە تەنەخی بکا؛ با بنووسێ وەک خوا فەرمانی پێداوە. هەرچی قەرزدار بۆی دەڵێ، ئەو بینووسێ و ئەبێ ترسی خودای هەبێ و ئەولاوئەملای تێدا نەکا. ئەگەر ئەو کەسەی قەردارە، کەم ئاوەزە، یان بێ هێزە، یان ناتوانێ ئەوەی پێویستە بنووسرێ دەری ببڕێ، با سەرپەرستی ڕەوای ئەو لەباتی ئەو بیدرکێنێ و دوو پیاو لە خۆتان شایەت بن. ئەگەر دوو پیاو پەیدا نەبوون، با پیاوێک و دوو ژنی وا کە ئێوەش لێیان ڕازی بن، لە کار ئاگادار بکرێن؛ تا ئەگەر یەکێ لەم دووانە لە بیری چوو، ئەوی تر بیری خاتەوە. هەر وەختێکی بۆ شایەتی دان بان کران، ڕەوا نییە خۆ ببوێرن. لە نووسینی ماوەی قەرز - کەم بێ یان زۆر - نابێ لەشگرانی بکەن و هەر بینووسن و مەوداکەشی دیاری بکەن. لە لای خودا ڕەواترە و بۆ شایەتی لەسەردانێ لەبارترە و لە دوودڵی نەهێشتنێ نزیکترە؛ مەگین وەختێ ئاڵوگۆڕتان دەست بەدەست و بە نەغد بێ؛ ئەوسا ئەگەر نەشی نووسن قەیدێ ناکا. بەڵام دیسان لە وەختی دادوستەددا شایەت هەبن. ناشێ نە شایەتەکانتان نە نووسەر زیانێ بکەن؛ گەر وانەکەن تاوان لە ملی خۆتانە و ئەشێ لە خودا بترسن. خودا فێری کارتان دەکا و هەر خودایە لە هەموو شت ئاگادارە. (٢٨٣) ئەگەر لەسەر سەفەر بوون و نووسەرتان بۆ پەیدا نەبوو، ئەشێ بارمتە وەرگرن؛ جا مەگین لێک خاترجەم بن کە ئەوسا بارمتەی ناوێ. با قەرزدار ترسی خودای لە دڵدا بێ و قەرزەکەی خۆی بداتەوە. ئەو کەسانەی شایەتیشن خۆ لە شایەتی نەبوێرن. هەر کەسێکی لە شایەتی خۆ ببوێرێ، بە دڵ خۆی تووش گوناح دەکا و خوا بە گش کارتان دەزانێ. (٢٨٤) سەر بە خوایە هەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندایە. ئەوی لە ناو دڵتاندایە - چ دەری خەن، چ وەیشارن - خوا لەو بارە لە ئێوە دەپرسێتەوە. هەرکێ بۆ خۆی مەیلی لێ بێ، لێی دەبوورێ و هەر کەسێکیش خۆی حەز بکا، جزیای دەدا. هەر خودایە لەسەر هەموو شت توانایە. (٢٨٥) ئەم پێغەمبەرە و ئەوانەی وەل ئەو باوەڕەیان هێناوە، لێیان ڕوونە کە ئەو شتە لەلایەن پەروەرندەیان هاتۆتە خوارێ بۆ لایان؛ بڕوا دەکەن بە خودا و فرشتەکانی و کتێبانی و سەرلەبەر پێغەمبەرانی و ئێژن: ئێمە بۆ هیچ لا لە پێغەمبەرانی فەرق و جیاوازی دانانێین؛ فەرموودەی خودامان بیست و پێکمان هێنا، ئەی پەروەرندەی هەموومان! بمان بەخشە و هەر دەگەڕێینەوە لای تۆ. (٢٨٦) خوا ئەرکی لە توانا بەدەر، بە سەر کەسدا ناسەپێنێ؛ چاکەی بکا بۆ خۆیەتی و خراپەشی دژی خۆیە. ئەی پەروەرندەی گلامان! ئەگەر شتێکمان لە بیر چوو، یان تیا بە هەڵە چووین، لێمان مەگرە. ئەی پەروەرندەی هەموومان! ئەرکی ئەوەندە گرانمان مەخە سەرشان وەک ئەوانەی بەر لە ئێمە لەسەریان بوو. ئەی خودانی هەموو لامان! ئەرکی وامان پێ مەسپێرە کە لە توانامان بەدەر بێ. تۆ هەر خۆت لێمان ببوورە و بەر بەزەیی خۆتمان بخە و بمانبەخشە. هەموو کاروبارێکی مە بە دەس تۆیە و سەریشمانخەی لەسەر ئەوانەی ناتناسن. ++++++++++++++++++++++