شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ئیبراھیم وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، ڕا. کتێبێکە بۆ تۆمان ناردە خوارەوە، ھەتا خەڵکی - بە ئیزنی پەروەرندەیان - لە تاریکی بەرەو ڕووناکی وەگوێزێ؛ ڕێگەی خاوەن دەستەڵاتی شایانی ھەموو پەسنێکیان نیشان بدەی. (٢) ئەو خودایەی ھەرچی لە عاسمانەکان و زەمیندان، گش ھی ئەون. واوەیلا بۆ خوانەناسان لە جەزرەبەی زۆر توندوتیژ. (٣) ئەوانەی ژینی دنیایان لە ھین ئەولا پێ باشترە، دەبنە لەمپەر لە ڕای خودا و گەرەکیانە خواروخێچ بێ؛ ئەوانە لە گومڕاییدا زۆر پێوە چوون. (٤) ھیچ پێغەمبەرێکمان نەنارد، مەگین بە زوان گەلەکەی خۆی؛ تا ھەقیان بۆ ڕوون کاتەوە. خودا ھەر کەسێ حەز بکا گومڕای دەکا و کێشی بوێ شارەزای ڕاستەڕێی دەکا و ھەر خۆی خاوەن دەستەڵاتی لەکارزانە. (٥) مووساشمان وێڕای چەند بەڵگەی لە خۆمانەوە ڕائەسپارد، کە: ھۆزی خۆت لە تاریکایی ڕزگار کە و بەرەو ڕووناکایی بەرە؛ ڕۆژەکانی خودایان وەبیر بێنەوە؛ کە ئەم کارە بۆ ھەموو خۆڕاگرێکی سوپاسگوزار زۆر پەندی باشی تێدایە. (٦) ئەوسا مووسا بە ھۆزەکەی خۆی ڕاگەیاند: ئەو چاکەیەی خودا دەربارەی ئێوەی کرد، لە بیر مەکەن؛ کە لە دەستی فیرعەون و دارودەستەکەی دەری ھێنان؛ زۆر خراپ ئازاریان دەدان، کوڕەکانیان لێ سەر دەبڕین، ژنەکانیان بە زیندوویی دەھێشتەوە و ئەمەش ئەزموونێ گەورە بوو لەلایەن پەروەرندەوڕا. (٧) پەروەرندەتان ڕای گەیاند: ئەگەر شوکرانە بژێربن، بۆو زیاد دەکەم؛ خۆ ئەگەر سەرپێچی بکەن، جەزرەبەم زۆر توندوتیژە. (٨) مووسا گوتی: جا ئەگەر ئێوە و ھەر کەسێ لەم عەردەیە ناسوپاس بن، خوا نیازی بە کەس نییە و ھەر شیاوی تاریف کردنە. (٩) ئاخۆ ئێوە دەنگوباسی ئەوانەتان نەبیستووە کە بەرلە ئێوە ژیاون؟ وەک ھۆزی نووح و ھۆزی عاد و سەموود و ئەوانەی لە دووی ئەوان بوون؛ کە خوا نەبێ، ھیچ کەسی تر نایانزانێ. پێغەمبەرەکانی ئەوان بە بەڵگەی زۆر ئاشکراوە ھاتنە لایان. گشتیان دەسیان خستە ناو دەمی خۆیان و گوتیان: ئێمە بەو شتانەی ڕاسپێراون باوەڕ ناکەین؛ لەوەش ئێمەی بۆ بانگ دەکەن، زۆر بە گومانین. (١٠) پێغەمبەرەکانیان وتیان: ئاخۆ ئێوە لە داھێنی عەرز و عاسمانان بە شکن؟ بانگتان دەکا تا لە گوناحانوو خۆش بێ و تا ماوەیەکی دیارکراو لێو ڕاوەستێ. گوتیان: ئێوە ھەر بنیادەمە خۆمانەن؛ گەرەکتانە لەوانەی کە باب و کاڵمان دەیانپەرست، وەرمانگێڕن؟ سا ھەر بەڵگەیێ پتەوتان لە جانتادا، پێن بنوێنن. (١١) پێغەمبەرەکانیان وتیان: ئارێ ئێمەش بنیادەمێکین وەک ئێوە؛ بەڵام خودا لە ھەر عەبدێکی خۆی حەز کا، بە چاکە دەیخوێنێتەوە؛ بۆ مە ناشێ ھیچ بەڵگەیەکتان بۆ بێنین، مەگین خۆی ئیزنی لەسەر بێ. با ھەرچی خاوەن باوەڕن، خۆیان بدەنە دەس خودا. (١٢) جا چۆن ئێمە خۆمان بە خودا ناسپێرین، کە ھەر بۆ خۆی ڕێگەی ڕاستی نیشان داوین؟ ھەر ئازارێکیشمان بدەن، خۆڕادەگرین. با ئەوانەش خوا بە پشتیوان دەزانن، خۆیان بدەنە دەس خودا. (١٣) ئەوانەی دژی خودا بوون، بە پێغەمبەرەکانیان گوت: ئێمە دیارە لەم سەرزەمینەی خۆمانتان وەدەر دەنێین، یان دێنەوە سەر ئایینەکەی خۆمان. پەروەرێنیان تێیگەیاندن: ئێمە ناھەقییکارەکان گەرەک قڕ کەین. (١٤) لە پاش ئەوان لەم عەرزەدا ئێوەی لێ دادەمەزرێنین؛ ئەمەش لەمەڕ کەسانێکە کە لە پایەبەرزی من و لە ھەڕەشەی من دەترسن. (١٥) داوایان کرد خودا دەروێکیان لێ وەکا. ھەر کەسێکیش کە ملھوڕ و لاسارێک بوو، ناھومێد بوو؛ (١٦) لە دواشیەوە جەھەندەمە و ئەشێ زووخاو بخواتەوە. (١٧) فڕی دەکا بەڵام بە قێز و بێزەوە و لە گش لاوە مەرگی بۆ دێ کە ناشمرێ و جەزرەبەی ھەرە بەژانیش بە دوایەوە. (١٨) ئەوکەسانەی لە پەروەرێنەکەی خۆیان حاشادەکەن، نەقڵیان نەقڵی ئەو بوڵەیە کە لەرۆژی ڕەشەبادا بای لێ ھەڵکا. لەوەش بەدەسیان ھێناوە، ناتوانن بەھرەیەک ببەن. ئەمەیە لە ڕێ لادانێ کە زۆر لە ڕێ وەلا کەوتوون. (١٩) تۆ نابینی خودای مەزن عاسمانەکان و زەمینی ھەر بۆ ڕاستی چێ کردووە؟ ئەگەر خۆی مەیلی لەسەر بێ، ئێوە دەبا و سەرلەنوێ ئی تر چێ دەکا. (٢٠) کە ئەم کارەش لەبەر خودا گران نییە. (٢١) گشت لە گشتیان لە لای خودا کۆ دەبنەوە. کەم دەستەکان بە باغرەکانیان ئێژن: ئێمە پەیڕەوی ئێوە بووین؛ ئاخۆ ئێوە پێتان دەکرێ لە سزادانی خودامان بپارێزن؟ ئێژن: ئەگەر خودا ئێمەی شارەزای ڕێ بکردایە، دیارە ئێمەش ئێوەمان ڕەگەڵ خۆ دەخست. ئێستا بۆ ھەموو لایەکمان - لەسەرخۆ بین یا بیکەین بە دادوھاوار - ھیچ دەرەتانێک نەماوە. (٢٢) لە پاش کارلەکارترازان، شەیتان دەڵێ: خوا بەڵێنی ڕاستی پێدان، منیش بەڵێنی خۆم پێدان؛ بەڵام درۆم دەگەڵ کردن. ھیچ زۆرێکیشم بەسەرتانەوە نەبوو؛ غەیرەز ئەوە گازیم کردن، ئێوە بە دەنگمەوە ھاتن. ئێوە سەرکۆنەی من مەکەن، سەرزەنشتی خۆتان بکەن؛ ناشتوانم دەفریاتان بێم؛ ھەر وەک ئێوە ناتوانن بە فریام بگەن. لەمەش کە لە پێشوودا منتان بە شەریکی خوا زانی، حاشام ھەیە. بێگومانە ئەوانەی ناھەقییکارن، ئازاری بەژانیان دەبێ. (٢٣) ئەو کەسانەش کە بڕوایان بە خوا ھەیە و ئاکارچاک بوون، بە ئیزنی پەروەرندەیان دەبرێنە ناوەند باغاتێک ڕووباریان بە بەردا دەڕوا و تاھەتایە لەوێ دەبن و ھەر بە سەلام، خۆشی و بێشی لێکتر دەکەن. (٢٤) نەودی خودا چلۆن مەسەل دێنێتەوە؟ قسەیەکی بە ڕێ و جێ، بە شەنگەدارێک دەشبھێ، ڕەگی قایم داکوتاوە و لقی لە تەشقی ئاسمانە. (٢٥) بە ئیزنی ڕاھێنەرەکەی خۆی چوار فەسڵە میوەی دەبێ. خوا نەزیلان بۆ ئەوخەڵکە دێنێتەوە، بەشکوو پەندی لێ وەرگرن. (٢٦) نەزیلەی قسەی نابەجێش وەکوو پنجێکی ناجسنە، کە لە زەمین ھەڵکەنرا بێ و ھەر خۆی نەگرێ. (٢٧) خودا لە دنیا و سەڵادا، بە قسەی پتەو بڕواداران توندوقایم دەکاتەوە. ناھەقیکارانیش لە رێگە لا دەدا. خودا چۆنی بوێ دەیکا. (٢٨) ئەدی نەت دی ئەو کەسانەی ناشوکریان لە بەرانبەر چاکەی خودادا کردەوە و گەلی خۆیان بەرەو ھەڵدێری زۆر ھەتەر ڕەتاندووە، (٢٩) لە دۆژەھا ھەڵدەچۆقێن؛ پیسترین بنکەیان ھەیە؟ (٣٠) ھاوتاشیان بۆ خوا بڕیاردا، تا [خەڵکی] لە ڕێی کلا کەن. بێژە: جارێ خۆش ڕابوێرن! چارەنووستان ئاگر دەبێ. (٣١) تۆ بە عەبدە باوەڕدارەکانم بێژە نوێژ بکەن و لەو بژیوەی بەشمان داون - پەنامەکی و بە ئاشکرا - خێرێ بکەن؛ بەرلەوە ئەو ڕۆژە دابێ کە نە کڕین و فرۆشتنێ لە گۆڕێیە و نە دۆستایەتی و ھەواڵێ. (٣٢) ئەو خودایەی ئاسمانەکان و زەمینی داھێناوە و لە حەواوە ئاوێکی داباراندووە، بەروبووی بژیوی ئێوەی پێ دەڕوێنێ؛ گەمیەشی داوەتە دەستوو - کە ھەر بە پێی فەرمانی ئەو - لە زەریادا بێت و بچێ و ئەم ھەموو ڕووبارانەشی بۆ ڕام کردوون. (٣٣) خۆر و ھەیڤی بۆ ئێوە خستۆتە بەرکار؛ وەستان و وچانیان نییە. ئەم شەوگار و ڕۆژگارەشی ھەر بۆ ئێوە دەستەمۆ کرد. (٣٤) ھەرچی لێتان خواستووە، پێی ڕەوا دیون. ئەگەر بێنە سەر ژماری چاکەی خودا، لە ژماردن دادەمێنن. بەڕاستی کە مرۆ گەلێ ناھەقییکار و سپڵەیە. (٣٥) کاتێ کە ئیبڕاھیم گوتی: پەروەرندەم! ھێمنایی بدە بەم شارە و من و زاروڵەکانیشم لە بتپەرستی دوورخەوە. (٣٦) پەروەرندەم! ئەو بتانە خەڵکێ زۆریان لە ڕێ لادا؛ سا ھەر کەسێ شوێن من کەوت، ئەو لە خۆمە؛ ھەر کەسێکیش لێم یاخی بوو، ئەوسا ئەتۆ خەتا بەخشێ دلۆڤانی. (٣٧) پەروەرندەی ھەموو لامان! من لە ناو شیوێکی قاقڕ، لە پەنا ماڵی پیرۆزت، یەکێ لە زارۆڵەکانم جێ کردەوە. پەروەرێنمان! بۆ ئەوە کە نوێژان بکەن. دەسا تۆش کارێ وا بکە خەڵک بە دڵ خۆشی بوێن و لە بژیویش بەشیان بدە؛ شایەتا شوکری تۆ بکەن. (٣٨) پەروەرێنمان! ھەرچی نھێنی و ئاشکرای ئێمە ھەبێ، تۆ دەیزانی و ھەرچییەک ھەیە - چ لە عەرز چ لە عاسمان - ھیچی لە خودا گوم نابێ. (٣٩) شوکرانە بۆ ئەو خودایە کە - بە پیری - ئیسماعیل و ئیسحاقی بە من بەخشیوە. پەروەرندەم نزای نزاکار دەبیسێ. (٤٠) پەروەرندەم! کارێ بکە منیش و فرزەندانیشم سوور بین لە سەر نوێژ خوێندنێ. پەروەرێنمان! دوعایەکەم قبووڵ بکە. (٤١) پەروەرێنمان! ڕۆژی ژمار کە دامەزرا، لە منیش و دای و بابم و ھەموو خاوەن باوەڕانی دیکەش خۆش بە. (٤٢) پێت وانەبێ خودا لە کردەی زاڵمان بێ ئاگایە؛ بەڵام دەیانھێڵێتەوە تا ئەو ڕۆژەی کە لەویدا ھەموو چاو مۆلەق دەوەستن. (٤٣) لە ترسانا بەلەز دەچن؛ سەروگەردنیان ڕەق بووە؛ چاوەکانیان ناترووکێنن و دڵیان بەتاڵ و حەتاڵە. (٤٤) ھەڕەشە لەو خەڵکە بکە، لەو ڕۆژە کە جزیا دەدرێن. ناھەقکاران ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! تۆ ھەر کەمێک مۆڵەتن دە ھەتا بە دەنگتەوە بین و وەشوێن پێغەمبەران کەوین. ئاخر ھەر بۆ خۆتان نەبوون کە لە پێشوو سوێندوو دەخوارد، کە ھەرگیز لە بەین ناچن؟ (٤٥) ھەر چوونە جێگەی ئەوانەش کە ناھەقییان لەخۆ دەکرد و تێش گەیشتن کە چیمان بەسەر وان ھێنا و زۆر نەزیلەشمان بۆ گوتوون. (٤٦) مەکری خۆیان دەکار ھێنا و مەکرەکەشیان لە خواوە بوو؛ ھەر چەند ئەو مەکرەی ئەو کردیان، چیاشیان پێ ھەڵدەتەکان. (٤٧) پێت وانەبێ خوا لەو بەڵێنانەی کە بە پێغەمبەرانی خۆی داوە، ھیچگا پاشگەز دەبێتەوە. خودا خاوەن دەستەڵاتی تۆڵەستێنە. (٤٨) ڕۆژێ زەمین دەگۆڕدرێت و دەبێتە زەمینێکی تر؛ ئاسمانەکانیش ھەروەھا؛ ئەوسا ھەموو دێنە بەر بارەگای خودای تاک و تەنیا و زاڵ بەسەر ھەموو شتێکا. (٤٩) ئەوێ ڕۆژێ تاوانبارەکان دەبینی بە زەنجیر جەلە کراون. (٥٠) پۆشاکیان قەترانی ڕەشە و ڕوویان ئاگر دای پۆشیوە. (٥١) ھەتا خودا ھەر کەسێکی - بە گوێرەی ئاکارێ کردی - جزیا بدا. خودا - بەلەز - بە گش حیسابان ڕادەگا. (٥٢) ئەمە جارێکە بۆ مەردم تا بەو بۆنەوە بترسن و بیشیزانن کە ئەو خوایەکی یەکتایە و تا خاوەن ئاوەزەکانیش ئامۆژگاری لێ وەرگرن. ++++++++++++++++++++++