شاعیر: هەژار کتێب: قورئانی پیرۆز بە کوردی سەرناو: ڕەعد وە ناو خودا کە دەھندە و دلۆڤانە (١) ئەلیف، لام، میم، ڕا. ئەمانە چەند نیشانێکی ئەم کتێبەن. ئەوەی لە پەروەرێنتەوە بۆ تۆ ھاتۆتە خوارەوە، دیارە ڕاستە؛ بەڵام زۆربەی ئەم مەردمە بڕوا ناکەن. (٢) خودایێکە ئاسمانەکانی بەرزۆ کرد، بێ ھەستوندەک، کە لێو دیارن؛ جا ئەوساکە نیشتە سەر تەخت. خۆر و ھەیڤیشی خستە کار؛ ھەر یەکەیان بۆ ماوەیەکی دیارکراو دێن و دەچن. خۆی بە کاروبار ڕادەگا و نیشانان شی دەکاتەوە؛ بەشکوو ئێوە لە دیداری پەروەرندەو بێ گومان بن. (٣) ھەر ئەمیشە ئەم زەمینەی ڕاخستووە و گەلێ کێوات و ڕووباری لێ ئافراند و ئەوگ ش بەروبووە زۆرەشی - کە ھەمووی کردوونە جووتە - لەوێدا بەدی ھێناوە؛ شەو بەسەر ڕۆژ ھەڵدەکێشێ. ئەمانە گشتی نیشانەن بۆ ئەوانەی ڕادەمێنن. (٤) لەم ھەردەدا گەلێک پارچە بە پەنا یەکترییەوە ھەن. ھەروەھا باغاتی ڕەز و زەوی و زار و دارخورمای لفی یەکتر و لێک جودا؛ گش لە یەک ئاو پاراو دەبن؛ [بەڵام] تام و چێژەی بڕێکیان بەرانبەر بە بڕێکی تر وەسەر دەخەین. (٥) ئەگەر تۆ سەیر دەمێنی، سەیر وا لە قسەکانیاندا کە دەبێژن: ئاخۆ ئەگەر دەبینە ئاخ، سەرلەنوێ ساز دەکرێینەوە؟ ئا ئەمانەن لە پەروەرندەکەی خۆیان حاشا دەکەن؛ ئەوانە تۆقی ئاسنیان لە ملدایە و ئەوانە یاری ئاگرن و تاھەتایەی تێدا دەبن. (٦) بەر لەوە پاداش و چاکەت لێ بخوازن، بە ھەڵپە و لەز، ئازارت لێ داوا دەکەن. بەرلەوانیش زۆری وا بوون تووشی جەزرەبە کراون؛ گەرچی مەردم ستەمکار بن پەروەرندەت بەخشەندەیە و لە تۆڵەشدا توند و تیژە. (٧) خودانەناسەکان ئێژن: ئەدی بۆچی لە پەروەرندەی خۆیەوە بەڵگەیەکی پتەوی بۆ نەھاتگە؟ تۆ ھەر تەنیا ترسێنەرێکی و ھیچی تر؛ بۆ ھەر گەلێک لە گەلانیش ئەشێ ڕێشاندەرێک ھەبێ. (٨) لە تۆلی ھەر مێچکەیەکدا ھەرچی ھەیە خوا دەیزانێ و دەزانێ چی دێتەسەرێ و چیشی لێ کەم دەبێتەوە. ھەموو شتێک لە لای ئەو ئەندازەی ھەیە. (٩) لە نەدیاران و لە دیاران ئاگادارە و جێ بەرزی ھەرە مەزنە. (١٠) ھەرکێ لەنگۆ پەنامەکی قسە بکا و دەنگ ھەڵبڕێ، یان لە شەودا خۆپەنا دا و لە ناو ڕۆژی ئاشکرادا بێت و بچێ، لای ئەم گشتی وەکوو یەکە. (١١) لە پێشیەوە و لە دوایەوە، فریە پەیجۆری وای ھەیە کە بەپێی فەرمانی خودا دەیپارێزن. خوا لە ھیچ گەلێک ناگۆڕێ، تا ئەوان دڵیان نەگۆڕن. ئەگەر خودا گەرەکی بێ تیرەیەک تووشی بەڵا بن، ھیچ لەمپەری نایەتە بەر و خواش نەبێ، ھیچ کەس دۆستایەتییان ناکا. (١٢) ھەر خۆیەتی - بۆ ترسان و تەماداری - برووسکەتان بەرچاو دێنێ و ھەوری پڕ دادەوەستێنێ. (١٣) ھەورەکان و فرشتەکان - لە سامی ئەم - ھەمیشە ھەر پەسن دەدەن. ھەورەتریشقەش دەنێرێ، کێ حەز بکا تووشی دەکا؛ کەچی ئەوان لەمەڕ خودا کێشەیانە و خوا لە جزیادانا گەلێ توندوتیژە. (١٤) نزای ھەقیش ھەر بۆ ئەوە [تەنھا ھاوار لە خوا بکەن]. ئەو کەسانەی گاسی غەیرەز خودا دەکەن، کەسیان بە دەنگەوە نایە. وەک کەسی وان کە ھەر لە دوور دەستی بۆ ئاو ڕابدێرێ و حەز بکا بێتە دەمیەوە و ناشیگاتێ. نزای خودانەناسەکان گش پووچە و بەفیڕۆ دەچێ. (١٥) ھەرچییەک ھەیە لە نێوانی ئەم عاسمانانە و زەوینە - خوانەخوایی - خۆیان و سێبەرەکانیان ھەموو بەیانی و ئێواران، گشتیان سوژدە بۆ خوا دەبەن. (١٦) بێژە: کێیە ڕاھێنەری ئەم عاسمانان و زەوینە؟ بێژە: خودا. بێژە: ئاخۆ گەورەگەلێکتان بۆ خۆتان نەقاندووە، کە قازانج و زیانی خۆشیان بە دەس نییە؟ بێژە: ئاخۆ کوێر و بینا بەرانبەرن؟ یاخۆ تاریکی و ڕووناکی سەربەسەرن؟ یان ئەوانە شتی وایان بە شەریکی خوا داناوە کە وەکوو ئەو چێکراویان چێ کردووە و، وەک ئەوەیە کە خودا دروستی دەکا و تیا سەریان لێ شێواوە؟ بێژە: ھەر شتێکی ھەیە، گشتی دەسکاری خودایە و ھەر ئەمیش تاک و تەنیایە و بە سەر ھەموو شتدا زاڵە. (١٧) لەو حەوایە ئاوێکی داڕژاندوە، پڕاوپڕی بارستایی نەواڵان دێ؛ لەھی کەفێکی بڵندی ھاتەسەر، ھەروەک ئەو کەفەی بەھۆی ئاگر دەماندنێ، دێتە سەر کەرستەی خشڵ و ئەسپابی تر. ئا بەم تەرزە خوداش باسی ڕاست و دەغەڵ دەخاتە ڕوو. جا کەفەکە لە ناو دەچێ و ھەر ئەو شتەی کە بۆ مەردم بەھرەی ھەس دەمێنێتەوە. خودا ئاوا نموونە دەھێنێتەوە. (١٨) ئەو کەسانەی بە دەنگی خوداوە ھاتوون، چاکەیان دەربارە دەکرێ. ئەو کەسانەش کە بە دەنگیەوە نەھاتوون، ئەگەر ھەرچی لەم ھەردەدا ھی ئەوان بێ و ھێندەی دیش و لەباتی خۆیانی بدەن، زۆر بە سەختی دەکەونە بەر پرسینەوە و ھەر جەھەندەمیان جێگایە؛ کە خراپترین ئەنوایە. (١٩) ئاخۆ کەسێ بڕوای وابێ ئەوەی لە پەروەرێنتەوە بۆ تۆ ھاتۆتە خوارەوە ھەموو ڕاستە، وەک ئەوەیە کە لەم بارە کوت و کوێرە؟ ئەم ڕامانە ھەر بۆ خاوەن ئاوەزانە. (٢٠) ئەو کەسانەی پەیمانی خوا پێک دێنن و تازە لێی پاشگەز نابنەوە؛ (٢١) ئەو کەسانەش کە ھەودای نێوانی خۆیان دەگەڵ خودا - وەک خودا فەرمانی داوە - قوت ناکەن و لە پەروەرێنیان دەترسن و لە حیساب کێشانی دژوار نیگەرانن؛ (٢٢) ئەو کەسانەش کە لە ڕاھی ڕەزای خودا خۆیان گرت و - بە نھێنی بە ئاشکرا - لەو بەشەی ئێمە پێمان دان، خێر دەکەن و بە چاکە خراپەکانیان دەشۆنەوە؛ دواڕۆژی خۆش بۆ ئەوانە. (٢٣) خۆیان و باب و کاڵیان و ژنەکان و تۆرەمەشیان - ئەوانەی خوداپەسند بن - لە باغاتی دوور لە نەمان، دەچنەژوور و فرشتە لە ھەموو لاوە دەچنە لایان. (٢٤) ھەر لەسای ھێمنی دابن، چونکە ئێوە خۆڕاگر بوون؛ پیرۆزتان بێ دواڕۆژی ڕوون. (٢٥) ئەو کەسانە کە پەیمانیان دا بە خودا و لە پاشان پاشگەز بوونەوە و ھەودای نێوان خۆ و خودانی خۆیان پساند - کە خۆی فەرمانی پێدابوون نەیپسێنن - و لە ھەردا بەدفەڕی دەکەن، لە بەھرەی خودا بێ بەشن و دواڕۆژی دژواریان ھەیە. (٢٦) ھەر خودایە - چ زۆر چ کەم - بە ھەر کەسێ خۆی حەز بکا، ڕۆزی دەدا. ئەوان بە ژینی سەردنیا دڵیان خۆشە؛ ژینی دنیاش لەچاو ژیانی ئەو دنیا ڕابواردنێکی ھندکە. (٢٧) ئەوانەی خودانەناسن، ئێژن: بووچە بەڵگەیەکی لە خواوە بۆ نەھاتگە؟ بێژە: خودا ھەر کەسێکی خۆی حەز بکا گومڕای ئەکا و ھەر کەسێکیش بەرەو ئەو بگەڕێتەوە، شارەزای ڕاستەڕێی دەکا. (٢٨) ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە خوا ھەیە و بە یادی خوا دڵیان ئارام دەبێتەوە، باش بزانن کە یادی خوا ئۆقرە و ئارامی دڵانە. (٢٩) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و ئاکارچاکن، خۆشی لەوان؛ کە دواڕۆژی باشیان ھەیە. (٣٠) ئاوا تۆمان ڕاسپاردە ناو ئەو گەلە، کە بەرلەوان زۆر گەلی تر ھاتوون و چوون؛ کە ھەر شتێ لە ئێمەوە بە تۆ گەیوە، بۆ ئەوانی بخوێنیەوە؛ کەچی ئەوان لە خوای ڕۆزی دەری خۆیان حاشا دەکەن. بێژە: ئەو پەروەرندەمە و بەغەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ نابێ و من خۆم ھەر بەو سپاردووە و ھەر بۆ لای ئەویش دەچمەوە. (٣١) ئەگەر قورئانێ واش ھەبا کەژی لە جێ لابردبان، یان زەوی پێ لەت کرابا، یان مردووی وەقسە ھێنابان، [ھێمان باوەڕیان نەدێنا. ] ھەموو کار ھەر بە دەس خودان. بۆچی خاوەن باوەڕان ئەوە نازانن، ئەگەر خودا حەزی لێ با، گش مەردمی شارەزای ڕاستەڕێ دەکرد؟ خودانەناسەکانیش ھەر - لەبەر کاروکردەوەیان - گرفتاری بەڵایەکی دژوار دەبن؛ یان ھەر لە پەنا ماڵ خۆیان ئەو بەڵایە دێتەسەریان؛ تا ئەو کاتەی بەڵێنی خودا دێتە جێ. دیارە خوداش بەڵێنی خۆی ناداتە پاش. (٣٢) بە پێغەمبەرانی پێش تۆش گاڵتە کرا. ئەو کەسانەم مۆڵەت دا کە خوانەناس بوون؛ تا لە ئاکاما گرتمن؛ چۆن تۆڵەیەکم لێ ساندن! (٣٣) ئاخۆ ئەوی چاودێری کاروکردەوەی ھەموو کەسە [وەک ئەوەیە کە خەبەری لە ھیچ نییە]؟ شەریک گەلێکیان بۆ خودا بڕیار داوە. بێژە دەسا ناویان ھەڵدەن. یاخۆ ئێوە نیازوو وایە ئەو لە شتێک - لەم زەمینە - ئاگادار کەن، کەنایزانێ؟ ! یا نە ئەمە وتەیەکی پڕوپووچە؟ نەخێر، ئەو خوانەناسانە گزی خۆیان لە لا خەمڵاوە و لە ڕێ ڕاستیش لادراون. ھەرکەش خودا گومڕای بکا، ھیچ کەسێ شارەزای ناکا. (٣٤) ھەتا لەسەر دنیا دەژین، ھەر تووشی ئازارێ دەبن. دیارە جەزرەبەی دواڕۆژیش دژوارترە و کەس ناتوانێ لە خودایان بپارێزێ. (٣٥) ئەو بەھەشتەی بەڵێن وایە بەر خودێ ترسان بکەوێ، جۆباری بە بەردا دەڕۆن، خواردەمەنی دوایی نایە و ھەمیشە سێبەریش ھەیە. ئا ئەمەیە ئاکامی لە خوداترسان؛ پاشەڕۆژی خوانەناسانیش ئاگرە. (٣٦) ئەو کەسانەی ئێمە کتاومان پێداون، بەوەی کە بۆ تۆ ھاتووە، دڵیان خۆشە. بڕێکیشیان بڕوا بە بازێکی ناکەن. بێژە: فەرمانم پێدراوە کە خودا بپەرستم و کەسی لێ نەکەم بە شەریک؛ ھاوار ھەر بە ئەو دەبەم و بەرەو خۆی دەگەڕێمەوە. (٣٧) ئێمە ئەم فەرمانەی خۆمان بە عەرەبی بۆ تۆ ھەنارد. ئەگەر لە دوای ئەو زانستەی بۆت ھاتگە، شوێن ئارەزووی ئەمان کەوی، ئیتر نەخودا یارتە و نە ئەویش پارێزگارتە. (٣٨) ھەڵبەت پێش تۆش پێغەمبەرانمان ھەناردوون؛ ڕێگەشمان دان ژن و نەتەوەشیان ھەبن. ھیچ یەک لەو پێغەمبەرانەش نەیانتوانیوە ھیچ بەڵگەیەک نیشان بدا، مەگین خودا ئیزنی دابێ و بۆ ھەر کارێک وەختێکی تایبەتی ھەیە کە نووسراوە. (٣٩) لە ناودان و ھێڵانەوە، بەستە بە ویستی خودایە و ماکی ھەموو کتێبانیش وا لای ئەوە. (٤٠) یان ھێندێکت لەوەی بۆمان بڕیار داون نیشان دەدەین، یان بۆ خۆنت دەبەینەوە. تۆ ھەر ئەوەندەت لەسەرە ڕاگەیێنی و بە حیساب ڕاگەیشتنیش لە عۆدەی مە. (٤١) چۆن ھێشتا نەیانزانیوە ئێمە دین و ئەم زەمینە - لە گش لا - کەم دەکەینەوە و فەرمانڕەوا ھەر خودایە و کەس ناتوانێ دەس دەکاری خودا بدا و زۆر زوو بە حیساب ڕادەگا؟ (٤٢) ئەوانی بەرلەمانەش بوون، گەلێک فێڵیان دەدیتەوە؛ فێڵیش ھەموو ھی خودایە. خۆی دەزانێ ھەر کەسێ چ کارێک دەکا و ھەر بینا خوانەناسەکان تێگەیشتن کە دواڕۆژ کێ دەیباتەوە. (٤٣) ئەوانەی خودانەناسن، پێت ئێژن: تۆ پێغەمبەر نیت. بێژە: خودا و کەسێ کە زانستی کتاوی لەلایە، بۆ شایەتی نێوان من و ئێوە بەسە. ++++++++++++++++++++++