شاعیر: هەژار کتێب: یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە سەرناو: خوێنەری بەنرخ و هێژا! سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئیمام عەلی ـ دروودی خودای لەسەر بێ ـ فەرموویەتی: مەڕوانە وێژەر کێ بووە؛ وێژراوەکە بخە بەرچاو! واتە: قسەی باش وەرگرە و گوێ مەدە کێ گوتوویەتی! ئەم نامیلکەی دکتور عەلی شەریعەتیت پێشکەش دەکەین. بیخوێنەوە! وەردی دەوە! وردی کەوە! لێی وردبەوە! ئەگەر بەهرەی پێ گەیاندی و شتی باشی تێ گەیاندی، ماڵی ئاوا. بەرهەمەکانی تریشی لێ وەخوێنەوە بەهرەیان لێ هەڵکڕێنە! دەنا بەو یەکە وازبێنە و کەسمان لە کەس! هەژار موسوڵمانانی ڕووناکبیر، ئەبێ بە شەش ڕاوێژ، دەگەڵ شەش دەستەدا بدوێن: ڕووناکبیرانی لاوەکی، برایانی هاوئاینمان لە دەرەوە، ڕەش و ڕووتی شارستانی، گوندنشینان، چینی ژنان، تازەلاوان. ئەم نامیلکە هەوەڵ دەرسە بۆ سێ دەستە: تازەلاوان، کەوا تازە بای باڵ دەدەن؛ بۆ ئەو پیاوە زلانەیە کە هەر منداڵانە دەژین؛ بۆ سەرمەشقی نووسەرانی خۆماڵییە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: منداڵەکانمان دەیزانن سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی منداڵەکانمان دەیزانن: پیاوی هەژار، پیاوی بێ‌هێز، با چاکیش بێ، با پاکیش بێ، بەرچاو نییە. نەدار سووکە لەبەر چاوان؛ ناخرێتە ناو ڕێزی پیاوان. کەس فەقیری پێ پیاو نییە. بەڵام هەرکێ خاوەن زێڕە، خاوەن زۆرە، ئەگەر پیسە، ئەگەر ڕەشە، ئەگەر بۆرە، لە بەرچاوان زل و زۆرە. دەراوی دەمی ناخۆش بێ، دەم پیس بێ، جنێو فرۆش بێ، دەڵێن پیاوێکی زۆر زانە، لفت خۆش، گفت ڕەوانە، قسەی جوانە، کاری جوانە، شارەزای شارەزایانە. باری گەلانیش هەر واسە: ڕۆژێ کە ئیسلام باوی بوو، لەناو گەلاندا ناوی بوو، زێڕی هەبوو، زۆری هەبوو، چی بیگوتا، هەر ئەوە بوو. مامۆستاکانی ڕۆژئاوا -لە فێرگە، لە زانستگایان، لەناو کۆڕی کەیخودایان- کاریان لاسای موسوڵمان بوو، دابی ئەوانیان پێ جوان بوو. کەوای شۆڕیان دەبەر دەکرد، عەمامەیان لەسەر دەکرد، ئەدای ڕازی و ئەبووعەلی و دینەوەریان و غەزالی و کێ و کێی دیکەیان دەردێنا. چۆن ئێستا مامۆستاکانمان -کە نەدارین- لاسای ئەوان دەکەنەوە، قەرزی کۆنە دەدەنەوە! لە جێژنەدا کڵاوی لەنگەری لەسەر؛ جبەی قۆڵ فش و فۆڵ دەبەر؛ ئەدای ڕۆژاوا دەردێنن؛ ئورووپاییانە دەنوێنن! دەس‌ڕەنگینانی خاچ‌پەرست کە دەسکردێکیان ڕێک دەخست، فێڵیان دەکرد، مۆری 'اللە'یان لێ دەدا؛ ڕەنگی ئیسلامیان پێ دەدا. تا وابزانن ئەو کارانە هی وڵاتی موسڵمانە؛ کاری شام و بوخارایە، کرگاری بەڵخ و بەغدایە، ئەستەنبوڵە، تووسە، ڕەیە، کاری وەستای غڕنادەیە. تەنانەت خاچی گەردنبەند 'اللە'یەکیان لێ هەڵدەکەند. ئەوا ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی بارکەوتوو، لە ناو گوێچکەی گادا خەوتوو، «MADE IN» لە دەسکاریان دەدەن، لاسای ڕۆژاواییان دەکەن. بوو بە شەڕی خاچپەرستان؛ دوو هۆردوو بەرانبەر وەستان. پێک هەڵپرژان؛ تێک هەڵچرژان. یەکیان گرت خاچپەرست و جوو. ڕێزی دوژمنان پتەو بوو. ئیسلام لێک جودا بوونەوە؛ بەرەو نەزانی چوونەوە. سڕ بوون؛ بوونە مارانگەستە. بوون بە سەد تیرە، سەد دەستە. تێک بەربوون و پێک وەربوون؛ بە جارێک بێ سەر و بەر بوون. شیعە و سوننی، تورک و عەڕەب، فارس و تورک، تورک و بەڕبەڕ، لەهەموو لایەک بوو بە شەڕ. هاودین بە هاودینی دەڵێ: من دادەمەزرێم، تۆ هەڵێ! هەر یەک لەوانەش پێکەوە ـ خۆبەخۆیی، بەنامۆیی ـ شەڕ و هەرا و قیڕەیانە؛ گیڕەیانە. هەر لە شیعە چەند تیرە هەس؛ هیچ کەس ناپێوێ بەڕبەی کەس: نیعمەتی، سۆفی، حەیدەری، شێخی، ئەمەل، باڵاسەری، پایین سەری، یەکێ ـ دوازدەیی، یەک ـ هەشتە. زۆری دیش هەن. تەنانەت بابی و بەهاییش، عەلیەڵڵاییش لە مەیدانا هەرایانە! داوایانە! سوننی چوار مەزهەب هەزار توێ، هەمووی شیر لەیەکتر دەسوێ؛ بێ تام و خوێ. سۆفی، دەروێش، قادرییە، چەشتی، نەخشی، سۆرەوەردییە، نووربەخشی. هەر یەکەی چەند لکی هەیە. پێکەوە مشتومڕیانە؛ لێکدان و قڕەقڕیانە! جاران حەفتا و دوو تیرە بووین، ئێستا لە حەوسەد زیاترین؛ لە هەموو دەم بەربادترین. ئیسلام گوتی: خودا یەکە؛ قورئان یەکە؛ قیبلە یەکە. کەچی ئێمە هەزار خودا دەپەرستین؛ بۆیە پەستین؛ بۆیە بە دوژمن ناوەستین. هەزاران ڕووگەمان هەیە. گۆڕی هەر ئیمامزادەیەک، بارەگای هەر شێخزادەیەک، شەخس، نەزەرگە، قسنەکۆن ـ ڕاست یان درۆن ـ جێ چلدانە و نیازمانن؛ پێکهێنەری داخوازمانن. کاولەکۆن، ئێسقانی ڕزیو، داتەپیو، پواو، هەڵوەریو، لە چۆڵگان، لە دێ، لە شاران، بوونە جێ هانا و هاواران. چاووڕاوکەرانی دەسبڕ، بە قسەی پڕوپووچ و بن شڕ، خودای پاکیان، خودای تاکیان لەبیر کردین؛ سووژدەیان بۆ خاک پێ بردین. کانگای مێشک و بیریان دەرداین؛ تێکیان وەرداین، تێکیان بەرداین. لەبەر شەڕی خۆبەخۆیی، لەبەر بێ ڕاهێڵ و پۆیی، کز بووین؛ زەبوون بووین؛ تێداچووین؛ دەتگوت نەبووین! مەغۆل هات سووتاندی؛ بردی؛ کوشتی؛ کردی هەرچی کردی. سەرێک ما ئەوسا بۆی دەرچوو. دەورانی (چەنگیز) بەسەرچوو. بەڵام ئێمە، ئێمەی خەو-خەو، بێهۆش، کەلەلا ڕۆژ و شەو، لەسەر موجتەهید، لەسەر شێخ، لەسەر دەف، لەسەر زه‌رگ و مێخ، شەڕمان، گەڕمان ئەنایەوە، ئاوڕمان نەئەدایەوە. تا فەڕەنگ هات. چ بوون فەرەنگ؟ مرۆخۆرانی بەرچاوتەنگ. بەفێڵ، بەجەنگ، قاویان کردین؛ ڕاویان کردین؛ چاویان بەستین. لەوساوە ناتوانین هەستین، سست و پەستین. ئێمەی لە گوێی گادا خەوتوو، بە سەدە و ساڵ، مانگ و حەوتوو ـ هەر کۆست کەوتوو ـ سەرمان کاسە؛ هەر نەمانزانی چ باسە. لە شوێن کۆنەکێلان وێڵین؛ زورک و ڕەقەنان دەکێڵین. کێشەی کۆنمان ژیاندۆتەوە. تۆوی شەڕمان چاندۆتەوە. با شەن دەکەین! دڕوو دەدرووین! بە سەرڕەو بەرەو پاش دەبزووین. فەلە زل بوون؛ جوو بوو بە شت. بەشی ئێمەش: هەر قت، هەر فت، هەر گزوفت. ئەوان بە پیتۆڵی و گزی، زۆریان هێنا، زێڕیان دزی. دژ داماین بە لەڕی و کزی! نامۆ بوونە داگیرکەرمان؛ پارویان ڕفاند لە بەرمان؛ بوونە کەیخودا لەسەرمان. ئەوان ئاغان، ئێمە ژێر دەست؛ ئەوان دەسدار، ئێمە بێدەست. بە عەزرەتەوە دەڕوانین؛ خۆمان زۆر بەکەم دەزانین. فەرەنگی جوانە! زۆرزانە! کەی ئەو وەکوو مەمانانه؟ ! ـ ئێمە چین؟ ـ چینی هەژارین. ئەوان ڕاستن، ئێمە خوارین؛ نالەبارین. هەژار زاناش بێ، نەزانە. دارا شورەییشی جوانە. وا بەرەی پێگەیشتوومان ـ بە ناخێر ـ تێگەیشتوومان، شتی خۆی لە لا دزێوە. هەر لە جێوە، بە سەد شێوە، ئەدای فەرەنگی دەردێنێ؛ وە زوان ئاغا دەماندوێنێ. بۆتە مەیمون لاساکەرە؛ «بەلاش گۆشتی سەر چەپەرە.» ئاغاش هەر ئەوەندەی دەوێ، بازاڕی لە برەو نەکەوێ. گەرەکیە ئەدای دەربێنن؛ خۆی چی ئەکا وا بنوێنن. کارەکانمان، شارەکانمان، نوسەرانمان، خۆنەرانمان، پیاوی پیتۆڵ و چازانمان، حاڵمان باڵمان، ژیانی ناو ماڵ و مناڵمان، ژنمان، پیاومان، گشت و خاومان، تەنانەت لەقەم و ناومان، دەمەلاسکەیەک لەوان بێ؛ تا کلیلمان هەر بەوان بێ! بەڵێ داگیرکەرەکانمان، ڕزق و ڕۆزی بەرەکانمان، نایانەوێ خۆ بناسین. تا وا کاسین بۆ وان خاسین. ئەوان دەترسن تێ بگەین، لە داو بەربین و پێ بگەین. تا بێ فکر و بیر نه‌به‌رین، تا له خۆمان بێ خه‌به‌رین، بۆ وان مانگاین، ئه‌سپین، کەرین، بارەبەریــن، شیرمان دەخۆن؛ بارمان ده‌کەن؛ سوارمان دەبن؛ غارمان دەدەن؛ لە سەد بەرد و دارمان دەدەن. ـ تا دەخۆی بخۆ! قەڵەو بە! بۆ کاری بێگار پتەو بە! ـ ئەبینی؟ ـ هیچ! ـ ئەژنەوی؟ ـ هیچ! ـ چ دەبینی؟ ـ بەژن و باڵای رێکی ئاغا لە وەتاغا، لە قۆناغا، ژن و ئەسپ و سامانەکەی، جامانەکەی، تەشک و داو و دامانەکەی! ـ چ دەژنەوی؟ ـ لاف و گەزاف و چاو و ڕاو، باسی گۆشتاو، باسی پڵاو، چەند شات و شووت، گفتی چرووک، قاقای بڵحانـە، قسەی سـووک. ـ خۆت خەریک کە بە دەرەوە! تەنیا هەر بیر مەکەرەوە! تێ مەگە چۆن دزی دەکا؛ گزی دەکا! دێ و دەچێ بێ هەست و چرپە؛ بەبێ خورپە؛ وەکو مام رێوی؛ وەک گورپە. لە جووجەڵان دەرفەت دێنێ، بیر و مێشکیان لێ دەڕفێنێ؛ بە کەیفی خۆی ڕایان دێنێ. ئەگەر گەورەکان تێ ناگەن، مێشکیان بەتاڵە و پێ ناگەن، با لاوەکانمان وشیار بن؛ دوژمن بناسن، بە کار بن؛ با هاوکار بن. لە لاسایی خۆ رزگار کەن. لە داگیر کەر خۆ قوتار کەن. با ئازاد بن؛ با ئازا بن. پیاوی خۆ بن؛ پیاوی خوا بن. لە هەق خوازی ڕانەوەستن؛ تەنیا پشت بە خوا ببەستن. هەر یەکە شیاوی پەرستن. هۆی بوون و مان، ئەو یەکەیە. ئیتر هەر چییەکی تر هەیە، خاڵە لە پەنا ئەو یەکە: خاڵ و سیفری بێ بڕانه‌وه‌ عه‌لی شه‌ریعه‌تی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی یەکێ هەبوو، یەکێ نەبوو جگە لە خوا هیچ کەس نەبوو هیچ هەر نەبوو ئەو خوایە تاک و تەنیا بوو دلۆڤان و دڵاوا بوو دەیدی، دەیبیست، جوانیی دەویست وازی لە کاری ڕەوا بوو بێکاریی لا پەسند نەبوو نالەباریی پێ ڕند نەبوو لە نەبوون خۆشیی نەدەهات حەزی دەکرد لە بوون، لە هات خودا لاگیری هونەر بوو دروستکار و داهێنەر بوو با بزانین ئەو خوایە چی کرد؟ هەوری ساز دان گەواڵ-گەواڵ بەری دانە هەوای بەتاڵ گەواڵەهەوری لە چی کرد؟ لە دەنکە تۆزقاڵی زۆر ورد ئەو دەنکە تۆزقاڵەی کۆمن وردیلەی هێزی ئەتۆمن هەر وردیلەی خۆرێک لەناو بە ئەستێران دەورەدراو لەو خۆرە چەرخ و خولیانە * * * سروەی تەکاندەر ئەنگووتن گەواڵەهەور بزووتن وەک چی؟ وەک دووکەڵ، وەک گێژاو وەک گێژەڵووکەی زۆر بەتاو ئاورینگی هێنان بەگوڕ بوو بەرهەمی بڵێسە و گڕ بوو گڕ کۆوە بوو لە دەوری خۆ بنیادەم ناوی لێ نا: ڕۆ ڕۆژیش ئەتۆمی گەورەیە چەند ئەستێرەی لە دەورەیە بە دەوروبەریا خول ئەخۆن هەر خوا دەزانێ چەند و چۆن * * * بناغەی ژیان دامەزرا لە زەریا، لە بەژ، لە مەزرا قەوزە ڕوا، گیا دەرکەوت دەوەن دەرهات، دار سەرکەوت چڵمۆکە گیانی هاتەبەر دنیا پڕ بوو لە جانەوەر جانەوەرێکیان مرۆیە هەنبانەی ڕاست و درۆیە چاکیان هەیە لە باش چاتر هەیشە لە شەیتان خراتر * * * - ژین لە چییە؟ - ئاوێک، تۆوێک تۆمی گیایەک لەژێر خاکا، زۆر هەڵناکا سەر دەردێنێ، شین دەنوینێ بەخۆدا دێ، دەبێتە چڵ، دەبێتە گوڵ نەمام دەبێ بە شەنگەدار گەڵایە، لکە، میوە و بار پیر دەبێ، وشک ئەبێ، ئەپوێ لە تۆوەکەی هی تر دەڕوێ * * * دڵۆپێک ئاو: پزە، ساوایە، منداڵە لاوە، سەرەیە، پاتاڵە لە هەڵسووڕ و داسووڕدایە ئەویش وێنەی دار و گیایە چرای ژینی دەگوژێتەوە لە خاکا سەر دەنێتەوە تۆمەکەی هەڵدەداتەوە ژیان دەستپێدەکاتەوە ژیانیش هەر لە خولدایە ئاوات و نیاز خۆریەتی گیاندار یەکێ یان هەزاران لە ڕێی ژین و بووژانەوە ساڵ و مانگ بە بێ‌سانەوە بەدەوریدا سەرگەردانن وچان و پشوو نازانن دەڕوێن، دەڕۆن، دەڕوێنەوە دەگوێن، دەپوێن، دەتوێنەوە * * * یەکێ هەبوو، یەکێ نەبوو جگە لە خوا هیچ کەس نەبوو هیچ هەر نەبوو دنیا لە نەبوو هاتە دی هەوای بەرز، زەوی نەوی ڕۆژ و ئەستێرەی بێ‌ژمار... بەرەی گیاندار و گیا و دار نەدیار و بەرچاو، هەرچی بوون بێ وچان و پشوون، دەبزوون بەرەو کوێ؟ بەرەو مردن و ژیانەوە وشکبوون و هەڵدانەوە ڕۆژ و شەو، تاریک و ڕوونی گەش و سیس، بوون و نەبوونی بەرزایی، نزمیی، کەم و زۆر کەوتوونە خول لە دەوری خۆر * * * یەکێ هەبوو، یەکێ نەبوو جگە لە خوا هیچ کەس نەبوو هیچ هەر نەبوو گەمیەی جیهان لەنگەری گرت خانووچکەی ژیان سەری گرت زەوی، عاسمان، توێ لەسەر توێ پانایی لەکوێ هه‌تا کوێ بێ‌گیان و گیاندار، گچکە و زل زەمەند و مێرگ و پنج و قل وردیلە و درشتە و ناوەند ڕووبار و دەریای خوڕ و مەند کورت و درێژ و پەل و قووڵ بێوچان کەوتنە جم و جووڵ هیچی وچان نادا تاوێک خول دەخۆن بەرەو هەتاوێک * * * تۆ بڕوانە! هەموو شتی ئەم جیهانە ئەگەر سڕە، ئەگەر چڕە ئەگه‌ر واڵا، ئەگەر پڕە گشتی خڕە. مانگ و خۆر، زەوی، ئەستێرە هەزار هێندەی تر بژمێرە ئاتۆم، گلووی خوێن، تۆم و بەر بژمێرە لە هەژمار بەدەر گەر بەپەلەن، گەر لەسەرخۆن جەغزاوجەغز دێن و دەڕۆن خاک و ئاو بە شار و دێوە ئەگەر دەشتە، ئەگەر کێوە ئەگەر گیا، ئەگەر گیاندارە شەو و ڕۆژ، سبە و ئێوارە هەموو دەم و کات و ساتێک هەموو چاخێک، هەموو کاتێک بە ساڵ، بە مانگ، بە ڕۆ، بە شەو جەغزاوجەغز کەوتوونە ڕەو ڕوو بە هەتاوی خۆرێکن گشتیان لە خولدان جۆرێکن * * * یەکێ هەبوو، یەکێ نەبوو جگە لە خوا هیچ کەس نەبوو هیچ هەر نەبوو. بڵند هەبوو، نەوی هەبوو عاسمان هەبوو، زەوی هەبوو ئەستێرەی زۆر و مانگ و خۆر هەزاری نادیار و پەیدا لە بەتاڵایی بێ‌پەیدا کۆمایەکیان پێک هێناوە لای ئێمە مەنزوومەی ناوە مەنزوومەی تریش زۆر زۆرن کۆمەڵگای ئەستێرە و خۆرن چەندن؟ هەزار؟ نەخێر، ملیار؟ زۆرترن، ناهێنە هەژمار فەزا زۆر پان و بڵاوە ئافەریدەش بێ‌حەساوە هه‌ردی مه، یه‌ک له‌و کۆمه‌یه تنۆکه‌یه‌ک له‌و گۆمه‌یه‌ * * * ئەگەر تۆ بە ژمارە فێری ئەتەوێ خواکرد بژمێری قاقەزێکی درێژ ڕاخە بەئیشتیا شانی لێ داخە یەک بنووسە بیکە بە دە بیکە بە سەت وچان مەدە! بیکە بە هەزار بە ملیار خاڵ دانێ بە هەزار-هەزار قاقەز بڕا، هی تر بێنە بە خاڵانی بنەخشێنە هەڵچۆڕا ئەم مەرەکەوە مەرەکەوی تر بگرەوە تا دەتوانی خاڵ دانێ، خاڵ مەپسێنەوە بە مانگ، بە ساڵ تۆ ماندوو بووی بیدە بە من هەزار هاوکاریش هەر کەمن بێ وچان خۆت و هەزاران بە شەوگاران، بە ڕۆژگاران هەموو دەم، هەموو کاتی ساڵ لە پەنا یەک خاڵ ڕیز کەن خاڵ خەو دایگرتی، یان نانت خوارد؟ لە خاڵ ڕیزکردن خۆتت بوارد؟ با کوڕەکەت، با نەوەکەت بچن لەشوێن کردەوەکەت خۆت و هاوکارانی پیرت هاوسەفەری زەمینگیرت بۆ گەمەی وەخت ڕابواردن خەریک بن بە خاڵ بژاردن هەر یەکە و خاڵ بێ بڕانەوە گێژ دەبن لە لێکدانەوە * * * پیری لەرزی لەکارکەوتوو! زورهانی لە جێدا کەوتوو! بێکار وەرکەوە، بیرکەوە خۆت خاڵی بەپاڵ یەکەوە دێتەوە بیرت مناڵ بووی؟ شلک و ساوا، کرچ و کاڵ بووی؟ تاوێک لەسەر سنگ ئەخزی دەگریای لەبەر وەڕەزی دەس بە ڕەوڕەوە دەگەڕای بەدەس هەڵگێڕ-وەرگێڕ دەکرای زل بووی، فێربووی خاڵ ببژێری لە کاروبار خۆ ببوێری گەورەتر ئاگایان لێت بوو دای و باب هیوایان پێت بوو پلە-پلە بەرەژوور چووی پێت نایە سەتەوە، پیر بووی چوویتەوە دەقی منداڵی نەبەگە و شلی و بەتاڵی هەتا ساوا و لەبەرچاو بووی گەمەجاڕی دای و باو بووی ئێستا لەپاش دەیان ساڵان بوویتە گەپجاڕی منداڵان خوێنشیرنۆکە بووی بە کاڵی ئێستا منداڵی خوێنتاڵی * * * ڕاکشێ! داکشێ! بیرکەوە بیر پێشتر چ بووی مناڵی پیر! ژن و پیاگێ پێک گەیشتن بە چاو، بە دڵ، تێک گەیشتن دڵۆپێک لەو، تنۆکێک لەم لەناو پزدانێک کران جەم تێکەڵاو بوون بۆ تەواو بوون گوورا ئێسقان و گۆشت و هوون نۆ مانگ، نۆ ڕۆژ و نۆ سەحات چاوەچاو بووی تا نۆرە هات ئەتۆش وەکوو جووجیلەی مەل مایتەوە تا هەڵکەوت هەل تۆکڵت شکاند پەردەت دڕاند بەرەو ژین لەمپەرت پەڕاند تۆ لە جووجک بێ‌هێزتر بووی بێدەرەتان و پێزتر بووی ئەو دێتەدەر بە جووکەجووک بۆ دان ئەکوتێ پەل و دندووک بەڵام تۆ پلەگۆشتێ شل نە پەل، نە مل، نە گوڕ، نە تل چاونەپشکوتوو، گوێنەبیس تەوەزەل، نەگریس، سیس و پیس لەناو بێشکە قەتیس و گیر مڵچەی لێوت دەهات بۆ شیر زیقەت دەهات، شیرت دەویست دەگریای، دەبنە خۆت دەمیست ئێستا چیی؟ لە پاش سەد ساڵی چوویتەوە دەقی منداڵی چاو نابینێ، گوێ ناژنەوێ دانت نەما، شیرت دەوێ یەخسیری لەناو جێگادا مۆغەرەت زەوی بەرنادا لە وەڕەزییان ئاغڵەب خەوتووی بێ‌هێز و پێز، لەکار کەوتووی هەر سێ کارت ماوە لە ژیان خواردن و ڕینەوە و گریان * * * وادەی کۆچە گەرەک سازدەی ساز و بەرگ بۆ کوێ بەخێر؟ بەرەو مەرگ لە خاک ڕواوی، سەد ساڵ ژیاوی دەچیەوە ناو خاک، خاکاوی دەپوێی، دەڕزێی، دەبیەوە خۆڵ با دەتپڕژێنێ لە چیا و چۆڵ بەڕواڵەت هیچت نامێنێ بەڵام گڵت گیا دەڕوێنێ ژین بڕانەوەی بۆ نییە باسی من-من و تۆ نییە تۆش و زەویش و بەهاریش بەگیان، بێ‌گیان، بەرد و داریش ئەستێرە، عاسمان، مانگ و خۆر دەبن، دەچن، بە هەل، بە نۆر هەرچی ناوی ئافەریدەس بەرچاوە یا دوورەدیدەس گشتی لە سووڕ و خولدایە ون دەبن و دێنەوە کایە تۆ! تۆ! مرۆی پواوی ناو خاک! ئەگەر کارچاک بی و ژیان پاک بەناوی چاکت هەر ماوی بەیەکجاری نەفەوتاوی * * * وەرە ڕوونێ مناڵی پیر! بۆی ڕامێنە! بیرکەوە، بیر! ژمارەی مەنزوومە چەندن؟ ئەستێرەکان چەند ئەوەندن؟ یەک و خاڵ دانێ هەزاران بە ملیۆنان، بە ملیاران بە بست، بە گەز بە غار، بە بەز بە مانگ، بە ساڵ خاڵ دانێ، خاڵ ڕێزیان بکە، بیانکە هاوێر دەتوانی بیژمێری؟ نەخێر قاقەز بێنە بە تۆپ، بە بار مەرەکەو بە تەشت، بە تەغار بنووست دارە؟ قامیشە؟ دادە! بە باقە، بە گیشە بنووسە! خەت دە، خاڵ دانێ کێ دەتوانێ هەمووی ڕانێ؟ ژمارەی مەنزوومە چەندن؟ ئەستێرەکان چەند ئەوەندن؟ گیا و گژ، هەوا و کژ، مەل و موور خزۆک و گەزۆک، نەرم و زوور چرۆ، مرۆ، نەوی، بەرز لەبار، دزێو، ناحەز تەرز هەرچی لەم سەرزەمینەیە چی لەو عاسمانە شینەیە چی لە دەریا، چی لە بەژە چی لە دەشتە، چی لە کەژە چی دیارە، چی بەرپیوارە چی بە گیانە، چی گیاندارە بوون، نەبوون، مەرگ و ژیانەوە ڕێزێک سیفرن بێ بڕانەوە لەپێش یەکێ ڕیز کراون یەک نەبێ گشتی بێ باون * * * بڕوانە چۆنە ئەو یەکە ئەو هەموو سیفرەی لەتەکە وشەی سیفر واتا بەتاڵ بێ یەک، بێکارن نوختە و خاڵ یەک هەیە خاڵ دێتە ژمار یەک دەکا بە هەزار ملیار دوو، سێ، چوار، پێنج و شەش و حەوت هەشت، نۆ، دە، هەرچەندی سەرکەوت زنجیرەی دەیان سەر و خوار سەت- سەت تا دەگەن بە هەزار هەمووی هەر یەکە و چەند خاڵێک هەمووی وەچ و بەرەی ماڵێک خاوەن ماڵ یەکە، یەک سەرە چەند سیفر و خاڵی لەبەرە بێ یەک هەموو شت بەتاڵە کێڵگەی قاقڕە، کراڵە یەک باقییە، باقیی پووکە سیفر بەتاڵە و جەغزووکە بەدەور خۆیا دەخولێتەوە بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە بزۆز بێ یان بدا هەدا ناچار سەر لە بۆشی ئەدا هەر پووچە تا بێ هەواڵە سیفر جەغزێکی بەتاڵە تا تەکە زۆر بێ برەوە لەگەڵ یەک هێژا و پتەوە خاڵ با لای یەک پاڵداتەوە هیچگا خۆی دوور نەخاتەوە * * * تۆ! تۆی مناڵی دوێنێ کاڵ تازە پێت ناوەتە ناو ساڵ تۆی تازەلاو، بە گوڕ و تاو لە خاک دەرچووی، لە خۆڵ گووراو هیچ بووی، خاڵی ناوبەتاڵ بووی جوان بووی، زۆر شەنگ و شەپاڵ بووی بژی، بژی تا پیر دەبی سەدساڵە و زەمینگیر دەبی دەبیەوە منداڵی دوێنێ منداڵێک ڕیش دەبزوێنێ بۆ کوێ دەچی؟ دەبێ بمری مزڵ لە توێی خاکا بگری ئەبیەوە خۆڵ، ئەبیەوە گڵ نم دەکێشی، دەبیەوە چڵ پنج و لاسکت دەڕوێتەوە سیس دەبێ و دەوەرێتەوە گێژی لەم چەرخ و خولەتدا چی دێ بەم بیرە کولەتدا؟ هیچ بووی! سیفر بووی! بەتاڵ بووی کاڵ بووی! داتوڵای، ژێر چاڵ بووی هەزار جار بچی و بێیەوە سەد جار سیس بی و بڕوێیەوە تا خاڵی بەرنیای، واڵای لە دەورەی بەتاڵی هاڵای بەڵام ئەگەر شوێن یەک کەوی هەرچی خۆت پێت خۆشە هەوی نیشانەی لەگەڵ «یەک» بوونت بەڵگە بۆ دەراوی ڕوونت گەرەک خۆت لەبیر بەیتەوە ئاوڕ وەخۆت نەدەیتەوە بژی بۆ خزمەتی خەڵک ببی بە خاڵی بەکەڵک * * * تۆ! تۆی تازە نەمام و لاو وازبێنە لە بیری بڵاو ئاڵقەی جەغز یەکلا کەوە ببە ڕێگه‌، وە چیا کەوە سەر دەرخە لە ئاوەدانی تا تامی ژیان بزانی ببە بە جۆبار، بە ڕووبار پاراو کە مەزرای چەند هەژار ئەوسا دەڕژێیە دەریاوە بۆ ژیان دەبیە سەرچاوە تۆ کە ژیای بۆ داماوان بۆ هەژاران، زۆر لێکراوان ڕۆژ لە ڕۆژێ بڵندتری لای خەڵک و خوا پەسندتری بەس سیفرۆکەی جەغزووکە بە شەپۆل بە، گێژەڵووکە بە با گوڕەت بێ، بگرمێنە دڕک و پیسی ڕاڕفێنە هەڵەمووت بە لەناو چیا دار بەڕوو بە لەناو گیا * * * بەڵێ گیانە! باش بزانە! ئەوی لەکارە هەر یەكە بێ حەساو سیفری لە تەکە ئەستێرەی زۆر، زۆر مانگ و خۆر عاسمان و زەوی، کەم و زۆر هەرچی لەو ناوەدا هەیە هەر شتێ ئافەریدەیە سیفرە و هەر یەکێ حەساوە گش بەو یەکەوە لەباوە یەک و سیفری بێ بڕانەوە وەک زانیوتە بیزانەوە * * * یەکێ هەیە، یەکێ نییە جگە لە خوا، هیچ کەس نییە هیچ هەر نییە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرچاوەکان سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی نووسراوی: د. عه‌لی شه‌ریعه‌تی. وه‌رگێڕانی: مامۆستا هه‌ژار موکریانی. ئاماده‌کردنی: که‌ماڵ ڕه‌حمانی. سه‌رچاوه‌کان: ١ـ چوارنامیلەکەی دکتور عەلی شەریعەتی، وەرگێڕانی: مامۆستا هەژار، چاپی یەکەم، تاران، ١٣٥٨و١٣٥٩ کـ. هـ. چاپی دووهەم، هەولێر ٢٠٠٦ ز. ٢ـ فایلی ده‌نگی مامۆستا هه‌ژار خۆی ++++++++++++++++++++++