شاعیر: هەژار کتێب: یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە سەرناو: یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی یەکێ هەبوو، یەکێ نەبوو جگە لە خوا هیچ کەس نەبوو هیچ هەر نەبوو ئەو خوایە تاک و تەنیا بوو دلۆڤان و دڵاوا بوو دەیدی، دەیبیست، جوانیی دەویست وازی لە کاری ڕەوا بوو بێکاریی لا پەسند نەبوو نالەباریی پێ ڕند نەبوو لە نەبوون خۆشیی نەدەهات حەزی دەکرد لە بوون، لە هات خودا لاگیری هونەر بوو دروستکار و داهێنەر بوو با بزانین ئەو خوایە چی کرد؟ هەوری ساز دان گەواڵ-گەواڵ بەری دانە هەوای بەتاڵ گەواڵەهەوری لە چی کرد؟ لە دەنکە تۆزقاڵی زۆر ورد ئەو دەنکە تۆزقاڵەی کۆمن وردیلەی هێزی ئەتۆمن هەر وردیلەی خۆرێک لەناو بە ئەستێران دەورەدراو لەو خۆرە چەرخ و خولیانە * * * سروەی تەکاندەر ئەنگووتن گەواڵەهەور بزووتن وەک چی؟ وەک دووکەڵ، وەک گێژاو وەک گێژەڵووکەی زۆر بەتاو ئاورینگی هێنان بەگوڕ بوو بەرهەمی بڵێسە و گڕ بوو گڕ کۆوە بوو لە دەوری خۆ بنیادەم ناوی لێ نا: ڕۆ ڕۆژیش ئەتۆمی گەورەیە چەند ئەستێرەی لە دەورەیە بە دەوروبەریا خول ئەخۆن هەر خوا دەزانێ چەند و چۆن * * * بناغەی ژیان دامەزرا لە زەریا، لە بەژ، لە مەزرا قەوزە ڕوا، گیا دەرکەوت دەوەن دەرهات، دار سەرکەوت چڵمۆکە گیانی هاتەبەر دنیا پڕ بوو لە جانەوەر جانەوەرێکیان مرۆیە هەنبانەی ڕاست و درۆیە چاکیان هەیە لە باش چاتر هەیشە لە شەیتان خراتر * * * - ژین لە چییە؟ - ئاوێک، تۆوێک تۆمی گیایەک لەژێر خاکا، زۆر هەڵناکا سەر دەردێنێ، شین دەنوینێ بەخۆدا دێ، دەبێتە چڵ، دەبێتە گوڵ نەمام دەبێ بە شەنگەدار گەڵایە، لکە، میوە و بار پیر دەبێ، وشک ئەبێ، ئەپوێ لە تۆوەکەی هی تر دەڕوێ * * * دڵۆپێک ئاو: پزە، ساوایە، منداڵە لاوە، سەرەیە، پاتاڵە لە هەڵسووڕ و داسووڕدایە ئەویش وێنەی دار و گیایە چرای ژینی دەگوژێتەوە لە خاکا سەر دەنێتەوە تۆمەکەی هەڵدەداتەوە ژیان دەستپێدەکاتەوە ژیانیش هەر لە خولدایە ئاوات و نیاز خۆریەتی گیاندار یەکێ یان هەزاران لە ڕێی ژین و بووژانەوە ساڵ و مانگ بە بێ‌سانەوە بەدەوریدا سەرگەردانن وچان و پشوو نازانن دەڕوێن، دەڕۆن، دەڕوێنەوە دەگوێن، دەپوێن، دەتوێنەوە * * * یەکێ هەبوو، یەکێ نەبوو جگە لە خوا هیچ کەس نەبوو هیچ هەر نەبوو دنیا لە نەبوو هاتە دی هەوای بەرز، زەوی نەوی ڕۆژ و ئەستێرەی بێ‌ژمار... بەرەی گیاندار و گیا و دار نەدیار و بەرچاو، هەرچی بوون بێ وچان و پشوون، دەبزوون بەرەو کوێ؟ بەرەو مردن و ژیانەوە وشکبوون و هەڵدانەوە ڕۆژ و شەو، تاریک و ڕوونی گەش و سیس، بوون و نەبوونی بەرزایی، نزمیی، کەم و زۆر کەوتوونە خول لە دەوری خۆر * * * یەکێ هەبوو، یەکێ نەبوو جگە لە خوا هیچ کەس نەبوو هیچ هەر نەبوو گەمیەی جیهان لەنگەری گرت خانووچکەی ژیان سەری گرت زەوی، عاسمان، توێ لەسەر توێ پانایی لەکوێ هه‌تا کوێ بێ‌گیان و گیاندار، گچکە و زل زەمەند و مێرگ و پنج و قل وردیلە و درشتە و ناوەند ڕووبار و دەریای خوڕ و مەند کورت و درێژ و پەل و قووڵ بێوچان کەوتنە جم و جووڵ هیچی وچان نادا تاوێک خول دەخۆن بەرەو هەتاوێک * * * تۆ بڕوانە! هەموو شتی ئەم جیهانە ئەگەر سڕە، ئەگەر چڕە ئەگه‌ر واڵا، ئەگەر پڕە گشتی خڕە. مانگ و خۆر، زەوی، ئەستێرە هەزار هێندەی تر بژمێرە ئاتۆم، گلووی خوێن، تۆم و بەر بژمێرە لە هەژمار بەدەر گەر بەپەلەن، گەر لەسەرخۆن جەغزاوجەغز دێن و دەڕۆن خاک و ئاو بە شار و دێوە ئەگەر دەشتە، ئەگەر کێوە ئەگەر گیا، ئەگەر گیاندارە شەو و ڕۆژ، سبە و ئێوارە هەموو دەم و کات و ساتێک هەموو چاخێک، هەموو کاتێک بە ساڵ، بە مانگ، بە ڕۆ، بە شەو جەغزاوجەغز کەوتوونە ڕەو ڕوو بە هەتاوی خۆرێکن گشتیان لە خولدان جۆرێکن * * * یەکێ هەبوو، یەکێ نەبوو جگە لە خوا هیچ کەس نەبوو هیچ هەر نەبوو. بڵند هەبوو، نەوی هەبوو عاسمان هەبوو، زەوی هەبوو ئەستێرەی زۆر و مانگ و خۆر هەزاری نادیار و پەیدا لە بەتاڵایی بێ‌پەیدا کۆمایەکیان پێک هێناوە لای ئێمە مەنزوومەی ناوە مەنزوومەی تریش زۆر زۆرن کۆمەڵگای ئەستێرە و خۆرن چەندن؟ هەزار؟ نەخێر، ملیار؟ زۆرترن، ناهێنە هەژمار فەزا زۆر پان و بڵاوە ئافەریدەش بێ‌حەساوە هه‌ردی مه، یه‌ک له‌و کۆمه‌یه تنۆکه‌یه‌ک له‌و گۆمه‌یه‌ * * * ئەگەر تۆ بە ژمارە فێری ئەتەوێ خواکرد بژمێری قاقەزێکی درێژ ڕاخە بەئیشتیا شانی لێ داخە یەک بنووسە بیکە بە دە بیکە بە سەت وچان مەدە! بیکە بە هەزار بە ملیار خاڵ دانێ بە هەزار-هەزار قاقەز بڕا، هی تر بێنە بە خاڵانی بنەخشێنە هەڵچۆڕا ئەم مەرەکەوە مەرەکەوی تر بگرەوە تا دەتوانی خاڵ دانێ، خاڵ مەپسێنەوە بە مانگ، بە ساڵ تۆ ماندوو بووی بیدە بە من هەزار هاوکاریش هەر کەمن بێ وچان خۆت و هەزاران بە شەوگاران، بە ڕۆژگاران هەموو دەم، هەموو کاتی ساڵ لە پەنا یەک خاڵ ڕیز کەن خاڵ خەو دایگرتی، یان نانت خوارد؟ لە خاڵ ڕیزکردن خۆتت بوارد؟ با کوڕەکەت، با نەوەکەت بچن لەشوێن کردەوەکەت خۆت و هاوکارانی پیرت هاوسەفەری زەمینگیرت بۆ گەمەی وەخت ڕابواردن خەریک بن بە خاڵ بژاردن هەر یەکە و خاڵ بێ بڕانەوە گێژ دەبن لە لێکدانەوە * * * پیری لەرزی لەکارکەوتوو! زورهانی لە جێدا کەوتوو! بێکار وەرکەوە، بیرکەوە خۆت خاڵی بەپاڵ یەکەوە دێتەوە بیرت مناڵ بووی؟ شلک و ساوا، کرچ و کاڵ بووی؟ تاوێک لەسەر سنگ ئەخزی دەگریای لەبەر وەڕەزی دەس بە ڕەوڕەوە دەگەڕای بەدەس هەڵگێڕ-وەرگێڕ دەکرای زل بووی، فێربووی خاڵ ببژێری لە کاروبار خۆ ببوێری گەورەتر ئاگایان لێت بوو دای و باب هیوایان پێت بوو پلە-پلە بەرەژوور چووی پێت نایە سەتەوە، پیر بووی چوویتەوە دەقی منداڵی نەبەگە و شلی و بەتاڵی هەتا ساوا و لەبەرچاو بووی گەمەجاڕی دای و باو بووی ئێستا لەپاش دەیان ساڵان بوویتە گەپجاڕی منداڵان خوێنشیرنۆکە بووی بە کاڵی ئێستا منداڵی خوێنتاڵی * * * ڕاکشێ! داکشێ! بیرکەوە بیر پێشتر چ بووی مناڵی پیر! ژن و پیاگێ پێک گەیشتن بە چاو، بە دڵ، تێک گەیشتن دڵۆپێک لەو، تنۆکێک لەم لەناو پزدانێک کران جەم تێکەڵاو بوون بۆ تەواو بوون گوورا ئێسقان و گۆشت و هوون نۆ مانگ، نۆ ڕۆژ و نۆ سەحات چاوەچاو بووی تا نۆرە هات ئەتۆش وەکوو جووجیلەی مەل مایتەوە تا هەڵکەوت هەل تۆکڵت شکاند پەردەت دڕاند بەرەو ژین لەمپەرت پەڕاند تۆ لە جووجک بێ‌هێزتر بووی بێدەرەتان و پێزتر بووی ئەو دێتەدەر بە جووکەجووک بۆ دان ئەکوتێ پەل و دندووک بەڵام تۆ پلەگۆشتێ شل نە پەل، نە مل، نە گوڕ، نە تل چاونەپشکوتوو، گوێنەبیس تەوەزەل، نەگریس، سیس و پیس لەناو بێشکە قەتیس و گیر مڵچەی لێوت دەهات بۆ شیر زیقەت دەهات، شیرت دەویست دەگریای، دەبنە خۆت دەمیست ئێستا چیی؟ لە پاش سەد ساڵی چوویتەوە دەقی منداڵی چاو نابینێ، گوێ ناژنەوێ دانت نەما، شیرت دەوێ یەخسیری لەناو جێگادا مۆغەرەت زەوی بەرنادا لە وەڕەزییان ئاغڵەب خەوتووی بێ‌هێز و پێز، لەکار کەوتووی هەر سێ کارت ماوە لە ژیان خواردن و ڕینەوە و گریان * * * وادەی کۆچە گەرەک سازدەی ساز و بەرگ بۆ کوێ بەخێر؟ بەرەو مەرگ لە خاک ڕواوی، سەد ساڵ ژیاوی دەچیەوە ناو خاک، خاکاوی دەپوێی، دەڕزێی، دەبیەوە خۆڵ با دەتپڕژێنێ لە چیا و چۆڵ بەڕواڵەت هیچت نامێنێ بەڵام گڵت گیا دەڕوێنێ ژین بڕانەوەی بۆ نییە باسی من-من و تۆ نییە تۆش و زەویش و بەهاریش بەگیان، بێ‌گیان، بەرد و داریش ئەستێرە، عاسمان، مانگ و خۆر دەبن، دەچن، بە هەل، بە نۆر هەرچی ناوی ئافەریدەس بەرچاوە یا دوورەدیدەس گشتی لە سووڕ و خولدایە ون دەبن و دێنەوە کایە تۆ! تۆ! مرۆی پواوی ناو خاک! ئەگەر کارچاک بی و ژیان پاک بەناوی چاکت هەر ماوی بەیەکجاری نەفەوتاوی * * * وەرە ڕوونێ مناڵی پیر! بۆی ڕامێنە! بیرکەوە، بیر! ژمارەی مەنزوومە چەندن؟ ئەستێرەکان چەند ئەوەندن؟ یەک و خاڵ دانێ هەزاران بە ملیۆنان، بە ملیاران بە بست، بە گەز بە غار، بە بەز بە مانگ، بە ساڵ خاڵ دانێ، خاڵ ڕێزیان بکە، بیانکە هاوێر دەتوانی بیژمێری؟ نەخێر قاقەز بێنە بە تۆپ، بە بار مەرەکەو بە تەشت، بە تەغار بنووست دارە؟ قامیشە؟ دادە! بە باقە، بە گیشە بنووسە! خەت دە، خاڵ دانێ کێ دەتوانێ هەمووی ڕانێ؟ ژمارەی مەنزوومە چەندن؟ ئەستێرەکان چەند ئەوەندن؟ گیا و گژ، هەوا و کژ، مەل و موور خزۆک و گەزۆک، نەرم و زوور چرۆ، مرۆ، نەوی، بەرز لەبار، دزێو، ناحەز تەرز هەرچی لەم سەرزەمینەیە چی لەو عاسمانە شینەیە چی لە دەریا، چی لە بەژە چی لە دەشتە، چی لە کەژە چی دیارە، چی بەرپیوارە چی بە گیانە، چی گیاندارە بوون، نەبوون، مەرگ و ژیانەوە ڕێزێک سیفرن بێ بڕانەوە لەپێش یەکێ ڕیز کراون یەک نەبێ گشتی بێ باون * * * بڕوانە چۆنە ئەو یەکە ئەو هەموو سیفرەی لەتەکە وشەی سیفر واتا بەتاڵ بێ یەک، بێکارن نوختە و خاڵ یەک هەیە خاڵ دێتە ژمار یەک دەکا بە هەزار ملیار دوو، سێ، چوار، پێنج و شەش و حەوت هەشت، نۆ، دە، هەرچەندی سەرکەوت زنجیرەی دەیان سەر و خوار سەت- سەت تا دەگەن بە هەزار هەمووی هەر یەکە و چەند خاڵێک هەمووی وەچ و بەرەی ماڵێک خاوەن ماڵ یەکە، یەک سەرە چەند سیفر و خاڵی لەبەرە بێ یەک هەموو شت بەتاڵە کێڵگەی قاقڕە، کراڵە یەک باقییە، باقیی پووکە سیفر بەتاڵە و جەغزووکە بەدەور خۆیا دەخولێتەوە بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە بزۆز بێ یان بدا هەدا ناچار سەر لە بۆشی ئەدا هەر پووچە تا بێ هەواڵە سیفر جەغزێکی بەتاڵە تا تەکە زۆر بێ برەوە لەگەڵ یەک هێژا و پتەوە خاڵ با لای یەک پاڵداتەوە هیچگا خۆی دوور نەخاتەوە * * * تۆ! تۆی مناڵی دوێنێ کاڵ تازە پێت ناوەتە ناو ساڵ تۆی تازەلاو، بە گوڕ و تاو لە خاک دەرچووی، لە خۆڵ گووراو هیچ بووی، خاڵی ناوبەتاڵ بووی جوان بووی، زۆر شەنگ و شەپاڵ بووی بژی، بژی تا پیر دەبی سەدساڵە و زەمینگیر دەبی دەبیەوە منداڵی دوێنێ منداڵێک ڕیش دەبزوێنێ بۆ کوێ دەچی؟ دەبێ بمری مزڵ لە توێی خاکا بگری ئەبیەوە خۆڵ، ئەبیەوە گڵ نم دەکێشی، دەبیەوە چڵ پنج و لاسکت دەڕوێتەوە سیس دەبێ و دەوەرێتەوە گێژی لەم چەرخ و خولەتدا چی دێ بەم بیرە کولەتدا؟ هیچ بووی! سیفر بووی! بەتاڵ بووی کاڵ بووی! داتوڵای، ژێر چاڵ بووی هەزار جار بچی و بێیەوە سەد جار سیس بی و بڕوێیەوە تا خاڵی بەرنیای، واڵای لە دەورەی بەتاڵی هاڵای بەڵام ئەگەر شوێن یەک کەوی هەرچی خۆت پێت خۆشە هەوی نیشانەی لەگەڵ «یەک» بوونت بەڵگە بۆ دەراوی ڕوونت گەرەک خۆت لەبیر بەیتەوە ئاوڕ وەخۆت نەدەیتەوە بژی بۆ خزمەتی خەڵک ببی بە خاڵی بەکەڵک * * * تۆ! تۆی تازە نەمام و لاو وازبێنە لە بیری بڵاو ئاڵقەی جەغز یەکلا کەوە ببە ڕێگه‌، وە چیا کەوە سەر دەرخە لە ئاوەدانی تا تامی ژیان بزانی ببە بە جۆبار، بە ڕووبار پاراو کە مەزرای چەند هەژار ئەوسا دەڕژێیە دەریاوە بۆ ژیان دەبیە سەرچاوە تۆ کە ژیای بۆ داماوان بۆ هەژاران، زۆر لێکراوان ڕۆژ لە ڕۆژێ بڵندتری لای خەڵک و خوا پەسندتری بەس سیفرۆکەی جەغزووکە بە شەپۆل بە، گێژەڵووکە بە با گوڕەت بێ، بگرمێنە دڕک و پیسی ڕاڕفێنە هەڵەمووت بە لەناو چیا دار بەڕوو بە لەناو گیا * * * بەڵێ گیانە! باش بزانە! ئەوی لەکارە هەر یەكە بێ حەساو سیفری لە تەکە ئەستێرەی زۆر، زۆر مانگ و خۆر عاسمان و زەوی، کەم و زۆر هەرچی لەو ناوەدا هەیە هەر شتێ ئافەریدەیە سیفرە و هەر یەکێ حەساوە گش بەو یەکەوە لەباوە یەک و سیفری بێ بڕانەوە وەک زانیوتە بیزانەوە * * * یەکێ هەیە، یەکێ نییە جگە لە خوا، هیچ کەس نییە هیچ هەر نییە. ++++++++++++++++++++++