شاعیر: هەژار کتێب: یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە سەرناو: منداڵەکانمان دەیزانن سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی منداڵەکانمان دەیزانن: پیاوی هەژار، پیاوی بێ‌هێز، با چاکیش بێ، با پاکیش بێ، بەرچاو نییە. نەدار سووکە لەبەر چاوان؛ ناخرێتە ناو ڕێزی پیاوان. کەس فەقیری پێ پیاو نییە. بەڵام هەرکێ خاوەن زێڕە، خاوەن زۆرە، ئەگەر پیسە، ئەگەر ڕەشە، ئەگەر بۆرە، لە بەرچاوان زل و زۆرە. دەراوی دەمی ناخۆش بێ، دەم پیس بێ، جنێو فرۆش بێ، دەڵێن پیاوێکی زۆر زانە، لفت خۆش، گفت ڕەوانە، قسەی جوانە، کاری جوانە، شارەزای شارەزایانە. باری گەلانیش هەر واسە: ڕۆژێ کە ئیسلام باوی بوو، لەناو گەلاندا ناوی بوو، زێڕی هەبوو، زۆری هەبوو، چی بیگوتا، هەر ئەوە بوو. مامۆستاکانی ڕۆژئاوا -لە فێرگە، لە زانستگایان، لەناو کۆڕی کەیخودایان- کاریان لاسای موسوڵمان بوو، دابی ئەوانیان پێ جوان بوو. کەوای شۆڕیان دەبەر دەکرد، عەمامەیان لەسەر دەکرد، ئەدای ڕازی و ئەبووعەلی و دینەوەریان و غەزالی و کێ و کێی دیکەیان دەردێنا. چۆن ئێستا مامۆستاکانمان -کە نەدارین- لاسای ئەوان دەکەنەوە، قەرزی کۆنە دەدەنەوە! لە جێژنەدا کڵاوی لەنگەری لەسەر؛ جبەی قۆڵ فش و فۆڵ دەبەر؛ ئەدای ڕۆژاوا دەردێنن؛ ئورووپاییانە دەنوێنن! دەس‌ڕەنگینانی خاچ‌پەرست کە دەسکردێکیان ڕێک دەخست، فێڵیان دەکرد، مۆری 'اللە'یان لێ دەدا؛ ڕەنگی ئیسلامیان پێ دەدا. تا وابزانن ئەو کارانە هی وڵاتی موسڵمانە؛ کاری شام و بوخارایە، کرگاری بەڵخ و بەغدایە، ئەستەنبوڵە، تووسە، ڕەیە، کاری وەستای غڕنادەیە. تەنانەت خاچی گەردنبەند 'اللە'یەکیان لێ هەڵدەکەند. ئەوا ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی بارکەوتوو، لە ناو گوێچکەی گادا خەوتوو، «MADE IN» لە دەسکاریان دەدەن، لاسای ڕۆژاواییان دەکەن. بوو بە شەڕی خاچپەرستان؛ دوو هۆردوو بەرانبەر وەستان. پێک هەڵپرژان؛ تێک هەڵچرژان. یەکیان گرت خاچپەرست و جوو. ڕێزی دوژمنان پتەو بوو. ئیسلام لێک جودا بوونەوە؛ بەرەو نەزانی چوونەوە. سڕ بوون؛ بوونە مارانگەستە. بوون بە سەد تیرە، سەد دەستە. تێک بەربوون و پێک وەربوون؛ بە جارێک بێ سەر و بەر بوون. شیعە و سوننی، تورک و عەڕەب، فارس و تورک، تورک و بەڕبەڕ، لەهەموو لایەک بوو بە شەڕ. هاودین بە هاودینی دەڵێ: من دادەمەزرێم، تۆ هەڵێ! هەر یەک لەوانەش پێکەوە ـ خۆبەخۆیی، بەنامۆیی ـ شەڕ و هەرا و قیڕەیانە؛ گیڕەیانە. هەر لە شیعە چەند تیرە هەس؛ هیچ کەس ناپێوێ بەڕبەی کەس: نیعمەتی، سۆفی، حەیدەری، شێخی، ئەمەل، باڵاسەری، پایین سەری، یەکێ ـ دوازدەیی، یەک ـ هەشتە. زۆری دیش هەن. تەنانەت بابی و بەهاییش، عەلیەڵڵاییش لە مەیدانا هەرایانە! داوایانە! سوننی چوار مەزهەب هەزار توێ، هەمووی شیر لەیەکتر دەسوێ؛ بێ تام و خوێ. سۆفی، دەروێش، قادرییە، چەشتی، نەخشی، سۆرەوەردییە، نووربەخشی. هەر یەکەی چەند لکی هەیە. پێکەوە مشتومڕیانە؛ لێکدان و قڕەقڕیانە! جاران حەفتا و دوو تیرە بووین، ئێستا لە حەوسەد زیاترین؛ لە هەموو دەم بەربادترین. ئیسلام گوتی: خودا یەکە؛ قورئان یەکە؛ قیبلە یەکە. کەچی ئێمە هەزار خودا دەپەرستین؛ بۆیە پەستین؛ بۆیە بە دوژمن ناوەستین. هەزاران ڕووگەمان هەیە. گۆڕی هەر ئیمامزادەیەک، بارەگای هەر شێخزادەیەک، شەخس، نەزەرگە، قسنەکۆن ـ ڕاست یان درۆن ـ جێ چلدانە و نیازمانن؛ پێکهێنەری داخوازمانن. کاولەکۆن، ئێسقانی ڕزیو، داتەپیو، پواو، هەڵوەریو، لە چۆڵگان، لە دێ، لە شاران، بوونە جێ هانا و هاواران. چاووڕاوکەرانی دەسبڕ، بە قسەی پڕوپووچ و بن شڕ، خودای پاکیان، خودای تاکیان لەبیر کردین؛ سووژدەیان بۆ خاک پێ بردین. کانگای مێشک و بیریان دەرداین؛ تێکیان وەرداین، تێکیان بەرداین. لەبەر شەڕی خۆبەخۆیی، لەبەر بێ ڕاهێڵ و پۆیی، کز بووین؛ زەبوون بووین؛ تێداچووین؛ دەتگوت نەبووین! مەغۆل هات سووتاندی؛ بردی؛ کوشتی؛ کردی هەرچی کردی. سەرێک ما ئەوسا بۆی دەرچوو. دەورانی (چەنگیز) بەسەرچوو. بەڵام ئێمە، ئێمەی خەو-خەو، بێهۆش، کەلەلا ڕۆژ و شەو، لەسەر موجتەهید، لەسەر شێخ، لەسەر دەف، لەسەر زه‌رگ و مێخ، شەڕمان، گەڕمان ئەنایەوە، ئاوڕمان نەئەدایەوە. تا فەڕەنگ هات. چ بوون فەرەنگ؟ مرۆخۆرانی بەرچاوتەنگ. بەفێڵ، بەجەنگ، قاویان کردین؛ ڕاویان کردین؛ چاویان بەستین. لەوساوە ناتوانین هەستین، سست و پەستین. ئێمەی لە گوێی گادا خەوتوو، بە سەدە و ساڵ، مانگ و حەوتوو ـ هەر کۆست کەوتوو ـ سەرمان کاسە؛ هەر نەمانزانی چ باسە. لە شوێن کۆنەکێلان وێڵین؛ زورک و ڕەقەنان دەکێڵین. کێشەی کۆنمان ژیاندۆتەوە. تۆوی شەڕمان چاندۆتەوە. با شەن دەکەین! دڕوو دەدرووین! بە سەرڕەو بەرەو پاش دەبزووین. فەلە زل بوون؛ جوو بوو بە شت. بەشی ئێمەش: هەر قت، هەر فت، هەر گزوفت. ئەوان بە پیتۆڵی و گزی، زۆریان هێنا، زێڕیان دزی. دژ داماین بە لەڕی و کزی! نامۆ بوونە داگیرکەرمان؛ پارویان ڕفاند لە بەرمان؛ بوونە کەیخودا لەسەرمان. ئەوان ئاغان، ئێمە ژێر دەست؛ ئەوان دەسدار، ئێمە بێدەست. بە عەزرەتەوە دەڕوانین؛ خۆمان زۆر بەکەم دەزانین. فەرەنگی جوانە! زۆرزانە! کەی ئەو وەکوو مەمانانه؟ ! ـ ئێمە چین؟ ـ چینی هەژارین. ئەوان ڕاستن، ئێمە خوارین؛ نالەبارین. هەژار زاناش بێ، نەزانە. دارا شورەییشی جوانە. وا بەرەی پێگەیشتوومان ـ بە ناخێر ـ تێگەیشتوومان، شتی خۆی لە لا دزێوە. هەر لە جێوە، بە سەد شێوە، ئەدای فەرەنگی دەردێنێ؛ وە زوان ئاغا دەماندوێنێ. بۆتە مەیمون لاساکەرە؛ «بەلاش گۆشتی سەر چەپەرە.» ئاغاش هەر ئەوەندەی دەوێ، بازاڕی لە برەو نەکەوێ. گەرەکیە ئەدای دەربێنن؛ خۆی چی ئەکا وا بنوێنن. کارەکانمان، شارەکانمان، نوسەرانمان، خۆنەرانمان، پیاوی پیتۆڵ و چازانمان، حاڵمان باڵمان، ژیانی ناو ماڵ و مناڵمان، ژنمان، پیاومان، گشت و خاومان، تەنانەت لەقەم و ناومان، دەمەلاسکەیەک لەوان بێ؛ تا کلیلمان هەر بەوان بێ! بەڵێ داگیرکەرەکانمان، ڕزق و ڕۆزی بەرەکانمان، نایانەوێ خۆ بناسین. تا وا کاسین بۆ وان خاسین. ئەوان دەترسن تێ بگەین، لە داو بەربین و پێ بگەین. تا بێ فکر و بیر نه‌به‌رین، تا له خۆمان بێ خه‌به‌رین، بۆ وان مانگاین، ئه‌سپین، کەرین، بارەبەریــن، شیرمان دەخۆن؛ بارمان ده‌کەن؛ سوارمان دەبن؛ غارمان دەدەن؛ لە سەد بەرد و دارمان دەدەن. ـ تا دەخۆی بخۆ! قەڵەو بە! بۆ کاری بێگار پتەو بە! ـ ئەبینی؟ ـ هیچ! ـ ئەژنەوی؟ ـ هیچ! ـ چ دەبینی؟ ـ بەژن و باڵای رێکی ئاغا لە وەتاغا، لە قۆناغا، ژن و ئەسپ و سامانەکەی، جامانەکەی، تەشک و داو و دامانەکەی! ـ چ دەژنەوی؟ ـ لاف و گەزاف و چاو و ڕاو، باسی گۆشتاو، باسی پڵاو، چەند شات و شووت، گفتی چرووک، قاقای بڵحانـە، قسەی سـووک. ـ خۆت خەریک کە بە دەرەوە! تەنیا هەر بیر مەکەرەوە! تێ مەگە چۆن دزی دەکا؛ گزی دەکا! دێ و دەچێ بێ هەست و چرپە؛ بەبێ خورپە؛ وەکو مام رێوی؛ وەک گورپە. لە جووجەڵان دەرفەت دێنێ، بیر و مێشکیان لێ دەڕفێنێ؛ بە کەیفی خۆی ڕایان دێنێ. ئەگەر گەورەکان تێ ناگەن، مێشکیان بەتاڵە و پێ ناگەن، با لاوەکانمان وشیار بن؛ دوژمن بناسن، بە کار بن؛ با هاوکار بن. لە لاسایی خۆ رزگار کەن. لە داگیر کەر خۆ قوتار کەن. با ئازاد بن؛ با ئازا بن. پیاوی خۆ بن؛ پیاوی خوا بن. لە هەق خوازی ڕانەوەستن؛ تەنیا پشت بە خوا ببەستن. هەر یەکە شیاوی پەرستن. هۆی بوون و مان، ئەو یەکەیە. ئیتر هەر چییەکی تر هەیە، خاڵە لە پەنا ئەو یەکە: خاڵ و سیفری بێ بڕانه‌وه‌ عه‌لی شه‌ریعه‌تی ++++++++++++++++++++++