شاعیر: هەژار کتێب: پێنج ئەنگوست دەبنە یەک مست سەرناو: پێشەکی سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی «به ناوی خوا» ئه‌م نامیلکه په‌خشانێکی ـ به‌ ڕه‌سه‌ن ـ ڕووسیه؛ نووسراوه‌ی بریژیت ونگوربورسکی؛ که به چه‌ند زمانان وه‌رگه‌ڕاوه‌ته‌وه. ساڵی ١٣٦٢ هه‌تاوی، ١٩٨٣ زایینی «کانون پرورش فکری کودکان و جوانان» به‌رگێک له‌و کتێبه‌ی پێدام ـ که له ئاڵمانی ڕا وه‌رگه‌ڕابوه سه‌ر فارسی و چاپ کرا بوو ـ بیکه‌مه‌ کوردی و و چاپی که‌ن. وه‌رگێڕاوه زۆر خاو و خلیسک و بێ تام، نه‌خشه‌کانیشی نه‌پۆڕ و ناشیرین بوون؛ به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش شوێنی هه‌ستی ناسکی نووسه‌ره‌که‌ی‌ ـ وه‌کوو ئاوێ پووش و په‌ڵاش دایپۆشیبێ ـ جارجاره‌ خۆی به‌رچاو ده‌خست و ده‌رده‌که‌وت که چۆناوچۆن توانیویه وه‌ستایانه، بناغه‌ی ئه‌و چیرۆکه کورته داڕێژێ و له ئاکامدا قسه‌یه‌کی خۆش، بکاته ئامۆژگارییه‌کی پوخت و پاراو. هه‌رچه‌ندی حه‌ولمدا، نه‌ئه‌سلی نووسراوه‌ و نه هیچ وه‌رگیراوێکی ـ به هیچ زمانێ ـ ده‌ستم نه‌که‌وت. فارسییه‌که‌ش ئه‌وه‌ حاڵیه‌تی. دیاره به‌م جۆره بۆ منێک که تازه گاره‌گاره کوردیم ده‌خوێند و لاره‌لاره‌یه‌ک ده‌منووسی، کاری وا مه‌یسه‌ر نه‌ده‌بوو. بردمه خزمه‌تی بلیمه‌تی وه‌رگێڕان، خوالێخۆشبوو «مامۆستا هه‌ژار» و له‌سه‌ر تا خوار نووک و به‌دی کاره‌که‌م بۆ گێڕایه‌وه. مامۆستا سووکه‌چاوێکی پێدا خشاند؛ که‌یفی گرتی. وه‌ک بڵه‌ی ئه‌م پێنج ئه‌نگوسته‌، ئه‌و پێنج زاره‌وه‌ی زمانی کوردی وه‌بیر هێنابۆوه‌ ـ که هیچیان ئه‌وانی دیکه به هیچ ناگرن! ـ فه‌رمووی: زۆر باشه کارێکی له‌گه‌ڵ ده‌که‌م. چه‌ن ڕۆژ له‌ودوا بانگی کردم؛ که خوێندیه‌وه، وه‌ک مردوێکی زیندوو کردبێته‌وه، وا بوو. زۆر ئافه‌رینم له خۆم کرد! جا توخوا حه‌یف نه‌بوو ئه‌و ئه‌ستێره جوانه، له ئاسمانی زمان و فه‌رهه‌نگی کوردیدا ـ بۆ مناڵ و تازه‌لاومان ـ وه‌دی نه‌یێت و نه‌بێت و خۆ نه‌نوێنێ و نه‌دره‌وشێ و چاو هه‌ڵنه‌یێنێ؟ وه‌ک ڕۆڵه‌یه‌کی خۆشه‌ویست، له ده‌ستی مامۆستام سه‌ند و پۆشته‌م کرد و دام به «کانون پرورش فکری کودکان و جوانان»؛ به‌و مه‌رجه بیده‌ن نه‌خش و نیگارێکی جوان و له‌باری هێژای ئه‌و کاره‌ی بۆ ساز که‌ن. «به‌ڵێ به چاوان»یان گوت و لێیان ساندم. ئیتر خه‌به‌رێکی نه‌بوو، تا بیستم له چاپ ده‌رچووه‌. چاوم پێکه‌وت سڕی کردم. به‌ بێ ئه‌وه‌ی خۆ ماندوو که‌ن، هه‌ر به‌و وێنه بێ فه‌ڕانه‌ی فارسییه‌که‌ی و به چه‌ن هه‌ڵه‌ و په‌له‌یه‌که‌وه، چاپیان کرد بوو. ئێستا که هه‌ژده ساڵ له‌و ماوه ڕاده‌برێ و چه‌ن ساڵه له سنه ده‌ژیم، له‌م شاره‌ ـ له‌ خوا به‌ زیاد بێ ـ زۆر هونه‌رمه‌ندی به‌رز و به هه‌ستم دیون، که هه‌ر کام له کاری خۆیدا، ئه‌توانم بێژم هه‌ڵکه‌وته‌ن. یه‌ک له‌وانه، لاوی ده‌س نه‌خشین و زیره‌ک، کاک «بهزاد تارا»یه‌؛ که هه‌ر ناسیم و چه‌ن کارێکم چاو پێکه‌وت، که‌وتمه‌وه بیری «پێنج ئه‌نگوست». له‌و لاشه‌وه به ناوبژی برای کوردم «علیرضا اشرافی» که ئێستا به‌رپرسی «کانون» له پارێزگای کوردستانه ـ سه‌باره‌ت به‌م نامیلکه‌یه‌ پێک هاتین که که‌سمان له که‌س بێ و من له ڕابردوو واز بێنم و ئه‌وانیش کاریان به داهاتوو نه‌بێ. به‌م جۆره «پێنج ئه‌نگوست» جارێکی تر به‌ وێنه‌یه‌کی تر، ڕووناکی ده‌بینێته‌وه؛ که هیوادارم منداڵانی خوێن شیرین و لاوانی خۆشه‌ویستمان په‌سه‌ندی که‌ن‌. ماجد مردوخ روحانی هاوینی ١٣٨٠ (٢٠٠١ ز) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنج ئەنگوست دەبنە یەک مست سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی وەک ئەیزانن هەموو دەسێ پێنج قامکی هەس: تووتە، براتووتە، باڵابەرزە١، قامکی شادە، قامکەگەورە. هەبوو نەبوو، دوو دەست هەبوو: یەکێ شین بوو، یەکێ سوور قامکەکانی پەنجەی شین، دایم و دەرهەم٢ لێک دوور بوون؛ خۆپەسەند و ناجوور بوون. قامکەگەورەی ورگ٣ زل، تەوەزەل٤ و تەپ و فل٥، ئەیوت: ئاشنا ناخوازم٦، لە لاوازان جیاوازم خەنینی٧ ئەهات شادە، ئەیوت: بەسیە ئیفادە تۆ ناوت ئەسپێ کوژە، من ناوم دۆشاومژە ناز دەکا باڵابەرزە: کێ وەک من جوان و تەرزە٨؟ خشڵ٩ و خەمڵ و لەرزانە، شیاوی باڵابەرزانە براتووتە ـ وە بۆڵە ـ ئەنگوستیلەی لە کۆڵە ئێژێ: من دەوڵەمەندم ئیتر وەچی دەربەندم تووتەی پۆخەکەی١٠ پووتە١١ کورتەباڵایە، ڕووتە سەری دەبەرخۆی ناوە لەم ناوە بێکەس ماوە. پێنج قامکی سوور لەولاوە پاڵیان پێکەوە داوە لە پەنای یەک وەک برا گشتی قیت ڕاوەستاوە بە هەرەوەز١٢ کار دەکەن پێکەوە دار بار دەکەن بە هەر قامکێ شین دەگەن شەپەڵاغەی١٣ لێ دەدەن زلەی شینیان هاتەبەر چت خوارگە ترش و چۆنەر؟ ١٤ دایانە بەر پێلەقە تا لێیان بڕی نەقە باڵابەرزیان لەم لاوە لەبەر یەک ئەکێشاوە دوو لە خوار، دوو لە سەرێ وەختا بوو جیقی دەرێ براتووتە ڕووت کریا ئەنگووستیلەکەی بریا قیلیان دە ڕووی هەڵساوی هەر مابوو کونی چاوی تووتەکەشیان دۆزیەوە وەک تۆپ دەیانقۆزیەوە ئەگریا: داڵکە١٥ مردم وڵم کەن١٦، من چە کردم١٧؟ تووتە کەوتە سەر زەوین ئەمجار سوورەکان ڕەوین١٨ شینەکانی هاوماڵی دڵیان سووزیا وە حاڵی وتیان: ئێمەی خۆ پەسەن خۆمان خۆمان کردە پەن هەتا وا لێک بڵاو بین ئەشێ سەر بێ کڵاو بین لەمەولا یەکتر دەگرین ئازا دەژین تا نەمرین کۆڕێکیان بەست١٩ وەک برا پەیمانی یەکبوون درا سوورە ڕەچاویان کردن زوو شاڵاویان بۆ بردن شینەکان وە قینەوە پێشیان لێ بڕینەوە دەسکرا بە گەف کردن٢٠ دەگەڵ خۆ بە سەف کردن شین خۆیان خڕ کردەوە ناو لەپیان پڕ کردەوە سازیان کرد مستەکۆڵە بۆ ئەستاندنی تۆڵە هەروا سوورە و ڕا دەکا تۆز و خۆڵ بە با دەکا نەیانزانی پێنج ئەنگوست یەکتر بگرن دەبنە مست دەمی زۆردار دەشکێنن تۆڵەی خۆیان دەستێنن ١. باڵابه‌رزه‌: زه‌ڕنه‌قووته. ٢. دایم و ده‌رهه‌م: هه‌موو کاتێ؛ هه‌رچی وه‌خته. ٣. ورگ: زگ؛ سک. ٤. ته‌وه‌زه‌ل: ته‌مه‌ڵ؛ له‌شگران. ٥. ته‌پ و فل: سست؛ ته‌مه‌ڵ له ڕۆیشتن. ٦. ناخوازم: نامه‌وێ؛ نه‌مگه‌ڕه‌که. ٧. خه‌نین: پێکه‌نین. ٨. ته‌رز: له‌بار؛ ڕێکوپێک. ٩. خشڵ: زێڕ و زه‌نبه‌ر؛ زیوه‌ر. ١٠. پۆخه‌که‌: له‌ڕ و لاواز، بێفه‌ڕ. ١١. پووت: کورت و قه‌ڵه‌و. خله‌میتان. ١٢. هه‌ره‌وه‌ز: به‌گه‌ل کار کردن. ١٣. شه‌په‌ڵاغه‌: زلله؛ شه‌قه‌زله. ١٤. چت خواد ترش و چۆنه‌ر: یانی جا وه‌ره‌ بیکوته. ١٥. داڵک: دایک. ١٦. وڵم که‌ن: وازم لێ بێنن. ١٧. چه کردم: چم کردووه. ١٨. ڕه‌وین: بڵاوه‌یان کرد. ١٩. کۆڕبه‌ستن: کۆبوونه‌وه‌. ٢٠. گه‌ف کردن: ترساندن؛ هه‌ڕه‌شه کردن. ++++++++++++++++++++++