شاعیر: هەژار کتێب: پێنج ئەنگوست دەبنە یەک مست سەرناو: پێنج ئەنگوست دەبنە یەک مست سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی وەک ئەیزانن هەموو دەسێ پێنج قامکی هەس: تووتە، براتووتە، باڵابەرزە١، قامکی شادە، قامکەگەورە. هەبوو نەبوو، دوو دەست هەبوو: یەکێ شین بوو، یەکێ سوور قامکەکانی پەنجەی شین، دایم و دەرهەم٢ لێک دوور بوون؛ خۆپەسەند و ناجوور بوون. قامکەگەورەی ورگ٣ زل، تەوەزەل٤ و تەپ و فل٥، ئەیوت: ئاشنا ناخوازم٦، لە لاوازان جیاوازم خەنینی٧ ئەهات شادە، ئەیوت: بەسیە ئیفادە تۆ ناوت ئەسپێ کوژە، من ناوم دۆشاومژە ناز دەکا باڵابەرزە: کێ وەک من جوان و تەرزە٨؟ خشڵ٩ و خەمڵ و لەرزانە، شیاوی باڵابەرزانە براتووتە ـ وە بۆڵە ـ ئەنگوستیلەی لە کۆڵە ئێژێ: من دەوڵەمەندم ئیتر وەچی دەربەندم تووتەی پۆخەکەی١٠ پووتە١١ کورتەباڵایە، ڕووتە سەری دەبەرخۆی ناوە لەم ناوە بێکەس ماوە. پێنج قامکی سوور لەولاوە پاڵیان پێکەوە داوە لە پەنای یەک وەک برا گشتی قیت ڕاوەستاوە بە هەرەوەز١٢ کار دەکەن پێکەوە دار بار دەکەن بە هەر قامکێ شین دەگەن شەپەڵاغەی١٣ لێ دەدەن زلەی شینیان هاتەبەر چت خوارگە ترش و چۆنەر؟ ١٤ دایانە بەر پێلەقە تا لێیان بڕی نەقە باڵابەرزیان لەم لاوە لەبەر یەک ئەکێشاوە دوو لە خوار، دوو لە سەرێ وەختا بوو جیقی دەرێ براتووتە ڕووت کریا ئەنگووستیلەکەی بریا قیلیان دە ڕووی هەڵساوی هەر مابوو کونی چاوی تووتەکەشیان دۆزیەوە وەک تۆپ دەیانقۆزیەوە ئەگریا: داڵکە١٥ مردم وڵم کەن١٦، من چە کردم١٧؟ تووتە کەوتە سەر زەوین ئەمجار سوورەکان ڕەوین١٨ شینەکانی هاوماڵی دڵیان سووزیا وە حاڵی وتیان: ئێمەی خۆ پەسەن خۆمان خۆمان کردە پەن هەتا وا لێک بڵاو بین ئەشێ سەر بێ کڵاو بین لەمەولا یەکتر دەگرین ئازا دەژین تا نەمرین کۆڕێکیان بەست١٩ وەک برا پەیمانی یەکبوون درا سوورە ڕەچاویان کردن زوو شاڵاویان بۆ بردن شینەکان وە قینەوە پێشیان لێ بڕینەوە دەسکرا بە گەف کردن٢٠ دەگەڵ خۆ بە سەف کردن شین خۆیان خڕ کردەوە ناو لەپیان پڕ کردەوە سازیان کرد مستەکۆڵە بۆ ئەستاندنی تۆڵە هەروا سوورە و ڕا دەکا تۆز و خۆڵ بە با دەکا نەیانزانی پێنج ئەنگوست یەکتر بگرن دەبنە مست دەمی زۆردار دەشکێنن تۆڵەی خۆیان دەستێنن ١. باڵابه‌رزه‌: زه‌ڕنه‌قووته. ٢. دایم و ده‌رهه‌م: هه‌موو کاتێ؛ هه‌رچی وه‌خته. ٣. ورگ: زگ؛ سک. ٤. ته‌وه‌زه‌ل: ته‌مه‌ڵ؛ له‌شگران. ٥. ته‌پ و فل: سست؛ ته‌مه‌ڵ له ڕۆیشتن. ٦. ناخوازم: نامه‌وێ؛ نه‌مگه‌ڕه‌که. ٧. خه‌نین: پێکه‌نین. ٨. ته‌رز: له‌بار؛ ڕێکوپێک. ٩. خشڵ: زێڕ و زه‌نبه‌ر؛ زیوه‌ر. ١٠. پۆخه‌که‌: له‌ڕ و لاواز، بێفه‌ڕ. ١١. پووت: کورت و قه‌ڵه‌و. خله‌میتان. ١٢. هه‌ره‌وه‌ز: به‌گه‌ل کار کردن. ١٣. شه‌په‌ڵاغه‌: زلله؛ شه‌قه‌زله. ١٤. چت خواد ترش و چۆنه‌ر: یانی جا وه‌ره‌ بیکوته. ١٥. داڵک: دایک. ١٦. وڵم که‌ن: وازم لێ بێنن. ١٧. چه کردم: چم کردووه. ١٨. ڕه‌وین: بڵاوه‌یان کرد. ١٩. کۆڕبه‌ستن: کۆبوونه‌وه‌. ٢٠. گه‌ف کردن: ترساندن؛ هه‌ڕه‌شه کردن. ++++++++++++++++++++++