شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: سەرما و بەهار سەبارەت: ١٩٥٢/٠٥/٠١ - بەغدا ئامریکا و ١٥ دەوڵەت هێرشیان بردە سەر کۆریا، لەشکریان تا سەر چەمی «یالو» لە سنوری چین چوو. لەشکری سووری چین لەوێوە ڕاوی نان، لە یەکەمی ئەیاری ئەو ساڵەدا بەو هۆیەوە نوسیوومە: باشم لە بیرە هەواخۆشیی پار نەرم و سووکیی با، بارگرانیی دار خێر و خۆشیی زۆر، دەغڵ و دانی باش دانەوێڵەی چاک، نیسک و نۆک و ماش دەشت و دەر هەمووی بە میوە ڕەنگاو بژیوی و ئێروو هەنگاو بە هەنگاو دنیا هەر وەکوو کۆریای پێرار ژین و خۆشی بوو لە لادێ و لە شار ئیستیعمارەکەی سەرما و سەخڵەتی لە ویژدان بێبەش لە شەڕەف پەتی وێنەی ئامریکا پەلاماری برد لەگوێن کۆریا ژێر و ژووری کرد میکڕۆبی شەختەی لە مەزرایە چاند بۆمبای کولوانی بەسەردا ڕژاند دوو عەبدی سەرمان گرانەتا و سیل وەک بۆ خودای شەڕ شۆمان و چەرچیل مناڵیان ئەکوشت بەند و بەستەڵەک ڕیشەیان کرۆشت کەروێشک و دەڵەک بولبول چۆڵی کرد بۆ کوندەبوومان قەلەڕەش دەقڕی ببوە تروومان داوای مردن و بێنانیی دەکرد ئارەزووی چۆڵی و وێرانیی دەکرد بۆ چاوەی ئاگر بڕیا دار لە دەشت جەهەندەم نریا لە جێگەی بەهەشت سەرما بە زوڵم و دزی و کوشتار هات تا چەمی «یاڵۆ» دەمەوبەهار هات *** بای شەماڵەکەی ئاواتی ڕەنجبەر بەزەیی بزووت خۆی کردە لەمپەر وەک هێزی سوپای چینی ئازا و زۆر سەرمای ڕەپێنا کردی ماک ئارتۆر سەنگەری ڕنووی ڕماند بەسەردا ژەهری کردە دەم سەرمای نامەردا کوژرا کانوون و شووبات و ئازەر بوو بە ئۆف نەنە و مامێر و مازەر چەکی سەرما و سۆڵ گێژ و کڕێوە خۆی نەگرت لەبەر بای خاکەلێوە *** ئەمڕۆش لە جێژنی یەکی ئەیارا شەڕ گەرمە لەناو سەرما و بەهارا وشکەسەرمای کۆن ڕزیوی بن شڕ بەهاری تازە و بەهێز و لە گوڕ دیارە تا کەنگێ سەرما دەمێنێ دیارە چۆن بەهار گوڵ دەڕوێنێ دنیا دەبێتە خۆشی و هەرزانی ئیستیعمار کە چوو دێت کامەرانی *** یەکەمی ئەیار جێژنی کرێکار ڕۆژی لەرزینی دەزگای ئیستیعمار کۆنەپەرستان کە پێت کافرن بۆ پارێزگاریت لاوان حازرن دڵت نەمێنێ بڵێی بێپەنام ئاوڕێک بدەوە لە چین، لە ڤێتنام لە کۆریای ئازا و بۆرما و مەلایۆ وا خوێن بەخشینە بۆ ژیانی تۆ قەڵای کرێکار بەرز و پتەوە پەنای ئاشتی و خۆشیان مەسکەوە *** یەکەمی ئەیار هومێدم وایە تا ئەیاری تر بمرێ سەرمایە تروومان بچێ بە دەردی هیتلەر دەرچن لە قامووس ماگی و ڕۆکیفلەر ڕیشەکەن بکرێ داری ئیستیعمار شەڕەف و نامووس نەدرێ بە دۆلار دنیایەک دابێ پڕ خۆشی و شادی دەستەڵاتدار بێ هێزی ئازادی گەلان ئاسنیان بکەن بە گاسن برا بن هەموو یەکتر بناسن ++++++++++++++++++++++