شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: بەزمی بەهار سەبارەت: هەژار بۆ کوردستان، کەڕەتی چاپ: نۆهەم پاییزی ١٣٩٢، لاپەڕەی ١٩٩و٢٠٠. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی مزگێنی دا بە سروە بای بەهاری وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری بە تیشکە تێک‌شکا سوپای کڕێوە هەواری ڕۆژ گەییشتە خاکەلێوە فەرمان درا بە سەوزە سەر هەڵێنێ چیدی لە بەندی خاکی ڕەش نەمێنێ با دەرکەون، کوڵ و کەسەر بنێژن با ڕۆژی ڕزگاری بکەن بە جێژن شەماڵ، گەواڵ گەواڵ هەور بنێرێ ئاهەنگ و بەزمی جەژنی پێ بسپێرێ حیلکانەوە لەو موژدە ئاودڕ و خڕ ڕەش بوونەوە، ڕیشی سپی چیای چڕ چڵوو گەشایەوە و بزەی لە سەر لێو پۆتڕاکی خۆی ڕازاندەوە بە گوێ زێو هەور لە دەشت و شیو و پۆپەشاخان کردی بە تۆپ تەقاندن و چراخان مراری بێ ژماری دادەباراند لە دار و دەر ڕووتی نەداریی تاراند شەماڵە، گاڵە گاڵیەتی و لە کارە هەڵگرنەو! شاباشی شای بەهارە شینکە بە گەل، لە گڵ سەری دەرێنا هەر یەکە چەند قل و پەلێ بە شوێنا خڕی بەرۆک پڕن لە دەنکە باران تازە و تەڕن بۆ کۆڕی بەزمی یاران نەورۆزە، مشتی پڕ گەڵای تەڵایە هەر کارگە - بێ‌بەڵا بێ - بێ‌گەڵایە ئەگەر چی ساوایە بەهارو باشە لە چاوی بەد بەدوور بێ، گیا هەراشە بە یەک یەکە و بە کۆ، لە دەشت و دەردا وەک کیژەکورد هەمووی گوڵی لەسەردا شالوور و بولبول سەرەڕۆی ئەوینن هەر چاوەچاویانە گوڵان ببینن هەر مەلە بۆ گوڵی دڵی ئەخوێنێ هەر گوڵە بۆ دڵداری خۆی ئەنوێنێ نەرگسی مەست لە زەردەزیڕە زیزە بە جوانی خۆی دەنازێ، زۆر بە فیزە وەنەوشە ملکەچە لە حاند پەپوولە ڕێی داوە، بێ وتەی مەلا و پسوولە وا کیژ و لاویش دەچنە دەر لە دێوە لە ڕێوە تێکدەگەن ژوانگە کێوە گۆرمزە، مام ڕێواس و هەندرێشن بۆ دڵتەڕان بەهانەن و لە جێشن گۆوەند لە کەوشە، دوور لە وشکە سۆفین دەرفەتە مەم گوشین و هەڵگڵۆفین شادن بە یەک مەل و گوڵ و دڵ و دڵ بە یەک ئەگەن لە بن دەوەن، لەسەر چڵ هەر من لە دووری تۆ: هەژار و داماو دەڕوانمە ڕێگەکەت بە چاوی پڕئاو بەشم هەتا لەشم لە تۆوە دوورە هەنیسک و هەڵمژینی ئەشکی سوورە خشڵی گوڵان! بەژن نەمامی چاوکاڵ! وەرە دەرمخە لەو ژیانی وا تاڵ من بولبولم لە ناڵەدا بەزاندن گەرم و گوڕیی دڵم، دڵی تەزاندن بمگەیە! خۆ بنوێنە! دڵ بستێنە! بازاڕی گەرمی نازی گوڵ بشکێنە! ++++++++++++++++++++++