شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: هەر کوردم سەبارەت: ١٩٤٨/٠٧/٠٩ - بەغدا ئەم شێعرانەم لە پشتی وێنەیەکی یادگاری نوسیووە. بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم لە خاکی عەرەب، لە ئێران و ڕۆم کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم کۆشکم دە قات بێ، وێرانەماڵ بم ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان یان زنجیر لە مل لە سووچی زیندان ساغ بم جحێڵ بم بگرم گوێسوانان یان زار و نزار لە نەخۆشخانان دانیشم لەسەر تەختی خونکاری یان لە کۆڵانان بکەم هەژاری کوردم و لەڕێی کورد و کوردستان سەر لەپێناوم گیان لەسەر دەستان بەکوردی دەژیم بەکوردی دەمرم بەکوردی دەیدەم وەرامی قەبرم بەکوردی دیسان زیندوو دەبمەوە لەو دنیاش بۆ کورد تێ هەڵدەچمەوە ++++++++++++++++++++++