شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: پەیام بۆ ماوماو سەبارەت: ١٩٥٦/٠٣/١٨ - بەغدا هەواڵێکی کورد گوتی کچێکی کینیایی هەیە لە لەندەن، گۆڤارێک دەنووسێ، گوتوومە شاعیرێکی کورد شیعری بۆ ماوماو نووسیوە، جا قەرارە بۆی بنێرم و ئەویش بە تەرجەمەوە چاپی کا، منیش ئەمانەم نووسی ناردم: ماوماو من و تۆ دوو دۆستی هاودەرد بە خوێنی گەرم و بە هەناسەی سەرد هەردوو گیرۆدەی دەست ئیستعمارێک هەردوو مارانگاز بە نێشی مارێک ئەو وەحشەی بە دەم کینیامژە بە جووتە و چەپۆک کوردستانکوژە من و تۆ ماڵمان بەرەڵڵا و بێخێو پڕنەوت و گەنم پڕ لە زێڕ و زێو تۆ بە قسەی کاهین من بە گفتی پیر تەوەککەلگیر بووین، ببن خوداگیر لەیەکترکوژی و دوژمنی یەک بوون بیری یەک بوون و دوژمن لەبیر چوون دێوێکی پیاوخۆر، فێڵباز و بەدکار لە پێستی مەڕدا گورگێکی خوێنخوار شەیتان لە پێستی مەلائیکاندا لەژێر سێبەری پیر و کەهاندا شارستانیەتیی سپیان بۆ هێناین گورگان کەوتنە کۆز، لمبۆزیان تێ ناین هاتن فێرمان کەن چۆن مەدەنی بین چۆن نانبڕاوی دەستی دەنی بین چ زوو مامۆستای سپی دز دەرچوو! زگپڕی درۆ درۆی لەبەر چوو کاڵ و کوڵیویان گشت لێ فڕاندین گۆشتیان برژاندین ئێسکیان کڕاندین دزییان، بردییان هەر شتێ ماڵ بێ وتیان ماڵخوراو بە کۆی زوخاڵ بێ *** ئێستاش بە قسە هەرخۆی هەقدارە دروستە دز بێ خاوەن حەزارە قەیناکا بدزێ هەر نانێ هەتە تۆ بڵێی برسیم پێت دەڵێ چەتە تۆ بۆ مەزەی ئەو جگەرکەبابی مەڵێ ئاخ و ئۆف دەبیە ئیرهابی ئەوان بە بۆمبا بمانکوژن چش وەحشین بە مێشیان ئێمە بڵێت: کش گەر بخنکێنن کۆرپە ساواکەم دەبێ من بچم بووردن داوا کەم تا کوڕی بۆر و ڕەشمان خنکاوە مامۆستای سپی دەستی ئێشاوە گەر بستڕمەوە تفیان لەسەر ڕووم هێشتا هەر کێویم، ئەدەب فێر نەبووم گەر نانبڕاو و خانە بەربادین قەیناکا، لەگەڵ دنیا ئازادین خانەوێرانی، شەقێ لە خەم دە دڵخۆشن خەڵکی «داونینگ ڕەقەم دە» گوێ مەدەرێ خۆت کە ڕووت و برسیت خۆش ڕادەبوێرن خەڵکی «واڵ ستریت» گەر کورد و ماوماو بەبێ ڕۆن کوێرن خۆ «داڵس» و «ئیدن» تەسەل و تێرن *** گەر دیموکڕاتی و ئازادی گەلان ئەمەیە، خۆزگەم بە ورچی تەلان کەنگێ قانوونی جەنگەڵ وا بووە چ جانەوەرێک ئەمەی خواردووە! ئەگەر ئازادی مانای هەر شادی بۆ بەهێزان بێ، تف لە ئازادی *** برام خەم مەخۆ دەوران دەورانە هاکا تێکچوو ئەم دەور و دووکانە قانوونیان تفی سەربەرەوژوورە مەرگی سەگی هار مەشهوورە سوورە ئەو خوێنە ئاڵەی ئەوان لە تەنمان ڕژاندیان لەسەر خاکی وەتەنمان لاشەی لاوانی لە خوێندا شەتڵ دەدێرێ کەوا خراونە بن گڵ هەربینا شین بوو، بوو بە گوڵی سوور بۆنی ئازادی دا نزیک و دوور نەمامی باڵای شەهیدانی لاو گوردانی کوردان مەردانی ماوماو ئەو شەهیدانی سەربەست و ئازاد چ لە نایرۆبی یان لە مهاباد بەرز دەبنەوە و دەبنە سێدارە پێیان دادەکرێ هەرچی بەدکارە ئاڵای ئازادییان لەسەر هەڵدەکرێ شۆقی ئازادی دنیا دادەگرێ ناترسێین خوێنمژ بێنەوە سەرمان دەبنە کوتک و داس، ڕمب و خەنجەرمان ئەوسا هەموومان خۆش ڕادەبوێرین لەشوێن ئیستیعمار نەفرین دەنێرین ++++++++++++++++++++++