شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: وەرام بۆ کچێکی سۆڤیەتی سەبارەت: ١٩٥٩/٠٢/٢٨ - گیرتسن، موسکۆ لە سیناتۆری «گیرتسن» بووم لە نزیک مۆسکۆ. کچێکی کوردیزانی لینینگرادی نامەیەکی دۆستانەی بۆ نووسیبووم. بەڵام ئیمزاکەیم بۆ نەخوێندرایەوە، لە وەراما ئەمەم بۆ نووسیوە: کیژە ڕووسەکەی ناوت نازانم نامەکەت گەیشت قەزات لە گیانم سووریی دایەوە بە گۆنەی زەردم گفتت هەتوانن بۆ چاری دەردم منیش بە دیاری لە کوردستان ڕا یانی لە وەڵگەی دیدەمەستانڕا لە چاوڕەشان و لە باڵابەرزان کوڵمەگەشان و نەشمیلە و تەرزان پەیامم پێیە بۆ چاوی شینت بۆ لێوی سووری بە پێکەنینت ماچم هێناوە بۆ دەمی تەنگت ڕوانین لە باڵای نەمامی شەنگت تەماشام پێیە بۆ کوڵمی ئاڵت دڵم دەترسێ لە دانەی خاڵت کوردیش زۆر جوانن بەڵام ئەسیرن لە دەس داگیرکەر بە جوانی پیرن گیرۆدەی دەستی تورک و ئێرانن لەنگۆ داخوازیی یاریدەدانن ئەگەر وەکو تۆ ئەویش ئازاد بن وەک هەموو گەلان دڵخۆش و شاد بن لە منیش دەتارێ باری هەژاری دەکەومە کۆڕی یاری و دڵداری ++++++++++++++++++++++