شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: نەشمیل سەبارەت: ١٩٥٣/٠٧/٢٧ - بوخاریست چوومە فستیواڵی لاوانی جیهان لە ڕۆمانیا. لەوێڕا ئەم شێعرەم وەک نامەیەک بۆ خێزانم نووسیوە و بە نەشمیل ناوم بردووە. نەشمیل کچەکورد ئەی باوەفا یار چاوکاڵ، خوێن شیرین، نازک و نازدار پەروەردەی ئاووهەوای کوردستان گوڵی سەرچڵ و شەمامەی بێستان جوانیت وێنە بوو لەناو هەواڵان خەندەت سەد دڵی دەبرد بەتاڵان وا تۆ حەوت ساڵە فرمێسک ئەڕێژی لە دووروەتەنیم سوێری دەچێژی کوڵمی سوورت بوون بە گەڵای پاییز ژاکاوی و شێواو لە دووریی ئازیز! *** نەشمیل ئەو دەردەی لە توە لە منیشە داری سەبووریم دەرهات لە ڕیشە منیش وەکوو تۆ هەناسەم سەردە ژینم هەمیشە هەمڕازی دەردە دڵ خوێن و چاوم ئەسرین دەڕژێنێ دووردەستیت بەندی جەرگم دەپسێنێ نەشمیل سەبەبکار بە کۆی زووخاڵ بێ ئیستیعمار وەک من وێرانەماڵ بێ تۆی بێوەژن کرد کوڕتی کرد هەتیو منیش دەربەدەر، بێ جێگا و بژیو بەڵام کە ژیاوم، ژیاوم بە ئەمەل وا ڕۆژی ئەمەل هاتەدەر لە کەل بە کوردی دەڵێن «بەری تەنگانە کورتە» مەسەلی کوردانە، جوانە زۆری نەماوە تووش ببین شادی کوردیش هەڵدەکا ئاڵای ئازادی هەرچی ڕژێنرا لە فرمێسک و خوێن کۆ ئەبێ و بەدکار تێیدا دەخنکێن نەشمیل ئەو ڕۆژە نەما تەنیا بین بێکەس بێداژدار، بێجێ و پەنا بت هومێدمان نەبێ بە فریادڕەسێ دەنگی کورد نەگا بە گوێی هیچ کەسێ نەما تۆ کوردی نایەمە یاریت دوعات لێ کراوە نایە ڕزگاریت نەما «کێ ڕەنگی ڕەشە یان ئەسمەر بۆ پیاوی سپی ببێتە نۆکەر» ڕەش و سوور و زەرد، سپی و گەنم ڕەنگ وا ئێستا یەک دڵ، یەک زمان، یەک دەنگ بۆ داوای ئاشتی و سەلام دەخرۆشن بۆ برایەتیی گەلان دەکۆشن *** نەشمیل بریا تۆش بوای ئێستە لەلام وەک من بت دیبا کۆمەڵی سەلام لە هەموو جسن و زمان و دینێ هەرچی پیاوچاکن لەسەر زەمینێ نوێنەریان لێرە دەست لە دەست دەکەن خوێنڕێژی و زوڵم و زۆر بەربەست دەکەن دەریایەک شەڕەف شەپۆلێ دەدا شەڕهەڵایسێن چۆن خۆ لێ دەدا نایەڵن کوڕمان بکوژرێ لە شەڕ پێ بکەنە بەسیە چاوی سوور و تەڕ کە تۆ مەنشووری سەلامت مۆر کرد نووکی قەڵەمت شەیتانی کۆر کرد بۆمبافرۆشان، چەتە و پیاوکوژان خاوەن سەرمایەی خوێنی گەل مژان لەو کۆخەی ئەوان ڕووخاندیان بە بۆم چەند هەژارێکی وەکوو خۆت و خۆم قازییە و یەک یەک دێتە بەردەستی هەرکەس هەقی خۆی دەنێنە مستی *** مەڵێ کۆخی مە تەنگە و ئەوان زل تێوە ناچێ ئەو شان و زگ و مل گەر دادئەستێنی بە هەق بێتە جێ وشتر بە کونی سوژندا ئەچێ مەڵێ دەس نادەن قەڵایان بەرزە عاسمانڕووشێنن نایەنە لەرزە باوەڕمان پتر بەرز و قەوییە لەڕاست سباتمان عاسمان نەوییە مەڵێ بە فڕۆکە دەردەچن لە چەنگ خۆ دەشارنەوە لە جێی ڕەش و تەنگ هوردووی کرێکار بەهێز و نەمر ئەوان کەروێشک بە عەڕابە گر چاومان وا فێری ڕەشی زیندانە دەبیندرێنەوە هەرکوێ جێیانە کە نەما تۆوی خوێنمژ و زۆردار دنیا دەکرێتە بەهەشت و گوڵزار کۆشکی دە قاتی ئاغا بەش دەکرێ ئێمەش چاوێکمان خانوو پێ دەبڕێ نەشمیل من و تۆش بێ ترس دەژین مناڵمان دێنە گەشکە و پێ کەنین لێیان دەگەڕێین کوردی بخوێنن بە زمانی زگماک یەکتر بدوێنن کە کۆمەڵێ وا کۆ ئەبێتەوە ئاڵای کوردانیش دەشەکێتەوە ++++++++++++++++++++++