شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: نامرادێک سەبارەت: ١٩٤٨/١٠/١٥ - بەغدا تووشی نەخۆشی سیل ببووم و نزیک لە مردن بووم، ئەمانەم بۆ کێلی قەبرەکەم نووسیوە. لاوەکان گەورەکچان نازاران دڵبەران، دڵتەڕەکان، دڵداران دەمەڕۆن تاوێ بمێنن لێرە فاتحایێکی بخوێنن خێرە لەنێو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە زۆر لە ڕێی ئێوە جەفای کێشاوە ژینی خۆی کردە فیدای خۆشیی کورد لەڕێی ئازادی بە ناکامی مرد توخودا کاتێ کە ئازادیو سەند ڕەگەزی خوێنمژەکانو هەڵقەند کیژ و کوڕ هەرچی بە لاما لادا پێم بڵێ و پایێ بە قەبرم دادا ئەی هەژار بەسیەتی مردن هەستە موژدە بێ مەوتەنەکەت سەربەستە ++++++++++++++++++++++