شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: شەوێک زیندان سەبارەت: ١٩٥٧/٠٧/٢٠ - قبور البیض، سووریا ساڵی ١٩٥٧ منیش بەنیاز بووم کە بۆ بەشداربوون لە فێستیواڵی لاوانا بچمە مۆسکۆ، بەڵام تەگەرەی تێ خرا. ناچار چەند مەقالێکی هاوارنامە و ئەم شێعرانەم بە برادەرێکا نارد کە لەجیاتی خۆم بچن، بەڵام برادەرەکەش گوایە لە بیری چووبوو کە نیشانی کەسیان بدا، لەم شێعرانەدا بۆرەگلەیییەکم لە مۆسکۆ کردووە کە نەدەبوو بەرانبەر بە کوردی هەژار ئەوەندە بێ پەروا بن: شەوە نیوەشەو، دنیا خامۆشە وەک ئازیەتباران زەوی ڕەشپۆشە هەناسەی ساردە با دەناڵێنێ هەور دڵپڕە، ئەسرین دەڕژێنێ تاک تاک ئەستێرە لە ئاسۆی مەلوول دەڕواننە شینگە وەک پیاوی فزوول ڕمبەی پێلاقە و هەڕەشەی زۆردار شەقەی قامچی و دار تێکەڵ بە هاوار پڕیشکە و فیشقەی خوێنێکی ئازاد لە دار و دیوار دەنووسێ «هەی داد» گزیر دڵڕەقە، مووچە، خوێنتاڵە کوتەکی دەستی زاڵمی زاڵە لە جوابی ناڵە دەحیلکێتەوە: کوردی چۆن بەزەم پێتدا دێتەوە! ئازادی خوازی! بەشت مردنە هەقی کوردستان پاماڵ کردنە تۆی چقڵی چاوی هێزی ئیستیعمار دەبێ بت نێژم لە ڕێگەی دۆلار نووسیوتە «مۆسکۆ کۆشکی کرملین، قەڵای ئازادیخوازانی زەمین، باڵداری هیوای وەتەنپەرستان، جارێک با بێتە سەیری کوردستان» بە کام دەست ئەمەت نووسی بیبڕم کام دڵ ئەمەی خواست تا هەڵیدڕم! زمانم بەستووی نەمهێشت بخوێنی! بە چی پەڕندەی هومێد دەدوێنی! چی بۆ دادەنێی! کوا دان و ئاوت! فرمێسکی چاوت! جەرگی سووتاوت! ئا! هیوات وایە تێ بگا مەبەستت لە زڕەی زنجیری پێوەند و دەستت! ملیۆنەهای کورد دەتەوێ بژین! ڕزگاربن لە ژێر زۆری و خوێن مژین! نەتزانی ڕێگەی هیوات گیراوە! دەرفەت بڕاوە چارەت نەماوە! دەورەم تەنیوی بە پۆڵا و ئاسن هەیهاتە بێڵم گەلان بتناسن کوندی پەیمانی بەغدات لە سەرە دان و ئاودەری ئایزەنهاوەرە عەدڵی لاوازی شەل و نوقوستان ناگاتە چیای ڕژدی کوردستان *** لەناو هەنیسک و غەڵدەی خوێنی دەم جواب ئەداتەوە نووزێک بە حاستەم: لێم بدە، بدڕە، بکوژە، ببڕە نامووس بفرۆشە، نانی پێ بکڕە خوێن بمژە، پێستم لە دار هاڵێنە لە سەرمن ئێستا هێزت بنوێنە جەمی دواڕۆژی تۆشە و ئیستیعمار چل شەوە مەودای ژینی سەگی هار هێزی هەژاران دنیاداگرە بۆ پووشی گیانی خوێنمژ ئاگرە هاکا گوڕاندم لە چیا و نواڵان گیانی تۆ و ئاغات دەڕوا بە تاڵان نامێنن نە تۆ نە زەناوەرت بەداری بێستان دادەکرێ سەرت دەبێ پەیمانتان مردار بێتەوە لەسەر گۆڕینگۆ سەربنێتەوە بە کوێری چاوی داڵاس و بەیار کورد دەبن ڕزگار ورد دەبن نەیار لەناو گەلاندا خۆمان دەنوێنین بە سەربڵندی سەرمان هەڵدێنێن یاری ئازادی دەگرینە باوەش ڕۆژی ڕوون هەڵدێ لەپاش شەوی ڕەش ++++++++++++++++++++++