شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: بانگی شەڕ لە مارسەوە سەبارەت: ١٩٥٠/٠٩/٢٠ - نەخۆشخانەی بەحنەس، لبنان دەوڵەتی سۆفیەتی ئاڵای ئاشتیخوازیی هەڵکردبوو، لە هەموو لایەکی دنیاشەوە فەقیر و هەژار چووبوونە ژێر سێبەریەوە. ئامریکاش شەڕی بە کۆریا فرۆشتبوو. منیش لە زمان خوای شەڕەوە ئەمەم نوسیوە: هاوار کۆمەڵی سەرمایەداران دەستەی خوێنمژان گەلی بەدکاران ئەی خوێنمژانی فەقیر و هەژار داگیرکەرانی گەلانی ڕزگار ئەی جێ هومێدی خوداوەندی جەنگ کە ئێوەم نەبێ بێکارم، دڵتەنگ جارێکە و ئەم جار لە منتان کەوێ هەرگیز وەک ئێستاو بۆ هەڵ ناکەوێ ئەگەر دەخوازن دنیا وێران بێ خەڵکی سەرزەوی ڕووت و بێ نان بێ؟ ئەکەر دەخوازن پڕ بێ گیرفانوو لاشە دابنێن لە چینی خانوو موستەشفا و مەکتەب بڕووخێن پاکی بکرێنە دەشتی کاکی بەکاکی؟ لە شارستانی بەڵگە نەمێنێ لە ئینسانیەت نەمێنێ شوێنێ گیانی ملیۆنان لە ژن و منداڵ دەرچێ و بۆ ئێوە ببێتە کووتاڵ دەخوازن زۆربن: بێوەژن، هەتیو ئەویش شک نەبەن دەرمان و بژیو قیمەتی خوێنی پیر و جوانان بدەن بە شەڕاب لە قومارخانان گەر دەتانەوێ خوێنتان هەر شین بێ نازیەتی باقی لەسەر زەمین بێ؟ دەستو دە کلکی ئامریکا گرن هەتا ئەو ما بێ ئێوە نامرن تا ئەو بێ، ماوە شەڕ و خوێنڕشتن ئیستیعباد کردن، بێچارەکوشتن مەڵێن نازی مرد کەس نەما بۆمان هیتلەر ناوی خۆی ناوە «ترۆمان» ئاچیسۆن کوڕمە، چەرچیل برامە بێ ئەوان ژیان بۆ من بێتامە بۆمی هیدرۆژێن یان بۆمبای ئاتۆم ناومەتە دەستی ترۆمان بۆخۆم دوژمنم ڕەنجبەر یان کرێکارە هێزی بەکاری پڕۆلیتارە ئەگەر من نەبم هەرزانی دەبێ ژیان، دەرمان، زانت، هەموانی دەبێ گەورەدوژمنی خوێن و شەڕ و شۆڕ سۆڤیتستانە و هێزی سوپای سۆر بە سندمی وان پێوەند کراوم بانگی ئاشتی بۆتە لغاوم ستالین دەستم وەبەر نەهێنێ سەرزەوی دەکەم بە گۆمی خوێنێ ++++++++++++++++++++++