شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: دیباچە سەرنامە بە ناوی تۆ خودایە چی بێ ئەمە پیت و پێزی نایە سەردێڕی پەڕی ئەوینپەرستان جێ ناز و نیازی خۆشەویستان ڕووناکی دڵ و بینایی چاوان گەر تۆ نەبی کێ ئەوینی داوان؟ بێ ناوی تۆ نامە هیچ و پووچە نەتنووسێ بنووس کەچ و کورووچە ناوت بووە شەوچرا لەبەرمان بۆ دەردی دەروون دەبێتە دەرمان نەدیاری بە ناوی تۆ دیارن ئەو هۆیە کە مێشک و دڵ لە کارن گیانبەخشی و ژیندەری گیانی ئاواتی دڵ و لەبەردڵانی دڵخوازی و خۆت ئەوین و نازی کارسازی و ساز و بێ نیازی تۆی چوویەتە ڕەنگی بەرگی سوورگوڵ تۆی بوویەتە سۆزی جەرگی بوڵبوڵ تۆ تیشکی لە کوڵمی دڵبەراندا تینی لە دەروونی دڵتەڕاندا ڕۆژیت و کەچی ونی لەبەر چاو ڕووناکی نە چەشنی ئاگر و ئاو هەرچی هەیە لێی جیا و جیا نی بێ جێیی و چ جێش نییە تیا نی چی دێت و دەچێت و چی هەیە و چوو هیچی نەبوو تۆ وتت ببە و بوو گیاندار و نەبوو دیار و نەدیار زانا و نەزان و گێل و وشیار لەو پیتەوە گشتی هاتە بەرهەم تۆزێ لەوە خاک و ئاوی ئادەم گەنجینەیی و تاکوو تۆ بناسین هاتووین کەچی هێشتا گێژ و کاسین تاپۆیەکی تۆیە گەر ژیانە گەر گیانە دروشمی تۆی نیشانە ئەو لاشە گڵینە و قوڕینە هۆی تۆیە کە جێی گیان و ژینە ڕاسپاردەتە ئەم گیانە پاکە ناچارە کە یاری خۆڵ و خاکە گیان تیشکی پڕیشکی تۆیە ڕوونە گڵ تیشکی کە لێ نەدا زەبوونە لێ ورد بەوە ئەم وتارە وردە هەرچەند بەڕواڵە وردە گردە پیاو گەر لەشە نزمە ڕێکی عەرزە گەر گیانە بڵندە پایەبەرزە لەو بارەوە پووچ و نادیارە لەملاوە دیار و یاری یارە گا سەربەرەژێر و گا بەرەوژوور هەر کەس لە خودا نزیکە هەم دوور هەرچی کە دیار و نادیارە بۆ تیرەیی ئادەمی لە کارە عاسمانێ کەوا زلە و بەرینە هەرچی کە فریشتەنە و پەرینە دەزگایەکی وا بە سووڕ و گەورە ساماڵە، مژە، هەتاوە، هەورە تیرێژە، ستێرە، ڕۆژە، مانگە... چی جانەوەرە و ڕواو و کانگە ڕیشە و ڕەگەزێک لەناو زەویدان هەر لاسک و چڵ و وەچێ لەویدان ئەم چەندە شتی بە نرخ و هێژا دڵخۆشی دەدەن لە بۆن و چێژا چی دڵ دەیەوێ ببێتە خۆراک چی لەش دەیەوێ ببێتە پۆشاک هەرچی لەمە دوور یا نزیکە بۆ ئێمە بە ڕۆژ و شەو خەریکە تۆی ڕێکخەری هەر سەروبەرێکی بۆمان بە تەکووز و ڕێکوپێکی داوتینێ بەبێ ژمار و سامان لای ئێمە نە بیر هەیە نە ڕامان زۆر بەدنمەکین و ڕێنەناسین نانی تۆ دەخۆین و بێ سپاسین ئەی خوایە بەدڵ نەزانە «خانی» خۆت فێری سپاسی کەی زمانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەسنی خودا و پاڕانەوە ئەی هێنەری هەرد و عاسمانان ئەی دووری هەموو هەڵە و گومانان بێ ڕۆڵە و داک و باب و کاکی بی هاوبەش و تاک و پاک و چاکی نیتن چ وەزیر و یاریکارێک لات وەک یەکە پادشا و هەژارێک هەر بووی و دەبیت و پایەداری چوونت نییە تاهەتا لە کاری تۆ نەچیە زمانێ لاڵ و پاڵە بیرت لە دڵا بێ مشتووماڵە عاسمان و زەوی و مرۆ و فریشتە هەرچی هەیە وردە یا درشتە دارا و ڕەبەن و بەنێو و بێ نێو دار و دەوەن و کەژ و بەژ و کێو چێو و چڵ و چاڵ و نزم و باڵا چی خۆشە چ تاڵ چ پڕ چ واڵا هەر چێکی لە ناخی ئاخ و دەریان هی چۆتە بناو ئەوی لە سەریان بەرهەم بوو بە هۆی کر و نیگارت سەرسووڕە جیهان لە کاروبارت لەو بەرزییە کۆشکی حەو نهۆمە کۆکۆ لە دەوری ستێرە کۆمە هێندێکی چەقیو و هێند گەڕیدەن دیارن کەم و زۆری دوورە دیدەن مانگی گەش و ڕۆژی رۆشنی دەر شینکەی لە زەوی دەبێتە ڕاخەر چوار ئالیی و شەش ڕەخی هەواگر ماکی گڵ و با و ئاو و ئاگر خەست و شل و توند و خاو و گشتی تۆی دانەر و ڕانەری لە گشتی هەر یەک لە بەزەت بە پار و پشکە تیشکت لە هەچی نەداوە وشکە داهێنەری پاکی بێ نموونە تۆی بۆنە ئەگەر نەبوون و بوونە چی پاشی دەبێ و چ هات لە پێشین چی باوەڕی پێت هەیە و چ بێ دین هەر گیان و دڵ و سەر و زمانێک هەر یەک لە تە شان دەدا نیشانێک هیچ شت نییە تۆی نە تێکەڵاوی بەرچاوی، ونی، خڕی، بڵاوی چی زیندووە لاشە، تۆی گیانی تۆ ژانی، نەماندەری، ژیانی تۆی خشڵی لە ڕەنگی خۆشەویستان تۆی کینە لەناو دڵی نەویستان شیرن دەکەیە شەکر لە پەروێز فەرهادی لە ژین وەڕێز و پڕ بێز یووسف دەبەیە پەنای زەلیخا تا دەست و دڵی بدا بە تیخا مەجروون و لەیل دەکەیتە ناکام ڕامین و وەیس لەیەک دەکەی ڕام دات وامقی شەنگ نیشانی عەزرا لەسوێی دڵی خەو لە چاوی دەزڕا پیری لە جهان بە دووری چازان بۆ کیژێ دەنێریە بەر بەرازان لولوپەڕی خۆشەویستی نازدار وات کرد کە لە ڕۆژ ببێتە کڕیار تۆ دات بە چنار بڵندی باڵا تاقتاقکەرە وا لە دەوری هاڵا دەڕوێنی لە ناو دڕوو گوڵی ئاڵ بۆی شێت دەبێ بولبولی ژیان تاڵ ڕەنگان دەخەیە گیا و گڵ و کان چووکان دەخەیە جرووک و نووکان گرپێکی دەخەیتە سەر چرایە دەپڕووزێ پەپوولە بەم هەوایە جوان کردنی دڵبەران لە تۆیە دڵدار کە هەژار و دڵ بەسۆیە ئەو دڵتەڕی و ئەوینی دڵگیر کەزیەی کە لە مل دەبن بە زنجیر کێ کردی بە یەکتری بەرانبەر؟ ! کرتن کە گەش و ڕەشن سەرانسەر ئاوێنە و ئاو کە دێنە وێنە جوانیتە لە ڕوونییان هەوێنە ئاوێنەیی پێشی توتییانی کێ دیتی شتێ کە تۆ تیا نی تۆی دڵ دەگریت و بۆ بەهانە خاڵ و کەزی دەبنە داو و دانە تۆ هەرچی بڵێی ئەوی دەبێژین چیمان بدەیەی لەوی دەچێژین دڵخوازی دڵی مە تۆی خودایە لەو پێوە شتێ لەدەست مە نایە رێگاهەڵەبوون و شارەزایی سەرڕشتە بە دەستی تۆن دوایی هەرکەس دەتەوێ بچێ بە تاڵان پابەندی دەکەی بە بسک و خاڵان هەر چێکی کە خۆت بەزەت پیاهات سەربەرزی دەکەی بە هات و داهات ئادەم لە قوڕێ پتر نەبووگە ویستت، لە فرشتە بوو بە ڕووگە عیسا لە فووێکە دڵ پەسندە نازدارە، لەپێشە، جێ بڵندە ئیدریس بووە ئاشنا بە ڕازی پیرۆزە بە بەختی خۆی دەنازی ئەهریمەنێ ڕێزی لێ نرا بوو لای تۆوە بوو هێزی پێدرا بوو نوێژی بە هەزارە دادەبەستن سەرپێچی نەبوو لە تۆپەرستن ڕووی دانەنەواند لەبەر کەسی دی ئادەمپەرسی کەمایەسی دی بێگانەپەرستی نەبوە پیشەی بەدبەخت و کڵۆڵە بۆ هەمیشەی کردت بە نەمر لە ئاگری سوور ویستی کە نزیک ببێ کرا دوور دەرناچێ سەرم لە کاروبارت کێی وابووە بووبێ ئاگەدارت؟ خواناسی مەزن گوتی بەڕاسی تۆمان وەکوو تۆ هەبووی نەناسی خانی دەبێ چی لە تۆ بوێژێ گێژێکە سەری دەخاتە گێژێ لەو بارە خەریک ببێ بە هەر جوور ڕێگەی هەڵەیە و لە تۆی دەکا دوور جا یاریدەری مەگین خودا بێ پێغەمبەری سایە دا و پەنا بێ تۆ خوایەکی گەورە و گرانی پێغەمبەری ئاشنا کە «خانی» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چۆنیەتی و گەورەیی پێغەمبەر ڕوون بۆتەوە هەرچی هەس دوولایە یان هەر هەیە یان لە هاتنایە ئەویانە کە هەر هەیە خودایە چی دێت و دەچێ لە دەست ئەوایە کر گەر بوو دەزانی هەیشە کرگار بۆ هەر شتێ سازکەرێکە ناچار بڕوانی دەزانی دەفر و ئامراز وەستایێ نەبێ چلۆن دەبن ساز کر رۆچنەیی ڕوونی کردگارە بڕوانی لە خۆت خودا دیارە گەنجینەیی گەوهەری وەشێراو پاش پەردەیی کردە دێتە بەرچاو چی جوان و بەنرخی ئەم جیهانەن لە جوانی خودای مەزن نیشانەن ئەم چەند کروکاری بێ بژارە ویستی لەسەری هەبن ژمارە پێش هەر شتێ کارسازی زانا هێنای تەتەڵە و بنووسی دانا خۆی ئێکەم و ئەو یەکەم گیانە زانای یەکەمە ‌و نە لێک جیانە بەڕواڵە کە سێنە هەر یەکێکن هەرسێ وەکو سێ گرێی لکێکن دای جوانی نەمر برووسکەیەک لەم پێغەمبەری ئێمە هاتە بەرهەم ئەو تیشکی خودایە بۆ هەمیشە بۆ هەر شتێ بۆتە پنج و ڕیشە گیانان لە گیانی ئەو پەیا بوون چەند تیرە و هۆز لەیەک جیا بوون هی بەختەوەر و بەرەی بەخت ڕەش چی ماون و هەرچی چوونە ناو لەش سەرپاکی لە تیشکی ڕوونی ئەو بوون گش هاتن و بوون لە بوونی ئەو بوون هێشتا نە زەوی نە ‌عاسمان بوو ئەو سەروەری هۆزی سەروەران بوو عاسمان و زەوی لەبەر ئەوی بوون بۆ وی بوو فرشتە سەرنەوی بوون پێغەمبەرێ بوو لەلای خودا ئەم پێخوێیەکی قوڕ بوو باوەئادەم ئەو پەنجەرەیە و خودا دەوێڕا تیشکی لە دڵی ڕەشی مە گێڕا شایێ بوو لە بەرگی بێنەوایە پێغەمبەری ڕۆژگاری دوایە دیتی لە جیهان نە دین نە باوەڕ هەر خواریی و چەوتییە و هەڵە و گەڕ خوانی لە ڕەوشتی چاکی دانا دڵپاکیی و پاکڕەوشتی ڕانا چی بتپەرسە و چ جوو و چ گەورە بانگهێشتنی کردە خوانی گەورە خاقان لە پەنای دەهندەیی وی ناوبانگی دەچوو بە ‌نان نەدیوی هیرقەل نەگەیی بە تۆز و گەردی قەیسەر سەری خۆی دەدا لە بەردی قبتی و حەبەش و فەڕەنگ و ڕۆمان دایانە ڕچەی قەراچ و دۆمان ئاڵای دەسی ئەو شەکا لە باڵا کیسرا سەر و لاشی کەوتە چاڵا چی دین و گەلن لە ناوی بردن یان تەرت و تونا و بڵاوی کردن ئاورگی مراند و گاوری کوشت جێگابتی گش بە ئاگری شوشت تەوڕات و زەبوور، نەمان لە نێوان ئینجیل پەڕییە شکەوت و کێوان عیسا گوتبووی کە مابوو هێنگین: پێغەمبەرێ دێ لە ئێوە مزگین دڵخوازی دەویست بە دەست و بە زمان شیری لە دەسا بوو دەم بە قورعان هەر لەو دەوەشاوە کار و ئاکار ترسێنەر و مژدەدەر بە یەکجار زۆرزان بوو لەگەڵ نەخوێندەواریش زۆر نانبدە بوو لەگەڵ هەژاریش شوانێکی هەژاری بێکەس و کار چەند تاجی پەڕاند بە تیخی مووکار بێ لەشکر و چەک بوو سەرزەوی گرت هەر خۆزگە بەوەی دەسی وەوی گرت بۆ جەنگێ کە لەشکری دەکێشا پێشمەرگە فرشتە بوون لە پێشا بێ خێوەت و بارەگاهـ و هەیوان هەوران لە سەری دەبوونە سەیوان دەیدین چ هەبان لە پاش و پێشێ کەس نەیدی کە لێی بنیشێ مێشێ چەند گفتی لە یەک دەما دەبیستن جیاوازی نەبوو چ سەد ‌چ بیستن سایەی نەدەکەو‌تە سەر گڵ و خۆڵ وەداوی دەکەوت گژ و گیا و گۆڵ دەیدواند لکەدار و بێ گیانان دەیپرسیەوە دادی بێ زمانان گیاندار و ژیاوی هەر شوێنێ کێ مابوو باوەڕی نەهێنێ؟ بێجگە لە بڕێ کوڕانی ئادەم تا ببنە بزووتی ناو جەحەندەم ئیتر لە زەوی و لە عاسمانان لە فرشتە و ئادەمی و گیانان کەس نایەتە ڕێزی سەروەری مە بێ ئەو نییە کەس پەنادەری مە کێ پەیڕەوی ئەو بێ سەرفیڕازە شانازی بەخۆی دەکا و بەنازە ڕێوشوێنی ئەوە کە ڕاستەڕێیە بیبەیتەسەرێ خودا لەوێیە پێغەمبەری جوولەکان دەزانن زانای مە هەمووی وەکی ئەوانن پێنسەد زلە پاڵەوانی گاور سەرپاکی لە جەنگ و کێشە ئاور بۆ یارێکی ئەو دەبوون بەرەنگار مردن بوو دەبوو هەڵێن بە ناچار لەو بارەوە هەرچی بەدگوومانن کێشەی چ دەکەن؟ گەلێ نەزانن قورعان و وتاری ئەو بڕۆنن هۆشیان هەبێ تێبگەن کە چۆنن چوار یاری چلۆنی هەڵبژاردوون فەرمایشی چۆنی ڕاسپاردوون ئەی شای مەزنی بڵندپایە عاسمان و زەویت لە بەر دەسایە چۆن ڕێم دەکەوێ بدەم پەسەندت خوای گەورە دەدا پەسەندی ڕەندت تۆزێ لە پەسەندی تۆیە یاسین بەو بۆنەوە ئێمە تۆ دەناسین خۆی سوێندێ بە تۆ بخوت چ ماوە؟ ڕێگا لە زمانی من بڕاوە گەر ئێمە هەمان بێ سەد هەڵە و سووچ سەدجار بگەڕێین لە دووی پڕوپووچ هێشتا لە بەزەت هومێدەوارین بەخشندە ئەتۆی و ئەم هەژارین «خانی» کە گەلێ گوناهکارە ناپاکە، نەزانە، نالەبارە هیوای هەیە پێت کە لێی ببووری لەو ڕۆژی ژمارە نەگری دووری ناتوانێ لەڕێوە سەربەخۆ بێ با پەیڕەوی یارەکانی تۆ بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێغەمبەر دەکاتە تکاکار ئەی بۆنەیی بوونی دوو جیهانان میوانی خودا لە عاسمانان شابازی و پاتەخت مەدینە شانازی بە تۆیە ئەم زەمینە لە وزەی هەموو کەس بەدوورە کردەت قامک دەنوێنی مانگ دەبێ لەت ئامادە کراوە ئەسپی باڵدار داخوازە بەدڵ کە تۆی ببی سوار تیژتر لە برووسکەیەک بەڕەوتە سەرداری فرشتە پێشجڵەوتە نۆ بەرزی و هەرچی وا لەوێیە پێشوازن و گشتی چاوەڕێیە جێ بێڵە بڵندی عاسمانێ نیزیکی خودا بە ژێ کەوانێ بەو جێ کە دەچی کەسێ نەگەیوە بێ پەردە دەگەڵ خودا بپەیوە بخوازە، نیاز ڕەوا دەبن بۆت بیدوێنە گەلێ لەمەڕ گەلی خۆت دەسکاری ئەوین لە خاک و خۆڵین گەر بەختەوەرین و گەر کڵۆڵین نیازی ئەوە گەر هەبین و گەر بووین ڕێمان کە نیشان نەدا لەدەست چووین هێزی ئەوە هێز و پێزی پێداین هەر خۆی لەبەرێوە ڕێزی لێناین ئەو بەو پلەبەرزییەی گەیاندین خۆی ڕازی گرینگی تێگەیاندین دەیزانی زەبوون و ناتەواوین ئەم ڕازە گرانە ناتوانین بۆ کردەوەمان لە ڕۆژی پێشا هەر خۆیەتی ڕێوشوێنی کێشا دەسکردی ئەون بەدین و گاور لای چەشنی یەکن بەهەشت و ئاور هەرچەن بەڕواڵە لێک جیایە هەریەک ڕەوشێکی وی تیایە سووچمانە لە بەخشش و بەزەی ئەو بێباوەڕی تاوی تووڕەیی ئەو ئاورگ و بەهەشت لەمێژە چێ بوون هەر شت بەری ئێمە جێبەجێ بوون هەوری بەزەیی کە بێتە ڕێژن بۆ یار و نەیار دەبێتە جێژن گەر تووڕەیی بێتە ڕوو بە یەکدەم گڕ دەگرێ بەهەشت وەکوو جەحەندەم گەر گاور و گەر گوناهبارین گشتمان لە بەزەی هومێدەوارین دەریای بەزەیی دەبا بجۆشێ چەوتی و هەڵەیی مە دابپۆشێ تۆ شوانی و ئێمە پەز لە پەیتان وەک گورگە ددانی چیڕە شەیتان ڕێگەی مەدە کێس لە ئێمە بێنێ هەر دەرفەتی بێ دەمانڕفێنێ کارێ مەکە ئەو بە ئێمە خۆش بێ گۆڕی ئەوە بێبەش و پەرۆش بێ هەر خۆی بکرێتە دەستەچیلە لەو ئاگری پڕ پەرەنگ و ژیلە ڕزگاری ببێ بەرەی گوناهبار بۆیان لە خودا ببە تکاکار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەدبەختی کوردان دەڵێ و بە مەردایەتیاندا هەڵدەڵێ مەیگێڕ وەرە تۆ خودا دەسا دەی بۆم تێکە دە جامی جەم قومێ مەی تا پیاڵە لە من جیهاننوما بێ دڵخوازی مە گشتی ئاشکرا بێ ڕوون بێتەوە بۆم شتی نهێنی پرسێکی گرانە بۆم هەڵێنی ڕێوشوێنی وەهایە چەرخی گەردوون نەویایەتییە لەپاش بەرز بوون بەدبەختی سەری لە ئێمە داوە تۆزکاڵێ کەمایەسی نەماوە ئاخۆ دەبێ ڕوو بکاتە کەم بوون یا خۆ هەر ئەبێ بە مانی گەردوون تۆ بڵێی کە هەڵێ چ زوو چ دێرێک بۆ ئێمە لە ئاسمان ستێرێک؟ بەختی مە لە خەو هەڵستێ جارێک جارێک بکەوێتە کاروبارێک لێن هەڵبکەوێ جیهانپەنایەک پەیدا ببێ بۆ مە پادشایەک بۆ نووکی بنووس پەیا بێ مایە شیری هونەری مە بێتە کایە ئەم بەختەڕەشەی لەسەر مە ڕاکا کوردیش لە جیهان برەو پەیا کا بۆ مەش کە ببایە سەربڵندێک زۆرزان و بەبیر و مەرد و ڕەندێک نەخشێ لە دراوی مەش درابوو بێ نرخ و چرووک و باو نەمابوو بێ سۆیە کە زێڕ و زیوی ساکار نرخی نییە چەشنی هی نیشاندار بۆ مەش کە هەبایە پادشایێ خوا تانجەکی پێ ببەخشیایێ پەیدا دەبوو ڕێز و گەورەیی و ناو ڕەنگ و کری مەش دەهاتە بەر چاو ئێمەی لە کەساسی دەردەهێنا بێستانی هیوای وەبەر دەهێنا ترکان نەدەبوون بەسەر مەدا زاڵ بۆ کوند نەدەبووینە لانە و ماڵ چۆن بۆ عەجەمان دەبووینە ژێردەست؟ ژێردەستی شتی وەها نەوی و پەست هەر ڕۆژی بەرێ خودای توانا ڕۆم و عەجەمی لەسەر مە دانا بێ شەرمییە ژێردەسی ئەمانە ئەم شەرمە لە پیاوە گەورەکانە شوورەییە لە میر و نامداران سووچیان چییە هۆنەر و هەژاران کێ دەستی درێژ بکاتە شیری هەرچی بیەوێ دەخاتە گیری ئەم بووکی جیهانە بۆ کوڕێکە شیرێکی بە دەست و شێردڕێکە خشڵ و جل و شیرنی و نیشانی بەخشینە بە بیر و ڕێگەزانی پرسیم لە جیهان ڕەقی لە بەردی نەرمیت بە چییە؟ گوتی: بە مەردی دنیا کە وەها بە بەخشش و شیر بۆ پیاو دەسەمۆ دەبێت و دەسگیر سا خوایە لە تۆ سەیر دەمێنم لەو گێژە چلۆن سەرم دەرێنم کورد چۆن دەبێ دیل و چارەڕەش بن کەی ڕاستە لە خۆشی دوورەبەش بن بۆ بەخشش و دڵ بە ناو و دەنگن شێرن لە هەرا، پڵنگی جەنگن دەستڕژدی ئەمانە حاتەمێکە هەر گوردێ لەوانە ڕۆستەمێکە بۆ ڕۆم و عەجەم وەکوو دیوارن ئەم هۆیە کەوا کز و هەژارن گۆپاڵی دەسی ئەوانە ئێمەین بۆ تیری بەڵا نیشانە ئێمەین خۆیان لە گەڕ و هەرایە دوورن کورد بەند و کلیلی سەرسنوورن یەک هێرشی بۆ سەر ئیدی بێنێ هەر کوردە دەبن شەڵاڵی خوێنێ ئازایی و بەخششێ بپرسی مەردایەتیی و دڵ و نەترسی هەر بۆ کوڕی کوردسان هەیە و بەس نەدراوە لەبەر ئەوان بەشی کەس هێندەی کە بەجەرگ و دوورەترسن کەمتر لە بەیەک گەیین دەپرسن کەس بۆ کەسێ نابێ چاودەبەر بێ هەرکەس دەیەوێ زل و لەسەر بێ لەم سەرڕەقییە و دەماری زلیان بێگانە دەبن سواری ملیان هەر خۆیەتی زل، کەوە و ڕەش و بۆر هەر بۆیەیە بوونە هێزی خۆخۆر کوردیش کە ببایە یەکدڵ و دەست دەستیان دەکەوت ژیانی سەربەست ڕۆم و عەرەب و عەجەم سەروبەر بۆ ئێمە دەبوونە عەبد و نۆکەر پەیدا دەبوو باو و گەورەیی و ژین ناومان دەرئەکرد بە بیر و زانین جیاواز دەبوو گفتی پاک و ناپاک پڕ نرخ و بەڕێز دەبوو شتی چاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هۆی ئەم نووسینە و داد لەدەست گەردوونی چەپگەڕ تۆمەز لە وڕی و نەزانی خانی دەشتی هونەری بە چۆلگە زانی واتا نە بە زیرەکی و بە ژیری سەربەرزیی هۆزی هاتە بیری لاساری هێنانەبەر، بەسەرچوو با پێشی بڵێن لە ڕێگە دەرچوو پاڵاوی ڕژاند و تڵتی نۆشی وەک فارسی وا زمانی خۆشی هۆنیویەتەوە بە بەند و ساڵێک بۆی ماندوو بووە بەهۆی خەیاڵێک بێگانە نەڵێن کە کورد نەزانن بێ نووسەر و هۆنەر و زمانن پێمان نەڵێ وێژەوانی بیرورد دڵداری نەبوو لەنێو گەلی کورد کوا؟ ئێوە نە دڵتەرن نە دڵبەر لەم ڕێگە نە ڕێڕەون نە ڕێبەر بێبەش لە گرەی لەشی و گیانی دڵڕەش لە ئەوینی ڕاستەقانی کورد هێندە نە گێل و گێژ و کاسن داخم ئەوە بێکەسن، کەساسن ژیر و بەدڵن گەلێک دەزانن بێ خێوییە بێ سەر و زمانن بۆ مەش کە هەبایە خێو و سەردار بەخشندە و ژیر و زیت و وشیار ژیری و هونەری بەدڵ کڕیبا ژەنگی لە دڵی هەژار سڕیبا من ئێستە لە کۆڕی وێژەوانان ئاڵام دەشەکا لە ئاسمانان دەمخستەوە ژین مەلای جزیری پێم زیندوو دەبوو عەلی حەریری وا شاد ئەبوو پێم فەقیهی تەیران گیانی بە فڕین دەهاتە سەیران چ بکەم! کە گەلێ کەسادە بازاڕ کووتاڵەکە باشە، نیمە کڕیار پایەی هونەران بە پارە بەندە هەرکەس کە هەژارە کاری گەندە هەرکەس کە لە ڕێی دراو و قۆشە سەرخۆشە، نەخۆشە دڵپەرۆشە زانستێ هەموو بدەی بە پووڵێ پێت وا نەبێ کەس دەسی بجووڵێ کەس ناکا بە مەیتەری خۆ جامی ڕاناگرێ بە نۆکەری نیزامی دیتمان کە جیهان وەها شێواوە هەر جەنگ و هەرا لەسەر دراوە ویستم کە ببم بە زێڕدروستکەر لێی کەوتمە کار و بۆم نەچۆ سەر تا بۆم وەگەڕێ زیان لە نیوە چاوم لە شتێکی دی بڕیوە چون فێڵ و فەرەج نە پیشەمان بوو بێ نانی بەشی هەمیشەمان بوو دین ڕۆیی دراو نەهاتە بەر بار خۆم داوەتە مسگەری بە ناچار شێراوە بوو خستمەدەر مسی خۆم وا پەلک و بنووس هەیە و نزا گۆم پاڕانەوەکەم ڕچێکی زانی لەو ڕێگەوە گەیمە کامەرانی ئەو پوولە ئەگەرچی پارە ناکا تاڵایی ژیانێ چارە ناکا بێ فێڵ و گەڕە ئەگەرچی وردە کرمانجییە خۆشەویستی کوردە ڕووسوورە مسی مە خۆ نە زیوە یان زێڕە بڵێن کە نیوبەنیوە پووڵی مە بەبێ نرخ مەزانە هەر پارەیە سووکە بێ نیشانە جوان بێ کچ و کەس ئەوی نەخوازێ ئەم هەشبەسەرە بە چی بنازێ نووسراوی هەژار و بێ پەنایان بێ باشە لە زاری پادشایان بێ نرخە لەلای گەلێک لە ژیران هێژایە لەکن گەلێک بەبیران مەزنی مە کە ژیر و چاکەناسە بۆم تێنەگەیەندرا چ باسە ئەو میرە کە میرەزایە ناوی سەرچاوەیی ژین و پیتە چاوی تیشکی دڵی ڕەش وەڕوون دەگێڕێ پوولێکی چرووک دەکاتە زێڕێ سەد مس بێ کە چاو بگێڕێ پێدا سەرپاکی دەبن بە زێڕ لەجێدا گەر تووڕە بێ زل دەخاتە بەر دەست دڵخۆش بێ بڵند دەکا شتی پەست وەک دیل دەگرێ ئەوانی پاشان وەک ڕووت بەرەڵا دەبن لەپاشان هەر ڕۆژێ هەزار نەدار و بێجێ هەر تاوێ سەتی گەدا لەسەر ڕێ گیرفان هەموو داخنن لە بەخشین بۆ وانە نە لەمپەر و نە پەرژین چاوێکی خشاندبا بە مندا دەپسا ڕەگی بێکەسیم لەبندا ئەم گفتە هەموو دەبوونە هەڵبەست وردەم وەکوو زێڕ دەچوو دەم و دەست چبکەم دڵی هێندە تێ خزاوە جێگایەکی بۆ مە لێ نەماوە ئەو خۆشییە بەس بەشی نەزانە خوایە تەمەنی بدەی جوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێشدەستییەک بۆ چیرۆک مەیگێڕ لە دەسی مەدە هەلێکە وەک گیانی نەمر مەیێکی تێکە تا بەو مەیی گیان و دڵ بەخێوکەر تاوێکی گەرم بکەین دڵ و سەر مەیگێڕ بکە پیاڵە ئاوی شابوون ئەو ئاوە کە چاوی دڵ دەکا ڕوون خاوێنکەرەوەی مژیی قڕێژم سەرخۆش کە دڵی نەزان و گێژم مەیگێڕ دە بە گەوهەرین پیاڵە لەو شیلە ڕەوان و پاک و ئاڵە یاقووتی تواوە لەعلی ئاوە خۆشاوی دوڕ و دوڕی خۆشاوە ڕەنگخۆش و بەچێژ و خۆشبەرامە دەنکێکی کەمە بزانە کامە؟ دەنکێ دوڕی ڕووتی تێ بهاوێ خۆدانەکی ڕووتی وەک گوڵاوێ زوو زوو بدە دەستی مەیپەرستان ئەو کۆڕی کە هێشتە دڵ لە دەستان تا پیاڵەیی دڵ بە مەی بکەن ڕەنگ تا ساز و بەدڵ بێ بەزم و ئاهەنگ مەپسێنەوە بیاندەرێ لەپەستا تا بێبەش ئەبن لە هۆش و هەستا لەو بەخششی زۆر و دوور لە هەژمار بەشکوو لە دڵۆپێ ببمە بەشدار گەشکەی مەیی شیلەداری بێگەڕ خۆشاوی بەری ترێی ڕەزی تەڕ کارێکی بکاتە سەر دەروونم هێزداری بکا دڵی زەبوونم تیشکێ بکەوێتە گیانی تاریک دڵ بێتە سەری خەیاڵی باریک دا تیری هەناسە کاریگەر بێ بیرکم بشکێنێ سەد چەپەر بێ چڵک و چەپەڵی لە دڵ دەرێنم دەرچم وەکوو بولبولان بخوێنم دڵمردنی بەس بێ هەستێ بفڕێ با شەرمێ نەهێڵی پەردە بدڕێ گۆرانیی و لاوکان ببێژێ چێژێ لە ئەوینی خۆی بچێژێ هاواری بخاتە مێرگ و باخان خونچان بدڕن بەرۆک و یاخان گوڵخونچە بپشکوون لە چوقڵان بولبول بگرین لە داخی چقڵان جارجار بخەنن لە خۆشی دیمەن ئاونگ بپژێ لە دەشت و چیمەن سوێسنە وە زمان بێ، بێتە باسان ڕزگار بێ لە خەوخەوی و لە تاسان مەیگێڕ بدە پێم مەیێکی گوڵڕەنگ سەنتوور چ نەڵێت و دەف نەدا دەنگ کوێخا و گزیر بەڵان نەزانن دەرکەین کوڵ و خەم ئەویش لەوانن دەستڕژدی مەکە تژی کە دەفرم ڕەنگێکی جیا بەخۆوە بگرم سەرخۆش ببم و بەخۆم بنازم نیازم هەموو ئاشکرا بخوازم مەستم کە نەکەی گەلێک نەزانم بێ مەی گەڕێ ناگەڕێ زمانم مەمهێڵە بە هۆش و هیچ نەبێژم شێتم کە هەتا دوڕان بڕێژم بێ پەردە وەشاردووان وەسەرخەم گش ڕاز و نهێنییان وەدەرخەم بلوێر بێ دڵم بە داخ و سۆ بێ وەک تووتی دەمم بەگفتوگۆ بێ تێی هەڵکەمە لاوک و سێگا و دەشت حەیران و قەتار و بەست و گوڵگەشت بێ ورتە دڵم بناڵێ وەک چەنگ پێ پەنجە و پت بدا دەفم دەنگ بێژێ و کەوان بڵێت ڕوبابم تۆ بمدەیە مەی دەبێ وەها بم لەو بەرز و بڵیند و لەو هەوایە زوهرە لە هەوام بکا سەمایە دڵ تەنگە، دە دەنگی زیر و بەم بێ دڵداری لە لانی زین و مەم بێ دەردی دڵی خۆم بێ لەم وتانە زین و مەم ئەدی چ بن؟ بەهانە وا بکەم کە جیهانێ بێ و بنۆڕێ دەژیەنمەوە زین و مەم لە گۆڕێ لەو دووی لە ئەوین بە زام و بیمار با خۆم بکەمە پزیشک و زانیار با گەش بنەوە و بە خەم بڵێن: بەس ببنە نەمر و نەچن لە بیر کەس داخی جگەری مەمی گرفتار ناخۆشیی ژینی زینی دڵدار مەم لاوی لە پیسی و گوناه دوور زین ئەو کچی وا بەشەرم و ڕووسوور دەیکەم بە شتێکی وا تەڕ و خۆش هەرگیز لە جیهان نەبن فەرامۆش دڵبەر بۆ مەمێ بکەونە شینێ دڵدار بخەنن بە دەردی زینێ هاودەرد بووشن شتێکی خۆشە بێ دەرد بگرن کەنار و گۆشە لام وایە ئەوانی ڕاست و پاکن دڵڕوونن و ژیر و بیر ڕووناکن هەڵبەستێ وەها هەچی ببینێ بۆ خانی دەنێرێ ئافەرینێ هەرکەس کە خودای بڵند و پەستی پێی داوە بەشێک لە خۆشەویستی با بێن ببیەن خۆیان لەبیر کەن کۆرپەی دڵی هێندە پێوە ژیر کەن بیکا بڕێ گوێی گیانی لێ پڕ ماڵیاوا لە دڵ بکەن دوو سێ بڕ هیوامە لە ڕاست و بێگرێیان نەبیەن لە چنۆک و زۆربڵێیان ئەم نامە کە خاوە یان لەباوە سەد ڕەنجی لە ڕێگەدا دراوە ساوایە، مناڵە، شیرنەمشتوو تازەبەرە، تازەپێگەیشتوو پێش من دەسی هیچ کەسی نەدیوە میوەی ڕەزی خۆمە نەمدزیوە ئەو میوەیە خۆشە یا نە تاڵە دڵبەندی منە وەکوو مناڵە هیوامە بوێژی هاوزمانم تەوسان نەگرێتە ڕۆڵەکانم ئەو میوە کە وشکە، تفتە، تەڵخە خۆ کوردییە زۆر لەلام بەنرخە ئەو کۆرپە دەڵێی نە نازەنینە چون نۆبەرەمانە خوێن شیرینە میوەی منە، خۆشە، بۆی نەماوم کۆرپەی منە بۆتە چاوی چاوم خشڵ و جل و یار و زێڕ و زەمبەر نەمخواستەوە هی منن سەر و بەر ناوئاخن و پیت و تیپ بەجارێک ڕیزێکی وشێکی یان وتارێک هی خۆمە لە کەس نەهاتە چەنگم خۆم خاوەنی کەسم و خێوی ڕەنگم ئەم گفتی شیرین و بیری سەد جوور پاکی کچە، تازەبووک و ڕووسوور خوایە مەدە دەستی پیاوی لاسار ئەو دڵبەری شۆخ و شەنگ و نازار پاڕانەوەمە لە خوێندەواران بێهوودە نەکەومە لێو و زاران بۆ گاڵتە نەڵێن ئەم و ئەوی بوو با چاکی بکەن ئەگەر کەمی بوو چی پاکژ و چاکە پەردەپۆشن هەر دڵچەپەڵن کە گەڕفرۆشن هیوام ئەوەیە لە مەرد و ژیران بۆ گەپ نەبمە نیشانەی تیران کرمێکم و، هاوریشمە لیکاوم خۆڕستم و خۆم لە خۆم ڕواوم کوردم لە چیا و کەژ و نزاری چەند گفت و وشێکی کوردەواری لێم وەربگرن بە سینەیی ڕوون لێمی نەگرن چ خۆشە خۆش بوون دڵپڕ لە ڕقیش کە گوێ بدێرن چییان لێ دێ کەمایەسیم وەشێرن ئابڕووی بوێژی با نەڕێژن گەر دەکرێ شتێکی باش ببێژن بۆم پینە بکەن هەڵەی زمانم با بێننەوە بیر منیش لەوانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەسنی میری بۆتان و جووتە خوشکە جوانەکەی ڕەنگڕێژی پەڕانی مێژووزانی دەنگبێژی جیهانی خۆشخوانی وا نەخشی دەکرد بە ڕەنگی چەند جۆر وای بۆ دەگوتم بە بەند و باڵۆر میرێ هەبوو ڕۆژگاری پێشوو دڵخوازی بە چی هەبوو، هەمووی بوو سەرداری گەلێ گەلی زل و ورد تۆوی عەرەبان و سەروەری کورد پاتەختی جزیر و بەختی چا بوو زۆر دەستی گوشاد و شاد و شا بوو ڕۆم و عەرەب و عەجەم لە فەرمان ناوبانگی هەبوو بە میری بۆتان خاڵندی دەگرتەوە لە باپیر پشت پشتی هەموو زل و جەهانگیر ئاسمان لەوی بێ ترس نەما بوو شیرێکی خودا بوو دەرکشا بوو زیانی نەدەدین و بێ بەزین بوو ناویشی ئەمیری زینەدین بوو بۆ جەنگێ کە تەختی خوانی زین بوو ئیتر نە بەزین و دابەزین بوو ئازایەتی ویت دەویست بناسی ناوبانگی گەیشتە مانگ و ماسی خواناسی ئەویش بە دەنگ و ناو بوو بۆ هەر دوو جیهان خوداپێداو بوو حاتەم لە دەهندەیی بەزی بوو ڕۆستەم هەڕەشێکی وی بەسی بوو ژیری و هونەر و بە کاری و دین بەردەوبگرەی بە داد و بەخشین دەتگوت کە بە بەژنی ئەو بڕا بوو تا ئەو بوو، بەشی کەسێ نەمابوو سەد جۆرە گەواهێرات و یاقووت ئەڵماس و پیرۆزە، لاڵ و زمڕووت داکرابوو بە کۆ لە هەر شوێنێک دارماڵ بوو هەموو کون و کەلێنێک پێت وابوو کە هەندەر و بەهەشتە کیژۆڵە تژی هەموو فریشتە هێند سادە و لووسکە نۆکەری بوو ژوور و دەری هەر پڕی پەری بوو لەو باغە دوو نەونەمام ڕوا بوون بێ وێنە لەناو بەهەشتی خوا بوون سوورگوڵ دوو لە پنجی شا ڕوابوو دوو خوشکی خوشیک و یەک برا بوو دەتڕوانی ئەگەر لەسەر ڕوانگا دوو ڕۆژت ئەدی بەدەوری مانگا یەک پیاوی دەکوشت بە چاوی مەستی ئەو ناوی نرابوو خاتوو ئەستی ئیدی لە دڵ و هەناوی میر بوو ئەو ناوی لە ناوی میر بوو خۆت ڕەنگە بزانی ناوی زین بوو بەس دیتنی زینێ دڵ تەزین بوو یەک ناوی جوانی کەوتە شاران گیانێ بوو ئیتر لە کۆڕی یاران یەک گەندەمیی و یەکێ زەری بوو یەک چەشنی فریشتە یەک پەری بوو کەنگێ پەریی و فریشتە وا بوون ئەم جووتە لە ڕۆشنی خودا بوون هەرگیز کەسێ جوانی وای نەدیبوو نەمزانی هەوێنی وان لە چی بوو لاجانگ وەکوو زێو چەناگە وەک سێو ئاونگی لە ئاوی ژین لەسەر لێو سەرکوڵمە وەکی پەڕی گوڵی ئاڵ چێنرابوو تیا دەنک دەنک خاڵ تەنگی دەم و دەنگی پێکەنینی بردیان بڕەوی بوتانی چینی ڕەشماری کەزێ لە بەژن و باڵا وەک هەورەڕەشێ لە ڕۆژ دەهاڵا چاوێنیپەڕێن بوو دێڕی سەر ڕوو چاڵی چەنەگەی پڕی لە جادوو بۆنخۆشی وەنەوشە و گوڵی ئاڵ پشکۆ بوو لە چوقڵی سەوڵ و شمشاڵ سوورگوڵ لە سەری لکان ڕووا بوو تاتای موو بەسەر یەکا ڕژابوو ڕەشخاڵ وەکوو بەردی حاجییان بوو ئەو کۆشکە حەجی ئەوان دەمان بوو ئەبرۆ چ کەوانی بێگرێ و ڕێک پەیکانی بژانگ، چ تیری دڵپێک نازک بە لەش و هەڵۆ بە چاوان تۆقیبوو دڵی دڵان لە تاوان دایاننا ئەوانی مووقەڵێشن هەر گۆشەیی چاوە، گیان دەکێشن توێڵی سپی پەرچەمی ڕەش و کۆ وەک باڵی پەری لە سووچی ئاسۆ ڕۆژ کارەکەرێکی ناوچەوان بوو لە جوانی بە پاس و دەرکەوان بوو کێ کوڵمی دەدیتن و بنانگوێ مردن بوو پەنای دەبردە بەر کوێ گەردن وەکوو قومقمۆکی بادە پڕ بێ لە گوڵاوی ڕوون و سادە هەرکەس کە ببینێ پێی دەزانێ سەرچاوەیی ئاوەکەی ژیانێ سەرپەنجە و نەینوکی خەناوی خوێنیان دەڕژا دڵان لە تاوی دینی بەر و کەمبەری شل و مل چاوی گەش و ڕوون دەکرد بەبێ کل هەڵیان کە دەماڵی قۆڵ و بازن جێدار بوو لەسەر جیهان بنازن ئەو دوو گوڵە شۆخ و شەنگە جوانە هاتبوونە جیهان هەواڵدووانە هەرچەندە کە ئەستی نازەنین بوو زین زۆرتری خوشکی، خوێنشیرین بوو هی وان بوو جوانی گشتی شەشدانگ ئەستێرە بوو ئەستی، زین وەکی مانگ ئەستی وەکوو مانگ و زین وەکوو خۆر چاوپیس و چنۆکی پێ دەبوو کۆر ئەو هەر دوو وەکوو دوو شەوچراخان کاتێ کە دەچوونە سەیری باخان گیاندار دەچوو گیانیان بە تاڵان گیا وو گژ و دار و بەرد دەناڵان پەرچەم شەوەڕەش لەدەوری لاجانگ شمشێری برۆ لەسەر لەتی مانگ پەرچووکە لەسەر هەنێ بنەخشێ کێ بێ دڵ و گیانی پێ نەبەخشێ ڕازانەوەیان بە زێڕ و گەوهەر لەرزانە و گۆبەرۆک و کەمبەر ئەو لەنجەیی کۆتری بە سەد ناز لەو جووتی بەژننەمامی چاوباز پۆل پۆل کچی شۆخ لە دەور و بەریان پیر، بۆ دڵ و دینی خۆ دەگریان خواناس و مەلا و بەناو و بێ ناو خونکارە، هەژارە، پیرە، یان لاو کوانێ کە دڵی نەچێتە جوانی نرخی کە نەزانی زۆر نەزانی هێندێک دڵ و دین دەدەن بە تێکوڵ هێندێ بە خودای چڵ و گوڵ و دڵ دۆست هەر یەکە بەر دە شێوی شێوان وەک تێکوڵ و کاکڵێکە نێوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان ڕانانی جوانی ئەو دوو چاوبازانە هێندەی کە خودای بە تاق و تەنیا پووڵ و شمەکی ڕژاندە دنیا قەیسەر هەچی بووی لە زێڕ و زێوان زۆرتر لە بژاردن و لە پێوان هەڵماس و گەواهێراتی قاقان تا دەچتە نەقێمەکەی سلێمان چی نرخی گرانە پێی دەزانی ناهێنێ کەمووسکەیەک لە جوانی ئەو جوانی لەڕووی ستی و زینێ دەریا بوو لە ئاگری ئەوینێ کاتێ کە دەکەوتە سەر شەپۆلان سەرڕێژی دەکرد لە گرد و گۆڵان بۆ هەرچی پڕیشکی خۆی دەپڕژاند سەد گیانی دەمەولەحاست دەبرژاند دارا و نەدار و کۆک، ڕەش و ڕووت ئەو دوانە کە هاتبان دەیان گوت جوان گەیونە یەکدی مانگ و خۆرن کڕیار ئەوە بۆیە هێندە زۆرن ڕاوکەر لە ڕێگەی ئەم ئاسکانە دڵبەستەیی ئەم دوو ناسکانە گەر بەور و پڵنگ و نێرەشێر بوو هەر ڕۆژی بەرێ بە ناڵە فێر بوو گریان بوو، هەرا بوو، ڕۆژ ئەگەر شەو هەرگیز نەدەهاتە خەونەوە خەو هەر جوانییە بێ بن و کەنارە دڵداری گەلێکە بێ ژمارە دڵدار هەیە مەردە گیان دەبازێ ئی واش هەیە وردەماچ دەخوازێ یەک یاری دەوێ لە بەزم و یاری یەک گیانی شیرین دەدا بە یاری لێومژتنە بۆ ستی و تاژدین خۆکوژتنە دێتە ڕێی مەم و زین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئازایەتیی تاژدین و برایانی و دۆستایەتیی مەم و تاژدین با بێینەوە سەر وتارەکەی پێش سەوداسەری دڵ برینی پڕئێش هەرچەندە کە زۆر و بێ ژمار بوون گچکە و زل، خوێڕیی و بەکاربوون لەو کۆشک و سەرایەدا بوو سەد لاو خوێنشیرن و ڕێکوپێک و بەرچاو هەریەک بە جوانی ڕۆژی ڕووناک ڕووخۆش و لەبار و دەست و دڵپاک وەک مانگی لە چاردە، بێیە ڕاستی مانگ زەرد بوو، کە یەک دەهاتە حاستی سەوداسەری پیشەیان بوو گشتی بەستبوونی ئەوین بە داوی گشتی یەک ڕازی دڵی یەکی دەزانی گشتی دڵی چوو بووە سەر زمانی سەودا لە دڵا نەوەک بە دیتن ئەم جۆرە ئەوینە کەم بە پیتن تێیدا بوو لەوانە تازەلاوێک سەردەستەیی گشت و خێوی ناوێک تاژدین بوو، بەڵام چتۆ جوانێک! گوودەرزی جیهان و پاڵەوانێک میر کامە ڕەگەز بوو ئەو لەوان بوو سەرکۆمەڵ و گەورە و گران بوو ئەسکەندەری ناو بوو بابی جوامێر بیستوومە عەرەب پێیان دەگوت شێر چون ڕۆژی هەرا بە تاقەسواری دەیتوانی بەرێ سەری هەزاری تاژدین دوو برای هەبوو، کوا وەکی وان؟ پێمێردی خودا دەگەڵ چەکی وان ئازایی لەپاش ئەوان درۆ بوو یەک «عارف»ی ناو بوو یەک «چەکۆ» بوو تاژدین لەسەر ئەو هەموو نەمامان لە برای و لە خزم و خاڵ و مامان لاوێکی تری کەس و برا بوو چم وت؟ نە برا بوو شەوچرا بوو هەر ڕۆژێ کە ئەو برای نەدیبوو وابزانە بە شەو چرای نەدیبوو دنیا بوو لەبەر دوو چاوی تاریک تای کرژی دڵی پساو و باریک هاواڵی دەمانی خۆش و خەم بوو دڵبەندی خەمان و ناوی مەم بوو ئەو چۆن بوو مەمیش لەڕاستی وا بوو تاژدین نەبێ چی لە بیر نەمابوو مەم ڕۆڵەیی نووسەرێکی میر بوو تاژدین کوڕی گەورەتر وەزیر بوو هەڵیان نەدەکرد بەبێ یەک و دوو جیاوازی بە دڵ نەبوو، بە لەش بوو ئەم جووتە بە جۆرێ دڵ لەیەک بوون دەتوت کە ببوونە لەیل و مەجنوون زۆر پێکەوە هۆگرێکی پاک بوون جووت بوون و لە خۆشەویستی تاک بوون بۆ یەکدی ببوونە دۆستی گیانی دەرچوو لە زمانیی و لە نانی با وا بێ هەواڵەتی و برایی بێهوودەیە دەمدەمی و هەوایی هاسان نییە دۆستی، گرانە دۆستایەتی و ئەمەگ برانە گەر دڵ بە گومان، گومان دەبەی خۆت دۆستی مەکە زۆر گران دەبێ بۆت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژنی نەورۆز بڕوانە خودای بڵند و زانا چی کردووە لە هەرد و عاسمانا بێ مشتە و ڕەندە، بێ گەز و گاز وەستایەکە ناگەرەکییە ئامراز یەک گەورە و یەک درێژ و یەک خڕ واڵا و بەنێو و نیوە و پڕ دەرکەوتووە گش لە کارگای ئەو سەرسووڕڕە جیهان لە بارەگای ئەو سەیریش ئەوە گشتیان لە کارن هێندێکی پیادە، هێند سوارن هێندێ بەهەران و هێندێ وستن دەستێک پەلەکار و هێندێ سستن یەک دێت و یەکێ دەچێت و دەستێ هەروا لە گەڕە و هەشە دەوەستێ هێندێکی دەنووسێ و هێندێ وەستان یەک سەربڕە، یەک بوێژی بەستان یەک خەم دەڕەوێنێ، یەک کزوڵکەو یەک ڕۆژ دەپەرەستێ، یەک چرای شەو هێندێکی بەچەشنی زینی نازار هێندێ وەکوو مەم دەبن گرفتار سەرپاکی بە ڕۆشنی و جوانن هێند شاهن و هێند وەزیری وانن ئەستێرەیی هێندێ بۆیە ناردوون هێنانی بەهاری پێ سپاردوون ساڵ تازە دەبێتەوە کە هاتن سەرما دەکەوێتە سەر هەڵاتن گێڕایەوە بۆم پیاوەکی پیر پیرێکی بەبیر و زیت و دڵ ژیر گۆیا کە لە ڕۆژگاری پێشین... جەنگە و هەڕەتێ کە دەر دەبێ شین واتا کە دەبوو بە ڕۆژی سەرساڵ هەرکەس دەر ئەچوونە دەشت و بەر پاڵ کیژ و کوڕ و لاو و کۆنەساڵان باپیر و نەنک لەگەڵ مناڵان جێژنی هەرەزل بوو جێژنی نەورۆز تا پێوە بنووسێ جێژنی نەورۆز تاکی نەدەمایەوە لەناو ماڵ دەیدا لە دەر و لە چۆڵگە بای باڵ نەخوازە کوڕ و کچی گەییشتوو چی هێشتە لە یەکدی چێژنەچێشتوو ڕازاوە لە خشڵ و بەرگی باشا چاو تێر بوو هەمووی لەبەر تەماشا هەر لاوێ لە بیری خواستنایە با کیژێ ببینێ چی تییایە؟ ڕۆژێ کە دەچوونە گەشتی دەشتێ دەشت مشت بوو لە میوەیی بەهەشتێ هەر جوان بوو لە یەک دەبوونە کڕیار سەودا بە دڵ و بە چاوە بڕیار هەر تاک بوو لە جووتی چاو دەگێڕا تاک بۆی دەچوو جووت دەهات لەوێڕا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیرانی جێژن و دەزگیرانگرتن دیسان کە نواندی جێژنی نەورۆز لەگوێرەیی ڕێوشوێنی پیرۆز گش ورد و درشتی ناو جزیرێ بیگرە لە شوانێ تا وەزیرێ شاری و ڕەمەکی و گزیر و هەرچی تێیدا بوو شڕە و گەڕۆک و چەرچی پۆلپۆل دەگەڕان لە کێو و دەشتێ خەمیان دەپەڕاند لە سەیر و گەشتێ هێندێک بە پێیان دەچوونە باخان سواران دەگەڕان لە کێو و شاخان هێندێکی بە یەک یەک و جودایی دەستێکی بە گەل بە دڵ تەبایی هێند هاتبوو خانم و ژنی جوان دنیا پڕی گوڵ ببوو لەبەر وان تێی هاتبوو هێند پەری و فریشتە تا وابێ بەهەشتی گەورەدەشتە کیژۆڵە و لاو و ڕووبەخاڵان لێوقەند و مەمک دوولیمۆکاڵان خونچەدەم و ڕووبەخاڵ و خوێنسووک لاوی تەڕ و تازە، لووس و بێتووک کڕیار و فرۆش هەموو جوان بوون نرخ و بەنرخ لەسەر ڕووان بوون نازداری دەهاتە باری سەودا نەک کۆنەپەڕۆ و کەڵاف و هەودا جوانچاکی دەهاتە تای تەرازوو چاو کاری دەکرد نە زۆری بازوو ئەو ڕۆژە دەبوە کە جێژنی سەرساڵ منداڵی دە ساڵ و پیری سەد ساڵ خۆیان نەدەهاتە بیر چە جارێ ئاهەنگ و بەزم بوو تا ئێوارێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆگۆڕینی تاژدین و مەم لە بەرگی کیژاندا پڕشنگی چرای لە گومبەزی شین کردی دەمێ خاکەلێوە ڕەنگین ڕێوشوێنی گەلێک لەمێژ و زوو بوو حەوڕۆژەیی جێژنە بۆ پشوو بوو هەر ڕێگە درا بە کیژ و لاوان دانێکی نەمان لە ماڵی باوان کچ دەچوە دەرێ دڵێکی ببڕێ کوڕ دەچوە بەرێ گوڵێکی بکڕێ تاژدین و مەم ئەو دوو شێردڕانە پۆشیان شمەک و جلی کچانە هەوری لە ملان بە ئۆیە دەسماڵ تافتە کوڵەجە کراس و لێوئاڵ کاکۆڵ بوو ببوو بە بسک و پەرچەم هەر دوو کچی قۆز ئەگەر ببا مەم! هەربۆیە بوو کەس ئەوان نەناسێ باش گوێ دەنە بەزم و دەنگ و باسێ بیانهێڵە بە بەرگی نازەنینان با بچینەوە لای ستێ و زینان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرفتاربوونی مەم و زین و ستێ و تاژدین بە داوی ئەوینەوە هەردووک دەگەڕان بە بەرگی گۆڕاو ڕامان لە شتێکی سەیر و ناکاو دیتیان لەپڕێ لە هەر دەرێکا هەر کووچە و کۆشک و پەنجەرێکا چەند تازەجوان لە چەشنی سەروان پارچەی هەموو جۆر و ڕەنگ لەبەردان پۆلپۆل کچ و لاو بە دەستەدەستە هێندەش ئەوە پیری داربەدەستە هێند زگزل و هێندی لات و لووتن هێند پۆشتە و هێندی ڕووت و قووتن هێندێکی گران و هێندێ سووکن هێندێکی زەلام و هێندی چووکن یەک کاڵە لەپێ، یەکێکە پێخواس یەک قیژە دەکا، یەکێ وڕ و کاس یەک سەرقژنە، یەکێک بەکاکۆڵ یەک خۆڵ وەسەرە، یەکێ لەسەر خۆڵ پیتۆڵە یەکێک، یەکێک بەتیتۆڵ یەک بۆڵە دەکات و یەک ڕووەو چۆڵ مرکیوە یەکێ، یەکێ لەسەر جۆش هێندێکی خەواڵوو هێندێ سەرخۆش هێندێ لە بڵند و هێند لە چاڵن هەریەک لە هەوایەکی دەناڵن گوێ پڕ بوو لە ناڵەیی بەزامان هەرتک بە وردی سەرێکی ڕامان تاژدین لە یەکێکی پیری پرسی لالۆ چییە ئەو هەرا و مەترسی؟ پێی وت کچەکەم دوو نۆنەمام کوڕ ئەمڕۆ لە مە بوونە میری سەربڕ هەرکەس کە ببینێ ئەم دوو لاوە ئیتر ئەمە هۆشی نا بە لاوە وتیان ئەتۆ دیتن؟ ئەو چ ڕەنگن؟ فەرمووی بەڵێ دوو کوڕی چەلەنگن گوتیان کە هەیانە تیر و خەنجەر؟ یان شیری شەتەکدراو لە کەمبەر؟ فەرمووی کە بە سیلەچاو و ئاوڕ لەم کۆمەڵە بوونە جەرگ و دڵ بڕ لەو پرس و وەرامەدا لەناکاو دڵ ترسی لە چی بوو هاتە بەرچاو بێ وێنە دو کوڕ، دوو تازەلاون سێبەنگی برۆن و مەستەچاون یەک ڕەنگ و شمەک گەلێ تەیارن بێگانە و ڕەنگ نەناس دیارن باڵاکەڵەگەت نیان و نەرمن تا چاو دەیەوێ بەناز و شەرمن هەر لەو جێ کە چاو کەوت بە چاوان یەکجێ فڕی هۆش و دڵ لەتاوان فرمێسک ئەڕژان لە چاوی تاژدین مەم بوو بە بەفر لە تاوی هاوین بەو تاوی جوانی تاس و گێژ بوون بێ هۆش لە چەقی ڕێگا درێژ بوون ئەو هەر دوو کوڕی بەناز و نیمناز دیتن دوو پەری شەهێنی چاوباز ڕۆژن وەکوو مانگێ ڕەنگزەردن دڵدار و شکاوی بەردی دەردن وەک تازەکوژاو بە هەڵبڵۆقن بەو تینی ئەوینە هەڵدەچۆقن دوو سوارە بەزینە سەر نێچیران دیتیانن و کەوتنە چاڵی بیران زانیان کە نێچیرەکان قەڵەو بوون باز گیرە لە داو، نە زڕڕەکەو بوون وێستان و ڕوانییان بە گەرمی دڵیان کوڵی کەوتنە باری نەرمی لەو جوانییە بەم دوو ئاسکانە سووتا دڵی ئەم دوو ناسکانە دڵیان بە دڵی یەک ئاشنا بوون دڵ ئاوێنە بوون و ڕوونوما بوون دڵ بوونە هەواڵ لە سووچی چاوا کۆچکردە بوو دوودڵی لە ناوا خوا هێندی لە خۆشەویستی پێدان دڵداری وەهای لەیەک گرێدان دەتگووت کە چوار گیانە یەک لەش گیانێکە لە چوار لەشان بووە بەش ڕاستت دەوێ هەر یەکن لەش و گیان ڕۆژی بەرێ یەکیەتی بوو بەشیان گیانان هەموو پێکەوە تەبا بوون کاتێ کە لە بارەگای خودا بوون ناردوونیەتە گرتووخانەکەی لەش ئەوڕۆژە جیاوەبوون بە دوو بەش هێشتا بڕێ مرچ و مۆڕ و گرژن ئەو تیرەیە ناونران بە دوژمن دەستێکی لە یەکدی بوونە دڵدار ئەو دەستی کەوت ژیانی ڕزگار وێ ڕۆژێ لەگوێرەی ئەم سرشتە تێکەڵ بوو دڵی دوو جووت فریشتە کاتێ کە گەیینە سەر دوو زامار ئەو دوو کوڕی دیدەمەستی نازار دوو گوڵ دڵی دایە دووی وەکوو گوڵ پشکووت گوڵی دڵ ڕژا کوڵی دڵ بوو ڕانی ستێ سەرینی تاژدین جێی گرت سەری مەم لە باوەشی زین لێویان دەخشاند بە کوڵم و خاڵا چاو تێر نەدەبوون لە بەژن و باڵا وتیان دەبێ ئەم کچانە چی بن تۆ بڵێی کە فریشتە یان پەری بن! ئەو میوە لە باخی کێ چناون ئەو گوڵ لە چ گوڵبنێ ڕواون دوو تازەنەمامی کام دەراون ڕەگیان بە گوڵاوێ ئاو دراون فرمێسکی لە چاو و خوە لە سەر سنگ لەو دوو گوڵی سیسە بوونە ئاونگ سەرخۆشی ئەوین بە بۆنی وا خۆش پێم سەیرە کە هیچ نەهاتنەوە هۆش تا ببنە هەواڵی دیدەمەستان ئەنگوستیلە دەرخران لە دەستان گۆڕیاننەوە کلکەوانەیی خۆ نایانەوە داو و دانەیی خۆ هەڵماسی نقێم دران بە شووشە کار هەر بە دڵە، شتی دی پووشە شیرنایەتی جێژنە بوو بە تاڵی قاڵ بوون بە ئەوین، بەسە مناڵی! تاوپەڕ بوو و بەجێ نەما لەوێمان خۆش ڕۆیین و دووی نەخۆش بەجێمان تاژدین و مەمی بە دڵ بریندار پێوەندی دوو ئاسکی ناسک و نازار وشیارەوە بوون شەوە، شەوەزەنگ بەس ناڵەیی دڵ نەبێ نییە دەنگ دوو ڕۆژی بە ڕۆژ ون و نەدیون وەک مانگەشەوێکی ڕەنگپەڕیون بێ هێز و کز و سڕ و کڕ و تاس بێ تین و توان، هڕ و وڕ و کاس لاواز و زەبوون و نیوەمردوو بە شلێک و دڵێکی جەردەبردوو تا گەینەوە ماڵ بە لارەلارە لێی بوونە تخێڵ بە جەرگی پارە نە زمان و نە سەر، نە خواردن و خەو لایان وەکوو یەک بوو ڕۆژ لەگەڵ شەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاژدین و مەم بە دەردی خۆیان دەزانن ئەو باز و شەهێنی پەڕپڕووزاو تاژدین و مەمی دوو دیدەدرواو بۆ پۆڕ و کەوان دەچوونە ڕاوێ چۆن ڕاوێ بەجووتە کەوتنەداوێ لێی دان لەپڕوناکاو بریسکێ سووتان نەبوو هەڵبدەن هەنیسکێ حەوڕۆژەیی جێژنە هات و چوو خۆش ئەم جووتە لە جێ نەخۆش و بێهۆش چەند ڕۆژی تریشی هات بە شوێنا سەریان کە لەسەر سەرین هەڵێنا لێڵایی لە چاو، ڕەنگبزڕکاو تارمایی نەبێ نەهاتە بەرچاو تاژدین بە مەمی دەگووت ئەتۆ کێی؟ مەم سڵ بوو پتر لەڕاستی هاوڕێی دەرمان و بزیشک و نووشت و یاسین تا هاتنە سەر یەک و دوو ناسین خۆیان دی لە پێچی پاچەبەندییان پێچراو لەش و، گیان بە چەند کەمەندان بێ چاو و، بێ دان و، ئاو و، بێ تاو بێ باڵ و لە دڵ برین و لەش خاو وەک چاوی جوان نەخۆش و سەرخۆش وەک خاڵی لەسەر ڕووان سیاپۆش وەک خونچەیی زاری یار دڵتەنگ ناڵین لە ڕەگی دڵان وەکوو چەنگ وتیان دەبێ بۆچی ئێمە وا بین؟ کەی جەنگ بووە ئێمە ئەنگوابین؟ یان بۆچی وەها کز و زەبوونین پڕ دەرد و برین دەر و دەروونین؟ بەو گێژییە لە گێژی بیر و خەمدا تاژدین دی لەدەستی کاکەمەمدا ئەنگوستیلەیەک نقێم لە گەوهەر دەرناکا لە نرخی کەس سەرەودەر وەک دەنکی هەنار و ئاگری سوور شەو بایە، دەڕۆیی تیشکی بۆ دوور نووسراوە لەسەر وی ناوی زینێ کێشای دەسی باشتری ببینێ مەم دی لەدەسی ئەویش نگینێ هێژای هەموو گەنجی سەرزەمینێ بێ هەستێ کە سەیری کردە دەستی ڕەنگیوە بە ناوی خاتوونئەستی دوڕناسی جیهان لەڕاست ئەوانە هێڕ و وڕ و گێل و هیچنەزانە سەدهێندە بەسەنگی گەنجی قاروون هەر زێڕی هەیە و هەچی لەناو چوون ناهێنێ لەوانە هێشتە هەشت یەک هیچیان بۆ نەما جیا لە پەک پەک پەک پەک کە چ باشن ئەو نقێمە ناسیان بەمە یاری دڵ ڕەقی مە هەرچیان بە مە کرد ستی و زێن بوون وەدیارە کە فێری دڵ دزین بوون گۆڕیان لە مە خۆ، بە بەرگی گۆڕاو لاولاو بە دوو لاو دەهاتنە بەرچاو ئەو بوون کە لە ڕۆژی جێژنە هاتن وتمان ئەوە مانگ و ڕۆژ هەڵاتن ئەو دوو پەرییانە دەستوەشێن بوون ئەو خوێنشیرینانە خوێنڕژێن بوون ئەو بوون کە لە ئێمە بوونە دڵبڕ ئەو مامزە بوون کە بوونە شێردڕ ئەو هۆشی سەری مەیان ڕفاندن هەرزان بوو لە نرخی چاوچڕاندن تاژدین کەمێ هۆش و بیری لا بوو مەم نابێ بپرسی هەر نەما بوو تێی ڕاخوڕی: مەم! دە هەستە بەس بێ! تا کەنگێ تخێڵ دەبی لەنێو جێ؟ شیرین ئەمە ئەو دوو ئاسکی ماڵین شوورەییە لەدەست ئەوان بناڵین مەم هاتە وەڵام بە ناڵەناڵی تاژدین وەدیارە هێشتا کاڵی زۆرتر لە تۆ خۆم شڵۆق دەبینم زۆر کاریگەرن هەموو برینم مەمبینە کە وا لەسەر زەمینم کوژراوی ئەوینی چاوی زینم سینەم هەموو هەنجنە بە برژانگ گیانم بووە گیر لە ماهی لاجانگ بێ شوێنە دڵم لە پرچی ڕەش دا وەک نەشتەرە هەرچی موون لە لەش دا بەو شیری برۆی کە تازەساون بەندبەندی دڵ و جگەر پساون ئارا لە چ جێیەکم نەماوە تۆ ئەو مەمی دیوتە، نەماوە دڵداری بەڕاستی دای بەسەرما لەو هێرشەدا، نە دڵ، نە سەر ما گیان و جگەر و دڵ و هەناوم دەست و سەر و پێ و پشت و چاوم سوێندم بە خودا نییانە ئارام شێتن هەموو لا، لەلام نەما ڕام تا من بە دەمم دەمێ دەکەم شین ئەو هەر یەکە بۆ خۆ بانگ دەکا زین! وا دڵڕەقی بەو ژیانە تاڵە تووش بووم، و دەڵێی بەسە و مەناڵە وان بێڵە بە ئاخ و داخ و ناڵان با بێینەوە سەیری چاوکەژاڵان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زین و ئەستێ بە چ دەردێ چووبوون؟ هەر چوونەوە ماڵێ بەو جلانە ڕووت بوونەوە ئەو کەمەرشلانە هەرچەندە جل و شمەک کە گۆڕان چۆن دێنەوە ڕەنگ و دڵ کە دۆڕان؟ دڵداری لەناو دڵان خزیبوو گوڵ ڕەنگی لە کوڵم و لێو دزی بوو کەس نەیدەگوت ئەو ستێ و زینن پێت وابوو کە خەڵکی ژێر زەمینن پیرێژنی دێوی ئەم جیهانە تایەن بوو لە کۆشکی ئەم کچانە فەرهادکوژەکەی لەلا تکێک ئاو گەڕبازی بەناو حەیزە بوون ناو ئەو هات بەسەرا لەوان دەماندا چاوێکی خشاند بە ڕووی کچاندا دیتی، چ ببینێ؟ دووی کز و لات ئەی خوایە ئەمانە چییان بەسەر هات وا ماتی خەیاڵ و دوورەئاگان بەرچێڵە ونی دەکا چەناگان ڕووی ڕۆژ چییە، بوونە مانگی یەکشەو چاوباز کڕن ئەمڕۆ بوونە مێکەو خوێن بوونەتە بەفری تازەباریو یاقووتی دوو لێو سپین وەکوو زیو کوا کاتە کە زەرد ببن گوڵی سوور؟ ! دەک ڕۆڵە لە چاوی پیس و بەد دوور! ئەی هێزی دڵ و کزەی هەناوم هەریەک لەوە ڕۆشنایی چاوم پارێزەری ئێوە هەر خودا بێ باڵا و هەموو کاتێ بێ بەڵا بێ وا ئێوە ئەوەند لە بەند و بەرچاو چۆن چوونە دەرێ بەجووتە بۆ ڕاو؟ ! چۆن وا زوو گەڕانەوە بەرەو ماڵ؟ چۆن سەیرو نەکرد لە جێژنی سەرساڵ؟ بێژن شتەکە چییە و چ ڕەنگە؟ سەرگێژییە یان خەیاڵی بەنگە! گیران بە چ داوێ؟ چۆن تەلێکە؟ هۆی ئاگرە هەرچی دووکەڵێکە دەنگێ بکەن و نەکەن کچانم من بۆخۆ هەموو شتێک دەزانم قوومێکی دەپێژم و دەڕێژم چوو دیوە لەڕێوە پێو دەبێژم شیشۆقە و موروو تێکەڵاو کەم چیتان لە دڵایە لێو بڵاو کەم گوتییان بەدزی بە پیرەزاڵێ: لەو کاتەوە چووینە دەر لە ماڵێ هەرکەس کە دوچاری ئێمە بوو زوو شێت بوو، دڵ و هوشییان لە دەس چوو ئەم زۆرییە زۆرە هاتە ڕێمان پێوەندی ئەوینێ هاتە پێمان شێت بوون بەمە و دای لە سەریان ئێمەش ئەوە بووینە شێتی پەریان هەر بیستی لەمان، ئەمانە دایە لووسایی زمانی کەوتە کایە چاومەس، دەسەروو گەڕێم هەزارجار ئێوەی کچی پاتشان و خونکار کێ بێ کە ببێ لە ئێوە بێ باک کێ بێ کە نەدات بە ئێوە پیتاک دەستان کە بە دەستی هەرکەسێ دا دەیدا سەر و گیان و دڵ لە ڕێدا نەخوازە کە ئێرەیی بێ دڵدار من بیگەمێ ئێستە دێتە بەر بار کام داری بڵیندە دایدەهێنم هەر شێتی دەکەم دڵی دەسێنم وتییان هەموو وایە هەرچی دەیڵێی ناسراوی لە لانی ئێمە، تۆ کێی دەرمانی برینی «سە»ت لەدەست دێت شەرمێکە دەمانگرێ بڵێین پێت دەردی مە گەلێک بە ئێش و ئۆیە ڕێ کوێرە بە دڕکە، پڕکڵۆیە چەندەی هەیە کیژ و کوڕ لە بۆتان چەندهێندە کە ناو براوە بۆتان هەرکەس بە جوانی ناوی داخەن نووسراو لە سیایی ئێمەدا هەن لەم شارە هەچێکی مەستەچاون دیومانن و گشتی ناسراون ئیمڕۆکە دوو کچ بە ئاڵ و واڵا وەک یەک بە شمەک بە ساڵ و باڵا دوو ڕۆژ کە هەڵێن بزانە هەو بوون هەنیان وەکوو مانگی چاردەشەو بوون تووشیان بوو بە تووشمان لەناکاو چۆن دڵ نەپەڕێت و ئاو نەکا چاو هەر چووینە نزیکی وان بە دیمەن دیمان نە لە ئاو و گڵ وەکی مەن وەدیارە فریشتە یان پەری بوون دوو سێوی بەهەشتی داوەریبوون ئەو بۆ مە بەجووتە کەوتنە داوان ئێمەش ئەوە شێت دەبین لەتاوان ڕوومان وەکوو مانگ و ڕۆژێ وا بوون ئەو ئاوێنەیەکی ڕوونوما بوون ئەو شووشە ئەمیش چرای بەرانبەر تیشکی مە گەڕاوە بۆ مە لەو سەر شۆقێ کە گەڕاوە دای لە ئێمە تاواندی دڵی مە های لە ئێمە سەرکوڵمی مە ئاگری بەگڕ بوون ئەو وەک دوو چرای لە ڕۆنی پڕ بوون گڕ گرتیی و کەوتە هەر دوو لامان دڵ بۆتە مەکۆی برین و زامان سووتاین گش و ئێستە کۆی زوخاڵین لات وایە کە نوقمی ناو خەیاڵین؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرگەردانیی تایەن لەم وتانە دایەن سەری سووڕ بوو لەم وتانە ڕووی کردە کچان وتی: چتانە؟ چۆن ئێوە نەچوون بە تیلی چاوان کوڕ ڕاوکەن و دڵ بەرن لە لاوان؟ ! بۆخۆ کچ و کچ دەبن بە یاروو؟ لام وایە شڵۆقە کار و باروو دڵداری کچان لە ئێوە نایە کەس ناچتە سەمایە بەو هەوایە پێویستە کچان بە کوڕ بنازن لاویش گەرەکە کچان بخوازن بێهوودەیە کچ لە کچ کە جووتە لاو، لاوی بوێ لە هۆزی لووتە کچ سوورگوڵی دەسچنی خودایە کوڕ ئاوی ژیانە، ژینی لایە کوڕ خوێن و کچیش لەشن هەتا جوێن بێ خوێن لەشن و لەشانی بێ خوێن تا بێ کچە کوڕ، شەوە بەبێ مانگ تا بێ کوڕە کچ، نوێژی بێ بانگ کچ بۆ کچی چۆن بە هاوسەری بێ؟ جا با کچی پاتشای پەری بێ! گەر گوڵ لە گوڵان ببن بە دڵدار با خۆڵی وەسەر بێ بولبولی ژار خوسرەو کە نەبا سواری شەودێز شیرن لە شەکر دەبوو بە پەروێز؟ فەرهاد و شیرین ئەگەر نەبوونا ڕووشێک نەدەهات بە بێستوونا ئەو گش کوڕ و کاڵە هەن لە شارا بەگزادە و سادە، ساز و دارا چوون و دڵوو دا بە دوو کچۆڵان چڵکاوچڵەپێنی دەرک و کۆڵان بێ ناوونیشان و کەسنەناسان کارێکە نە هێندە سووک و هاسان من دێمەوە هیچ مەبن هەراسان خەو دیتەن و هێشتە هەر لە تاسان ئەو چەڵتەچەڵت کە گەییە گوێی زین تێی ڕاخوڕی: بەسیە پیری سەرشین! نازانی دەڵێی چی کۆنەفەرتووت هۆشت نییە چی دەڵێی و چت گوت نەتوت کە قوم و گڵی بەبا کەی پێت دەکرێ نهێنی ئاشکرا کەی؟ ئێستاکە دەڵێی خەیاڵ و خەونە بیرت وەکوو خۆت ڕزیو و کەونە ئەو جووتە، فریشتە یان پەری بوون کچ یان کوڕ و کێ و کوێندەری بوون دیومانن و دەشتەوێ نیشانە ئەنگوستیلەیان لە پەنجەمانە گەر جادووگەریت نە هەر زمانە بیانبینەوە خێوی کلکەوانە پیرێژنی زماندرێژ و جادوو دەرخەن لەدەس! و گوتی: دەجا زوو تا ڕۆژ ئەوە دەست بە دەسنوێژم خەو ناچەژم و قومێ دەپێژم خێو یان چ پەری و چە دێو و خێوە دەیناسم و پێو دەڵێم لەڕێوە گورجێ ستێ دایە هەنگولیسک زین دادی دەدا دەگەڵ هەنیسک پاڕاوە لە تایەنێ بە گریان لێم دوور بێ جگەر دەبێتە بریان گۆمێکە لە خوێن دڵی هەژارم هەرچەندە بڵێی ئەوەند پەژارم ئەوکاتە کە گێژی دڵ دەجۆشێ گیانم بەرەو چوونەدەر دەکۆشێ فێنکی کوڵی دڵمە ئەو نقیمە لێم ون بێ جگەر دەبێتە قیمە سوێندت بە خودا دەدەم گەلێ زووم بۆ بێنەوە، تاکوو بۆی نەمردووم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تایەن دەچتە کن نوشتەنووس پیرێژنی سەلکەتەپڵەگوێنی بوولێڵە کە دەرکەوت نهێنی خۆی کرد بە کوڵیتی جادووێکدا تۆرتۆی دەمی سەلم و تووری لێک دا من بێوەژنێکی بێ پەسیوم بێ خانە و لانە و بێ بژیوم پەرژینێ بەگوڵ بێ دوو کوڕم هەن دووی بێکەسی زۆر شڕ و وڕم هەن ئەوڕۆژە کە ببوە جێژنی سەرساڵ خۆت ڕەنگە بزانی چۆنە منداڵ چووبوونە گەڕانی چۆڵ و دەشتێ تووش بوون بە ڕمووزنان لە گەشتێ هاتوونەوە شێت و ڕەنگبزڕکاو نە شتێکی دەخۆن نە لێک دەنێن چاو بێ هۆش و زمان، لەجێوە کەوتن نەمماوە حەسانەوە و سرەوتن دوو مێنەکەیان لە دەستی ناون دەسیان لێ وەشاوە ئەنگواون بڕوانە چییە؟ بڵێ بزانم دەردت لە کزەی دڵ و گیانم فێدارییە، شێتییە، دڵ ئێشە چارەم بە چییە و چ ڕێم لە پێشە هەرچی هەیە لەم دووانەڕایە ئاڵە و شەوە دەستییان تیایە خێویان چ مرۆ، چ خێو و دێون پێمی بڵێ کێن، چن و چ نێون؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جادووگەری ژیر و سووک لە شانان... جادووگەری ژیر و سووک لە شانان زانا بە گەلێ وشە و زمانان ئامراز و پسوولەکۆنەڕانان دەیڕوانی لە سووڕی عاسمانان "جووتەی کەو"ی گەش نزیکی یەکدین دەرچوون ئەوە بوون ستێ و تاژدین سووڕاندی گەیشتە لەیل و مەجنوون بەریان تەمی خەم بوو و زین و مەم بوون جادوو گوتی بەسیە پیرەدایە ھێند زۆرە درۆت دوایی نایە لێم بووی بە گوریسی ناو ھەمانە ڕاستی بکە پیشە بەس لەمانە کوانێ کوڕی چی؟ ھەڵی دەبەستی ھاتووی لەدوو کاری زین و ئەستی لەو دەشتە لە ڕۆژی جێژنی نەورۆز تووشیان بوو بە تووشی دوو کوڕی قۆز دوو مانگ و دوو ڕۆژ بەیەک گەیشتن یەکدەم دەم و دڵ دەیەک گەیشتن ئەم جێژنە کە دێ لە کوردەواری زۆر پیشە و باوە کۆسەکاری بۆ بەرگی کوڕان لە ئەستێ و زین لە کوڕان بوو جلی کچانە پەرژین ئەو بوون لە گڕەی ئەوینی بێھۆش ئەم بوون لە مەیی جوانی سەرخۆش ئەو سووتەڵی گڕمەلای ئەوینن ئەم تینوویی کەربەلای ئەوینن گۆڕیانەوە کلکەوانە دوو جووت شیشۆقەیی شین بە نرخی یاقووت تایەن گوتی تۆم گەشەی دڵانی پسپۆڕی ھەموو شتێک دەزانی ئەو جووتەکوڕەی ئەوەندە قۆزن کێھە ڕەگەزن لە کامە ھۆزن بەگزادە و خانەدانی شارن یان بۆرەپیاگ و باب ھەژارن؟ فەرمووی لە ڕەوشتی دڵتەڕیدا سەودایە ھەیە دەڵێن لەویدا دوو دڵ کە بە یەکتری گەیشتن پێغەمبەر و خواکەیان لە پشتن نەخوازە ئەوانە دوون شرین کوڕ مروارییە یەک، یەکی وەکوو دوڕ یەک ڕۆڵەیی نووسەرێکی میرە یەک خزمی نزیک و باب وەزیرە ئەو تایەنی پڕ بڕ و بەھانە پێی گوت کە نیشانە نین ئەمانە دڵداری ستێ و زین ھەزارە ھەیھوو! چ ھەزارە، بێ ژمارە " کاروانکوژ "ی چاوی ئەو دووانە پیریش دەکوژێ چ جای جەوانە لێت ڕوونە کە چەندە لەم جزیرە بەگزادە و خان و مەزن و میرە چاکەی بکە پەردەپۆشی لادە کێن ئەم دووە سادە گەورەزادە بڕیار بێ بزانم و بیاندوێنم چل زێڕێ بسێنم، بۆتی بێنم جادوو گوتی خۆت وەبینە شوێنێ بیپشکنە گش کەل و کولێنێ ھەرکەس کە دەڵێن کزە و نەخۆشە بۆ دیتنی گورجێ تێ بکۆشە گەر خۆت بکەیە بزیشک و زانیار چاوت دەکەوێ بە ھەر دوو دڵدار ئەم جووتە فریشتە بۆ جوانی بیانبینی دەمەولەحاست دەزانی نەخوازە لە دەست نقێمی ڕەنگین ڕەنگینە بە ناوی ئەستێ و زین لەوکاتەوە پیرە بوو بە لوقمان تووربێن پڕی شووشەئاو و ھەتوان دەرمان ھەمەڕەنگە، تۆز و نەشتەر کۆڵانی دەپشکنین سەرانسەر ھێدی و مڕ و مووچ و کووڕ و چاوزیت پێی وابوو بزیشکە ھەرچی دەیدیت گورجێکی گەیشتە پیشەکاران زووی دیتەوە جێ تەماڵی یاران پرسیان چ کەسی، ئەرێ پیرێژن؟ فەرمووی ژنی چی؟ بزیشکێ بێژن چاری ھەموو دەردێ باش دەزانم پسپۆڕی دوو ژانی زۆر گرانم چی ئێشی دڵان و ژانی گیانە دەستی منە چارەسازی وانە گوتیان چییە ژانی گیان، چ جۆرە ژانێکە وتی نیشانی زۆرە دەردێکی گەلێ گران و سەختە چابوونی گرێدراوی بەختە ئەو ئێشە لە ئێوە دوور، گەلی کوڕ تیشکێکە لەڕووی کچا جگەربڕ کاتێ دەرئەچێ وەکوو برووسکە بێ گڵپ و گڕ و بەبێ ترووسکە بێ زام و شکست و بێ برینە ئەو ژانە ئەوینە، زۆر بەتینە دەیکا بە خەڵووز دڵ و ھەناوان خوێن فیچقە دەکا لە دڵ، لە چاوان وتیان وەرە سەر دوو چاوی ئێمە بەو ژانە دەژین دوو لاوی ئێمە دەی بیخەرە ڕوو ھەچێکی پێتە چاوی مە لە پیتی دەست و پێتە ھەرچیت بوێ گورجێ دێتە بەر دەس ھێند زێڕ بەرەوە ھەتا دەڵێی بەس تایەن کە گەییشتە سەر نەخۆشان زانی بە نیاز گەیی نەپۆشان فەرمووی بەتەنێو دەبێ ببینم وا باشترە شارەزای ئەوینم جارێ دەبێ تێو بگەم، لەپاشی دەرمانو بکەم بکەونە باشی ھاوڕێ ھەموو چوونە دەر لەلایان تایەن تەکی دا بەتەک برایان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: درکاندنی ڕازی دڵ لەکن تایەن دوو لاوە، کە چاوییان هەڵێنا چاوی مەلەوان لە گۆمەخوێنا دیتیان یەکی پیرە هەڵترووشکاو وەک لانکی شڕۆڵ شەق و شڕ و شکاو وا ورتەورت شتێک دەبێژێ فرمێسکی لە چاوی کز دەڕێژێ گوتیان چ کەسێکی پیرەدایە بۆ دەگری؟ وەدەرخە، چیت لەلایە فەرمووی بەسەری ستێ و زینێ بۆ ئێوە دەکەم گرین و شینێ نەخوازە لەکن ستێ و زین ان دێ، پێم هەیە شەڵتە بۆ برینان ئەنگووستیلەکانوو ئەم دووانەن باوەڕ کە نەکەن، ئەوەم نیشانەن کوا بمدەنێ هی ئەوان بە مەردی ئابڕووی دوو کچان مەدەن لە بەردی ڕاسپاردەم و تایەنی ئەوانم نامنێرنەوە ناهومێد دەزانم کاتێکی کە پیرەیان وەها دی هەستانەوە گەشکەبوون لە شادی یەک ماچی دەدان لە دەستی چرچی یەک بۆنی دەکرد لە تیسکی پرچی یەک دەستی لە بەژنی کووڕ وەرێناو یەک کەوشی دەخستە سەر سەر و چاو تایەن بە مە جەرگی بوو بە بریان دەیگووت، بە دوو چاوی پڕ لە گریان: ڕۆڵەم بە خودای لە ژووری سەرمان بۆ دەردی دڵوو دەبم بە دەرمان باڵداری هومێد بە داوێ دەگرم دڵخۆشوو دەکەم بژیم و نەمرم هەر چوارو وەکۆ دەکەم وەکوو کۆ کار پێک دێ بە ئارەزووی دڵینگۆ ئەنگوستیلە بۆ بەژننەمامان هەر بەرمەوە دێنمەوە وەڵامان تاژدین لە دەسی دەرانی هی خۆی پێی وت وەرە فەرموو بیبەوە بۆی مەم ڕوانی بەبێ نقێمی زینێ ناژی بە ژیان لەسەر زەمینێ بمبەخشە گوتی، سەرم لەبەر پێت هەر دامەوە پێت لەجێ دەبم شێت ئەو ناوە کە چۆتە ئەو نەقیمە پێوەندی لە بەندی جەرگ و سیمە گەر بتدەمێ بەندی دڵ پساوە بێ ئەو لە ژیان بەشم بڕاوە ئەی دایە لەڕێی جوانی زینێ با بێت بەزەییت بە دڵبرینێ گەر چوویەوە زین دەبینی هەردەم پرسی کە لە من بڵێ دەڵێ مەم: ئەو شایە ئەگەرچی من گەدا بم لێم ڕوونە کە ناهومێدی نابم با خواستن و دیتنی نەوێرم دڵخۆش بە خەیاڵی ڕادەبوێرم ئاخ خۆزگە لە پێش ئەوەی دەمردم دەمگوت ئەوە زینە یادی کردم! زۆر جوانە لە ئاهی دڵ بترسێ جارجارە چلۆنەیەک بپرسێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڕانەوەی تایەن بۆ لای چاومەستان ئەو هەر دوو بەژن نەمامی وا شەنگ دانیشتوو لە چەشنی خونچە دڵتەنگ خاوی مەیی خەوپەڕێنی دوێنن بە هومێدی مەیێکی خەمڕەوێنن چاویان دەگەڕاند دییان لەناکاو وا تایەنە دێ بە وردەهەنگاو سەیری بوو کە پیرە هاتە ژوورێ پوورەی بوو پەری لە دەوری پوورێ پیرۆزە گەیشتە دیدەمەستان ماچ گەییە هەزار لە لاق و دەستان وتیان بڵێ ئەو فریشتە کامن دوورن لە وزەی تۆ یا نە ڕامن ئەو دوو پەرییەت لە تەپکە هاڵا؟ یان هاتییەوە بە دەستی واڵا! ئەو تیری لە جەرگی ئێمە ڕاچوون هاوێژەری وان دەزانی کێ بوون؟ سوێندم بە دوو چاوی مەستی ئێوە وا دێم، وتی لای ئەوان لەڕێوە چەندم بەزەیی بەوانەدا دێ چوو کردووە بەژنوو بێ بەڵا بێ؟ ! هەر جارێ ستێ و زین دەبێژن چاویان دوو پلووسکە خوێن دەڕێژن تایەن دەبەروو مرێ کچانم چەندساڵە ئەوێستە پێو دەزانم ئەو جووتە کوڕەو چلۆن بژاردن چۆنتان بە خودای ئەوین سپاردن بەو خوایە کە کەس نییە لە ڕەنگی ئەو جووتە لە باری شۆخ و شەنگی سەرتۆپی کوڕانی ئەم جیهانەن تای ئێوە ئەگەر بکەن، ئەوانەن دوو سێوی بەهەشتی لەت کراون دوو لەت ئەوەتا دوو ئەو دوو لاون وای گرتنە بەر بە چاو و ڕاوان هەر هێندە بوو شێت نەبوون لەتاوان ئاوری دەگەیاندە نەوت و پووشوو هەر خۆشی دەکرد و گڕ بڵیند بوو دڵ توورە، ئەوین گڕێکە داگر دڵ چەند تەڕە هێندە دەگرێ ئاگر وەک تاقە لەش و ئەوین چرایە گیان ڕۆنە پڵیت نە ئاشکرایە گەر ڕۆن و پڵیتە گەر چرایە بەسراوە هەمووی بە تاقە تایە بەم ئاگرە گشتییان سەروبەر سووتان و یەکێ دەری نەکرد سەر گوتییان دەبێ ببیە چارەسازمان کارێکی بکەی نەشێوێ نازمان ئاودێریی و، ئێمە هێشتە کاڵین تۆمان نەبێ، ئێمە لاڵ و پاڵین تۆمان نەبێ وشک ئەبین و بێ بەر هۆشمان نەدەیەی دەکەین خەزەڵوەر تۆی بۆ مە بەڕاسی سەرپەرشتی هەر تۆ کەس و کار و گشت لە گشتی نەتوت وەکوو دوو پەپوولە ئەو لاو بۆ مەن پڕووکاو و هەڵپڕووزاو؟ ! دەیسا دەبێ چەندە چاوەڕوان بن زوو نەچییەوە زۆر نزیکە شێت بن هەر ڕاکە بەلەز بڵێ بە تاژدین ئەوئەستی دەوێت و مەم زین! مزگێنی لەوان بێ ئێمە سازین ئاواتی مە شەو بەدڵ دەخوازین بۆ وان دڵی ئێمە گەرم و نەرمە درکانی گرانە، کچ بەشەرمە ئەو پەردە لەڕووی کوڕان نەماوە شەرمێونی دمبەگی دڕاوە خوازبێنیکەران بنێرنە پێشێ هیوا هەیە کەس پڕی نەکێشێ تۆ خوا بڵێ بەو دوو لاوی دڵبەند چەندیان هەیە دۆست و دەست و پێوەند هەرچی کە دەڵێن نزای ڕەوایە گشتی لە خودا بکەن تکایە ئەم دوورییەمان لەناو وەلابات پێکمان ببڕێ و بگەینە ئاوات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوازبێنی ئەستێ بۆ تاژدین چەند خۆشە نەخۆش، نەخۆشی دڵ بێ کەم مابێ نزیکی گۆڕ و گڵ بێ لەو کاتە بزیشکی بۆ پەیا بێ دەرمانی دڵی بکات و چابێ چەند خۆشە وەڵام بگاتە دڵدار مزگێنی بداتێ ساز بووە یار دیسان وەرە سەیری پیرەتایەن فێڵاوییەکە فێڵی لەبنە نایەن بۆی کەوتەوە ناو جلی بزیشکان چاویلکە لە چاو و دەس بە پیشکان خۆی کردەوە لانی جووتەلاوان خۆشی و بزە وا لە لێو و چاوان مزگێنی لە چەشنی ئاگری گەش ڕووناکی دەکرد لەوان شەوی ڕەش فێنکایی دەدا دڵی بەکوڵیان ساڕێژ بوو هەموو برینی دڵیان مزگێنی درا بە خزم و ئاواڵ شادمانیە، باری کرد دەمی تاڵ کۆبوونەوە هەر یەکەی لە لایە چەند پیر و ڕدێنسپی و مەلایە هەرچی کە لە پێش و کەیخودا بوو گشتی بەر و ڕووی لە ماڵی شا بوو گوتیان دەسەرت گەڕێ سەر و ماڵ پێشکەشتە ژیان و زیچ و منداڵ مەزنی گەلی کوردی، مەرد و ڕەندی خاوەن دەسەڵات و گیر و بەندی سەرمان هەموو پردەبازی سەر ڕێت چی سارد و گەرم نەیێتە بەر پێت تۆی سایەچەور لەسەر سەری مە تۆی هاندەری بۆ پەنابەری مە ڕووت نا لە کەسێک گەلێ بە بەختە کێ تۆ نەتەوێ ژیانی سەختە تاژدین کە نزیکە خزمی تۆیە بەندەی هەرەچووک و نزمی تۆیە ساوا بوو لە کۆشی دایک و باوا سا وا بووە ئێستە بیکە زاوا هیوا ئەوەیە ڕەوای ببینێ ئەستێ بدەیە بە هاوسەرینێ فەرمووی چ دەڵێن دەبا وەها بێ جێگیرە شتێکی پێو ڕوا بێ دەمڕاست و مەلا بڵا نەوەستن تاژدین و ستێ لەیەک ببەستن زۆر شادە دڵم بە کاری ئاوا پیرۆز بێ ژیانی بووک و زاوا هەستا دەم و دەس «چەکۆ»ی بە دڵ ژیر بەسپاسەوە کەوتە دەست و پێی میر خوازبێنیکەران لە بەگ لە میران دارا و نەدار و لاو و پیران پاڕانەوە مەزنی کوردەواری زیندوو بێ بە کام و پایەداری فەرمووی بکوتن دەهۆڵی شادی وەک ئەو هەلە کێیە بێتە یادی مەیگێڕ نە دەمی تنۆک تنۆکە مەی کۆنە لە زاری کووپە ڕۆ کە هەل هاتووە خەم بدەین بەبادا هەڵکەوتووەکەس لە دەستی نادا کێ زانی؟ وچانی با نەخەینێ شەو ئاوسە، چی دەبێ سبەینێ دڵشادیی و شین بەری زگێکن گریان و کەنین بەری لکێکن پێکهاتی گەڕی ئەم ئاسمانە جارێکی ژیانە دووی نەمانە ڕووناکە بەرێک، سەرێک تەپ و مژ کچبەخشە چەلێک، هەلێکی کوڕکوژ دنیا وەکوو شیرە لێی بترسێ گەر هاتە بڕین لە کێ دەپرسێ؟ هەل هاتووە خۆشە، چاوەڕێی چین؟ بڕیار بێ سەبارەتی بە تاژدین مەزنایەتی لەوێ بوەستێ، ئێوە دامنێن وەکوو خۆ، لە ئێستە پێوە زۆر هاتووە ئەو بە دەوری مندا دەست پاک و بەکار بوو هەر لە بندا شێرێکە لە جەنگ، گوڵە لە ئاهەنگ دەنگ داوەوەێکە ژیر و بێدەنگ پێویستە لەڕێی کوڕێکی ئاوا ئەمنیش ئەمەگم هەبێ لەچاوا نۆرەی منە جا لەسەرمە هەستم بۆ کۆمەکی ئەو کەمەر ببەستم کێ بێ و کەسی وای هەبێ، گیانی نابەخشێ لەڕێی بە کامەرانی گەر بمبێ نە هەر سەرێک، هەزار سەر گەنجینەیی سەر زەوی سەروبەر نەیدەم لە ڕێگای کەسێکی وا دا مەردایەتی من بچێ بەبادا تاژدین کە لەوێ دەسەوکەمەر بوو بەروانکەیی کارکەری لەبەر بوو ئەو خێوی شکۆیە هەر لەجێدا لێی کردەوە خۆی لە خۆی گرێدا ڕازاندیەوە جۆرە نان و خوانێک خوان هەر مەڵێ، ببوە عاسمانێک پێت وابوو لەسەر سەلان لەجێی نان کوللێرەیی مانگ و ڕۆژی هێنان ئەو لەنگەرییەی لە زێو و زێڕان عاسمانی لەسەر دەسان دەگێڕان تا کاوڕ و کیسگی عاسمانان برژان و نرانە بەر میوانان هەر قاپی زەلام لە ڕەنگی بورجێ سەرپۆشی فڕێ درا بوو گورجێ کۆجیلە و پیاڵەکانی فەغفوور ئەستێرە و ڕۆشنی دەدا دوور شاکاشی هەموو لە چەشنی عەمبار سەرڕێژ وەکوو نەوسی پیاوی بەدکار خواردن هەمەڕەنگە چەور و شیرن نەرمیش بۆ بەشی ئەوانی پیرن ئاوخۆرە و قومقمۆکی چینی ناو ژوور دەگەڕان بە نازەنینی ئەستێرە گەڕیدەبوون ئەوانە دەتدین هەموودەم نە هەر شەوانە هەرمێ و هوڵو، شەڵانیی و سێو دەتوانەوە هەر دەگەینە سەر لێو نارنج و بەهێ و هەنار و لیمۆ چەرخیان بوو لەبەر شەقا وەکوو گۆ ماستاو و گوڵاو، خۆشاو و قەنداو فێنکایی دڵان و جوان لەبەر چاو ئەسپەندەر و داری بۆن دەسووتان بۆنێکی بەهەشت دەهاتە لووتان دەنگخۆشی بەناو و دەنگ، سەماکەر دنبەگژەن و تەپڵ و دەففەلێدەر دەتڕوانی هەمووی بەشێوە هاوڕەنگ لەو بەزمە هەمووی ببوونە هاودەنگ شمشاڵ و کەوان و تار و تەنبوور زوڕنا و کەڕەنا و ساز و سەمتوور حەیران و مەقام و خاڵی ڕێبوار پاییزە و نیوەشەو، ئەرێ یار وێکڕا دەرئەچوو بە ڕێکوپێکی بێ قۆرت و گرێ، بە لووسولێکی بلوێر کە دەسی دەکرد بە ناڵان دەیبرد دڵ و هۆش و بیر بە تاڵان مەیگێڕ بە بەرامە گێژ و وڕ بوو مەیخۆر وەکوو کووپە ورگی پڕ بوو بانگی بوو لە کووپە خوڕخوڕی مەی سەرخۆش بە! خەم و کەسەر هەتا کەی؟ شت هێندە هەبوو، کێ لە چی دەپرسی کێ بیری دەکردەوە لە برسی سەرنووسەری عاسمان لەوێدا ڕاما بوو بنووسێ خۆی فڕێ دا دیتی کە هەزار یەکی بنووسێ نابڕێتەوە تا بنووس دەخووسێ زوهرە لە سەما کەوت شکاوباڵ خۆی شاردەوە مانگ لە کونجی قرژاڵ کەیوان چووە دۆڵچەڕێی نەناسی کڕیار سەری بردە ورگی ماسی کۆمەڵ هەموو دوور لە دەرد و ئاخان پیرێژنی عاسمان لە داخان کۆم ببوەوە، ڕەنگپەڕیو و جاڕز هیچ کاری نەمابوو ببوە کادز شاری و ڕەمەکی و نەناس و گەڕناس دارا و نەدار بە کەوش و پێخواس گشتی دڵی خۆش لە بەزم و ئاهەنگ پەیدا نەدەبوو بە تیت و دڵتەنگ کاتێکی لە کۆڕێ چوونەدەر پیر لاو هاتنە جێگە بانگی کرد میر تۆی لاوی بژاردە مەم لە ناوا هەر خۆت ببە ئاریکاری زاوا ڕازاوە لە چەشنی یەک لە بەرگا یەک بەبزەیە، یەک کزەی لە جەرگا دەرچوونە دەرێ کە ڕایببوێرن گوێ تاوێ لە ڕازی یەک بدێرن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕازاندنەوەی کچان و گواستنەوەی ستێ ئەو کاتە کە تازەبووکی ڕووسوور سەرپۆشی ڕەشی فڕێ دەدا دوور ڕازاوە وەسەرکەوت لە ئاسۆ ڕازاندییەوە دەشت و دەر، کەژ و کۆ بووکجوانکەر و تایەن و پەرستار سەرگەرم و خەریک لەبار و پڕکار چۆن سازی بکەن ستی و زینان چۆن ناز دەدرێ بە نازەنینان؟ ڕوانیان لە ڕەشایی بسک و خاڵان دیانن کە دڵان دەبەن بەتاڵان هەر گەینە نزیک برۆی کەوانی گێژ بوون لە کری خودای جوانی سەر ڕوومەتی سوور چ هاتە بەرچاو؟ سوور بۆوە لە شەرمی وانە سووراو توانای نەبوو کل بگاتە چاوان هەر بوو بە خەڵووزی ڕەش لەتاوان سەرتاپێ گەڕان لە چەشنی شانە دەستیان کەوێ موویێ بۆ نیشانە شێوان وەکوو پرچییان و نەشبوو چم وت؟ تەنێ گەینە تاقە یەک موو ئەو مووش نە پەڕیوی پرچی سەر بوو تای ژین و ژیان و مووی کەمەر بوو پشتێن نەدەبەسترا لەسەر موو گیان ترسی پساندنی لەبەر بوو کێ توانی کە تێوە ڕابمێنێ ترسی بوو لە دینی بیشکێنێ سەرپەنجە لە ڕەنگی گوڵ دەڕەنجان ڕەنگ و خەنە چۆن لەوێ دەگونجان ڕەنگێکی خودا هەڵیبژێرێ گۆڕاندنی کێ هەیە بوێرێ؟ وان و خەنە پاشی ناهومێدی چاریان بەتەنێ لە ماچی پێ دی ئەو خشڵی کە بوو لەدوو گوڵی شەنگ تیشکەی لە زەوی دەدا بە حەوڕەنگ پیرۆزە کڵاوی گەییە سەر سەر ڕووناکی درا بە تانجی گەوهەر سەردێڕی لە ڕووپەڕی خودا کرد ئەو ڕەنگی بە خشڵ و زێڕ پەیا کرد ڕازانەوەیەک لەوان کرا بوو خەرمانە بوو دەوری مانگی دابوو لیزگەی دوڕ و لاڵ و بەندی گەوهەر بسک و خەت و خاڵی ڕندی دڵبەر نەخش و خەت و تیپ و پیتی قورعان نیشانە بە خاڵ کرابوو نیشان ڕەنگێ لە خوداوە یەک لە دەستان چاوڕوونکەرەوەی خوداپەرستان بێباوەڕێ ئەم دووەی بدیبا بێچارە دەبوو بە باوەڕی با ڕازایەوە شار لە چەشنی بووکان بازاڕ و شەقام و ماڵ و دووکان پۆشرابوو هەموو بە ئاڵ و واڵا سەرخوانچە بە لالە، بان بە ئاڵا چەند سەد کوڕ و کیژی نازپەروەر خوانچەی دوڕ و گەوهەری لەسەر سەر باربەر بووە ڕێز و زێڕ بە باران هەرچی بەنرخ هەبوو لە شاران جیازێکی بەدەر لە سەنگ و هەژمار هەر لۆک بوو نکەی دەهات لەبن بار قورسایی ئەوەندە گەییە عەرزی بوولەرزە بوو دار و بەرد دەلەرزی دنیایێ وەکۆ بوو، بۆ تەماشا دەریای لە مرۆ بوو حەوشی پاشا جارێک بە شەپۆل و گا بە پەنگاو جێی دەرزی نەما هەڵێنی هەنگاو دەروازەیی خۆشییان کراوە لەپڕێکەوە هاتە دەر کەژاوە گێژاوە، کەژاوەکەی ستێ هات کۆشکی پەرییان بەڕاستی هات پێشڕەو کوڕ و کیژی دەس بە کەمبەر سەرتابەپێ زێو و زێڕ و زەمبەر تەختێ وەکوو بەختی ئێمە ڕەش بوو بەس ئەو نەوەکوو مە دوورەبەش بوو لاڵ و دوڕی بەندی دەور و بەر بوو بەڵکیسی لەسەر بوو بەختەوەر بوو سەد «ئاسەفی بەرخیا»ت بدیبا تەختی دەڕفاند بە شان وەکی با ئەو تەختی ڕەوانە وەک گەمی بوو دەریاکەشی گشتی ئادەمی بوو دەریایی ئەوینێ تێک بهاڵێ ناچارە دەگاڵێ یان دەناڵێ وەک پۆلی پەپوولە دەوری شەم دا سووتانی دەوێ بە دڵ لە دەم دا پێت وابوو گییانە ئەو کەژاوە گش ئەو لەشە هێندە دەوری داوە دەروێش و مەلا و هەژار و پاشا کەس هۆشی نەما لەبەر تەماشا ئەو ڕۆژە کەسەر ببا بە دەرمان دیاری نەبوو ون ببوو لە شەرمان هێند ئەسپ و پیادە تێکشا و هات بێچارە پەژارە کەوتە شامات کێی وابوو بمایە هۆش نەبردوو هێنایە سەمایە کۆنەمردوو شمشاڵ و گەواڵ و تەپڵ و شەیپوور ئاوازی بلوور و ساز و سەمتوور گۆرانیی و بەزم و چەپڵەڕێزان قاقا و هەرای مناڵ و خێزان لەرزانە و خشڵی هەوری لاران ڕمبازیی و هەوهەوی سواران لەو ڕۆژەوە سەر زەوی، زەوی بوو تا وێستە شتێکی وای نەدیبوو دەریا و گەمی و پەری لەناوا بەو زەمزەمە گەیینە ماڵی زاوا تاژدین لەبەرێک و مەم لەلایێ مانگێ لە تەنیشتی پادشایێ چەند میر و مەزن بە چوستی هەستا گش سینی و یاڵتەبەک لە دەستا هەر سینییەکی لە زێڕ و یاقووت هەر یاڵتەبەکێ لە زێو و زەمڕووت سەرپاکی لە زێڕ و لیرە دارماڵ داباری لەسەر کز و نەدار ماڵ ڕێژنەی بەتەوژمی ئەو دراوە لیزمەی وەتەکانی خست کەژاوە زۆرتر لە چڵێسی نەوسی بەدکار جێی هێشتبوو دەستەڵاتی زۆردار ڕابرد لە دەهەندەیی دەهەندان دەرچوو بوو لە فیزی خۆپەسندان ڕووت و ڕەبەنی دراو، وەکوو کەر گیرفانی دەئاخنین لە دوو سەر بێجووت دەیەویست کە تۆ بچێنێ دەمڕووت دەگەڕا ژنێکی بێنێ پڕکار و نەدار و ڕووت و تەڕپۆش دارا و هەژار و مات و دڵخۆش دەتدین ئەوی ڕۆژێ ڕێکوپێکن پێت وابوو هەمووی برا و بەشێکن جیایی نە بە دڵ هەبوو نە بە شمەک دڵخۆش و بە دڵ هەمووی وەکوو یەک گچکە و زلی مەستی بادەیە و مەی گوێ پڕ بوو لە هەی هەی و لە ئۆخەی دار و دەوەنیش دەهاتە سەر جۆش داروغە و پیر ببوونە سەرخۆش هێند مەستی دەبەنگ هەناسەتەنگن هێندێک بە گەشە و کەن و جەفەنگن هاتبایەتە سەیری لات و لووتان خۆیان دەنواند بە شات و شووتان مەقلاتی دەدا یەک و یەکێ باز زۆرانی دەگرت یەک و یەکێ گاز لەولاشەوە نەونەمامی دڵبەند شیرین و بە زەردەخەند و دەمقەند ڕوومەتگوڵ و لەشگوڵ و کراسگوڵ پاکی گوڵی سەرچڵ و لەبەر دڵ زێڕکەمبەر و لارکڵاو و مووڕەش مانگ هەنیە و مەستەچاو و ڕووگەش هێند توێلی گوشاد و هێندێ دەمتەنگ خۆشدەنگە گەلێک و گشتی خۆشڕەنگ لاجانگ وەکوو زیو بژانگ وەکی تیر پرچی ڕەشەمار برۆ وەکی شیر مەمکۆڵە هەنار، چەناگە سێوان سەرچاوەیی ئاوی ژین لە لێوان کێلگەردەن و بەرز و ڕووبەخاڵان کەم تێدەپەڕن لە چاردەساڵان هێندێ گەلێ لووسترن لە گۆی زێو هێندێ کەمێ گەندەموو لەسەر لێو بە کوێری جیهانی پیری پشت کووڕ گشتی بە سەماوە بۆی دەدا سووڕ کچگەل وەکوو کۆ و حەتەوانان کوڕگەل خولی پێدەدان بە شانان کۆزیلکە لەلایێ ڕەو لەلایێ ڕێز دوورودرێژ دوایی نایێ حەو ڕۆژ و شەوان کە ڕۆژ ئەگەر شەو گۆوەند و بەزم بوو تار ببوو خەو ئاهەنگی وەها لە کوردەواری نایێتەوە ڕووی جیهان چ جاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زاوا و بووک لە پەردەدا زاوایی بە شۆقی ڕۆژ، بەیانی میوان بوو لە بووکی عاسمانی بێگانە بە دەر بە ڕۆشنایی کش بوو کش و ماتی تاریکایی ئەو ڕۆژی دەکەوتە پاشی حەوتوو ئەستێ گڕی خۆی گەیاندە پوشوو لێک دووریی و لێک نزیکی ئاوا وەک ئاگرێ کەوتە بووک و زاوا زوو پێک نەگەیین هەناسە دێنێ کڵپەی لە ئەوینێ هەڵدەسێنێ هیوا و ئەوین کە بوونە هاوڕێ فریای نەکەون هەناوێ دەبڕێ سووتاوی بەیەک نەگەینی ساڵان سووتان لە پەلەی لە یەکدی هاڵان دەریایی ئەوینێ هاتەجۆشین ئارامیی و هۆش و خۆشی پۆشین چەندی لە کچ و ژن و لە بەربووک چەند لاوی لەبار و قۆز و خوێنسووک دیتیان بەسە دووری، ئێش و دەردە هەل هاتووە زاوا بچتە پەردە بەگوێرەیی ڕێوشوێنی جاران ڕێک، کەوتنە کاروباری یاران ڕازایەوە پەردوو، چەشنی بووکان پەردووی چی، بڵێ ببوو بە دووکان پڕ بۆن و بەرامی خۆش سەرانسەر مەی کۆن و مەزەی نوێ بەرانبەر دەفر و هەوڕ و پیاڵە سەرڕێژ پڕشیرن و ترش و چەور و خۆشچێژ هەرچی دڵ و زار و سەر دەکەن خۆش هەرچی خەم و کوڵ دەکەن فەرامۆش ئامادە و ڕیزکراو لەناوا چاویانە لە دەستی بووک و زاوا چەند دۆست و برادەرێک هەڵستان مۆمدانی لە زێڕی سوور لە دەستان مۆمێک لە بەری، لە دوور، شەوانە هۆنباتەوە لیزگە زەنگییانە دایاننا لە کۆڕ لەبانی سینی دەیگوت بە زمانی ئاگرینی زاوا بەسە هێندە شەرمەشەرمە تۆش ڕەنگ و دڵت پەڕیو و گەرمە بولبول چتە خۆت لە گوڵ دەکەی سڵ بفڕە و بگە سوورگوڵی لەسەر چڵ پەروانە ببینە مۆمەکەی خۆت فرمێسکی دەڕێژێ وا ئەویش بۆت تاکەی وەکە من سووتان و ساچان ڕاکە و بگە دەمدەمان و ماچان وا ڕووگە و کابە لێت نزیکە حەج کەوتە سەرت دە هەستە بیکە حەوجار بگەڕێ لە دەوری یارێ خاڵ ماچ کە هەزار چەلان نە جارێ چاو تێر کە لە سەیری شەکرەسێوان تێر هەڵمژە ئاوی ژین لە لێوان دەس بگرە بە بسکی لوولدراوی بخوازە نیاز بەڕاشکاوی تاژدین لە نیاز گەیی بەبێ درەنگ دی بەسیەتی کات و دڵ بکا تەنگ دەرکەوت و مەمیش لەگەڵ وی هەستا دڵ بە دڵەوە چەسپ و دەس لە دەستا ئەو چوو لە ستێ ببێتە هاودەم بۆ پاسدەری دەرکە ما لەوێ مەم هەرچەندە کە خۆشەویستی خەڵکە پیاو، هۆشی لەخۆ بێ زۆر بەکەڵکە دەخوازی پەری لە دێو بترسە دڕکیش هەیە هەر لە گوڵ مەپرسە ئی وا هەیە چقڵ و هەن گڵووکن هەن پیاوی بەنرخ و هەن چرووکن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێکگەیشتنی زاوا و بووک زاوا کە وەژوورکەوت لە پەردوو بوە جێژنی بەڕاستی لە هەر دوو بووک بۆ ئەم و ئەم بەرانبەری بووک بۆ یەکدی چرا و پەپوولە هەر دووک لەولاوە ستێ بە باوەشی واز پێشوازی دەهات بە ناز و نیمناز مافوورەیە زۆر لە لاقی دڵخواز پرچی ڕەشی ڕادەخا لە ڕێباز دوو چاوی کزی شەوانی دووری گەش بوونە خەو بەجارێ بووری پێشان وەکوو ڕێوشوێنی چەندساڵ بۆ شیرنیی دەم بە مەی کرا تاڵ قوم قوم مەیی قومقمۆکی بادە دەیگوت کە بە بادە خەم بە بادە هەر یەک بە پیاڵەیێکی سەرڕێژ سەرخۆش و بە گەشکەبوون نە سەرگێژ شەرمێونی داکەوت بە بادە بەربوونە گیانی یەک دوو سادە باوی گەشەکردنی دڵانە بۆنکردنی خەرمەنی گوڵانە مێلاقەیی کوڵم و لێوی تێراو شەوبۆی سەر و بسک و نەرگسی چاو سێوی چەنە، مەمکی زەردەلیمۆ هەریەک یەکی بانگ دەکردە لای خۆ ئی وا هەبوو تێکییان دەبەستن هێندێکی دەگەستران بە گەستن ماچ گەییە هەزار، بڵێی نە زۆرە بۆ ماچ نە ژمارە ما نە نۆرە دەیخستنە جێوە بێ گوڕ و هێز دەستە و مل و هەڵگووشین لە ئامێز دەتلانەوە یەک بەسەر یەکێدا بازاڕی گەرم بوو ماچ لەوێدا کوڵمی گوڵ و لێوی قەندی دڵبەند تێکەڵ دەبوو دەمبەدەم گوڵ و قەند وێککەوتن و لێو لە لێو خشاندن دوو ئاگری دوو لەشی گەشاندن چەسپان بەیەکا نەوەک پسووتن خۆش ئێستەیە جووت و ڕووت و قووتن پێچان بوو لەیەک وەکوو دوو لاولاو جووت بوون و بەتاق دەهاتنە بەرچاو وەک شیر و شەکر لەیەکدی هاڵان دز ویستی کە گەنج بەرێ بەتاڵان پۆلووی گەش و سوور بەجۆش و پڕتین دامرکێ بە لوولەئاوی زێوین کلچۆکی سپی و ستوور و سەرسوور ڕێ تەنگ بوو بە گیڕە گەییە کلتوور لەم تەنگییە کوێرەمار بە سەد ڕەنج زۆری سمی تا گەیشتە سەر گەنج دەردی دی هەتا گەییشتە ناوی خەستاوی ڕژان لە تاقەچاوی تیری بەگوڕی کوڕێکی کرمانج بێ ڕێ هەڵەبوون، گەییشتە ئامانج یەک خۆی دەچکا لە گەرمی ڕێگە یەک خوێنی تکا لە تەنگی جێگە جەنگێ بوو دژی تیا شکا بوو لەو ناوە دڵۆپێ خوێن ڕژابوو حەوڕۆژێ لە دەرهێنان، لە تێنان بەولاوە، شتی وەبیر نەدێنان نە پشوو، نە وچان، نە خواردن و خەو چەسپین بوو بەیەک، کە ڕۆژ بوو گەر شەو جارجارە بە هێمنی و لەسەرخۆ دەبزووتەوە بەینی ناوک و ئەژنۆ دەتگووت کە دوو زێڕگەری هونەروەر لێکیان گرێداوە جووتێ گەوهەر زاوا لە بەیانی ڕۆژی هەشتێ ناچار چووە دەر لەناو بەهەشتێ دیتی ئەوە مەم هەتا ئەوێستا وێستاوە لە دەرکە شیر لە دەستا پاسداری دەر و دەروونە هەر گا گیانی لە دەسایە چاو لە دەرگا مەم دیتی برای لە پەردە دەرهات وا شاد بوو مەپرسە چی بەسەر هات گەش بۆوە گرێی دڵی کراوە پێی وابوو جیهانی پێ دراوە یارت کە هەبێ دەبێ وەها بێ گەر وا نەبێ، کەڵک و سوودی نابێ یارێکی بەڕاستی گەر هەبێ پیاو سەد خزمی بەدی دەنێ دەپێناو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تێچاندنی بەکرە مەرگەوەڕی شۆڤار و دووزمان بۆ مەم دایناوە خودا کە ئەم جیهانە بێ گیانی تیایە یان بە گیانە سەرپاکی بە ڕەنگ، بە کار و ئاکار جیاوازە لە چەشنی نەخش و ساکار عاسمان و زەوی گەڕیدە و سست هێندێکی بەزیڕە، هێند کڕ و وست تاریکیی و ڕوونی، کفر و باوەڕ یان گەرمیی و سەردی، وشکیی و تەڕ بڕوانە بەهەشت لەتەک جەهەننەم ڕەش لای سپی جووتە، شادی و خەم لێک دوورەوە بوون و پێک گەیشتن زیندوو لە نەبوو کران و کوشتن ڕۆژ و شەوەزەنگ و سێبەر و تاو با و بژ و خاک و ئاگر و ئاو ماڵدار و هەژار و تاڵ و شیرین گریان و کەنین و شادیی و شین پیاو هەن گوڵی سەرسەوەی جیهانن ئی وا هەیە پیس و دووزمانن ئی وا هەیە ڕاست و چاکەخوایە ئی وا هەیە خوار و ڕووسیایە گشتی دژی یەک لەیەک خەریکن لێک دوور و بەدەم لەیەک نزیکن کاکڵ چییە؟ لێک جوێن ئەمانە شاراوە چییە لەناو هەمانە؟ تا یەک بە یەکێ بدا دیاری یار دیاری دەکا لەکن نەیاری هۆی دەردە دەزانی نرخی ساغی؟ ! هۆی بەفرە کە دۆستی مێرگ و باغی دەس بەردە درێژ دەکێشێ بۆمان با بێینەوە سەر وتاری خۆمان میر لای هەبوو یەک بە دەرکەوانی ناوبانگی هەبوو لە دووزمانی لە پیاوەتییا چرووک و ڕووڕەش دڵپیس و لە شەرم و شوورە بێبەش فێڵباز و بەراز و ڕق لە سینە بەدخواز و نەساز و دڵ بە کینە شەیتان و شۆفار و دەمدڕاو بوو سەگ بێزی دەهات ئەوەند گڵاو بوو ڕووزەرد بوو درۆ لەڕاست وتاری سەرتاپێ گەماریی لێ دەباری خوێنتاڵ و دزێو، گەماڵ و سەرڕەق گۆڕی بوو نەچێتە دەر لەبەر شەق دەستڕژد و چنۆک و گوونەکەر بوو بێدۆست و قزە و نەزان و کەر بوو ڕووترش و گزۆک و گوێنەبیستوو گرژ و مڕ و مۆچ و کەسنەویستوو بەدفەڕ بوو، بەگەڕ بوو، دەمگەوەڕ بوو ئەو بیژووە «بەکری مەرگەوەڕ» بوو تاژدین گەلێ دەیگەیاند لە میری تۆ خاوەنی ناو و دەنگ و ژیری کێ بخوازێ کە خێوی نێوی چا بێ زۆر شەرمە سەگێکی وای لەلا بێ چم وت؟ سەگی پاسدەری ئەمەگدار بەدفەڕ دەبەری مرن هەزارجار هەرجار لە وەڵامی پەندی تاژدین ئەیگوت ئەمە باشتری دەزانین ئێمە وەکوو خێوی ئاشی باشین بەرداشی لە بەردی ڕەق دەتاشین ئاشی مە هەمیشە سەربەخۆیە بانیژە پڕی لە گاڵ و جۆیە پیسم دەوێ ئاشی وا بگێڕێ هەر زمهەرێ بێتە بەر بهێڕێ گوڵ چقڵی دەوێ کە پاسدەری بێ گەنج ماری دەوێ لەبەر دەری بێ ئێمە کە بەدەستەڵات و زۆرین جارێک سپیواش و زۆری بۆرین هەر نەرمی بە کاری ئێمە نایە مەزنایەتی بانی دوو هەوایە جارجارە یەکێ دەبەینە باڵا زۆرجار گەلێ ون دەکەین لە چاڵا جارێکی دروست و ڕاستکارین سەد جارێ بەپێچ و لار و خوارین تا یەک دەکرێ بە خانی خانان زۆر کەس دەبێ ببنە تۆزی بانان نەتبیستووە پیس بە پیسی دەڕوا کارێکی نەبا دڕوو نەدەڕوا دارۆغە ئەگەر نە زۆڵ و زاڵ بن خونکار هەیە تووشی ڕۆژی تاڵ بن ئەم کارە نە کاری ئێمەیە و بەس سەی پاسێ هەیە لە دەرکی هەرکەس بڕوانە تەنانەتی خوداوەند ئەم دەور و دووکانە چۆن دەکا بەند تا پاکێ دەخاتە سەر زەمینێ پیاو چاوی هەزاری پیس دەبینێ بێهوودە بوو گفت و پەندی تاژدین نەیتوانی لە میر وەکا پەڕۆی شین ئەو یانیگرەی بەکین و بەدبین زۆر ترسی بە دڵ هەبوو لە تاژدین نەخوازە کە جێ بڵیند بوو ئاوا میر کردی بە یار و خزم و زاوا وەک ئاگری گرتبێ وەها بوو هەر مردبوو ڕەنگوڕووی نەمابوو مەردی لە دڵا نەماوی بێ پیر دیتی هەل و خۆی گەیاندە کن میر دەرچوو لە دەست بە هیچێ ئەستی تۆ چۆن دەبوو تۆزێ ڕانەوەستی ئەو گەوهەری تانج و تانجی گەوهەر ئەو شۆخی بەناز و نازپەروەر جوانتر لە پەڕەی گوڵی بەهاری سەرتۆپی کچانی کوردەواری چووی داوتە بە نۆکەرێک بەتاڵان چۆن ناو دەبرێی لە گەورەماڵان سوڵتان دەبوو خوشکی تۆ بخوازێ شا بایە دەبوو بەخۆی بنازێ پێی گوت سەگی پیسی زۆڵی پڕکین دوو چاوی منن مەمۆ و تاژدین ڕۆژی شەڕەکەم دەگەڵ عەجەمدا کاتێ کە سەرنجی ئەو دووەمدا تاژدین لەبەرێک و مەم لەلایە دوژمن هەموو کەوتە هەڵوەلایە دوو سەد عەجەمی بە تیر و پەیکان بە کڵاوی زرێ و بە شیر و قەڵغان دیل بوون بەدەس ئەم دووە بەتەنیا ئەم دووانە چلۆن دەدەم بە دنیا شا، کام سەگە تا ببێ بە خزمم پێت وا نەبێ هێندە پووچ و نزمم سوڵتان ڕەگەز و بنیچە حیزە ڕێی ناکەوێ خۆمی بێنمە ڕیزە ئەو ڕێوییە دی بەڵا نزیکە ڕووی گفتی گەڕاندە باری دیکە گەورەم بژی هەر بە کامەرانی هەر خۆتی لە گەورەیی دەزانی ژێردەستێ کە خۆت دەنێ دەپێناو چاکەی دەبێ ون نەبێ لەبەر چاو پێویستە ئەمەگ ببێ لە گۆڕا کەس نەبوەتە یاری کەس لەخۆڕا بۆ تۆ کەسێ تاڵ و سوێری نۆشی شیرین کە دەمی لە ڕۆژی خۆشی چووکەش دەبێ شوێنی خۆ نەگۆڕن وەک پێشوو لە خۆ و لە تۆ بنۆڕن با بادی هەوا نەبن بە جێگە بۆ فیکەیە دەرنەچن لە ڕێگە دژوارە نەدی و بدی نەگۆڕێ سەرئاو دەکەون بە تاقەچۆڕێ تاژدین کە ئەمەی لەگەڵ کراوە لەو ڕۆژەوە شۆی لێ هەڵکێشاوە گرتوویەتە دەم لەلای ئەوو ئەم زین هی منە دەیکەمە ژنی مەم ئەی بۆچی گوتی و لە مەی نەپرسی؟ وا دیارە لە من نەماوە ترسی! گەورەم وتی لاوە نۆجوانە میرزادەیە، شێرە، پاڵەوانە هەرچی بڵێ دەسبەجێ ڕەوایە ترست پێ بمێنێ لەو هەوایە هیوای بەشە تاج و تەخت لە تۆ کا میر لەو وتەدا شڵەژا پەشۆکا نیازم بوو گوتی کە زینی مەم بێ پێم خۆش نەبوو بەخششی وی کەم بێ وا سوێندێ دەخۆم بە گۆڕی بابم تا من لەسەر ئەم زەمینە مابم نێرینە لە ڕێچەڵاکی ئادەم کێ لێمی بوێ بە مێردی نادەم هەرکەس لە سەر و گیانە بێزار وا زین و دەبا ببێتە کڕیار کێ قەڵس و وەڕەز بووە لە ژینێ بخوازێ لە دەستی ئێمە زینێ خونکار وەکوو ئاگرن دەر و ژوور وا باشە توخن نەبین بە هیچ جوور ڕەنگیان گەشە وەک پەرەنگ و پۆلوون دڵیان ڕەشە وەک خەڵووز و کۆلوون زۆردار کە برا و کوڕ و کەست بێ چیت لێ نەوێ، دووری ئەو بەست بێ نەخوازە کە پیسی لێ وەکۆ بن وەک بزنی بەدەم لەناو چڕۆ بن بۆ خواردن و بۆ کڕۆسنەوەی خۆ بەرسم دەدرێ هەزاری وەک تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گریان و شیوەنی زینێ لە تاو و توێی ئەوینێ تاژدین و ستێ بە یەکدی شا بوون لەو بەندی جودایەتی جودا بوون بێ یار و هەواڵ لە گۆشەیی خەم بۆ دەردی جودایی مایەوە مەم دڵسۆزێ نەبێ ببێتە هاودەم هەر ڕۆژێ بە ساڵ دەچێ دەمی خەم زین تا ستی لابوو هەیبوو ئارام ئەم شێتی ئەوینە بەو دەبوو ڕام تاژدینێ هەبوو مەمی دەلاواند چوونی گڕی گرت و جەرگی تاواند دابەش ببوو خەم لەناو هەماندا دووی خۆش بەشی خۆشیان بەماندا ئەو شاد و ئەوان مەکۆی خەمان بوون دامان دوو کە ئەو دوو دەمدەمان بوون وەک هەوری بەهارێ چاوی زینێ فرمێسکی دەڕشت لەڕێی ئەوینێ گریان بوو بە ڕۆژ و ناڵە بوو شەو چل ڕۆژێ بڕا لە خواردن و خەو خوێنی دڵی مایەیی ژیان بوو ئاو بۆ چییە، ئاوی چاو ڕەوان بوو دڵتەنگ بوو لەچەشنی زاری تەنگی ڕەنگی مەمی زەردی پەڕیە ڕەنگی وەک مووی کەمەری لەشی بوو باریک ڕۆژی وەکوو پرچەکانی تاریک چەند تایەن و دۆست و هاونشینان هاوڕاز و نیاز و نازەنینان دڵیان بوو بە ئاهی سەردی بریان ویستیان بەسی کا لە شین و گریان گوتیان کە بە ئاه و ناڵەناڵت ڕۆژی مە ڕەشە لەڕەنگی خاڵت بەس بگرە بە ئاوی چاوی کاڵت کاڵ بوونەوە کوڵم و لێوی ئاڵت جا چ بوە لە تۆ بڕاوە ئەستی؟ داخوازی دڵی گەییشتە دەستی ئەو وایە خەریکی بەزم و خۆشی تۆ بۆ کەسەر و زووخاو دەنۆشی؟ تۆش خۆش بە بەوەی کە خۆش و شادە وەک پرچی بڵاو خەمان بە با دە ها شەو شەوی پرچی سەر وەبەر خە لاجانگی هەواڵی مانگ وەدەر خە کێشیان بدەوە برۆی کەوانت هەڵبێتەوە مانگی نێوچەوانت هەڵیانبڕەوە مژۆڵی دڵبڕ سەد دڵ ببڕە بە نیوەئاوڕ نازان بدەوە بە چاوی مەستت زەردی بە دوو لیمۆی کەسنەگەستت بەو خەندە کە خونچە پێی دەپشکووت تێراو بکەوە پەڕەی گوڵی ڕووت دەوری دە بە بسک و پرچی پڕچین شەوبۆیە لە گوڵ بکە بە پەرژین هەر بسکێ سەری گەیاندە گۆنە کەرتی بکە لێی مەپرسە چۆنە بسپێرە بە تیپی وردەخاڵان با گیانی کوڕان بەرن بەتاڵان با بێ بەزەییت بە بولبولانت هەڵبێنە تەرەی لەسەر گوڵانت خۆش پێکەنە با هەزاردەستان دەست پێکەنەوە بە بەند و بەستان با هاڕە بگاتە گوێ لە گواران پیتێ بدە تیپی شێت و هاران سەرخۆش کە هەزار مەلا بە نازان سەد پیرێ بنێرە بەر بەرازان تێیان بگەیێنە گێژ و کاسن بیانهێنەوە ڕێگە، ڕێنەناسن چاوبەستوو چلۆن دەبینێ ڕوونی بوونیان بە خەیاڵ چییە؟ نەبوونی تا دوور لە جوانیی و ئەوینن با تێبگەن ئەو نەدینە، دینن گومڕان لە جوانی، بەشبڕاون دڵیان کەڕ و کوێر و دەمدڕاون وەک گوێرەکە پەتپساو لە دەشتا بێهۆش دەگەڕێن بەشوێن بەهەشتا بتبینن و ڕێ لەخۆ نەگۆڕن بۆ نەخشی خودا لەڕووت بنۆڕن بێهوودە بوو پەندی وان لە زینێ هەر نەیشیدەبیست لەبەر گرینێ دڵداری لەڕێزی ئاگرایە سەرکۆنەیی باوەشێن و بایە هەرچەندی بەسەر ئەوا دەهاتن ئەم بیری دەکرد لەڕێی هەڵاتن فرمێسکی هەلی نەدان بە چاوان ڕێ بینێ لەناو بچێ بە تاوان هێند زۆر بوو هەنیسک و ئاهی سەردی نەیتوانی شتێک بڵێت لە دەردی وایان دی ئەوانەی پەندگۆ بوون بێهوودەیە لەم هەژارە کۆ بوون بیریان بۆ بەرێ لەتاوی ئەستی دەگری، چووە هاودەمی لە دەستی ڕوون بۆوە کە ئەم گریان و شینە پنج و ڕەگەزی لەسەر ئەوینە وا دەردی دەروونە گێژی داوە ناچار هەموو کردییان بڵاوە زین مایەوە خۆی تەنێ دەگەڵ خەم هەر خەم دەمی وا دەبێتە هاودەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زین دەگەڵ پەژارەدا داخێوێ ئەیگوت بە خەم، ئەی هەواڵی ژاریم فریاڕەسی زام و دەردی کاریم پۆشاکی نەدار و خاکەساران خۆراک و بژیوەکەی هەژاران هاوڕاز و نیازی دەردەداران هاودەنگی نەخۆش و لەشبەباران پێخۆری لەبەر دەمی گەدایان هاوپیاڵەیی کۆڕی بێنەوایان دڵدارە بە تۆ دەگاتە دڵبەند دەروێش دەبەیە نزیک خوداوەند تۆی لێ نەبی دڵ وێرانەماڵە بیابانێکی قاقڕ و کڕاڵە لێی دەرمەکەوە دەری ببەستە هی خۆتە کلیلەکەت بەدەستە خەم بۆیە بەنرخە، بۆ هەواڵی جێت نایەڵێ یارە ڕۆژی تاڵی شادی چییە؟ یاری جاری خۆشە خەم دۆستی دڵی کز و پەرۆشە خەمخۆری کە نەکرێ لەم جیهانە تێکچوون بەشی هەرد و عاسمانە دڵ هۆگری تۆیە ئەی خەمی دڵ بێ گەنجی تۆ، دڵ چییە؟ کەمێ گڵ جارجارە کە زۆر دەکەوتە پەستی بەگلەییەوە ڕووی دەکردە ئەستی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سکاڵای دوور لە دوور لەگەڵ خوشکیا ئەی هێزی گیان و تیشکی چاوم فێنکاییدەری گڕەی هەناوم هاوهێلکە و هاوهێلان و هاونوێن هاوباڵ و پەڕ و ڕەگ و دڵ و خوێن هاوشادیی و هاونیاز و هاوناز هاوگاڵتە و بازی، یار و هاوڕاز ئاکاری مە وەک یەکە، بەڵان بەخت بۆ تۆ شلی گرتووە بۆ من سەخت بۆ تۆ دەسەمۆ، لە من چەمووشە بۆ تۆ گوڵە بۆ مە دڕک و پووشە ئەستێرەیی تۆ هەڵاتووە گەش بۆ بەختەوەریت نە بۆ مە هاوبەش لەو خودایە گەلێک سوپاسگوزارم لەو بەختەڕەشەم نەبووی بە یارم چارم چییە خوایە بۆم دەنێرێ کێی وایە بە بەختی ڕەش بوێرێ تاژدین بەشی تۆیە شادی هەردەم ئەمنیش بەشی خۆم هەیە خەم و مەم چۆن مەم بە هەواڵی خەم دەزانم پێم خۆشە کە هاودەمی خەمانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زین بوخچەی دڵی لای مۆمی داگیرساو دەکاتەوە جارێکی بە زاری مۆمی دەدواند دەردی دڵی زاری ژاری دەنواند ئەی هاودەمی ڕاز و هاونشینم من، تۆش وەکوو خۆم بەسۆز دەبینم فرمێسکێ لەگەڵ منا دەڕێژی چۆن وا دەبێ هیچ شتێ نەبێژی! نازانی دڵم بەخۆم دەمێنێ یەک بگری لەگەڵم و نەمدوێنێ؟ دردی من و تۆ لەیەک جودایە وەک خاوەر و زەردەپەڕ وەهایە تۆ خاوەر و شۆق دەدەیتە چاوم من ڕۆژپەڕ و ئاگرین هەناوم ناسووتێ لە تۆ مەگەر زمانت وەک من نییە بسووتێ تای ژیانت شۆقت کە لەسەر سەری دیارە سەوداگەری سەرسەری دیارە من گیان بەبڵێسە دڵ بەپشکۆم سووتا جگەر و هەناسە بۆسۆم تیشکی سەری تۆ، لە تۆ زمانە گڕپەی دڵی من بەئێش و ژانە هی من، بە لەهی و بە گێژەڵووکە ناکوژێتەوە، هی تۆ چووک و سووکە شەو دەبییە هەواڵی شەوبێداران ڕۆژانە دەنووی هەتا ئێواران من ڕۆژ و شەو و سبە و ئێوارم یەک لا نییە، ئاییسانە کارم جارجارە لەدەست دڵی بریندار جاڕز لە ژیان دەبم، بەناچار پەروا نەدەما لە ئاگری خەم پەروانە دەما ببێتە هاودەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زین ڕووی گفتوگۆی دەکاتە پەروانە باڵداری هەژاری شۆخ و ڕەنگین دڵداری بە دەرد و ئێش و خەمگین ئەی سەروەری هۆزی سینەداغان ڕێشاندەری مەرگی ڕاست و ساغان مەردانە دەبەخشی گیان لەڕێی دڵ هەر تۆی کە لە مردنێ نەکەی سڵ لەو ڕێگەیە خێوی نێوی بەرزی داخم کە دەچیتە بەر، دەلەرزی ناوێستی گەلێک لەڕێی ئەوینێ هەر کاڵی دەڕۆی لەڕووی زەمینێ زۆر شەرمە پەلەی دەکەی ئەوەندە لەرزینە کە تۆزێ ناپەسەندە خۆ ڕانەگری لە کاتی تاڵی مەرگت بوێ، پوختە نیت و کاڵی دڵدار نەمرە لەڕووی زەمینێ کەی سووتن و مردنێ دەبینێ گەر پوختە ببن لەڕێی ئەوینێ کاتێ دەمرن دەکەونە ژینێ لەشیان کە نەما گیانی پاکن بەم بۆنەوە بێ گومان و باکن هەرچی کە دەدیت دڵی دەبزواند دەتدی کە هەموو شتێکی دەدواند تەنیا لە کەسانی پیس و ناڕاست نێوانی دەگرت و خۆی دەپاراست لە زمانشڕی دووڕوو، بەدگومان بوو هاوڕازی هەمیشە بێ زمان بوو سەرتابەپێ نوقمی گۆمی خەم بوو ژینی هەموو بۆ خەیاڵی مەم بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سووتانی مەم لە دەردی دووریی زینێ مەم زۆرتری زینێ دەردەدار بوو خەم لەم کە یەکێ بوو، لەو هەزار بوو ڕەنگزەرد و بەدەرد و بارلەلێوان دێوانە و شێت و دایە کێوان پەتیارەیی وای لەسەر ببوو زاڵ ئارامی نەما لە شار و ناوماڵ وای گرتبوو ئاگری کڵی دڵ چاوی بە یەکی دەدین گوڵ و گڵ دووی تینوو لە دەشت و دەر لەبەر تاو بێهێز بکەون لەتاو قومێک ئاو لەپڕێکی بەتاوی ئاوی ژیانێ دابارێ لە هەوری عاسمانێ یەک چۆنی بوێت هەڵێنجێ بۆخۆی یەک تاقەدڵۆپەیەک نەچێ بۆی یەک ژینی نەمر بخاتە بن دەست یەک بمرێ هەتاهەتایە بێ هەست تاژدین کە نیازی هاتە بەر دەست ئەوڕۆژە گیانی مەم گڕی بەست برژابوو بە ئاگری ئەوینی گریان بوو بە دۆست و هاونشینی دڵخۆشی لەبیر نەما کە چۆن بوو لاوێنی لەلا شتێکی کۆن بوو کاتێ کە دەهاتە بەردەمی میر وەک بەندیەکی بەکۆت و زنجیر دڵگەرم و هەناسەسەرد و بێڕەنگ دیوان هەموو لەسوێیانی دڵتەنگ جارجارە کە دەچوە ماڵی تاژدین بێچارە لەبەر گرین و ناڵین مەودای نەبوو دەردی دڵ ببێژێ باری دڵی ژاری هەڵبڕێژێ ناچار دەبوو دەرکەوێتە دەم چەم دەیدواند و لە خۆی دەکردە هاودەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیڤینی مەم دەگەڵ چەمی دیجلەدا دیجلە چتە هێندە بێوچانی وەک ئاوی دوو چاوی من ڕەوانی تۆش وەک دڵی ئێمە پڕشەپۆلی تۆش هۆگری دەشتی چۆل و هۆلی شێتی وەکوو من بە پێچ و گێژی هەر ناڵەتە هاتەران دەبێژی وەک من نە پشووت هەیە نە وەستان تۆش داوتە دڵت بە دیدەمەستان؟ ! کێت هێندە لەناو خەیاڵ و بیرە گرتووتە هەمێزی خۆت «جزیرە»! ئەم شارەیە گەر نیاز و دڵخوات خۆشبەختی، گەییشتووی بە ئاوات جەرگەی دڵی تۆیە نیشتمانی هەردەم دەگەڵی دەسەوملانی دڵخۆش بکە، بەسیە داد و زاری لەو خوایە بکە سوپاسگوزاری شێتی کە دەمێ بەجێی بهێڵی بەغدا چییە؟ تۆ لە شوێنی وێڵی! بەهرەی منە گریە و هەناسە درواوە بە بەژنم ئەو کراسە جارێک بە دڵی منا ببوورە با بزانی کە دۆژەهیش چ جوورە سەرچاوەیی چاوی من ببینە خوێناو دەڕژێ لە گۆلەشینە بۆ دەردی دڵم کە دوورەچارە چاو بۆچی؟ بە چی هومێدەوارە؟ وەستانە و نێرگزان و سەقڵان دەروازە و هۆمەران و مەیدان سەیرانگەهی تۆن و لێی دەکەی گەشت من ماوم و هۆگری چیا و دەشت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووی وتاری دەکاتە شنەبا هیچی نەدەگوت کەسی دەگەڵ با ئاخافتنی بوو تەنێ دەگەڵ با ئەی ناسکی نادیار وەکوو گیان پەروەردەیی تۆن هەچی گوڵ و گیان ڕێگەت هەیە بچیە لای هەموو کەس هیوامە کە گیر نەبی دەمەودەس نامەم بگەیێنە کۆشکی یارم بەگرانی مەزانە دەردەدارم کۆشکی بەڵەکە و مەزننشینە شازادەیی کورد ببینە زینە پێشان کە دەچی بە چاپووکانە ماچی بکە دەرک و سەردەرانە کاتێ کە دەگەیتە ڕووبەڕووی یار سەر دابنەوێنە بۆی گەلێ جار ڕووی تێکە بەهێمنی و لەسەرخۆ تای بسکی نەلەرزێ با لەبەر تۆ ڕاوەستە لەپێشی دەست بە سینە خۆشی لە تۆ! تێر گوڵم ببینە کوڵمی مەدە بەر گڕی هەناسان زۆر ناسکە با نەبێ هەراسان نووسراو کە بە خوێنی دڵمە ڕەنگی لێکی بدەوە سووکێ، بیدە چەنگی گەر خوێندییەوە کەم لە دەم بنۆڕی ڕاسپاردەیی چا بە، دڵ نەگۆڕی! لە زمان منەوە بڵێ بە زاری ئەی ڕۆژی بە تیشکی کوردەواری سەرچاوەیی ئاوی ژینی لاوان ڕووناکیدەری گلێنەی چاوان جوانتر کر و ڕەنگی دەستی یەزدان وێنەی تۆ لە کامە باغ و ڕەز دان؟ پەسنت چ بدەم ئەوەندە جوانی وەک هەرچی بڵێم جوانی، وا، نی ئەی شاهی جوانی، پادشایان وا باشە لە بیر نەکەن گەدایان تا دەرچێ بە دادپەرستی ناوت بیانکوژە بە تیلی مەستی چاوت لە گوناهی هەژاری خۆت ببوورە لێم ڕوون نییە گەرچی ئەو چ جوورە هەر هێندە هەیە دڵێکی من بوو ڕۆژگارێ لەلام بوو ئیدی ون بوو گوایە پەری دەستی لێ وەشاندم تای ژینمی بڕی و دڵی ڕفاندم کاتێ لەگەڵم هەواڵ و جووت بوو زۆر بادی هەوا و بە شات و شووت بوو لاسار و بزۆز بووە دیارە گشکەس بەشی خۆی گوناهبارە بۆ دانەیی خاڵ چوو کەوتە داوا گیراوە لە بەندی بسکی خاوا هەرچی لەگەڵی بکەی ڕەوایە بمبوورە کە بۆی دەکەم تکایە بیبەخشە گەلێک نەزان و خاوە بەو پرچەڕەشەت پەنای هێناوە بەخشینی گوناه هەچەند کەمیشە بەخشەندەیی خۆشترە هەمیشە ئەی سروەیی نەرم و پاک و خاوێن بەسپایی هەڵستە ماچ کە داوێن تۆ خوا شنە کاتێ دەردەچی و دێی بۆم بێنە کەمێک لە تۆزی بەر پێی تۆزێ کە لە سۆلی ئەو سواوە دەرمانی دڵە و سۆمایی چاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەم سەرکۆنەی دڵی خۆی دەکات جەنگێ بوو چەلێک دەگەڵ دڵی ژار ئەی ناکەسی پێنەزانی لاسار تۆ دڵمی دەگەڵ منا نەیاری داتناگرێ شەرم و شەرمەزاری؟ بۆ کوێ چوو ئەوەندە سوێند و پەیمان خۆت چووی و هەزار گوتەت لەپەی مان هیچ بێ ئەمەگی نمەک وەکی تۆ هەرگیز نەبووە و نییە تەکی تۆ بێ گفتوبەڵێنی چەوتوچێڵی بڕیار ئەوە بوو بەجێم نەهێڵی دەتگوت کە دەگەڵ تۆ ڕاست و پاکم ئازام و بە دوور لە ترس و باکم ئەی بۆچی لەبەر ئەوین هەڵاتی؟ ئەی بۆچی دەرۆستی خەم نەهاتی؟ بۆ خۆشیی و شادییان هەواڵ بووم نامناسی کە تووشی ڕۆژی تاڵ بووم بڕوانە گیان چ مەرد و ڕەندە بێ هێز و زەبوون و کز ئەوەندە جێگیرە لە گرتووخانەکەی لەش شاییم چ بە تۆ بێ ئەی دڵی ڕەش؟ تۆ چۆن دەبوو گیان بەجێ بهێڵی گیانت نەبێ پارچەیەک لە سێڵی زیندوویەتی تۆ لە پیتی گیانە ڕووناکی زەوی لە عاسمانە بێ مۆم و چرا چلۆن دەوێری تاریکییە ڕێی نەزان و کوێری بۆ یار دەچی؟ یار لەناو گیاندا هانای بەرە بەر، کە پێت نیشان دا تۆ ئاوێنەیێکی ڕوونوێنی گیانت کە لەبەر نەبێ چ دێنی لێی دوور مەکەوە دەسم بە دامان هیچ ناکرێ پاشەڕۆژ بە دامان هەر دەرچی لە ڕێگە نایە سەر ڕێ چاری سەری خۆت کە، چاری دەبڕێ پێ مەبڕە لە دەرکی ئەو بە هیچ جوور تا باڵ نەشکاوە بفڕە بۆ ژوور بۆ کوێ دەچی، چیتە؟ بۆچی ون بووی؟ یادت نییە تۆش بەشێک لە من بووی؟ خۆت ون مەکە تۆ نە گێژ و کاسی خۆ ناس بکە تا خوداش بناسی پێت وایە بەبێ مە چوویە لای گوڵ؟ ! گوڵ لای منە، تۆ گەیی بە پێکوڵ بەژن و کەزییەک لە تۆ دیارە ڕاکێشت ئەکاتە پای قەنارە چی وێڵی لەشوێنی ئەو خەیاڵە بۆ یار دەگەڕێیت و یار ماڵە بڕوایی مەکە بە وردەخاڵان ماڵت مەدە زەنگییان بەتاڵان پەیوەند مەکە خۆت بە داوی بسکان بەس بۆ دەم و لێو بدە هەنیسکان زەرتووشت دەپەرستی ئەی بەڵاگر نێزیکی بەسە دەکەویە ئاگر چەشنی تۆ هەزار مەلی بریندار شینگێڕی بکەن بە داد و هاوار من چەشنی پەپوولە دەبمە قەقنەس تێ ناگەیەنم لە ڕازی خۆم، کەس ئەی دڵ دەتەوێ لە خۆشیا بی تا وا بی هیوات نەبێ کە چا بی پرسیم لە پزیشکی ژیر و چازان بۆ تۆ! وتی: داخ و دەردە دەرمان پارێزێ بکەی لە خێر و خۆشی شیرین بڕژێنی تاڵ بنۆشی چیت ئارەزووە زیانە بۆ تۆ خەم چارەتە، ژان ژیانە بۆ تۆ هێند دەردی دڵی لەکن دڵی گووت بەو خاکەسەرە دڵی، دڵی سووت وەک ئاگرێ بەر بدەیتە هەژگەڵ دایگرتە چڕەچەمان و دووکەڵ قورمی ڕەشی خستە ژێر مەڵاشوو مێشک و سەری ئاخنی تەپ و دوو ئاوێنەیی ڕوونی هۆش و ژیری وا لێڵ بوو چ شت نەما لە بیری وەک هەورەڕەشێکی سەربەخۆ بوو هەوراز چوو، لە عاسمان وەکۆ بوو خوێناوی هەناو و چاوی پڕ تەم داباری بە ڕێژنەیەکی کەم کەم تەرزەکوتی وردی جەرگ و سی هات لەم شەستەڕەهێڵەدا لەهی هات لافاوی لە دەردی دڵ هەڵستا مەم پێی نەدەوەست و پێی نەوەستا پێت وابوو کە دیجلە و فوراتن جەیحوون چووە پاڵ و هەرسێ هاتن هەرچەندە بە شینی ئەو ئەویندار شین بوو لەدەم ئەم چەمە سپیندار ئەو دەشتە ببوو بە باغ و گوڵزار تا چاو بڕ ئەکا هەمووی گوڵ و دار ئەو بولبولی هێندە ئارەزوومەند بەندی لەشی لێ ببوو بە پێوەند توولی ڕکە لێی وەراند پەڕ و باڵ پۆشرابوو بە مووی سپی سیاچاڵ باڵای وەکوو سەوڵی بۆ کەوانی ئاوا ببوو مانگی ناوچەوانی سەرکوڵمەیی سێوی زەردی بێبۆن شوێن داخی لە ئاوی چاوی لێ بوون وا ببووە شەڵاڵ لە ئاو و خوێنا ئاوێنەیی ڕەنگی ژەنگی هێنا چی تین و توان و هێز و بیر بوون هەڵیان نەدەکرد و لێی زویر بوون چل ڕۆژ و شەوان کەوت لەدەم چەم زیندوو بوو بە دەم، بەڵام بەحاستەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەرچوونی میری بۆتان بۆ ڕاو و نەچیر نێچیرگری دەنگ و باسوخواسان وا ڕیزی وتاری خۆی دەدا سان ڕۆژی هەڕەتی بەهار کە خۆشی دار و دەر و بەرد و هەردی پۆشی بە گیا و گوڵ و چڵووکی بە کڵووک ڕازاوە جیهانەپیرە وەک بووک هەریەک لە نواڵ و کێو و دەشتێ بووبوونە بڕەوبەری بەهەشتێ هەر باخچەیە وەک بەهەشتی گەورە سەرچاوەیی ئاوی ژین لە دەورە هەر کێوە لەجووری کێوی توورێ مووسا دەبوو پاپەتی، ببوورێ هەر چۆمە لەچەشنی هەژدیهایەک هەر دارێ بە زاری خۆی خودایەک هەر سوورەگوڵێ گڕێکی بێ تین هەر چیمەنی شین و شادی بێ شین چی بولبولە کردبوویە گاڵە هەرچی مەلە ببووە هاوپیاڵە گاکێوی و ئاسک و مامز و گۆڕ کەو، قاز و قورینگ و کۆتر و پۆڕ گەلگەل دەچڕین لە کێو و شاخان پۆلپۆل دەفڕینە مێرگ و باخان ئەو کاتەیە باوی گەشت و ڕاوە هەرکەس کوڵی دڵ دەنێتە لاوە فەرمانی سەرۆکی کوردەواری وابوو کە بەیانی خەڵکی شاری گش خورت و جوان و پیر و لاوێ با بێن لەگەڵم بچینە ڕاوێ زوڕنا و کەڕەنا و دەهۆڵ و دمبەگ بێنن هەموو، بێن بە چەک چ بێ چەک نێرینە بمێننەوە لە ماڵان ماڵ و سەرییان دەدەن بەتاڵان ئامادە بە چەک ئەوانی بوویان هەر کون دە بەیان نەبوو هەموویان کۆبوونەوە گشت لەدەوری شارا ڕووت و بە شمەک، هەژار و دارا پێخواس و بەکەوش و میر و ئاشێڕ سەربەرز و نەوی و بەپێ و شەل و گێڕ هێندێک چەکەچەک بڕێک بەپڕتاو بەو بەزم و هەرایە گەینە جێ ڕاو دابەش بوو شکار لە ماه و زەنوێر جێ لەق بوو ورچ، ڕەوین گۆڕ و شێر هەوهەو گوڕەگوڕ بەچەشنی هەوران پێی تۆقی دڵی پڵنگ و بەوران بەگزادە و پاڵەوان و سەردار هی گورزگران و سووکەڵەسوار دەگرن سەری کێو و دەشت و قەدپاڵ دەکوتن دەجنن بە گورز و گۆپاڵ دەگرن دەدڕن وەزیر و میران: ئاسک بە کەمەند و شێر بە شیران تاژی و توڵە پێش بە پێشی پێڕەو ڕاوێچکە دەکەن کە هەڵفڕن کەو دەگرن بەرەگە بە باز و تەرلان کەروێشکی وەدەر دەنێن لەسەر لان ژێ دەکشن و تیر بە گەل دەهاوێن باڵندە دەکەونە دەشت و داوێن کێ دێ بەزەیی بە بێزمانان دەمرن، دەمی بەزمە بۆ مەمانان ئەسپی ڕەسەنی حدوودی گوێبەل گرتیە خەنە کلک و یاڵ و چوار پەل با کێشەوە کەن لە گۆشت هەژاران ساغان بە خوڕا بەرن سواران ئێوارە کە هات و ڕاوبەتاڵ بوو دڵخۆش هەموو لایە ڕوو بە ماڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەسنی باغی میری بۆتان میر بووی لە تەنیشتی کۆشک، باخێک چۆن باخ؟ لە دڵی بەهەشتێ داخێک تانجێکی گوڵان لەسەر جیهانێ دار چوو بوو سەری لە عاسمانێ باڵندە ئەوند بوو لەو بەهەشتە ڕاست ببووە بەهەشتی پڕ فریشتە کاژ دەستەملان لەگەڵ سنۆبەر نێوان بوو لەنێو چنار و عەرعەر نارنج و بەهێ لە ڕەنگی زینێ زەردی کەسەر و کوڵی ئەوینێ خورما و هەنار و سێوی داران لێو و مەم و کوڵمی نازداران شەوبۆ و وەنەوشی تازەدەرچوو لای پۆلەگوڵێکی کاتبەسەرچوو گوڵ پیاڵەیی گەوهەری لەسەر چنگ سەرڕێژ لە تنۆک تنۆکی ئاونگ دێراوە ڕەزی تەکووزی ڕێز ڕێز گیرابوو لە کەسک و سوور، پەراوێز پێت وابوو ستێرەناسی زانا ساڵپێوی لەواندەرانە دانا دەتدی هەموو شوێن و چاوەچاوە شینایی لەناوە، ئاوە دەوری داوە هێرۆی ڕەش و سوورگوڵی شەق و گەش لاسا بوو لە خۆشدڵ و بەختڕەش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژوانی زین و مەم لە باخی میردا ئەو ئاسکی نەچیری ڕاوکەری خەم چاوسوور و تەڕی نەدیتنی مەم ئەو تازەنەمامی باخی جوانی سیس و کزی دوور لە باخەوانی پێوەندی ئەوین بە کۆت و زنجیر مامزێکی مەمی دەکردە نێچیر ئەوڕۆژە کە کاکی دەرچوو بۆ ڕاو شۆڤار و نەیار بڕان لەبەر چاو نێرینە نەما لە باخ و ماڵا خەرمانی خەیاڵ لەدەوری هاڵا تا هەل هەیە هەستە، ئەم جیهانە چەپگەردە نەسازە بێوچانە تا دەرفەتە سەیری گوڵ کە ئەی دڵ ترسم هەیە زوو بچیتە بن گڵ گەشتێکی بکە لەدەم دەراوێ تاوێ لە مەلان بگێڕە چاوێ بیستوومە هەیە یەکێ بەخت ڕەش وەک ئێمە لە ئاخ و داخە و بێبەش ڕۆژ ناڵە دەکات و داد و هاوار بە خوێنی دڵی دەژی بە شەوگار بێچارە لەدەوری گوڵ دەدا خول ئاوارە مەلێکە ناوی بولبول دەرمانی دڵی منی لەلایە بیبینم و لێی بکەم تکایە وا خوایە دەڵێم بە گفت و پەندێ ڕێم پێ بڵێ دەرکەوم لە بەندێ خۆی دزییەوە کەوتە باخ و گوڵزار بێتایەن و سەرسپی و پەرستار کەم سەیری گوڵان دەهاتە بیری زۆرتر دڵی دەچووە گۆشەگیری باخ بۆیە بوو چۆڵ و دوورەخەڵکە بۆ گریە و داد و شین بەکەڵکە باڵای وەکوو سەروی خستە سەر گڵ فرمێسکی ڕژاندە بن گوڵ و چڵ مێلاقە لەتاوی پەڕپەڕی کرد خونچە لەگەڵی بەرۆکدڕی کرد هەر دارێ وەکی وی لەشبەبار بێ پشکۆ بوو هەموو گوڵی هەنارێ لایان کە دەسی دەکرد بە باسان خۆیان دەهەژاند لەگەڵ هەناسان لەسوێی وی لەسەر لک و لە هەر پەل گاڵەی بوو گەڵا بە ناڵە بۆ مەل فرمێسکی ئەوەندە ڕشت لە چاوان ئاڵ و گەش و سوور بوو ڕەنگی ئاوان سیس بوو گوڵ و شینکە کەوتە ناو هەش ئاهی لە هەوا بووە پەڵە و کەش بولبول خەمی خۆی لە بیر نەمابوو بۆ ئەو لە پەژارە و خەما بوو زۆر چاوی گەڕاند لە دۆست و هاودەرد دایبەستە وتار لەگەڵ گوڵی زەرد تۆش وەک منی ڕەنگ لە ڕوو پەڕیوی تۆش ئاخۆ ئەوین دڵی بڕیوی؟ تێراوی، هەزارپەڕی، تەیاری ئەی چیتە کە زەرد و کز دیاری تۆش دڵ بە کوڵ و خەمی وەکی من تۆش دیارە کە بێ مەمی وەکی من بولبول لە گوڵی گوڵاوە کڕیار تۆش وەک منی دوور لە دڵبەر و یار پێم خۆشە کە ببیە هەمدەمی خۆم دەردی مە یەکە و منیش وەکی تۆم خوشکێکی منیش وەکوو گوڵی سوور دڵداری گەییشت و ما لە من دوور من ماوم و بولبولێکی داماو بۆ یەکدی جگەربڕاو و سووتاو بێچارەم و چارەڕەش وەکوو ئەو ڕەنگزەردم و ڕۆژ و بەختمان شەو هەر جارێ کە بمدیایە تەنیا بڕیارە گلەم نەبێ لە دنیا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەمیش بەرەو باغ دەڕوا چی دێتە سەرت لە ڕاست ئەگەر چەوت هۆیەک هەیە دێتە ڕێ، بەهەڵکەوت دوو یار هەیە دڵسووتاوە بۆ یەک لەپڕێکی بۆیان دەڕەخسێ هۆیەک ڕێکەوتێ دەبێ و دەگەن بە دڵخواز نیازیان چییە تووشی دێن لە ڕێباز مەم هێندە لەشی گرانی ئازار ڕۆژێ کە نەمابوو کەس لەناو شار کەوتە سەری بیری دینی زینێ بیماری نەهێشت گڕەی ئەوینێ هەستی نەدەکرد بە لەش بەباری چاک بوو بە هەوای دیداری یاری شێواویێ کەوتە ناو دەروونی دەرچوو بوو لە دەستی دەرنەچوونی ئاواتی دڵی دەچوو لە پێشا وەک خدری نەمر دەسی دەکێشا سەرکێش بوو دڵی پساندی هەوسار هێدی نەبوو تا گەییشتە گوڵزار زینێک کە بە ڕۆژ و شەو دەم و ژەم گیرابووە ناو تەمی خەمی مەم دەیویست هەر ئەوەند بژی بە ژینێ جارێک بەتەنێ مەمی ببینێ ڕوانی لەنەکاو مەمۆ لە دەرهات وا داری هۆمێدی بۆ وەبەر هات عیسا گەیی بۆ نەخۆشی حەستەم بوورایەوە دڵ گرێ درا دەم تاساو تلی دا دڵی و سەری خول پێسیری دڕی لەتاوی بولبول بێ هێز و توان کەوت بەبێ هۆش سەرچیمەنی کرد بە بەژنی گوڵپۆش مەم هات و لە گوڵ خشاندی چاوێ وێستا لەپەنای وەنەوشە تاوێ ئەی گوڵ وتی: گەرچی نازەنینی کوا وەک پەڕی کوڵمی سووری زینی لاوچاکی هەچەند وەنەوشی پەڕگەش ڕێت ناکەوێ بچیە پاڵ کەزێی ڕەش هۆ! بولبول ئەگەرچی دەردەداری سووتاوی گڕی گوڵی بەهاری تاقەگوڵەکەم لە گوڵتە گەشتر خۆشم لە تۆ بەخت و چارەڕەشتر دڵداری بەڕاستی، هەر منم من بێهوودە ژیانی خۆت دەکەی ون گوڵ هەر نە یەکێکن، سەد هەزاران دەڕوێن لە زەوی هەموو بەهاران هەر دڵبەرێ چەشن و جۆری زۆرە بێ نرخە هەچێکی زۆرە: بۆرە هەر جێیە دەچی گوڵ و گوڵووکە هەرجاییە گوڵ گەڕۆکە سووکە ئەو سوورەگوڵەی کە من بژاردم دامێ دڵ، ئەوینی پێ سپاردم وێنەی لە جیهان نییە یەکی تر نایبێ زەوی چەشنی زینێ چی تر دڵداری گوڵێکی وا کە نەمرێ چ بکا و بە چ بارێ چاری دەکرێ؟ سەرگێژ دەگەڕا بەدەم گرینێ لەپڕێکی گەیشتە بەژنی زینێ ئەو زینە کە بووی دوو سەت پەرستار ئەو بەژنی لە پەلکی گوڵ بە ئازار خوێ داوەتە سەر گیاوە، بێهۆش تۆمەز لە مەیی ئەوینە سەرخۆش ئەو گەوهەری بێ هەواڵە لەو شوێن بەرچاوی کەوت مەمی جگەرخوێن لەرزی وەکوو ئاو و چوو لەسەر هۆش پێڵووی چەمی بوون لە زینێ پاپۆش فرمێسکی پەڕینە لاقی زینێ دارگوڵ وەگەشا بە ئاوی ژینێ ئاونگی تکاند و خونچە پشکووت زین ژیایەوە مەم بە تیری ئەنگووت بڕوای نەبوو چاوی مەستی زینێ پێی وابوو مەمی بە خەو دەبینێ هەر تاکوو مژی گومانی لاچێ ویستی دەمی تەڕ بکا بە ماچێ خۆی هێشتە گەلێک نزیک نەکردبوو بۆی ژیاوە نەچیری نیوەمردوو چۆن ژینێ گەییشتە مەم کە هەستا زینی لە تەنیشت و دەست لە دەستا لە خۆشییەوە هەر دوو گێژ و وڕ مان بێ ورتە و لاڵ و پاڵ و کڕ مان داخواز بە دڵە و بەڵێن بە چاوە تا کاتێ گرێی زمان کراوە ئەم جارە بە گازنان و نازان بەربوونە گلە و نیاز و ڕازان دیتیان گلەیی لە دەردی دووری بێ بەهرە بوو، کاتی پێ دەبوورێ با دەستێ دە بەژنی یەک وەرێنن ڕیشەی کوڵوکۆ لە ڕەگ دەرێنن دووی تازەنەمام لە یەکدی هاڵان تاڵانە مژینی لێو و خاڵان نۆشیان مەیی دڵتەڕی لە لێوان نە ژمارە هەبوو لەوێ نەپێوان کوڵم و چەن و لێو و سنگ و گەردن هەر یەک دەم و دەستی بۆ دەبردن سەر بوونە گران لە وردەماچان هەر دەرد و کەسەر بوو دادەپاچان زین ببوە گڕاگرێکی حەستەم پڕ تین و دەئایسا لەبەر مەم مەم ببوە پەپوولەیەک مەرگکڕ پەروانە بوو خۆی دەخستە سەر گڕ بیگوێزنەوە، ئاشکرایە جێ و شوێن زۆر خۆشە تلاندنەوەی لەسەر نوێن لەو باخە هەبوو چ سەرسەرایەک ئاوێنەیی جەم، جیهاننومایەک مەم پیادە و زین لە باوەشی مەم وا دەستەملان و دەم لەناو دەم سەرکەوتن و گەیشنە شانشینان هەڵچۆی گڕی دڵ لە دڵ بەتینان زین! وا دەمی مەم، دە بمژە لێوان! مەم! وا مەمی زین، دە بوگشە سێوان! با چاو بە بەفر کەوێ لەسەر سنگ با پڕ ببێ قوڵکی مل بە ئاونگ خوێی گەردنی یەکتری بنۆشن مەست ببن و لە شەرمێ چاو بپۆشن تۆڵەی دەمی دووری سێنراوە هەر نوێژێ کە ڕۆیبوو، گەڕاوە ئەو نوێژە کە ماچ دەچێتە جێگەی هەڵدەگرێ سەرت بچێ لە ڕێگەی ئازاد ببوو لەش، لە پێ هەتا سەر بێجگە لە نێوانی نێوک و کەمبەر پاوان بوو نێوانی ڕانی هەر دوو پاسداری لە پاکژی لەسەر بوو دڵداری بەڕاست و پاک و خاوێن چاوی تەڕ و سوور دەبێ، نە داوێن ژەنگ ناگرێ هەرچی زێڕی چاکە پیس نابێ کەسێ بنیچەپاکە جوانیی و بەهار و باغ و دڵبەند یەک بۆ یەکێ هێندە ئارەزوومەند نەخوازە ئەوین وەها ببێ زاڵ ڕۆژێک هەلێ هەڵکەوێ بە چەندساڵ چۆن پەسنی بدەم دەبێ چ بێژم تێماوم و کاس و گێژ و وێژم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میر و ڕاوکەر بەسەریاندا دێن مەیگێڕ نەچی دەست لە ئێمە بەردەی سەرخۆشم و مەست، بەڵان بەبێ مەی مەستی کە گەییشتە نازەنینان ورتاندی لە من دەمی برینان هەرچەند بەڕواڵە مەیپەرەستین ڕاستی بە مەیی ئەوینێ مەستین سەوداگەر و مەستی دەستی تۆ نین مەستی مەیەکی لەمێژ و کۆنین ئەو مەی نە بە ڕەنگ و بۆ دیارە ئەو مەی لە جوانی کردگارە دڵمان بە خوداوە بەستراوە هێشووی مە لە باخی ئەو چناوە مەیگێڕ دە وەرە لەڕێی خودادا بۆم تێکە، پەژارە دەین بەبا دا لەو بادە کە دەتگەڕاند دوێنێ سەرخۆشی هەتاهەتا دەمێنێ بێهۆشی تێدا سەرەونخوونە بە پڕیشکی دەروون هەمیشە ڕوونە هەر تاقەقومێکی لێ بچێژم یەکجاری خەم و خەیاڵ بنێژم لادەم لە سەرم سەرێشی دوێشەو وشیار بمەوە لە گێژیی و خەو هۆشم لە دەسم نەچێ وەکوو مەم مەرگم بەسەرا نەیە وەکوو هەم ڕۆژی تەمەنم گەییشتە ئێوار ئاگام نەبڕی لە خۆم بەیەکجار هیوای دڵی ژار و هەرزەکارم جێگایە هەبێ کە لێی وەشارم ئێوارە کە میر لە ڕاو گەڕاوە لەو باخە بە لەشکر و سوپاوە فەرمووی بە هەواڵی دیوەخانێ با داببەزین بدەین وچانێ لێدە کەڕەنا و دەهۆڵ و شەیپوور ئاهەنگ بگەڕێ بە ساز و سەمتوور بەریاندەنە مێشە ئاسک و گۆڕان بریان ببێ بۆ مە سینگی پۆڕان هاوپیاڵە و بادەگێڕ نەکەن ڕەو بەزمی مە لە کۆشکی باخە ئەم شەو دیتیان دەر و پەنجەرەی لەسەر پشت پرسیارێ دەهاتە سەر دەمی گشت کێیە لە سەر و ژیان بووە زویر پێی ناوەتە کۆشک و سەرسەرای میر ئەو دڵتەڕ و دڵسووتاوی یەکتر گیرۆدەیی بەند و داوی یەکتر لەو بگرەوبەردە لەو هەرایە لەو زرموکوت و زەنازەنایە وشیار نەببوون، پێیان نەزانی گوێبیست نییە مەستی کامەرانی میر ڕاستەوەخۆ کەوتە شانشینێ جێژوانی مەمی هەژار و زینێ گوڕاندی کە کێ لە ژین بووە تێر وێراویەتی پێ بنێتە جێی شێر؟ تاریک بوو نەکاری کەس ببینێ کووژایەوە تیشکی کوڵمی زینێ مەم چوە لە نوێنێ پاڵی داوە زینیشی وەشارت لەژێر عەباوە بە چرا دەر و ژوور کە ڕوون کراوە بە کزێکەوە مەم وەرامی داوە: بمبەخشە نەخۆش و بێ بڕستم هیچ هێزی ئەوەم نییە کە هەستم گەورەم تۆ دەزانی چەند نەخۆش بووم تا دوێنێ بە دوور لە بیر و هۆش بووم ئەمڕۆ کە ئەتۆ دەچوویتە ڕاوێ من خۆم نەدەگرت لە جێگە تاوێ مەم شۆڕەسواری پێشڕەوی میر بێبەش بێ لە گەشت و ڕاوی نێچیر؟ ! سووتا جگەرم نەما سرەوتم پەتیارە و شێت وەچۆڵێ کەوتم شل بوو لەپڕێکی هێزی ئەژنۆم خۆم دیتەوە وا لە باخەکەی تۆم بێ ئەرکە نەخۆش وتی بە مەم، میر تووشت نەبوو هیچ بە تووشی نێچیر؟ ! میرم! وتی: تووشی مامزێک بووم چۆن مامزێ؟ تووشی دڵدزێک بووم سەرمێگەلی پۆلی چاوکەژاڵان ڕەوتی دڵ و هۆش دەبا بەتاڵان بۆی خۆشی دەدا بە ئاسکی چینێ چم دی! وەکوو من چ کەس نەبینێ دەیڕوانی هەچەند بە نیوەئاوڕ جەرگم دەتووا، دڵم دەبوو سڕ پێم وابوو فریشتە بوو نە ئاسک لەکوێ هەیە ئاسکی هێندەناسک! پێش پێی تۆ لەناو هەمێزی من بوو تۆ هاتیی و ئەو فریشتە ون بوو تاژدین لە وڕێنەکانی زانی زین گەیوەتە ئێرە بۆ ژوانی مەم شێتە، وتی: هەڵەی بپۆشە نازانێ دەڵێ چی، زۆر نەخۆشە با لەو بگەڕێین ببێتە ئاهەنگ با مەی بگەڕێت و دەنگ بدا چەنگ با تاوێ بە بادە سەرگەرم کەین بۆ دەردی ئەوین دڵێ نەرم کەین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برای باش بۆ ڕۆژی تەنگانە بەکارە ئەو جۆش و خرۆش و بەزم و ئاهەنگ زۆرتر مەمی کرد زەبوون و دڵتەنگ تاژدین دی کە مەم گەلێ کەساسە لێی پرسی بە چاو، برا چ باسە؟ مەم دەستی لەژێر شمەک دەرانی بسکی ڕەشی زینی دا نیشانی پاپۆکەیەتی لەپشت مەمی ژار جووتێ کەزی ڕەش وەکوو دوو شامار دی کارەکە گەند و نالەبارە بۆ ڕۆژی وەها برا بەکارە هەر لاق و دەسێکی بوو بە باڵێ هەرچی زووە خۆی گەیاندە ماڵێ ئەستێ گوتی: ڕەنگ لە ڕوو نەماوی کێت دوژمنە، چیتە داشڵەژاوی؟ ! تاژدین وتی: ماڵە دوژمنی من کۆتێکە لە پیل و گەردنی من سەرمایەیی گەورە و گرانم بیبیلەیی هەر دوو چاوەکانم مەم بوو، ئەو و زین لە گێژێ کەوتوون سامانی مە، گەر نەچێ، ئەوان چوون گەر ئاگرێ بەرنەدەینە خانوو بۆ چاری ئەوان نەمانە بیانوو ماڵ بۆ من و بۆ تۆ، کۆرپە ساوات ئەم پیاوەتییەم دەویست بە ئاوات بیستوومە کەسانی خانەسووتاو ئاگر دەکوژێننەوە بەهۆی ئاو من ئاوی بەڵادەری براگر ئەمشەو دەکوژێنمە بە ئاگر ماڵ ئاگری گرت لەسەر هەتا خوار تاژدین ملی نا لە داد و هاوار خزم و کەس و کار و هۆز و هاواڵ یەکجێ هەموو بازی دا بەرەو ماڵ هەرکەس کە لە باخ و سەرسەرا بوون تاقێکی نەما بەرەو هەرا چوون مەم موژدە دەدا بە زین کە تاژدین بڕوانە کە چی لە بارە کردین؟ دەریای خەمی لێ وشک هەڵێناین بە گڕێکی لە دۆژەهی دەرێناین تۆ هەستە بچۆرە کۆشکی شایی من تووڕ بدە ئاگری جودایی تاژدین هەچی بووی هەمووی سەروبەر لە شمەک، لە خشڵ، لە زێڕ و زەمبەر لە پیاوەتییا کە گشتی دانا ما ناوی نەمر لەڕووی جیهانا لە دڵی خۆ دراو، دەراوێ کاکە! کارت کە هەیە بە ناوی چاکە قالۆچە وەکۆ دەکەن شیاکە گەر پاکی، نەپاک لە خۆت جیا کە بەختێ کە دراو ببەخشێ بێ خۆ دەیبەن کەلەپوورگران، بەفیڕۆ ئەو کاتە گیان دەچێتە باڵا نە دراو، نە شمەک بە دەستی واڵا بازاڕی ئەوێش وەک ئێرە وایە هیچت نەبێ چت لە دەستی نایە کەی نرخی بەهەشتە دوو وتەی ڕووت کەی ڕێ هەیە بچتە پێشێ نابووت خۆشیت گەرەکە لە ڕۆژی داوی پێشبارێ بەڕێکە تاکوو ماوی یان بەختی بکە لەڕێی هەواڵان پاش مردنی خۆت دەچی بەتاڵان تاژدینی چ خۆشە هەڵکەوێ بۆت ناوێکی نەمر بسێنی بۆ خۆت دەستت کەوێ دۆستی ڕاستەقینە هێژای هەموو گەنجی سەر زەمینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕازی دڵداریی زین و مەم بە گوێی میر دەگات شای پایەبڵندی خۆشەویستی خونکاری جیهانی دڵپەرستی ئەو سەروەرەی خێوی تەخت و بەختە ونبوونی لە چاو شتێکی سەختە وەک ڕۆژ کە لە عاسمانی چوارەم لەم جێگە و ڕێگە دوورە هەردەم بێ بەرگر و پەردە تیشکی داوێ کام چاوە نەبینێ تیشکی تاوێ دڵداری و خۆر وەکوو برانە شێرانەوەیان گەلێ گرانە تیژباڵ دەفڕن نێوانێ دەبڕن لەمپەر دەپەڕێنن و پەردە دەدڕن ڕازی دڵی زین نهێنیی مەم هەر هێندە ژیا کە هاتە سەردەم بلوێری شڕی زمانی ناساز ئاوازێ دەدا لە چۆل و ڕێباز لەو جووتە وەها بڵاو ببوو دەنگ ببوە گەڕی کۆڕی بەزم و ئاهەنگ لەو مۆم و پەپوولە بێ بڕەو بوون بەر هەر وتوویرەیەک هەر ئەو بوون وەک شەوچەرە بوو لە دیوەخانان دڵخۆشکەرە بوو لەنێو جوانان دووی دوور لە هەموو گوناه و سووچێک ناویان چووە هەر کەلێن و سووچێک هەر زارێ وەکوو بنێشتەخۆشە دەیجوو لە هەموو کەنار و گۆشە هەر ڕازێ کە جارێ کەوتە زارێ وا بزانە کە کەوتە زاری شارێ وشتر نە بەسی بوو بارگرانی وا زەنگوڵەشی خرا ملانی بێکار و زمانشڕ و نەزانان منداڵ و ژنان لە دەرک و بانان گفتیان گڕ و وڕ کە زۆر و کەم بوو دڵپێکەوەبوونی زین و مەم بوو ببوە سەر و بن لە بەند و بەیتان تا تەنیەوە گەییە بەکرەشەیتان دەستەوبەجێ ڕێ و ڕێ نەبوو گیر نووک و بەدی نایە بەر دەمی میر میر پرسی کە چۆن دەزانی وایە؟ بۆم دەربخە لەم گڵۆڵە تایە بۆم ڕوون کەوە بیخەرە بناوان چۆنی بگرین بە سووچ و تاوان هاسانە، وتی بنێرەمەم بێ تاق ببنەوە خۆت و ئەو لە یەکجێ شەترەنجێ بکەن لە مەرجی دڵخواز لێم ڕوونە کە دێنە ڕوو، ونی و ڕاز دۆڕاندت و بردتەوە، لەجێوە لێی پرسە بڵێ دڵت بە کێوە ئازایە، نەترسە، پاڵەوانە سینە و دڵی پاکژ و جوانە دڵدارەکی ڕاست و بێدرۆیە دەیڵێ کە دڵی لە خوشکی تۆیە خۆت ئەو دەمە خێوی بیر و ژیری خاوەن دەسەڵات و بەند و شیری خونکار وەکوو ماری ژەهرەدارن جوان دیاری دەدەن لەبن نەیارن ماچت کە دەکەن، بترسە ژەهرە زیانیان پترە لە سوود و بەهرە خۆت تووخونی مار نەکەی کەم و زۆر مار، مارە، چ زەر، چ ڕەش سپی و بۆر هەرچەندە لەلای بە نرخ و نازی پێک بێنی هەچێکی لێی بخوازی تۆزێک لەگەڵت دڵی کە گۆڕا جێت چا دەکرێ لە تەنگی گۆڕا نەخوازە کە پیس و دووزمانیش لای بن، چ دەکەی لە چنگ ئەمانیش ئەی خوایە نەکەی نزیکی سەردار نە پیاوی هەژار و پاک نە بەدکار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میر و مەم شەترنج دەلەیزن شاسواری بناری خاوەرستان خوای بەرز و بڵندی ڕۆژپەرستان ڕۆشنکەرەوەی بەژ و کەژ و کۆ کاتێ کە وەسەرکەوت لە ئاسۆ تیڕێژی کە ڕشت و دابەشی کرد دەوری شەوەزەنگی دا و کشی کرد مانگ بەو کشە، ماتە و کۆی ستێران وەک پیادە لە گۆڕێ هەڵوەژێران میر ئەو شەوە چەشنی شێری زامار هەر جینگڵ و پێچی دا وەکوو مار شەوگاری گەیاندە ڕۆژ بەبێ خەو خەم کەوتە دڵێکی، خەو دەکا ڕەو شای تاوێ کە هاتە سەر زەمینێ شای ئێمە گەییشتە شانشینێ فەرمووی ئەوی نۆکەری بەکارن هەرچی لە چەک و شمەک تەیارن کێ دەسکەرەوەن هەڵی بژێرن دەورەم دەن و پاسی من بدێرن ئەمڕۆ دەمەوێ بەسەر مەما بێم با بزانێ کە ئەو چییە و ئەمن کێم بۆم بانگ کەن و نابێ پێ بزانن تاژدین و ئەوانی سەر بەوانن مەم دی لە تەلاری میری دوو ڕەنگ ڕازایەوە کۆڕی بەزم و ئاهەنگ هەرجێ پڕی خۆش و بۆنی خۆشە مەیگێڕ دەڵێ خۆش بە، مەی بنۆشە پاش تاوێ بە مەی کە سەرگەرم بوون شەرمن کە بە بادە بێ شەرم بوون هیچ دوانێ نەما لە دێو و لە درنج کێشای وتە تا گەییشتە شەترنج ڕووی کردە مەمێ ئەگەر بخوازی ویستم لەگەڵم بکەویە بازی ئامرازی لەیستنت لە پێشە کێشەی من و تۆیە دەست بکێشە کێ بردییەوە مەرجی ئێمە وا بێ هەرچی دەیەوێ دەبێ ڕەوا بێ لاوێکی لەلا بوو میر، چ لاوێک ئازا و بەکار و خێوی ناوێک ڕۆستەم دەسی بەسترابوو لای ئەو بۆ جوانی نەبوو یەکێکی تای ئەو سەرتۆپی کوڕان و ناوی «گورگین» مەرد و بەئەمەک گران و سەنگین هاوبازیی و هاودەمی مەمێ بوو هاوشادیی و هاوخەمی مەمێ بوو زانی چییە، خۆی گەیاندە تاژدین تاژدینی وەکوو پڵنگی بەبرین ئاگایی بە عارف و چەکۆ دا هەر شێرە چەکی هەرای لەخۆ دا ڕازاوە کەمەر بە خەنجەر و شیر دڵگیری برا گەهانە کن میر لەم هاتنە مەم دووبارە بوو گەش مۆرەی لە دووبارە بوونە دووشەش ئەسپ و ڕوخ و فیل لە دەرکە هاتن دیان میر و وەزیر و شاشی ماتن مەم دیارە لە وازی کاری سازە میر بۆیە دەڵێ دوو دەستی تازە ئەم دەستەشی بردەوە دەمەوجار دیتی لە ڕوانگە بەکری شۆڤار وا زینە لە پەنجەرە دیارە چاو و دڵی چاوەنۆڕی یارە ڕۆژێکە لە مانگ دەگێڕێ چاوی بڕوانە چ داوێ کەوتە داوی کایە، وتی: میری من بەجێیە نابەیتەوە تاکوو مەم لەوێیە با جێگەیی خۆی بە تۆ وەگۆڕێ لێم ڕوونە دە دەستی مەم دەدۆڕێ میر گۆڕیەوە جێ بەجێی مەمی ژار جێگەی مەمی کەوتە ڕووبەڕووی یار هەر چاوی مەمێ کەوت بە ڕووی زین گورجێ لە دەسی چوو فیل و فەرزین چاوبڕکێ بەجۆرێ هۆشی گۆڕاند ئەسپی بە پیادەیەک دەدۆڕاند لەو دیمەنە مەم وەها ببوو مەست هۆشی نەبوو دای لە دەستی شەش دەست ها مەم! وتی میر: دەبێنە دڵخوام فەرموو چ دەڵێی، وتی: لەڕێدام فەرمووی نە شتێکی وایە دڵخواز ویستم لەگەڵت ببم بە هاوڕاز ڕازی دڵی خۆت کە ئاشکرا کەی لای ئێمە گرێی دڵت ڕەها کەی کێت دڵبەرە، کێ دڵت لە سەریە هەرکێ بێ، فریشتە یا نە پەریە هەر ناوی بهێنی بۆتی دێنم گەر خواهیش و زۆرە، بۆت دەسێنم هەل هاتووە دیتی بەکری بێفەڕ قەل هاتە قڕین و هاتە سەر گەڕ هەرکەس وتی، یاری مەم بناسێ واقی وڕ ئەبێ و سەری دەماسێ زۆر بۆ مەمی چارەڕەش کەساسم لەو ڕۆژەوە دیومە هێڕ و کاسم بێچوەقەرەجێکی لێوکوتاوە کرمە و لە قورم دروست کراوە بەژنی وەکوو داری ژەقنەبووتە وەک سەلکەبزووتە، ڕووتە پووتە ڕێی ناکەوێ تۆی ببی بە داخواز تووشم دێ هەزاری وا لە ڕێباز ئەو تەوسە شتێکی وای لە مەم کرد تاس و وڕی کرد، لە هۆشی دەربرد گەورەم! وتی: ڕاست نییە و درۆیە هەڵبەستەیە، گفتی سەربەخۆیە ئەو شۆخە کە بوومە تۆزی ڕێگەی شازادەیە، شانشینە جێگەی هێلانە بڵیندە توخمی پاکە ڕووناکییە، نەک لە ئاو و خاکە بێ هەمبەر و وێنە، نازەنینە شانازی زەمینە، ناوی زینە ئەو گووتنی نالەبار و ناخۆش کینە و ڕقی میری خستە سەر جۆش گوڕڕاندی لە پۆلی دەست و پێوەند بۆ نایخەنە بەند و بیکەنە پەند خوێخۆرێ کە ئەشکنێ نمەکدان زیندانی دەوێ لەتەک شەتەکدان دوو سەد کوڕەپاڵەوانی حەستەم یەکجارە هوروژمی کردە سەر مەم تاژدین و چەکۆ و برای لە دوو بەر هەستان وەکوو شێر و دەس بە خەنجەر وتیان گەلی نۆکەران بوەستن چۆن ئێوە دەسی مەمێ دەبەستن بڕواننە مە خۆ نە گێژ و کاسن خۆو هێز و گوڕی مە باش دەناسن هەریەک لە ئێمە بێ و لە ئێوە پێنسەت دەوکەین بە دەمی دەبان لەت و پەت تا ماوە تنۆکێ خوێن لەنێو ڕەگ یاریدەدەری دەبین و کۆمەک هەرکەس لەوە چەپ لە مەم بنۆڕێ گوڕ گۆڕیەتیی و ڕێ لەخۆ نەگۆڕێ میر سەروەری گشتە، خێوی فەرمان گفتی وی لەبانی چاو و سەرمان خۆی هەرچی لە مەم بکا ڕەوایە گیان و سەری مەش لەدەس ئەوایە دەسبەستە و بێدەسین لەبەر میر وا گەردن و پیل و پێ و زنجیر میر بەستی بە دەستی خۆی دەسی مەم تاژدین بەری چاوی گرت تەمی خەم چاری چییە میرە خاوەنی کار نانخۆریەتی چۆنی بێت بەرەنگار؟ خونکار مەمی دایە دەستی دژدار زیندان بووە جێگە بۆ مەمی ژار ئەو شارە هەمووی، جوان هەتا پیر بۆ گرتنی مەم پەشێو و دڵگیر لەو ڕۆژە لە هەرکەس و لە هەرکوێ هەر تووک و نزا دەهاتە بەرگوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەم لە گرتووخانەدا بۆتە چلەکێش بڕوانە لەڕووی گەڕانی گەردوون جارێک بزەیە و دە جار گرژ بوون هەرچی کە بڕێک بڕەو پەیا کات گورجێ دەیەوێ دە خاکی ڕا کات نزمە و هەچی بەرزی سەرزەوی بێ پێی خۆشە کە چەشنی وی نەوی بێ نابینی کە ڕۆژێ سەرزەمینێ هەر ڕۆژە دەخاتە خۆرنشینێ؟ چەوتە، دزە، لارە، خوارە، دووڕوو وا هاتووە، وا دەبێ، وەها چوو نەخوازە نەیاری دڵتەڕانە هەر ئێمە دەهاڕێ لەم گەڕانە دڵمان دەگرێ بە داوی نازان پێخوستی دەکا لەبەر بەرازان پێشان بە هومێد و شاد و خۆشین پاشان لە دەسی زووخاو دەنۆشین مەم دەگرێ بە داوی بسکی زینێ ڕۆیدێڵێ لە چاڵ و ژێر زەمینێ ئەو چارەڕەشی کزی بەخت کەم بێ دۆست و هەواڵ و یار و هاودەم ئەو بولبولی وێڵی دەشت و چیمەن زیندانی ڕەشی کرا نشیمەن هاوڕازی کوڵ و کەسەر خەفەت بوو زیندان نەبوو، گۆڕی تەنگەبەر بوو تووشی ببوو دەردی گۆڕەشارێ هەر تاوە هەزار چەلان نە جارێ چاڵ لێی بوە چاڵی مانگی نەخشەو ئەو مانگە دووحەوتە بوو بە یەکشەو بێ خواردن و خەو لە ڕەنج و ئێشا بوە گۆشەنشین چلەی دەکێشا دەروێش کە کرووژمە کا لە قوژبن دۆستی نەبێ هەر شتێک دەکا ون جارێک وەکوو خواپەرەستی بەنیاز گاگا وەکی دڵتەڕان بە دڵخواز هەر تاوە لەگەڵ کوڵێ گرینی بەو وێنەوە ڕووی دەکردە زینی: ئەی بەندی دڵ و چرای دەروونم ئەی بەستە بە تۆ نەبوون و بوونم مەزنیت بەڕاست، بۆ گەدا بەفیزی ناپرسی لە ئێمە چیتە زیزی! لە دڵم دەدڕی کراسی ئارام گیرۆدەیی تۆم و نایەیە لام لەیلێ وەرە شێتی خۆت ببینە! چاوی تەڕ و سوورە ژینی شینە شیرین تری، شیرنێ کەمێک داد! یادێک بە دڵت بگا لە فەرهاد دنیا کە لە من بووە بە زیندان ئەمڕۆ بەتەنێ منم موسوڵمان فەرمایشی خۆشەویستی خوایە فەرموودەیی ئەو دیارە وایە دنیا کە بەهەشتی گاورانە زیندانی دڵی بەباوەڕانە هەرچەندە دڵم گەلێک پەرۆشە چونکە لە ڕێگەی تە دایە خۆشە سوێندم بە دوو لێوی تەنگ و ئاڵت بەو بسکی ڕەشت بە وردەخاڵت سوێندم بە بەری بەیانی لاجانگ بەو هەنیە کە شۆق دەدا بە ڕووی مانگ سوێندم بە دوو چاوە مەستەکانت سەد جارێ بە شیوی ناو مەمانت سوێند بە بزەی کە دێتە لێوت سوێندم بە دوو مەمکی شەکرەسێوت سوێندم بە نەمامی بەژن و باڵا سەد ساڵی تریش بژیم لە چاڵا تا ماوە هەناسەیەک دەزانم تۆ ناچیە دەرێ لەناو گییانم لەو بەندە کەوا شەتەک دراوم پێت وانەبێ لێت هومێدبڕاوم ڕۆشم کە بەرن بەناخی گڵدا دەرناچێ هومێدی تۆم لە دڵدا هەرچەندە کە میر بەسەر منا هات ئەم جارە بە لانی دوژمنا هات بێ جێ نەبوو زۆر سپاس کەوا بوو ئەو جل نە بە بەژنی من بڕابوو شازادەیی و من گەدا و هەژارم چۆن ڕێم دەکەوێ ببیتە یارم تۆ ڕۆژی بەتیشک و من گڵی ڕەش من چقڵ و دڕوو، ئەتۆ گوڵی گەش تۆی تازەنەمامی باخی ژینێ تۆی گەوهەری شەوچرای زەمینێ مەم سیسەپەپوولەیەک لەپڕدا ویستی کە بسووتێ خۆی لە گڕدا تۆ مانگی گەشی و لە بێبەشی من دادەڕزێ بە تیشکی تۆ لەشی من من لولوپەڕ و ئەتۆی هەتاوم لێت دوورم و نوقمی ئاوی چاوم با یادی گوڵم دڵم دەرێنێ دڵداری هەزار ئەوەندە دێنێ با بڕزێ لەشم لە گرتووخانە ئەسرین لە گلێنە ببنە تانە دەروێشم و ئەشکەوتنشینم دڵخۆشی ئەوینی ڕوویی زینم مەم بەر لەوە بمرێ مردنی دیی ئەم مردنە ژینە! مردنی چی؟ پا ببوەوە کەوتە ڕیزی چاکان دەرچوو بوو لە چینی ئاو و خاکان تیشکێکی گەییشتە ناو دەروونی ڕوونی دڵی ببوە ڕێنموونی هێشتا چلەیەک نەبووبوو تێپەڕ سەرپاکی گومانی بوونە باوەڕ سووربوونەوە بۆی شتی نهێنی ڕاستی وەڕێ هات و کەوتە شوێنی هاویشتی لە دڵ ئەوینی تێکوڵ گوڵ هاتە بەری لەباتی پێکوڵ گیان باویەتی چی لە لاشی پووچەڵ گەپجاڕی مناڵە داری کۆتەڵ گوڵگەشت و بەهەشت و دەشت و چیمەن لەو چاڵەوە لێی ببوو بە دیمەن دار و دەوەن و چڵ و چیا و کەژ بێ گیان و ژیاو لە ئاو، لەسەر بەژ هەرچی کە بە دڵ لەوی دەنۆری هەرچێکی بە بیریا دەبووری زینێکی دەهاتە پێشی چاوان دڵداری بەڕاستی ڕاستە، ئا، وان ئەستێرەگەری دەکرد لە چاڵا چارەی ڕەشی خۆی دەدی لە خاڵا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زین گلەیی لە گەردوون و چارەڕەشیی خۆی دەکات ئەو زینی بە داوی دڵ گرفتار ئارامی لەلا نەما بەیەکجار تا مەم نەخرایە گرتووخانێ هیوای نەبڕا لە پێکبڕانێ لەو کاتەوە یاری کۆت لە پێ دی دەورەی دڵی دابوو ناهومێدی سەیرانگە و شانشینی دڵگیر بۆ ئەو بووە بەند و کۆت و زنجیر دوژمن بوو لە خواردن و لە خەوتن ئارای نە بە ڕۆژ، نە بە شەو سرەوتن بێهێز و توان و دەستەوئەژنۆ هەر مەم مەمی بوو بە داد و ڕۆ ڕۆ دەتوایەوە بۆی دڵی ڕەقی بەرد لاواز ببوو، ببوە موویەکی زەرد زەردێک وەکوو ڕەنگ و ڕوویی خانی باریک ببوو لە چەشنی بیرەکانی گەر لێی نەدەبۆوە هیچ دەرووی ڕوون هاواری دەکردە چەرخی گەردوون چم کردووە بۆچی بوویە دوژمن؟ تۆڵەی چ دەسێنی دێیتە گژ من! مەم ببوە بەشم ئەوەند بە قینی هێشتا بە منت ڕەوا نەبینی تۆ تاقەمەمێک بە زۆر بزانی لێم بدزی، برادەریی دەزانی؟ تۆی ئاگری هەڵدەکەی لە کوڵمەم تا گڕ بگرێ بە من دڵی مەم خوێنشیرن ئەکەی مەمێ لە زینێ تا بیخەیە بەر گڕەی ئەوینێ سوودت چ وەچنگ کەوت لە بندا ئەو قۆزەکوڕەت نیشانی من دا بۆ تووشی کچێکی وەک منت کرد سووچم چ بوو پاشی بۆ ونت کرد دوو دڵ کە بە ئاگرت پڕووکان چیت پێگەیی تۆ جگە لە تووکان لای هەر کەسێ بەزم و پێکەنینە هەر لای من و مەم شەپۆڕ و شینە دەردی دڵی خۆت بە من ببێژە هەر ژەهرێ کە پێتە ڕۆی بڕێژە تۆ یۆسفی من دەخەیتە چاڵێ گوێ نادەیە ئاخ و ناڵەناڵێ بووی تانە لە چاو، لە دڵ کەساسم هەر چاوەڕوانی بۆی کراسم من بوومە گەدایە چاولەڕێگە بێ یۆسف و بێ پەنام و جێگە یان بیری لەدەوری مەم دەهاڵا دەمدەم دەگەڵی دەکرد سکاڵا پێت وا نەبێ من بەبێ تۆ خۆشم سەدهێندەیی تۆ منیش پەرۆشم ئارام نییە ڕۆژ و شەو لە دووری سووچی منە، باشە لێم ببووری بەو خوایە کە وا لە ژووری سەرمان دەسناکەوێ لێم بزێک بە دەرمان هەر ناوە، کە ماوم، خۆم نەماوم بێدارییە بۆتە کاری چاوم ڕۆژان و شەوان لە چاوی گریان خوێناو دەڕژێ هەناوی بریان سوێراوی سروشکە بۆتە شەونم خەو نایەتە چاو کە بێیە خەونم ئەو زینێ کە دیوتە وا نەماوە ژاکاو پەڕ و پەلکی هەڵوەراوە ئەم جۆرەیە دەردی من شەو و ڕۆ بێتۆ ئەوە ژیانمە، ئەدی تۆ؟ لەو جێگەیە کێیە هاونشینت چۆن دەیبەیە سەر بە دوور لە زینت هیچکەس هەیە ئاخۆ بتدوێنێ تووشت بووە یار و خەمڕەوێنێ گیرۆدەیی ئێمە! چۆنە بەندت؟ تۆش کەوتووە بار لە لێوی قەندت؟ ئەی دڵ وەرە دەر لە لەش بەبێ هەست ئەی گیان وەرە بیخە سەر لەپی دەست پارێزێ بکەن گەلێک لەو و لەم چووستی بکەن و بڕۆنە کن مەم لە زمان منەوە بەرن پەیامێ بۆم بێننەوە زوو لە مەم وەڵامێ داخوا لە چ دایە یاری دڵدار ناوی منی جارێ دێتە سەر زار داخۆ لەگەڵم تەبایە یان زیز لەو کوڵمەگەشەی نەبۆتە پایز؟ ئێستەش وەکوو سوورگوڵی بەهارە یان وێنەیی بولبولی هەژارە کۆشک لەمە بۆتە بەندیخانێک پێم خۆشە کە هەڵکەوێ بەهانێک هەر چۆنێ ببێ هەلێک سەری دەم خۆشتر لە بەهەشتە چاڵ، لەگەڵ مەم خۆزیا لە منیش قەڵس ببا میر وێڕای مەمی پێم دەخستە زنجیر هەر جارەکی تر مەمم بدیبا گوێم لێ نەبوو، با ببا هەچی با چەند خۆشە لە کاتی گیانەڵاوم پەنجەی مەمی لێک نێ پەلکی چاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاژدین و برایانی لە بیری چارەدان پیرێ کە لە دەردی دڵ ببوو پیر خۆشگفت و شیار و زیت و دڵگیر ئاگا لە جیھان، گەڕاوی شاران گێڕایەوە سەرگوزەشتی یاران گیرانی مەم و گرینی زینێ وەک ئاگرێ کەوتە ڕووی زەمینێ ھەر تیرە و ھۆز و ڕێز و چینێ ھەر خێوی ئەوین و دڵبرینێ کێ ببوە زەدەی دەسی ئەوینێ بۆ ئەو دووە کەوتە کۆڕی شینێ ئەم ئاگرە تەنیەوە لە لاوان سووتا دڵی دڵتەڕان لەتاوان پێچوون ئەوی دۆستی دوور و کۆن بوون تاژدین و ستێ مەپرسە چۆن بوون بۆ زینێ بە دەردێ چوو بوو ئەستی گریان و شەپۆڕ بڕی بڕستی تاژدین کوڵی مەم بە جۆرێ گەستی شێت بوو، دڵ و ھۆشی چوو لە دەستی ھاواری دەبردە بەر برایان ئێوە و دوو- سێ پیر و کەیخودایان ملکەچ ھەموو ڕوو لە کۆشکی شا کەین با بۆ مەمی چارەڕەش تکا کەین میر بەشکە نەرم ببێ بە جوورێ لە گوناھی مەمی ھەژار ببوورێ عارف وتی: ئەو لە ژیری دوورە دەوپێکێ پلاری شەرم و شوورە کارێکی نەیێتە چنگ بە گەرمی بێھوودەیە نووکەنووک و نەرمی خۆتان دڵی مەزنوو باش دەناسن کێ بیستی بە فوو نەرم بێ ئاسن پێک نایە شتێک لە کۆڕ و دیوان مەیدان ھەیە لێی ببیتە میوان کەبمانەوەێ بۆ مەمێ بکۆشین پێویستە کە بەرگی جەنگ بپۆشین چوار ئاوێنە و زرێ دەبەر کەین خوود بچنە سەر و پەڕی لەسەر دەین ھەڵسووڕنەوە گورزی پاڵەوانان بسوێنەوە دوو دەمی دەبانان یان مەم دەبێ بێتە دەر لەناو چاڵ یان ھەر سێ دەخەینە چاڵ سەر و ماڵ میر ئەو دەمە باش نەھاتە پێشێ ھەر یەک لە مە شیری دەربکێشێ تاقیان کەنەوە لە لاشی بەکرا نەگ ئەو سەگەبا! لەمەم چ دەکرا ئەو بەکرێ بە خەنجەران لەتوپەت بۆ تۆڵەیی مەم دەبێتە دەرفەت میر بێت و لەسەر سەگی وەدەنگ بێ پاداشتی کڵۆیە گاشەسەنگ بێ ھەرسێکی مە ئاشی جەنگ دەگێڕین وەک دەنکەگەنم سەران دەھێڕین ھەرچی وتی لەل بجنرێ پەلپەل ھەر سەر کە بزووت بچێتە شاکەل سازکەین لەھییەک گەرەک لە خوێنێ کێ سەر بپەڕێنێ بیفڕێنێ بدڕێن بپەڕێن بە شیر و نێزان سواران و سەران زگان و ڕێزان ئەو چڵک و گەماری زۆری زۆرێ لاناچێ بە خوێنی گەش نەشۆرێ پاکەینەوە جێ لە نالەباران بیکەینە جەژن لەناو ھەژاران دیل بێنە دەرێ لە کۆت و پێوەند دیلان بگەڕێ و ببێتە گۆوەند نازدار و جوان لەسەر تەلاران "دەستوو نەڕزێ" بڵێن ھەزاران "بۆوبێو" ببیەن لە نازەنینان چەپڵە و گوڵ و دەنگی ئافەرینان تاژدین و چەکۆ لە ئەم وتارە زانیان جگە لەو نییە چ چارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاسپاردەیەک ڕادەسپێرنە لای میر کاتێ شەوەکی شەوی بەڕێ کرد ڕۆژ زینی لە پشتی ئەسپەشێ کرد ئەسپی ڕەشی شەو برایە سەر خاو شێی زەردەیی تاوی خستە پڕتاو گرتی دەسی گورزە ئاگرینێ زەرد بۆوە لە ترسی گۆی زەمینێ کێشای لە کەمەرگە تیغی زێڕن نیسێ دەڕەوین کە خۆ وەشێرن تاژدین و برای لەگەڵ گزنگێ ئامادەیی کار و سازی جەنگێ شمشێر لە کەمەر، جگەر وەکوو شێر کێشرانە دەرێ ئەسپ لە پشتێر ئەسپانی ڕەسەن عەرەب نەژادان پێت وابوو فڕین لەخۆ حەوادان ڕەخشان بە چەپۆک و کۆڵ و سمکۆڵ پێیان دەهەژا دڵی چیا و چۆڵ خاریان دەدڕی و دڵی نزاران بۆ ناشتنی جەندەکی نەیاران زرموکوت و هەوهەو و گوڕاندن هەرکەس لە خەوا بوو ڕایپەڕاندن گوتیان بە کوڕان بەرەی کەس و کار یان بمرن و یا نە مەم بێ ڕزگار وا گەردەنی ئێوە دەکرێ ئازا خۆشی لە کوڕێکە بمرێ ئازا تاژدین یەکی خزم و کەیخودا و ژیر لە کوڕانەوە ڕایسپاردە کن میر تا کەنگێ! بەسی بێ زۆر و بێداد دۆستان کز و دوژمنان دەکا شاد پێی وا نەبێ مەم گوناهبارە دیلی دەسی دڵیە ئەم هەژارە نازانێ کە پاتشای ئەوینێ دایگرتووە ڕووی هەموو زەمینێ؟ دڵداری لەسەر کەسێک ببێ زاڵ چاوبەستەیە، گوێ کەڕە، زمان لاڵ ئێمە کە لەگەڵ مەما چوارین بۆ بەختەوەری وی چوار دیوارین هەر چوار سەری مە هەمیشە وەک گۆ ئامادە و چاوەڕێی شەقی تۆ یان دەربکەوێ لە بەند برامان یان بەکرێ بنێرێ بێتە لامان چیمان لە دڵایە پێی ببێژین تۆزێ کوڵوکۆ بەوی دەڕێژین نەیکا گلەیی لە خۆی دواجار ناخۆشی ئەگەر ببێتە سەربار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میر لەبەریان دادەنوێنێ ڕاسپاردە گەیاندی ڕاسپێری جێیەک نەبوو بەکری لێ وەشێری بۆ کەوڵێ دەبینێ ڕاوی ڕێوی چاڵێکی دەکۆڵی کەوتە نێوی داخوازی ژیانی شیری ڕووتە چاری نەبوو کەوتە کلکەسووتە میرم: وتی شل بچۆرە پێشێ نابێ دڵی ئەم کوڕانە بێشێ زۆر حەستەمە بێنە بەرهەڵستت نەرمی کە نەکەی دەچم لە دەستت فەرموو کە لەڕێی دوو چاوی تاژدین بەخشیم مەم و بێتە هاوسەری زین ئەم ئاگرە دامرێنە جارێ تا چاری دەکەین هەلێک بە بارێ کینەت نە هەمیشە ئاشکرا کە ئاڵۆزی بە هێمنی ڕەها کە دوژمن کە لە تۆ پتر بەهێزە جێ مەرگی لە باوەش و هەمێزە پێی ناوێ کە بەرگی جەنگ بپۆشی ژەهریان لە گەروو بکە بە خۆشی دوو پیاڵە دەبێ هەبن لەکن میر یەک شیر و یەکێ ژەهر دەگەڵ شیر یەک خۆشی لە دۆستان پەیا کات یەک ژینێ لە دوژمنان جیا کات یەک فێنکی بدا بەتوێی لەش و دڵ یەک زیندوو بەرێ بکاتە بن گڵ پێک نایە چ شت بە توند و گەرمی وەستایی دەوێ و دەهۆ بە نەرمی سووڕی شەو و ڕۆژ لەنێو جیهاندا بڕوانە خودا بە مەی نیشان دا تاریکییە لایە لایە ڕوونە دایناوە لەبەر مە بۆ نموونە کارێکی بە ڕۆژ نەهاتە بەر چەنگ پێک دێ لە شەوی ڕەشا بەبێ دەنگ ئەو زۆڵی چرووکی دووزمانە بۆ میری ئەوەندە ڕست، لەمانە ڕێی بیری لە پێش بڕی بەجارێک خونکاری لە بارێ بردە بارێک هێنایەوە هێندە شێر و ڕێوی ڕازاندێوە پیسدڵی و دزێوی میر ببوە هەسانی ژێر زمانی پێی داسوەوە ئەوەندی توانی زوو باوەڕی کرد بە گفتی بەدفەڕ گەڕناسی لەبیر چوو، کەوتە سەر گەڕ فەرمووی بە سپاردە، بێژە تاژدین من بۆ چمە بێئەوان سەر و ژین ئەو مایەیە بۆ شکۆ و بەختم لەوڕایە کە خێوی تاج و تەختم ئەو هۆیە کە من بڵیندە ناوم لێم ببڕێ منیش لە ژین بڕاوم گەنجینەم و هەژدەهامە تاژدین تاریکەشەوم، چرامە تاژدین خۆی دانێ وەکوو برابەشی من زین و مەمی ویستووە، پێشکەشی بن چی خواستووە من بەجێی نەهێنم؟ ! لێم زیز بووە، من سەیر دەمێنم! هەرچی بە دڵ و دەمی ئەوا بێ بڕیار بێ دەسەوبەجێ ڕەوا بێ ڕاسپاردە گەڕاوە کن برایان گێڕایەوە گفتی میر لەلایان شێرانی بەکینە وا نەرم بوون بۆ میر بە نزایە سەرگەرم بوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەکری شۆفار داوی مەرگ بۆ مەم دەنێتەوە ئێوارە کە ڕۆژ چرای کوژاوە پەردەی ڕەشی شەو کە دادراوە عاسمان وەکوو سێڵی پڕ لە پشکۆ ئەستێرە تیا درەوشی کۆکۆ ئەو میری هەمیشە شاد و دڵخۆش ئەو ڕۆژە پەرۆش و مات و خامۆش دڵپیسی گڵاوی زۆڵی بەدناو مەزنی بە کزی کە هاتە بەرچاو گەورەم! وتی: دامەنیشە خەمبار! کار وا نییە بۆت نەیێتە بەربار دەخوازی کە شادی بێتەداوێ تۆ زین و مەمێ لە دڵ دەراوێ هۆی ئاگری کێشە ئەم دووانەن ماکەی کوڵ و دەرد و خەم ئەوانەن گەر ڕێگە بدەی گەڕێکی وا کەم بێ کێشە مەمی لە ناخێ ڕاکەم ژەهراوێ لە تۆ کە لێی نەکەن سڵ تاژدین و برای دەخاتە بن گڵ کارێکی کە پێک دێ سووک و هاسان پێی ناوێ هەرا و گوڕین و ڕاسان تۆ هەستە بڕۆ بڵێ بە زینێ مەم بۆتە خەڵووز لەبەر ئەوینێ مەم تینووە، تۆی کە ئاوی ژینی هەتوان دەسی تۆیە بۆ برینی تۆ خۆت هەڕە مەم لە چاڵ دەرێنە ئەو بەندی لە دەسیە بیچڕێنە زانیومە کە مەم گەلێ نزارە پەروانەیی ژارە چاو لە یارە هەر چاوی کەوێ بەزینی چاومەست ناژی دەمێ، گیان دەدا دەمەودەست سووتاوە، زوخاڵە جەرگ و ناوی خۆ ناگرێ لەحاستی مەستی چاوی بەو بۆنە گیانی مەم بکێشە ژێر گڵ بکە ماکی دەرد و کێشە سەردار هەنە باش و کار دوروستن کەمیان ئەوەیە کە گوێلەمستن خۆشباوەڕ و سادەیی لە باوان ڕێشاندەرە بۆ گوناه و تاوان گوێ نادەنە دڵ کە زۆر بەجێیە گوێچکەی دڵی وان بە دەستی گوێیە بە گلێنە سپین گەلێکی چاوڕەش پیسان بە جوان دەگرنە باوەش باوەڕکەری پیاوی دووزمانن ڕاست لار و خوار بە ڕاست دەزانن چیان پێ بڵێ هەر دەڵێن بەچاوان نایکۆڵنەوە بیخەنە بناوان خۆڕانەگرن، دژن، بەکینن هێمنایی و پشوو بەکەم دەبینن گوێ نادەنە ڕاستی و درۆیان زوو بایی دەبن بە بیری خۆیان کاریان دەسپێرنە دەست چرووکان بێ بنیچە و هیچ و پووچ و سووکان دەزگای مەزنان کە ڕژد و بەدفەڕ لێی کۆوە بوو، بوو داری بێبەر سەردارێ کە خێوی بیر و هۆشە بۆ چینی هەژار دڵی پەرۆشە باش تاقی دەکاتەوە دەراوان دانانێ لەدەوری خۆی گڵاوان چل جار دەگرن، چەلێکی دەبڕن گۆشتێکی گەنیوە چۆنی دەکڕن؟ هەرکەس کە دەبێتە کاربەدەستێ با هۆشی هەبێ و بەخۆی بوەستێ لەو گفتی ژیانی گەل دەکەن تاڵ با گوێ کپ و کەڕ بکا و زمان لاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میر بەم بیرەوە دەچێتە لای زین زانایی شیار و ژیر و بیرورد وای پەردە لە ڕازی میر وەلابرد شۆڤار کە ببوو بەڕێنموونی بەم بیرەوە چوویە ئەندەروونی دڵدارییە زینی داوە تاوێ فەرمووی کوڵوکۆ لە دڵ دەراوێ تا ئێستە ئەوەی کرا بڕاوە ئازاری مەمم بە هیچێ داوە بەخواری بزووتمەوە لەگەڵتان بمبوورن و مەیگرن لە دڵتان ئەم کارە کە کاری سەربەخۆ بوو تۆزێکی گوناهی چاوی تۆ بوو بێچارە ئەوەندە چاوی لێت بوو هۆش و دڵی لا نەمابوو، شێت بوو بیستم لە بژیشکی ژیر و پڕبیر شێت چار دەکرێن بە کۆت و زنجیر ئەو میوەیی کاڵ بوو خستمە چاڵێ ماوەی گەیینم گەیاندە ساڵێ خۆشتر بووە ئێستە تێکگەیشتن جوێ نابنەوە کاتی پێکگەیشتن وا ئێستە کە بوونە یەکدڵ و گیان بۆ یەکتری هەر دوو بوونە بریان نرخی دڵ و دڵتەڕی دەزانن دڵچەسپی یەکن، لەبەر دڵانن ڕێتان دەکەوێ ببن بە ئاواڵ یەکتر بمژن لەجێی دەمی تاڵ دڵداری لەسەر وە پاتشاهە مەم سووچی نەکرد و بێ گوناهە سەرکۆنەیی مەم ئەگەر بکەم من پێم وایە خودام دەبێتە دوژمن مەم بوو بە ئەوینی تۆ گرفتار جەرگی بە بژانگی تۆ بریندار تیری دەسی تۆی لە دڵ چەقیوە کوڵمت دڵ و هۆشی لێ دزیوە تا تۆی نەبوو چی نەبوو لە پێشا ئەم سورمەیە کێ لەچاوی کێشا؟ بسکت وەکوو ماری ڕەش مەمی گەست پرچت دەس و پێ و دڵی ئەمی بەست زنجیری کەزێت لە گەردنی خست گیان و دڵی بۆ تە بۆتە پێخوست تۆ کرتە نەچێری بازی چاوت خاوپێچە بە تاڵی بسکی خاوت هەر خۆت بچۆ لای و بیدوێنە زنجیری لە دەست و پێ دەرێنە ئەی خونچەیی سوورگوڵی نەپشکووت ڕزگار بکە بولبولت، ببن جووت ئەو تینوەچاوەکەی فوراتێ تۆی وا بکە ئاوی تۆی بگاتێ ئەی ئاوی ژیان بچۆرە کن مەم هەر نامرێ کە پێتی تەڕ بکا دەم زینێکی دووسەت برین لە جەرگی بەم واتەیە کەوتە گێژی مەرگی ئەو ئابڕومەند و خێوی شەرمە ئەو دڵ بە ئەوین کوڵاو و گەرمە لەم گفتە کولایەوە برینی یەکجارەکی هاتەجۆش ئەوینی خوێناوی دڵی لە چاو سەری کرد زووخاوی هەچی هەبوو دەری کرد دڵداری بەپێلی چەشنی دەریا شەرمێونی پەردە بوو لەبەریا لەمپەر کە وەلابرا لەنێوان سەرڕێژ بوو زوخاوی دڵ لە لێوان دەریای کەسەری کە هاتە سەر جۆش بەکوڵێکی بەگوڕ پەڕاندی سەرپۆش وای زۆربە ستاند شەپۆلی خوێنێ کەم مابوو کە خۆشی ڕاڕفێنێ ئاوماڵکی ڕقی دڵی ڕەقی میر پا بۆوە چڵک، چڵێ نەبوو گیر دووی ئاگری جەرگی زینی برژاو باراندی لە چاوی میر تکەی ئاو پێت وابوو هەژا هەزار پیشە مەی سوورە ڕژا لە زارەشیشە پا بۆوە دڵی لە کێمی کینێ گرتی بەزەیی بە دەردی زینێ زین بێ دڵ و دەم شەڵاڵی خوێنێ بێهوودە بوو ویستی بیدوێنێ گریا لەسەری درێژی شەوگار کۆبوونەوە لێی بەرەی کەس و کار وتیان ئەمە چی بوو، بۆچی کوشتت؟ ئەم خوێنە بەجێ نەبوو کە ڕشتت زین گوڵبنی باخی شەرم و پاکی زینێ لە جیهان کە نەبوە تاکی بێ سووچ و گوناه پاک و خاوێن هەرگیز نەکەوت پەڵەی لە داوێن ئەو گەوهەری شەوچرای جیهانە چۆن وردی دەکەی بەبێ بەهانە؟ کەی وا بووە مەزن و پاتشاهێ هەڵکاتە هەژار و بێ گوناهێ بەمجۆرە دە خاک و خوێنی ڕاکا بەم زۆرە گیان لە لەش جیا کا چی ئێوە دەڵێن؟ ! وتە: نەوایە کەی کوشتنی زین بە من ڕەوایە کوشتەی مەمی بێکەس و هەژارە بۆ یارە نەخۆش و گەشکەدارە زین تاقەگوڵێکی باغی شاهی من چۆن لە دەسی دەدەم هەوایی دەستەی کەس و کار بەجارێ شێوان ئەسرین لە دوو چاو و بار لە لێوان بوە شین و شەپۆڕ لەناو جەوانان هاوار دەگەییشتە عاسمانان لەپڕێ وتی: یەک، دەهات لەڕێوە مەم مرد و ژیانی دا بە ئێوە زین پێشێ کە مردبوو ژیاوە هەستا و لە سەرینێ پاڵی داوە دەیڕوانی لە هاودەم و لە یاران دی میر دەگری بەتاوی باران هەرچی کەس و کارە دەردەدارە خەمبارە، هەژارە لێوبەبارە ڕووی کردە برای، وتی سەری من: گۆڕی تە، کە بوویتە ڕێبەری من گیرا بوو گیانی من لە لەشدا مابوو وەکوو مەم لە چاڵی ڕەشدا هەر چاوی لە لێوی تۆ بەجارێ چارێکی بکەی کە پێی بچارێ بۆ هێشتنی ئابڕوو، دڵی تۆ دەرچوونی نەدی هەتاکوو ئەمڕۆ وا ئێستە کە خۆت ڕچەت نیشان دا گیانم دەفڕێ بەدووی گیاندا ڕۆژی ڕەش و لەش لە ئاو، خاکی ڕابرد و گیان گەییشتە پاکی چەندەی لەشەکەم لە خۆی وەڕەز بوو گیانم دە ئەوەند زەبوون و کز بوو ڕێی دەر نەدەکرد لە دەرد و ئێشی گیانی مەمی گەییە کەوتە پێشی دەرچوون لە جیهانی پووچ و بەرباد وا گەینە ژیانی خۆش و ئازاد بەربوون لە کەمەندی دووزمانان دەستەملی یەکن لە عاسمانان گیانێکی کە پاک فڕی لەسەر جێ بێ جێ نییە، جێی هەیە لەهەر جێ هاوجووتی یەکین مەڵێن جودا بوون بووکنی مە فریشتەیی خودا بوون گیانی مە کە پاک و پاکڕەوشتن ئەمڕۆ لە بەهەشتێ پێک گەیشتن وا ئێستە بەجارێ دڵنیا بوون مانیان نەمرە و نەما جیا بوون تینوو لە زەوی کە ماوە لەشمان دەریای بەزەیی خودایە بەشمان قاپێلکی گڵین کە خاکە سەرمان گیانمان گەیینە هەواری هەرمان ئیتر نییە ترس و خۆوەشاردن نەژیانی خوشک بە کاک سپاردن نەتوانەوەیە لەوێ و نە گۆڕان مایەی ئەوێ بێبەشە لە دۆڕان تۆزی مە گەییشتە ڕۆژی ڕۆشن ئەم خۆشن و ئێوە بۆ پەرۆشن؟ مەیکەن بە کر و هونەروەریی من مەم پێشڕەوە بۆتە ڕێبەری من ئەو پیرێ کە من دەسم بە ویدا چیم دیتووە؟ ئەو نیشان منی دا گەرچی لەڕواڵەتا گەدا بوو زۆر پایەبڵندتریش لە شا بوو جێ بەرزە لە بارەگای خودایی پێخوستیە تانجی پاتشاهی گیان و دڵی بۆتە شیوی پیرۆز بێترسە لە گێژ و تۆز و باهۆز کێشای دەسی من بەڕێی ئەوینا دوای کەوتم و گەیمە کێوی سینا مەم بوو لە بەزەی خودای گەیاندم ئەم بوو کە لە گێژی ڕایپەڕاندم هێنامیە دەرێ لە پەردەکەی خاک پاکانەمی کرد لەکن خودای تاک پێو وا نەبێ من ئەوێستە زیندووم لەو کاتەوە مەم نەماوە مردووم خوازرایەوە ئەو گیانی ئێستە مەم پێم دەڵێ تۆزێ تر بوێستە ماڵاوا بکەم لە ئێوە گشتوو پێی خۆشە خەموو نەبێ کە کوشتوو تەنیا هەر ئەوەندە ڕاسپێرن تەرمی مە بە ناو و داو وەشێرن دیسان دەگەڕێمەوە بەهەشتێ هەمدەم بە مەمم لە بەزم و گەشتێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوا ڕاسپێری زین بۆ کاکی ڕاسپێریی زینێ وا بوو بۆ میر ئەی مەزنی بڵیندپایە و ژیر گۆڕیت بێ گیان و دڵ سەر و ژین هەردەم دەبەرت مرن دوو سەت زین ئەو یەک دوو هەناسە دواپشووی من هیوام هەیە خەم نەخۆی لەدووی من هەر ڕۆژی بەرێ کە من مەمم گرت شەشدانگی کەساسیی و خەمم گرت لەو ناوچەیە خێوی دەستەڵاتم پەیدا بووە بۆم لەڕێی خەباتم مەم بۆ من و کامڕەوایی بۆ تۆ خەم بۆ من و پاتشایی بۆ تۆ چاوت لە بەشم نەبێ کەسی من بۆ تۆ هەموو شت، کزی بەشی من دانیشە لە تەختی سەروەری خۆت لار دابنێ تانج لەسەر سەری خۆت سازی بدە بەزمی کۆڕ و ئاهەنگ گۆوەند بگەڕێت و چەنگ بدا دەنگ سەرخۆش بکە سادە و ڕواڵان دڵخۆش بکە پیر و کەونەساڵان گش مایەیی بەزم و شادومانی چی خۆشیدەرن بە زیندەگانی لە خواردن و خواردنەوە ببن ساز دەنگ داتەوە دەنگی ساز و ئاواز ئازاد بکرێن کەنیز و بەندان ڕزگاری درێ بە دیل و بەندان پەخشان بکە زێڕ و پووڵ و پاران کۆیان بکەوە گەلی هەژاران لێم خڕکەوە پۆلی نازەنینان خوێنشیرن و دەم بە پێکەنینان جوان بێن و بچن لە دەور و بەرمان با بێنە سەما لەدەوری تەرمان با گەورە و کەیخودا لەناوا پیرۆزی بکەن لە بووک و زاوا بۆنخۆش و گوڵاو بڵا گەلێک بن پێویستە پتر لە هەر شتێک بن بۆ ئێمە نە باوی ئاو و خاکە پێکگەشتنی دوو گیانی پاکە لەشمان کە دەچێتە گۆڕ و چاڵێ گیانمان لە بەهەشتێ لێک دەهاڵێ لەو بەزمە فریشتە تێدەکۆشن داخوازی بەرام و بۆنی خۆشن ڕۆژێ کە ستیت دەدا بە تاژدین ئاواش بکە ئێستە بۆ مەم و زین بازاڕ و شەقامی شار و دەم چەم با جوان بکرێن بەچەشنی ئەودەم با دەرچنە دەشتێ شۆڕەسواران ڕمبازی بکەن بە یادی جاران بۆتانی لێیان ببێتە جێژن دڵخۆش بن و لاوکان ببێژن وەک ئەودەمە خۆت ستێت بەڕێ کرد چۆنت بەدڵی مە جێبەجێ کرد هیوامە لەگەڵ منیش وەهابی بۆ میش وەکوو ئەو، چرا و برا بی بۆ تەرمی منیش دوسەد ئەوەندە دڵخۆش بیی و شاد و دەمبەخەندە پێشمان خە گۆرانیبێژی خۆشدەنگ ڕێکیان خە بە چەپک و بەزم و ئاهەنگ دەربەستێ وەکوو کەژاوەیەک بێ جێی دوو کەس و تاقە چاوەیەک بێ زێڕکفتی بکەن هەمووی دەر و ناو بترووسکێ لە دوورەوە لەبەر تاو پەلکی گوڵی ڕابخەن لەناوا دڵیان لە گوڵانە بووک و زاوا بمگوێزنەوە چەشنی بووکی شایان کارێ مەکە سووک ببم لەلایان کیژۆڵە بە دڵپڕی نەبێژن زینێ نە بە ناو و دڵ دەنێژن بەزمی ستێ خۆش و ڕۆژی گەش بوو زین مردن و ژینی چارەڕەش بوو با ئەستێ جل و خشڵ دەبەر کا خۆی بێت لەگەڵم، گڵم وەسەر کا تاژدین دەری خا ئەسپ لە خاوا سوار بێ و بچێ شان بەشانی زاوا مەم چۆن بوو کە ئەو ستێی درایە مەم بێکەسە هەر ئەوی برایە لەمڕۆوە ئەتۆش هەیا بە ساڵێ هەر ماڵێ کە دەردەخەی لە ماڵێ هەر خواردنێ دەیدەیە هەژاران هەرچێکی بەخت دەکەی لە یاران چەند داڵدە دەدەی بە بێپەنایان دەس پڕ کە بەڕێ دەکەی گەدایان هەر بەرگێ دەکەیتە بەر شڕۆڵان پێت دێنە گەشە و بزە کڵۆڵان هەر چەندە دەبی بە کەس لە بێکەس هەر ڕۆژێ کە دەگری دەستی بێدەس هەرچەندی دەگەی بە دادی داماو ئەسرین دەسڕی لە چاوی گریاو هەتوان کە دەخەیتە سەر برینێک شادی کە دەدەی بە دڵخەمینێک دیلان کە وەدەردەخەی لە زیندان دڵخۆشی دەدەی بەوەی لە شین دان تا پێت هەیە پیتی کوردەواری چەند هەڵدەکەنی ڕەگی هەژاری دەرمانگە و فێرگە، ڕێگە و پرد مزگەوت و میوانگە چیت دروست کرد چەند ڕێز دەنرێ لە تەخت و تاجت چەند کۆوەدەبێ پیتاک و باجت مانگانەیی کاربەدەست و نووسەر پێشمەرگە و ئەفسەران و نۆکەر چەند خوێنێ لە دوژمنان دەڕێژی هەرچەندی کە خوێنمژان دەنێژی تاڵان و بڕۆ لە دوژمنی کورد چی دێتە دەست هەمووی گڕ و ورد با گشتی لەسەر نیازی من بێ وای دانێ بەناو جیازی من بێ پێم ناکرێ هیچ بەرم لەگەڵ خۆم پاشبارێ بەڵان بەڕێکرێ بۆم شانازی بکەم لەکن ئەو و ئەم کەس نەیژێ شتی کەمە ژنی مەم پەردووی مە ئەگەرچی گۆڕی تەنگە بۆ بووکێ کە بابەچەنگە نەنگە ئەو جێگەیە دوور لە بەژن و باڵات بۆ ئێمەیە جێی نیاز و ئاوات ڕاسپێری کە زۆرە لێم ببوورە یەکجارییە کۆچ و ڕێگە دوورە چەندی لە دەست دێ زۆر ئەگەر کەم دەرماوێ لە بیری خۆت من و مەم خزمایەتی مەم بە کەم مەزانە مەم تاج بەسەرێکە لەم جیهانە تەرمێ کە دەچێتە گۆڕەخانان هەڵدەگرێ هەڵیگرن بەشانان هەرچەندە منیش لەلای ئەوە جێم بۆ گۆڕ و بەرەو مەرگ بە پێ دێم خوا کەی نەچی چیدی بێبەشم کەی لەم مردنەشا بەختڕەشم کەی بمنێژە لەژێر گڵا دەگەڵ مەم ڕوومان لەیەک و دەسی لە مل کەم میوانی مەمم چ خۆشە مردن بۆ ئێمە نەجێی پەرۆشە مردن میر کەوتە گرین و داد و ڕۆڕۆ فەرمووی دڵەکەم سووتاوە بۆ تۆ سوێندم بە خودای خۆیا و نەدیوان بۆ ئێوە لەدڵمەوەم پەژیوان خۆت هەستە سەرێ دە بیدوێنە بیهێنە لە مردنێی بسێنە زیندوو بن و بچنە ناخی خاکا کەس نابێ لە یەکتروو جیا کا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زین سەری کوشتەی خۆی دەدا زین ئەو بەزەیی لەڕووی برا دی سەردانی مەمی گەلێ ڕەوا دی ڕازایەوە هەر لە پێ هەتا سەر دەریای لە جوانی کەوتە گەوهەر ئەستێ و بە سەدان لە دیدەکاڵان ئەستێرە لە دەوری ڕۆژێ هاڵان چاومەست و بەلەکخڕ و کەزێشۆڕ دەرچوون وەکوو دوڕ دەرێن لە قاپۆڕ دەروێشە دەچێتە دیدەنی پیر کوا ماوە کوڕی گەدا و کچی میر هیوا نە لە کۆشکە وا لە بەندە دڵبەستەیە زین و مەم کەمەندە دەرگا کە کرایەوە لە یاران زیندان بووە باخی نازداران چوە سەر مەمێ بەر لە زینێ ئەستێ دی مردووە نایە دەنگ و خوستێ گیان چۆتە دەرێ لە بەژن و باڵا ماڵ بێکەسە، کەس نییە لە ماڵا واڵایە قوتووی دوڕی گییانی کوژاوەتەوە گڕی ژیانی گوڵزاری وشک بووە بەبێ ئاو بێ ڕۆنە چرا و پڵیتەسووتاو پرسی لە کەسانی هاودەمی بوون هاوبەندی گران و هاوخەمی بوون وتیان لەدەرێوە هات ترووسکێ دەرچوو لەسەری مەمیش برووسکێ یەک وێنەیی مانگ و ڕۆژ، ئەوی تر هاڵا ئەوی ژوور لەوی نەوی تر یەک بۆ یەکێ کەوتە تیشکەڕشتن تا بوونە یەکێک و پێک گەیشتن بەم جۆرە درەوشی سەردەمێ چاک شەوڕەش لە مە بوو بە ڕۆژی ڕوناک لەو کاتەوە مەم نەما لەسەر هۆش پێی خۆش نییە ڕابێ لەو خەوی خۆش تا چاوی دڵت لەسەریە تانە پێت وایە کە نەبووە ئەو شتانە گیان تیشکی خودایە سەربەخۆیە ڕاگوازتن و توانەوەی درۆیە خوێن لانەیە بۆی، نە خۆی گییانە چیدی لە گییان بڵێی زیانە هاوڕێ کە لەگەڵ مەما گرا بوون لەم ڕازە گرنگە شارەزا بوون ڕێشاندەری باش بوو بۆ هەواڵان بردینە دەرێ لەناو خەیاڵان ئەستێ چووە بن سەری مەمی ژار تا کەنگێ دەنووی لە خەو بەبێدار هەڵبێنە سەرت ببینە زین ت هاتۆتە بەرت گیان و ژینت تینووی؟ چووە لەمپەر و لەنێوان وا ئاوی ژیان و تەڕ کە لێوان لەم مردووە بەو وتار و باسە هەڵچوو تەپ و دووکەڵی هەناسە زین دەستی گەیاندە دەستی یاری فرمێسکی لە چاوی مەستی باری ئەسرینی ڕفاندی پووشی شەرمی سەرپۆشی دڕاند لە سنگی نەرمی گریەی بە کوڵ و کزەی هەناوان جەرگی کەڤری ڕەقی دەتاوان بای گەرمی هەناسە و و هەنسکی ڕایماڵی لە دەوری کوڵمی، بسکی ڕووپۆش کە وەلادرا لەڕووی زین ڕۆژ تیشکی گەیاندە مانگی بێ تین تاریکی مەرگ هەڵات لەجێدا پێت وابوو کە ڕۆژهەڵات لەوێدا ئەی مەم وتی: بۆت گەلێ بەتاسەم گیان بێنەوەبەر بەبای هەناسەم بۆی ژیاوە مەمۆ بە گفتی زینێ بووژایەوە بەشبڕاو لە ژینێ دای تیشکی ئەوین لەناو دەروونی هێز کەوتەوە گوڕ، ڕەوی زەبوونی هەر چاوی کەوت بە مەستی چاوی تین هاتەوە بەر دڵ و هەناوی فرمێسکی کە هات بە چاوی ڕەشدا لەو مردووە بوونە خوێن لە ڕەگدا ئەی مەم وەرە ڕابە لاوی چابە خاڵی ڕەشە بۆ تە بۆتە کابە ڕووم تێ بکە! ڕووگە خۆشە من بم لێو بمژە لەباتی ئاوی زمزم لەم بەژنە کە نەخشی دەستی خوایە هەر سووڕێ بدەی حەجت ڕەوایە باوەش وەکریم و چاوەڕێی تۆم مەم چەشنی پەپوولە چوو بەرەو مۆم هێشتا نەببوو نزیکی زینێ سووتاندی پەڕی گڕی ئەوینێ سەرخۆشی یەکن بە ڕەنگ و بۆیە جێی ڕاز و نیاز و گفتوگۆیە زین ئێژێ پەپوولە ڕێنومامی پەروانە وتی تە شەوچرامی مەم خۆشی و فێنکی دڵمە ناوت زین گیانی مەمی بە گۆڕی چاوت مەم داومە بە تۆ دڵم بە شەشدانگ زین دڵبڕی تۆ، بە تیری برژانگ مەم داوی خەمی مە گشتە بێ تۆ زین جەرگ و دڵم بڕشتە بێ تۆ مەم سینەیی من بەهەشتی تۆیە زین بێ تۆ هەموو شتێک درۆیە مەم ئەو مەمە سێوی دەستی بۆ تۆ زین گەردەنی دڵ لەڕەستە بۆ تۆ مەم بۆ مە ئەوێستە ڕووگەیە ڕووت زین بەسییە گیان لەتاوی تۆ سووت ئەستی و کەس و کار کە بوون لەگۆڕا خوێنیان لە هەناو و چاو دەچۆڕا وتیان بدە موژدە بەختە یارت پێکهاتووە ڕێکە کار و بارت بۆ زین کە زەبوون ببوو گیانت گەر میر دەگەڕا لە دووی نەمانت وا میر بەزەیی دەکاتە پیشە زین بۆت بووە هاوسەری هەمیشە وا ئاوی ژیان ئەگەر دەنۆشیت لوقمان ئەوەتا ئەگەر نەخۆشیت مەجروون ئەوە لەیلە سەرتی داوە بۆ دەستەملان فرەی نەماوە بولبول ئەوەتا ئەوی گوڵت بوو لولوپەڕی ڕۆژهەڵات بپشکوو دێوانەیی دەردە، ڕابە چابە بێگانەیی بەردە، ئاشنا بە ئەو پەریە کە تۆی بە ئارەزوو بووی ئەو شۆخی هەمیشە چاولەدوو بووی هەرچۆنێ دەهاتە بەر خەیاڵت دەرچوو لە خەیاڵ و بۆتە ماڵت دەستت مەخە بەر بەشی خودادا بێهوودە مەدە ژیان بەبادا دەمنێ دەمی زین و دەس لە گەردن ڕابوێرە پەلەت چییە لە مردن؟ خۆ ژیر کە ڕەها کە کۆت و زنجیر وا باشە لەگەڵ مە بێیە کن میر پیرۆزەیە سێبەری لەسەر مە بۆتان دڵی ئێستە گەرم و نەرمە ئازایە گەلێ لە چاکەکردن بەخشندەیە مەردە خێوی بوردن هەرچی کەس و دۆستە بانگ کراوە چی مایەی بەزمە ساز دراوە خۆشبەختیی و خۆشی ڕووی لە تۆیە میر دوورەدرۆیە، ڕاستگۆیە هەر بیگەیە هیچ دڵێ نەمێنێ ئاواتی دڵت بەجێ دەهێنێ زینت دەوێ چی تریش دەخوازی دەتداتێ هەمووی بەسەرفرازی مەم بیستی ئەمانە تۆزێ ڕاما درکاندی دەمی لەجێی وەراما لاتان ئەوی مەزن و پاتشایە لام بێکەس و دیل و بێ پەنایە تەختی وی بنی لەسەر خەیاڵە خانووچکەیە جێ گەمەی مناڵە دەزگایەکی دوور لە مان و پووچە زیانبارییە جێی گوناه و سووچە خونکارێ بە مردنێ نەوێرێ پیاو چۆن دەبێ خۆی بەوی سپێرێ خۆم داوەتە دەستی پادشاهێک بەخشندیە بۆ هەموو گوناهێک خونکار و هەژار لەلای یەکێکن ئاکاری بەجێن و ڕێکوپێکن ئاوێنەیی ڕووی زینی چێ کرد نەخش و کری خاڵ و بسکی لێ کرد لەو ئاوێنەدا ئەوم دی جارێک ئیتر بە کەسم نەماوە کارێک وەستای من و زینێ دڵمی ئەستاند گیانمی لە خەوی نەزانی هەستاند ئەو خێوی شکۆیە، پاکە، تاکە بێ مردن و چوون و ترس و باکە هەر لەو دەکرێ سوپاسگوزاری خستینێ بەهەشتی نازداری دەستی بەزەیی درێژە بۆ مە خۆشیی و گەشیی گشتە بۆ مە زۆر باش بوو نەگەینە یەک لەڕووی خاک مۆرین و دەچین دڵ و دەروون پاک دوو نۆبەری باخی ناز و خۆشین مەی پێکگەیینێ لەوێ دەنۆشین دڵدار کە لەسەر زەوی دەمێنن زۆریان هەیە تۆوی پیس دەچێنن داوێنتەڕ و شەرمەزار و سەرشۆڕ بێ ئابڕوو پەل دەبن بەرەو گۆڕ گۆوەندی مە خۆشە لەو بەهەشتە ڕازاوەتەوە پەری و فریشتە مزگێنی دەدەن لە چوونی ئێمە شانازی دەکەن بە بوونی ئێمە کوا ئێمە دەچینە کن فریشتان جێی ئێمە بڵندترە لە گشتیان جێی دڵبەر و دڵتەڕان جودایە بۆ ئێمە ژوانگە لای خودایە هیوان هەر ئەوەند هەیە لەلای ئەو هەرچی زووە بچمە بارەگای ئەو کاتێ کە نزای لە دەم بڕاوە دەرگای بەزەیی خودا کراوە هەروا نەژییا لە ژینی تاڵا باڵداری گییانی فڕیە باڵا گیان دەستی لە ئاو و گڵ کە بەر بوو بە نیازی گەیشت و بەختەوەر بوو پەروانە لە ڕۆشنایی هاڵا جێ ما لە زەوی لەشێکی واڵا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شین بۆ مەمی هەژار و کوژرانی بەکری بەدکار دەیگوت ئەوی شینی بۆ مەمێ کرد ئەوڕۆژە کە ئەو هەژارە پێ مرد بوو شین و شەپۆڕ لەناو جزیرێ گش پیاو و ژنێک و لاو و پیرێ بۆتانی لە گەورە تا بچووکان زاوا و خەسوو، خەزوور و بووکان دارا و نەدار، بڵند و نزمان زانا و نەزان، نەناس و خزمان دەروێش و بەڕیش و مەستی بادە پاک و بەچڵک، بەکوڵک و سادە کوێخا، بەڕەڵا، هەڵە، شەل و گێڕ گشتی وەکوو یەک ببوونە شینگێڕ چاویان تەڕ و قوڕبەشان و ڕەشپۆش پەیدا نەدەبوو یەکێکی دڵخۆش بێگانە و دوورەدەست و خۆیی هەرکەس بەرە تەرمی مەم دەڕۆیی بۆ شوێنێ دەڕۆیی بەکری پڕکین تا گوم ببێ، کەوتە داوی تاژدین بۆ کوێ؟ وتی: سیسەماری بەدفەڕ! ئەی ماکی هەموو بەڵا و گزی و گەڕ ئەی لەمپەری بەر دڵ و نیازان پیستر لە هەموو سەگ و بەرازان ئابڕووبەری دڵتەڕانی دڵدار خوێپێوەکەری دڵی بریندار کۆستت کەوێ وەک مەمت لە من کرد چیدیت دەوێ کەتنی خۆت بە من کرد ئەو دەردە کە دات بەمەم لەسەر چی؟ هێشتا دەتەوێ لەدەست مە دەرچی؟ ! بگرە لە دەسم دەبانی دوودەم بتکەم بە یەکەم لە تۆڵەیی مەم یەکبڕ سەری بەکری پێ نەوی بوو لاشەی سەگی چەسپی سەر زەوی بوو کاتێکی کە هات بەلای برادا ڕووناکی نەدی لەناو چرادا دایگرت لەسەری کڵاو و تۆمار هاویشتییە سەر لەشی مەمی ژار دێوانە و هار لەتاو برایێ شاڵاوی دەبرد وەکوو زەهایێ نیازی هەبوو هەرچی بێتە پێشێ بۆ تۆڵە گیانی وی بکێشێ کێ لەو دەمەدا ببا تخوونی پاپای بوو لە مردن و نەبوونی هاوار لە دەسی برایە کن میر زوو پێ و دەسی خستە بەند و زنجیر تەرمی مەمی کەوتە ڕێ بەرەو گۆڕ کۆمەڵ لەدواوە مات و سەرشۆڕ کۆتەڵ کە لە پشتی ئەسپی مەم بوو بۆ هەرکەسێ ماکی دەرد و خەم بوو تاژدینی لەپشت شەتەک درابوو ئاگای کە لە بردنی برا بوو زنجیری لە دەست و پێ چڕاندن دەروازە و بەندی تێک شکاندن ئەنگوچکی سپی نیایە نێو هەش تەرمی مەمی گرتە مێز و باوەش خزم و کەس و کار و دۆست و یاران گریان لەگەڵی بەتاوی باران شڵپەی دەس و سینەیی جوانان دەنگی دەگەییشتە عەسمانان هەرچی ژن و کیژە پۆڕ کراوە ڕوویان دەڕنی بەدەم سەماوە گشتی لەپ و پەنجەسوور و ئاڵ بوون بێ ڕەنگ و خەنە، لە خوێن شەڵاڵ بوون ڕیزێک لە کچان یەکێک لە لاوان پێیان هەڵدەگوت بە بەند و باوان پۆلێک لەدوایەوە لەخۆدەر هێندێکی لە پێش تەرم سەماکەر پیر کەوتنە ناو، بەتاو دەکەن شین میر دەسرەبەچاو دەبارێ ئەسرین زین هاتەسەما، لەپێشی تەرما چنگی دەکوتا بە سینگی نەرما پەخشان ببوو مووی بەسەر لەشیدا وەک ئاوی ژیان لەناو ڕەشیدا ئەو کاتێ سەمای دەکرد لەتاو مەم زوهرە بە سەماوە کەوتە ناو تەم ڕۆڕۆی کە دەهاتەدەر لە لێوان لەسوێیی دەتواوە جەرگی کێوان دار و دەوەنی دەگەڵ دەناڵی گریانی ژیانی کردە تاڵی لەو شینە مرۆ ئەوەند وەکۆ بوو جەرگ و دڵی ڕێ بە کەندوکۆ بوو ڕەوتیان دڵی عەرزی پێ دەلەرزی بوولەرزە دەکەوتە نزم و بەرزی هێند دادەوەرینە ڕووی وەکوو گوڵ فرمێسکی کچان بەهۆی کوڵی دڵ پێت وا بوو لە هەورەکەی بەهارێ بارانە لەسەر گوڵان دەبارێ چارشێوی ڕەشی ژنان ئەوێ دەم پەیدا بوو، نیشانی شینە بۆ مەم ڕووپۆش لەڕووان کرایە پەرژین ڕەشییان لەبەرایە بۆ مەم و زین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زین دڵی بە بەکر دەسووتێ و بۆی دەپاڕێتەوە دییان کاتێ کە گەینە قسنی بەر شار لاشێکی تخێڵ لە بەینی دوو دار زانیان ئەوە بەکری مەرگەوەڕ بوو ئاو لاکە کەلاکی ماکی گەڕ بوو تاژدینە سەری لە لەش جیا کرد کێشەی لە زەوی تەرەوتونا کرد چیرۆکی بەکر کە گەییە کن زین پاڕایەوە بۆی لە میر و تاژدین پیاوچاک لە ڕق و لە کینە دوورن هەرچەندە بەسووچە لێی ببوورن بێفەڕ کە بە چاکە نەدرێ پاداش جیاوازی بە چی بێ باش و ناباش؟ خوای سازدەری عەرز و عاسمانان داینا لە بەرێوە بۆ مەمانان ڕۆژێ کە ئەوینی دا بە دڵدار ئەو ڕۆژە بەدیشی دا بە بەدکار چۆن دەکرێ کە پاک لە پیس وەشێرن زۆر حەستەمە لێکی هەڵوەژێرن لای سوورەگولان دڕوو ڕواوە گەنجێ هەبێ ماری وا بەلاوە گوڵ سیسە بەدوور لە دڕک و داڵان مار هۆیە کە گەنج نەچێ بەتاڵان گەر پیسی وەکوو بەکر نەبووبا هیچ دوور نەبوو ئابڕووی مە چووبا هەرچەند بەڕواڵە ناتەبا بوو ڕاستوو دەوێ بۆ مە دۆستی چا بوو گەر ئەو نەدەبوو بە لەمپەری مە گومڕایی دەبوو بە ڕێبەری مە وا دەر نەدەچووین لە شەرمەزاری پیرۆز نەدەبووین لە کوردەواری ئەو ڕێگەیی پاکی خستە بەرمان زۆر زۆر ئەمەگی هەیە لە سەرمان هەرچەندە بەخۆی گەیشت زیانی دۆڕاندی لەڕێی مەدا ژییانی پێم خۆش نییە هیچ گرێی وەبەر بێ هیوان هەیە شاد و بەختەوەر بێ ئیدی بەسە ئابڕووی مەڕێژن لەو جێی کە من و مەمی دەنێژن ئەو ببوە سەگێکی پاسدەری مە با هەر بکەوێ لەبەر دەری مە لای ئێمە بنێژرێ با گییانی پاسی مە بدێرێ لەو جیهانی بڕوانە بەزەی دڵ و دەروونی! ئاوێنەبەزێنە ئەو بە ڕوونی ئاوێنە و ئاو گەمارێ دەگرێ کێ بەخشی کەسێ لە دەستی بمرێ؟ هەرکەس کە بەزەی خودا نەبینێ نەپڕووکێ بە ئاگری ئەوینێ نەکوڵابێ لەناو ئەوینی پاکا پێی وایە کەس ئەو شتانە ناکا پاکان کە بەزەی خودا دەبینن وەک هۆزی فریشتە دوورەکینن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زینیش لەسوێی مەم دڵی دەتۆقێ دڵگەستەیی ئەژدەهای ئەوینێ کوژراوی دوو چاوی مەستی زینێ گیراوی گوناهی بێگوناهی سووتاوی گڕ و دوومانی ئاهی ئەو تازەنەمامی وا لەبەر دڵ بەژنی بە نەکامی کەوتە بن گڵ وەک گەوهەری گەنج بە خاک سپێرا ماریشی لە پێینیی وەشێرا ئەو کێلی چەقا لەبن سەری مەم دەیگوت کە سەرم بڵندە، گەورەم کوا کێلێ کە شان لە شانی من دا کێ نووستووە وەک مەمی لەبندا؟ شای کۆمەڵ و هۆزی سەرفەرازان میوانمە، دەبمە جێی نیازان زین هات و لەدەوری کێلی هاڵا لێی کردە نسێ بە بەژن و باڵا خوێن هەڵدەوەری لە چاوی ئاڵی دەتوایەوە دڵ لە ناڵەناڵی چاوی وەکوو هەوری خاکەلێوە ڕێژنەی بەگوڕی دەڕشت لەجێوە فرمێسکی لە گۆڕی مەم کە باری ڕەنگا بە مراری گۆڕی یاری چەندەی دەکشاند لە دڵ هەناسە تێکڕا ئەوی خزمە یان نەناسە فریادی بڵند دەبوو بە گریان کێ بوو دڵی بۆی نەبێ بە بریان؟ پێشمەرگە و ئەفسەر و وەزیران دەروێش و لەپێش و لاو و پیران دڵدار و جوان و نازەنینان دارا و هەژار و دڵبرینان وێکڕا وەکوو زینێ دڵبەخەم بوون ڕۆڕۆ دەگەییشتە چەرخی گەردوون هاوار و گرین و داد و شینی بردی گوڕ و هێز و تاو و تینی ڕۆنیشت لە پەنای سەری مەمی ژار دەیگوت بە سەد ئاخ و زاری، ئەی یار ئەی خێوی دڵ و لەش و گیانم باخ بووم و ببوویە باخەوانم لەو ڕۆژەوە باخی خۆت نەدیوە وشکە، کزە، زەردە، پەلوەریوە شللێرەیی لێو و پستەیی دەم بادامی دوو چاو و سێوی کوڵمەم دوو مەمکی بڕەوشکێنی لیمۆ بێناز و لە هەڵوەرینە بێ تۆ لێت ڕوون بێ کە نادرێتە دەس کەس تۆی خاون و تۆ دەناسن و بەس ئەم بەژنە لەسەر تۆ ڕاوەشێنم میوە و گوڵ و پەلکی داوەشێنم شەوبۆن و وەنەوشە و هەڵاڵان بسک و خەت و خاڵ بدەم بەتاڵان وەک گوڵ شمەکی دڕوو دەبەر کەم بۆ تۆ قوڕ وخۆڵ و گڵ وەسەر کەم بسکان هەموو تابەتا بکێشم وەک گیانی پەژار و پڕ لە ئێشم ئەم باخی گوڵەم بەڕێکوپێکی هەر پەلک و شکۆفە و چڵێکی بۆ تۆ بوو کە بێی و لێی بنۆڕی تۆش جێگە دەگۆڕی، جێ لە گۆڕی من جوانی چ لێدەکەم بەبێ تۆ؟ بۆ تۆ نەبێ با بچێ بەفیڕۆ ترسم کە نەبا دڵت دەمێنێ هەر پارچەیەکم دەخستە شوێنێ جوانیم و منیش کە بووینە ماڵت کاتێ کە دەمرم و دێمە پاڵت لێمت دەوێ ڕەنگ و بۆنی جوانیم چاوی بەڵەک و برۆی کەوانیم سەر کوڵمە بە سووری، لێو بە ئاڵی سەرسینە بە نەرمی، مەم بەکاڵی بسکی ڕەش و بەژنی نەونەمامم نەممابێ دەبێ چ بێ وەرامم؟ چی لامە دەبێ بگا بە خێوی نەیگاتێ کەمایەسی و پەشێوی بۆ وەی کە لە دیدەتا نەبم سووک ڕازاومەوە بۆت لە چەشنی نۆبووک وەک پێشووە بەژنی شۆخ و شەنگم سەرخۆشت ئەکەم بە بۆن و ڕەنگم ئامادەیی ماچی تۆن دوو لێوم تورت و شەقەمەمکی شەکرەسێوم هەر چۆنی منت دەوێ تەیارم بمگوێزەوە سازە کاروبارم گۆڕیچەیی تۆ دەکەینە پەردوو ترسی نەگەیین بەیەک، بەسەرچوو هامێزی لە کێلی مەم وەرێنا ئاخێکی دوای بە ژینی هێنا گیان هەڵفڕی چوو بەلای خوداوە لەش کەوتە زەوی و چرای کوژاوە لەو کۆمەڵی پڕ پەرۆش و ئازار نوێ بۆوە دوبارە داد و هاوار توێژاڵکی برینی کۆنە لاچوون دیسان لە قوڕی پەژارە ڕاچوون ژان چۆوە دڵان بە مەرگی زینێ گیرایەوە کۆز و کۆڕی شینێ وەک جۆ و پلۆسک و چەم، هەموو چەم فرمێسکی وەراندە سەر گڵی مەم شۆرایەوە گڵ بەتاوی باران بارانەیی چاوی خزم و یاران قاپۆڕەدوڕی کە داخرا بوو ئەو گۆڕیچە وا مەمی تیا بوو سەرپۆشی سەری کە هەڵدراوە بوخچەی گوڵ و بۆنی خۆش کراوە زینی شل و مل خرا تەنشتی پێک گەینەوە دوو مەلی بەهەشتی ئەی مەم وتی میر: دە بگرە زینت وا کردمە یاری هاوسەرینت پیرۆز بێ لە تۆ و لە دەزگیرانت ڕابوردنی خۆشی ئەو جیهانت لەو گۆڕەوە مەم وەرامی داوە خۆش هات و جێگای لەبانی چاوە ئەو ڕازە گرینگە هەر کێ بیستی زانی چییە نرخی خۆشەویستی بۆ وانەیە ئافەرین کە وا چوون دڵتەنگ دەژیان و دڵنیا چوون خاکاوی نەبوون و چوونە ژێر خاک دۆڕاندنی بۆ نییە دڵی پاک ئەو یاری کە پاک و پاکڕەوشتن ژیانیان نەمرە و لەناو بەهەشتن لێو توونی و کەم لە یەک نەدیوان ئامادەیە لای خودا بەشی وان ژیان خۆشە لەگەڵ ئەوین برا بێ گیان خۆشە بەهۆی ئەوین جیا بێ هەرکەس بە جوانی چەشنی زینێ دڵداری بوێت لەباتی ژینێ یان وێنەیی مەم لەڕێی ئەوینێ خۆشی و گەشەیەک لە ژین نەبینێ سەردانێ لەڕێی نیازی پاکا خوا یاری دەبێ و زییانێ ناکا ئەی خوایە بە نازی نازەنینان بە نیاز و نزای جگەربرینان ئەی خوایە بە شیرنی جوانی بەو دڵتەڕی دوور لە کامرانی خوایە بە دڵێ ئەوین دەچێژێ بەو چاوە سریشکی ئاڵ دەڕێژێ ئەی خوایە بە ناڵەناڵی بولبول خوایە بە خوناوی ناوی سوورگوڵ ئەی خوایە بە ئاهی لەیلی بێڕەنگ بەو شێتی هەژاری لەیلی دڵتەنگ ئەی خوایە بە ئاهی لێوبەباران ئەی خوایە بە پێکگەیینی یاران ئەی خوایە لەڕێی کوڵی دڵی مەم بەو زینە کە کەوتە سەر کڵی خەم بێبەش لە ئەوین مەهێڵە خانی ئەو کاتە کە دەردەچێ گییانی پێغەمبەری خۆش بوێ هەتا سەر بۆ دوایی نەبێتە داری بێبەر بێکین و لە دۆستی پڕی کەی گیان و دڵی فێرە باوەڕی کەی سەرزارەکی زۆر بەچاووڕاوە خاوێندەمە، کردەوەی گڵاوە ئاکاری لە کاری چاک نەبانە سەرگەرمە بە کاری پێچەوانە مەیهێڵەوە هێندە بۆ کوڵ و خەم با بەر بەزەییت کەوێ وەکوو مەم هەرچەندە نەچۆتە ڕیزی پاکان بیبەخشە وەکوو بەکر بە چاکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چقڵی مەم و زینان زۆر سەیرە ئەوانە چۆن ژیابوون دوای کەوتنە ژێر گڵیش وەها بوون کێ فێری چ بوو لە کاتی ژینا پیشەی ئەمە بوو لە ژێر زەمینا لەو گۆڕە کە زین و مەم تیا بوون تۆمەز بە ئەوینێ ئاو درابوون ڕسکا بوو دوو نەونەمامی سەرکەش ڕاست و شل و شین و ناسک و گەش تورت و شەق و پڕگەڵا و بەسێبەر یەک شەنگەبیی و یەکیش سنۆبەر ئاڵان بەیەکا ئەمانە چین چین وەک دەستەملان دەبوون مەم و زین گڵکۆی بەکری چنۆکی بەدکار دارێکی ڕواند دڕوو و چقڵ دار تێکوڵگر و پەلپەل و ڕەش و خوار وەک کووتی بنی لە بەهرە بێپار هاویشتی پەلی بەرەو نەمامان پێچای سەروبن لە ڕەگ لە دامان هەر تەنیەوە پێچی دا هەتا سەر نێوانی تەنین و بوو بە لەمپەر هێدی نەبوو تا لە یەکدی کردن چقڵی مەم و زین بە ژین بە مردن هەر خوویەکە دەیگری بە شیری ناچێتە دەرێ دەڵێن بە پیری وا دیارە لە مردنیش دەمێنێ بەد، خۆی چووە، خووی دەنک دەچێنێ پێوازەسەگانەیەک بکەی شین سەد ئاوی بدەی بە شیر و هەنگوین پەروەردە ببێ لەناو گوڵاوێ ڕایگوێزە لە سێبەر و لە تاوێ هەر ڕۆژە لەلایەکی لەتی کە قەڵشاوی پڕی گەزۆی سپی کە شەکری لە پەلانی دا بنێژە دۆشاوی لەسەر گەڵا بڕێژە پێت وا نەبێ بۆت ببێتە شووتی بەهرەت ئەوە بۆ گەنیو لە لووتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیاوچاکێ خەون بە بەکرەوە دەبینێ ئاگا لە جیهانی پیر یەکێ پیر گێڕایەوە بۆم شتێکی دڵگیر گۆیا هەبوو پیرێ دوورەدنیا دەژیا لە چیایەکا بەتەنیا سەرگەرمی هەوای خوداپەرستی دایگرتبوو بیری خۆشەویستی خواناسی بەدڵ، نە سەرزمانی دڵڕوونی ئەوینی ڕاستەقانی چەوسا بوو لە ڕێگەدا گەلێ ساڵ تا گیانی لەسەر لەشی ببوو زاڵ تێکەڵ بە خودا ببوو بەجارێ بێ ئەو بە کەسی نەمابوو کارێ خواخوا بوو هەموو دڵۆپی خوێنی دەیزانی گەلێک شتی نهێنی هەر لێکی بنایە پەلکی چاوان دەیدی لمی سەر بەژ و پەنایان جارێک لەنێوانی ڕۆژ و شەودا یان نیوەشیار بوو یان لە خەودا باڵداری گیانی کەوتە گەشتێ چوو گەردشی کرد لەناو بەهەشتێ کۆشکێکی لە زێڕ و گەوهەری دی زۆرتر لە هەزار کوڕ و پەری دی پارچە هەمەڕەنگەیان دەبەر بوون لەو کۆشکە کەنیز و کارەکەر بوون وا تاج بەسەرێکی شۆخ لە دەرگا زۆر قۆز و تەیار لە ڕەنگ و بەرگا وێستاوە بەهێمنی لەجێوە ڕووخۆشە، گەشە و بزەی لە لێوە ئەی پایەبڵند، وتی: ئەتۆ کێی؟ ئەو کۆشکە بە کێ دەگا کە تۆی لێی؟ بەکرم وتی مامی پیری زانا بەخشیمی بەزەی خودای توانا ئەودەم چوو کە بووم دڵ و بەخت ڕەش لای زین و مەمێ کراومە هاوبەش ئەم کۆشکە دەبینی هەشت نهۆمە هی وانە حەوت، یەکێک هی خۆمە لێرەش ئەوە چاوەدێری وانم پیشەم وەکی پێشە، دەرکەوانم زۆر بەختەوەرم گەلێ بەنازم دۆستییانم و پاسەوانی ڕازم لام وایە کە لێرە ڕادەمێنی لەو بارەوە دوو دڵی دەچێنی ژین تاڵکەری زین و دوژمنی مەم چۆن ڕۆنەبرێت لەناو جەحەندەم؟ ئاگات لە جیهان هەیە نە لێرە جێم ئێرەیە، گوێ لە من بدێرە هەرچەندە بەدڵ بەوان نەیار بووم ماکەی گەڕ و بەدفەڕی و گەمار بووم نەمهێشت کە بەیەک بگەن بەخۆشی هەریەک لەدەسم زووخاوی نۆشی خۆم کردە چوقڵ لەبەینی وانا خۆشم لەسەر ئەو شتانە دانا بڕوانی بەڵام بە چاوی دووربین ئەم تاڵییە دای بەرێکی شیرین کێ زۆر لە جیهان ژییانی خۆشە زۆر وایە کە لێرە دڵپەرۆشە کێ ڕەنجدەر و دڵ بە دەرد و ئێشە دوای کۆچی دوایی زۆر لەپێشە بۆ ئێرە و ئەوێ وەکی هەوێیە وەک دوژمنی سەختی خوێنەخوێیە تا تۆ لە یەکێکی چاو نەپۆشی بۆ ویدی بکۆشی بابەکۆشی لای وا نییە هیچ بە بیر و ژیرێ دوو شووتی بە دەستێ هەڵدەگیرێ من زین و مەمم لەسەر زەمینێ تووش کرد بە پەژارە و گرینێ کێشامنە بەرێ بە داخ و دەردان دەستم لە جیهانی ئێوە بەردان ئەو چەرمەسەرەم کە داوە پێیان وا ئێستە دەبینی چۆنە جێیان هۆی من بوو درا بە وان بەهەشتێک دایانمێ ئەویش لە هەشتێ مشتێک تاژدین؟ وتی: چۆن دەبێ کە تۆی کوشت؟ چی دێتەوەڕێ کە خوێنی تۆی ڕشت؟ پێی گوت کە خودا لەویش دەبوورێ بەخشینی کڕی بە قەڵتی شوورێ بۆتان کە وەڕەز ببوو لە دەستم خستم هەچی دەبوە بەرهەڵستم وەک مار، ئەوی هاتە پێشێ گەزتم ڕزگار نەدەبوون لە بەند و بەستم وەک دەردی گران لە گەل پەیا بووم وەک کوندەبەبوو ژیام هەیا چووم ئەو دەستی کە ئەو لە من وەشاندی هەر دەردێ لە دڵ هەبوو پەڕاندی ئاسوودەکران هەژار لە چەنگم دەرچوون دڵی تەنگ لە چاوی نەنگم گیرابوو لەبۆی نزای هەژاران نووسراوە ئەویش لە چاکەکاران کار هەن بەڕواڵە نالەبارن دەیکۆڵییەوە زۆری بەهرەدارن خوا ڕازی گرنگی خۆی بە هاسان ناداتە نیشانی خۆنەناسان بڕوانە دەبەخشێ بەکر و تاژدین دووی دوژمن و دۆست لەبەر مەم و زین ئەم ڕازە گەلێک نهێن و کوورە بیری من و تۆ لەوانە دوورە؟ !! هەر چۆنی ببی نزیکی باشان هەر باشییە دێتە ڕێت لەپاشان گەر یاری بە دڵ، لە ڕێت دەکۆشن پێت شادن و کز بی بۆت پەرۆشن گەر دوژمنی، ئەو لە کینە دوورن لە گوناه و هەڵەی نەزان دەبوورن ناکەس نەچی هەر نەبی تخوونی گەر یار و نەیاری سەرنخوونی مردارە لەشت کە سەگ پەرستی گەر دوژمنی، ڕاکە قاچی گەستی دڵداری گەلێ بڵند و بەرزە گەر دوور بێ لە کاری پیس و هەرزە هەرکەس کە دەبێ نزیک ئەوینێ هەر چۆن بێ بەزەی خودا دەبینێ بەخشینی خودا بەدوور مەزانە هەر بەندە بڕێک لەسەر بەهانە نەخوازە لەگەڵ هەژاری دڵدار هەر خۆی کەسی بێکەسە و بزیکار لەم شیوە بە سەربری مەبوورە باش ورد بەرەوە، تێبگە چ جوورە دوژمن بە ئەوینێ بەهرەوەر بن دۆستان دەبێ چەندە بەختەوەر بن! تاژدینێ دەبەخشێ، یاری یارە بەدکارییە بۆ بەکر بەکارە دڵداریەکی پاک بکە بە پیشە هانات بەرە بەر خودا هەمیشە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چی نووسیوە و بۆ چی نووسی ئەی گوێگری ژیر و زیت و پیتۆڵ پسپۆری وتەی بەنرخ و کرمۆڵ خانی لە مەیی ئەوینێ مەستە بێهۆشە وتارپەڕێنە پەستە سوێراوێ بە شیرنی دەچێژێ سەرخۆش بووە هاتەران دەبێژێ نازانی کە تیرە یان تراوە دێوانەیی بادە بیربڵاوە هەرچێکی کە پێت دەڵێ هەوایە وەک دەنگی نەیێکە دەنگی نایە بێ جێ نییە خۆشە دەنگی بلوێر گەر شۆرێ بخاتە سینگی گوێدێر لەم نامەیەدا بەچەشنی منداڵ چۆن تازە دەکەونە سەر گڕوگاڵ هەرچێکی دەسم کەوت متوموور بۆر و کەوە، زەرد و ڕەش، سپی و سوور هێندێکی چرووکە، هێندێ چیرۆک هێندێ شڕ و ڕووتە، دەستەیەک کۆک زاراوەیی بۆتییان و گۆران وێژەی موکری و لوڕان و سۆران کۆم کردەوە گش درشت و وردی هۆنیومە بە بەند و باوی کوردی پووچیشی هەیە و پڕ و بەکاکڵ بێ جێشی هەیە و شتی لەبەر دڵ بڕوامە گەلێکی دڵپەسندن بڕوانە دەزانی زۆری پەندن ئاواتی دڵم چ بوو لەمانە؟ دەرخستنی ڕازی دڵتەڕانە جوانتر لە هەموو شتێک ئەوینە دڵداری بەهەشتە، بینە، ژینە گیانێ کە ئەوینی بۆتە مایە وەک ئاوێنەیە و خودانومایە وەک ڕۆژە ئەوین بەتیشکە، ڕوونە خاوێنکەرەوەی دڵ و دەروونە هەر ڕێڕەوێ ڕووی دەلای خودا بێ با بێ و بە ئەوینێ شارەزا بێ گیان و دڵی سەخت و ڕەش لە ئاسن ئاوێنە دەبن ئەوین بناسن تۆزێ لە ئەوین بەسەر مسا کە پاش تۆزێ بنۆڕە، زێڕی پاکە هەر دڵ کە ئەوین بکا بە پیشەی دڵداری بکا بە پنج و ڕیشەی گەنجینەیی ڕازی بێ نیازە کارسازی لەلایە کاری سازە هیچکەس نییە بێبەشی ئەوینێ کەمتر هەیە زۆر بە کەم نەبینێ دوو تیرەیە چی لەڕووی زەمینە یەک چاوی لە ژینە یەک لە دینە یەک چاو دەبڕێتە سەر کچۆڵان بازاڕی نەدیوە چۆتە چۆڵان ئەو گەوهەری دڵ دەدا بە ماچێ پێی وایە بە هیچی دیکە ناچێ خۆڕایی لەدەستی دەردەهێنن کۆشکێکی بە پووشکە لێدەسێنن ئیدیش بەهەوا بەهەشتێ دەکڕێ فیزێکی دەکاتێ دەستێ دەبڕێ خوا لای وی لە کوڵکە بۆتە چەرچی دەیداتێ بەهەشت بە ڕیش و پرچی جا هەر کە لەوانە یان لەمانە بێ ڕێبەرە، کوێرە، ڕێ نەزانە لە ژیانی دەتەکنەوە و کە چووشن بێچارە بەجارێ دەملەپووشن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وردەکارییەکی دەروێشانە مەیگێڕ بدە پێم مەیێکی کۆنە پێشم بڵێ ئەم جیهانە چۆنە ئەم ڕایەڵ و پۆ و چنین و تەونە پێت وا نەبێ هیچ و پووچ و خەونە ژینمان لەبەرا سەرێکی بەرگە لەدوایە نەمانە، گۆڕە، مەرگە هەر مانێ کە دێتە بەر نەمانە ڕیشەی دڵی خۆش لەسەر خەمانە ئەستێرەو مانگ و ڕۆژ لە بەرزی دەسمایەیی ژین و بوون لە عەرزی هێندێکی گران و هێندێ سووکە هێندێکی درشتە، هێندێ چووکە دەزگایەکی جوانە ڕێکوپێکە داخم کە نەمر نییە و سەرێکە عاسمانی بە ڕۆشنی و زەوی شین وەک ڕێکی دەخەن کەرەستە بۆ ژین وەک مایەیی ژینی خۆش ئەمانن دیسانە ئەون کە هۆی نەمانن ئاگر وەکووژێ، هەوا هەوایە گەر ئاو نەبێ تۆزی خۆڵ بەبایە عاسمان کە گەڕۆکە ئاش دەگێڕێ هەر لاش و سەری مرۆ دەهێڕێ نێژراوی لەبن گڵا کە مردوون تۆزاشی ئەوە کە وردی کردوون هەر لاش و سەرن دەوێوە دەڕژن هەر کەوتنە بەر بڵاو و پڕژن ئەم جارە دەشێلدرێن، هەویرن لای ئاگرە گشتی یەکدیگیرن تووش بوونە بە دەردی داتوڵیوی هەر مانەوەیە بە بۆگەنیوی فەرموویە خودا: کە دەچنە ئاور نەمر و نەژییە ژییانی گاور ئەو گیانێ کە پاک و پاکسروشتن خاوێن بە هەوێن و چاکڕەوشتن جووتبەندە بەتایبەتی هەڵێنێ ئەو دەنکە بەناووداو دەچێنێ دەڕزێت و بڵاو دەبێ لەبن گڵ لێی دەردەکەون پەل و گەڵا و چڵ بەر دەگرێ هەزار ئەوەندی پێشوو گێرەی دەکەن و دەبێ بە تێشوو بێژینگە ژیان، جیهان وەکوو کەو تل پێ دەدرێ لە گێژی گێژەو بەرداشی خلێنە و ددانان لیکی دەم و چەقچەقی زمانان بانیژەیە لێو، زارە ئاشە هەر چەرخ و خولێک و ورد و خاشە ڕزگار بوو کە لەم گەڕ و گەزەش دا دابەش دەکرێ بە هێزی لەشدا گا، کێشەری ژوورێ ڕادەکێشێ گا، گێرەیێ دیکوشێت و دێشێ جارێکی لە قووتدەرێکی بەندە جارێ بە هەڵێنەری بڵندە تەندووری ورگ ئەوی دەپێژێ هەرچی ختوخاڵە لێی دەڕێژێ خاوێنی هەموو دەچێ بەرەو ژوور پیسایی دەڕێژنە جێیەکی دوور کێهەی گەلێ باشە با جیا بن هەر نابێ ئەویش لەگەڵ یەکا بن دابەشکەری سارد و گەرمی ناو لەش چی بۆچی دەبێ لەوێ دەدا بەش ڕەنگڕێژی لەشان بەمانە چەند جوور هەندامێ وەڕەنگ دەخا دەر و ژوور دڵ شووشەیە، جەرگە بۆتە پاڵوێن ڕوون بێتەوە خەستەبادەیی خوێن هیچ پووش و پەڵاشی تێ نەچووبێ نابێ بەگرێ و گلووگلوو بێ هێشتا دەیەوێ هەتا دەگاتێ بتکێتەوە تاوێ بوکڵی کاتێ جارێکی بڵق بدا لە ئاوا جارێ بهەژێنرێ لەناوا هێزی لە گییان دەبێ بسێنێ تا گیان هەیە وا ئەویش دەمێنێ بێدەنگە هەتا لە ماڵی لەشدا ئاواتی نەهاتە جێ لەمەشدا گەر بەو لەشەوە خرایە بن گڵ دووبارە بە شینی دێتە سەر چڵ بارانی بەزەی خودا ببارێ ئەو سەوزە دەبێ بە شەنگەدارێ پەلک و گوڵی لێ دەبن بە سەرپۆش بەر دەگرێ بە میوەیی تەڕ و خۆش ئەو میوە کە باش بگا لە پاشا بۆ دیاری دەچێتە ماڵی پاشا گەر بیچنێ دەستی پاکی، پاکێ دووری خەنەوە لە تۆز و خاکێ جێ بدرێ لە بارەگا دروستە میوێکی بەناز و خۆشەویستە ئەم جۆرە بەنرخن و نەیابن کەم هەڵدەکەون شتێکی وا بن چی کاڵە لەبەر هەوا دەمێنێ پێویستە کە گەرمی بیگەیێنێ باشتر دەگەهن هەیا پتر مان چاوێری کرین لە مێش و کرمان پەروەردە کرێن بە تیشکی دینی وێیانکەوێ تاوی خۆنەبینی ئەوسا ئەوی زۆر پوخت گەیشتن وا دادەوەرن ئەگەر درشتن تا دانەکەون لە پۆپی بەرزی تا دانەنەوێنە ڕێکی عەرزی تا دانەتەکێن لە فیز و مینگە ڕێیان نییە بچنە سەر گوشینگە زۆر پان و فڵچ دەبن لەڕێدا دەفلیقنەوە لە ژێری پێدا ڕێک لێکی دەدەن سەروبەر و ناو خوێناوی دڵان دەبێتە خۆشاو ئەو میوە ئەگەر ڕەگێکی کاڵە خۆشاوە کە، تفتە، ترشە، تاڵە نیشان دەدرێ بە پیری مەیخۆر پێویستە کە خۆی بدا هەل و نۆر ئەمجار دەکرێتە ناو بەرۆشێ گەرمایی دەوێ هەتا دەجۆشێ تیشکی بەزەیی خودای بگاتێ تینی لە شکۆهی خۆی بداتێ پوختایی بەسەر یەکا بتاوێ ماک و ڕەگەزی لەناو دەراوێ ئەو تینە گەلێک بەهێز و توند بێ بوکڵێنرێ هەڵمی لێ بڵند بێ ئەو هەڵمە ببێ لە چڵکنی دوور بێ تۆز و هەوا بچێ بەرەو ژوور لەو ژوورە پلێکە ناوی ڕووت بوون دەتکێنێ لەوێ دڵۆپی دڵڕوون گەر ماک و ڕەگەز هەموو توواوە بەو بۆنە بەشی لە بۆن بڕاوە جێی دەشتی نەبوونی دڵگوشایە نامێنێ لەوێش هەتاهەتایە دیسانەوە جێی لە دەفری تەنگە ئەمجارە لەوێ نە بۆ نە ڕەنگە ئەو مەی کە بە ڕەنگی سوور و ئاڵە ڕەنگێکی دەداتە ناو پیاڵە ئەو هێشتە نە گەیوەتە گەیشتن ڕزگار نەبووە لە ترسی ڕشتن تا بۆنی لە بۆن و مانی مابێ بۆ کۆڕی خودا نموودی نابێ تا ڕەنگی هەیە نەبۆتە بادە چەوسانی بە هیچە ڕەنج بە بادە مانت گەرەکە؟ بەری نەمانە ماو ئەو کەسەیە لە خۆی نەبانە تا ماوە لە بەندەدا وشەی من بێ دۆستە لە خۆی دەبێ بە دوژمن دڵداری دەگاتە بارەگای یار دەرچووبێ لەوەندە قۆرتی دژوار ئەم ڕێگەیە سەختە بۆ مە نابێ ڕێبەر لە بەرێ مەگین خودا بێ ئەی خوایە دەزانی ئێمە کوێرین! تۆ بەرزیی و ئێمە چاو لە ژێرین دەریای بەزەییت دەدا شەپۆلان سەرگەرمی مەلەم لە کوێرەگۆلان چاوساغی بەزەییەکەت بنێرە تاریکەشەوم چرا بدێرە تەم با بڕەوێ لەسەر دڵی ژار بینام کەرەوە بە شەوقی دیدار ناسینێ کە بۆ مە بۆتە یاسا هەر دوودڵییە و گومان و لاسا دڵمان بخەدەر لە بەدگومانی شانمان دە ئەوینی ڕاستەقانی باوەڕ هەیە لام و تۆش دەناسم لەو پێوە کەساس و گێژ و کاسم زۆر دڵ بەنیازی بارەگاتم چبکەم نە بە خۆمە دەستەڵاتم گرتووتم و خۆت کلیل بە دەستی ڕێگەم بدە بێمە تۆ پەرستی ئەم ژین و نەمانە لەم جیهانە هەر چەندی کە ئاشکرا و نیهانە تاپۆیە لە تۆ بەتانوپۆیە تاریکی و ڕۆشنی لە تۆیە چاوت نە لە کاری چاکە یان چەوت بەخشین بە بەهانەیە و بە ڕێکەوت زۆر نوێژکەری پاکی ڕێی خوداگر ڕووبینیەکی کرد و کەوتە ئاگر زۆری بەگوناه لە کاتی مەرگا دەیبەخشیی و ڕێی دەدەی لە دەرگا گەر بەختەوەر و کە ڕەنجەڕۆیە سەرڕشتە هەمووی بەدەستی تۆیە هەر ڕۆژی بەرێ هەڵتبژاردن چی بۆچی دەبوو بەوت سپاردن پاڵ پێوەنەریشی و لەمپەریشی گومڕاکەر و ڕێ نیشاندەریشی سەرپشکییەکەت کە داوە پێمان ئەو نەوسی چنۆک ڕفاندی لێمان ماوین و بەزەی خودا ببێ یار هەر هێندەیە چارە بۆ گوناهکار بڕوای بە خودا ببێ و بەسی بێ هەرچەندە فرەش کەمایەسی بێ با بیشی پەرستێ لێی بترسێ ڕێوشوێنی لە پیاوی ژیر بپرسێ ئەو ڕێی کە دوێژنە ئێمە بگرین خۆمان نەگرین هەیا کە دەمرین چاومان لە بەزەی خودا بدوورین ئەومان بێ لە ئاگرێ بەدوورین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سکاڵایەک لەگەڵ بنووسەکەیدا ئەی سواری لە ڕاستی پیادە دڵداری پەڕی دەلووس و سادە خۆبێژی هەژار و سەردبەرخۆ جادووگەر و گەپدەر و بەداهۆ هۆزانی بەگفتی سەرزمانی شێواوی لە شیوی ڕێنەزانی تاشیوسەری ڕووڕەشی زمانشڕ واڵادڵ و دەمپڕی جڕووڕ وەک تۆ چەنەوەر بێ هەر بنووسێ زاری شل و کول دەبێ و دەخووسێ بەس نامە بە ناوی بسک و خاڵان ڕووڕەش بکە بەردە وان خەیاڵان نووسینی فرەی مناڵ چ دێنێ خۆی دەیدڕێ وازی لێ دەهێنێ جوانن خەتی ورد و ناسک و کەم نەک بگرێ بەری هەیڤ مژ و تەم خەت کاتێ کە زبر و زۆر و بۆرە شۆراوە خەتی جوانی شۆرە خەت جوانە تەنک لە لێوی لاوان نەک بەرگنی پەستەک و کولاوان دڵخۆشکەرە گەندەموو لەڕووی یار نەک ڕیشی وەکوو گوریس و هەوسار ئی وا هەیە دڵ دەخاتە گەشکە هەن دەیکەنە کوێنەکۆن و ڕەشکە دەمتیژ و پەل و زماندرێژی یەکجار چەنەباز و چەڵتەبێژی چێشتێ کە هەمیشە بێتە ڕێزێ خۆشیش بێ مرۆڤی لێ دەبێزێ گەوهەر چییە بێنرخ کە نابن زۆر نابن و زۆر کەم و نەیابن تۆ، کێ کری نووکی تۆ ببینێ تووکی هەیە بۆت نە ئافەرینێ بەدڕەوت و بەکەوت و چەوتولاری بەدکاری نەیاری نالەباری شێت و سەرەڕۆ و هەڵە و گلۆکی شەرمت نییە بێفەدی و چنۆکی هێندەی سەری تۆم پەڕاند و تاشی هەر تووشی گوناه دەبم لە پاشی با بەس بێ گزە و جنێوفرۆشی ڕەنگێ بدە با هەڵان بپۆشی دەس بەردە لە کاری هیچ و پووچت بەس بار کە لە من گوناه و سووچت لەم چەپگەڕییەت ببە پەشیمان بەشکوو بڕەوێ بەختڕەشیمان *** لەپڕێکی بنووسی وا زەبەردەست بۆ کێشە لەگەڵ مە کەمبەری بەست کێشای لە زمانی شیری دوودەم ڕۆستەم بووە سواری ڕەخشی پەنجەم گەی قامکی تۆسنم ملی دا شل بوو لە سلی و تلی تلیدا وەک هەژدەرێ هاتە سەر وەرامم خانی! بەسە دڵ لە تۆ بەزامم خۆت گێل و نەزان و گوێنەبیسی تۆ هەرچی وتت ئەوم نوویسی بیری تۆ کە ڕند و بەهرەدارە گفتی تۆ کە چەوت و نالەبارە نەمخستە سەری شتێک لەمەڕ خۆم من بەستەزمان لە بەردەسی تۆم قامیشێ کڵۆڵ، لە قامیشاوا دەژیام شل و مل لە شینک و ئاوا گوێداری مەلی چەلەنگ و خۆشدەنگ دڵداری گەلێ چڵی شل و شەنگ لەو جێگە بە زۆر دەرتپەڕاندم بەرگ و شمەکت لەبەر دڕاندم لەوساوە بڕام لە ژین و مانم ئاوارە کرام لە نیشتمانم تیخی تۆ سەر و بنی بڕیم تاڵاو و ڕەشاو کرا بژیوم پێچاتە سەرم هەوای ئەوینێ سووتام وەکوو مەم بە دەردی زینێ چارەم ڕەشە دڵ بە ژان و تاسەم برش و ڕەشی دووکەڵی هەناسەم گەو، بەند و قەفم بە تینی ئاخان کونکون بوو هەموو لە دەرد و داخان حەو کون لە لەشم کرا سەر و ژێر دەرچووم لە بنووس و بوومە بلوێر تۆ هاتی دەمێ بە دەم دەماندت چی بەندی دڵم هەبوو پساندت گیرا بەمە کۆڕی بەزم و ئاهەنگ ڕێکخستن و فوو لە تۆ لە من دەنگ گا دەمکەیە سازی پادشاهان گا ڕەشکەری ڕووپەری گوناهان چیتم یەکی دیلی بەردەسی تۆم لاڵ و کپ و دەنگ بڵاوکەری تۆم نووسەر نەبێ کەی دەمم گەڕاوە نەیژەن نەبێ دمبەگم دڕاوە بلوێر و بنووس نە سەربەخۆنە هەر کارێ لە چارەنووسی کۆنە سووچی چییە تیر برینی بێشێ دەستێک هەیە ژێ و کەوان دەکێشێ ئەی خوایە ئەتۆ دەزانی خانی تیرێکە لە تۆ کشا کەوانی گەر دڵڕەشە یان زمانی لووسە چیرۆکی وەکوو نەی و بنووسە دەست و دڵی نەک بە دەستی خۆیە هی تۆیە کە ڕاستە یان درۆیە کاتێکی کە داتدەنا زمانی لێت فێر نەبوایە چی دەزانی تۆی بەم هەڵەکارییەت سپاردم سووچم چییە خۆزگە نەتدەناردم سەرپشکییەکەم هەیە بە لای خۆ گیرە سەرەتای ئەویش لەلای تۆ هێندەی چ بنووس بووە و چ بلوێر گیراوە لە پەنجەتا سەرە و ژێر بێسەر دەگەڕا سەر و زمانی ڕێی سوود و زیانی خۆی نەزانی بلوێر بوو چلۆنی لێت بدایە ئاوازی دەداوە لەم هەوایە هەرچەندە پەڕی سپیم سیایە هەویای بەتەنێم ئەتۆی خودایە ڕووپەڕ گەلێ ڕووڕەشن لە چەنگم ژێرباری گرانی شەرم و نەنگم بەدخووم و لەڕاستە خۆم چکووسم سی ساڵە گوناهی خۆم دەنووسم گەر هاتنە سەر زەوی مە ڕێک بوو مێژوو لە هەزار و شەست و یێک بوو ئێستا بە تەمەن چل و چوارم پێشەنگی بەرەی گوناهکارم مەست بووم و نەزانی پیلی بەستم بۆ چاکە؛ هەژاری بابەدەستم وەک دات لە ئەوین بەرێ توانام لە بڕانەوەشا بگەی بە هانام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەژار ئامۆژگاریی بۆ شێرکۆی کوڕی خۆی دەکات سەبارەت: نووسین: کەماڵ ڕەحمانی شێرکۆ کوڕی خۆشه‌ویست و ژیرم زاخاوی مژیم و هۆش و بیرم پنج و ڕه‌گه‌زی دڵ و گیانم خونچه‌ی شه‌‌‌بەقی باخی ژیانم هێشتا به‌ ته‌مه‌ن مناڵ و کاڵی وه‌ک ده‌ربه‌ده‌ریم دووازده‌ ساڵی هه‌رچه‌نده‌ کوڕی منی هه‌ژاری دوا ڕۆژی هه‌ژاره‌ نادیاری لێم ڕوون نییه‌ پاشی چت به‌سه‌ر دێ هیوام گه‌لێ پێته‌ ببیه‌ مه‌ردێ مه‌ردێکی به‌کار و چاپک و زیت بیرێ بکه‌ی و بزانی تۆ چیت ده‌ردی گه‌له‌که‌ت بزانی چۆنه‌ بۆت ده‌رکه‌وێ چەند برینی کۆنه خانی لە هەزار و سەد ژیاوە ئەو کاتە لە ئێمە چۆن دوواوە حەفتاو و حەوت لە سێسەتیش چوون پێشتر لەوە کوردی ئێمە مردوون ئەو دەم کە هەیان بوو میرێ بۆ خۆ ئەمڕۆکە پساوە ڕایەڵ و پۆ بوین ئەو دەمە پشکی تورک و تاران زۆر ئێستە خەراترین لە جاران نەوتت کە ژیانی ئەورووپایە بۆ تۆ نییە تێری شەوچرایە بێگانە لە نیشتیمانی ئێمە تێر و قەڵەون بە نانی ئێمە خۆمان هەموو کوێر و کوتر و برسی ژین کورت و ئەویش لەگەڵ مەترسی نابێ بە زمانێ خۆ بخوێنین ناشێ کە هەناسەیەک هەڵێنین کوژران بە هەزار هەزار لە لاوان ئازادیخوازی ببووە تاوان ئێستەش لە سەر ئەم ژیانە تاڵەش پاش ڕژتنی هێندە خوێنە ئاڵەش کورد هه‌ر له‌ خه‌وی نه‌زانیدایه‌ هه‌ر پێکه‌وه‌ لە گەڕ و هه‌رایه‌ بێگانه‌په‌ره‌سته‌ خۆنه‌ویسته بۆ هاوڕه‌گه‌زی که‌ڕ و نه‌بیسته بۆ یەکتری دوژمن و نەیارن بۆ نۆکەریی تا بڵێی لەبارن ئەو چاخە کە خانی پێی ژیاوە فەرموویە هەرا لە سەر دراوە وێستێکە هەزار ئەوەند چرووکن بۆ پوولێ لە تای تەرازوو سووکن خۆ هەرچی دەخوێنی پیت و نیوێک ئەو دەچتە کەلێک و گەل لە شیوێک لای شەرمە کە هەر بە کوردی بدوێ بۆ چارەڕەشی مە "بۆگەنە خوێ" خۆی ناو دەنێ مل‌بەزەنگی پێشڕەو دەتداتە دەسی دژت وەکوو کەو زۆرزانە لە کاروباری هەر کەس ئاگای لە ژیانی خۆی نییە و بەس ڕەنگن هەموو کەسک و سوور و شینن کوردایەتی زۆر بە کەم دەبینن کێ هۆنه‌ری کورده‌ یان هونه‌روه‌ر که‌م‌بایی‌ تره‌ له‌ توور و گێزه‌ر وا بیر مه‌که‌وه‌ ئه‌مه‌م درۆیه‌ بۆ ڕاستی نموونه‌ بابی تۆیه‌ کاتم ئه‌وه‌ گه‌ییه‌ سی و نۆ ساڵ هه‌ر ساڵه‌ له‌ پار پتر ژیان تاڵ دڵخۆشی له‌ ڕووپه‌ری ژیانم هه‌ر هێنده‌یه‌ ناوه‌که‌ی ده‌زانم ئاواره‌ له‌ نیشتمانی خۆمم ئاواته‌خواز به‌ ژینی دۆمم واڵاده‌س و دڵپڕ و په‌ژارم سه‌رباری هه‌ژاریی‌، ده‌رده‌دارم هه‌ر مانگه‌ له‌ دێیه‌ک و له‌ جێیه‌ک هه‌ر ڕۆژه‌ میوانی خانه‌خوێیه‌ک ده‌رکێ نییه‌ دادی بۆ بنێرم هه‌ردێ نییه‌ خۆمی لێ وه‌شێرم هه‌رچه‌نده‌ که‌ نیمه‌ هیچ ده‌رووی ڕوون هه‌ر دژ ده‌گه‌ڕێ گه‌ڕانی گه‌ردوون ده‌ستم له‌ هومێدی به‌ر نه‌داوه‌ چاوم له‌ پسانی به‌ند و داوه‌ پێم وایه‌ دوا به‌ ڕۆژی ڕه‌ش دێ زۆر ناچێ که‌ باو و ڕۆژی مه‌ش دێ جا با پتریش به‌ ده‌رد و کوڵ بم با ڕووت و کڵۆڵ و داخ له‌ دڵ بم سەد هێندە پەژارە لێم وەکۆ بێ کورد هەر دەبێ ڕۆژێ سەربەخۆ بێ با من به‌ هه‌ژاریی بچمه‌ بن گڵ کورد ڕۆژێ ده‌بن به‌ گوڵ له‌سه‌ر چڵ هه‌ر‌ هێنده‌ تکام له‌ تۆیه‌ ڕۆڵه‌م! مه‌ڕوانه‌ که‌ ئه‌م شڕ و شڕۆڵه‌م زۆرتر له‌ منیش کز و هه‌ژار بی بێ یار و نزار و لێوبه‌بار بی ده‌ربه‌س مه‌به‌! بۆ گه‌لت بکۆشه‌! ژه‌هراوی له‌سه‌ر بنۆشه! خۆشه‌ بابی تۆ چلۆن بوو، شوێنی بگره‌ حیزانە مەژی! بە مەردی بمرە! ++++++++++++++++++++++