شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: هۆی ئەم نووسینە و داد لەدەست گەردوونی چەپگەڕ تۆمەز لە وڕی و نەزانی خانی دەشتی هونەری بە چۆلگە زانی واتا نە بە زیرەکی و بە ژیری سەربەرزیی هۆزی هاتە بیری لاساری هێنانەبەر، بەسەرچوو با پێشی بڵێن لە ڕێگە دەرچوو پاڵاوی ڕژاند و تڵتی نۆشی وەک فارسی وا زمانی خۆشی هۆنیویەتەوە بە بەند و ساڵێک بۆی ماندوو بووە بەهۆی خەیاڵێک بێگانە نەڵێن کە کورد نەزانن بێ نووسەر و هۆنەر و زمانن پێمان نەڵێ وێژەوانی بیرورد دڵداری نەبوو لەنێو گەلی کورد کوا؟ ئێوە نە دڵتەرن نە دڵبەر لەم ڕێگە نە ڕێڕەون نە ڕێبەر بێبەش لە گرەی لەشی و گیانی دڵڕەش لە ئەوینی ڕاستەقانی کورد هێندە نە گێل و گێژ و کاسن داخم ئەوە بێکەسن، کەساسن ژیر و بەدڵن گەلێک دەزانن بێ خێوییە بێ سەر و زمانن بۆ مەش کە هەبایە خێو و سەردار بەخشندە و ژیر و زیت و وشیار ژیری و هونەری بەدڵ کڕیبا ژەنگی لە دڵی هەژار سڕیبا من ئێستە لە کۆڕی وێژەوانان ئاڵام دەشەکا لە ئاسمانان دەمخستەوە ژین مەلای جزیری پێم زیندوو دەبوو عەلی حەریری وا شاد ئەبوو پێم فەقیهی تەیران گیانی بە فڕین دەهاتە سەیران چ بکەم! کە گەلێ کەسادە بازاڕ کووتاڵەکە باشە، نیمە کڕیار پایەی هونەران بە پارە بەندە هەرکەس کە هەژارە کاری گەندە هەرکەس کە لە ڕێی دراو و قۆشە سەرخۆشە، نەخۆشە دڵپەرۆشە زانستێ هەموو بدەی بە پووڵێ پێت وا نەبێ کەس دەسی بجووڵێ کەس ناکا بە مەیتەری خۆ جامی ڕاناگرێ بە نۆکەری نیزامی دیتمان کە جیهان وەها شێواوە هەر جەنگ و هەرا لەسەر دراوە ویستم کە ببم بە زێڕدروستکەر لێی کەوتمە کار و بۆم نەچۆ سەر تا بۆم وەگەڕێ زیان لە نیوە چاوم لە شتێکی دی بڕیوە چون فێڵ و فەرەج نە پیشەمان بوو بێ نانی بەشی هەمیشەمان بوو دین ڕۆیی دراو نەهاتە بەر بار خۆم داوەتە مسگەری بە ناچار شێراوە بوو خستمەدەر مسی خۆم وا پەلک و بنووس هەیە و نزا گۆم پاڕانەوەکەم ڕچێکی زانی لەو ڕێگەوە گەیمە کامەرانی ئەو پوولە ئەگەرچی پارە ناکا تاڵایی ژیانێ چارە ناکا بێ فێڵ و گەڕە ئەگەرچی وردە کرمانجییە خۆشەویستی کوردە ڕووسوورە مسی مە خۆ نە زیوە یان زێڕە بڵێن کە نیوبەنیوە پووڵی مە بەبێ نرخ مەزانە هەر پارەیە سووکە بێ نیشانە جوان بێ کچ و کەس ئەوی نەخوازێ ئەم هەشبەسەرە بە چی بنازێ نووسراوی هەژار و بێ پەنایان بێ باشە لە زاری پادشایان بێ نرخە لەلای گەلێک لە ژیران هێژایە لەکن گەلێک بەبیران مەزنی مە کە ژیر و چاکەناسە بۆم تێنەگەیەندرا چ باسە ئەو میرە کە میرەزایە ناوی سەرچاوەیی ژین و پیتە چاوی تیشکی دڵی ڕەش وەڕوون دەگێڕێ پوولێکی چرووک دەکاتە زێڕێ سەد مس بێ کە چاو بگێڕێ پێدا سەرپاکی دەبن بە زێڕ لەجێدا گەر تووڕە بێ زل دەخاتە بەر دەست دڵخۆش بێ بڵند دەکا شتی پەست وەک دیل دەگرێ ئەوانی پاشان وەک ڕووت بەرەڵا دەبن لەپاشان هەر ڕۆژێ هەزار نەدار و بێجێ هەر تاوێ سەتی گەدا لەسەر ڕێ گیرفان هەموو داخنن لە بەخشین بۆ وانە نە لەمپەر و نە پەرژین چاوێکی خشاندبا بە مندا دەپسا ڕەگی بێکەسیم لەبندا ئەم گفتە هەموو دەبوونە هەڵبەست وردەم وەکوو زێڕ دەچوو دەم و دەست چبکەم دڵی هێندە تێ خزاوە جێگایەکی بۆ مە لێ نەماوە ئەو خۆشییە بەس بەشی نەزانە خوایە تەمەنی بدەی جوانە ++++++++++++++++++++++